---

ببورە لە دوورگەکە نەبووم! | نامەیەکی نا-لۆجیکی بۆ هەوادارانی زانست.



پێشەکی:

لێرەو لەوێ... هەندێک جار... پارچەپارچەی وەڵامی ڕەخنەکانمان و هێرشەکانمان بۆ سەر زانست دەبینین. پێمان وانیە کەوا ئەوان پێیان وابێت، ئێمە لەو بابەتە بێ ئاگا بین کە باسی دەکەن. کەواتە ئەمە تەنها شەڕێکی جەماوەرییە. نیشاندانی مەوقیفی بەرامبەر بە نا-لۆجیکی یەکێکە لەو هەڵانەی کە پێیان وایە دەتوانن چارەسەری کێشە ئەخلاقییەکانی زاناکان (کە بریتین لە خودی زانستەکە). بۆیەش کێشەکە لێرەوە دەست پێدەکات. ئەمەی دەیخوێننەوە هەندێک تێبینییە لەسەر ئەوکەسانەی کە وەڵامی ئێمەیان داوەتەوە (ڕاستەوخۆ بێت یان نا) دەربارەی بەدڕەوشتی زانستخوازەکان. هەوڵ دەدەین داوای لێبوردنیان لێ بکەین، چونکە ئێمە خاوەنی دوورگەکەی ئێپستین نەبووین.

ئەم نوسینەمان دابەش دەبێت بۆسەر چەند خاڵێک کە بە وردی هەڵوەشاندنەوەی بانگەشە مۆدێرنەکان دەکەین بۆ بەرگریکردن لە زانا بەدڕەوشتەکان.

خاڵی یەکەم: بکەر و کردار ئایە جیا دەکرێنەوە.

وا باوە کە ئەگەر مەلەفە ئەخلاقییەکانی کەسێکت باسکرد، کەسانێک دەبن دەڵێن ئەمە پەیوەندی نییە بە بەهای قسەکانی کەسەکەوە. بێگومان ئەوە لای ئێمە پارچەپارچەکردنی واقیعە. ئەگەر ئێمە قبووڵی بکەین کە زانا دەکرێت بێئاکار بێت، ئەوا دەرگامان کردووەتەوە بۆ دروستکردنی دڕندەی زیرەک. ئەوەتا ئەمڕۆ دەبینین تەکنەلۆژیا و زانست لە لووتکەدان، بەڵام مرۆڤایەتی لە قەیرانی مانادایە. چونکە ئامرازەکان گەورە بوون، بەڵام ئامانجەکان ون بوون.

نمونەیەک باسکەین لە بەدڕەوشتی کار دەکاتە سەر سەیرکردنمان بۆ وتەکان و گۆڕانکاریان بریتییە لە (گەندەڵی) ! ئەگەر ئێمە بەتەواوەتی ڕەوشتی زانا پشگوێ بخەین، دەبێت زانای بەکرێگیراو لەلایەن کۆمپانیاکان و حیزبە سیاسییەکانیش پشگوێ بخەین. ڕاستیەکە ئەوەیە: زانا چەند بە ڕەوشت بێت ئەوەندە قیمەت بۆ زانستەکەی هەیە. چونکە کردار و بکەر جیاواز نین. ئەو بکەرەی کە لە ژێرەوە باسی فیزیا دەکات هەر هەمان بکەر و دەروونە کردەوەی ناپاکی ئەنجام دەدات.

خاڵی دووەم: کاریگەری بکەر لەسەر گێڕانەوە.

لە توراسی ئیسلام دا شتێک هەیە ڕەنگە تێگەشتن لێی قورس بێت، ئەویش مەسەلەی گێڕانەوەی کەسێکی "موبتەدیع"ـە. ئاڵۆزترین کار ئەوەیە گێڕانەوەکان لەو قاڵبەدا تێبگەین. بەڵام هۆکارەکەی ڕوونە: بکەر کاریگەری هەیە بەسەر کردار. بیدعەچیەتی و درۆزنی کەمێک لەڕووی فۆڕمەوە لەیەک نزیکن. کەواتە کەس گومانی لە ئەوە نییە کە بکەر کاریگەری لەسەر شێوازی گێڕانەوە هەیە. ئەمەش... کێشەیە.

