---

کێشەی مەنهەجی لە ڕەتکردنەوەی حەددی مورتەد: وەهمی عەقڵ و سەفسەتەی نوێ


پێشەکی

زۆرێکن لەوانەی کە دەیانەوێ لەژێر ئاڵای ڕۆژئاوادا، جۆرێک لە نیۆ ئیسلامیزم پەیڕەو بکرێت. ئەو نیۆ ئیسلامیزمە ، جۆرێکە لە جۆرەکانی سەفسەتە و ڕەتکردنەوەی واقیع، گەڕاندنەوەی تێگەشتن بۆ تێگەشتنی جەماوەری، نەک تێگەشتنی حەکیمانە. 

لەکاتێکدا ڕەمزەکانی نیۆ ئیسلامیزم وەکو کەسانی باقو بریق دەردەکەون. وەکو عەدنان ابراهيم و حەسەن فەڕحان و کەمال حەیدەری و ئەوانەی لە سایەی بیرکردنەوەی "ڕۆشنگەری" سەیری دەقە ئاینیەکان دەکەن. 


کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەم "ڕۆشنبیرە" ئیسلامییە مۆدێرنانە، کێشەیەکی فیقهی نییە لەسەر مەسەلەیەکی فەرعی. بەڵکو کێشەیەکی "وجودییە" لەسەر خودی چەمکی دینداری.


ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات، هەوڵێکە بۆ بەپرۆتێستانتی کردنی ئیسلام. پرۆسەیەکە بۆ داماڵینی ئیسلام لە سام و هەیبەتـە ئیلاهییەکەی، و گۆڕینی بۆ دینێکی ڕەمزی و ناوزەند کراو بە ئاین، کە گونجاو لەگەڵ ستانداردەکانی مافی مرۆڤی ڕۆژئاوایی، نەک لە پێناو بەڵگەیەک! بەڵکو لەپێناو خۆگونجاندن لەگەڵ شارستانیەتێک کە هیچ دەسەڵاتێکی دینی قبوڵ نییە.

کێشەی ئەم جۆرە دینداریە بە کورتی و پوختی بریتیە لەوەی دیندار لەم حاڵەتەدا خۆی خوای خۆیەتی و خۆشی پێغەمبەری خۆیەتی. ناگونجێت خاوەن دینێک بیت، بە سودفە هەموو ئاکارەکانی ئەو دینە پێچەوانەی مەسیحی و ئێزیدی و یەهودی و یارسانی و هەموو دینەکانی مێژوو، لەگەڵ بەها مرۆییەکانی سەدەی بیستویەک یەک بگرێتەوە. 

لەکاتێکدا تۆ دەتوانی گونجاندن بکەیت بۆ ئیسلام و ستراکچەری گشتی بهێڵیتەوە، ناتوانی دینەکانی تر دەستێوەردەی و ئەو حەقیقەتەی کە ئەمانیش دژی ئەو دیاردە مۆدێرنەن. ئەمە وەکو ڕینیە گینۆن باسی کردووە یەکێکە لە نیشانەکانی سەردەمی چەندێتی. تێیدا هەموو سومبولەکان پێچەوانە دەبنەوە. 


تۆ لەجیاتی ئەوەی مەحکوم بیت بە حەقیقەتی دینەکە ، دینەکە مەحکومە بە ئیرادە و ویستی تۆ! ئەمە نەگونجاوە بۆ هەرکەسێک عەقڵمەند بێت. تۆ دینێک دروست دەکەیت کە شوێن تۆ دەکەوێت. وەکو براهماکان دەیانوت ، ئەگەر دین وەکو عەقڵ بێت ئەوە یەکێکیان زیادەیە! 


ئەم ڕۆشنبیرانە، کاتێک دێن حەددی مورتەد ڕەت دەکەنەوە، لەبەر ئەوە نییە کە بەڵگەی شەرعییان پێیە. نەخێر. بەڵکو لەبەر ئەوەیە تووشی "شکستێکی دەروونی" (Psychological Defeat) بوون بەرامبەر شارستانیەتی زاڵی ڕۆژئاوا.


ئەوان شەرم ئەکەن. شەرم ئەکەن لەوەی دینەکەیان سزای تێدابێت کە لەگەڵ زەوقی "لیبڕاڵیزم" نەیەتەوە. بۆیە دێن پەنا ئەبەنە بەر جۆرێک لە "سەفسەتەی شەرعی".


