وەهمی "بێلایەنی": ئایا فەلسەفەی ئیسلامی کۆیلەی دەقە؟ (شیکردنەوەیەک لەسەر جدەلیەتی بێلایەنی و پابەندبوون لە فەلسەفەی ئیسلامیدا)
لە بازاڕی ڕۆشنبیریی هاوچەرخدا، کە زۆرجار کاڵای پووچ بە نرخی بەرز دەفرۆشرێتەوە، یەکێک لە باوترین تۆمەتەکان کە ئاراستەی میراتی عەقڵی و فەلسەفیی ئیسلام دەکەن، بریتییە لە تۆمەتی "نەبوونی بێلایەنی" (Lack of Neutrality).
دەڵێن: "فەیلەسوفی موسڵمان ئازاد نییە، چونکە باڵندەیەکە تەنها لە قەفەزی قورئاندا دەفڕێت، ئەو پێش ئەوەی بیربکاتەوە، باوەڕی هێناوە، بۆیە فەلسەفەکەی تەنها پاساوە بۆ عەقیدەکەی."
ئەم قسەیە، کە لە ڕواڵەتدا بەرگرییە لە "ئازادیی عەقڵ"، لە ناوەڕۆکدا گەورەترین خیانەتە بە خودی عەقڵ.
یەکەم: ئەفسانەی عەقڵی ڕووت
سەرەتا دەبێت لەو وەهمە ڕزگارمان بێت کە پێی وایە مرۆڤ دەتوانێت لە "بۆشایی"ـدا بیربکاتەوە. ئایا عەقڵی "بێلایەن" بوونی هەیە؟ ئایا مرۆڤ دەتوانێت وەک فریشتەیەکی خەیاڵی بێت، لە دەرەوەی کات و شوێن و مێژوو دانیشێت و حوکم بدات؟
نەخێر.
عەقڵی مرۆڤ، وەک ئاوێنەیەک وایە، ئەگەر ڕووی نەکەیتە ئاسمان (وەحی)، ناچارە ڕووی بکاتە زەوی (ماددە و ئیگۆ). عەقڵ ناتوانێت بێ ڕووگە بێت.
سەیری مێژووی فەلسەفەی مرۆڤایەتی بکەن:
ئایا مارکسیزم فەلسەفەیەکی بێلایەنە؟ یان بریتییە لە "هاوارێکی توڕەی" کرێکارێک لە دژی ستەمی سەرمایەداری؟ مارکس دیلی هەلومەرجی ئابووریی سەدەی نۆزدە بوو، و فەلسەفەکەی کاردانەوەیەک بوو بۆ "بەرژەوەندیی ماددی".
ئایا فەلسەفەی نیتچە، ئەو "پەیامبەرەی" کوشتنی خودا، لە بۆشاییەوە هات؟ یان بریتی بوو لە هەڵچوونێکی دەروونیی کەسێک کە لە "ڕەوشتی کۆیلایەتی"ی مەسیحییەت بێزار بوو و دەیویست بە "ویستی دەسەڵات" (Will to Power) گرێ دەروونییەکانی خۆی بکاتەوە؟
تەنانەت دیکارت و کانت و سارتەر، هەموویان ڕۆڵەی ژینگەی خۆیان و دیلی ئەو "پێش-گریمانانە" (Presuppositions) بوون کە کەلتوورەکەیان پێی بەخشیبوون.
کەواتە جیاوازییەکە لە «هەبوون یان نەبوونی سەرچاوە» نییە، بەڵکو جیاوازییەکە لە جۆری سەرچاوەکەیە.
فەیلەسوفی مۆدێرن دەڵێت: «من سەرچاوەکەم خودی خۆمە، یان مێژووە، یان ماددەیە.»
فەیلەسوفی ئیسلامی (وەک ئیبن سینا) دەڵێت: «من سەرچاوەکەم نووری ئیلاهییە.»
ئایا ئەوەی دەبێتە کۆیلەی ماددە ئازادە، بەڵام ئەوەی دەبێتە بەندەی نووری ڕەها کۆیلەیە؟! ئەمە لۆجیکی سەربەرەوخواری زەمەنی مۆدێرنە.
