ئایا لێبووردەیی فەزیڵەتێکی مەحاڵە؟نووسینی: بێرنارد ویلیامز
[پوختەی توێژینەوەکە]
لەم توێژینەوەیەدا، بێرنارد ویلیامز پرسیار لەوە دەکات ئایا چەمکی لێبووردەیی (Toleration) بەهایەکی ئەخلاقیی حەقیقییە یان تەنها پڕاکتیکێکی "زەرائی" (Pragmatic/بەرژەوەندیخوازانە)ـیە؟
ویلیامز ڕوونی دەکاتەوە کە لێبووردەیی زۆرجار لە هەستێکی قوڵ بە ڕێزگرتن بۆ بەها و بیروباوەڕی بەرامبەرەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ:
. "گومان" (شك) لەوەی کە ئایا دەتوانرێت دەست بە حەقیقەت بگات.
یان "لاموبالاتی" (Indifference) بەرامبەر بە بیرۆکە و پڕاکتیکەکان مادام زیانێکی ماددی بەدوای خۆیدا ناهێنێت.
یان "هاوسەنگیی هێز" و درککردنی هەر لایەنێک بەوەی کە لە توانایدا نییە سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بەدەست بهێنێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، "فرەگەرایی لیبڕاڵ" بنەمایەکی بەهێزتر لەمە پێشکەش دەکات؛ پێی وایە لێبووردەیی بەشێکە لە سیستەمێکی سیاسی کە بەهای "سەربەخۆیی تاک" (Autonomy) بەرز دەنرخێنێت. بەپێی ئەم دیدگایە، دەوڵەت دەبێت "بێلایەن" بێت بەرامبەر بیروباوەڕە ئەخلاقی و دینییە جیاوازەکان، ئەمەش ڕێگە بە هەر تاک یان گرووپێک دەدات پەیڕەوی بیروباوەڕی خۆی بکات، مادام بەسەر ئەوانی دیکەدا نایسەپێنێت.
بەڵام ویلیامز لێرەدا ئیشارەت بۆ ئیشکالیەتێکی گەورە دەکات: ئەوانەی بەها لیبڕاڵەکان ڕەتدەکەنەوە -بەتایبەت بەهای سەربەخۆیی تاک (الاستقلالية)- هیچ هۆکارێکی مەعقوڵ نابیننەوە بۆ قبوڵکردنی لێبووردەیی. ویلیامز دەپرسێت: ئایا لیبڕاڵیزم توانای هەیە پاساو بۆ لێبووردەیی بهێنێتەوە لای ئەوانەی کە لەو بنەمایەدا هاوبەش نین کە لیبڕاڵیزم لێبووردەیی لەسەر دادەمەزرێنێت؟ چونکە کاتێک لێبووردەیی پشت بە پڕەنسیپی "سەربەخۆیی" دەبەستێت، ئەوا هێشتا لەسەر دیدگایەکی دیاریکراو بۆ "خێر" (The Good) وەستاوە، کە ئەمەش وای لێ دەکات ببێتە جێگەی مشتومڕ.
ویلیامز دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە لێبووردەیی، هەرچەندە مەرج نییە هەمیشە فەزیڵەتێکی ئەخلاقی بێت، بەڵام لە جیهانێکی فرەچەشن (متعدد)دا بە پێویست دەمێنێتەوە. و ڕەنگە بەردەوامییەکەی کەمتر پشت بە بەها هاوبەشەکان ببەستێت و زیاتر پشت بە واقیعی هاوچەرخ ببەستێت، وەک "پێکەوەبەستراویی جیهانی" (Global Interdependence) کە دەبێتە هۆی سنوردارکردنی دەمارگیری و بەهێزکردنی هەلەکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە.
[پێشەکیی وەرگێڕی عەرەبی]
فەیلەسوفی ئینگلیزی بێرنارد ئارسەر ئۆین ویلیامز (١٩٢٩-٢٠٠٣) فەلسەفەی لە زانکۆکانی ئۆکسفۆرد و کامبریج و لەندەن خوێندووە، پاشان لە کالیفۆرنیا لە ئەمریکا. گرنگیپێدانی لە بواری فەلسەفەی ئەخلاقدا لەسەر پرسیاری "چۆن باش بژین" چڕبووەتەوە، بەڵام جیاواز لە زۆربەی ئەوانەی باسی ئەم پرسیارەیان کردووە، ئەو گرنگییەکی مەركەزی بە بابەتی "ئیلزامی ئەخلاقی" (Moral Obligation) نادات. چونکە لای ویلیامز ئیلزامی ئەخلاقی مانای نابێت مەگەر لەگەڵ ئامانجی گەڕان بەدوای بەرژەوەندیی تایبەت و ژیانێکی خۆشدا بگونجێت.
گرنگترین کتێبەکانی: "ئەخلاق و سنورەکانی فەلسەفە" (١٩٨٥)، "ئەخلاق" (١٩٧٦)، "شەرم و زەروورەت" (١٩٩٣).
ئەم توێژینەوەیە "ئایا لێبووردەیی فەزیڵەتێکی مەحاڵە؟" بەشێکە لە کتێبێک بە ناوی "لێبووردەیی: فەزیڵەتێکی خۆدزەرەوە" کە دەیڤد هاید سەرپەرشتی کردووە. ویلیامز لە ساڵی ١٩٧٩ سەرۆکایەتی لیژنەیەکی کردووە کە لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە ڕاسپێردرابوو بۆ ڕاوێژکردن دەربارەی چاودێریکردنی دیمەنە نەشیاوەکان لە سینەمادا.
ئەم لیژنەیە پێشنیاری کرد کە حکومەت "لێبووردە" بێت بەرامبەر ئەم دیمەنانە و قەدەغەیان نەکات، بەڵکو تەنها دەستگەیشتن پێیان سنوردار بکات و تایبەتی بکات بە پێگەیشتووان، بە مەرجێک تەماشاکردنیان لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی کەسی بێت نەک بەسەریاندا بسەپێنرێت. ئەم ڕاپۆرتە دواتر بە ناوی "ڕاپۆرتی ویلیامز دەربارەی دیمەنە نەشیاوەکان و چاودێریکردنی فیلم" بڵاوکرایەوە.
[دەقی توێژینەوەکە]
ئایا لێبووردەیی فەزیڵەتێکی مەحاڵە؟
لای ویلیامز، "لێبووردەیی" وەک فەزیڵەتێکی دژبەیەک (Paradoxical) دەردەکەوێت؛ چونکە داوا لە مرۆڤ دەکات کە خۆی بگرێت لە ئەنجامدانی هەر کارێک دژی شتێک کە ئەو و زۆرێک لە خەڵکی بە "قێزەون" و "مستهجن"ی دەزانن، و لە هەمان کاتدا پابەند بێت بەو هەڵوێستە ئەخلاقییەی کە ڕەتی دەکاتەوە. واتە: "وادیارە لێبووردەیی داوا دەکات مرۆڤ باوەڕی وابێت کە بیروباوەڕێک یان پڕاکتیکێک بە تەواوی هەڵەیە یان خراپە، و لە هەمان کاتدا باوەڕی وابێت کە خێرێکی جەوهەری لەوەدا هەیە کە ڕێگە بەو شتە بدرێت بوونی هەبێت."
ویلیامز جیاکاری دەکات لە نێوان "لێبووردەیی وەک فەزیڵەتێکی ئەخلاقی" و "لێبووردەیی وەک زەروورەتێکی سیاسی".
لێبووردەیی لە کۆمەڵگە فرەچەشنەکاندا زۆرجار نەک وەک قەناعەتێکی ئەخلاقیی ڕیشەدار، بەڵکو لەبەر هۆکاری "زەرائی" (Pragmatic) داوا دەکرێت. واتە بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێ وێرانکەرەکان، هەندێک جار پێویستە لێبووردە بین بەرامبەر شتێک کە لە ناخمانەوە ڕەتمان کردووەتەوە. ئێمە لێرەدا ناچارین لێبووردە بین بەرامبەر بە شتێک کە یەقینمان هەیە نابێت لێی ببووردرێت. کێشەی سەرەکی لای ویلیامز ئەوەیە کە:
لێبووردەیی تەنها لەو حاڵەتانەدا پێویستە کە تێیدا شتەکە "لێبووردەیی هەڵناگرێت" (Intolerable).
لێبووردەیی زەروورەتە لە نێوان گرووپە کۆمەڵایەتییەکاندا کە خاوەنی بەهای ئەخلاقی و سیاسی و دینیی دژبەیەکن و پێکەوە یەک کۆمەڵگە پێکدەهێنن و درک بەوە دەکەن کە بەردەوامبوونیان لە پێکەوەژیان و دوورکەوتنەوە لە پێکدادان پێویستی بە بڕێک لە لێبووردەیی دوولایەنە هەیە.
لە بواری ئاینیدا، فیکرەی لێبووردەیی دەرکەوت بۆ دانانی سنورێک بۆ دۆخی جەنگ، کە هۆکارەکەی ئەوە بوو هەر گرووپێکی دینی باوەڕی وابوو گرووپەکانی تر هەڵگری بیروباوەڕی "لادەر" (هەرطقی) و گەندەڵکەری عەقیدەن و بڵاوی دەکەنەوە، وە پێیان وابوو سەرکردەکانی گرووپە نەیارەکان ڕێگە لە گەنجان و ژنانیان دەگرن کە ئەو مەعریفە و ئازادییە ببینن کە عەقیدەکەی ئەم بۆیان زامن دەکات. لەبەر ئەوە هەریەکەیان پێیان وابوو لە بەرژەوەندیی خۆی و تەنانەت لە بەرژەوەندیی بەشێکی زۆری گرووپە بەرامبەرەکەشە کە "عەقیدەی حەق" (کە خۆی نوێنەرایەتی دەکات) سەربکەوێت.
