تەوازوعە درۆینەکەی داروین : دیدگایەک بۆ بانگەشەی پەیوەندی نێوان تەوازوع و پەرەسەندن
زۆر جار گوێمان لە نوکتەیەکی تاڵ دەبێت لەلایەن مۆدێرنەکان و پەیڕەوانی کوێری زانستی ماددییەوە، دەڵێن: "یەکێک لە ئیجابیاتەکانی تیۆری پەرەسەندن (Evolution) ئەوەیە کە مرۆڤ دێنێتە خوارەوە بۆ ئاستی سروشتی خۆی و فێری تەوازوعی دەکات، وای لێ دەکات ڕەحم و سۆزی بۆ ئاژەڵان هەبێت چونکە دەزانێت ئامۆزای یەکن و ڕەچەڵەکیان یەکە!"
ئەم قسەیە، ئەگەر نەڵێم گەمژانەترین قسەی سەدەی بیست و یەکە، ئەوا بێگومان یەکێکە لە مەترسیدارترین چەواشەکارییە مێژووییەکان. سوێند بەو خودایەی عەقڵی پێ بەخشین، هیچ تیۆرییەک لە مێژووی بەشەرییەتدا هێندەی تیۆری پەرەسەندن نەبووەتە هۆی ڕووخاندنی پایە ئەخلاقییەکان و ڕشتنی خوێنی مرۆڤ و ئاژەڵ بە ناوی "زانست"ـەوە.
با بە زمانی ژمارە و مێژوو و مەنتیق قسە بکەین، نەک بەو سۆزە کارتۆنییەی کە دەیانەوێت پێمان بفرۆشنەوە.
یەکەم: "مانەوە بۆ بەهێزترینە" و شەرعیەتدان بە تاوان
بنەمای سەرەکیی تیۆری پەرەسەندن چییە؟ بریتییە لە (Survival of the Fittest) و (Natural Selection). واتا سروشت بەردەوام لە ململانێدایە، و تەنها ئەوە دەمێنێتەوە کە بەهێزە و دەتوانێت ئەوانی دی لەناو ببات یان زاڵ بێت بەسەریاندا.
ئایا ئەمە وانەی "تەوازوع"ـە یان وانەی "فرعەونیەت"؟
کاتێک مرۆڤی سپی پێستی ئەوروپی لە سەدەی نۆزدە و بیستدا دەستی کرد بە داگیرکردنی ئەفریقا و ئەمریکاکان و ئاسیا، پاساوە ئەخلاقییەکەی چی بوو؟ ئایا ئاین بوو؟ نەخێر! پاساوەکەی "زانستی بایۆلۆجی" بوو. ئەوان دەیانگوت: "ئێمە لە پەیژەی پەرەسەندندا لە لووتکەین، و ئەم ڕەشپێست و سوورپێستانە لە قۆناغی نزمترن، نزیکن لە مەیموون."
بۆیە کوشتن و کۆیلەکردنیان نە دەبووە تاوان، و نە دەبووە ستەم، بەڵکو دەبووە "جێبەجێکردنی یاسای سروشت". هیتلەر و نازییەکان کاتێک ویستیان ڕەگەزی ئاری پاک بکەنەوە، پشتیان بە چی بەست؟ پشتیان بە "تەحسین النسل" (Eugenics) بەست کە کوڕی شەرعیی داروینیزم بوو. ئەگەر مرۆڤ تەنها ئاژەڵێکی پێشکەوتوو بێت، کەواتە بۆچی وەک ئاژەڵەکان "ڕەگەزی بێهێز" لەناو نەبەین تاوەکو ڕەگەزی بەهێز بمێنێتەوە؟
ئەمەیە ئەو "بەزەیی"ـەی باسی دەکەن؟! تیۆرییەک کە وای کرد مرۆڤ خۆی لە لووتکەی پەیژەیەک ببینێت کە هەموو بوونەوەرەکانی دی خزمەتکار و قوربانی بن بۆ مانەوەی ئەو.
