ڕەخنەی بیرکاریانە لە تیۆری سوودگەرایی ئەخلاقی لیبرالیزم
بۆ ئەوەی سودگەرایی لە داڕمانی لۆژیکی بپارێزرێت، میل سوودگەرایی دابەش دەکات بۆ دوو ئاست:
ئاستی یەکەم: سودگەرایی کردار (Act Utilitarianism)، کە تەنها سەیری دەرەنجامی یەک کرداری دیاریکراو دەکات لەو ساتەدا.
ئاستی دووەم: سودگەرایی یاسا (Rule Utilitarianism)، کە سەیری دەرەنجامی ئەو یاسایە دەکات ئەگەر هەموو کۆمەڵگە پەیڕەوی بکەن.
بۆ نموونە، دزیکردن لە دەوڵەمەندێک بۆ یارمەتیدانی هەژارێک ڕەنگە لە یەک حاڵەتی دیاریکراودا سودی هەبێت، سیستەمی سودگەرایی یاسا ڕێگری لەمە دەکات. ڕێگەدان بە دزیکردن وەک یاسایەک، سیستەمی متمانە و ئابووریی کۆمەڵگە دادەڕمێنێت، لە ئەنجامدا ئازارێکی یەکجار گەورەتر بەرهەم دەهێنێت.
٢. سوودگەرایی و ڕەخنە هاوچەرخەکان
وەکو ئەوەی باسمان کرد یاسا گشتییەکە ئەڵێت : زۆرترین چێژ بۆ زۆرترین کەس بەبێ گەیاندنی زیانی گەورە بە کەمینە. کەواتە، لێرە مەجالی هەندێک رەخنە نییە، وەکو رەتکردنەوە و بە دژبەیەک دانانی پرێنسەبڵی زیان. بۆ ئەوەی بۆشتان ڕوون بێتەوە کە وایە ئێمە دوو ڕەخنەی زۆر بڵاو باسدەکەین لە سوودگەرایی لەم خاڵەدا. بەگشتی ڕەخنەگرانی سوودگەرایی هەڵەیەکی مەعریفی دەکەن کاتێک سوودگەرایی وەک ئامرازێکی کورتخایەن بۆ دۆخە خێراکان وێنا دەکەن. ئەخلاقیات لەم سیستەمەدا بینایەکی گشتگیرە، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری، پەرژینێکی پۆڵاینە و سوودگەرایی خۆی دایدەمەزرێنێت، مافەکان ئامرازێکی بەهێزن بۆ ڕێگریکردن لە ئازاری درێژخایەنی کۆمەڵگە. لەلایەنێکی ترەوە لە هەندێ کەسم بیست کە خەریکی فەلسەفەن کە سوودگەرایی جۆرێکە لە هەڵەی appeal to the majority! کە ئەمەش جێی پێکەنینە بەڕاستی. چونکە کەسەکە ئیدعایەکی ئیپیستیمۆلۆجی ناکات بڵێت زۆرینە وادەزانن کەواتە ڕاستە. بەڵکو ئەڵێت چێژی زۆرینە (کە بابەتێکی بانگەشەیی و مەعریفی نییە) پێوەرە بۆ زانینی باشە و خراپە. ئەم جۆرە هەڵە سادانە کە خەڵکی لەکاتی قسەی ڕۆژانە تێی دەکەوێت مەحاڵە فەیلەسوفێک وا ئاسان تێی بکەوێت. بەتایبەت لە پرۆژەیەکی گەورەی وەکو (دەربارەی ئازادی) جۆن ستیوارت میل. کە بێگومان توانا و کاتێکی باشی بۆ تەرخان کردووە. هەرکەسێکیش بە ئینسافەوە بڕوانێتە کتێبەکەی دەزانیت ئەو پیاوە زۆر بیری لەو بابەتە کردۆتەوە. وە دەبێ دان بەوەدا بندرێت کە سوودگەرایی باشترین تەفسیری ماددییە بۆ ئەخلاق.