کەواتە هەر گرووپێکی دینی پێی وایە مافی خۆیەتی بانگەشە بۆ بیروباوەڕی خۆی بکات تا هەموو کۆمەڵگە دەگرێتەوە، لە کاتێکدا دان بە مافی بەرامبەردا نانێت بۆ بانگەشەکردن بۆ بیروباوەڕەکەی چونکە بە "فاسید و گومڕا"ی دەزانێت.
کاتێک جەنگە ئاینییەکان لە سەدەکانی ١٦ و ١٧ لە ئەوروپا پەرەی سەند و ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوو، خەڵکی قەناعەتیان بەوە کرد کە باشترە تایەفە و ئایینەکان پێکەوە هەڵبکەن سەرەڕای جیاوازییە جەوهەرییەکانیان، لەوەی کە یەکتری لەناو ببەن.
سەبارەت بە پاساوی فیکریی لێبووردەیی:
هەندێک قبوڵیان کرد لەسەر بنەمای "گومان" (شك) لە ڕاستیی هەر یەکێک لە عەقیدە دژبەیەکەکان، لە کاتێکدا هەندێکی تر وایان دەبینی کە خوا گرنگی بە شێوازی پەرستن نادات مادام لە باوەڕێکی سادقەوە سەرچاوە دەگرێت و ڕۆحێکی کراوەی مەسیحیانەی هەیە.
سەرەڕای جیاوازیی ئەم دوو تێڕوانینە، هەردووکیان گەیشتنە ئەوەی کە پرسە عەقیدییەکان شایەنی ئەو هەموو گرنگییە نین کە پێیان دراوە؛ ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ چەسپاندنی جۆرێک لە لێبووردەیی لەسەر ئاستی ئەخلاقی و سیاسی.
بەڵام لای ویلیامز، ئەمە "لێبووردەیی" نییە، بەڵکو "لاموبالاتی" (Indifference)ـیە.
زۆربەی ئەو هەڵوێستانەی ئەمڕۆ پێیان دەڵێین "لێبووردەیی" بەرامبەر پڕاکتیکە ڕۆژانەکان، لە ڕاستیدا لە هەستی "لاموبالاتی"ـیەوە سەرچاوە دەگرن نەک لە "ئەریحەیەتی لێبووردەیی".
بۆ نموونە، گۆڕانی داب و نەریتەکان وایکردووە هەندێک پڕاکتیکی سێکسی (وەک هاوڕەگەزخوازی یان سێکسی دەرەوەی هاوسەرگیری) کە جاران جێگەی سەرزەنشت و سزاش بوون، ئەمڕۆ لە کۆمەڵگە لیبڕاڵەکاندا کاردانەوەی توند دروست ناکەن. هەرچەندە ئەمە لە ڕواڵەتدا وەک لێبووردەیی دەردەکەوێت، بەڵام لای ویلیامز ئەمە هەڵوێستێکی "لاموبالاتی"ـیە؛ چونکە مەرجی لێبووردەیی ئەوەیە کە ئەو ڕەفتارەی لێی دەبووریت، لای تۆ گرنگییەکی گەورەی هەبێت (واتە لات گرنگ بێت و پێشی ڕازی نەبیت، بەڵام لێی ببووریت).
لێبووردەیی لای ویلیامز هەمیشە بەستراوەتەوە بە جۆرێک لە هەست و ئامادەیی دەروونی (Dispositions) کە وای لێدەکات مومکین بێت.
تەشەنەسەندنی هەستی "لاموبالاتی" (Indifference/بێ باکی) زەمینەی خۆش کرد -وەک ئەوەی لە ئەوروپای سەدەکانی ١٦ و ١٧ ڕوویدا- بۆ کۆتاییهێنان بە زۆرێک لە ململانێ ئاینییەکان. بەڵام نابێت ئەمە ئەوەمان لێ بشارێتەوە -لای ویلیامز- کە سەقامگیریی ئاشتیی ناوخۆ و فراوانبوونی ئازادییەکان بەرهەمی "فەزیڵەتی لێبووردەیی" نین هێندەی ئەوەی بەرهەمی "بڵاوبوونەوەی لاموبالاتی"ـن. بۆیە لیبڕاڵیزمی ئەمڕۆ هێزەکەی لە لێبووردەیی وەک بەها و فەزیڵەت وەرناگرێت، بەڵکو لەو "تەسلیمبوونە سارد و بێ گیانە" وەردەگرێت بەرامبەر بە فرەیی حوکمە بەهاییەکان و هەمەجۆریی شێوازەکانی ژیان.
بە بەراورد بە لیبڕاڵیزمی کلاسیک (وەک هی جۆن لۆک و ستیوارت میل) کە زیاتر پشتی بە لێبووردەیی دەبەست، لیبڕاڵیزمی ئەمڕۆ -لای ویلیامز- لە بەرگریکردنی لە ئاشتیی ناوخۆ و پێکەوەژیان و قبوڵکردنی جیاوازی، زیاتر پشت بە "فرەیی ئەخلاقی" و جۆرێک لە "ڕەیبیەت" (Skepticism/گومانگەری) بەرامبەر حەقیقەت دەبەستێت، نەک بانگەشەکردن بۆ لێبووردەیی.
ئەم گواستنەوەیە لە تێڕوانینی لیبڕاڵی کلاسیکەوە بۆ تێڕوانینی لیبڕاڵی هاوچەرخ -کە لەسەر بنەمای تەسلیمبوونی سادە بە فرەیی بەهاکان و شێوازەکانی ژیان دامەزراوە- وایکردووە لێبووردەیی زیاتر لە مانای "لاموبالاتی" نزیک ببێتەوە.
بۆیە ویلیامز جەخت دەکاتەوە کە لێبووردەیی "فەزیڵەتێکی مەحاڵە"؛ چونکە لێبووردەیی تەنها کاتێک دەبێتە پێویستییەکی بەپەلە کە ئێمە گەیشتبینە ئەو سنورەی کە تێیدا "شتەکە شایەنی لێبووردەیی نییە". لەو دۆخەشدا چارەسەرەکە لێبووردەیی نییە، بەڵکو یان لاموبالاتییە، یان ڕێککەوتنێکی "هۆبزی" (Hobbesian)ـە (واتە ڕێکخستنێکی سیاسی کە تێیدا تاکەکان دەستبەرداری خەباتی سەرخستنی حەقیقەتی عەقیدەکەیان دەبن لە پێناو بەدەستهێنانی ئاشتی). چونکە لاموبالاتی یان ماندووبوون لە جەنگ بە "لێبووردەیی" هەژمار ناکرێت؛ لێبووردەیی پێویستی بە بوونی "گرژییەکی ناوەکی" (Internal Tension) هەیە لای هەر تاکێک لە نێوان پابەندبوونی بە بەهاکانی خۆی و قبوڵکردنی بوونی بەهای جیاواز لای بەرامبەر.
لە جیاتی ئەوەی ویلیامز لێبووردەیی سیاسی لەسەر بنەمایەکی ئەخلاقیی گشتی و موجەڕەد (وەک سەربەخۆیی زاتی لای کانت و کانتییەکان بە گشتی) دامەزرێنێت، پێی باشترە پەنا بۆ "مقارەبەیەکی زەرائی" (Pragmatic Approach) ببات. ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئێمە دان دەنێین بە سنوورداریی توانای تێگەیشتنمان و بە ئارەزوومان بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەگەڵ ئەوانەی جیاوازن لێمان لە کۆمەڵگە فرەچەشنەکاندا.
فیکرەی لێبووردەیی لای ئەو پەیوەستە بە باوەڕبوون بە "ڕێژەییگەریی ئەخلاقی" (Moral Relativism) و فرەیی بەهاکان و گرتنەبەری ڕێچکەیەکی واقیعی بۆ پرسە ئەخلاقییەکان.
بە پێچەوانەی ئەو بیرمەندانەی کە لێبووردەییان لەسەر "حەقیقەتی گەردوونیی نەگۆڕ" دامەزراندووە، ویلیامز لێبووردەیی دەبەستێتەوە بە هۆشیاریمان بەرامبەر سنووری دیدگا ئەخلاقی و کەلتوورییەکانمان. ئەو پێی وایە کۆمەڵگە مرۆییەکان خاوەنی فرەیی بەهایین کە ناکرێت کورت بکرێنەوە بۆ یەک بەها، و ئەمەش لای ئەو مانای ئەوەیە کە هیچ پێوەرێکی بابەتیی یەکگرتوو نییە بۆ حوکمدان لەسەر پڕاکتیکە ئەخلاقی و کەلتوورییە دژبەیەکەکان، و ململانێی بەهاکان چ لەناو یەک کۆمەڵگە یان لە نێوان کۆمەڵگەکاندا سیفەتێکی ملازمی دۆخی مرۆییە نەک دۆخێکی نائاسایی.
لێبووردەیی دەبێت هاوشانی "تەوازوعی مەعریفی" بێت؛ واتە دان بنێین بەوەی کە بیروباوەڕەکانی ئێمە ڕەها نین و ڕەنگە کۆمەڵگەکانی تر شێوازی ژیانی "مەعقوڵ و پێکەوەبەستراو"ی خۆیان هەبێت.
