مەرگی پاڵەوان و لەدایکبوونی دەوڵەت: دەرهێنانی ڕووحی پاڵەوان لە مۆدێرنەتە
پێشەکی:
"لە دەوڵەتدا ئیتر پاڵەوان بوونی نامێنێت. ئەوان تەنها لە کۆمەڵگە نا-شارستانییەکاندا دەردەکەون. ئامانجی پاڵەوان ڕاستە، پێویستە و لەگەڵ دەوڵەتدا یەک دەگرێتەوە؛ بەڵام ئەو وەک کارێکی تایبەتیی خۆی ئەنجامی دەدات."
—هیگڵ (فەلسەفەی حەق).
ئەگەر سەیری میدیای باوی جیهانی (Mainstream Media)، لە هۆڵیوودەوە تا ئەنیمێ ژاپۆنییەکان (Shonen) بکەین، دەبینین خەریکی چاندنی تۆوێکن کە لە ڕواڵەتدا زۆر "فەلسەفی و قوڵ" دیارە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بانگەشەی مەرگی پاڵەوانە.
ئەو تۆوە بریتییە لە بیرۆکەی: "ئێمە وەک یەکین" (We are the same).
ئەمە ئەو ڕستەیەیە کە خراپەکار (Villain) هەمیشە بە پاڵەوان (Hero)ی دەڵێت. ئەوان دەڵێن: "تۆش وەک من دەبوویت ئەگەر لە شوێنی من بوایتایە."
ئەمەش هێرشێکی سیستماتیکە بۆ سڕینەوەی سنووری نێوان حەق و بەتاڵ. وە سڕینەوەی مەفهومی پاڵەوانە لە سیناریۆی مۆدێرنەتە.
نمونە : ناروتۆ و ئۆبیتۆ
با نموونەی (ناروتۆ و ئۆبیتۆ) وەربگرین. ئەمە ڕوونترین نموونەی ئەو سەخافەتە فکرییەیە کە دەمانەوێت باسی بکەین. چیرۆکەکە پێمان دەڵێت: ناروتۆ و ئۆبیتۆ هەمان دەستپێکیان هەبوو (بێ دایک و باوک، خەونی بوون بە هۆکاگێ، دڵێکی پاک).
تەنها جیاوازییەکە چییە؟ ئۆبیتۆ تووشی کارەسات بوو (مردنی ڕین)، بۆیە بوو بە دڕندەیەک کە جەنگی جیهانیی بەرپا کرد.
پەیامە شاراوەکە ئەمەیە: "ناروتۆ تەنها لەبەر ئەوە پاڵەوانە چونکە شانسی هەبووە." یان "ئۆبیتۆ بێتاوانە، بارودۆخەکە تاوانبارە."
تیۆری "تەنها یەک ڕۆژی خراپ" (One Bad Day)
ئەم فیکرە ژەهراوییە لە ڕۆمانی وێنەیی (The Killing Joke)ـی "ئالان مۆر"دا بەرجەسرە دەبێت. جۆکەر دەڵێت:
"تەنها یەک ڕۆژی خراپ بەسە بۆ ئەوەی ژیرترین پیاوی جیهان بکاتە شێت."
ئەمە بووەتە دروشمی سەردەمی مۆدێرن. میدیا هەوڵ دەدات بۆ هەموو تیرۆریستێک، بۆ هەموو بکوژێک، "چیرۆکێکی تراژیدی" (Backstory) دروست بکات.
بۆچی فڵان کەس خراپە؟ چونکە لە منداڵیدا لێیان داوە.
بۆچی فڵان کەس بوو بە دیکتاتۆر؟ چونکە لە قوتابخانە دەرنەچوو.
ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە دەبێتە هۆی هاوسۆزی لەگەڵ شەیتان.
بینەر دەست دەکات بە گریاندن بۆ جەللادەکە، و قوربانییەکە لەبیر دەکات.
کاتێک ناروتۆ دەڵێت ئۆبیتۆ شایستەی ئەوە بوو ببێتە هۆکاگێ (دوای ئەوەی ئۆبیتۆ هەزاران کەسی کوشتووە)، ئەمەش دەرکەوتەیەکی ڕوونی (بە-ڕێژەییکردنی ئەخلاق)ـە.
ئەمە واتە: کردەوەکانت گرنگ نین، گرنگ ئەوەیە "نیەتت پاک بێت" یان "ڕابردووت تاڵ بێت". ئەمە پووچکردنەوەی دادپەروەرییە.
خۆڵەمێشیی وەهمی (Grey Morality)
میدیای مۆدێرن شانازی بەوەوە دەکات کە "رەش و سپی" نەماوە، هەموو شتێک خۆڵەمێشییە.
ئەوان دەڵێن: "پاڵەوانی ڕەها بوونی نییە، خراپەکاری ڕەهاش بوونی نییە."
ئەمە ڕستەیەکی زۆر باق و بریقەدارە، بەڵام لە واقیعدا چی دەکات؟
ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی (هەڵە ببێتە ڕاست، و ڕاست ببێتە هەڵە).
کاتێک سنوورەکان دەسڕێنەوە، خیانەت دەبێتە "تێڕوانینێکی جیاواز".
کوشتن دەبێتە زەروورەتی بارودۆخ.
دەستپاکیی پاڵەوان دەبێتە ساویلکەیی.
لایتی یاگامی
لە زنجیرە ئەنیمی (تیانووسی مەرگ) کارەکتەرێکی کاریزمایی (دەججال) بەناوی لایت یاگامی، بە بەخت زەمەن بڕیار دەدات تیانووسی مەرگ بداتە دەستی، ئایا لایتی یاگامی و پۆلیسەکەی باوکی (سۆیچیرۆ) یەکن؟
میدیای مۆدێرن هەوڵ دەدات بڵێت: "هەردووکیان دەیانەوێت دادپەروەری بچەسپێنن، تەنها ڕێگاکانیان جیاوازە."
نەخێر، یەک نین.
باوکی لایت (یاسا/ئەخلاق): باوەڕی وایە "ئامانج پاساو بۆ هۆکار ناهێنێتەوە".
لایت (تاغوت/ئیگۆ): باوەڕی وایە "من خودام و بڕیار دەدەم."
جیاوازییەکە لە میتۆددا نییە، جیاوازییەکە لە جەوهەری نەفسدایە.
ئەوەی ئۆبیتۆ و ئێرێن و لایت دەکەن، "کاردانەوەی سروشتی" نییە بۆ بارودۆخ، بەڵکو تەکەبورە. ئەوان بڕیاریان داوە کە ئەوان لە هەموو مرۆڤایەتی باشتر دەزانن، بۆیە مافیان هەیە خەڵک بکەنە قوربانی.
پاڵەوانی ڕاستەقینە (ئەگەر مابێت)، ئەو کەسەیە کە لە هەمان بارودۆخی سەختدایە، بەڵام تواضعی هەیە و ڕەتی دەکاتەوە ببێتە خودا.