ئەم سەفسەتەیە کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی "مەنهەج" ئەکات. دێن "عەقڵ" (کە مەبەستیان عەقڵی حەداثەیە، نەک عەقڵی بورهانی) ئەکەنە حاکم بەسەر "وەحی"ـدا.
دێن چەمکی "ناشرین و جوان" (التحسين والتقبيح) لە ئاسمانەوە ئەهێننە خوارەوە بۆ سەر زەوی و ئەیدەنە دەست هەواو و ئارەزووی مرۆڤی مۆدێرن.


ئەمە یاریکردنە بە ئاگر. چونکە ئەگەر تۆ دەرگای ئەوەت کردەوە کە "ئیجماع" (کۆدەنگیی ئوممەت) ڕەت بکەیتەوە تەنها لەبەر ئەوەی حوکمەکە بە دڵی تۆ نییە، ئەوا تۆ دینت نەهێشتەوە. تۆ تەنها خەریکی دیزاینکردنی دینێکی نوێیت کە نەفسی خۆت ئەپەرستێت نەک خوا.
لە خوارەوە، وەڵامی ئەو بەڵگە پووچانە ئەدەینەوە کە دەیانەوێت بە ناوی نوێگەری و مەقاصید، ملی دەقەکان بپەڕێنن.

لەم وتارە هەموو ئەو کێشە مەنهەجیانە دەخەینە ڕوو، کە پێشتر نەوتراوە لەلایەن بانگخوازان و مەلاکان، چ لەبەر تەمبەڵی و بە بەدیهی زانینیان. چ لەبەر ئەوەی کە بێئاگا بوونە لێی. 


یەکەم: یاریی حوسن و قوبحی عەقڵی کاتێک "زەوق" ئەکرێتە پێوەر


ئەم موتەفەلسیفە نوێیانە، کاتێک دێنە سەر باسی حەددی مورتەد، یەکەم قسە کە ئەیکەن ئەوەیە: "ئەرێ کاکە کوشتن لەسەر گۆڕینی بیروڕا شتێکی ناشرینە (قەبیحە)، خواش فەرمانی قەبیح ناکات، کەواتە ئەم حوکمە هی خوا نییە."
سەیرکەن چۆن یاری بە عەقڵی خەڵک ئەکەن. ئەمان دێن پێشەکییەک دادەنێن و وائەزانن ئەمە بەدەهیاتە.
ئەڵێن: "کوشتنی مورتەد قەبیحە".
پرسیارەکە ئەوەیە: کێ وتی قەبیحە؟ عەقڵی پەتی وای وت؟ یان زەوقی تێکچووی مرۆڤی مۆدێرن وای وت؟


لێرەدا دوو کارەساتی مەنهەجی هەیە کە ئەمان تێی کەوتوون:


١. جیاوازی نێوان عەقڵ و زەوقی سەردەم


ئەمان وائەزانن ئەوەی ئەمڕۆ لە پاریس و لەندەن پێی ئەوترێت جوان، ئەوە حەقیقەتی ڕەهایە.
لە کاتێکدا بابەتی (التحسین و التقبیح) لە دێر زەمانەوە کێشەی لەسەرە. ئەوەی تۆ ئەمڕۆ بە ناشرینی ئەزانیت، گەورەترین عەقڵەکانی مێژوو بە پێویستیان زانیوە.

تۆ شانازی بە فەلسەفەوە ئەکەیت؟ فەرموو، ئەمە ئەفلاتوون. باوکی فەلسەفە.


ئەفلاتوون لە کتێبی کۆمار و یاساکان (The Laws)ـدا، سزای کوشتن دادەنێت بۆ ئەوانەی سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی دەوڵەت ئەکەن یان بێباوەڕ ئەبن.
ئایا ڕۆشنبیرەکانمان لە ئەفلاتوون عاقڵترە تەنها لەبەر ئەوەی لە سەدەی بیستویەکدا دەژی؟؟ 


ئەگەر عەقڵی پەتی حوکمی بکردایە بەوەی ئەم کارە قەبیحە، ئەبوایە ئەفلاتوون یەکەم کەس بوایە دژی بوەستایە. بەڵام نەوەستا. ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ناشرینبوونی ئەم حوکمە عەقڵی نییە، بەڵکو ڕۆشنبیرییە. واتە کولتووری زاڵ وای لێکردوویت پێی بڵێیت ناشرین.