بەڵام ئەمە لای ویلیامز مانای ئەوە نییە کە لێبووردەیی واتە "قبوڵکردنی هەموو شتێک"؛ دەکرێت هەندێک پڕاکتیک و عادەت ڕەت بکرێنەوە بەبێ ئەوەی هەوڵی ڕیشەکێشکردنیان بدرێت بە زۆر یان ناچارکردنی خاوەنەکانیان بە وازهێنان لێی بە زۆر. لێبووردەیی قبوڵکردنی ساویلکانەی هەموو شتێک نییە وەک ئەوەی لە "ڕێژەییگەریی فراوان یان ڕەها"دا هەیە (کە مەحاڵە حوکمی ئەخلاقی بدەیت)، بەڵکو دەکرێت حوکمی ئەخلاقی (استهجان/ئیدانە) هەبێت بەڵام ئەم ئیدانەیە ڕێگر نەبێت لە لێبووردەیی.
لە ڕاستیدا، لێبووردەیی لە مانای ڕەسەنی خۆیدا بریتییە لە: "لێبووردەیی بەرامبەر شتێک کە (بە پێوەری تۆ) نابێت لێی ببووریت." لەم ڕووەوە ئەو ڕێژەییگەرییە ئەخلاقییەی ویلیامز پەیڕەوی دەکات جیاوازە لە جۆرەکانی تری ڕێژەییگەری کە دەگاتە ئاستی نکۆڵیکردن لە جیاکاریکردن لە نێوان کردارەکان یان دەرکردنی حوکمی ئەخلاقی.
[دەقی وتارەکەی بێرنارد ویلیامز ]
ئایا لێبووردەیی فەزیڵەتێکی مەحاڵە؟
بێرنارد ویلیامز
زەحمەتیی لێبووردەیی لەوەدایە کە لە یەک کاتدا وا دەردەکەوێت هەم "پێویستە" و هەم "مەحاڵە".
پێویستە: کاتێک کۆمەڵێک گرووپ خاوەنی بیروباوەڕی جیاواز (ئەخلاقی، سیاسی، دینی) و دژبەیەکن و درک بەوە دەکەن کە هیچ بژاردەیەکی تریان نییە بۆ پێکەوەژیان، ئەگەر ململانێی چەکداری (کە کێشەکانیان چارەسەر ناکات و مەینەتی زیاتریان بۆ دەهێنێت) ئیستیسنا بکەین. لەم دۆخانەدا لێبووردەیی زەروورەتە، بەڵام لە هەمان کاتدا، ڕەنگە مەحاڵ دەربکەوێت.
ئەگەر توندوتیژی و هەرەسهێنانی هاوکاریی کۆمەڵایەتی وەک هەڕەشەیەک دەربکەون لەم دۆخانەدا، هۆکارەکەی ئەوەیە کە هەندێک کەس پێیان وایە بیروباوەڕی ئەوانی تر یان شێوازی ژیانیان بە تەواوی قبوڵنەکراوە.
بۆ نموونە لە پرسە ئاینییەکاندا (کە مێژووییەن یەکەم مەجال بوو فیکرەی لێبووردەیی تێدا دەرکەوت)، پێویستیی لێبووردەیی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە لایەنێک -لانی کەم- پێی وایە لایەنەکانی تر گومڕان و کوفر دەکەن بە شێوازێکی فاجیرانە و کارەساتبار. دەکرێت ئەندامانی گرووپێک باوەڕیان وابێت ئەندامانی گرووپەکەی تر پێویستیان بە یارمەتییە بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت و هەندێک لایەن لەناویاندا پێویستیان بە پاراستنە لە بیروڕا فاسیدەکان.
گرنگتر لەوەش -کە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی هەیە بە گرێکوێرەکانی کۆمەڵگە لیبڕاڵەکانمانەوە- ڕەنگە پێیان وابێت سەرکردەکانی گرووپەکەی تر و پیرەکانیان ڕێگە لە گەنجان و تەنانەت ژنانیشیان دەگرن کە بگەنە "ڕۆشنگەری" و "ئازادی". لەم دۆخەدا وای دەبینن کە سەروەریی "ئایینی حەق" (وەک چۆن خۆیان دەیبینن) تەنها لە بەرژەوەندیی خۆیان نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندیی بەشێک لە گرووپەکەی تریشە.
و لەبەر ئەوەی ناکۆکی لە نێوانیاندا دەگاتە ئەم ئاستە جەوهەرییە، هەر نەیارێک وای دەبینێت کە مەحاڵە قبوڵی بوونی ئەوی تر بکات. ئێمە پێویستە تەنها لەو کاتانەدا لێبووردە بین بەرامبەر کەسانی تر و عادەتەکانیان، کە ئەنجامدانی ئەم لێبووردەییە زۆر سەختە (واتە پێمان قبوڵ ناکرێت). ڕەنگە بتوانین بڵێین: لێبووردەیی تەنها لەو شتانەدا داواکراوە کە شایەنی لێبووردەیی نین (ما لا یمکن التسامح فیه). ئەمەیە کرۆکی کێشەکە.
دەکرێت لێبووردەیی وەک ئەو هەڵوێستە سەیر بکرێت کە لایەنی بەهێزتر یان زۆرینە دەیگرێتەبەر (یان شکستی تێدا دەهێنێت) بەرامبەر لایەنێک کە هێزی کەمترە یان کەمینەیە. لە وڵاتێکدا کە مەسیحییەکان زۆرینە بن بە بەراورد بە موسڵمانان، پرسیار دەکرێت ئایا مەسیحییەکان لێبووردەن بەرامبەر موسڵمانان؟ لە کاتێکدا موسڵمانان هەمان بژاردەیان لەبەردەست نییە تا بزانین لێبووردەن بەرامبەر مەسیحییەکان یان نا.
وە کاتێک ڕێژەی ژمارەیی نێوانیان دەگۆڕێت، ئاڕاستەی لێبووردەییەکەش دەگۆڕێت.
ئێمە بە شێوەیەکی سروشتی بەم جۆرە بیر لە لێبووردەیی دەکەینەوە؛ چونکە گفتوگۆکان دەربارەی لێبووردەیی -کە بریتییە لە گفتوگۆ دەربارەی یاساکان، بەتایبەت ئەوانەی ڕێگە بە جۆرەها پڕاکتیکی ئاینی دەدەن یان قەدەغەی دەکەن- زۆرجار لەلایەن هەڵوێستی گرووپە خاوەن دەسەڵاتەکانەوە دیاری کراون.
بەڵام لێبووردەیی لە بنەڕەتدا مەسەلەیەکە پەیوەستە بە "هەڵوێست" (Attitudes)ـی هەر گرووپێک بەرامبەر گرووپێکی تر، و کورت ناکرێتەوە بۆ پەیوەندییەکانی هێز.
بە دڵنیاییەوە تەنها مەسەلەیەک نییە پەیوەست بە دانانی یاساکانەوە؛ چونکە دەکرێت گرووپێک یان عەقیدەیەک بە دروستی بە "نا-لێبووردە" (Intolerant) وەسف بکرێت ئەگەر بیەوێت ئەوانی تر سەرکوت بکات یان دەریان بکات، تەنانەت ئەگەر توانای فیعلیشی نەبێت بۆ کردنی ئەم کارە.
پێویستە توێژینەوە لە کێشەکانی لێبووردەیی لە ئاستی پەیوەندییە مرۆییەکانەوە دەست پێ بکات، و لەو هەڵوێستە متبادلانەی نێوان گرووپەکان کە لە شێوازی ژیان و بەهاکانیاندا جیاوازن. تەنها پەیوەست نییە بە زانینی چۆنیەتی بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەوڵەت (هەرچەندە بەڕاستی کێشەیەک لەم بارەیەوە دەوروژێنێت و خۆراکی پێ دەدات)، کە ئەمەیان کێشەی فەلسەفەی سیاسییە.
لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت وریا بین بەرامبەر ئەو ڕایەی دەڵێت پاساوی مومارەسەکردنی لێبووردەیی دەبێت لەسەر بنەمای ئەوە بێت کە لێبووردەیی "فەزیڵەتێکی کەسی" (Personal Virtue)ـیە. لێبووردەیی، سەرەڕای ئەو هەموو زەحمەتییەی تێیدایە، وەک فەزیڵەتێک دەمێنێتەوە کە هەڵگری مەترسیی ئەوەیە لە ناخیدا "مەحاڵیەتی چەمکی" (Conceptual Impossibility) هەڵگرتبێت.
مومارەسەکردنی لێبووردەیی مانای ئەوەیە گرووپێک قبوڵی بوونی گرووپێکی تر بکات (کە لێی جیاوازە) وەک ئەمری واقیع.
هەڵوێستی لێبووردە بەرامبەر ئەو گرووپە بریتییە لە هەر ئامادەییەک یان ڕەفتارێک کە هانی تاکەکانی گرووپەکە بدات بۆ ئەوەی ئەم قبوڵکردنە ئەنجام بدەن. و ئەگەری هەیە بە "هەڵوێستی لێبووردە" وەسف بکرێت ئەگەر بە شێوەیەکی فراوانتر جێبەجێ بکرێت، جا لە پەیوەندییەکانی ئەو گرووپە بە گرووپەکانی ترەوە بێت، یان لە تێڕوانینی بۆ سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو گرووپانە.
یەکێک لە بنەما مومکینەکان بۆ ئەم جۆرە هەڵوێستە -بەڵام نەک تاکە بنەما- بریتییە لە "فەزیڵەتی لێبووردەیی"، کە جەخت لەسەر ئەو "خێرە ئەخلاقییە" دەکاتەوە کە لە لێبووردەیی بەرامبەر بیروباوەڕێکدا هەیە کە مرۆڤ بە "مسیء" (خراپ/سووکایەتی)ی دەزانێت.