بابگەڕێینەوە سەر وتەکەی هێگڵ ، بۆ ئەوەی لە وتەکەی هێگڵ بە جوانی تێبگەین، لەم دەقە تێبگەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی پێش دەوڵەت. لە جیهانی (هۆمیرۆس)ـدا، لە ئیلیادەدا، پاڵەوانێک وەک (ئەکیلین) ملکەچی هیچ یاسایەک نەبوو. بۆچی؟ چونکە "یاسا" بوونی نەبوو، تەنها "وێنە" (Ethos) هەبوو.
پاڵەوان خۆی سەرچاوەی یاسا بوو. توڕەیی ئەکیلین، خۆشەویستیی ئەکیلین، تۆڵەی ئەکیلین؛ ئەمانە هێزی سروشت بوون وەک ڕەشەبا و گەردەلوول. لەو سەردەمەدا، پاڵەوان (Hero) پردێک بوو لە نێوان مرۆڤ و خوداوەندەکان. ئەو "نیوە-خودا" بوو.
بەڵام مۆدێرنیتە، یان بە دیاریکراوی (شارستانیەت)، بریتییە لە پرۆسەی بەدامەزراوەیکردنی عەقڵ. کاتێک (دەوڵەت) دروست دەبێت، دەوڵەت دەبێتە بەرجەستەبوونی "عەقڵی ڕەها" لەسەر زەوی. لە بەرامبەر گەورەیی دەوڵەتدا، تاک دەبێت بچووک بێتەوە.
دەوڵەت پێویستی بە پاڵەوان نییە، پێویستی بە فەرمانبەرە. پێویستی بە هاوڵاتیە. پاڵەوان لە ناو دەوڵەتدا دەبێتە شێرپەنجە، چونکە پاڵەوان دان بە سیستەمدا نانێت، بەڵکو گوێ لە دەنگی ناخی خۆی دەگرێت. لێرەوە ململانێی ئەبەدیی نێوان خوێن و مەرەکەبی یاسا دەست پێ دەکات.
یەکەم: تاکی مێژوویی-جیهانی (World-Historical Individual)
هێگڵ لێرەدا دەرگایەک دەکاتەوە بۆ جۆرێک لە مرۆڤ کە لە سەرووی یاساکانی ئەخلاقی باوەوەن. ئەو ناویان دەنێت "تاکی مێژوویی-جیهانی".
ئەمانە کێن؟ ئەمانە ئەسکەندەری مەقدۆنی، قەیسەر، و ناپلیۆن بۆناپارتن.
بەپێی هێگڵ، ئەم کەسانە مافی ئەوەیان هەیە کە تاوان بکەن. بەڵێ، تاوان.
بۆچی؟
چونکە ئەمانە ئامرازی دەستی (ڕۆحی گەردوون - Weltgeist)ـن. ڕۆحی گەردوون دەیەوێت قۆناغێکی نوێ لە مێژوو دەست پێ بکات، دەیەوێت شارستانیەتێک بڕوخێنێت و یەکێکی تر دروست بکات. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستی بە کەسێکە کە دەستەکانی خوێناوی بێت، کەسێک کە گوێ بەوە نەدات چەند گوڵ دەشێلێت لەپێناو کردنەوەی ڕێگاکەدا.
هێگڵ دەڵێت: "ئەگەر سەیری چارەنووسی ئەم تاکانە بکەین، دەبینین ئەوان دڵخۆش نەبوون. ئەوان قوربانی بوون. کاتێک ئامانجەکەیان دەپێکا، وەک توێکڵی بەتاڵ فڕێ دەدرێن."
ناپلیۆن لە دورگەی سانت هێلینا بە تەنیایی مرد. قەیسەر بە چەقۆی هاوڕێکانی کوژرا. ئەسکەندەر بە گەنجی مرد. ئەمانە (بەڕێوەبەری مێژوو) بوون، نەک خاوەنی.
لێرەدایە: ئەگەر ناپلیۆن سەربکەوێت، دەبێتە "دامەزرێنەری دەوڵەت" و پەیکەری بۆ دروست دەکرێت. ئەگەر بیدۆڕاندایە، دەبووە "جەردە و تاوانبار".
کەواتە: جیاوازیی نێوان پاڵەوان و (تاوانبار) لە فەلسەفەی هێگڵدا، تەنها بریتییە لە سەرکەوتن. مێژوو تەنها دان بە براوەکاندا دەنێت.
دووەم: لایتی یاگامی (Death Note) وەک تراجیدیایەکی هێگڵی
با ئەم تیۆرییە قورسە دابەزێنین بۆ سەر یەکێک لە ئاڵۆزترین کارەکتەرەکانی جیهانی ئەنیمێی: (لایتی یاگامی) یان (کیرا).
لایت نموونەی تەواوەتیی ئەو پاڵەوانەیە کە هێگڵ باسی دەکات، بەڵام لە سەردەمێکدا کە جێگای پاڵەوانی تێدا نابێتەوە.
١. پاڵنەرەکە:
لایت هەست دەکات یاسای دەوڵەت لاوازە. تاوانباران دەربازیان دەبێت. سیستەمەکە گەندەڵە. ئەمە هەمان ئەو پاڵنەرەیە کە قەیسەری ناچار کرد کۆماری ڕۆما بڕوخێنێت. لایت دەیەوێت جیهانێکی نوێ دروست بکات کە تێیدا تاوان بوونی نەبێت. ئامانجەکەی (ڕاست و پێویستە) بەپێی لۆجیکی هێگڵ.
٢. میتۆدەکە :
بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، لایت دەست دەکات بە کوشتن. ئەو خۆی دەکاتە دادوەر و جەللاد.
لێرەدا لایت دەکەوێتە ناو تەڵەکەی هێگڵەوە. هێگڵ دەڵێت: "پاڵەوان کارەکە ئەنجام دەدات وەک ئەوەی کارێکی تایبەتیی خۆی بێت."
لایت دەوڵەت نییە. لایت دامەزراوە نییە. لایت (تاک)ـە.
کوشتنی تاوانبارێک لەلایەن دەوڵەتەوە پێی دەوترێت (سێدارە و دادپەروەری)، بەڵام هەمان کردار لەلایەن لایتەوە پێی دەوترێت (تاوان و تیرۆر).
بۆچی؟ ئایا جیاوازییەکە ئەخلاقییە؟ نەخێر، جیاوازییەکە دامەزراوەییە. دەوڵەت خاوەنی قۆرخکاریی توندوتیژییە (Monopoly on Violence). هیچ تاکێک بۆی نییە دەست بۆ ئەو دەسەڵاتە بەرێت.
٣. شکستی دانپێدانان (Recognition):
لایت دەیویست ببێتە "خودای جیهانی نوێ". بەڵام بۆ ئەوەی ببیتە خودا (یان دەوڵەت)، دەبێت خەڵک و مێژوو دانت پێدا بنێن. لایت ناچار بوو لە تاریکیدا کار بکات. پاڵەوانی مێژوویی (وەک ناپلیۆن) لەبەرچاوی هەموواندا شمشێری بەرز دەکردەوە. بەڵام لایت ناچار بوو وەک تاوانبارێک خۆی بشارێتەوە.