دووەم: عەقڵ وەک چرایەک، وەحی وەک ڕۆژێک
لێرەدا دەبێت لە پێناسەی وشکی عەقڵ دەربچین و بچینە ناو تێگەیشتنی.
لە دنیابینیی ئیسلامیدا، عەقڵ تەنها ئامێرێکی حاسیبە نییە بۆ لێکدانەوەی قازانج و زیان. عەقڵ، بریتییە لە "جوهرێکی نورانی (Luminous Substance)، بریتییە لەو "بەشە ئیلاهییەی کە خوا فووی کردووە بە ناخی ئادەمدا.
پەیوەندیی نێوان عەقڵ و وەحی، پەیوەندیی نێوان کۆیلە و ئاغا نییە، بەڵکو پەیوەندیی نێوان چاو و ڕووناکییە.
چاو (عەقڵ) هەرچەندە تیژبین بێت، ئەگەر لە ژوورێکی تاریکدا بێت، هیچی پێ نابینرێت. پێویستی بە تیشکێکی دەرەکییە (وەحی/قورئان) تاوەکو تواناکانی خۆی بخاتە گەڕ.
فەیلەسوفی ئیسلامی ئەو کەسەیە کە تێگەیشتووە چاوی عەقڵ بەبێ خۆری وەحی کوێرە.
کاتێک فارابی یان ئیبن عەرەبی لە قورئانەوە دەست پێ دەکەن، ئەوان کۆیلەی دەق نین، بەڵکو ئەوان چاویان خستۆتە بەر ڕووناکی تاوەکو حەقیقەتی بوون وەک خۆی ببینن.
ئەو فەلسەفانەی کە شانازی بەوەوە دەکەن لە دەرەوەی ئایینن، وەک ئەو کەسە وان کە شانازی دەکەن لە تاریکیدا دانیشتوون و تەنها بە دەست لێدان (تەحەسوس) دەیانەوێت شێوەی فیلەکە بناسن! ئەنجامەکەی چی دەبێت؟ دەکەونە ناو ڕێژەگەرایی (Relativism) و پووچگەرایی (Nihilism). بەڵام فەیلەسوفی ئیسلامی، کە لە ڕووناکییەوە دەڕوانێت، وێنە گەورەکە دەبینێت.
سێیەم: بورهان.. ناسنامەی فەلسەفە
با دوای زانینی ئەمانە، بگەڕێینەوە سەر بابەتێکی وردتر.
ئایا فەلسەفەی ئیسلامی تەنها دووبارەکردنەوەی ئایەتەکانە؟ نەخێر.
خاڵی جەوهەری لێرەدایە: مەرجی فەلسەفی بوونی بابەتێک ئەوە نییە کە دژایەتی ئایین بکات، بەڵکو ئەوەیە کە بتوانێت بەڵگەدار بێت و لەناو خۆیدا هاوتەبا بێت(consistency).
با نموونەیەک وەربگرین:
هەموو موسڵمانێک باوەڕی وایە خوا هەیە (ئەمە ئیمانە).
بەڵام کاتێک ئیبن سینا دێتە مەیدان، ناڵێت "خوا هەیە چونکە قورئان وای وتووە"، بەڵکو دێت بەڵگەی ئیمکان (Argument from Contingency) دادەڕێژێت.
ئەو بە بەکارهێنانی پێشەکیی مەنتێقی (مومکین و واجب، هۆکار و ئەنجام، نەهێشتنی تەسلوسول) دەگاتە ئەنجامێکی یەقینی.
ئەمە فەلسەفەیە. ئیبن سینا لێرەدا عەقڵی بەکار هێناوە بۆ سەلماندنی حەقیقەتێک کە وەحی پێشتر هەواڵەکەی پێ داوە.
لێرەدا دەگەینە یاسایەکی زێڕین:
گرنگ نییە فەلسەفە چەند بێلایەنە. بەڵکو گرنگە چەند بەڵگەکانی بەهێز و تۆکمەن.
