---

​ماهییەت لەو ڕووەوە کە خۆیەتی، تەنها خۆیەتی (الماهية من حيث هي ليست إلا هي)


پێشەکی:
ماهیەت لەڕووی ئەوەی کە خۆیەتی تەنها خۆیەتی. ئەمە بابەتێکە پەیوەستە بە حەقیقەتی شتەکانەوە. پێویستیەکەشی لە زۆرێک بابەتەکانی فەلسەفەی مۆدێرنەوە دەردەکەوێت. بۆنمونە کانت وتی ئێمە تەنها دیاردەکان دەبینین، ناتوانین دەستمان بگات بە ماهییەتی شتەکان (Noumena). ئەو وایزانی ماهییەت شتێکی شاراوەیە لە پشت پەردەیەکەوە. کانت تێنەگەیشت کە ماهییەت (لەو ڕووەوە کە خۆیەتی) تاریکە، بەڵام کاتێک وجودی پێ دەبەخشرێت، دەبێتە دیار (متجل). بوون (الوجود) بریتییە لە دەرکەوتن (الظهور). کاتێک شتێک "هەیە"، ئیتر شتەکە لە خودی خۆیدا دیارە! کانت ماهییەتی لە وجود دابڕی، وایزانی دەکرێت شتێک (هەبێت) بەڵام (نەزانرێت). ئەمە سەفسەتەیە. ئەگەر ماهییەت تەنها ماهییەت بێت، بوونی نییە تا باسی بکەین. ئەگەر بوونیشی هەبێت، کەواتە دەرکەوتووە (ظاهر) بە قەدەر بەشی وجودەکەی. 

سەرەتا دەبێت لەو ڕوکنە بنچینەییە تێبگەین کە دەڵێت: (الماهية من حيث هي ليست إلا هي). ئەمە ڕستەیەکە هەرچەندە کورتە، بەڵام بڕبڕەی پشتی زۆرێک لە بابەتەکانی مەنتيق و میتافیزیکە. هەندێک هەن بەهەڵە لەو باسە تێدەگەن وەکو ئەوەی کە هیچ حیکمەتێکی لە پشتەوە نەبێت. بەڵام هەڵە لەم باسە سەرەتاییە دەشێ زۆر عاقیبەتی خراپی هەبێت. 

بۆ ئەوەی جوانتر لەو بابەتە تێبگەین، ئەبێ بچینە لای مەلا شەمسای گەیلانی، کە ڕوونی دەکاتەوە ئەم باسە (کاتێک هەڵەیان تێداکردووە) لەسەری وجودی زەینیان ئیسبات کردووە. 

مەلا شەمسا دەڵێت :


لێکۆڵەرەوان (المحققين) قەولیان بە بوونی زەینی داوە و سەلماندوویانە، وە وتوویانە کە شتەکان وجودێکیان هەیە بە نەفسی خۆیان لەناو زەیندا. هەروەها جەختیان کردۆتەوە کە عەرەزیات لە پلە و مەرتەبەی زات و زاتیاتدا نین، چونکە بەپێی ئەو بنەما نەگۆڕەی کە دەڵێت: ماهییەت لەو ڕووەوە کە خۆیەتی تەنها خۆیەتی (الماهية من حيث هي ليست إلا هي)؛ کەواتە مەرتەبەی ماهییەت لەو ڕووەوە کە خۆیەتی، سادق نییە بەسەریدا مەگەر زات و زاتیات نەبێت.
کەواتە هەموو عەرەزیات لەو مەرتەبەیەدا کازیبە و هەڵەن. بۆیە سەلبی عەرەزیات لەو مەرتەبە عەقڵییەدا سادق و دروست دەردەچێت، تەنانەت (وجودی ئیزافی)ـیش لەوێدا سەلب دەکرێتەوە، چونکە لەو مەرتەبەیەدا دەکرێت جیاکاری بکرێت لە نێوان ماهییەت و بوونەکەیدا، وە لە نێوان مەعرووز کە ماهییەتە و عاریز کە وجودە.


ئیسباتکردنی ئەم مەرتەبە عەقڵییە زەروورییە بۆ سەلماندنی زۆرێک لە حوکمەکان، هەروەک چۆن ئیسباتکردنی وجودی زەینی زەروورییە بۆ زۆرێک لە حوکمە عەقڵییەکان.

تێبینی// لەدواتر دا هەمان باس دێتەوە سەر ڕێ کە حوکمە عەقڵیەکانیش وەکو ماهیەت وان لەڕووی خۆیانەوە تەنها خۆیانن. 


