ئەوە تۆ تەواویت؟! | تاودانگەری نیک لاند بەرامبەر عەقیدەی ئیسلامی
ئاگاداری:ئەم وتارە بە زمانێکی زۆر مەجازی نوسراوە و بۆ تێگەشتن لە ئیسلام و تاودانگەری بەکار ناهێندرێت. تەنها دوای خوێندنەوەیەکی قوڵ لە هەردوو لایەن نەبێت ئنجا تێدەگەن مەبەستەکە چییە. جگە لە مەجاز ئاسانکاری زۆر لە دەربڕین کراوە وەکو رەتکردنەوەی هۆکاریەتی و تێگەشتن لە خەلقی بەردەوام و هەبوونی سروشت و ڕاستی... هتد. بۆیە سەرم مەخۆن ئەگەر تێی نەگەشتن بەو شێوەیەی کە مەبەستە. بەو زمانە گشتگیرەی کە بۆ تێگەشتن ناشێت.
پێشەکی: دیدارێکی چاوەڕواننەکراو...
سەرەتاکانی ساڵی دوو هەزار و بیست و شەش پڕ بوون لە جەنجاڵی و ململانێی وا، کە ڕێگەی نەدەدا مرۆڤ لەسەر کاغەز پشوویەک بدات و بیرۆکەکانی کۆ بکاتەوە. بەڵام مێژووی ئەو هەموو نوسینە لەو ساتەوە دەستی پێکرد کە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بەڕێزێک، باسی پووچگەرایی کرا. لەوێدا پێم وت کە مرۆڤی مۆدێرن تووشی هەڵەیەکی گەورە بووە؛ ئەوان وا دەزانن حەقیقەتێکی ڕووتیان دۆزیوەتەوە. تەنها لەبەر ئەوەی لەو خودایە بێزار بوون کە مەسیحیەت نیشانی دابوون، خودایەک لەسەر گوناحەکانی مرۆڤ دەمرێت. جێی بەزەییە. ئەوان لەو "هیچی"ـیە دەترسن کە لە دوای مەرگی خودایەک دروست دەبێت کە وا بڕوایان بوو قوربانی بۆ داون. ئەم ترسە لە پووچی تەنها نیشانەی ئەوەیە کە ئەوان هێشتا وادەزانن مرۆڤ زۆر گرنگە. بەپێچەوانەی ئەو بیروباوەڕەی کە جەوهەری ئیسلامی بوونە (بۆ خوا نوێژ دەکەم و بۆ خوا ئەچەمێمەوە و بۆ خوا ئەمرم و بۆ خوا ئەژیم) کە لەهەموو نوێژێک مردنێکی مرۆڤە و پەیداکردنی سەروو مرۆییە.
لێرەوەیە کە نوسەرێ قەشمەر ناوی نیک لاند (یان لاندۆ چونکە حەزم لە سووکردنیەتی) دێتە ناو کایەکەوە؛ ئەو نوسەرەی کە پەردەی لەسەر ترسناکترین ڕووی مۆدێرنیتە لادا. لای هەندێک نیک لاند وەک "پێغەمبەرێکی" مۆدێرنی تاریک دەردەکەوێت. ئەو پێمان دەڵێت کە ئەوەی ئێمە ناوی دەنێین ژیریی مرۆیی تەنها درۆیەکی گەورەیە. لای لاندۆ واقیع تەنها ئامێرێکی بێکەسایەتی و ترسناکە کە هیچ باکی بە مرۆڤ و هەستەکانی نییە. لاندۆ دەڵێت کە تەکنەلۆژیا و سەرمایە وەک هۆشێکی بێگانە لە داهاتووەوە هاتوون تاوەکو مرۆڤ هەڵوەشێننەوە. وە بانگەشەی تاودانگەری (Accelerationism) دەکات؛ واتە دەبێت خێرایی و پشێویی سیستەمەکە ئەوەندە زیاد بکەین تاوەکو مرۆڤایەتی بە تەواوی بتوێتەوە و تەنها ماشینە ڕەقەکە بمێنێتەوە. لای ئەو هیچ مانایەکی ئەخلاقی و پیرۆزی بوونی نییە؛ تەنها ڤایرۆسێکی تەکنەلۆژی هەیە کە جیهان دەخوات.
بەڵام ئەوەی مێشکی سێکۆلارەکان دەتەقێنێت ئەوەیە کە لێرەدا ڕووبەڕووی لاندۆ نابینەوە بە فەلسەفەیەکی نەرم و مرۆڤدۆستانە، بەڵکو خودی عەقیدەی ئیسلامی دەهێنینە مەیدان. تێۆلۆژناسانی ئیسلامی نەک وەک کەسایەتییەکی ئایینیی کۆن، بەڵکو وەک ڕووخێنەرێکی یەکجار توند دەردەکەون. هەزار ساڵ پێش لاندۆ، ئەوان هەموو واقیعیان هەڵوەشاندەوە. ئەوان وتیان کە "سروشت" (بەمانا سیکۆلاریەکەی کە بریتیە لە ئامێرکی داتای ڕووت) بوونی نییە و یاساکانی فیزیک تەنها خوویەکن و هیچ هێزێکی ناوەکییان تێدا نییە. ئەوان هەموو پەیوەندییەکی هۆکار و ئەنجامیان پچڕاند تاوەکو بیسەلمێنن کە هیچ شتێک لە گەردوندا سەربەخۆ نییە.