٢. بەڵگەی عەدلییە (موعتەزیلە و شیعە)


باشە، گریمان ئێمە لەگەڵ ئەشعەرییەکان نین و بڕوامان وایە عەقڵ خۆی ئەتوانێت حوکم لەسەر چاکە و خراپە بدات (التحسین و التقبیح العقلي).
با سەیری ئەو فیرقانە بکەین کە بڕوایان بەم بنەمایە هەیە: موعتەزیلە و شیعەی ئیمامی.


ئەمانە سەرسەختترین بەرگریکاری "عەقڵ" بوون لە مێژووی ئیسلامدا. ئەوان ئەیانوت عەقڵ ئەتوانێت بڵێت ئەمە جوانە و ئەمە ناشرینە.
بەڵام ئایا حەددی مورتەدیان ڕەتکردەوە؟ نەخێر!


هەم موعتەزیلە و هەم شیعە، بە درێژایی مێژوو فەتوایان لەسەر کوشتنی مورتەد هەبووە.
ئەمە چی ئەگەیەنێت؟
ئەمە گورچکبڕە بۆ ئارگومێنتەکەی ئەمان.
ئەگەر عەقڵ بە تەنها بەس بوایە بۆ ئەوەی بڵێیت ئەم حوکمە قەبیحە، ئەبوایە موعتەزیلە پێش هەموو کەس ڕەتیان بکردایەتەوە. بەڵام ڕەتیان نەکردەوە.


کەواتە، ئەو "قەبیح"ـەی کە ئێوە باسی ئەکەن، سەرچاوەکەی عەقڵ نییە. سەرچاوەکەی هەوا و ئارەزووە.
ئێوە نایەن بڵێن "ئێمە لەژێر کاریگەریی لیبڕاڵیزمداین". دێن درۆ لەگەڵ خۆتان و خەڵک ئەکەن و ئەڵێن "عەقڵ قبوڵی ناکات".


کام عەقڵ؟ عەقڵەکەی ئەفلاتوون؟ یان عەقڵەکەی قازی عەبدولجەباری موعتەزیلی؟ یان عەقڵەکەی جۆن لۆک و مۆدێرنە؟
دیارە مەبەستتان عەقڵی مۆدێرنەیە. کەواتە ڕاستگۆ بن و بڵێن: "ئێمە شوێنکەوتەی ڕۆژئاوایین"، مەڵێن "ئێمە شوێنکەوتەی عەقڵین".
چونکە عەقڵی بێگەرد، تێئەگات کە پاراستنی دین (کە ئەسڵی بوونی مرۆڤە) گرنگترە لە پاراستنی ژیانی تاکێک کە ئەیەوێت بناغەی کۆمەڵگا هەڵتەکێنێت. بەڵام کاتێک عەقڵ ئەبێتە کۆیلەی ماددە، ئیتر هەموو شتێک ئەگۆڕێت.



دووەم: بیانووی "لە قورئاندا نەهاتووە" : کاتێک قورئانییەکان ئەبنە میراتگری خەواریج


یەکێکی تر لەو "تەڵە" مەنتقیانەی کە ئەمڕۆ زۆر بەکاردێت، ئەم قسە سواوەیە: "قورئان باسی هەموو حوکمە گەورە و گرنگەکانی کردووە، کوشتنی مورتەد حوکمێکی زۆر گەورە و مەترسیدارە، کەچی لە قورئاندا نییە! کەواتە ئەمە حوکمی خودا نییە و دەستکردی فەقیهاکانە.

سەیرکەن ئەم قسەیە چەندە بریقەدارە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا چەندە پووچ و مەترسیدارە. با بە زمانی مەنتق و بەڵگە هەڵیوەشێنینەوە:


١. پێوەرەکە خۆی دروستکراوی خەیاڵە
ئەمان دێن پێشەکییەک ئەچەسپێنن کە دەڵێت: "هەر حوکمێک سزاکەی توند بێت، دەبێت بە دەقی ڕاشکاو لە قورئاندا هەبێت".


