---

بێ ماڵی: پچڕانی ئینتیما (دیاردەی بێ ماڵی لە ڕۆژئاوا)

 نوسینی: ساموێل بێندێک سۆتیلۆس (وەرگێڕان) 
"سەلام بۆ تۆ، سەلام بۆ ماڵەکەت، و سەلام بۆ هەرچییەکی هەتە."
~ (پەیمانی کۆن، ساموئێلی یەکەم ٢٥:٦)


"وَاللَّهُ جَعَلَ لَكُمْ مِنْ بُيُوتِكُمْ سَكَنًا"
(خوا ماڵەکانی بۆ کردوون بە جێگەی ئارامی و حەسانەوە).
~ (قورئانی پیرۆز، نحل: ٨٠)


"سەردەمی ئێمە بە بێ ماڵترین سەردەم دەبینرێت لە چاو هەموو سەردەمەکاندا."
~ مۆریس فریدمان


"لەڕەگ دەرھاتن (هەڵکەندران)، بە دڵنیاییەوە مەترسیدارترین نەخۆشییە کە کۆمەڵگا مرۆییەکان تووشی دەبن."
~ سیمۆن وێیل


لە سەرتاسەری جیهانی مۆدێرندا، ئێمە تووشی دیمەنی زۆر جەرگبڕی ملیۆنان مرۆڤی بێ ماڵ دەبینەوە لە هەموو شارە گەورەکاندا. چادرمان دەبینین لەسەر شۆستە کۆنکرێتەکان ڕیزکراون لە بەردەم تەلارە بەرزە بێ ڕۆحەکاندا.
جەستەگەلێک دەبینین لەسەر پارچە کارتۆنی تەنک کەوتوون و بە بێ بەزەییانە بەرەوڕووی کەش و هەوا بوونەتەوە، تەنانەت هەندێک لەو ئۆردوگایانە تا پەنجا گەڕەکی شار درێژ دەبنەوە.
ئێمە شایەتی کۆچکردنی زۆرەملێ و ئاوارەبوونین لە ئاستێکی تۆقێنەردا، کە دەرەنجامی ململانێ هەرێمییەکان، توندوتیژی، جینۆساید، یان کارەساتە سروشتییەکانن.
لەلایەکی ترەوە، ئێمە وەک ئەوەی "سڕ کرابین" بەرامبەر بینینی ئەم دیمەنانە و بیستنی ئەم مەینەتییە وێرانکەرانە -ئەگەر نەڵێین لەدەستدانی سیفەتی ئینسانی-ی ئەو خەڵکە لەو بارودۆخانەدا. ئایا دەبێت ئێمە چی لەم دۆخە ترسناکە تێبگەین؟ وە دەرەنجامەکانی بۆ مرۆڤایەتی چین؟
لەم وتارەدا، سەرلەنوێ پێداچوونەوە دەکەین بە مانای هەبوونی "ماڵ" تاوەکو تێگەیشتنێکمان دەست بکەوێت بۆ ئەو پەتای "بێ ماڵی"ـیەی کە لە گەشەسەندندایە.
ماڵ تەنها شوێنێکی نیشتەجێبوونی ماددی نییە. لای زۆرێک لە نەریتە ڕۆحییەکان (Spiritual Traditions)، ماڵ درێژکراوەی شوێنە پیرۆزەکانی پەرستشە. مەنزڵگایەکی پیرۆزە بۆ نزا و تێڕامان.
لەم جیهانە گەڕۆکەی ئێمەدا، مانەوە لە مۆتێلەکان، پەناگەکان، ئۆردوگا کاتییەکان، یان ئۆتۆمبێلەکان یان مانەوە لەسەر قەنەفە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، ناچاری کردووین چەمکە باوەکانی "ماڵ" بخەینەوە ژێر پرسیار.
ئەمەش هێمایەکی دیکەیە بۆ ئەو "لەڕەگ دەرھاتن"ـەی ئەمڕۆمان، کە جیاناکرێتەوە لەو قەیرانە ڕۆحییەی کە یەخەی جیهانی مۆدێرنی گرتووە....
ئەگەر لە ڕەگە ڕۆحییەکانی کێشەکە تێنەگەین، هەرگیز چارەسەر ناکرێت.