دووەم: سەرمایەداریی وەحشی و تاڵانکردنی سروشت
ئەوان دەڵێن پەرەسەندن وامان لێ دەکات ڕێز لە سروشت بگرین! سەیرکەن چۆن ڕاستییەکان پێچەوانە دەکەنەوە.
ئایا بڕینەوەی دارستانەکان، وشککردنی دەریاچەکان، و ژەهراویکردنی هەوا لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە، دەرەنجامی چییە؟ دەرەنجامی ئەو باوەڕەیە کە "ژیان بریتییە لە ململانێ لەسەر سەرچاوەکان" (Struggle for Resources).
لە دیدگای ئاینیدا (بەتایبەت دیدگای ئیسلامی و کەلامی)، مرۆڤ "خەلیفە"یە، سروشت "ئەمانەت"ـە، و ئاژەڵەکان "ئوممەت"ـن وەک ئێمە و تەسبیحی خوا دەکەن. بۆیە دەستدرێژیکردن بۆ سەریان "تاوانە بەرامبەر خاوەنی گەردوون".
بەڵام لە دیدگای پەرەسەندندا، سروشت خاوەنی نییە، تەنها ماددەیەکی کوێرە. دارستان پیرۆز نییە، تەنها "دار"ـە بۆ فرۆشتن. ئاژەڵ ڕۆحی نییە، تەنها "پرۆتین"ـە بۆ خواردن یان بۆ تاقیکردنەوەی دەرمان.
کاتێک پیرۆزی (Sacredness) لە جیهان دەسەنیتەوە و دەیکەیت بە ماددەیەکی بێ ڕۆح کە بە ڕێکەوت دروست بووە، ئیتر چ مانایەک بۆ "ڕێزگرتن" دەمێنێتەوە؟ جەشع و تەماحی مرۆڤ پاساوی زانستی وەردەگرێت: من دەبێت دەست بەسەر زۆرترین سەرچاوەدا بگرم بۆ ئەوەی جینی خۆم بهێڵمەوە. ئەمەیە حەقیقەتی داروینیزمی ئابووری.
سێیەم: لەخۆباییبوون بەرامبەر مێژوو (Chronological Snobbery)
یەکێک لە مەترسیدارترین دەرەنجامەکانی ئەم تیۆرییە، کە بووەتە پەتا لە ناو گەنجی کورد و ڕۆشنبیرە کارتۆنییەکاندا، بریتییە لە "بە کەم زانینی ڕابردوو".
تیۆری پەرەسەندن پێمان دەڵێت: ئێمە بەردەوام بەرەو باشتر دەڕۆین. کەواتە: مرۆڤی ئەمڕۆ لە مرۆڤی دوێنێ "کامڵتر"ـە.
ئەمە وای کردووە خەڵکانێک پەیدا ببن کە بە لووت بەرزییەوە سەیری زانایانی پێشین (سەلەف) دەکەن. وای دەبینن کە ئایین، ئەخلاق، فەلسەفەی کۆن، و زانستە کەلامییەکان، هەمووی بەرهەمی "مرۆڤی سەرەتایی" (Primitive Man)ـن و شایەنی ئەوە نین لە سەدەی بیست و یەکدا باسیان بکەین.
ئەم غرورە زانستییە وای کردووە کە "صعالیک" (خوێڕی و بێ ڕەگ و ڕیشەکان)ـی ئەمڕۆ، ئەوانەی کە توانای تێگەیشتنیان نییە بۆ یەک ڕستەی ئیبن سینا یان فەخرەدینی ڕازی، خۆیان بە گەورەتر بزانن لەوان. بۆچی؟ تەنها لەبەر ئەوەی مۆبایلیان پێیە و ئەوان نەیانبووە!
