---

گاڵتەو گەپ بە دین بۆ؟ ئامانج چییە لێی؟


چەند ئاگاداریەکی پێشەکی:

ئاگاداری : پێش ئەوەی بیخوێنیتەوە بزانە ئەم پۆستە زۆر دوورو درێژە.

ئاگاداری 2 : بابەتی مێژوویی و سیاسی و فەلسەفی بەیەکەوە بەستراوەتەوە.

ئاگاداری 3 : دەبێت بۆ ئەوەی ئەوبابەتە بەجوانی هەزم بکەیت ، چەندجارێک بیخوێنیتەوە.

____

پێشەکی :

گاڵتەوگەپ چیە؟ بۆچی گاڵتەکردن بە دین ئاسایی دەکرێتەوە؟ دین چییە؟ کلتوور چییە؟ بۆچی دەیانەوێت دین و کلتوور بەیەکەوە ببەستێتەوە؟لەهەمووی گرنگتر "ئەوان" کێن؟

پێش ئەوەی دەستپێبکەین بە کرۆکی باسەکە، دەمەوێ وشەی "ئەوان" لەناو نوسینەکان ڕوونبکەمەوە. کاتێک ئێمە دەڵێین "ئەوان" مەبەست لێی پلانگێڕی نییە. بەڵکو یاسایەکی جیهانیە کە تێیدا کەسە نزمەکانی کۆمەڵگا (وەکو جوتیاران و جەنگاوەران) تێیدا جیگای چینێکی باڵا دەگرنەوە لە سەر ئاستی کۆمەڵگا. بۆیە "ئەوان" ئاماژەیە بۆ چینێکی کۆمەڵایەتی. نەوەکو دامەزراوەیەکی نهێنی.

"ئەوان" بۆ دەسەڵاتێکی بێ شوماریان هەیە؟

لەڕاستیدا، وانییە. ئەوان دەسەڵاتیان نییە. بەڵکو ئەوان بەهۆی شلۆقبوونی سیستەمێکی هەڕەمی (کە سیستەمێکە تێیدا هەرکەسەو بە ئاستی وجودی خۆیدا کاردەکات) دەسەڵاتیان گەشتۆتە لوتکە. دەنا چینی ژێرەوە، بەهۆی گۆڕینی دەسەڵات لە کوالێتیەوە بۆ کوانتێتێ. نەبێ ، نیانە. 

کەواتە : زانیمان کە ئەوان کێن. چینە نزمەکەی کۆمەڵگایەکی سروشتی. دەسەڵاتیشیان بەهۆی سەرکەوتنی حوکمی زەمەنیەوە بەدەستهێناوە. ئەگینا دەسەڵاتیان نییە.

بابەتی یەکەم : دین چییە؟!

ئەوەی لە دینەکاندا هەیە، بەگشتی گوزارشت لە کارێکی پوخت ناکەن. بەڵکو بیروباوەڕێکە دەربارەی گەردوون و هەموو هەبووەکان و سەرەتا و کۆتاییان. لە دروستبوونی تا کۆتاییەکەی. چیرۆکی وجودە. پێکهاتەی سەرەکی دین ڕووحیانەتەکەیەتی کە هەموو دینێک لەو خاڵەدا دەبێت بەیەک.

هیچ جیاوازیەک لەو ئاستەدا ، ناگونجێت بکرێت لە نێوانی مەسیحی و یەهودی و ئیسلام و بوزی و هیندۆسی و هەر دینێکی تر. هەموویان پێکهاتەی سەرەکیان بریتیە لە ڕووحیانەتی بوون و گەشتن بە باڵاترین پلەی حەقیقەت. ئەمە جەوهەری هەموو ئاینەکانە.

دەی کە جەوهەری هەموو ئاینەکان،بریتی نەبوو لە (چۆنییەتی) بریتی بوو لە (چییەتی). ئەوکاتە دیدگایەکی سەلامەت دەبێت بەرامبەر ئاین. کەواتە ئاین پێت ناڵێت - لە جەوهەری دا- چی بکەیت. بەڵکو چی هەیە.

لەدواییدا، لەگەڵ ئەو خاڵە جەوهەریە دا کە دینەکان کۆدەکاتەوە، هەر دینەو تایبەتمەندیەکی لاوەکی هەیە. کە وەکو هاوشانیک لەگەڵ دینەکە جیای دەکاتەوە. ئەویش کردارە ڕووحانیەکانن. ئەم کردارە ڕووحانیانە، بەرامبەر بە جۆری ئەو ئاستەیە لە حەقیقەت، کە ئاینەکە نیشانی دەدات. بۆیەش کردار لەگەڵی دا هاوچەشنە. نەک جیا ببێتەوە.

