پێداچوونەوەیەک بۆ بەشێکی گرنگ لە کتێبی (اعادة النظر في العلمانية).
١. ئیلحادی بەزۆر...
لە بەشی یەکەمدا دەبینین کە نوسەر باسی کتێبە نوێیەکەی چارڵز تایلۆر دەکات دەڵێت:
لە پەڕتووکە نوێیەکەیدا بە ناوی «سەردەمی عەلمانی» چارڵز تایلۆر دووبارە بونیادی ئەو پڕۆسەیە (واتا پرۆسەی بە عەلمەنە کردن) دادەڕێژێتەوە کە لە ڕێگەیەوە ئەزموونی فینۆمێنۆلۆژی (وێنابوونی واقیع لە زەیندا) بۆ ئەوەی ناوی دەنێت «چوارچێوەی شلەوبوون» (الإطار الحلولي) پێکدێت. ئەمەش لە فۆرمێکی کۆمەڵەیيی تێکهەڵکێشدا بۆ سیستەمە گەردوونی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییە جیاوازەکان دەردەکەوێت. هەر سێ سیستەمەکە - گەردوونی، کۆمەڵایەتی، و ئەخلاقی- وەک پێکهاتەیەکی عەلمانی (حلولي) پەتی و خاڵی لە باڵایی و تێپەڕین (تجاوز) تێدەگەیەنرێن، بە جۆرێک کار دەکەن «وەک ئەوەی خودا بوونی نەبێت». تایلۆر پێی وایە هەر ئەم ئەزموونە فینۆمێنۆلۆژییەیە پارادایمی مەعریفی بۆ سەردەمەکەمان وەک سەردەمێکی عەلمانی پێکدەهێنێت، بەبێ گوێدانە ئاستی پابەندبوونی مرۆڤەکان بە باوەڕە ئایینی یان ئیلاهییەکانیانەوە.
دیقەت بدەن چۆن تایلۆر باس لەوە دەکات پرۆسەی بە عەلمەنەکردن چییە. لە ڕاستیدا پرۆسەی بە عەلمەنەکردن بریتییە لە جیاکردنەوەی مرۆڤ و دین. کە تێیدا بە ناچاری ئەو مرۆڤە شل دەبێتەوە لە کەسایەتیە دیندارەکەی دائەماڵدرێت بۆ کەسایەتیەکی مولحید. هەرهەموو جیهانبینییەکەی بریتی دەبێت لە (وای دابنێ) کە(خودا بوونی نییە). واتا تۆ بۆت نییە هیچ مەعریفەیەکی دینیی زاڵ بکەیت بەسەر ژیانتدا کە لەکۆمەڵگادا پێی دەژیت. بەڵکو دەبێت هەمیشە وا ڕەفتار بکەیت لە کۆمەڵگادا وەکو ئەوەی خودا هەر بوونی نییە.
هەربۆیەش سەیردەکەین، کاتێک لێکدانەوە دینییەکان دێتە پێشەوە، مامەڵەی کەسی عەلمانی وەکو ئەوەیە کە هەر قیمەتێکی نەبێت. خۆ ڕەنگە ئەو کەسە عەلمانییە خۆی لە تۆ پێ سوونی تر و دیندارتر بێت. بەڵام هەمیشە گریمانەی ئەوە دەکات ئائەم بابەتانە، خورافەن و حەقیقی نین. لە ئەنجامدا تیۆری مەعریفی ئیلحادی دەبێتە باڵادەست و چیتر عەلمانیەت ناتوانێت لە باسی دینیدا "بێ" لایەن بێت. ئەبێت لایەنێک بگرێت.
٢. ناچارکردنی کۆمەڵگا بە ئیلحاد و بینینی ئیمان وەکو شتێک کە پێویستە کۆتایی بێت.
دواتر نوسەر وەڵامی پرسیارێکی گرنگ دەداتەوە، ئایە ئەو ژیانە عەلمانییە بەهای ئەوەت پێدەدات کە واز لە سەروەری دینەکەت بهێنییت بۆ ئەوەی وەکو مولحیدێک ڕەفتار بکەیت...؟ دەڵێت:
پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەزموونی فینۆمێنۆلۆژیی ژیان لەناو ئەم چوارچێوە شلبووەوە دا، هێندە کاریگەرە کە ئەو کەسانەی تێیدا دەژین مەیلیان بۆ کارکردن هەبێت وەک ئەوەی خودا بوونی نەبێت؟
تایلۆر بە بەڵێ وەڵام دەداتەوە. خستنەڕووە فینۆمێنۆلۆژییەکەی ئەو بۆ «بارودۆخە» عەلمانییەکانی باوەڕ، ئامانج لێی ڕوونکردنەوەی گۆڕانکارییەکەیە لە کۆمەڵگایەکی مەسیحی دەوروبەری ساڵی ١٥٠٠ی زایینییەوە بۆ کۆمەڵگای پۆست-مەسیحیی ئەمڕۆ.