من پێم وایە ئەم فەزیڵەتە، هەرچەندە مەحاڵ نییە (وەک چۆن ڕەنگە دەربکەوێت)، بەڵام دەبێت شێوەیەکی زۆر دیاریکراو وەربگرێت؛ ئەمەش وادەکات ژمارەی ئەو کەسانەی دەتوانن هەیانبێت سنوردار بێت. بۆیە هەڵەیەکی گەورەیە باوەڕمان وابێت ئەم فەزیڵەتە تاکە هەڵوێستە، یان ڕەنگە گرنگترین هەڵوێست بێت، کە ئێمە پڕاکتیکەکانی لێبووردەیی لەسەر دادەمەزرێنین.
بۆ ئەوەی کێشەی لێبووردەیی بە فیعلی بوونی هەبێت، دەبێت "شتێک هەبێت کە پێویست بێت لێی ببووردرێت"؛ واتە دەبێت بیروباوەڕێک یان پڕاکتیکێک یان شێوازێکی ژیان هەبێت کە گرووپێک بە "فاسید" یان "هەڵە" یان "نەخوازراو"ی بزانێت (ئیتر ئەو باوەڕە هەرچەندە دەمارگیرانە یان نامەعقوڵیش بێت).
ئەگەر گرووپێک ڕق و کینە بۆ یەکێکی تر لە دڵ بگرێت، وەک حاڵەتەکانی تۆڵەی عەشایەری یان ڕەگەزپەرستیی ئاشکرا، لێرەدا ئەوەی داواکراوە بە حەقیقی لێبووردەیی نییە، بەڵکو ئەو خەڵکانە پێویستیان بەوەیە هەستەکانی ڕق و حوکمە پێشوەختەکان و یادەوەرییە پڕ کینەکان تێپەڕێنن.
ئەگەر ئێمە داوا لە خەڵکی بکەین کە لێبووردە بن، ئێمە داوای شتێکی ئاڵۆزتریان لێ دەکەین؛ چونکە لەسەریانە دەستبەرداری شتێک ببن، کە بریتییە لە ئارەزوویان بۆ سەرکوتکردنی بیروباوەڕە رکابەرەکە یان دەرکردنی. لە بەرامبەردا دەبێت شتێک بپارێزن، کە بریتییە لە پابەندبوونیان بە بیروباوەڕەکانی خۆیان (کە هەر ئەوانە بوون ئارەزووی لەناوبردنی ئەوی تریان تێدا دروست کردبوو). کەواتە گرژی (Tension) بەردەوامە لە نێوان پابەندبوونی مرۆڤ بە بەهاکانی خۆی و قبوڵکردنی بەهای ئەوانی تر کە ڕەنگە بە دڵیی نەبێت. ئەو گرژییەی کە لە جەوهەری لێبووردەییدایە وای لێ دەکات زۆر زەحمەت بێت. (ڕاستە کە سنووری نێوان ئینتیمای خێڵەکی یان دڵسۆزیی عەشایەری، و نێوان جیاوازی لە بیروڕا و قەناعەتەکاندا، زۆرجار لە واقیعی عەمەلیدا زۆر وردە یان زۆر ئاڵۆز و ناڕوونە).
لەبەر ئەوەی لێبووردەیی گریمانەی بوونی گرژییەکی ناوەکی دەکات لای هەر کەسێک لە نێوان پابەندبوون بە بەهاکانی خۆی و قبوڵکردنی بەهای ئەوانی تر، ناکرێت بیگەڕێنینەوە بۆ تەنها "تراخی" (لێبوونەوە) یان "لاموبالاتی".
دوای ئەوەی جەنگ لە ئەوروپا لە سەدەکانی ١٦ و ١٧ بۆ ساڵانێکی درێژ هەڵگیرسا، خەڵکی گەیشتنە قەناعەتێک کە باشترین شت بۆ تایەفە مەسیحییە جیاوازەکان ئەوەیە پێکەوە هەڵبکەن. ئەم گۆڕانکارییە بووە هۆی دروستبوونی هەڵوێستی جیاواز:
هەندێک کەس کەوتنە گومانکردن لە بانگەشەکانی هەر کەنیسەیەک، و باوەڕیان وا بوو هیچ حەقیقەتێک لە پرسەکانی ئیمانی دینیدا نییە کە لە توانای دەستگەیشتنی مرۆڤدا بێت (ڕەیبیەت).
لە کاتێکدا هەندێکی تر وایان دەبینی کە ململانێکان وایان لێکردوون لە مەبەستەکانی خوا قوڵتر تێبگەن؛ خوا گرنگی بەوە نادات چۆن دەپەرسترێت، مادام خەڵکی بە نییەتێکی سادقەوە و بە ڕۆحێکی کراوەی مەسیحیانەوە ئەنجامی دەدەن (لەم دواییانەدا ئەم ئاڕاستە "مەسکونی"ـیە/Ecumenical لە سنورەکانی مەسیحییەت چووە دەرەوە).
ئەم دوو ڕێچکەیەی بیرکردنەوە (ڕەیبیەت و مەسیحیەتی کراوە) بە مانایەک لە ماناکان بە دوو ئاڕاستەی پێچەوانەدا ڕۆیشتن.
* "ڕەیبیەکان" (گومانگەراکان) بانگەشەی ئەوەیان کرد کە مەبەستەکانی خوا زۆر لەوە قورسترن کە دەربک دەکرێن (استعصاء) بە بەراورد بەوەی لایەنە شەڕکەرەکان تەسەوڕیان کردبوو، چونکە دەمارگیری کوێری کردبوون.
بەڵام ئەوانی دیکە (مەسیحییە کراوەکان) بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەوان باشتر لە مەبەستەکانی خوا تێدەگەن لە چاو لایەنە شەڕکەرەکان.
سەرەڕای جیاوازییان، هەردوو تێڕوانینەکە سەبارەت بە ململانێ عەقیدییەکان گەیشتنە هەڵوێستێکی هاوبەش: ئەویش ئەوەیە مەسەلەکانی پەیوەست بە ئیمانی مەسیحی هێندە گرنگ نین وەک خەڵک وایان دەزانی، و گرەوکردن لەسەریان زۆر لەوە بچووکترە (متواضع) کە تەسەوڕ دەکرا. ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی لێبووردەیی وەک "مومارەسەیەکی سیاسی". ئەمە دەرەنجامێکی زۆر گرنگە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە لێبووردەیی نییە بە مانای حەقیقیی وشەکە؛ چونکە ئەگەر ڕای بەرامبەر گرنگییەکەی لە ئاستی "زەوقی خواردن" تێنەپەڕێت، ئەوا هیچ پێویستییەک نییە بۆ نیشاندانی لێبووردەیی بەرامبەری، ڕێک وەک چۆن پێویستمان بە هەڵوێستێکی لێبووردە نییە بەرامبەر ئەوەی خەڵکی حەزیان لە چ جۆرە خواردنێکە.
لە ژیانی ڕۆژانەدا ڕووبەڕووی هەڵوێستی زۆر "لێبووردەتر" دەبینەوە؛ چونکە خەڵکی واز لەوە دەهێنن باوەڕیان بەوە هەبێت کە جۆرێک لە ڕەفتار شایەنی "ئیدانەکردن" (استهجان) یان سەرکۆنەکردن بێت. ئەمە هەندێک جار لە زۆر شوێنی جیهاندا ڕوودەدات سەبارەت بە جۆرەکانی ڕەفتاری سێکسی کە لە ڕابردوودا جێگەی "حەرامکردنی کۆمەڵایەتی" یان "تاوانبارکردنی یاسایی" بوون. پەیوەندیی سێکسی دەرەوەی هاوسەرگیری یان پەیوەندییە هاوڕەگەزخوازەکان ڕەنگە ئەمڕۆ هیچ کۆمێنتێک یان کاردانەوەیەکی دوژمنکارانە دروست نەکەن وەک ئەوەی لە ڕابردوودا باو بوو. سەرەڕای ئەوەی ئەمە لە ڕووی "مومارەسە"وە لێبووردەییە، بەڵام ئەم ڕەفتارە دەچێتە خانەی "لاموبالاتی" (Indifference) نەک لێبووردەیی بە مانای وردی وشەکە. ئەگەر من و دراوسێکانم بڵێین ئێمە لێبووردەین بەرامبەر پەیوەندییە هاوڕەگەزخوازییەکانی ئەو دوو هاوسەرەی دراوسێمان، ئەوا هەڵوێستەکەمان بە حەقیقی بە "لێبووردەیی" هەژمار ناکرێت، و کەمترە لە هەڵوێستێکی لیبڕاڵ.
گومان لەوەدا نییە کە ئێمە دەبێت چارەسەرێک لەم جۆرە بدۆزینەوە؛ واتە بیسەلمێنین کە "لاموبالاتییەکی گەورەتر" هەیە لە زۆرێک لە ململانێکان و ناوەندەکانی دەمارگیریدا. هەموو ئەوەی پەیوەستە بە ڕەفتاری سێکسی و کۆمەڵایەتییەوە، کە لە کۆمەڵگە بچووک و پارێزگارەکاندا دڵەڕاوکێی گشتی دروست دەکرد، دەخرێتە چوارچێوەی "ژیانی تایبەت" (Private Life) و حوکمی ئەوەی لەسەر نادرێت کە خێرە یان شەڕ.