لەو مەرتەبەیەدا، سەلبی عەرەزیات بە (سەلبی بەسیت)ـی تەحسیلی سادق دەردەچێت، نەک بە (سەلبی عەدولی). چونکە سەلبی عەدولی دەگەڕێتەوە بۆ بەستنەوەی سەلب (ربط السلب)، نەک سەلبی ڕەبت (سلب الربط).
لەبەر ئەوەی لە مەرتەبەی ماهییەتدا لەو ڕووەوە کە خۆیەتی، هیچ سادق نییە مەگەر ئەوە نەبێت کە داخڵی قەوامی ماهییەتەکەیە یان عەینی ماهییەتەکەیە، کەواتە هیچ سادق نییە بۆ ئەوەی کە خاریجە لە ماهییەت لەو ڕووەوە کە خۆیەتی لەو مەرتەبەیەدا. چونکە زاتیات و عەرەزیات تەنها کاتێک لەلای عەقڵ لێک جیا دەکرێنەوە لەو مەرتەبەیەدا کە بریتییە لە ئاوڕدانەوەی عەقڵ بۆ زات بە تەنها بەبێ عەرەزیات. ئاوڕدانەوەش نابێت مەگەر بۆ وجودی زەینی نەبێت، لێرەوە وجود جێگیر دەبێت و زەرفی جیاکاری نێوان زاتیات و عەرەزیات دەچەسپێت.


کەواتە هەموو عەرەزیات و ئەو امورانەی کە خاریجن لە ماهییەت -چ اموراتی وجودی بن یان اموراتی عەدەم- لە مەرتەبەی ماهییەتدا لەو ڕووەوە کە خۆیەتی، کازیبە و نادروستن. هیچ یەکێک لەوانە سابت نین بۆ ماهییەت لە مەرتەبەی ماهییەتدا. مادام هیچ یەکێک لەوانە سابت نەبوون لەو مەرتەبەیەدا، کەواتە لەوێدا مەعدومن، چونکە هیچ واسیطەیەک نییە لە نێوان وجود و عەدەمی حەقیقی.


ئەگەر هەموویان لەو مەرتەبەیەدا مەعدوم بن، ئەوا پێویست دەکات (سەلبی) ئەو امورە خاریجیانە لەو مەرتەبەیەدا بە (سەلبی بەسیت) سادق و ڕاست بێت؛ چونکە ئەو سەلبە تەنها بریتییە لە نەبوونی ئەو امورانە لەو مەرتەبەیەدا. فەرزیش ئەوەیە کە عەدەمی ئەو امورانە واقعە لەو مەرتەبەیەدا، بۆیە سەلبی بەسیت لەو مەرتەبەیەدا بەبێ هیچ گومانێک سادقە.
بەو تەحقیقەی کردمان، ئەو وەهمە ڕەت دەبێتەوە کە پێی وایە هەڵگیرانی نەقیزەین (ارتفاع النقيضين) لە مەرتەبەیەکدا جاییزە. کاتێکیش سادق بوونی سەلبی بەسیت لەو مەرتەبەیەدا جێگیر بوو، ئیلزام دەکات بەوەی کە ماهییەت -لەو ڕووەوە کە خۆیەتی- جیایە (منفك) لە هەموو شوێنەوارە (ئاسارە) خاریجییەکان لەو مەرتەبەیەدا، هەرچەندە لە نەفسی ئەمردا (نفس الأمر) و بە شێوازێکی تر لە شێوازەکانی وجود، لێیان جیا نەبێتەوە و تێکەڵیان بێت.

ئایە ئەم مەرتەبەیە وجودی زەینیە؟
ئەم دەقەی سەرەوە، هەرچەندە بە ڕواڵەت وردبینییەکی فەلسەفی تێدایە، بەڵام لە ناواخندا هەڵگری گەورەترین نەخۆشیی فکری مرۆڤە: ئەویش بریتییە لە جیاکردنەوەی (زەین) لە (وجود) و کردنی زەین بە دەفرێکی سەربەخۆ. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە دەرهاویشتەی (ئیگۆ)یەکی هەڵاوساوە کە دەیەوێت خۆی بکاتە سەنتەری گەردوون و حەقیقەتەکان لەناو کاسەسەری خۆیدا زیندانی بکات.

پێشتر باسی ئەو کێشانەمان کردووە کە تووشی وجودی زەینی دەبێتەوە دووبارەی دەکەینەوە : 


​یەکەم: زەین بەشێکە لە وجود، نەک بەرامبەری وجود

نووسەر دەڵێت: "لێکۆڵەرەوان قەوڵیان بە بوونی زەینی داوە."