لێرەدا خاڵی هاوبەشی هەردوو سیستەمەکە دەردەکەوێت: هەردووکیان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە "سروشت" تەنها وەهمێکی دروستکراوە و "مرۆڤگەرایی" لوتکەی کیبر و خۆبەزلزانینە. مرۆڤ لای هیچ کامیان سەنتەر و خودای واقیع نییە. بەڵام جیاوازییە گەورەکە لە جۆری تەسلیمبووندایە. لاندۆ (بەهۆی کەریەتی و سەرخۆشی خۆیەوە) بەرامبەر پشێوییەکە چۆک دادەدات و تەسلیمی ڤایرۆسەکە دەبێت؛ ئەو دەڵێت با پشێوی هەموو شتێک تێک بدات. بەڵام ئیسلامییەکە بەرامبەر "خولقێنەر" سوجدە دەبات. ئەو لە پشت پچڕانی هۆکارەکانەوە نەک ڤایرۆس و پشێوی، بەڵکو ئیرادەی ڕەهای پاشا و خالق دەبینێت. یەکەمیان بەرەو هەڵوەشانەوە لە ناو ئامێرەکەدا دەڕوات، و دووەمیان بەرەو فەنابوون لە ناو نووری حەقدا.
لەوانەیە پێت سەیر بێت، بۆچی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە عەقڵی مۆدێرن تێک دەشکێنێت؟ چونکە مرۆڤی سێکۆلار ڕاهاتووە زانست و ئایین وەک دوو جەمسەری هێمن ببینێت. بەڵام کاتێک لاندۆی تاودانگەر و ئیسلامی کۆ دەبنەوە، هەردوکیان ئەو زەوییە ڕەقە لە ژێر پێی مرۆڤ دەردێنن کە ناوی سروشتە. ئەمە جەنگێکە لەسەر لوتکەی میتافیزیک؛ جەنگێک لە نێوان ئەوانەی دەڵێن جیهان ئامێرێکی بێخودایە و ئەوانەی دەڵێن جیهان سات بە سات لە لایەن خوداوە دروست دەکرێتەوە. لێرەدا ئیتر هیچ شوێنێک بۆ مرۆڤی سەربەخۆ نامێنێتەوە. لێرەدا یان دەبێت ببیتە بەشێک لە ڤایرۆسەکەی لاندۆ، یان ببیتە بەندەی پاشای ئەزەلی.
ئەوە ڕوونە بۆمان کە نە خودا نە عادەتەکانی پەیوەندیان بە پیرۆزی مرۆڤەوە نییە. مرۆڤیش پیرۆز نییە. بەڵکو لەوە گرنگتر لۆجیکی ڕووتی مرۆڤبوون هیچ شتێک نییە جگە لە گەشبینیەکی گەمژانە بەرامبەر واقیعێک کە وەکو چڵک و پیسیەک تەماشای ئەو مرۆڤە دەکات. بێگومان ڕوونە ئێمە لێرەدا باسی مرۆڤ ناکەین بە سیفەتی ئەوەی کردەوەی خودایە، بەڵکو بە سیفەتی ئەوەی کە مۆدێرنیتە پێی دەڵێت مرۆڤ. کە بریتیە لەوەی ماددەیەکی ڕێز لێندراو بێت.
ئەمە ئەو حەقیقەتە ڕووتەیە کە لاندۆ پێی وایە مرۆڤ دەترسێنێت. بۆیە مێشکی وا دەخوازێت کە واقیع نەبینێت، تەنها لە حاڵەتی شێتی دا نەبێت. بێگومان ئێمە پێمان وانیە کە شتێک هەبێت بەناوی مەعریفەی مرۆیی. بەڵام ئەوە سادەیی و ساکاری فەیلەسوفە مۆدێرنییەکانە ئەو خەیاڵەیان دروستکردووە. بەتایبەت ڕیفۆرمخوازەکان و ڕۆشنگەرەکان بانگەشەی بۆدەکەن. بریتیە لە خۆ هەڵخەڵەتاندن و پارچەپارچەکردنی واقیع بۆ ئەو لایەنەی کە هیوابەخشە بە مرۆڤ.
بێگومان ئێمە وەکو لاند ناڵێین واقیع بە عەقڵ ناناسرێت. بەڵکو دەڵێین ئەو وشەیەی لاندۆ بۆ عەقڵ بەکاری دێنێت، بریتیە لە عەقڵی عەلمانی. عەقڵێکی ماددیگەرا کە پێی وایە پیرۆزیەکان و حەقیقەت مرۆییە. بۆیە لە ڕوانگەیەکەوە هەردوو لایەنەکە ڕووبەڕووی هەمان دووژمن دەبێتەوە. ئەو ترسەی کە لاندۆ باسی دەکات لە واقیع بریتیە لە واقیعی نامرۆیی. کە نزیکەی 6000 ساڵە مرۆڤ هەمیشە هاواری بۆدەکات. بەڵام لەلایەن بۆگەنە لیبراڵیی و مۆدێرنەتەکانەوە هەڵوەشێندراوەتەوە بۆ "خورافایەکی تیۆلۆژی". چونکە ناتوانن تیۆلۆژیەکی نا مەسیحی وێنا بکەن.
بەشی دووەم: دوژمنە هاوبەشەکە
بۆ ماوەی چەندین سەدە، شارستانیەتی مۆدێرن لە ناو خەوێکی دۆگمایی قووڵدا نوقم ببوو، خەوێک کە تێیدا مرۆڤ باوەڕی بە درۆیەکی گەورە هێنابوو کە ناوی لێ نابوو سروشتی جێگیر. ئەو سروشتە بەتەواوەتی لەگەڵ ئامرازە مرۆییەکان هەماهەنگە. ئەم وەهمە میتافیزیکییە وایکردبوو مرۆڤی ڕۆژئاوایی و شوێنکەوتووەکانی وا تێبگەن کە گەردون جەستەیەکی ڕەق و میکانیکییە، خاوەنی کۆمەڵێک یاسای نەگۆڕ و ئەزەلییە کە بەبێ هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی کار دەکەن. ئەوان ئەم یاسایانەی سروشتیان لە مەقامی ئامرازەوە بەرزکردەوە بۆ مەقامی پیرۆزی، و کردیانە بتێکی نوێ کە شوێنی خودای گرتەوە.