ئەم تیۆرییە وای کردووە ڕابردوو وەک "تاریکی" و "نەزانی" ببینرێت، لەکاتێکدا حەقیقەت پێچەوانەکەیەتی. ئەو عەقڵانەی لە ڕابردوودا بوونیان هەبوو، ئەو بینا مەعریفی و ئەخلاقییەی دایانمەزراند، مرۆڤی مۆدێرن بە هەموو تەکنەلۆژیاکەیەوە ناتوانێت بەردێکی لێ دابنێت.
ئەم سووکایەتیکردنە بە عەقڵی پێشینان، بەرهەمی ئەو وەهمەیە کە دەڵێت "تازەتر واتە باشتر". ئەمە کوشتنی حیکمەتە. ئێمە وانەکانی مێژوو و ئاین ناکەینە مەنهەج بۆ ئەوەی گاڵتەیان پێ بکەین، بەڵکو دەیکەینە مەنهەج چونکە ئەوان "حەقیقەت"ـیان دۆزیوەتەوە کە ئێمە ونمان کردووە.
چوارەم: زیندانیکردنی مرۆڤ لە "ئێستا"دا
کارەساتەکە تەنها لە ڕابردوودا ناوەستێت، بەڵکو دەگوازرێتەوە بۆ خودی پێناسەی مرۆڤ.
تیۆری پەرەسەندن مرۆڤ لە "بوونیەکی ڕۆحی"ـیەوە کە دەڕوانێتە ئاسمان و بەدوای بەها باڵاکان (The Absolute Values)ـدا دەگەڕێت، دەگۆڕێت بۆ "ئاژەڵێکی زیرەک" کە تەنها خەمی ئەوەیەتی سک و ژێر سکی تێر بکات.
ئەگەر عەقڵی ئێمە تەنها ئامرازێک بێت بۆ مانەوە (وەک ئەوەی پێشتر باسمان کرد لە بەڵگەی EAAN)، کەواتە مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت بگاتە زانستە کوڵییەکان (Universal Knowledge). ناتوانێت باس لە حەق و باتڵی ڕەها بکات. تەنها دەبێت بەدوای ئەو "پارچە زانیارییانەدا" (Facts) بگەڕێت کە کێشە کاتییەکانی بۆ چارەسەر دەکات.
ئەمە وای کردووە زانست ببێتە "تەکنیک" نەک "مەعریفە". مرۆڤ بووە بە کۆیلەی حەزە کاتییەکانی و لەبیریکردووە کە ئەو خاوەنی ڕۆحێکە لە دەرەوەی کات و شوێن.
کۆتایی: ئاینی نوێی نەزانی
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە "تەطور" تەنها تیۆرییەکی بایۆلۆجی نییە، بەڵکو بووە بە "ئاینێکی سێکیولار". ئاینێک کە پێغەمبەرەکەی داروینە، کتێبە پیرۆزەکەی "سەروەریی ماددەیە"، و بەهەشتەکەی بریتییە لە تێرکردنی غەریزەکان.
سەیرە... زۆر سەیرە چۆن شتەکان پێچەوانە دەکرێنەوە. دەڵێن دین مرۆڤ کۆیلە دەکات، لەکاتێکدا دین مرۆڤ دەکاتە سەروەری مەخلوقات و بەرپرسیاری دەکات. بەڵام دێن تیۆرییەک دەکەنە خوایەک، کە مرۆڤ دەکاتە کۆیلەی جینەکان و سروشتێکی کوێر، ئینجا ناوی دەنێن "ئازادی و تەوازوع"!
ئەمە تەوازوع نییە، ئەمە "زەلیلی"ـیە.
تەوازوع ئەوەیە بزانیت تۆ بەندەی خودایەکی گەورەیت و هەموو بوونەوەرەکانی دی نیشانەی دەسەڵاتی ئەون. نەک ئەوەی بزانیت تۆ نەوەی بەکتریا و مەیموونیت و هیچ ئامانجێکت نییە جگە لەوەی نەمرێت تا وەچەیەک دەخەیتەوە.
هیچ نەماوە تەنها ئەوە نەبێت گوێمان لە "فەزائیل و کەڕامات"ی ئاینی تەطور بێت!