کەواتە، دین جۆرێکە لە تێگەشتن لە وجود، لەبەرامبەری دا ئەو تێگەشتنە، کۆمەڵێک کردار لەخۆی دەگرێت کە پێویستە.

بەڵام دیدی ئەوان چییە بۆ دین؟ بە پێچەوانەوەیە؛ وەکو وتمان، چینە نزمەکە کاتێک بەهۆی هەڵگەڕانەوەی هەڕەمی کۆمەڵگا؛ هەموو ئاستەکانی وجود و حەقیقەت دائەبەزێنێت بۆ ئاستی خۆی. کە ئاستی خۆی چەندیەتی و کرداریەکی پوختە، شەرعیەتی لە ئاستێکی وجودی باڵاوە وەرگرتبوو؛ بەهۆی ئەوەوە نەبوو بە چەندیەتی و کرداری پوخت لەسەر ئاستی باڵای وجودی دا.

جا هەوڵی ئەم چینە، بۆ ئەوەیە کە هەموو شتێکی وجود، بێتە ئاستی ئەوانەوە. واتا ئاستی چەندیەتی و کرداری پوخت. بۆیەش پێناسەی ئەوان بۆ دین (ئەگەر بە ئاشکرا بیڵێن یان شاراوە) بریتیە لە کۆمەڵێک کردار و خوو، کە شەرعیەت پێدانی پاڵیان ناون بۆ دروستکردنی چیرۆک و بەسەرهات دەربارەی حەقیقەت ناویشیان لێناوە دین.

بۆیە دەبینین، بێ بڕوایانی نوێ کاردەکەن لەسەر گاڵتەجاڕیەک، کە دەربارەی کردارە ڕووحیەکانە. کەستان بینیوە لەوانە ڕەخنە لە عەقیدە بنچینەییەکان بگرن ؟ بێگومان نەخێر. زۆرینەی ڕەخنە لە ئاینەکان بەتایبەت مەسیحی و ئیسلام، ڕەخنەیە لە بابەتە پڕاکتیکیەکان. 

بابەتی دووەم: کەواتە کلتوور چییە؟!

کەوایە لەوە تێگەشتین کە دین چییە. بۆشمان دەرکەوت ئەوان چۆن دەیبینن. بەڵام ئەی کلتوور چییە؟ لە حەقیقەتدا هەر میلەتێک بەهۆی زمانەوە، کۆمەڵێک تێگەشتنی تایبەتی هەیە سەبارەت بە کردەوە ڕووحانیەکان، ئەم تێگەشتنەش لە جیهانی ماددە دا ڕەنگ دەداتەوە. دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵە کردارێکی تایبەت دروست ببێت، کە ئەم میللەتە لە میلەتی دیکە جیا بکاتەوە.

بەهۆی ئەمەوەیە کۆمەڵێک کرداری بەڕواڵەت "نادینی" دەبینین لە گەلاندا. وەکو شێوازی پۆشاک، ئەدەبیات و ڕەوانبێژی ، ڕێز و شکۆ دان بە کەسانێک. لەڕاستیدا ئەو کردەوانە "نادینی" نین. بەڵکو ڕەنگدانەوەی تێگەشتن و پلەبەندیەکی سروشتین بۆ دین. 

بۆنمونە، سروشتی کەسانی ئەوروپی هەمەڕەنگە. بەڵام. سروشتی کەسایەتی عەرەبی یەکڕەنگە. بۆیەش کەسی ئەورووپی، گرنگیان بە فرەچەشنی ڕەنگەکان داوە لە کڵێساکاندا. بەڵام لە لای موسوڵمانانی عەرەب، ئەو فرەڕەنگیە نابینی لە مزگەوتەکان. ئەم جۆرە طەبعە، باش و خراپی، بەشێوەیەکی جیاجیا بەسەر گەلان دابەش بووە. هەندێک گەل هەیە "پیسی" بە بەشێک لە پاکیەتی و سروشت دائەنێ.

ئەمە هەمووی تێکەڵبوونی طەبعی مرۆڤە، لەگەڵ جیهانبینیەکی ڕووحانی دا. بۆیە کاتێک باسی کلتوور دەکەین، وادەزانین کە باسی ئاستێکی نادینی دەکەین. لەبەر ئەوەی لەلای ئێمە (لەجیهانی ماددەدا) تەنها ئاکارە مادییەکانی دەبینین. ئەمەش گوناحەیەکە لە گوناحەکانی سروشتگەرایی.

بەلام کاتێک وردتر لە باسەکان دەڕوانین، خودی ئەو طەبعە، لەگەڵ گۆڕینی جیهانبینی و دینی کەسەکە، دووبارە ئاماژەکانی دەردەکەوێتەوە. کاتێک کە هەر میللەتێک بۆماوەیەکی زۆر تێکەڵ دەبێت لەگەل دینێکی دیاریکراو، ئەم باسە وەکو "خوو"ێکی کۆمەڵایەتی دەمێنێتەوە. کە پێی دەڵێین کلتوور.