ئینزیلاقکردن (خلیسکان) بەرەو لاموبالاتی -وەک ئەوەی لە ئەوروپا ڕوویدا- ڕەنگە تاکە ڕێگا بێت بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لە ناکۆکییە ئاینییەکان. هەموو ئاینەکان ئارەزووی ئەوە ناکەن خەڵکی هیدایەت بدەن بۆ عەقیدەکەیان، چ بگات بەوەی بە زۆر ناچاریان بکەن. بێگومان ئەوان ڕایەکیان هەیە (ڕەنگە لە بابەتی "کەنیسەی فراوان" بێت) دەربارەی مەقامی "ڕاستی یان هەڵە"ی ئەوانەی کە هاوبەش نین لە ئیمانەکەیاندا، بەڵام بە هەر حاڵ خۆیان دەگرن لەوەی دەستوەردان لە کاروباری ئەوانی تر بکەن.
لە بەرامبەردا، هەندێک عەقیدەی تر هەن کە کەمتر ئامادەییان هەیە ڕێگە بدەن بەوەی کە بە "هەڵە"ی دەزانن بڵاوببێتەوە. ڕەنگە تاکە چارەسەری مومکین لە بەرامبەر ئەم عەقیدانەدا، ئەو چارەسەرە بێت کە ئەوروپا لە ڕابردوودا پێی گەیشت (لانی کەم لە بواری ئاینیدا، ئەگەر لە بواری سیاسیشدا نەبێت)، کە بریتییە لە: "فتور (ساردبوونەوە)ی حەماسەتی عەقیدی".
بەڵام نابێت ئەم "فتور"ـە مانای نەمانی وزەی جوڵێنەر بێت. وەک چۆن هەندێک تایەفەی مەسیحی بۆیان دەرکەوت، ئاین سەرچاوەی تایبەتی هەیە کە وای لێ دەکات چاو بە پەیوەندییەکانیدا خشێنێتەوە لەگەڵ ئەوانی تر.
لە نێوان ئەو بیرۆکە گرنگانەی کاریگەریی گەورەیان هەبوو لە ئەوروپا، بیرۆکەیەک دەرکەوت کە دەڵێت: ئەو ئایینەی هەوڵی فراوانبوون دەدات و دەیەوێت ئەوانی تر وەری بگرن، دەبێت دان بەوەدا بنێت کە ناتوانێت ئەم کارە بە "هێز" ئەنجام بدات. چونکە زۆرترین شتێک کە هێز دەتوانێت بەدەستی بهێنێت بریتییە لە "ملکەچی" (Submission) و "ڕازبوونی ڕووکەش". وەک چۆن هیگڵ (Hegel) لە "جەدەلیەتی گەورە و کۆیلە"دا دەربڕینی بۆ کردووە: کەسی دەمارگیر هەمیشە تووشی نائومێدی دەبێت؛ چونکە ئەوەی ئەو دەیەوێت بەدەستی بهێنێت "دانپێدانان/الاعتراف"ـە، لە کاتێکدا ئەوەی دەستی دەکەوێت تەنها "گوێڕایەڵی" (Imtithal) یان ملکەچیی ڕووکەشە.
ڕەیبیەت (گومان) و لاموبالاتی و تێڕوانینە فراوانەکانی کەنیسە تاکە سەرچاوە نین بۆ ئەوەی ناوم لێنا "لێبووردەیی وەک مومارەسە"؛ بەڵکو دەکرێت ئەمە زامن بکرێت لە ڕێگەی "هاوسەنگییەکی هۆبزی" (Hobbesian Balance - نسبة الی توماس هۆبز)، کە تێیدا قبوڵکردنی گرووپێک لەلایەن ئەوی ترەوە باشترین ئەنجامە کە هەریەکەیان دەتوانن بەدەستی بهێنن. بێگومان ئەمە لە خۆیدا چارەسەرێکی "مەبادیئـی" (Principled) نییە -بە پێچەوانەی تێڕوانینی ڕەیبیەت کە بە شێوازی خۆی مەبادیئـییە-.
چارەسەرە هۆبزییەکە، وەک دەزانرێت، سەقامگیری زامن ناکات؛ چونکە ئەو تایەفەیەی کە دەتوانێت بڕێک لە ملکەچی بسەپێنێت، ڕەنگە بیرکردنەوە لەوەی "دۆخەکە چی لێ دێت ئەگەر لایەنەکەی تر دەسەڵات بگرێتە دەست؟" ڕێگری لێ بکات. و بۆ ئەوەی ئەم بیرۆکەیە هۆبزی بێت (لە بەرامبەر ئەو حوچەتەی پشت بە گریمانەی "ئاڵوگۆڕی ڕۆڵەکان" دەبەستێت وەک مافەکان)، دەبێت بڕێک لە "نا-سەقامگیریی چاوەڕوانکراو" بوونی هەبێت. زۆر لەبارە (مرجح) کە ئەو لایەنانەی درک بەم دۆخە دەکەن پەنا بۆ "لێدانی پێشوەختە" (Preemptive strikes) بەرن، بەتایبەت ئەگەر درکیان بەوە کرد کە ئەو ملکەچییە ڕووکەشەی لەم نەوەیەدا بەدەست دێت، ڕەنگە لە نەوەکانی داهاتوودا پتەوتر بێت یان دوو هێندە بێت.
لە واقیعی ئەمڕۆدا، سەپاندنی بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژیا سیاسییەکان بە هێز لە جیهانی مۆدێرندا سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێناوە لەسەر ئاستی کات. یەکێک لەو وانانەی کە لە ساڵی ١٩٨٤ بە ڕوونی دەرکەوت بریتی بوو لە "درۆینەبوون"ی ڕۆمانی "١٩٨٤"ی جۆرج ئۆروێڵ لەم ڕووەوە (واتە پێشبینییەکەی ئۆروێڵ کە ئایدیۆلۆژیا دەتوانێت هەموو شتێک کۆنترۆڵ بکات، هەڵە دەرچوو).
لەگەڵ ئەوەشدا، سەپاندنی ئایدیۆلۆژیا بە دڵنیاییەوە لە ڕابردوودا سەرکەوتوو بووە. مەرجی "لە جیهانی مۆدێرندا" کە لە ڕستەکەی پێشوودا هات زۆر گرنگە (و لە کۆتایی توێژینەوەکەدا دەگەڕێمەوە سەری).
تا ئێستا لێبووردەیی وەک "بەها" (Value) لە ڕێگەی ئەو حوچەتانەی خرابوونە ڕوو دەرنەکەوتووە. ڕەنگە مومارەسەی لێبووردەیی ببینین کە پشت بە گومان یان لاموبالاتی یان هاوسەنگیی هێز دەبەستێت. بەڵام "لێبووردەیی وەک بەها" وا دەردەکەوێت کە داوای زیاتر لەمە دەکات. زۆر کەس وایان تەسەوڕ کردووە کە دەکرێت ئەمە لە ڕێگەی فەلسەفەیەکی سیاسی یان چەمکێک بۆ دەوڵەت دەربڕینی لێ بکرێت.
دەکرێت لێبووردەیی ئاینی تا ڕادەیەک زاڵ بێت لە نێوان گرووپگەلێک کە بیروباوەڕی (ئاینی) بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە، مادام ئەمە لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی نێوان ئەو گرووپانە و دەوڵەت دامەزرابێت، و دەوڵەت هیچ کام لەو منظومانە قبوڵ نەکات و نەیانسەپێنێت، و ڕێگەش نەدات هیچ گرووپێک بیروباوەڕی خۆی بەسەر ئەوانی تردا بسەپێنێت (لە کاتێکدا هەریەکەیان دەتوانێت بیروباوەڕی خۆی بخاتە ڕوو و بەرگری لێ بکات).
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ نموونە، سازانێکی (وفاق) بەربڵاو هەیە کە پاڵپشتی دەستوور دەکات لەوەی ڕێگە نەدات بە دەرکردنی هیچ یاسایەک کە ئایینێکی دیاریکراو بسەپێنێت یان تەنانەت پاڵپشتی بکات. زۆرێک لە گرووپە ئاینییەکان هەن، کە بێگومان هەندێکیان بیروباوەڕی جەوهەرییان هەیە، بەڵام زۆربەیان نایانەوێت دەوڵەت ئەوانی تر سەرکوت بکات یان ڕێگە بە هیچ کامیان بدات ئەوی تر سەرکوت بکات.
زۆر کەس هیوایان وابوو هەموو کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن ئەم مۆدێلە پەیڕەو بکات بۆ چارەسەرکردنی گرژییەکانی لێبووردەیی. ئەم مۆدێلە، لە لایەکەوە، ڕەچاوی جیاوازیی قەناعەتە ئەخلاقی و دینییە ڕیشەدارەکان دەکات. لە لایەکی ترەوە، دەوڵەتێکی "بێلایەن" (وەک وا دەردەکەوێت) هەیە کە مافی یەکسانیی هەموو هاوڵاتیان زامن دەکات، بە مافی پێکهێنانی بیروباوەڕ و دەربڕینیشییەوە. ئەمە مۆدێلی "فرەگەرایی لیبڕاڵ"ە کە دەکرێت وەک "لێبووردەیی لە دۆخی کارکردندا" سەیر بکرێت، و دەربڕین لەو پێکهاتە سەیرەی لێبووردەیی دەکات کە "قەناعەت" و "قبوڵکردن" کۆدەکاتەوە، لە ڕێگەی نیشتەجێکردنی قەناعەتە جیاوازەکان لە ناو گرووپگەلێک کە بچووکترن لە دەوڵەت، و چەسپاندنی "قبوڵکردنی فرەیی" لە ناو خودی بونیادی دەوڵەتدا.