بێ ماڵیی ماددی (جەستەیی) لە هەمان کاتدا هەم هێمایە و هەم دەرەنجامی ئەو "بێ ماڵییە ڕۆحییە"یە کە جیهانی پۆست-مۆدێرن بەدەستیەوە دەناڵێنێت.
ئەم قسەیە بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی بێ ماڵیی جەستەیی نییە کە ئەمڕۆ زۆر بەربڵاوە. بەڵام ئەگەر لە ڕەگە ڕۆحییەکانی کێشەکە تێنەگەین، هەرگیز چارەسەر ناکرێت.
لەدەستدانی هەستی پیرۆزی (The Sacred)، بووەتە هۆی بەرەڵاکردنی "پووچگەراییەکی کوشندە" (Pernicious Nihilism)، کە هاوتایە لەگەڵ دابەزینی شکۆی مرۆڤ بەهۆی ئەو بۆشاییە ڕۆحییەوە کە هەرگیز بەم جیهانە دونیاییە (Profane) پڕ ناکرێتەوە. ئەم تێکچوونە برینێکی ساڕێژنەبووی خستووەتە سەر دەروونی مرۆڤی سەردەم.
توخمێکی سەرەکی لە دەروونی بەکۆمەڵی ئێمەدا بریتییە لە دیاردەی "نامۆبوون" (Alienation) و دەرەنجامەکەی کە بریتییە لە "دابڕان" (Displacement)، جا چ بە مانای حەرفی بێت یان لە ڕووی شوناسە دابڕاوەکانمانەوە.
پسپۆڕانی تەندروستی دەروونی هەوڵ دەدەن نەخۆشییەکانی زەین هەڵسەنگێنن و دیاری بکەن و چارەسەری بکەن، بەبێ ئەوەی دان بنێن بەو ئازارەی کە بەهۆی "سێکیولاریزم"ـی بەربڵاوی جیهانە پیرۆزی-لێسەندراوەکەمانەوە دروست بووە.
بەبێ تێگەیشتن لەو پێشهاتە مێژووییانەی کە بوونە هۆی سەرھەڵدانی مۆدێرنیتە (وەک ڕێنێسانس و شۆڕشی زانستی کە سەردەمی ڕۆشنگەری (Enlightenment) ـی لێ کەوتەوە)
زۆر ئەستەمە تێبگەین کە چۆن ئەم ڕێچکەیە بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ بنەما نەریتییەکانی بۆ "خودی ساغ و تەواو" (Integrated Self) هەڵتەکاند.
چارەسەرە دەروونییەکان لە سەردەمی ئێمەدا هێشتا لەسەر بنەما پارچە پارچە و "زانست-پەرستی" (Scientistic)ـیەکانی پڕۆژەی ڕۆشنگەری دامەزراون، و بۆیە شکست دەهێنن لەوەی لە ڕەگەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو کارەساتە جۆراوجۆرانە بکەن کە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی بوونەتەوە لەم سەردەمی قەیرانە بوونگەراییە توندەدا.
بێ ماڵیی درێژخایەن، دەکرێت بڵێین، دەرەنجامی ئەو "تەجروبە کۆمەڵایەتییە" بوو کە پێی دەوترێت "نا-دامەزراوەییکردن" (Deinstitutionalization). دەرهێنانی ئەو کەسانەی نەخۆشی دەروونی توندیان هەبوو لە تیمارگەکان و داخستنی زۆرێک لە نەخۆشخانە دەروونییەکان (کە لە ساڵی ١٩٥٥ دەستی پێکرد) بەم ناوە ناسراوە.
تەناقوزی (Paradox) ئەم سیاسەتە ئەوەیە کە زۆرێک لە نەخۆشە دەروونییەکان، کە پێشتر بە پێچەوانەی ویستی خۆیان لە دۆخێکی خراپدا دەستبەسەر کرابوون، دواتر ڕەوانەی زیندانەکان کران.