بابەتی سێیەم: بۆچی "ئەوان" دین و کلتوور بەیەکەوە دەبەستنەوە؟

وەکو پێشتر ئاماژەمان پێی دا، لە ئاستی ئەو چینە کۆمەڵایەتیەی کە باڵادەستن. ڕەگو ڕیشەیەکی قوڵ هەیە بۆ گەڕاندنەوەی بابەتە دینی و فەلسەفیەکان بۆ بابەتە کرداریەکان. بۆیەشە نیچە دەڵێت / هەموو فەیلەسوفێک کاریگەری نەریتی کۆمەڵگاکەی لەسەرە. بەڕای ئەو، کۆمەڵگا و ڕەفتارەکانی کاری کردۆتە سەر بیرکردنەوە و ئاراستەی بیرکردنەوەی گۆڕیون.

ئەمە یەکێکە لەو بنەمایانەی کە ئەم چینە، باوەڕێکی پتەوی پێ هەیە. بەلای ئەوانەوە وادیارە، کە حەقیقەتی باسەکان کاریگەر نین بەسەرمانەوە. بەڵکو ئێمە کاریگەری دەخەینە سەر حەقیقەت. بۆیەش ڕەفتار و کردارەکانی چواردەورمان، حەقیقەت دەگۆڕێ لەلامان. چ بەهۆی ترسەوە یان هەر بابەتێکی دەروونی کە بۆی دەگەڕێنەوە.

بۆیە کاتێک ئەوان دین و کلتوور دەبەستنەوە بەیەک، بەڕای ئەوان کلتوور لەپێش دین هەبووە. وەکو بنەمایەکی پەرەسەندن و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی سەیری دەکەن. مرۆڤ کۆمەڵێک کرداری سەرەتایی هەبووە وەکو کلتوورێک، پاشان دینی بەپێی ئەو کردارانە داڕشتووە. ئەم کردارانەش هەڕەمەکی نین. بەڵکو بەهۆی شوێن و ناوچە جوگرافیەکەی پێی دراوە.

لێرەدا، جۆرێک لە گەوجیەتی دەردەکەوێت، چونکە بیرکردنەوە هەرچەند خێرا و هەستپێنەکراو بێت. لەگەل هەر کردارێک بوونی هەیە. بەڵام ئەوەش دادمان نادات، چونکە بەلای ئەوانەوە مرۆڤ سەرەتایی بووە و ئەو هێزە بیرکردنەوەی ئێستای نییە.

کەواتە هەموو دیدگای ئەوان دەربارەی جیهان، گەڕایەوە بۆ دیدگا بەرامبەر مرۆڤ. لێرەوە گرنگی "ئادەمی" بوون لەجیاتی "هۆمۆ" بوون دەردەکەوێت.

بابەتی چوارەم : گاڵتەو گەپ چییە.؟! 

بەپێی ئەوەی ئێمە بیرکردنەوەمان لەسەر بازنەیەکی دینی دائەمەزرێنین. هیچ زیانی نییە بۆ ئەو باسە بگەڕێینەوە سەر دەقە ئاینییەکان. 

لەوانەش وتەی خوای گەورە : وَإِذْ قَالَ مُوسَىٰ لِقَوْمِهِ إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُكُمْ أَن تَذْبَحُوا بَقَرَةً ۖ قَالُوا أَتَتَّخِذُنَا هُزُوًا ۖ قَالَ أَعُوذُ بِاللَّهِ أَنْ أَكُونَ مِنَ الْجَاهِلِينَ

کاتێک پێغەمبەر موسا علیه السلام، بە قەومی خۆی وت : خوای گەورە فرمانتان پێدەکات مانگایەک سەرببڕن، پێیان وت : ئەی موسا (علیه السلام) گاڵتەمان پێدەکەی؟ ئەویش فەرمووی : پەنا دەگرم لە خوا کە یەکێک بم لە نەزانەکان.

گاڵتەوگەپ ، خۆشی ژیان، هەموو ئەوانە شتانێکن نە بۆخۆیان باشن نە بۆخۆیان خراپن. بەڵام ئایە چین؟ گاڵتەوگەپ دووجۆرە ، یەکەمیان : شێوازێکی یاریکردنە بە وشە و رستە کەوا، جۆرێک لە چێژ لە حەقیقەت پشان دەدات. چ بەبەسەرهات ، چ بە شێوازی گۆڕینی وشە، چ بە بەیانکردنی حاڵەتێک کە جێگای پێکەنینە. ئەمەیان لە زۆربەی کاتەکاندا کێشەیەکی ئەوتۆی نییە. بگرە، لەلایەنە ئاینیەکەیەوە شتێکی باشە.