ئەمە مانای بوونی لێبووردەییە بە زیاتر لە تەنها مومارەسەیەک. بەڵام چۆن دەکرێت بە وردی پێناسەی لێبووردەیی بکەین وەک "بەها"؟ ئایا دەکرێت وەک "فەزیڵەت" دیاری بکرێت؟ ئەمە دەمانباتە سەر پرسی ئەو سیفەتانەی کە سیستەمێکی لەم جۆرە لە هاوڵاتیانی دەخوازێت. لانی کەم دەبێت هاوڵاتیان "باوەڕێکی هاوبەش"یان بە خودی سیستەمەکە هەبێت. ئەمە داوای کۆمەڵگەیەک دەکات کە یەکگرتووییەکەی لەسەر بنەمای منظومەیەک لە مافەکان و لەسەر تێڕوانینی هەمووان بۆ "ڕێزی یەکسان" (Equal Respect) وەستابێت، نەک کۆمەڵگەیەک کە لە گرووپگەلێک پێکهاتبێت کە بیروباوەڕی تایبەت و جەوهەری کۆیان دەکاتەوە.
ڕەنگە سەرنجڕاکێشترین وەشانی ئەمە ئەوە بێت کە نەریتی فەلسەفەی لیبڕاڵی (کە لە ئیمانوێڵ کانتەوە سەرچاوە دەگرێت) پێشکەشی دەکات، کە کەرامەتی مرۆڤ بە "سەربەخۆیی زاتی" (Autonomy) پێناسە دەکات؛ کەسە ئازادەکان ژیانی خۆیان دروست دەکەن و قەناعەتەکانیان دیاری دەکەن، و دەسەڵاتی دەوڵەت دەبێت بۆ ئەوە بەکاربێت کە ئەمە مومکین بکات نەک ڕێگری لێ بکات بە سەپاندنی کۆمەڵێک قەناعەتی ملزم.
ئەمە "نموونە" (Ideal)یەکی نێگەتیڤی پەتيی یان ڕەیبی (گومانگەر) نییە. ئەگەر وا بوایە، نەیدەتوانی لە ناخی یەک کۆمەڵگەدا خەڵکانێک کۆبکاتەوە کە قەناعەتی زۆر دژبەیەکیان هەیە، و نەیدەتوانی ئەو هێزی پاڵنەرە دابین بکات کە هەموو کۆمەڵگە لێبووردەکان پێویستیانە بۆ شەڕکردن دژی دەمارگیرەکان (کاتێک ئامرازەکانی تر بەس نین). ئەمە ئەو نموونەیەیە کە بە ناوی بیرمەندانی لیبڕاڵی هاوچەرخی وەک (جۆن ڕاوڵز، تۆماس ناجڵ، ڕۆناڵد دوۆرکین)ەوە بەستراوەتەوە.
لە سایەی فەلسەفەی فرەگەرایی لیبڕاڵدا، لێبووردەیی وەک مەزهەبێکی "مەبادیئـی" (قائم علی مبادئ) دەردەکەوێت کە داوا لە هاوڵاتیان دەکات باوەڕیان بە بەهایەکی دیاریکراو هەبێت، کە ڕەنگە خودی بەهای لێبووردەیی نەبێت، بەڵکو بەهایەکی جەوهەریتر بێت کە ئەویش "سەربەخۆیی زاتی" (Autonomy)ـیە.
لەبەر ئەوەی ئەم بەهایە بە "مەفهوم و هاوبەش" دادەنرێت، ئەم تێگەیشتنە بۆ ڕۆڵی لێبووردەیی لە فرەگەرایی لیبڕاڵدا فۆڕمێک لە "پاساو هێنانەوە" (Justification) لەخۆ دەگرێت. پێویستە حوچەتێک دابین بکات کە بتوانرێت قبوڵ بکرێت لای ئەوانەی کە پێیان وایە نابێت لێبووردەیی هەبێت بەرامبەر هەندێک بۆچوونی باو لە کۆمەڵگەدا کە ڕەتی دەکەنەوە لیبڕاڵیزم دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ سەرکوتکردنیان بەکاربهێنێت.
ناجڵ بە جوانی دەربڕینی لەمە کردووە: "لیبڕاڵیزم بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو دیدگایەکە پاساو بۆ لێبووردەیی دەهێنێتەوە نەک تەنها بۆ گومانکارە ئاینییەکان، بەڵکو بۆ ئیماندارانیش (المتدينين)، و پاساو بۆ لێبووردەیی سێکسی دەهێنێتەوە نەک تەنها بۆ ئیباحییەکان، بەڵکو بۆ ئەوانەش کە باوەڕیان وایە سێکسی دەرەوەی هاوسەرگیری گوناحە.
لیبڕاڵیزم جیاکاری دەکات لە نێوان ئەو بەهایانەی کە کەسێک دەتوانێت پشتیان پێ ببەستێت بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی تایبەتی خۆی، و ئەوانەی کە دەتوانێت پشتیان پێ ببەستێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ مومارەسەکردنی دەسەڵاتی سیاسی".
هیچ کەسێک، تەنانەت خودی ناجڵیش، باوەڕی وا نییە کە ئەمە لە هەموو دۆخەکاندا مومکین بێت. دەبێت سنورێک هەبێت بۆ توانای دەوڵەتی لیبڕاڵ لەوەی خۆی بەدوور بگرێت لە پرسە جێ-ناکۆکە ئەخلاقییەکان. هەندێک پرس هەن، وەک لەباربردنی منداڵ (الإجهاض)، کە دەوڵەت تێیدا سەرکەوتوو نەبووە لەوەی پابەندی بێلایەنی بێت هەرچەندە هەوڵیشی داوە. دەکرێت لە یاساکانیدا جیاکاری بکات لە نێوان دۆخە جیاوازەکانی لەباربردن، بەڵام ئەمە ڕێگر نابێت لەوەی هەندێک تاک بە شێوەیەکی یەقینی قەناعەتیان وا بێت کە دەبێت جۆرێک لە کردەوە بە یاسا ڕێگەپێدراو بێت، لە کاتێکدا هەندێکی تر بە هەمان یەقینەوە پێیان وایە دەبێت قەدەغە بکرێت. هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت لەم جۆرە بابەتانەدا خۆی بگرێت لە ئەنجامدانی "هەڵبژاردنی یەکلاکەرەوە" کە سیفەتێکی بەکۆمەڵی هەبێت.
پرسیاری لەمە سەختتر دێتە پێش لە بابەتی پەروەردەدا، کاتێک لیبڕاڵەکان دەبینن کە سەربەخۆیی (ئۆتۆنۆمی)ـی هەندێک گرووپە ئاینییە ئسوڵییەکان لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان لەسەر بیروباوەڕی خۆیان، دژ دەوەستێتەوە لەگەڵ ئازادیی ئەو منداڵانە لە هەڵبژاردنی بیروباوەڕی خۆیان. (دەکرێت ئەم کێشەیە بە زاراوەی "مافی گرووپەکان" دەربڕینی لێ بکرێت). هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت خۆی لە "هەڵبژاردنە بەکۆمەڵە جەوهەرییەکان" بپارێزێت لەم جۆرە پرسانەدا، و بەم مانایە لێبووردەیی لەم پرسانەدا سنوری هەیە، تەنانەت ئەگەر خەڵکی بەردەوام بن لە ڕێزگرتن لە ڕای یەکتر.
بوونی هەندێک حاڵەت کە ڕەنگە بەم جۆرە "مەحاڵ" بن، مەرج نییە بە زەروورەت "لێبووردەیی لیبڕاڵ" ڕەت بکاتەوە. هیچ حوچەتێکی مەبادیئـی نییە بیسەلمێنێت کە ئەگەر (أ) باوەڕی وا بێت کردارێک هەڵەیە و (ب) باوەڕی وا بێت ڕاستە، ئەوا دەبێت (أ) باوەڕی وا بێت ئەرکی دەوڵەتە ئەو کردارە سەرکوت بکات، یان (ب) باوەڕی وا بێت ئەرکی دەوڵەتە ئەو کردارە بەهێز بکات.
سەرەڕای ئەوەی ئەم ئیعتیباراتە دەکەونە ئاستی جیاوازەوە، بەڵام حوچەتێکی بەناوبانگ هەیە دەڵێت "نموونەی لیبڕاڵ" (Liberal Ideal) لە بنەڕەتەوە مەحاڵە؛ چونکە هەندێک لە ڕەخنەگرانی لیبڕاڵیزم بانگەشەی ئەوە دەکەن کە "دەوڵەتی فرەگەرای لیبڕاڵ" -کە گوایە دەبێت یاسادانەر بێت بۆ لێبووردەیی- لە ڕاستیدا بوونی نییە. ئەوان دەڵێن ئەوەی ڕوودەدات ئەوەیە کە دەوڵەت "بە دزییەوە" (خفیة) کۆمەڵێک پڕەنسیپ دەسەپێنێت (کە بە نزیکەیی لە بەرژەوەندیی هەڵبژاردنی تاکەکەسیدایە -لانی کەم هەڵبژاردنی بەکاربەر/Consumer Choice-، و هاوکاریی کۆمەڵایەتی، و کارایی ئابووری)، لە کاتێکدا ئەو قەناعەتانەی کە خەڵکی لە ڕابردوودا بە قوڵی هەیانبوو -چ لە ئاین یان ڕەفتاری سێکسی یان ئەزموونی ڕۆشنبیری- بچووک دەبنەوە و دەبنە "زەوقی تایبەت".