ئامارەکانی زیندانیکردن بە ڕوونی دەریدەخەن کە ڕێژەیەکی زۆر لەم جۆرە کەسانە لە سیستەمی سزاداندا بوونیان هەیە.
گواستنەوەی چارەسەری تەندروستی دەروونی لە نەخۆشخانە دەروونییەکانەوە بۆ سەنتەرە کۆمەڵایەتییەکان کارەساتبار بوو بەهۆی خراپی ژێرخان و کەمی بودجەوە.
لەکاتێکدا "نا-دامەزراوەییکردن" وا دەردەکەوت کە خەڵکی لە زیندانیکردنی نامرۆڤانە و ناڕەوا ئازاد دەکات، بەڵام بە کردەیی نەخۆشە دەروونییەکانی فڕێدایە ناو داهاتوویەکی تاریک و نادیارەوە.
ڕۆحانیەت (Spirituality) بەو شێوەیەی کە لە ئاینەکانی جیهاندا هاتووە.
دەبێت بە جددی وەربگیرێت وەک هۆکارێک بۆ چاکبوونەوە لە کێشە دەروونییەکانی وەک: ترۆما (Trauma)، ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و شەڕاب.
هەروەها دەکرێت وەک هۆکارێکی پارێزەر (Protective Factor) کار بکات دژی ئەو نەهامەتییانەی لەگەڵ بێ ماڵیدا ئەزموون دەکرێن.
پێش مۆدێرنیتە، کەلتوورە نەریتییەکانی جیهان مرۆڤیان بە شێوەیەک دەبینی کە هەم "زەمینییە" (Geomorphic - واتە هی زەوییە) و هەم "خاوەن سروشتی ئیلاهییە/ڕۆحییە" (Theomorphic - واتە هی ڕۆحە). واقیعێکی باڵا (Transcendent) و ئامادە (Immanent) بوونی هەیە کە ئێمە دەبەستێتەوە بە تەواوی بوونەوە (Existence).
"دەروونناسیی پیرۆز" (Sacred Psychology) توانای ئەوەی هەیە جیاکاری بکات لەو پێکهاتە سێکوچکەییەی مرۆڤ و گەردوون کە ئێمە تەنها ئاوێنەیەکین بۆی کە پێکهاتووە لە: ڕوح (Spirit)، نەفس (Soul)، و جەستە (Body)یان
دۆخەکانی: ڕۆحی، دەروونی، و ماددی.
بە هەمان شێوە کە دڵی مرۆڤ مەنزڵگایەکە بۆ حزوری ئیلاهی، ماڵی فیزیکیش ئاوێنەیەکە بۆ ماڵە میتافیزیکییەکەمان. ئەمە واتای ئەوەیە کە مرۆڤەکان هەم نیشتەجێبوونێکی کاتییان لەم جیهانەدا هەیە و هەم مەنزڵگایەکی ئەبەدی. پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لە نێوان "نیزامی مەخلوقات" و "زاتی ئیلاهی".
شایەنی بیرهێنانەوەیە کە وشەی ئیکۆلۆجی (Ecology) لە وشەی یۆنانی (Oikos)ـەوە وەرگیراوە (کە بە مانای "ماڵ" یان "شوێنی نیشتەجێبوون" دێت).
ئەخلاقیاتی ئیکۆلۆجی داوامان لێدەکات کە نرخی ماڵەکەمان بزانین. ئەمەش پێویستی بە سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردن هەیە، لەسەر بنەمای پێکەوەبەستراویمان و ئەو بەرپرسیارێتییانەی دەکەوێتە سەرمان بەرامبەر بە مەخلوقات بە گشتی.
بە مانایەکی تر، ماڵی ڕاستەقینەی ئێمە، "پیرۆزی" (The Sacred) ـیە.