ئەرێ کاکە، ئەم یاسایەت لە کوێ هێنا؟ کێ پێی وتیت کە "پێوەری خودا" بۆ دابەزاندنی ئایەتەکان بریتییە لە "توندیی سزا"؟ لە قورئاندا هاتووە؟ هیچ سەرچاوەیەکی زانستی هەیە بۆ قسەکەت؟ 


بەڵکو ئەمە تەنها خەیاڵی خۆتە. لەوانەیە پێوەری قورئان شتێکی تر بێت (وەک زۆریی ڕوودانی تاوانەکە، یان پێویستیی خەڵک پێی).


بۆ نموونە، دزی و زینا زۆر ڕوو ئەدەن، بۆیە قورئان باسی کردوون. بەڵام ڕیددە (هەڵگەڕانەوە لە دین) لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا حاڵەتێکی دەگمەن بووە، بۆیە حوکمەکەی سپێردراوە بە سوننەت.


٢. قیاسە فاسیدەکە (قیاس الأولى)

ئەمان ئەڵێن: "مادام قورئان باسی دزی و زینای کردووە (کە سزاکەیان سووکترە)، کەواتە لەپێشتر بوو (أولی) کە باسی کوشتنی مورتەدی بکردایە".

ئەم قیاسە بەتاڵە. چونکە تۆ ناتوانیت عەقڵی خۆت بکەیتە پێوەر بۆ ئەوەی "دەبوایە خودا چی دابەزێنێت".
ئەگەر وابێت، باسی "ڕەجم" (بەردبارانکردن) بکەین.


ڕەجمکردن سزاکەی زۆر لە کوشتنی مورتەد قورسترە (چونکە کوشتنە لەگەڵ ئازاردان)، کەچی لە قورئاندا نەهاتووە. ئایا بێین حوکمی ڕەجمیش ڕەت بکەینەوە تەنها لەبەر ئەوەی عەقڵی جەنابتان ئەیڵێت "دەبوایە لە قورئاندا بوایە"؟

کەواتە ئەمە پێوەرێک نییە هیچ بۆ ئێمە ڕوونبکاتەوە. چونکە هیچ مەزهەبێک لەسەر ئەو قسەیە دانەمەزراوە. ئەگەر ئێمە وابڵێین کۆمەڵێک حوکمی ئاشکرا لە مەزهەبەکەماندا ڕەتدەکەینەوە. بۆیە ئەپرسم : ئەوە ئێوە قسە لەگەڵ کێ دەکەن؟ "ئێمە" یان "خۆتان"؟ دەتوانی هەتا سوێت دەبێتەوە قەناعەت بەخۆت بێنی بەم قسە سیلاک بووە. بەڵام ئەمە نە بەڵگەیە نە ئیلزامی بەرامبەرە. بەڵگە بێت تۆ بەس قورئان وەردەگری کوا قورئان ئەمەی وتووە؟ یان ئەگەر ئوسوڵی و مەقاسیدگەرا بیت، کام مەقاسید و ئوسوڵە ئەوەی بۆ دەرخستووی؟! 

٣. کردنەوەی دەرگای دۆزەخ (هەڵوەشاندنەوەی دین)


ئەگەر ئێمە بەم پەتەدا بچینە خوارەوە، ئەوا دین نامێنێت.
نوێژ، کە کۆڵەکەی دینە و لە هەموو شتێک گرنگترە (حوکمێکی عەزیمە)، ئایا وردەکارییەکانی لە قورئاندا هەیە؟
ئایا لە قورئاندا هاتووە نوێژی بەیانی دوو ڕکاتە و مەغریب سێ ڕکاتە؟ نەخێر.
ئایا بێین نوێژیش ڕەت بکەینەوە و بڵێین: "مادام حوکمێکی وا گەورە لە قورئاندا نییە، کەواتە هی خوای نییە"؟ 
ئەمە ڕێک مەنهەجی خەواریجە. خەواریجەکان یەکەم کەس بوون کە وتیان "ان حُكْم إِلَّا لِلَّهِ" و سوننەتیان ڕەتکردەوە کاتێک بە دڵیان نەبوو. ئەمڕۆش ئەم مۆدێرنانە هەمان کار ئەکەن، بەڵام لەجیاتی شمشێر، قات و بۆینباخیان لەبەردایە.