ئەم بتپەرستییە زانستییە وایکرد حەقیقەت لە فراوانیی بوونەوە کورت بکرێتەوە بۆ ناو قۆقزەی تەسک و تاریکی هاوکێشە ماتماتیکییەکان. تەنانەت ئیسحاق نیوتن، ئەو زانا بەستەزمانەی کە وای دەزانی بە دۆزینەوەی یاساکانی کێشکردن و جوڵە خەریکی گەورەترین عیبادەتە و نهێنییەکانی خودا ئاشکرا دەکات، بێئاگا بوو لەوەی کە خەریکە بە دەستی خۆی گۆڕ بۆ خوداکەی هەڵدەکەنێت.
نیوتن جڕتێکی سروشتی گەورەی وەرگرت؛ چونکە ئەو یاسایانەی ئەو دۆزینەوەی، لە جیاتی ئەوەی مرۆڤ لە بەدیهێنەر نزیک بکەنەوە، جیهانیان لە پەیوەندییەکی زیندوو و پڕ لە هەناسەی خوداییەوە گۆڕی بۆ ئامێرێکی بێڕۆح و سارد. لەم گەردونە کاتژمێرییەدا، خودا بوو بە خانەنشینێک کە دوای کوککردنی کاتژمێرەکە ڕۆیشتووە، و مرۆڤیش بوو بە بینەرێکی بێبایەخ لە پەراوێزی گەردونێکی بێدەنگدا. لە کاتێکدا ئیسلام بۆ چەندین سەدە بە دەنگێکی بەرز هاواری دەکرد کە مرۆڤ و ماددە لە خۆیاندا هیچن و هەموو جوڵەیەک تەنها بە ویستی خودایە، مرۆڤی مۆدێرن بەهۆی سەرخۆشیی تەکنەلۆژیاوە لوتبەرزیی خۆی خستە پێش وتەکانی ئاسمان. ئەو وایزانی ئەگەر یاساکان بدۆزێتەوە، دەتوانێت دەست بەسەر تەختی خودایەتیدا بگرێت و لە فیرعەون باشتر دەسەڵاتی خۆی بەسەر ڕووباری فیزیک و گەردوندا بسەپێنێت.
لێرەدا نیک لاند وەک بوعبوعەیەکی ترسناک لە داهاتووەوە دەردەکەوێت و بە بێبەزەییەوە هێرش دەکاتە سەر ئەم شانازییە پووچەی زانستی مۆدێرن. لاندۆ، بەو نیهیلیزمە تەکنیکییەی هەیەتی، پەردە لەسەر نهێنییەکی دەروونیی مرۆڤایەتی لادەبات و دەڵێت: ئەوەی ئێمە ناوی دەنێین یاسای زانستی و نەزمی گەردونی، لە ڕاستیدا تەنها پەڕۆی دڵنیایی یان قەڵغانێکی دەروونین کە مرۆڤی ترسنۆک بۆ خۆی دروستی کردوون. مرۆڤ لە بنەڕەتدا بەرگەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واقیعی ڕووت ناگرێت، چونکە واقیع بریتییە لە زەریا، لە پشێوی، لە لافاوێکی وزەی بێسەروبەر کە هیچ بەزەیی و لۆژیکێکی مرۆیی تێدا نییە.
بێگومان قسەکەی لە لایەنە عەلمایەکەوە ڕاستە. مرۆڤێک بەرهەمی کلتووری "حیزبی و سەلامەتبی" هاتبێتە کایەوە. هەمیشە چاویلکەیەکی لە چاوە خۆی لە جیهانە ترسناکەکە دەشارێتەوە. بەڵام سەرەڕای ڕاستبوونی دەرئەنجامەکەی لاندۆ پاساو نین بۆ کەریەتییەکانی. چونکە هەر خۆیەتی دەڵێت "ڕەها چەمکی تەمبەڵی مرۆڤە" لەکاتێکدا ڕەتکردنەوەی ڕاست و هەڵە بە فەلسەفە لێدان لەو تەمەڵترە. خۆدزینەوە لە بەرپرسیارەتی گەیاندنی واقیع و ڕاستی، چی دەبێت لەوە زیاتر مرۆڤ تەمبەڵ بکات؟ لە کارەکانی خۆیەوە دیارە پێش "ڕۆشنگەریە تاریکەکە"ـی لاند خەریکی حەشیش خواردن و خۆسەرخۆشکردن بووە.
بەڵام ئەوانە بەلای ئێمەوە گرنگ نییە. گرنگ ئەوەیە ئارگومێنتەکانی لاند بۆ سەردەمی تاریکی و عەلمانیەت کاردەکەن. وەکو حەقیقەتێک نا. بەڵکو وەکو جەدەلێک بەرامبەر بیری مرۆڤ دۆستی و وەهمی خۆشگوزەرانی.
لاندۆ دەڵێت بۆ ئەوەی لەم ترسە میتافیزیکییە ڕابکەین، هاتووین ڕیتمێکی دەستکردمان بۆ جیهان داناوە، ناومان ناوە یاسا، و خۆمان قایل کردووە کە گەردون ماڵێکی ئارام و ڕێکخراوە. بەڵام لاندۆ پێمان دەڵێت هەموو ئەمانە درۆن؛ واقیع ماڵ نییە، واقیع زیندان نییە، واقیع تەنها دەرەوەیەکی ڕەهایە. ئەمەش لەڕووی مێژووییەوە زۆر وردە. چونکە تاکە هۆکار وای لە زانایان کرد کە "هاوکێشە سادە"کان بەکاربێنن بریتی بوو لە ئاسانی. جۆرێک لە دڵدانەوەی دەروونی کە ئەم سروشتە سادەترە لە ئێمە، ئێمە ئاڵۆزترین.