ڕەخنەی یەکەم: ئەگەر پزیشکێک پێنج نەخۆشی هەبێت کە پێویستیان بە چاندنی ئەندامەکانە (دڵ، گورچیلە، جگەر)، گەنجێکی تەندروست بێتە نەخۆشخانەکە. ڕەخنەگران دەڵێن سودگەرایی ناچارە حوکم بدات بە کوشتنی گەنجە تەندروستەکە بۆ ڕزگارکردنی ئەو پێنج کەسە، چونکە ژیانی پێنج کەس لە ژیانی یەک کەس سودەکەی زیاترە.
وەڵام : ئەم ڕەخنەیە لەسەر تێگەیشتنێکی کورتخایەن بونیاد نراوە. سودگەرایی ڕاستەقینە سەیری دەرەنجامە درێژخایەن و لاوەکییەکان دەکات. ئەگەر پزیشکەکان ببنە بکوژ، سیستەمی تەندروستی متمانەی نامێنێت. خەڵک دەترسن سەردانی نەخۆشخانە بکەن. نەخۆشییە بچووکەکان دەبنە هۆی مردنی بەکۆمەڵ، ئازارێکی زەبەلاح و وێرانکەر باڵ بەسەر کۆمەڵگەدا دەکێشێت. هەروەها سوودگەرایی خۆی کوشتنی کەسە بێتاوانەکە قەدەغە دەکات، بەوەی ناوی لێندراوە پرێنسبڵی زیان. ئامانجەکە پاراستنی متمانەیە کە گەورەترین سەرچاوەی ئاسوودەییە.
ڕەخنەی دووەم: ڕەخنەگران دەڵێن سودگەرایی داواکارییەکانی زۆر قورسە. ئەگەر کڕینی قاوەیەک پارەکەی بتوانێت منداڵێک لە ئەفریقا لە برسیەتی ڕزگار بکات، تۆ بۆت نییە ئەو قاوەیە بخۆیتەوە. دەبێت هەموو سەروەتەکەت ببەخشیت تا دەگەیتە ئاستی ئەو هەژارانە. ئەمەش ژیانی تایبەتیی مرۆڤ وێران دەکات.
وەڵام: ئەگەر هەموو مرۆڤێک بەم شێوەیە دەستبەرداری ژیانی خۆی و ئاسوودەییەکەی ببێت، پاڵنەر بۆ کارکردن، داهێنان، و دروستکردنی سامانی ئابووری نامێنێت. سیستەمی ئابووری دادەڕمێت، توانای بەخشین و یارمەتیدانی هەژارانیش بە تەواوی لەناو دەچێت. هێشتنەوەی ئاستێکی بەرزی ئاسوودەیی کەسی، لە ڕووی ماتماتیکییەوە زەروورەتە بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت بەردەوام بێت لە بەرهەمهێنانی سوود بۆ دەوروبەرەکەی لە ماوەی درێژخایەندا.
ڕەخنەی سێیەم : لەڕاستیدا پرێنسبڵی زیان دژبەیەکی دروست دەکات لەنێوان یاساکە خۆیدا. چونکە دەڵێت مرۆ ئەبێت زۆرترین چێژ بداتە زۆرترین کەس، لەهەمان کاتدا رێگە لە زیانی زۆر بە کەمینە دەگرێت کە دەکرێت سەرچاوەی چێژێکی زۆربێت. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە یاساکە لەنێو خۆیدا دژبەیەکە.
وەڵام: ئەمە دژبەیەکی نییە بەڵکو اختصاص بوونی یاسایە. وەکو پێناسە کردنی لۆجیکی وایە. هەروەها وەکو پێشتر باسمان کرد : ئەم ڕەخنانە چوارچێوە دوورودرێژەکەی کۆمەڵگا نابینن کە وەکو ئەوەی لە خاڵی دووەمدا باسکرا. بۆیە هیچ دژبەیەکیەکی مەنتیقی لەو نێوەندەدا نییە.
٣. ڕەخنەی ماتماتیکی لە سوودگەرایی
گەشتینە ئەو خاڵەی کە تەواو باوەڕمان بەوەکرد ڕەخنە سەرپییەکانی ئەنتەرنێت و تەنانەت هەندێک لە کتێبەکانیش بەکەڵک ئەوە نایەن سوودگەرایی پێ ڕەتکەیتەوە. زۆربەشیان جۆرێکن لە هەڵە و نەیاری بێ بنەما بەرامبەر سوودگەرایی. ئێستا ئێمە هەوڵ دەدەین لەڕێی شیکاریەکانمانەوە وا لە سوودگەرایی بکەین بکەوێتە دژبەیەکەوە.