٤. فەلسەفەی شەریعەت بەرامبەر فەلسەفەی "مافی مرۆڤ"


ئەمان کاتێک ئەڵێن "ئەم حوکمە گەورەیە"، مەبەستیان ئەوەیە "بە لای ئێمەوە کوشتنی مرۆڤ زۆر گەورەیە".
بەڵێ، ژیانی مرۆڤ پیرۆزە، بەڵام لای شەریعەت، "پاراستنی دین" لە "پاراستنی نەفس" پیرۆزترە (حفظ الدين مقدم على حفظ النفس).

لای ئەوان (بەپێی کاریگەریی لیبڕاڵیزم)، ژیانی تاک پیرۆزترین شتە و دین شتێکی لاوەکییە. بۆیە عەقڵیان قبوڵی ناکات کەسێک لەبەر "شتێکی لاوەکی" بکوژرێت.

کەواتە کێشەکە ئەوە نییە لە قورئاندا نییە، کێشەکە ئەوەیە کە ئەسڵەن "بەهای دین" لای ئەمان دابەزیوە.

ئەوەی ئەڵێت "حەددی مورتەد لە قورئاندا نییە"، لەڕاستیدا بەرگری لە قورئان ناکات، بەڵکو هەوڵ ئەدات سوننەتی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە کار بخات. چونکە باش ئەزانن ئەگەر سوننەت لابەن، قورئان ئەبێتە پارچە هەویرێک، هەرچۆنێکیان بێت ئاوا شێوەی ئەدەن. ئەمە یارییەکی پیسە بە ناوی قورئانی پیرۆزەوە.



سێیەم: گاڵتەجاڕیی "بەڵگەی قەتعی" 


یەکێکی تر لەو سەفسەتە بێزارکەرانەی کە ئەمڕۆ گوێمان لێی ئەبێت، ئەم قسەیەیە: "کوشتنی مرۆڤ بابەتێکی زۆر گەورە و ترسناکە (عەزیمە)، بۆیە نابێت بە بەڵگەیەک بڕیاری لێ بدرێت کە 'زەننی' بێت (واتە گومانی تێدابێت یان قەتعی نەبێت). مادام ئایەتێکی ڕاشکاومان نییە، کەواتە نابێت جێبەجێ بکرێت."


ئەم قسەیە لە ڕووکەشدا زۆر وریا دیارە، بەڵام لە حەقیقەتدا "خۆکوژیی یاساییە. لەبەر چەند هۆکارێک :


١. کێ پێوەری "گەورەیی" دیاری ئەکات؟
سەرەتا، کێ وتی ئەم بابەتە گەورەیە بەو مانایەی کە ئەمان باسی ئەکەن؟
دیسانەوە ئەگەڕێینەوە بۆ هەمان گرێ دەروونییەکە: "پیرۆزکردنی مرۆڤ" (Humanism). 

لای ئەم حەداثیانە، ژیانی بایۆلۆجیی مرۆڤ (تەنانەت ئەگەر کافریش بێت) پیرۆزترین شتە لە گەردووندا. بۆیە لایان گەورەیە.

بەڵام لای خوا، پاراستنی "عەقیدە" لە پاراستنی "خوێن" گەورەترە. {وَالْفِتْنَةُ أَشَدُّ مِنَ الْقَتْلِ}.
کەواتە پێشەکییەکە خۆی فاسیدە. ئەوەی لای ئێوە گەورەیە، مەرج نییە ڕێگر بێت لە جێبەجێکردنی حوکمی خوا.


٢. تەڵەی "جێبەجێکردن" (التطبیق) گەورەترین کوفری مەنتقی


ئەم خاڵە زۆر گرنگە، تکایە وردبن:
ئەمان ئەڵێن: "مادام بەڵگەکە 100% قەتعی نییە، نابێت سزای کوشتن جێبەجێ بکرێت."

باشە، وەرن با ئەم یاسایە بخەینە سەر تاوانەکانی تر.
سزای "بکوژ" (القصاص) لە قورئاندا بە "قەتعی" هاتووە. وایە؟

بەڵام کاتێک دادوەرێک بڕیار ئەدات فڵان کەس بکوژرێتەوە چونکە پیاوێکی کوشتووە، پشتی بە چی بەستووە؟
پشتی بە "شایەت" بەستووە، یان دانپێدانان.


ئایا شایەتیی دوو کەس قەتعیە؟ نەخێر! زەننییە. ئەکرێت شایەتەکان درۆ بکەن، ئەکرێت هەڵە بن.