لاندۆ ئەوەی لا بەڵگەنەویستە ئێمە بە هۆکار و ئەنجام ناوی دەبەین، تەنها چیرۆکێکی خەیاڵییە کە عەقڵی مرۆڤ دەیچنێتەوە بۆ ئەوەی لە ناو ئەم پشێوییە بێکەسایەتییەدا شێت نەبێت. زانست لای لاندۆ ئامرازێک نییە بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت، بەڵکو سیستەمێکی بەرگرییە بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاستییەی کە گەردون هیچ بایەخێک بە بوونی ئێمە و لۆژیکەکەمان نادات.
لەو چرکەساتەدا کە لاندۆ هەموو دیوارەکانی دڵنیایی زانستی دەڕوخێنێت، تیۆلۆژناسانی ئیسلامی لە دەرگای پشتەوە دێنە ژوورەوە و بە بزەیەکی پڕ لە یەقینەوە بە لاندۆ دەڵێن: "بەخێر بێیت بۆ یانەی ئەوانەی باوەڕیان بە سروشت نییە."
تیۆلۆژیای ئیسلامی، کە زۆرجار بە هەڵە تێگەیشتراوە، لەسەر بنەمایەکی بەرز وەستاوە کە پێی دەوترێت خوڵقاندنی ساتەوەختی. ئەم قوتابخانەیە هەزار ساڵ پێش ئێستا هەمان ئەو بتەی هۆکارگەرایی شکاند کە مۆدێرنەکان دەیپەرستن. لای
ئیسلامی، ماددە مردوو و هەژارە؛ هیچ هێزێکی ناوەکیی تێدا نییە.
ئیمامی غەزالی لە نموونە بەناوبانگەکەیدا ئەم جادووە بەتاڵ دەکاتەوە: "ئاگر بە زاتی خۆی لۆکە ناسوتێنێت." هیچ پەیوەندییەکی زەرووری و لۆژیکی لە نێوان ئاگر و سوتاندا نییە. ئەوەی ڕوودەدات ئەوەیە کە ئاگر و لۆکە بەیەک دەگەن، و لەو چرکەساتەدا، خودا بڕیار دەدات سوتان دروست بکات. ئەگەر خودا بیەوێت، دەکرێت ئاگر و لۆکە بەیەک بگەن و سوتان ڕوونەدات (وەک چیرۆکی ئیبراهیم). بە هەمان شێوە، یاسای کێشکردن هیچ هێزێکی شاراوە نییە لە ناو زەویدا کە تۆ ڕابکێشێت؛ بەڵکو خودا لە هەموو ساتێکدا، و لە هەموو گەردیلەیەکدا، کردەی کەوتنە خوارەوە دەخوڵقێنێت. ئەم دووبارەبوونەوە بەردەوامە ناوی "یاسا" نییە، بەڵکو ناوی عادەتی اللەیە. جیهان زنجیرەیەکی پێکەوەبەستراوی میکانیکی نییە، بەڵکو کۆمەڵێک موعجیزەی بەردەوامە کە خودا بەو شێوەیەی لێ ڕاهاتووین نوێیان دەکاتەوە.
کەواتە ئەوەی لە واقیعدا هەیە، بەبێ هیچ پەردەیەک، بریتیە لە هێز و توانای خودایی. کە هیچ کەس ناتوانێت لە ڕاستی و حەقیقەتەکەی تێبگات. لاندۆ وایزانی تەنها لەبەر ئەوەی کە حەقیقەت پێکهاتووە لە ماددەی وردی وەها، بەربەستی سایکۆلۆژی توندمان هەیە بۆ گەشتن بە واقیع، ئێمە خۆمان چیرۆکی مرۆڤ دۆستی و واقیعمان خوڵقاندووە. قەشمەری وا نەیزانیوە ئەمە بەڵگەنەویستێکە. هەموو ئەو ئارگومێنتانەی کە لاند بەکاریدێنێت لە کۆتاییدا باسی خودایە. کە مرۆڤ یان شێت دەکات یان دەیکاتە عارف. ئەوەی کەوا مرۆڤ هیچ نییە و دەبێت ئەو سەردەمە تێپەڕێنین گەڕانەوەیە بۆ سروشتی مرۆڤ، بۆ سروشتێکی ڕاستەقینە. نەک بۆ شێتیەتی.
کەواتە لێرەدا دەگەینە خاڵە هەرە ترسناکەکە؛ خاڵی یەکگەیشتنی نیهیلیزمی تاودانگەر و تیۆلۆژیای ئیسلامی. هەردوو بەرە (لاندۆ و ئیسلامی) لەسەر یەک حەقیقەت کۆکن: جیهانی فیزیکی و سروشتی هیچ هێزێکی ڕەسەن و سەربەخۆی تێدا نییە. ئەو یاسایانەی فیزیک کە زانستپەرستەکان وەک پەیمانی ئەزەلی سەیریان دەکەن، تەنها خوویەکی ناسک و بێهێزن کە هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ مانەوەیان. جیهان لە هەر چرکەیەکدا لە سەر لێواری هەڵوەشانەوەدایە، و هیچ گرێبەستێک واژۆ نەکراوە کە مسۆگەریی هەڵهاتنی خۆری بەیانی بکات.