ئێمە دەپرسین: ئایا زەین خۆی چییە؟ ئایا زەین شتێکە لە دەرەوەی بازنەی وجود؟ زەین خۆی پلەیەکە لە پلەکانی وجود. کاتێک ئێمە باسی (وجود) دەکەین، باسی حەقیقەتێکی ڕەها دەکەین کە هەموو شتێک دەگرێتەوە. دانانی جیاکاری لە نێوان "وجودی دەرەکی" و "وجودی زەینی" بەو شێوازەی کە زەین بکاتە جیهانێکی داخراوی سەربەخۆ، جۆرێکە لە شیرکی شاراوە. زەین ئاوێنەیەکە لە ناو وجوددا، نەک خالقێک لە بەرامبەر وجوددا.


​دووەم: ماهییەت حەقیقەتێکی دەرەکییە، نەک دەستکردێکی زەینی

دەقەکە دەڵێت: "مەرتەبەی ماهییەت... تەنها لەڕێی ئاوڕدانەوەی عەقڵەوە جیا دەکرێتەوە."

ئەمە لوتکەی بە بچووک سەیرکردنی حەقیقەتە. ئایا ئێوە پێتان وایە (ماهییەتی شتەکان) چاوەڕێی ئەوەن جەنابی مرۆڤ بیریان لێ بکاتەوە تا جیا ببنەوە؟

مەرتەبەی ماهییەت (المرتبة الماهوية) پەیوەندی بە (زەینی مرۆڤ)ـەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە (نەفسی ئەمر) و (عیللی ئیلاهی)ـیەوە هەیە. ماهییەتەکان هەمان ئەو (ئەعیانی سابیتە)ن لە زانستی خودادا. ئەوان لەو مەرتەبە بەرزەدا جیاواز و دیاریکراون، پێش ئەوەی هیچ عەقڵێکی مرۆیی دروست ببێت تا "ئاوڕیان لێ بداتەوە".
گواستنەوەی ئەم حەقیقەتە باڵایە (کە لە عیلمی خودادایە) بۆ ناو "زەینی مرۆڤ"، دابەزاندنی پیرۆزییە بۆ ئاستی وەهم.


​سێیەم: ئیگۆی هەڵاوساو و داگیرکردنی مانا

ئەوەی ئەم فەیلەسوفانە دەیکەن، کەلێنێکە بۆ ئەوەی مرۆڤ بکەنە پێوەر. مادام من لە زەینی خۆمدا جیاکاری دەکەم، کەواتە ئەم جیاکارییە تەنها لە زەینی مندایە.

نەخێر! جیاکارییەکە لە واقیعدایە. عەقڵی تۆ تەنها کاشفە، تەنها دۆزەرەوەیە، نەک داهێنەر. کاتێک تۆ دەڵێیت مرۆڤ جیاوازە لە بەرد، ئەم جیاوازییە لە زەینی تۆدا دروست نەبووە، بەڵکو ئەمە حەقیقەتێکی ئەزەلییە لە سیستەمی بووندا. دانانی لە زەیندا تەنها هەڵاوسانی نەفسە کە دەیەوێت بڵێت: "منم حەقیقەتەکان ڕێک دەخەم". 
 


واتای ماهیەت خۆبوون چییە؟
واتا کاتێک عەقڵ سەیری (چییەتی) شتێک دەکات، بێ گوێدانە ئەوەی ئەو شتە لە دەرەوە بوونی هەیە یان نا، تەنها سەیری خودی پێناسەکەی دەکات.
بۆ نموونە: (مرۆڤ). کاتێک دەڵێین مرۆڤ "ئاژەڵێکی ناتیقە"، لێرەدا مەرج نییە مرۆڤ بوونی هەبێت. دەکرێت مرۆڤ هەر نەبێت، بەڵام پێناسەکەی هەر "ئاژەڵێکی ناتیقە".

ماهییەت (Quiddity) لە حد و سنوری خۆیدا، نە بوونی تێدایە و نە نەبوون. ئەو بێلایەنە (لا بشرط). وەک وێنەیەک وایە لە خەیاڵدا. دەکرێت ببێتە ڕاستی و دەکرێت هەر لە خەیاڵدا بمێنێتەوە.

فەیاضي دەڵێت: بەڵکو ئەمە بۆ هەر شتێک ڕاستە کە غەیری (وجود) و (عەدەم) بێت. جا هەر شتێک کە دابنرێت -جگە لە وجود و عەدەم- ئەوا خاڵییە لە وجود و عەدەم، چونکە وجود یان عەدەم لە پێناسە و حەددەکەیدا وەرنەگیراوە. هەروەک چۆن (مرۆڤ) لە حەددی زاتی خۆیدا خاڵییە لە وجود و عەدەم، بە هەمان شێوە (عیللە - هۆکار) و (وەحدەت - یەکێتی) و تەواوی مەعقولاتی دووەمی فەلسەفی و مەنتقیش بەو شێوەیەن.