سوودگەرایی بانگەشەی ئەوە دەکات ئەگەر ئێمە کۆمەڵگا بکەینە ژمارە وا دابنێین دوو کۆمەڵگامان هەیە: یەکەمیان کۆمەڵگایەکە لە 10کەس پێکدێ هەر 10 کەسەو 50 جار دانە چێژ دەبینێ لە هەر ڕۆژێک دا. کۆمەڵگایەکی تریشمان هەیە لە هەر هەمان 10 کەس پێکدێ بەڵام هەرکەسەو رۆژانە 25 جار چێژ وەردەگرن. بە لۆژیکی سوودگەرایی کام لەم دوو کۆمەڵگایە باشترینن؟ بێگومان کۆمەڵگای یەکەم. چونکە ئەگەر 10 کەس هەریەکەی 50 جار چێژی هەبێت یەکسانە بە 500 چێژی ڕۆژانە. کۆمەڵگای دووەمیش 25 جار چێژی هەیە بۆیە یەکسان دەبێت بە 250 چێژی ڕۆژانە. کەواتە بەراوردکردنی ئەو دووکۆمەڵگایە بۆمان دەرکەوت کە سوودگەرایی کۆی چێژەکان حسێبەکا.
ئێستا با ئێمە کۆمەڵگای سێیەم بهێنینە ناو باسەکەوە : کۆمەڵگای سێیەم لە 750 کەس پێکدێ هەریەکەو ئەوەندە خراپ دەژیات ڕۆژی 1 چێژ دەبینێت. سەرەڕای ئەوەی ئەو چێژە بچوکە، بەڵام دەبێت کۆمەڵگای سێیەم لە کۆمەڵگای یەکەم و دووەم باشتر بێت! دەبینین چۆن بە ژمارەکردنی ئەخلاق و رێژەی چێژ وادەکات کە بگەینە دەرئەنجامی ئەوەی کۆمەڵگایەکی زۆری داڕماو زۆر باشترە لە کۆمەڵگایەکی کەمی جێگیر و چێژ وەرگر.
بەهۆی ئائەمەشەوەیە ئێستا سوودگەرا نوێیەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن دەبێت ناوەندی avarage لە کۆمەڵگادا زیاتر بێت تاوەکو بگەنە مەبەستەکە. بەڵام ئەوکاتە کێشەکانی کە ڕووبەڕووی میل دەبوونەوە و بۆ جێرمی بێنتامی چارەکرد دێتەوە ئارا. کاتێک تۆ ئامانجت تەنها هێشتنەوەی ناوەند Average بێت لە ئاستێکی بەرزدا، سیستەمەکە کوێر دەبێت لە ئاست سروشتی ئەو شتانەی زیاد دەکرێن. مێشکی مرۆڤ پەسەندی دەکات کۆمەڵێک کەس بهێنرێنە سەر زەوی کە ژیانێکی سادە و دڵخۆشیان هەیە، چونکە ئەمە خزمەتە بە ژیان. هاوکێشەی تێکڕا ئەمە ڕەتدەکاتەوە چونکە ڕێژە گشتییەکە دادەبەزێنێت. لە هەمان کاتدا، هاوکێشەکە ڕێگە بە دروستکردنی کەسانێک دەدات کە لە دۆزەخدان، چونکە ژمارەیان هێندە کەمە کاریگەرییەکی ئەوتۆ ناکەنە سەر ڕێژە گشتییەکە. ئەم لادانە لۆژیکییە دەسەلمێنێت کە مامەڵەکردن لەگەڵ ژیانی مرۆڤ وەک یەکەیەکی ژمارەیی، سیستەمە ئەخلاقییەکە لە ناوەوە دەڕووخێنێت.
جا ئەگەر کەسەکە بڵێت وەڵایی ئەمە زیانە و زیانیش خۆی لەخۆیدا رێگەپێنەدراوە، وەکو وتمان کە ئەوان باوەڕیان بە خراپ و چاکەی ناوخۆیی کردارەکان نییە بەڵکو دەرئەنجامەکانن خراپن، ئەوکاتە توشی دژبەیەک دەبێتەوە.
کۆتایی.