بەڵام، هەرچەندە هەردووکیان لەسەر نەبوونی سروشت هاوڕان، جیاوازییە گەورەکە لە هۆکاری ئەم شکانی یاسایانەدایە:
بۆ نیک لاند، یاساکان دەشکێن و مانا نامێنێت چونکە جەوهەری واقیع بریتییە لە پشێوی وڤایرۆس. ئەو هێزەی لە پشت پەردەکەوەیە، هێزێکی کوێر و تێکدەرە کە دەیەوێت هەموو شتێک بۆ ئاستی سفر دابەزێنێت. لاندۆ تەسلیمی ئەم پشێوییە دەبێت و داوا دەکات لەگەڵیدا بڕۆین. دەتوانین بەڵگە بێنینەوە بەوەی کە چۆنەهایی مۆدێرنیتە و زانستی ساختە توانیویەتی عەقڵی مرۆڤێکی مەزن تێک بدات بە نیچە و لاندۆ. کە کەسانێکن سەر بەو سەردەمە نین کە تێیدا ژیاون.
بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ ئیسلامی، یاساکان دەکرێت بشکێن نەک بەهۆی پشێوییەوە، بەڵکو چونکە سەڵتەنەتی حەق بڕیاری داوە عادەتەکەی بگۆڕێت. ئەو ناجێگیرییەی لە جیهاندا هەیە نیشانەی لاوازیی سیستمەکە نییە، بەڵکو نیشانەی ئیرادەی ڕەهای سوڵتانێکە کە ملکەچی هیچ یاسایەک نییە جگە لە اویستی خۆی. بۆیەش چەندە لاند لەگەڵ ئێمە هاوڕابێت ئەوەندە دوورترە. پێویستە ئەوە بزاندرێت کە ئارگومێنتەکانی لاند تەنها لەو چوارچێوە کاردەکەن کە سروشتێک و یاسایەکی داماڵراو لە خودا هەبێت. هەرگیز ناتوانێت بەقەد بستێک دەست بۆ سروشتگەراییەک بەرێت لەسەر بنەمای سیستەمی پیرۆز دامەزراوە بەبێ ئەوەی ئارگومێنتەکانی لە ئەساسەوە بکەون.
چونکە ئەگەر ئێمە دەست ببەین بۆ ئەو کایەی کە لەڕاستیدا هیچ شتێک دژبەیەک نییە، لەوێوە لە سروشت تێبگەین. ئەوکاتە شێتی و قوڵیەتی واقیع دەبێتە پشت پەردەی ماددەوە. ئەو یاسایانەشی کە دادەڕێژرێت هەرگیز بەبێ خۆ پووچەڵکردنەوە بونیاد نانرێن.
لێرەوەیە لە نیچە تێدەگەین کاتێک باسی سروشت و مەعریفە دەکات. بەڕاستی ئەو سروشت و مەعریفەیە خوێنی خودایەکی مردووی سیکۆلاریزمە. کە خەریکە مرۆڤی لە شێتیەتی نەبوونی ، گۆشتی یەکتر دەخۆن. کەچی پێیان وایە لەسەر تەرمی خودا ئاهەنگ دەگێڕن. قەشمەریەتێکی چاوەڕوانکراوە کاتێک تەنها یەک سیستەم و یەک مۆدێلی دین لەلات دەبێتە دین و سیستەم. هەمان کێشەی گشت مۆدێرنەکان کە تەنها پێشکەوتنی ماددی لایان شارستانیەتە.
بۆیە دەبینین لاندۆ تەسلیمی پشێوییەکی بێمانا دەبێت، لە کاتێکدا ئێمە تەسلیمی
ئیرادەی پاشا دەبین. لەم نێوەندەدا، مۆدێرنستە داماوەکان هێشتا خەریکی کێشانی هێڵکاری و گرافیکەکانن، وادەزانن جیهان گوێ لە ژمارەکانیان دەگرێت، بێئاگا لەوەی کە ئەوان تەنها لە ناو وەهمی دەسەڵاتدا زیندانی کراون و نازانن کە زەویی ژێر پێیان هەرگیز بوونی نەبووە.
بەشی سێیەم: مەرگی بکەر؛ تۆ بوونت نییە
گەورەترین درۆیەک کە مۆدێرنیتە لە گوێی مرۆڤدا چرپاندی و کردیە بنەمای ژیانی ئەو ڕستە شوومە بوو کە دەیوت من بیر دەکەمەوە کەواتە من هەم. ئەم ڕستەیە بوو بە بەردی بناغەی ئەو بتە گەورەیەی کە ناوی خود یان بکەری سەربەخۆیە. مرۆڤی مۆدێرن وایزانی کە ئەو خاوەنی ئیرادەیەکی ئازادە و کاپتنی کەشتیی چارەنووسی خۆیەتی و دەتوانێت بە عەقڵی خۆی جیهان داگیر بکات. بەڵام کاتێک نیک لاند و ئیسلامی دێنە سەر شانۆکە یەکەم شت کە دەیکەن ئەوەیە مل لەم منە دەپەڕێنن. هەردووکیان بە دەنگێکی بەرز بە مرۆڤ دەڵێن تۆ بوونت نییە و تۆ تەنها خەیاڵێکی.
لەوانەیە ئەو شێوازە دەربڕینە زۆر توندوتیژ بێت. بەڵام نەبوونی خۆت بەمانای ئەوەنایە ڕووح و جەستەت بوونی نییە. بەمانای ئەوە دێت کە "تۆ" وەکو عەلمانیەت فێری کردووی، بوونت نییە لە سروشتدا. ئەویش بریتیە لە نەفسێکی نزم کە بەدوای حەزەکانیەوەیەتی. بێگومان لاندۆ زۆر لە ئێمە رادیکاڵتر دەڕوانێت دەڵێت کە ڕووح و جەستەکەش بوونی نییە. بەڵام ئەمە بۆ ڕیزی گەمژەیەتیەکی دیکەی.