بەڵام کاتێک دەڕۆینە شێوازی دووەم ، بەهەمان شێوە نییە. ئەم جۆرە گاڵتەپێکردنە لە ڕووی ئاستەکانەوە ڕووئەدات. واتا شتێک جێگای میتافیزیکی خۆی دەگۆڕیت. ئەم جۆرە گاڵتەپێکردنەیە کە موسا علیه السلام پێی ئەڵێ جەهالەت. چونکە کاتێک باسی خودا دەکەیت، هەموو جۆرە گالتەوگەپێک هێنانە خوارەوەی مەرتەبەی خودایە لەناو هزرت. خوداش ئەو بوونەیە کە هیچ لەسەروو ئەوەوە نییە.

ئەم جۆرە دەکرێ ناوی لێ بنێین سوکایەتی. چونکە قورسایی حەقیقی باسەکان ، دائەگرێتە ئاستیکی نزمەوە. بۆیە ئەمجۆرە گالتە پێکردنەیە ، کە ڕیشەی کۆمەلگا پێچەوانە دەکاتەوە. بۆیەش نیچە و فەیلەسوفانی پۆست مۆدێرنە، گرنگیەکی یەکجار زۆر دەدەن بە گاڵتەپێکردن. 

ناواخنی باسەکە : بۆچی گالتەکردن بە دین ئاسایی دەکرێتەوە.؟

ئەگەر ئاراستەی نوسینەکەم بە فیترەتی خۆت تائێستا زانیوە. ئەم باشە زیاتر وەکو پێداچوونەوەیەکە بۆت. ئەگەریش ئاگادار نەبیت، ڕاستەوخۆ دەست دەدەمە دڵی بابەتەکە. گاڵتەپێکردن بەشێکە لە دابەزاندنی حەقیقەت. وەکو وتیشمان چینە نزمەکە دوای ئەوەی چەندیەتی و کردار زاڵبوو. دەیانەوێ هەموو شتێک بهێننە ئەو ئاستەوە. لەسەرووی ئەم ئاستەوە هیچ بوونی نییە. لەژێریشەوە هیچ بوونی نییە. کەواتە : خودایەکی خالق کە ئەم دینە کرداریەی چینە نزمەکە پێی وایە بەهۆی پەرەسەندنی مرۆڤەوە هاتووەتە بوونەوە، بوونی نییە. بۆیەش ئەوان ناڕەحەتن بەوەی مرۆڤانێک ، وتە و کردارێک بە بەرزتر دەزانن لە ئاستی خۆیان. ئەوان، دەیانەوێ نیشانی بدەن، کەوا یەکسانن لەگەڵ کایە دینییەکان. لەکاتێکدا ئەگەر باوەڕیشمان بە پێشکەوتنی مرۆڤ هەبێ، مەرج نییە وابێت.

ئەم کردارە پێی ئەوترێ Deconstruction تفکیک. سەرەتا تیۆریەکی زمانی بوو. دواتر بوو بە سیاسی لەلایەن داهێنەرەکەیەوە. کە هەموو جۆرە هەڕەمێکی وجوودی ، تێک دەشکێنێ ، بەڵام سەرەتا پێچەوانەی دەکاتەوە بە شێوەیەکی سوکایەتی. وەکو ژنسالاری. کەوا دیارە ئایدیایەکی گاڵتەپێکردنە بە پیاوسالاری. نەوەک بیروباوەڕێکی حەقیقی.

لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت، لای ئەوان، یەک چین، یەک شێواز یەک ڕاستی هەیە. کە لە کۆتاییدا ، دەبێتە ڕاستیەکی خودی و مانا بۆ حەق و باطڵ ناهێڵێتەوە. بە شێوەیەک کەوا کاتێک من ئەوە دەنوسم. پۆستمۆدێرنە دەتوانێ مانایەکی تێدا دروست بکات، کە هەرگیز مەبەستم نەبووە. چونکە ئەگەر"من" وەکو نوسەر دەسەڵاتی ئەوەم بەسەرتان هەبێ کە مانای نوسینێک دیاری بکەن. ئەوە جۆرێکە لە دیکتاتۆریەت و سنوردارکردنی ئازادی و هەڕەمێکی وجودی دروست دەکات کە من لە سەرەوەم ئێوەش لە خوارەوە. بەم شێوەیەش گاڵتەپێکردنیان بۆخۆیان دەگەڕێتەوە.

(اللَّهُ يَسْتَهْزِئُ بِهِمْ وَيَمُدُّهُمْ فِي طُغْيَانِهِمْ يَعْمَهُونَ).