بەپێی ئەم وێنەیە، لیبڕاڵیزم نزیک دەبێتەوە لەوەی ببێتە تەنها "عەقیدەیەکی تری داخراو" (Another sectarian doctrine)؛ ئەمە ڕێک ئەو دەستەواژەیەیە کە ڕاوڵز بەکاریهێنا کاتێک ڕوونی کردەوە کە لیبڕاڵیزم نابێت ببێت بە چی.
ئەو حوچەتە چییە کە ڕەخنەگر پشتی پێ دەبەستێت بۆ ئەوەی بڵێت دەوڵەتی لیبڕاڵ "بە زیرەکی/دزییەوە" کۆمەڵێک هەڵوێست دەسەپێنێت لەسەر حسابی ئەوانی تر؟
ناجڵ بە ڕوونی جیاکاری دەکات لە نێوان سەپاندنی شتێکی وەک "فەردانیەت" (Individualism) لە لایەک، و مومارەسەکانی لێبووردەیی لیبڕاڵ لە لایەکی تر، هەرچەندە بە ڕاستگۆیی دان بەوەدا دەنێت کە مومارەسە پەروەردەییەکانی دەوڵەتی لیبڕاڵ لە ڕووی شوێنەوارەکانیانەوە "یەکسان نین". ئەم جیاکارییە گرنگە و دەکرێت جیاوازیی گەورە دروست بکات لەسەر ئاستی عەمەلی. چونکە جیاوازی هەیە لە نێوان ئەوەی هیدایەت بدرێیت یان ناچار بکرێیت لەلایەن "فەردانیەتێکی تێکۆشەر"ەوە، و نێوان ئەوەی ببینیت ژینگە ئاینییە نەریتییەکەت لەلایەن کۆمەڵگەی لیبڕاڵی مۆدێرنەوە ڕادەماڵرێت.
دەبێت نەیارانی لیبڕاڵیزم دان بەوەدا بنێن کە شتێک لەم جیاکارییەدا هەیە شایەنی تێڕامان بێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە قەناعەت بە بەکارهێنانی لیبڕاڵەکان بۆ ئەم جیاکارییە دەکەن؛ چونکە ئەمە جیاکارییەک نییە کە لە ڕۆحیدا بێلایەن بێت، بەڵکو بە شێوەیەکی نا-هاوسەنگ لایەنگری ئاڕاستەی لیبڕاڵە. چونکە گرنگییەکی زۆر دەدات بە جیاوازی لە "ڕێکارەکان" (Procedures)، لە کاتێکدا ئەوەی بۆ ئیمانداری نا-لیبڕاڵ گرنگە بریتییە لە جیاوازی لە "ئەنجام" (Result).
من گومانم هەیە لەوەی بتوانین حوچەتێکی مەبادیئـی (Principled) بدۆزینەوە کە وەڵامدەرەوەی ئامانجە هەرە پاک و بەهێزەکانی "بەهای لێبووردەیی لیبڕاڵ" بێت -واتە حوچەتێک بێت پشت بە گومان یان تەرازووی هێز نەبەستێت-، و لە هەمان کاتدا بتوانێت لە ڕووی مەبدەئییەوە بۆ خەڵکانێکی عاقڵ ڕوونی بکاتەوە (کە قەناعەتە قوڵەکانیان لە بەرژەوەندیی سەربەخۆیی تاک و بەهاکانی نییە) کە بۆچی دەبێت ئەوەیان پێ باشتر بێت دەوڵەت ڕێگە بدات بەهاکانیان پووک ببنەوە و لەناو بچن لەوەی کە ئەرکی سەپاندن یان پاراستنیان بگرێتە ئەستۆ.
ئەگەر بمانەوێت بەرگری لە لێبووردەیی وەک "مومارەسە" بکەین لەسەر بنەمای ئەوەی کە "بەها"یە، ئەوا دەبێت پەنا بۆ "ڕای جەوهەری" (Substantive views) بەرین دەربارەی "خێر" (The Good)، و بە دیاریکراوی: "سەربەخۆیی زاتی" وەک خێرێک.
ئەم ڕایانە فراوان دەبن تا هەڵسەنگاندنی ئەو سیفەت و فەزیڵەتانە بگرێتەوە کە پەیوەستن بە لێبووردەییەوە، و هەروەها ئەو پڕاکتیکە سیاسییانەش بگرێتەوە کە خۆیان دەبیننەوە لە سەپاندن (یان ڕەتکردنەوەی سەپاندن)ی دیدگا جەوهەرییە دژبەیەکەکان.
ئەمە مانای ئەوە نییە کە بەها جەوهەرییەکانی سەربەخۆیی تاک (ئۆتۆنۆمی) چەواشەکارن یان بێ بنەمان، بەڵکو ئەم بەهایانە -وەک هەموو بەهایەکی تر- دەکرێت ڕەت بکرێنەوە، و بەو ئەندازەیەی کە لێبووردەیی پشتیان پێ دەبەستێت، ئەویش ڕەت دەکرێتەوە. ناکرێت مومارەسەی لێبووردەیی پشت بە بەهایەک ببەستێت وەک "سەربەخۆیی زاتی"، و لە هەمان کاتدا هیوای ئەوەی هەبێت کە خۆی بەدوور بگرێت لە ناکۆکییە جەوهەرییەکان دەربارەی "خێر". ئەمە تناقض (دژبەری)ـیەکی حەقیقییە؛ چونکە تەنها "تێڕوانینی جەوهەری بۆ خێر" (وەک سەربەخۆیی زاتی) دەتوانێت ئەو "بەها"یەمان پێ بدات کە لە ڕێگەی مومارەسەکانی لێبووردەییەوە دەردەکەوێت.
لەم ڕۆشناییەدا، ئاسانە باشتر تێبگەین کە بۆچی تەسەوڕکردنی لێبووردەیی وەک "فەزیڵەت" یان "هەڵوێستی کەسی" تووشی ئەو هەموو ئاستەنگی و دژوارییە دەبووەوە.
کارەکە "ئەستەم/مستعصي" دەردەکەوت؛ چونکە (وا دیارە) داوا دەکات مرۆڤ باوەڕی وابێت کە بیروباوەڕێک یان کردارێک بە تەواوی هەڵەیە یان خراپە، و لە هەمان کاتدا باوەڕی وابێت خێرێکی جەوهەری هەیە لەوەی ڕێگە بدرێت ئەو شتە ڕووبدات.
ئەمە نابێتە پارادۆکس (دژبەری) ئەگەر "خێر"ەکە بریتی نەبێت لە بەردەوامبوونی ئەو بیروباوەڕە (هەڵەیە)، بەڵکو خۆی لە "سەربەخۆیی زاتی"ـی ئیماندارە بەرامبەرەکەدا ببینێتەوە. خەڵکی دەتوانن، بە شێوەیەکی مەنتێقی (منسجم)، باوەڕیان وابێت کە دیدگایەک یان هەڵوێستێک هەڵەیەکی گەورەی تێدایە، و لەگەڵ ئەوەشدا بڵاوبوونەوەی ڕێگەپێدراو بێت، ئەگەر ئەوان باوەڕیان بە "بەهایەکی جەوهەریی تر" هەبێت کە پێشوازی لە "سەربەخۆیی زاتی" (Autonomy) یان "سەربەخۆیی" (Independence)ـی ئیماندارانی تر دەکات.
مومارەسەکردنی لێبووردەیی وەک فەزیڵەت، و بەم مانایە باوەڕبوون پێی وەک "بەها لە خۆیدا"، مەرج نییە بە زەروورەت پارادۆکس (دژبەری) لەخۆ بگرێت، هەرچەندە ڕەنگە لە حاڵەتێکدا ئەو شتە باوە لەخۆ بگرێت کە پێی دەوترێت "ململانێی خێرەکان" (Conflict of Goods).
لەگەڵ ئەوەشدا، ناتوانین ئەم تێگەیشتنە بۆ لێبووردەیی لیبڕاڵ کۆبکەینەوە لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەی دەڵێت لێبووردەیی بەرزترە لە ململانێی بەهاکان. ئەم تێگەیشتنە ئەو کێشە ناسراوە بەرهەم دەهێنێت کە: ڕەنگە ئەوانی تر (نا-لیبڕاڵەکان) هاوبەش نەبن لەگەڵ لیبڕاڵەکە لە تێڕوانین بۆ ئەو "خێرە جیاوازانە"؛ بە تایبەتیش کە ئەو کەسانەی لیبڕاڵەکە دەبێت لێیان ببوورێت، ڕێک ئەو کەسانەن کە بە ئەگەری زۆرەوە هاوبەش نین لە تێڕوانینی لیبڕاڵەکە بۆ "خێری سەربەخۆیی زاتی" (کە بنەمای لێبووردەییە وەک بەها). و لیبڕاڵەکە، بەپێی ئەم تەسەوڕە بۆ لێبووردەیی، هۆکارێکیان پێ نادات تاوەکو نرخ بۆ لێبووردەیی دابنێن ئەگەر ئەوان هاوبەش نەبن لەگەڵیدا لە بەهاکانی تردا.
بەنبەست بەوەی کە پێشکەش کرا، دروستە بڵێین -وەک بینیمان- کە مومارەسەی لێبووردەیی مەرج نییە بە زەروورەت لەسەر هیچ بەهایەکی ئەخلاقی لەم جۆرە (وەک ئۆتۆنۆمی) دامەزرابێت. دەکرێت پشت بە "ئیعتیباراتی هۆبزی" ببەستێت (دەربارەی ئەوەی چی مومکینە یان خوازراوە بۆ جێبەجێکردنی یاساکان)، یان ڕەنگە پشت بە "لاموبالاتی" ببەستێت کە لە "ڕەیبیەت" (گومان)ـەوە سەرچاوەی گرتووە بەرامبەر پرسە جێ-ناکۆکەکان.