لێرەوە تراژیدیاکە دروست دەبێت: لایت هەڵگری (ڕۆحی گەردوون) بوو، دەیویست مێژوو بگۆڕێت، بەڵام میکانیزمەکانی دەوڵەتی مۆدێرن (پۆلیس، ئێڵ، یاسا) ئەوەندە بەهێز بوون کە نەیانهێشت ئەو ببێتە دەوڵەت. بۆیە لایت وەک "تاوانبارێکی شێت" مرد، نەک وەک "دامەزرێنەرێکی پیرۆز".
سێیەم: جیاوازیی نێوان "تاوانی پیرۆز" و "تاوانی شەخسی"
لە فەلسەفەی مۆدێرن و بەتایبەت لای (دۆستۆیڤسکی) لە ڕۆمانی تاوان و سزادا، هەمان پرسیار دەکرێت.
ڕاسکۆلنیکۆڤ دەپرسێت: "ئایا من مێروولەیەکم یان ناپلیۆن؟"
ئەگەر ناپلیۆن بم، مافی ئەوەم هەیە پیرەژنێک بکوژم بۆ ئەوەی پارەکەی بۆ ئامانجێکی گەورە بەکاربهێنم.
هێگڵ وەڵام دەداتەوە: تۆ تەنها کاتێک ناپلیۆنیت کە (سەربکەوێت) و مێژوو بەدوای خۆتدا ڕابکێشیت. ئەگەر شکستت هێنا، تۆ تەنها بکوژێکی بچووکی پیرەژنێکیت.
لە جیهانی ئەمڕۆدا، سیستەمەکان (Systems) شوێنی پاڵەوانەکان (Heroes)ـیان گرتۆتەوە. ئێمە چیتر چاوەڕێی سەڵاحەدینێک ناکەین بێت و قودس ڕزگار بکات؛ ئێمە چاوەڕێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان و سزای ئابووری دەکەین.
ئەم ساردبوونەوەیەی جیهان، ئەم گۆڕینەی خوێنی گەرم بە
مەرەکەبی سارد، وایکردووە کە دەرکەوتنی هەر پاڵەوانێک (یان کەسێک کە هەوڵ دەدات ببێتە پاڵەوان) ڕاستەوخۆ وەک (تیرۆریست) یان (شێت) سەیر بکرێت.
گەڕانەوە بۆ هێگڵ:
بینیمان هێگڵ چۆن پاڵەوانی کردە فەرمانبەری مێژوو، ئەوا لەم بەشەدا دەبینین چۆن فەلسەفەی مێژوو هەنگاوێکی ترسناکتر دەنێت: سڕینەوەی تەواوەتیی دەموچاوی پاڵەوان. لە سەدەی نۆزدە و بیستدا، پاڵەوان چیتر سوارچاکێک نییە بە تەنها شمشێر لێ بدات، بەڵکو دەبێتە بەشێک لە ئامێرێکی گەورەتر. لێرەدا مرۆڤ دەمرێت و (ئایدیا) لەدایک دەبێت.
چوارەم: پاڵەوانێتیی سۆشیالیستی مارکس وەک تەواوکەری هێگڵ
کاڕڵ مارکس، قوتابییە یاخییەکەی هێگڵ، هات و هاوکێشەکەی سەرەوژێر کردەوە. هێگڵ دەیوت تاکی مێژوویی (وەک ناپلیۆن) مێژوو دروست دەکات. مارکس وتی: نەخێر، تاکەکان تەنها بڵقی سەر ئاون ئەوەی مێژوو دروست دەکات (چین - Class)ـە.
١. گواستنەوە لە من بۆ ئێمە:
لە پاڵەوانێتیی سۆشیالیستیدا، پاڵەوان نابێت ناوی هەبێت. پاڵەوان پرۆلیتاریایە. لە ئەدەبیاتی سۆڤیەتیدا، تاک گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە کێ زۆرترین بەرد دەشکێنێت، کێ زۆرترین گەنم دەچێنێت. پاڵەوانێتی لە (شکۆ - Glory)ـەوە دەگۆڕێت بۆ (بەرهەمهێنان - Production).
ئەمە کوشتنی ئیگۆی پاڵەوان بوو. پاڵەوان بووە موڕغ (Screw)ـێک لەناو مەکینەی مێژوودا. ئەگەر بمری گرنگ نییە، چونکە مەکینەکە هەر دەڕوات.
٢. ماتریالیزمی مێژوویی:
لێرەدا پاساوی تاوان دەگۆڕێت. لای هێگڵ، ناپلیۆن مافی هەبوو تاوان بکات چونکە ڕۆحی گەردوون وای دەویست. لای مارکس، شۆڕشگێڕ مافی هەیە تاوان بکات چونکە حەتمیەتی مێژوو وای دەوێت. لەناوبردنی چینێک (بۆرژوازی) تاوان نییە، بەڵکو پاککردنەوەی ڕێگای مێژووە.
پێنجەم: سەفەربەریی گشتی (Total Mobilization) و پاڵەوانی ئاسنین
ئێرنست یۆنگەر
فەیلەسوف و سەربازی ئەڵمانی، لە کتێبی کرێکار - Der Arbeiter دا، وێنەی پاڵەوانی سەردەمی تەکنەلۆژیا دەکێشێت.
١. تێکەڵبوونی مرۆڤ و ئامێر:
یۆنگەر دەڵێت: لە جەنگی مۆدێرندا، جیاوازی نێوان سەرباز و کرێکار نامێنێت. هەموو کۆمەڵگا دەبێتە کارگەیەکی جەنگی. پاڵەوانی نوێ ئەو کەسە نییە کە ئازایەتیی شەخسی نیشان دەدات، بەڵکو ئەو کەسەیە کە دەتوانێت ببێتە بەشێک لە تەکنەلۆژیا.
ئەو باسی جۆرێک لە مرۆڤ دەکات کە دەمارەکانی لە پۆڵایە. مرۆڤێک کە هەست و سۆزی کوشتووە بۆ ئەوەی بەرگەی دەنگی تۆپەکان بگرێت.
٢. ساردبوونەوەی سۆز:
ئەمە خاڵێکی گرنگە. پاڵەوانی کۆن (ئەکیلین) دەگریا، توڕە دەبوو، هاواری دەکرد. پاڵەوانی یۆنگەر (و پاڵەوانی مۆدێرن) ساردە. دەموچاوی وەک ماسک وایە. کوشتن لای ئەو پڕۆسەیەکی تەکنیکییە، نەک سۆزداری. سەیری فڕۆکەوانێک بکەن کە لە دووری هەزاران کیلۆمەترەوە دوگمەیەک دادەگرێت و شارێک وێران دەکات؛ ئەمە پاڵەوانێتیی نیهیلیستیی تەکنەلۆژیایە.