لە کۆمەڵگای پێشوودا، ئیمان بە خودا ڕووبەڕووی ململانێ نەدەبووەوە و کێشەی نەدەخولقاند، هاوکات باوەڕێکی «سادە» و بەدیهی بوو. لە جیهانی ئەمڕۆدا، ئیمان بە خودا سیفەتی بەدیهییبوونی خۆی لەدەستداوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێتە بابەتێکی ئیشکالی. تەنانەت ئەوانەشی هەڵوێستی «بەشداربووان» وەک ئیماندار وەردەگرن، زۆرجار بە ئەزموونی پێداچوونەوە بە باوەڕەکەیاندا تێدەپەڕن وەک یەکێک لە بژاردە فرەکان، کە پێویستی بە پاساوهێنانەوەیەکی ڕوون و ئاشکرا هەیە. هاوکات عەلمانیەت بەهۆی بێئایینییەکەیەوە بەردەوام زیاتر بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە بژاردە بنەڕەتییەکە، ئەوەی کە تاک وەک شتێکی سروشتی ئەزموونی دەکات و هیچ پێویستییەکی بە پاساوهێنانەوە نەماوە.
لێرەدا چەند خاڵێک هەیە دەبێت بۆت دەرکەوێت:
ا. چیتر سەروەری دینی نەبەستیتەوە بە بەدیهی و سادە بوونەکەی. وەکو دەبینین ئایەتەکانی خەلقی زەوی و ئاسمانەکان بۆ مرۆڤی مۆدێرن زۆر لەوە سادەترن کە باوەڕی پێبکات، لەبەر زۆری رێژەی ئەو گومانانەی دەخرێتە ساحەی فیکرییەوە.
ب. لە بەرامبەردا، بێباوەڕی و عەلمانیەت بوونەتە باری ئاسایی و سروشتی کۆمەڵگا، کە هیچ پێویستییەکی بە پاساوهێنانەوە نییە. وەکو وتمان عەلمانیەت "بێ" لایەن نەماوە. بەڵکو بەتەواوەتی بۆتە پشتبەستوو بە مولحید کردنی تاک ئەگەر لەسەر ئاستی کرداریشەوە بێت.
ج. ئەم بەشە زانیاریەکی گرنگت پێدەدات ، سەلماندنی ئەوەیە کە ئەخلاقی عەلمانی بەرهەمی عەقڵێکی بابەتیانە و "بێ" لایەن نییە. ئەم ئەخلاقە بەرهەمی ئەزموونێکی سنووردار و داخراوە لەناو گەردوونێکی داماڵڕاو لە مانا باڵاکان. هەروەها ئەم زاڵکردنە، کاریگەریی ئەم چوارچێوە عەلمانیە لەسەر خودی ئیمانداران. باوەڕداران لەناو کۆمەڵگای مۆدێرندا زۆرجار عەقڵیەتێکی عەلمانییانەیان بۆ وجود هەیە. ئەوان لە ژیانی ڕۆژانە و پیشەیی خۆیاندا لە ڕووی کردارییەوە هاوشێوەی عەلمانییەکان مامەڵە دەکەن، تەنانەت ئەگەر لە ڕووی بیروباوەڕەوە دان بە بوونی خوادا بنێن.
چ. هیچ شتێک بوونی نییە بەناوی "بابەتی بوون" لەنێو عەلمانییەت دا. بەڵکو ئەوەی دەیبینین مولحید بوونە بەمانای تەواوی وشەکە. بابەتەکە زۆر دوورتر دەڕوات وەک لە پەیڕەوکردنی یاسایی کە یاسا سەروەر بێت و دین سەرچاوەی بێت. بەڵکو دەبێت بەتەواوەتی دین بکرێتە پاشکۆ لەلایان.
٣. پرسیارە گەورەکە...
لەکۆتاییدا، دەبێت ئەوە لەخۆمان بپرسین، ئەو خودایەی لە هەموو شوێنێکە بە علم و زانستی خۆیەوە و لە شادەمار لێمان نزیکترە، لەو سیستەمەدا چ جێگایەکی بۆ دەکرێتەوە؟ چۆن موسوڵمانێک ئەوەی کە لە ماڵەکەی دەیکات وە خوداش لێی ئاگادارە، جێگای دەبێتەوە لە دڵی موسوڵمانێک دا کە وەکو ئەوە ڕەفتار بکات کە هەر بوونی نییە؟ چی دەکەین دەربارەی ئەو بیرۆکە سەرەتاییەی دەبوا لەهەموو ئاینێک دا جێگای خۆی بگرێتەوە کە بەهەشت و جەهەنەمێکی تاهەتایی هەیە؟ لەڕاستیدا زۆربەی ئایینەکان گوێ بە سەرپێچی نادەن. زۆربەی ئایینەکان وائەزانن ئەم دنیایە دوا دەرفەت نییە بۆ پاکبوونەوە. زۆربەیان سروشتیان گۆڕاوە بۆ بیروباوەڕێکی لێکدانەوەیی و تەئویلی و دەروونی مرۆڤن. ئیتر ئەو مرۆڤەی کە باوەڕی بە ڕۆژی دوایی نییە. مرۆڤێکی پووچە. خوداکەشی بێ باکە لەم جیهانە. کە ئەمە بەهیچ شێوەیەک یەک ناگرێتەوە لەگەڵ ئیسلام و ئاینێکی وەکو مەسیحیەت.