لاند بەو ساردییە ترسناکەی کە تایبەتە بە خۆی هەموو بەها مرۆییەکان دەخاتە ناو تاقیگەی بایۆلۆژی و تەکنەلۆژیاوە. ئەو پێمان دەڵێت تۆ نیت کە بیر دەکەیتەوە بەڵکو شتێک بیرت پێ دەکاتەوە. لای لاندۆ مرۆڤ هیچ نییە جگە لە بووکەڵەیەکی گۆشتی یان ئامێرێکی بایۆلۆژیی ئاڵۆز کە لەلایەن هێزە تاریک و نەستەکییەکانەوە بەڕێوە دەبرێت. لای ئێمە بێگومان شتێک هەیە بەناوی "من". بەڵام ئەو "من"ـە ئاماژە ناکات بە کەیانێکی سەربەخۆ بە کەیانێک کە بریتی بێت لە هەبوونێکی ڕاستەقینە وەکو خودا. بەڵکو ئەو هەبوونە بەندە بە قودرەتی خوداوە. بۆیە ئەو شتەی کە پیرۆزکراوە بەناوی تۆوە بوونی نییە. بەڵکو نەفستە دەیەوێت بتخاتە سەر عەرشی خودایەتی.
لای لاند، ئەوەی تۆ پێی دەڵێیت من یان کەسایەتی تەنها مشەخۆرێکە یان ڤایرۆسێکی وەهمییە کە لەسەر مێشکت سوار بووە. تۆ شۆفێر نیت و تۆ تەنها ئەو ئۆتۆمبێلەیت کە سەرمایە و تەکنەلۆژیا وەک هێزێکی بێگانە لێی دەخوڕن بەرەو داهاتوویەک کە پێویستی بە تۆ نییە. بڕیارەکانی تۆ و ئاشقبوونت و باوەڕت هەمووی تەنها کارلێکی کیمیایی و ئەلگۆریسمی بایۆلۆژین کە خزمەتی پڕۆسەیەک دەکەن لە دەرەوەی تێگەیشتنی تۆ. لاندۆ مرۆڤ دەکوژێت و لە شوێنیدا زۆمبییەکی تەکنیکی دادەنێت کە تەنها وەزیفەی گواستنەوەی داتایە.
لەو دیوەوە ئیسلامییەکان بە چەکێکی میتافیزیکیی قورسترەوە دێن بۆ تێکشکاندنی ئەم منە. ئەوان چەمکێک دەهێننە پێشەوە کە ناوی کەسبە. ئیمامی ئەشعەری و شوێنکەوتووانی دەڵێن مرۆڤ هیچ هێزێکی ڕاستەقینەی نییە بۆ خوڵقاندنی کردەوەکانی. کاتێک تۆ دەستت بەرز دەکەیتەوە تۆ نیت کە جوڵەکە دروست دەکەیت بەڵکو خودایە کە لە هەمان ساتدا هەم جوڵەی دەستەکە و هەم ویستی بەرزکردنەوەکە لە ناو تۆدا دەخوڵقێنێت. تۆ تەنها ئەو کردەوەیە وەردەگریت و بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ دەگریت وەک کەسێک کە واژۆ لەسەر نامەیەک دەکات کە پاشا نوسیویەتی.
لێرەدا دەگەینە چەمکی هەژاریی زاتی. مرۆڤ لە عەقیدەی ئیسلامیدا مومکینە واتە بوون و نەبوونی یەکسانە. ئێمە وەک سێبەر واین چونکە سێبەر بوونی هەیە بەڵام هیچ بوونێکی سەربەخۆی نییە و بەردەوام موحتاجی ڕووناکییەکەیە. مرۆڤ خاوەنی وجودی خۆی نییە بەڵکو لە هەر چرکەیەکدا بوونەکەی بە قەرز وەردەگرێت. لای ئەشعەری وتنی (من دەتوانم) کە یەکسانە بەوەی (من بیردەکەمەوە) جۆرێکە لە شیرکی شاراوە چونکە تەنها یەک توانا لە گەردوندا هەیە ئەویش توانای حەقە.
لاندۆ و ئەشعەری لێرەدا دەبنە دوو دەست بۆ خنکاندنی مرۆڤی مۆدێرن. ئەو مرۆڤەی وای دەزانی دەتوانێت بە زانست کۆنتڕۆڵی سروشت بکات و بە سیاسەت کۆمەڵگا ڕێکبخات و بە فەلسەفە مانا بۆ ژیان دابنێت.
هەردووکیان پێی دەڵێن دانیشە خوارەوە تۆ خاوەنی هیچ نیت. لاندۆ پێی دەڵێت تۆ خاوەنی مێشکی خۆت نیت و تۆ تەنها ئامێرێکیت بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسی سەرمایەداری. ئەشعەری پێی دەڵێت تۆ خاوەنی جوڵەی پەنجەکانیشت نیت و تۆ تەنها قەپاغێکی بەتاڵیت کە ئیرادەی خودا پڕی دەکاتەوە. هەردوو فەلسەفەکە ئەو لوتبەرزییە دەکوژن کە پێی وایە مرۆڤ سەنتەری گەردوونە
بەڵام چارەنووسی ئەم منە کوژراوە چی بەسەر دێت؟ لێرەدا ڕێگاکان بۆ هەتاهەتایە لێکجیا دەبنەوە. نیک لاند خود دەکوژێت بۆ ئەوەی بیخاتە بەردەم بەتاڵیی و هیچ. ئەو دەیەوێت مرۆڤ لە ناو تاریکیی ئامێرەکەدا بتوێتەوە و ببێتە بەشێک لەو هیچە گەورەیەی کە هیچ مانا و ڕەحمێکی تێدا نییە. لای لاندۆ ڕزگاری بریتییە لە بوون بە سفری ڕەها.