کەواتە بەپێی لۆجیکی ئەم "موتەفەلسیفە" نەزانانە، نابێت هیچ بکوژێک لەسێدارە بدەین! بۆ؟ چونکە ڕاستە حوکمەکە لە قورئاندا هەیە، بەڵام ئیسپاتکردنی تاوانەکە لەسەر ئەم کەسە زەننییە و 100% نییە!

بەپێی ئەم قسەیە، ئەگەر کەسێک دەستدرێژی بکاتە سەر سەد منداڵ، نابێت سزای بدەین، چونکە "لەوانەیە" ئەو شایەتانەی بینیویانە درۆ بکەن!! 

ئەمە ئەنجامی ئەو عەقڵە نەخۆشەیە. داواکردنی "یەقینی ڕەها" (Absolute Certainty) لە جێبەجێکردنی یاسادا، مانای ئەوەیە دەرگای هەموو زیندانەکان بکەیتەوە و بە تاوانباران بڵێیت:

 "فەرموون بڕۆن، چونکە ئێمە 100% دڵنیا نین."


٣. ئێمەی بە "زەنن" پەرستش دەکەین (تعبدنا بالظن)


ئەمانە تێناگەن یان خۆیان گێل ئەکەن لەوەی کە "شەریعەت" لەسەر "زەننی غالب" (الظن الغالب) دامەزراوە.
ئەگەر چاوەڕێ بکەیت فریشتەیەک دابەزێت و پێتبڵێت "ئەم پیاوە دزی کردووە" ئەینجا سزای بدەیت، ئەوا تۆ لەم دونیایەدا نیت.


خوای گەورە فەرمانی پێکردووین کە بەپێی "ظاهر" و بەڵگەی بەهێز حوکم بکەین، نەک بەپێی یەکینی مەحاڵ.
کوشتنی مورتەدیش بە هەمان شێوە. بەڵگەکانی (فەرموودە سەحیحەکان، ئیجماعی هاوەڵان، مێژووی 1400 ساڵە) هێندە بەهێزن کە گەیشتوونەتە ئاستی یەقین، بەڵام ئەمانە چاویان داخستووە.



ئەو کەسەی داوای بەڵگەی "قەتعی" ئەکات بۆ حەددی مورتەد، لە ڕاستیدا بەدوای حەقیقەتدا ناگەڕێت. ئەو تەنها بەدوای دەرچەیەکدا ئەگەڕێت بۆ هەڵهاتن لە حوکمێک کە ئاغاکانی ڕۆژئاوای لێی توڕە ئەکات.


ئەمە لۆجیک نییە، ئەمە ترسنۆکییە بە بەرگی مەعریفەوە. ئەگەر ڕاست ئەکەن با هەمان پێوەر بخەنە سەر یاساکانی دەوڵەت و سیاسەت و حیزبەکانیان و ببینن چۆن کۆمەڵگا ئەبێتە جەنگەڵ.


چوارەم: فێڵی ڕای جیاواز (خلاف) چۆن ئیستیسنا ئەکرێتە چەکێک دژی دەق
یەکێکی تر لەو حیلە شەرعییانەی کە ئەم "موتەفەلسیفە" نوێیانە فێری بوون، گەڕانە بەناو زبڵدانی مێژوودا بۆ دۆزینەوەی "ڕایەک"ی شاز.


دێن ئەڵێن: "وەڵا کاکە، ئەبو حەنیفە وتوویەتی ژنی مورتەد ناکوژرێت! ئیبراهیمی نەخەعی وتوویەتی تەنها زیندانی ئەکرێت! کەواتە مادام 'خلاف' (ڕای جیاواز) هەیە، کەواتە فەرموودەکە بەتاڵە و نابێت کاری پێ بکرێت."


سەیرکەن ئەم لۆجیکە چەندە گاڵتەجاڕە. لەبەر چەند هۆکارێک :
١. گشتاندنی ئیستیسنا (التعميم الفاسد)


ئەمان دێن "ئیستیسنا"یەک ئەکەنە چەکێک بۆ ڕووخاندنی بنەماکە.
ئەبو حەنیفە وتوویەتی ژن ناکوژرێت. باشە، ئەی بۆ پیاو؟ ئەبو حەنیفە خۆی فەتوای داوە کە پیاوی مورتەد ئەبێت بکوژرێت.
تۆ چۆن دێیت ڕای ئەبو حەنیفە لەسەر "ژن" بەکاردێنیت بۆ ئەوەی حوکمی "پیاو"یشی پێ ڕەت بکەیتەوە؟!! 