شەشەم: ئێرێن یێگەر (Attack on Titan)؛ دێوەزمەی ئازادیی ڕەها
لێرەدا دەگەینە ترۆپکی بابەتەکەمان. هیچ کارەکتەرێک لە خەیاڵی مۆدێرندا هێندەی (ئێرێن یێگەر) بەرجەستەی کێشە فەلسەفییەکەی هێگڵ و یۆنگەر ناکات. ئێرێن تێکەڵەیەکە لە "تاکی مێژوویی"ی هێگڵ و "وێرانکاریی تەکنەلۆژی".
١. ئازادی وەک نەفی:
هێگڵ دەڵێت: "ئازادی بریتییە لە دەرککردن بە زەروورەت." بەڵام ئێرێن تێگەیشتنێکی ترسناکتری بۆ ئازادی هەیە. بۆ ئێرێن، ئازادی بریتییە لە "نەفی کردنی ئەوانی تر".
لە جیهانی (Attack on Titan)ـدا، مێژوو بریتییە لە بازنەیەکی داخراوی ڕق. مارلییەکان ئێڵدییەکان دەچەوسێننەوە، ئێڵدییەکان دەیانەوێت تۆڵە بکەنەوە. ئێرێن تێدەگات کە تا ئەم بازنەیە هەبێت، ئازادی بوونی نییە.
کەواتە چارەسەر چییە؟
چارەسەری ئێرێن چارەسەرێکی "ڕادیکاڵ"ـە: سڕینەوەی مێژوو. سڕینەوەی جیهان.
٢. ڕەمبڵینگ (The Rumbling) وەک هێزی سروشت:
کاتێک ئێرێن دەست بە ڕەمبڵینگ (لەرینەوەی زەوی/هێرشی دێوەکان) دەکات، ئەو چیتر مرۆڤ نییە. ئەو دەبێتە هێزی سروشت. ئەو دەبێتە خودی مێژوو کە بڕیاری داوە کۆتایی بە هەموو شتێک بهێنێت.
لێرەدا ئێرێن دەبێتە ئەو "تاکە مێژووییە"ی هێگڵ کە باسکران. ئێرێن جینۆساید دەکات، ٨٠٪ی مرۆڤایەتی دەسڕێتەوە. ئایا ئەمە تاوانە؟ بەپێی ئەخلاقی باو، بەڵێ تاوانێکی بێ وێنەیە.
بەڵام لە دیدی ئێرێنەوە، ئەمە زەروورەتە. ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ ئەوەی دوورگەکەی (پارادایس) ڕزگار بکات.
٣. تراژیدیای زانین:
ئەوەی ئێرێن دەکاتە پاڵەوانێکی تراژیدی (نەک تەنها خراپەکار)، ئەوەیە کە ئەو ئاگادارە. ئەو داهاتوو دەبینێت. ئەو دەزانێت کە ڕێگایەکی تر نییە.
ئێرێن قوربانیی ئازادیی خۆیەتی. ئەو دەبێتە دێوەزمە، دەبێتە شەیتانی هەموو جیهان، بۆ ئەوەی هاوڕێکانی بتوانن ببنە پاڵەوان بە کوشتنی ئەو.
لێرەدا ئێرێن ستراتیژیی (لیلۆش لامپێروژ) دووبارە دەکاتەوە بەڵام بە قەبارەیەکی خوێناویتر: "کۆکردنەوەی هەموو ڕقی جیهان لەسەر خۆی، و دواتر مردن."
ئێرێن سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە: لە جیهانی مۆدێرندا، بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی ڕیشەیی بکەیت، دەبێت دەستبەرداری مرۆڤبوونی خۆت ببیت. دەبێت ببیتە ئامێر، دەبێت ببیتە دێوەزمە.
حەوتەم: ساردبوونەوەی سۆز لە (ئەخلاق)ـەوە بۆ (ڕیالیزم)
گۆڕانکارییە گەورەکە لێرەدایە. لە چیرۆکە کلاسیکییەکاندا (وەک سوپەرمان یان کاپتن ئەمریکا)، پاڵەوان نوێنەری چاکەی ڕەهایە. ئەو درۆ ناکات، ئەو ناكوژێت مەگەر ناچار بێت.
بەڵام لە مۆدێرنیتەدا، ئەم جۆرە پاڵەوانە ساویلکەیە.
پاڵەوانی نوێ (ڕیالیست)ـە.
پاڵەوانی ئەخلاقی: دەپرسێت "ئایا ئەم کارە ڕاستە؟"
پاڵەوانی ڕیالیست (ئێرێن، کیریتسوگۆ): دەپرسێت "ئایا ئەم کارە ئەنجامی دەبێت؟"
ئەم گواستنەوەیە لە "ئەخلاق"ـەوە بۆ "کاریگەری" (Effectiveness)، دەرگا دەکاتەوە بۆ جۆرێکی نوێ لە فەلسەفە کە لە بەشی داهاتوودا باسی دەکەین: (سوودگەرایی - Utilitarianism) و (بیرکاریی مردن).
ئایا دروستە یەک کەس بکوژیت بۆ ئەوەی پێنج کەس ڕزگار بکەیت؟
ئایا دروستە ٨٠٪ی جیهان بکوژیت بۆ ئەوەی نەتەوەکەی خۆت ڕزگار بکەیت؟
ئەمە ئەو پرسیارە بیرکارییە ترسناکانەیە کە پاڵەوانی مۆدێرن دەبێت وەڵامی بداتەوە.
هەشتەم: کێشەی شەمەندەفەرەکە (The Trolley Problem) تاقیگەی پاڵەوان
بۆ تێگەیشتن لە پاڵەوانی مۆدێرن، دەبێت ئەم سیناریۆیە بزانین:
شەمەندەفەرێک کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و بە خێرایی بەرەو پێنج کرێکار دەڕوات کە لەسەر سکەکەن و ناتوانن هەڵبێن. تۆ لە تەنیشت سویچێک وەستاویت. ئەگەر سویچەکە ڕابکێشیت، شەمەندەفەرەکە دەچێتە سەر سکەیەکی تر کە تەنها یەک کرێکاری لێیە.
پاڵەوانی کلاسیک (ئەخلاقی): دەڵێت "من دەستم ناچێتە خوێنی کەس." ئەو سویچەکە ڕاناکێشێت، چونکە کوشتنی کەسێک بە دەستی خۆی بە "تاوان" دەزانێت، تەنانەت ئەگەر پێنج کەسیش بمرن. ئەو بەرپرسیارێتییەکە دەخاتە ئەستۆی قەدەری خودا.
پاڵەوانی مۆدێرن (سوودگەرا): بێ سێ و دوو سویچەکە ڕادەکێشێت. ئەو دەڵێت: ژیانی پێنج کەس گرنگترە لە ژیانی یەک کەس. بۆ ئەو، ئەخلاق بریتییە لە ئەنجام (Consequence)، نەک نایەت (Intention).