فەلسەفەی ئیسلامی هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئەو حەقیقەتانەی کە لە ڕێگەی دڵ و وەحییەوە وەرگیراون، وەربگێڕدرێن بۆ زمانی عەقڵ و بەڵگە تاوەکو بۆ هەموو مرۆڤێک (تەنانەت ئەگەر ئیمانداریش نەبێت) قابیلی تێگەیشتن بن.
ئەو ڕەخنەگرەی دەڵێت "فەلسەفەی ئیسلامی ناتوانێت شتێک بڵێت پێچەوانەی قورئان بێت"، وەک ئەوە وایە بڵێیت "مامۆستای ماتماتیک ناتوانێت شتێک بڵێت پێچەوانەی ڕاستی بێت"!
بەڵێ، بێگومان نایڵێت. چونکە لای فەیلەسوفی ئیسلامی، قورئان "حەقیقەتی ڕەها"یە. عەقڵێک کە بگاتە ئەنجامێک پێچەوانەی حەقیقەتی ڕەها بێت، ئەوە عەقڵ نییە، ئەوە "وەهم"ـە.
ئامانجی فەلسەفەی ئیسلامی ئەوەیە: دروستکردنی سیستەمێکی عەقڵانی کە خاڵی بێت لە دژبەیەکی (Contradiction).
چوارەم: میوانداریی پیرۆز
لە کۆتاییدا، دەبێت تێبگەین کە مرۆڤ بوونەوەرێکی "هەڵواسراو" (Suspended) نییە. مرۆڤ هەمیشە لەژێر کاریگەرییەکدایە.
فەلسەفەی مۆدێرن لەژێر کاریگەریی ترس لە مەرگ، ڕق لە خودا، و پەرستنی چێژدایە. ئەم پاڵنەرانە مرۆڤ بەرەو "بێهوودەیی" (Absurdity) دەبەن.
بەڵام فەلسەفەی ئیسلامی لەژێر کاریگەریی شەوق بۆ ئەبەدیەت، خۆشەویستی بۆ کەماڵ، و تەسلیمبوون بۆ حەق دایە.
ئایا عەیبە نییە بۆ توێژەرێک کە کاریگەریی گرێ دەروونییەکانی نیتچە بە بەرزترین پلەی فەلسەفی بزانێت، بەڵام کاریگەریی نووری قورئان لەسەر فەخرەدینی ڕازی بە کۆیلایەتی بزانێت؟!
ئەمە تەنها دەمارگیریی سیکیولارە کە خۆی لە بەرگی زانستدا شاردۆتەوە.
فەلسەفەی ڕاستەقینە ئەوە نییە کە لە سفرەوە دەست پێ بکات (چونکە سفری ڕەها بوونی نییە)، بەڵکو ئەوەیە کە بتوانێت بینایەکی موحکەم لەسەر بناغەیەکی پتەو دروست بکات.
فەیلەسوفی ئیسلامی بناغەکەی وەحیە و بیناکەی عەقڵـە. ئەمە بەرزترین ئاستی ژیریە.
ئەو کەسەی دەیەوێت بە عەقڵی خۆی، بەبێ ڕێنمایی ئاسمان، وەڵامی پرسیارە گەورەکانی (سەرەتا و کۆتایی) بداتەوە، وەک کەسێک وایە بیەوێت بە پەیژە بچێتە سەر مانگ. پەیژە (عەقڵ) بەسوودە بۆ سەرکەوتن بەسەر سەربان، بەڵام بۆ گەیشتن بە ئاسمان، پێویستت بە بوڕاقی وەحییە.
کەواتە: فەلسەفەی ئیسلامی "بێلایەن" نییە؟
بەڵی، بێلایەن نییە. چونکە لە شەڕی نێوان نوور و تاریکیدا، بێلایەن بوون واتە شەریک بوون لە تاریکیدا. فەلسەفەی ئیسلامی لایەنگری نوورە، و ئەمەش شانازییە نەک عەیبە.