خاڵی سێیەم: ئایە بە دەروونی پیسەوە لە حەقیقەت تێدەگەین؟

کۆنسێپتێکی سەیرە، بەڵام تێگەشتن لێی زۆر ئاسانە. وا دابنێ کە مرۆڤ و حەقیقەت پەنجەرەیەک لە نێوانیان هەیە. ئەو پەنجەرەیە نەفسیەتی. هەموومان دەزانین کەوا نەفس و ئارەزوو چۆن دەتوانێت حەقیقەت بۆخۆی بچەمێنێتەوە و ڤێرژنێکی حەقیقەتت پێ بدات کە خوار وخێچە. دەروونی مرۆڤیش هەمان کار دەکات. ئێمە پێویستمان بە بەڵگەیەکە کە قسەکانی کەسێک وەربگرین و بزانین کە پەنجەرە قوڕاویەکە کاری لە گێڕانەوەکانی نەکردووە. ئەگینا زۆر قورسە بتوانین جیاکاری لە نێوان بەشە زانستیەکە و بەشە لێڵەکە بکەین. لەوکاتەش دا فەزڵ بۆ ئێمە دەگەڕێتەوە نەک زاناکە. کردەوەکەش دەبێتە کردەوەی ئێمە.

خاڵی چوارەم: هەموومان گوناحبارین، ئەگەر بە گوناح بێت دەبێت کتێبخانەکان هەموو هەڵگرینەوە. 

بەڵێ... وایە... داوای لێبوردن دەکەم منیش دوورگەیەکم هەیە... ئەزیزم من گوناحبارم بەوەی دوێنێ جبزێکم خوارد فڕێم دایە سەر شەقامەکە. قەت لەگەڵ ئەوەیا نەبوومە هاوڕێیەتی کەسێک بکەم و پارەی لێ وەربگرم کە منداڵ ئەفرۆشێ و مناڵبازی دەکات. دەستدرێژی دەکاتە سەر کەسی بێ تاوان. وەڵا من وا پیس نیم و تۆش وا پیس نیت. یانی تۆ دەتەوێت باوەڕ بەوە بکەم، ئەوهەموو شوێن کەوتنەی هەواو ئارەزوو لەلایەن زاناکانەوە، هیچی کاریگەری نەبووە بەسەر گێڕانەوە زانستییەکان؟ مەحاڵە... هەر ئەو بیرکردنەوەیە زۆرێک لەو کەسانەی بێ باک کردووە لە خۆیان. ئەگەر ئێمە وەکو کۆمەڵگا بڕیارماندا چیتر بەدڕەوشت هیچی لێ وەرناگیرێت... بەدڕەوشتی سزایەکی تریشی دێتە سەر شان.

بەڵام من خەریکی مناڵکوشتن بم و تۆش بڵێی نانا، قسەکانت راستە. تیۆریەکەم لە مێژوودا بنوسیتەوە. زیاتر هانی خەڵک دەدەیت قسەی ڕاست بکەن و کاری ڕاست نەکەن. کۆمەڵگا بەرەو شیزۆفرینیایەکی مەعریفی و ئەخلاقی دەبەیت، کە دەڵێین: جا چییە بێ ئەخلاقین خۆ ڕاستمان وتووە! دەی ناومان لە مێژوو بنوسەوە.

 بەڵێ کەس ناتوانێت لە هەموو بابەتێک پێرفێکت بێت. بەڵام دارتاشێک کە دارتاشی بە جوانی ئەنجام نەدات، کەس نایەوێت. سەیری کارە دەستیەکان بکە. شتانێکی پیرفێکت. بێ هیچ خەوش و کەموکوڕیەک هەن! خۆ کاری مرۆڤێکن! ئەی بۆ پێرفێکتن؟ چونکە مرۆڤ دەتوانێت لە بواری خۆیدا پێرفێکت بێت.

کاتێک باس لە زانست دەکەین، یان حەقیقەت، یان ئاین، یان هەر باسێکی دیکە کە لە وجود دا سەر دەنێتەوە، پێویستە هەوڵ بۆ پێرفێکت بوون بدەین. کەی باسی دووگۆڵیت کرد و لە لایەکی ترەوە مناڵ باز بووی، ئەوکاتە دەڵێم دەی کابرا خەریکی دووگۆڵی بووە مەرج نییە بزانێت خراپە و باشە چییە. ئەوە باجی ئەوەیە کە دەتەوێت زانا بیت بە حەقیقەت.

بۆیە بەڵێ کەسانی بێ گوناح هەن. بەڵام زانای بێ گوناح نابێ هەبێت. دەنا زانا نییە.

ئەمە بەکورتی و زۆر لە پێشەکیە پێویستەکان باس نەکراون. تا نا-لۆجیکی دەربکەوێت.