نۆیەم: کیریتسوگۆ ئیمیا (Fate/Zero)؛ تراژیدیای رزگارکەر
کیریتسوگۆ ئیمیا باشترین نموونەی "پاڵەوانی شەمەندەفەر"ـە. ئەو خۆی ناوناوە "پاڵەوانی دادپەروەری" (Hero of Justice)، بەڵام دادپەروەرییەکەی بریتییە لە تیرۆر.
فەلسەفەی کیریتسوگۆ سادەیە: "کوشتنی کەمینە بۆ ڕزگارکردنی زۆرینە."
ئەو ئامادەیە باوکی خۆی بکوژێت، مامۆستای خۆی بکوژێت، تەنانەت ژن و منداڵی خۆیشی بکاتە قوربانی، ئەگەر بزانێت ئەمە دەبێتە هۆی ڕزگارکردنی ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵک.
١. بۆچی ئەمە شکست دەهێنێت؟
لە کۆتایی چیرۆکەکەدا، کیریتسوگۆ تێدەگات کە ئەم میتۆدە هەڵەیە. (جامی پیرۆز) پێی دەڵێت:
"ئەگەر لەناو کەشتییەکدا ٣٠٠ کەس هەبن و ٢٠٠ یان ١٠٠ەکەی تر بخەنە مەترسییەوە، تۆ ١٠٠ەکە دەکوژیت. بەڵام دواتر لەناو ٢٠٠ەکەشدا کێشە دروست دەبێت، ناچار دەبیت ٥٠یان بکوژیت... لە کۆتاییدا تۆ تەنها خەریکی کوشتنیت و هیچ کەسێک نامێنێتەوە بۆ ڕزگارکردن."
کیریتسوگۆ تێدەگات کە "دادپەروەری لە ڕێگەی ژمارەوە" تەنها دەبێتە هۆی ئەوەی جیهان ببێتە گۆڕستانێکی بیرکاریانە. خوێن بە خوێن پاک نابێتەوە.
دەیەم: تەڵەی ئۆزیماندیاس (Watchmen)؛ ئاشتی لەسەر بنەمای درۆ
ئۆزیماندیاس، زیرەکترین مرۆڤی جیهان لە (Watchmen)، هەمان لۆجیک بەکاردەهێنێت بەڵام لە ئاستێکی گەردوونیدا.
جەنگی ئەتۆمی لە نێوان ئەمریکا و ڕوسیا نزیکبۆتەوە. ئۆزیماندیاس دەزانێت ملیارەها کەس دەمرن.
چارەسەرەکەی چییە؟
ئەو خۆی هێرش دەکاتە سەر نیویۆرک (بە دروستکردنی دێوەزمەیەکی وەهمی یان تەقینەوەیەک)، ملیۆنێک کەس دەکوژێت. بەمە هەموو وڵاتانی جیهان یەک دەگرن دژی "دوژمنە دەرەکییە وەهمییەکە".
ئۆزیماندیاس ئاشتیی جیهانی بەدەست دەهێنێت، بەڵام لەسەر چی؟ لەسەر بنەمای "درۆ" و "کوشتنی بێتاوان".
لێرەدا پرسیارە ئەخلاقییە گەورەکە دێتە پێش: ئایا مرۆڤایەتی شایستەی ئەوەیە لەسەر بنەمای درۆ بژی؟
رۆرشاخ (کە پاڵەوانێکی کانتی Kantian و بنەماخوازە) دەڵێت: "هەرگیز سازش لەسەر ڕاستی ناکەم، تەنانەت لەبەردەم قیامەتیشدا." بەڵام ئۆزیماندیاس (سوودگەرا) دەڵێت: "ڕاستی گرنگ نییە، ژیان گرنگە."
یازدەیەم: پارێزەری سیستەم (Systemic Guardian)؛ خوێندنەوەی ژیژەک بۆ باتمان
سلاڤۆی ژیژەک، فەیلەسوفی مۆدێرن، خوێندنەوەیەکی وردی بۆ کۆتایی فیلمی (The Dark Knight) هەیە.
جۆکەر دەیویست بیسەلمێنێت کە "هەموو کەسێک دەکرێت گەندەڵ بێت"، و توانی (هارڤی دێنت - پاڵەوانی سپی) بکاتە خراپەکار.
باتمان چی کرد؟
باتمان نەیهێشت خەڵک ڕاستییەکە بزانن. ئەو تاوانەکانی هارڤی دێنتی خستە ئەستۆی خۆی. ئەو قبوڵی کرد کە ببێتە خراپەکار لە چاوی خەڵکدا، تەنها بۆ ئەوەی "باوەڕی خەڵک بە سیستەم و یاسا" نەڕوخێت.
١. قوربانیدانی سیمبۆلی:
باتمان لێرەدا لە کیریتسوگۆ گەورەترە. کیریتسوگۆ جەستەی خەڵک دەکوژێت، بەڵام بەتمان "ناوبانگی خۆی" دەکوژێت.
ئەمە جۆرێکە لە "شەهادەتی مۆدێرن". پاڵەوان ئەو کەسە نییە کە چەپڵەی بۆ لێ دەدرێت، بەڵکو ئەو کەسەیە کە ئامادەیە نەفرەتی لێ بکرێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگا پارێزراو بێت. وەک ژیژەک دەڵێت: "ئەو درۆیەکی پێویستە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین شەوان بە ئارامی بخەوین."
دوازدەیەم: لیلۆش لامپێروژ (Code Geass)؛ ستراتیژیی قوربانیی پیرۆز (Scapegoat)
ئەم بەشە گۆڕانکاریی پاڵەوانە بۆ "دژە-پاڵەوان کە دواجار دەبێتەوە بە قوربانی.
لیلۆش، دوای ئەوەی دەبێتە دیکتاتۆری جیهان، پلانەکەی (Zero Requiem) جێبەجێ دەکات.
پلانەکە چییە؟
"من دەبمە دوژمنی هەموو جیهان. هەموو ڕق و کینەکان لەسەر خۆم کۆ دەکەمەوە. دواتر، لەبەردەم کامێراکانی جیهاندا، دەهێڵم (پاڵەوانی دادپەروەری - زیرۆ) بمکوژێت."
١. میکانیزمی کەوێش (The Scapegoat Mechanism):
ئەمە تیۆرییەکی ئەنسرۆپۆلۆجیی (رێنێ ژیرارد)ـە. کۆمەڵگاکان هەمیشە پێویستیان بە "قوربانییەک" هەیە بۆ ئەوەی ئاشتی لە نێوان خۆیاندا دروست بکەن. کاتێک هەمووان پێکەوە بەردبارانی یەک کەس دەکەن، یەک دەگرن.
لیلۆش زانی کە مرۆڤایەتی یەک ناگرێت مەگەر دوژمنێکی هاوبەشی هەبێت. بۆیە ئەو ڕۆڵی شەیتانی بینی تا جیهان یەکبخات، و بە خوێنی خۆی مۆری کۆتایی لەو یەکگرتنە دا.