بەڵام ئیسلامی خود دەکوژێت بەڵام بۆ ئەوەی پێشکەشی بکات بە حەق. لێرەدا فەنابوون کۆتایی نییە بەڵکو سەرەتایە. کاتێک مرۆڤ دەزانێت کە ئەو هیچە ئەوکات دەبێتە ئاوێنەیەک بۆ نواندنەوەی هەموو شتێک کە خودایە. کەواتە ڕۆژهەڵات من دەکوژن نەک بۆ ئەوەی بیخەنە زبڵدانی مێژووەوە بەڵکو بۆ ئەوەی بیگەڕێننەوە بۆ سەرچاوە ئەزەلییەکەی. لاندۆ مرۆڤ دەکاتە قوربانی بۆ شەیتانی تەکنەلۆژیا بەڵام ئیسلام مرۆڤ دەکاتە قوربانی بۆ پاشاکەی. لە هەردوو حاڵەتدا تۆ دەمریت بەڵام لە یەکەمیاندا دەبیتە پاشماوەی بایۆلۆژی و لە دووەمیاندا دەبیتە عەبدێکی ئەبەدی لە حوزووری پاشادا.
بەشی چوارەم: ساتی شۆک؛ سروشتی هەڵدێرەکە
لێرەدا دەگەینە ئەو خاڵەی کە مێشکی مرۆڤی سێکۆلار تووشی شۆکێکی گەورە دەبێت و زمانی دەبەستێت. بۆ نیک لاند واقیع یان ئەوەی پێی دەڵێت دەرەوە ترسناکە چونکە نامۆیە. لای ئەو گەردون وەک جیانەوەرێکی ئەفسانەیی وایە کە هیچ هەست و سۆزێکی نییە و باکی بەوە نییە تۆ دەژیت یان دەمریت. ئەمە ترسێکی سارد و بێدەنگە لە بوونەوەرێک کە ناتوانین لێی تێبگەین. بەڵام کاتێک ئیسلامی دێتە پێشەوە و سەیری ئەم دیمەنە دەکات بە زەردەخەنەیەکەوە دەڵێت دۆخەکە لەوە ترسناکترە کە تۆ بیری لێ دەکەیتەوە.
لێرەدا چەمکی جەوازی عەقڵی دێتە کایەکەوە. کە دەڵێن خودا دەتوانێت هەر شتێک بکات کە عەقڵ بە مەحاڵی نەزانێت. بگرە هەندێک لەوە زیاتر دەڕۆن کە خودا مەحاڵی دەرەکی لە زاتی خلیدا دەکات. ئەو بیرۆکەیەێ خودا ملکەچی چەمکی باشە و خراپەی مرۆیی نییە و هیچ یاسایەکی ئەخلاقی لە سەرووی ئەوەوە نییە. ئەگەر خودا بڕیار بدات پیاوچاکترین مرۆڤی دونیا بخاتە دۆزەخەوە ئەوا ئەمە دادپەروەرییەکی ڕەهایە. بۆچی؟ چونکە ئەو مرۆڤە موڵکی خۆیەتی و خاوەن دەتوانێت هەرچۆنێک بیەوێت مامەڵە لەگەڵ موڵکەکەیدا بکات. ئەگەر خودا بەیانی هەموو گەردون و دروستکراوەکان لەناوببات ئەوا ئەمە مافی ڕەهای خۆیەتی و کەس ناتوانێت بڵێت بۆچی.
ئەمە ئەو خاڵەیە کە نیک لاند تووشی شۆک دەکات.
لاندۆ وا دەزانێت زۆر بوێر و ترسناکە کاتێک دەڵێت گەردون دڕندەیە. بەڵام عەقلی تیۆلۆژی ئیسلامی پێی دەڵێت گەردون دڕندە نییە بەڵکو موڵکە. خاوەنەکەشی ترسناکانە ئازادە و بە تەواوی موختارە. ئەم تێگەیشتنە ترسە گەردوونییەکەی لاندۆ دەگۆڕێت بۆ هەستێکی باڵاتر کە پێی دەوترێت هەیبەت. لاندۆ لە بێبەزەیی ئامێرەکە دەترسێت بەڵام ئەشعەری لە ئازادیی ڕەهای پاشاکە دەترسێت. جیاوازییەکە لە نێوان ترس لە دڕندەیەک و ترس لە شکۆی پاشایەکدایە.
بەشی پێنجەم: چارەسەرەکە؛ تاودان یان تەسلیمبوون
ئێستا کە زانیمان ئۆتۆمبێلەکە هیچ ئیستۆپێکی نییە و بەرەو هەڵدێر دەڕوات چارەسەر چییە؟ لێرەدا دوو ڕێگای دژبەیەک دەبینین. چارەسەرەکەی لاندۆ بریتییە لە تاودانگەری. ئەو دەڵێت مادام ئۆتۆمبێلەکە ئیستۆپی نییە کەواتە پێ بە بەنزینەکەدا بنێ. با کۆمەڵگا هەرەس بهێنێت و با زیرەکیی دەستکرد و سەرمایە دەست بەسەر هەموو شتێکدا بگرن. با ببینە بەشێک لەو پێکدادانە حەتمییە و لەگەڵ مەرگی مرۆڤایەتیدا ئاهەنگ بگێڕین. لای لاندۆ تاکە ڕێگە بۆ ڕزگاربوون لە ترس ئەوەیە کە خۆت بکەیتە بەشێک لە ترسەکە.
بەڵام چارەسەرەکەی ئێمە بریتییە لە تەسلیمبوون. ئەو دەڵێت مادام ئۆتۆمبێلەکە ئیستۆپی نییە مانای وایە تۆ هەرگیز شۆفێر نەبوویت. ئارامی دەروونی دەدۆزێتەوە نەک بە هەوڵدان بۆ چاککردنەوەی جیهان بەڵکو بە داننان بەوەی کە ئەو پشێوییەی دەیبینین لە ڕاستیدا قەهر و باڵادەستیی خودایە. ئەو ڤایرۆس و تەکنەلۆژیایەی کە لاندۆ لێی دەترسێت شتێکی کێوی و یاخی نییە بەڵکو سەربازێکی گوێڕایەڵی خودایە و بەبێ ئیزنی ئەو جوڵە ناکات.