پوختەی کەلام: ئەگەر تەنها ئەوەی کە شتێک خاڵی بێت لە وجود و عەدەم (بەو مانایەی وجود یان عەدەم لە زاتیدا وەرنەگیرا بێت) بەس بێت بۆ ئەوەی وەسف بکرێت بە (ئیمکان) و هۆکار بێت بۆی، کەواتە هەر شتێک کە غەیری وجود و عەدەم بێت، خاڵییە لەو دووانە و دەبێت وەسف بکرێت بە ئیمکان. ئەمەش تەنها تایبەت نییە بە ماهییەت. کەواتە ئەوەی هاتووە کە "ماهییەت لەو ڕووەوە کە خۆیەتی تەنها خۆیەتی"، هەرچەندە قسەیەکی دروستە، بەڵام ئەم حوکمە تەنها تایبەت نییە بە ماهییەت، بەڵکو هەر شتێک کە دایبنێیت، لەو ڕووەوە کە خۆیەتی نابێت بە هیچی تر جگە لە خۆی.

ئەم بێلایەنییە تەنها تایبەت نییە بە ماهییەتەکان (وەک مرۆڤ و دار و بەرد). بەڵکو هەموو شتێک کە (وجود) و (عەدەم) نییە، هەمان حوکمی هەیە.
تەنانەت چەمکە فەلسەفی و مەنتقییەکانیش (المعقولات الثانية)، وەک (هۆکارێتی - العلية)، (یەکێتی - الوحدة)، (ئیمکان - الإمكان). ئەمانەش لە زاتی خۆیاندا نە بوونن و نە نەبوون.
ئەمە گورزێکی بەهێزە. فەییاز دەیەوێت بڵێت: ئەگەر تەنها "خاڵی بوون لە وجود و عەدەم" بەس بێت بۆ ئەوەی شتێک ببێتە (مومکین)، ئەوا دەبێت چەمکە مەنتقییەکانیش ببنە مومکینێکی دەرەکی!


ئەم قسەیە دەمانباتە بەر دەرگای ئەوەی دان بەوەدا بنێین کە (وجود) شتێکە و هەموو ئەوانی تر (چی دەبێت با ببێت) شتێکی ترن. هەموو ئەوانی تر تاریکن، تەنها وجود نوورە.


مەلا سەدرا دەڵێت :

​"بۆ ڕوونکردنەوە و ئاگادارکردنەوە، شتەکە یان ماهییەتە یان وجود (چونکە مەبەست لە ماهییەت لێرەدا غەیری وجودە). جا دەڵێین: هەر شتێک کە (غەیری وجود) بێت، هەرچەندە دەکرێت ببێتە هۆکار بۆ سیفەتێکی تر، بەڵام ناکرێت ببێتە هۆکار بۆ بوونی خۆی (سببا لوجوده). چونکە هۆکار لە بووندا پێش دەکەوێت (متقدم بالوجود)، و هیچ شتێکیش نییە لە بووندا پێش (وجود) خۆی بکەوێت.
ئەمەش ئاگادارکردنەوەیە لەسەر ئەوەی کە (واجب الوجود) غەیری وجود نییە. چونکە ئەوەی غەیری وجود بێت ناکرێت هۆکار بێت بۆ بوونی خۆی، کەواتە بە زاتی خۆی مەوجود نابێت، کەواتە نابێتە واجب الوجود. بەڵکو (واجب الوجود) بریتییە لەو (وجود)ـەی کە بە زاتی خۆی مەوجودە."


وجودی مومکینات (وەک من و تۆ)، تێکەڵە نییە لە وجود و عەدەم بەو مانایەی کە وجودەکە خۆی عەدەمی تێدا بێت. نەخێر! وجود هەر وجودە. بەڵام من و تۆ "سنووردارین". ئەو سنوورە، ئەو لاوازییە، ئەو ماهییەتەیە کە بۆنی عەدەمی لێ دێت. نەک ئەوەی خودی وجودەکە پیس بووبێت بە عەدەم.
فەییازی کاتێک ویستی لە (وەحدەتی وجود) ڕابکات، کەوتە ناو چاڵی (کۆکردنەوەی دژەکان - اجتماع النقيضين). ئەمەش سزای ئەو کەسەیە کە عەقڵ بەکار دەهێنێت بۆ لێدان لە زەوقی عیرفانی، نەک بۆ تێگەیشتن لێی.

دەرئەنجام

ماهیەت ڕاستە کە خۆیەتی و هیچی تر نییە. ئەمەش بێگومان ئاماژە بە وەحدەت دەدات. بۆیە هەڵەکردن و هەڵە تێگەشتن لە مانای ئەوەی ماهیەت هەر خۆیەتی لەڕووی ئەوەی خۆیەتی. کارەساتبارە و پێویستی بە تێگەشتن هەیە.