ئەمە بەرزترین ئاستی "بیرکاریی مردن"ـە. کوشتنی "من" بۆ ژیانی "هەمووان". بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە: لیلۆش خۆی کوشت، نەک خەڵکی تر (بە پێچەوانەی ئێرێن یێگەر).
سەردەمی تاریک (Kali Yuga)
ئەگەر هێگڵ وتی "دەوڵەت پاڵەوانی کوشت" و بە دەستکەوتێکی زانی، ئەوا (جولیۆس ئیڤۆلا) و (ڕێنێ گێنۆن) دێن و دەڵێن: "نەخێر، کوشتنی پاڵەوان سەرەتای کۆتایی مرۆڤایەتی بوو."
ئەوەی ئەمڕۆ لە میدیا و فەلسەفەدا دەیبینین - تێکەڵکردنی پاڵەوان و خراپەکار، پاساوهێنانەوە بۆ تاوان بەناوی بارودۆخ - هەمووی نیشانەی نەخۆشییەکی کوشندەیە کە گێنۆن ناوی دەنێت (سەردەمی چەندایەتی - The Reign of Quantity).
حەڤدەیەم: ئیڤۆلا و دیموکراسیی ڕۆح؛ بۆچی پاڵەوان دەمرێت؟
جولیۆس ئیڤۆلا، لە کتێبی (یاخیبوون دژی جیهانی مۆدێرن)، هێرشێکی توند دەکاتە سەر ئەو عەقڵیەتەی کە دەڵێت "هەموومان وەک یەکین".
١. ڕەتکردنەوەی "مرۆڤی بچووک":
ئیڤۆلا دەڵێت: پاڵەوان (Hero) جۆرێکی جیاوازە لە مرۆڤ. پاڵەوان خاوەنی "ویر" (Vir)ـە، واتە پیاوەتیی ڕۆحی. ئەو لە سەرووی غەریزە و بارودۆخەوەیە.
کاتێک ئەنیمێیەک یان فیلمێک دێت و دەڵێت "خراپەکارەکەش هەر مرۆڤە و ئازاری هەبووە"، ئەمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی پاڵەوانەکە بێنێتە خوارەوە بۆ ئاستی خەڵکی ئاسایی (The Masses).
مۆدێرنیتە ڕقی لە مەزنییە (Greatness). ناتوانێت بەرگەی ئەوە بگرێت کەسێک لە سەرووی ئەوانی ترەوە بێت، بۆیە هەوڵ دەدات "خاڵێکی لاواز" یان "گرێیەکی دەروونی" بۆ هەموو پاڵەوانێک دروست بکات تا بیخات.
ئەمە پرۆسەی بە-دەروونیکردنی ڕۆحـە. واتە: گۆڕینی پاڵەوان لە سیمبوڵێکی ئاسمانیـیەوە بۆ نەخۆشێکی دەروونی.
٢. سوارچاکی وێرانەکان:
لای ئیڤۆلا، پاڵەوانی ڕاستەقینە ئەو کەسە نییە کە جیهان ڕزگار دەکات (وەک سوپەرمان)، چونکە جیهانی مۆدێرن شایستەی ڕزگارکردن نییە.
پاڵەوان ئەو کەسەیە کە لەناو وێرانەکاندا بە پێوە دەمێنێتەوە. ئەو کەسەیە کە (سوارچاکی پڵنگەکە) دەکات؛ واتە جڵەوی هێزە وێرانکەرەکانی مۆدێرنیتە دەگرێت بەبێ ئەوەی لێیان ببێتەوە.
ئەو پاڵەوانانەی ئەمڕۆ (وەک ئێرێن یێگەر) کە دەبنە بەشێک لە وێرانکارییەکە، لای ئیڤۆلا "پاڵەوان" نین، بەڵکو "قوربانیی هێزە تاریکەکانن". ئەوان نەیانتوانی پڵنگەکە سوار ببن، پڵنگەکە خواردیانی.
هەژدەیەم: ڕێنێ گێنۆن و هەڵگەڕانەوەی هێماکان (The Inversion of Symbols)
ڕێنێ گێنۆن پەنجە دەخاتە سەر مەترسیدارترین دیاردە: (پێچەوانەکردنەوەی پیرۆزی).
١. شەیتان وەک پاڵەوان:
گێنۆن دەڵێت: لە کۆتایی زەماندا، بەتاڵ (Falsehood) لە بەرگی حەقدا دەردەکەوێت.
سەیری چیرۆکەکانی ئەمڕۆ بکەن (وەک Lucifer یان Joker یان Code Geass). یاخیبوون، کائۆس، تێکدانی سیستەم، هەمووی وەک "ئازادی" و "بوێری" وێنا دەکرێت.
لە بەرامبەردا، نیزام، گوێڕایەڵی بۆ حەق، و پاراستنی نەریت، وەک "کۆیلایەتی" و "دواکەوتوویی" نیشان دەدرێت.
ئەمە (Inversion)ـە. خراپەکار دەکرێتە قوربانی، و پاڵەوان دەکرێتە گەمژەیەکی ساویلکە.
ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت "ناروتۆ و ئۆبیتۆ یەکن"، بەشێکە لەم پلانە. ئامانج لێی ئەوەیە بڵێت: "هیچ حەقێکی ڕەها نییە، هەمووی ڕێژەییە." کاتێک حەقی ڕەها نەما، مرۆڤ دەکەوێتە ناو (چەندایەتیـیەوە؛ واتە تەنها ماددە و ژمارەکان بڕیار دەدەن.
٢. داخستنی ئاسمان (Solidification of the World):
گێنۆن دەڵێت: جیهانی مۆدێرن "کونی ئاسمان"ی گرتووە. پەیوەندیی ستوونی (Vertical) لەگەڵ خودا پچڕاوە، تەنها پەیوەندیی ئاسۆیی (Horizontal) ماوەتەوە لەگەڵ ماددە.
پاڵەوانەکانی ئەمڕۆ (وەک ئێرێن یان لایت) هەموویان لەناو "زیندانی مێژوو"دان. ئەوان دەیانەوێت کێشەکان لە ڕێگەی سیاسەت و کوشتنەوە چارەسەر بکەن.
گێنۆن پێمان دەڵێت: ئەمە مەحاڵە. تۆ ناتوانیت بە ماددە کێشەی ماددە چارەسەر بکەیت. تاکە ڕێگە بۆ پاڵەوانێتیی ڕاستەقینە، شکاندنی سەقفی زیندانەکەیە، واتە گەڕانەوە بۆ (میتافیزیک) و (تێپەڕاندنی ئیگۆ).
نۆزدەیەم: عەقڵییەتی "شودرا" (Sudra)؛ کاتێک کۆیلەکان دەبنە فەیلەسوف
لە نەریتی هیندۆسیدا، کە گێنۆن و ئیڤۆلا پشتی پێ دەبەستن، مرۆڤەکان پلەبەندییان هەیە. (شودرا) نزمترین پلەیە کە تەنها بیر لە "سک و غەریزە و ماددە" دەکاتەوە.