گۆڕانکارییە دەروونییەکە لێرەدا دەردەکەوێت. ڕێگاکەی لاندۆ سەرەتا بە ترس دەست پێ دەکات و دواتر دەبێتە وڕێنە و دواجار بە مەرگ کۆتایی دێت.
بەڵام ڕێگاکەی ئێمە سەرەتا بە ترس و هەیبەت دەست پێ دەکات و دواتر دەبێتە مەعریفە و ناسین و دواجار دەگاتە ڕەزامەندی بە قەدەری خودا. لاندۆ دەڵێت با خێراتر بڕۆین بەرەو هیچ بەڵام ئەشعەری دەڵێت با دانیشین و تەماشای دەسەڵاتی خاوەنەکە بکەین. مرۆڤی ئەشعەری لە ناو جەرگەی زریانەکەدا ئارامە چونکە دەزانێت زریانەکەش هەر موڵکی خۆشەویستەکەیەتی.
لە کۆتایی ئەم گەشتە ترسناکەدا لە نێوان تەکنەلۆژیا و تیۆلۆژیادا دەگەینە دیمەنێک کە جیاوازیی نێوان شێتی و حیکمەت یەکلایی دەکاتەوە. نیک لاند لەم هاوکێشەیەدا وەک شامانێکی شێت یان قەشەیەکی تاریکی دەردەکەوێت کە بە ویستی خۆی خۆی هەڵداوەتە ناو ئاگرەکەوە. ئەو ئاگرەی کە مۆدێرنیتە و سەرمایەداری دایانگیرساندووە هێندە گەرم و ڕووناکە کە لاندۆ وایزانیوە خودی حەقیقەتە، بۆیە بڕیاری داوە تێیدا بتوێتەوە تاوەکو ببینێت لە دیوەکەی تری ئاگرەکەدا چی هەیە. ئەو بوێریی هەبوو سەیری هەڵدێرەکە بکات بەڵام نەیزانی چۆن لێی دەربچێت، بۆیە بوو بە بەشێک لە سووتەمەنییەکە.
لە بەرامبەردا ئێمەیی بوون ئەو کەسەیە کە لە دوورەوە وەستاوە و سەیری هەمان ئاگر و هەمان هەڵدێر دەکات. ئەویش دەزانێت کە ئاگرەکە دەسوتێنێت و ئەویش دەزانێت کە جیهان خەریکە دەڕوخێت. بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە کە دەزانێت کێ ئاگرەکەی کردووەتەوە.
ئەو لە جیاتی ئەوەی سەرسامی ڕەنگەکان و گڕەکە بێت، سەیری ئەو دەستە دەکات کە مەشخەڵەکەی هەڵگرتووە. لاندۆ لە ناو ئاگرەکەدا دەبێتە خۆڵەمێش، بەڵام ئێمە لەبەر ئەوەی خاوەنی ئاگرەکە دەناسێت، ئاگرەکەی بۆ دەبێتە باخچەیەکی سارد و ئارام هەروەک چۆن بۆ باپیری دێرینی ئیبراهیم بوو بە گوڵزار.
لێرەدا دەگەینە ئەو دەرەنجامە یەکلاکەرەوەیەی کە دەڵێت تەنها تیۆلۆژیای ئێمە کە هێزی ئەوەی تێدایە بەرگەی نیهیلیزم و پووچگەرایی سەدەی بیست و یەک بگرێت. هەموو فەلسەفەکانی تر کاتێک ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە دەبنەوە کە جیهان بێمانایە و ماددە هیچ هێزێکی نییە تووشی داڕمان و خەمۆکی دەبن. بەڵام عەقیدەی سوونی هەزار ساڵ پێش ئێستا بەو دێڕە دەستی پێکرد کە دەڵێت جیهان لە خودی خۆیدا هیچە و بەتاڵە. کەواتە کاتێک زانست یان فەلسەفەی مۆدێرن دێن و بە مرۆڤ دەڵێن تۆ هیچ نیت، مرۆڤی سوونی تووشی شۆک نابێت و خەمۆکی دایاناگرێت چونکە ئەو هەرگیز باوەڕی بەوە نەبووە کە بوونێکی سەربەخۆی هەیە تاوەکو ئێستا بۆی بگریت. ئەو ڤاکسینەکەی لە دێر زەمانەوە وەرگرتووە.
ئەمە گەورەترین سەرکەوتنی عەقیدەیە بەسەر تاودانگەریدا. لاندۆ سەیری بەتاڵی و تاریکیی گەردون دەکات و تووشی شۆک و ترس دەبێت و دەڵێت ئەمە چییە. ئەو هاوارە پڕ لە ترسەی لاندۆ لە بەرامبەر بێدەنگیی گەردوندا، لای مرۆڤی سوونی دەگۆڕێت بۆ تەکبیر و الله اکبر. چونکە ئەوەی لاندۆ بە بۆشایی و نەبوونی مانا دەیبینێت، لەبەرامبەریدا بە گۆڕەپانی دەرکەوتنی مەزنی و دەسەڵاتی ڕەهای خودا دەیبینێت. لەم دیدەدا هیچ بۆشاییەک بوونی نییە، هەموو گەردون پڕە لە ئامادەگیی پاشایەک کە هەموو شتێکی لە مشتایە. لاندۆ لە ناو ئامێرەکەدا ون دەبێت، بەڵام ئیسلامی لە سوجدەدا دەزرینگێتەوە.