لەگەڵ هەڵکشانی لاموبالاتی و بڵاوبوونەوەی گومان، بە سروشتی حاڵ دەگەینە قۆناغێک کە تێیدا کەس گرنگی بە ناکۆکییەکان نادات بەو ئەندازەیەی کە پێویستی بە لێبووردەیی هەبێت؛ لێرەدا چیتر شتێک نامێنێت شایەنی لێبووردەیی بێت، و لێبووردەیی دەبێتە شتێکی نا-پێویست.
هەروەها گرنگە ئاماژە بەوە بدەین کە داواکاریی لێبووردەیی لە سیاقێکدا دەرناکەوێت کە تێیدا بەها یان فەزیڵەتی تر بوونی نەبێت.
ڕەنگە ئەو مەینەتی و قەسیەت (قسوة) و گەمژەییە ئاشکرایەی کە هاوشانی "نەبوونی لێبووردەیی"ـە، کاریگەری هەبێت لەسەر هەندێک کەس -لە سایەی بارودۆخی گونجاودا- تەنانەت ئەگەر ئەو کەسانە پابەندیش نەبن بە لێبووردەیی وەک "بەهایەکی جەوهەری"، یان پابەند نەبن بە ڕێزگرتن لە "سەربەخۆیی زاتی" (کە لێبووردەیی وەک فەزیڵەت لەسەری دەوەستێت).
لێبووردەیی وەک فەزیڵەت، جۆرێکی تایبەت لە دامەزراندن (التأسيس) بۆ مومارەسەکەی دابین دەکات کە خاسیەتێکی "کانتی"ی دیاری هەیە، نەک تەنها لە ڕووی ڕەچەڵەکیەوە، بەڵکو لە ڕووی ئەوەشەوە کە داوای چی دەکات. بەهای لێبووردەیی بەشێکی لە "زەحمەتی"یەکەیدایە، و لەوەدایە کە چی دەخوازێت؛ چونکە ئەو کەسەی دەیەوێت بەدەستی بهێنێت، دەبێت بەرزبێتەوە (يسمو)، نەک تەنها بەسەر ئارەزووەکانی خۆیدا، بەڵکو بەسەر تەماحی خۆشیدا بۆ زامنکردنی دەربڕینی تەواوەتی لە بەهاکانی خۆی.
ڕەنگە باشترین هیوا بۆ لێبووردەیی وەک "مومارەسە" لەم فەزیڵەتەدا (فەزیڵەتی کەسی) نەبێت -بەو هەموو تێکەڵکردنەی دەیکات لە نێوان ڕۆحی لێبووردەیی پەتيی و ڕقی مرۆڤ لەو شتەی دەبێت لێی ببوورێت-، بەڵکو هیواکە لە خودی "مۆدێرنیتە" (الحداثة) و بەرهەمە سەرەکییەکەیدایە، کە بریتییە لە: "کۆمەڵگەی بازرگانیی نێودەوڵەتی".
هێشتا مومکینە باوەڕمان وابێت کە بونیادەکانی ئەم سیستەمە نێودەوڵەتییە هاندەرن بۆ "ڕەیبیەت" (گومان) بەرامبەر هەر داواکارییەک بۆ "ئیمتیازی حەسری" (Exclusive Privilege) -چ ئاینی بێت یان نا-، و گومانکردن لە پاڵنەری ئەوانەی ئەو داواکارییە بەرز دەکەنەوە.
ئەمە دەتوانێت بە فیعلی یارمەتیدەر بێت بۆ هاندانی "خۆ-کۆنترۆڵکردن" (ضبط النفس) لەناو خودی ئایینەکاندا؛ چونکە کاتێک ئەم "ڕەیبیەت"ـە (گومانە) دەخرێتە بەرامبەر ئەو زیانە ئاشکرایانەی لە "دەمارگیری"یەوە دەکەونەوە، ئەوا بنەمایەک بۆ مومارەسەکردنی لێبووردەیی دێتە کایەوە کە پەیوەستە بە لیبڕاڵیزمەوە، بەڵام "کەمتر تەماحکارە" (Less Ambitious) لە بەهای پەتيی لێبووردەیی لیبڕاڵ (کە لەسەر باوەڕ بە سەربەخۆیی زاتی دامەزراوە).
ئەم بنەمایە (ی دووەم) زۆر نزیک دەبێتەوە لە نەریتێک کە ڕەچەڵەکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مۆنتیسکیۆ و کۆنستانت، و جودیس شکلار (Judith Shklar) ناوی لێناوە "لیبڕالیزمی ترس" (Liberalism of Fear).
گرنگە پرسیار بکەین ئایا لێبووردەیی "کێشەیەکی کاتی"ـیە؟ ڕەنگە دەربکەوێت کە لێبووردەیی "بەهایەکی کاتی" بووە کە خزمەتی قۆناغێکی کردووە لە نێوان ڕابردوویەک کە کەس گوێی لەو ناوە نەبووە، و داهاتوویەک کە کەس پێویستی پێی نابێت.
لە ئێستادا، فیکرەی پووکانەوەی دیدگا دەمارگیرەکان لە جیهاندا "باوەڕپێنەکراو" (Non-plausible) دەردەکەوێت؛ چونکە ئەم دیدگایانە هێشتا بە شێوەیەکی بەرچاو خۆیان دەسەپێنن. ئەگەر ئەم تەسەوڕانە (ی دەمارگیری) تا ڕادەی پێویست سەرکەوتوو بن، ئەوا لەو کاتەدا شوێنێکی ئەوتۆ بۆ لێبووردەیی نامێنێتەوە، و ئەوانەی (ئەمڕۆ) لێبووردەن، دەبنە ئەو کەسانەی کە بە بێ هیواییەوە داوا دەکەن لێیان ببووردرێت.
لە مەودای مامناوەنددا، بە ئەگەری زۆرەوە ڕووبەڕووی دۆخێک دەبینەوە کە تێیدا ململانێ توند دەبێت لە نێوان لێبووردەیی لیبڕاڵ و دیدگا دەمارگیرەکان لە جۆرە جیاوازەکان.
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، یەکێک لەو شتانەی کە "سیستەمی نێودەوڵەتیی مۆدێرن" وای لێکردووە کە "نیمچە مەحاڵ" بێت، بریتییە لەوەی کە تەنها یەک ڕا و بۆچوون بەسەر کۆمەڵگایەکدا بسەپێنرێت و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام بێت.
بە بەراورد بە ڕابردوو، زۆر ئەستەمە (مەتعەزیرە) ژینگەیەکی ڕۆشنبیری کە لەسەر بنەمای بیروباوەڕی دەمارگیرانە دامەزراوە، بتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ هاوتەریب بێت (تزامن) لەگەڵ ناوەندی دەسەڵاتی دەوڵەتێکدا، بەبێ ئەوەی کاریگەرییە دەرەکییەکان دزە بکەنە ناوی و کونگیری بکەن.
بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە، لیبڕاڵەکان و نەیارەکانیان ناچار دەبن لەسەر بنەمایەکی پتەوتر و بەهێزتر لە ناو سنورە نیشتیمانییەکاندا، کە کۆنترۆڵێکی توندی لەسەرە، پێکەوە هەڵبکەن (Coexist).
لە سایەی ئەم هەلومەرجەدا، وا دیارە "لێبووردەیی" و پڕاکتیکە دژبەیەکەکانی (Contradictory Practices) لە هەمان کاتدا هەم پێویستن و هەم تا ڕادەیەک مومکینن.
ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بێت، ئەوا بە ڕوونی دەردەکەوێت -بەتایبەت کاتێک سەرنج دەخەینە سەر دۆخی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان-کە نابێت مومارەسەکردنی لێبووردەیی تەنها لەسەر بنەمایەکی پەتيی (Pure Principle) کە بریتییە لە فیکرەی "سەربەخۆیی زاتی" (Autonomy) بەتەنها دابمەزرێت. بەڵکو دەبێت پشت بە کۆمەڵێک سەرچاوەی جۆراوجۆرتر و فراوانتر ببەستێت.
ئەم سەرچاوە مەعریفیانە دەبێت ئەمانە لەخۆ بگرن:
١. "ڕەیبیەت" (Skepticism/گومان)ـێکی چالاک دژی دەمارگیری و ئیدیعاکانی لایەنگرانی.
٢. قەناعەتێک بەوەی کە مەترسییەکانی نەمانی لێبووردەیی ئاشکرا و ڕوونن (Biena).
٣. وە هەروەها توانای بیرخستنەوەی گرووپە هەرە توندڕەوەکان -بە شێوازێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ ڕێچکەی تۆماس هۆبز (Hobbes)-بەوەی کە ئەوان لە کۆتاییدا ناچار دەبن مل بدەن بۆ پێکەوەژیان، چونکە بەدیلەکەی وێرانکەرە.
[سەرچاوەکان]
* دەیڤد هاید، لێبووردەیی: فەزیڵەتێکی خۆدزەرەوە.
* تۆماس ناجڵ، یەکتربینی و لایەنگری.
* نانسی ڕۆزنبڵوم، لیبڕالیزم و ژیانی ئەخلاقی.
وەرگێڕانی عەرەبی: مونیر کەشۆ | وەرگێڕانی کوردی | بەتین