فەلسەفەی مۆدێرن، و ئەو میدیایەی باسمان کرد، نوێنەرایەتیی (شۆڕشی شودرا) دەکەن.
١. پاساوی ماددی بۆ هەموو شتێک:
کاتێک دەوترێت "فڵان کەس بوو بە تاوانبار چونکە هەژار بوو" یان "چونکە ڕۆژێکی ناخۆشی هەبوو"، ئەمە لۆجیکی شودرایە. ئەمە واتە: (ماددە حوکم بەسەر ڕۆحدا دەکات).
پاڵەوانی ڕاستەقینە (Kshatriya - جەنگاوەر) ئەو کەسەیە کە دەڵێت: "تەنانەت ئەگەر هەموو جیهانیش دژم بێت، من شەرەفی خۆم دەپارێزم."
ناروتۆ (لە ساتی باشیدا) نوێنەری ئەم ڕۆحە جەنگاوەرەیە، بەڵام کاتێک میدیا دێت و دەڵێت "ئەو تەنها شانسی هەبووە"، دەیەوێت ئەم ڕۆحە بەرزە بکێشێتە خوارەوە بۆ ناو قوڕی ماددەگەری.
بیستەم: دەرەنجامی کۆتایی؛ ڕزگاربوون لە وەهمی هێگڵ
گەشتەکەمان لە هێگڵەوە دەستی پێکرد و لای گێنۆن کۆتایی دێت.
هێگڵ ڕاستی کرد کاتێک وتی: "دەوڵەت پاڵەوانی کوشت."
بەڵی، دەوڵەتی مۆدێرن، میدیای مۆدێرن، و سیستەمی پەروەردەی مۆدێرن، هەموویان دیزاین کراون بۆ ئەوەی (مرۆڤی بچووک) دروست بکەن. مرۆڤێک کە باوەڕی بە هیچ حەقیقەتێک نەبێت، هەموو تاوانێک بە بارودۆخ پاساو بدات، و تەنها خەمی ئاسایش و نانی بێت.
ژێدەر : چەمکی ئوروبرۆس | مارێک کە کلکی خۆی دەخوات
لە کۆنترین سیمبولە میتافیزیکییەکانی مێژوودا، (ئورۆبۆرۆس - Ouroboros) وەک هێمایەک بۆ کاتی بازنەیی و خولی بێکۆتایی ناسراوە. ئەژدیهایەک یان مارێک کە کلکی خۆی دەخوات. بۆ عەقڵی مۆدێرن، ئەمە ڕەنگە تەنها وێنەیەکی جوان بێت بۆ نەمری، بەڵام لە حەقیقەتدا، ئورۆبۆرۆس گوزارشتە لە تراژیدیایەکی بوونگەرایی ترسناک: تراژیدیای دووبارەبوونەوەی بێ ئەنجام.
ئێمە دەتوانین لەو دیدگا پووچەی پاڵەوان دەربچین لە سینمای میدیایی لە ڕێگەی کارەکتەری (فوجیل ئارکادیا)ـەوە، کە هەڵگری هێزی ئورۆبۆرۆسە، دەچینە ناو جەوهەری ئەم چەمکە. فوجیل تەنها دژە-پاڵەوانێک نییە، بەڵکو بەرجەستەبوونی ئەو مرۆڤەیە کە لەناو "زیندانی مێژوو"دا گیرۆدە بووە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی کاتەوە کێشەی کات چارەسەر بکات، کە ئەمەش مەحاڵە.
یەکەم: سروشتی کات ئاشی خوداوەندەکان
بۆ ئەوەی لە ئورۆبۆرۆس تێبگەین، دەبێت سەرەتا لە "کات" (Time) تێبگەین.
فوجیل ئارکادیا تەمەنی هەزار ساڵە. ئەو نەمرە (Immortal). بەڵام ئایا نەمری مانای ئازادییە؟ نەخێر.
لە دەقە پیرۆزەکانی (مەهابهاراتا)دا هاتووە: "کات هەموو شتێک دروست دەکات و کات هەموو شتێک دەکوژێت. کات بەسەر هەموو شتێکدا زاڵە."
ئەوەی لەناو کاتدا دەژی، مەحکومە بە یاسای (فساد - Corruption). هەموو شارستانیەتێک کە دروست دەبێت، دەڕوخێت. هەموو چاکەیەک کە دەچەسپێت، دواتر گەندەڵ دەبێت.
فوجیل خاوەنی "ئورۆبۆرۆس"ـە، کە توانای هەیە "جیهان ڕیسێت بکاتەوە" (Reset). ئەو هەزار ساڵە هەوڵ دەدات مرۆڤایەتی ڕزگار بکات. دەسەڵات دەداتە کەسانی باش، سیستەم دادەنێت، بەڵام هەموو جارێک سروشتی مرۆڤ (Human Nature) کە پڕە لە تەماع و خراپە، هەموو شتێک تێک دەداتەوە.
لێرەدا ئورۆبۆرۆس دەبێتە زیندان. "دووبارەکردنەوەی هەمان شت بە هیوای ئەنجامێکی جیاواز." ئەمە پێناسەی شێتی نییە، ئەمە پێناسەی "کاتی بازنەیی"ـە (Cyclical Time).
دووەم: کوێریی ئورۆبۆرۆس (The Blindness)
"ئورۆبۆرۆس هەتاهەتایە کلکی خۆی دەخوات کاتێک بەسەر هەموو شتێکدا دەڕوات، بەڵام تەنها یەک شت هەیە ئورۆبۆرۆس نایبینێت: ئەویش دەموچاوی خۆیەتی."
ئەمە وێنەیەکی میتافیزیکیی زۆر وردە.
کلکەکە: بریتییە لە "دەرەنجامەکان"، "داهاتوو"، "مێژوو". فوجیل (و مرۆڤی مۆدێرن) هەمیشە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن لە داهاتوودا.
دەڵێن: "ئەگەر ئەم سیستەمە بگۆڕین، ئەگەر ئەمە بکەین، مرۆڤایەتی چاک دەبێت." ئەوان بەدوای کلکی خۆیاندا ڕادەکەن.
* دەموچاوەکە: بریتییە لە "حەقیقەتی خود"، "ئەسڵ"، "ئێستا". ئورۆبۆرۆس کوێرە چونکە تەنها سەیری دەرەوە (مێژوو) دەکات و سەیری ناوەوە (ڕۆح) ناکات.
فوجیل دەیەوێت "مرۆڤایەتی" (کە چەمکێکی ئەبستراکت و کۆمەڵە) ڕزگار بکات لە ڕێگەی دەستکاریکردنی کات. بەڵام ئەمە هەوڵێکی بێهوودەیە، چونکە ڕزگاری لەناو کاتدا بوونی نییە. کات خۆی کێشەکەیە، چۆن دەبێتە چارەسەر؟
سێیەم: لە دەرەوەی کات؛ ئێستای ئەبەدی (Nunc Stans)
چۆن لەم بازنە داخراوە ڕزگارمان دەبێت؟ وەڵامەکە لە چەمکی (Nunc Stans)ـدایە، واتە "ئێستای وەستاو/ئەبەدی".
جیاوازی هەیە لە نێوان:
١. نەمریی کاتی (Endless Duration): وەک ئەوەی فوجیل هەیەتی. تەنها درێژبوونەوەی کاتە بۆ هەزاران ساڵ. ئەمە دۆزەخە.
٢. ئەبەدییەت (Eternity): ئەمە دەرچوونە لە کات. ئەمە ژیانە لە "ئێستا"دا.
"بۆ پەروەردگار، ڕۆژێک وەک هەزار ساڵە و هەزار ساڵ وەک ڕۆژێکە."
فوجیل کاتێک ڕزگار دەبێت کە تێدەگات ئەو هەزار ساڵە تەنها "یەک ڕۆژ" بووە. ئەو ساتەی کە "ئارشالیا" (خۆشەویستەکەی) دەبینێت، ساتێکە لە دەرەوەی کات.
پاڵەوانی ڕاستەقینە ئەو کەسە نییە کە هەوڵ دەدات مێژوو بگۆڕێت، بەڵکو ئەو کەسەیە کە دەتوانێت لە ساتێکدا بگاتە حەقیقەتی ئەبەدی. ڕزگاری "ئاسۆیی" نییە (لە ڕابردووەوە بۆ داهاتوو)، بەڵکو "شاوڵی/عمودی"ـیە (لە زەوییەوە بۆ ئاسمان، لە کاتەوە بۆ ئەبەدییەت).
چوارەم: هێلکەکەی کۆڵۆمبۆس؛ گۆڕینی پرسیارەکە
لە کۆتایی جەنگەکەدا، کاتێک (لوکس ئارکادیا) ڕووبەڕووی فوجیل دەبێتەوە، چارەسەرەکە زۆر سادەیە، هێندە سادەیە کە وەک "هێلکەکەی کۆڵۆمبۆس" وایە (شتێکی ئەستەم کە کاتێک دەکرێت زۆر ئاسان دیارە).
لوکس پێی دەڵێت: "ماڵئاوا فوجیل. پاڵەوانی من."
لێرەدا ئورۆبۆرۆس "دەموچاوی خۆی دەبینێت".
فوجیل هەموو تەمەنی بەفیڕۆ دا بۆ ئەوەی "هەموو جیهان" ڕزگار بکات و شکستی هێنا. بەڵام کاتێک توانی "یەک تاک" (لوکس) ڕزگار بکات و ئەو کەسە دانی پێدا نا وەک پاڵەوان، ئەوکات بازنەکە شکا.
فەلسەفەکە ئەمەیە:
ڕزگارکردنی یەک ڕۆح لە ڕێگەی خۆشەویستی و قوربانیدانەوە، مەزنتر و باڵاترە لە هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگایەکی بێشومار لە ڕێگەی سیستەم و کاتەوە.
خۆشەویستی تاکە هێزە کە لە دەرەوەی یاساکانی ئورۆبۆرۆس و کاتە. خۆشەویستی "هۆکار و دەرەنجام" تێک دەشکێنێت.
پاڵەوانی لاوازەکان
ناونیشانی ڕەسەنی چیرۆکەکە بریتییە لە (The Weakest Undefeated Bahamut).
پاڵەوان ئەو کەسە نییە کە بەسەر کاتدا زاڵ دەبێت (ئەمە مەحاڵە)، بەڵکو ئەو کەسەیە کە دەبێتە "هاوپەیمانی لاوازەکان".
فوجیل کاتێک بوو بە پاڵەوان کە وازی لە ڕۆڵی "خودا" هێنا (کە دەیویست مێژوو کۆنتڕۆڵ بکات) و گەڕایەوە بۆ ڕۆڵی "برا" (کە لوکسی پاراست).
ئەمە وانەیەکی میتافیزیکییە: ئێمە ناتوانین سروشتی مرۆڤ (Human Nature) لە ڕێگەی سیاسەت و کاتەوە بگۆڕین، چونکە سروشتی مرۆڤ فەسادی تێدایە. بەڵام دەتوانین لە ڕێگەی "پەیوەندیی ڕۆحی" و "دانپێدانان"ـەوە، لەناو ئەو فەسادەدا، نەمریی ڕاستەقینە بدۆزینەوە.
لێرەدا، تەنانەت ئورۆبۆرۆسیش کۆتایی بە برسێتییە ئەبەدییەکەی دەهێنێت و چاوی دەکرێتەوە.
کۆتایی : چۆن ڕزگارمان دەبێت؟
١. وازهێنان لە رزگارکردنی جیهان:
وەک ئیڤۆلا دەڵێت، جیهان بەرەو خوارەوە دەڕوات و ئەمە سوننەتی گەردوونە. هەوڵدان بۆ دروستکردنی بەهەشت لەسەر زەوی (وەک لایت و ئێرێن کردیان) هەمیشە دەبێتە دۆزەخ.
٢. بنیاتنانی پاڵەوانی ناوەکی:
جەنگە گەورەکە لە دەرەوە نییە، لە ناوەوەیە. پاڵەوان ئەو کەسەیە کە ڕەتی دەکاتەوە ببێتە قوربانیی بارودۆخ. ئەو کەسەیە کە ڕاستی دەڵێت تەنانەت ئەگەر هەموو جیهان درۆ بکات.
٣. جیاکردنەوەی ڕەها:
دەبێت بە توندی ڕەتی بکەینەوە کە خێر و شەڕ یەکن. دەبێت ئەو سنوورە بپارێزین. خراپەکار هەرگیز وەک پاڵەوان نییە، چونکە پاڵەوان خاوەنی (ئیرادەی زاڵبوونە بەسەر نەفسدا)، بەڵام خراپەکار (کۆیلەی نەفسە).
پاڵەوان نەمردووە، بەڵکو "شاردراوەتەوە". لە سەردەمی تاریکدا، پاڵەوانەکان چیتر پەیکەریان بۆ دروست ناکرێت. ئەوان وەک (پیاوە نەناسراوەکان) دەژین، ئەوانەی کە بە بێدەنگی "ئاگرەکە" دەپارێزن تا ڕۆژێک دێت سەرلەنوێ گڕ دەگرێتەوە.
هەموو ئەو ژاوەژاوەی میدیا، تەنها بۆ ئەوەیە تۆ ئەو ئاگرە پیرۆزەی ناخت لەبیر بکەیت و باوەڕ بکەیت کە تۆش تەنها "خراپەکارێکی بەستەزمانیت".
تەحەداکە ئەوەیە: ئایا باوەڕ بە درۆکەیان دەکەیت، یان ڕێگایەکی تر هەڵدەبژێریت؟