ئەمە وەک ئەوە وایە بڵێیت: "مادام ئەمبوڵانس بۆی هەیە لە سوور بدات، کەواتە یاسای هاتووچۆ بوونی نییە و هەموومان بۆمان هەیە لە سوور بدەین!"


٢. یاسای "هەر شتێک خیلافی تێدابێت بەتاڵە"

ئەمان دێن یاسایەکی سەیر دادەهێنن، ئەڵێن: "هەر بەڵگەیەک ئەگەری تەئویل یان خیلافی تێدابێت، بەتاڵە (ساقط)ـە."
ئەرێ کاکە ئەگەر وامان کرد، دەبێت ٩٠٪ی دینەکە داخەین.


هیچ مەسەلەیەکی فیقهی نییە (تەنانەت دەستنوێژ و ڕۆژوو) کە خلافێکی تێدا نەبێت لە نێوان مەزهەبەکاندا.
ئایا بێین نوێژیش ڕەت بکەینەوە چونکە شافیعی و حەنەفی لەسەر وردەکارییەکەی جیاوازن؟


ئەمە بانگەوازە بۆ "پووچگەرایی" (Nihilism) لە فیقهدا. ئەمانە دەیانەوێت بە بیانووی بوونی جیاوازی، ئەسڵی حوکمەکە لە ڕەگەوە دەربێنن.


٣. تەڵەی "ئەمە مەسەلەیەکی خیلافییە"


ئەمە خاڵە هەرە مەترسیدارەکەیە. تکایە وریا بن لێی.
سەرەتا دێن ئەڵێن: "کاکە ئەمە مەسەلەیەکی خیلافییە، با ڕێز لە ڕا جیاوازەکان بگرین."
تۆش ئەڵێیت: "باشە، مادام خیلافییە، کەواتە ڕێز لە ڕای منیش بگرە کە ئەڵێم حەددی مورتەد واجبە."


بەڵام نەخێر! کاتێک ئەوان ئەڵێن "خیلافییە"، مەبەستیان ئەوە نییە هەردوو ڕاکە دروستن. مەبەستیان ئەوەیە ڕای یەکەم (کوشتن) بکوژن.
سەیری بابەتی "مۆسیقا" و "نیقاب" بکەن. سەرەتا وتیان "خیلافییە". دوای دە ساڵ، ئێستا هەرکەسێک بڵێت مۆسیقا حەرامە یان نیقاب واجبە، پێی ئەڵێن "توندڕەو" و "داعش" و "دواکەوتوو".
کەواتە خلاف لای ئەمان تەنها پردێکە بۆ پەڕینەوە لە حەرامەوە بۆ حەڵاڵی ڕەها.

ئەوان نایانەوێت "فرەیی" هەبێت، ئەوان ئەیانەوێت حوکمە شەرعییەکە بە تەواوی لەناو بەرن و بیکەنە بەشێک لە مێژوو.

بوونی "ڕای جیاواز" لەسەر وردەکارییەک (وەک کوشتنی ژن یان پیاو)، نابێتە بەڵگە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەسڵی حوکمەکە.
ئەمە تەنها یارییەکە بە وشەکان. ئەوەی ئەمڕۆ بە بیانووی "ڕای ئیبراهیمی نەخەعی" دەیەوێت حەددی مورتەد ڕەت بکاتەوە، سبەینێ بە بیانووی ڕایەکەی "شاز"ی تر، حیجاب و نوێژیشت بۆ ڕەت ئەکاتەوە. متمانە بەم "موتەفەلسیفە" ئیسلامییانە مەکەن، ئەمانە ئەسپە تەروادەکەی ناو قەڵای ئیسلامن.


پێنجەم: گاڵتەجاڕیی ڕەتکردنەوەی ئیجماع... کاتێک کوێرێک بە هەموو دونیا ئەڵێت مانگ پەمەییە!


یەکێک لە ترسناکترین نەخۆشییەکانی ئەم "موتەفەلسیفە" نوێیانە، سووک سەیرکردنی ئیجماعە. دێن ئەڵێن: "ئیجماع تەنها ڕای پیاوانی ئاینییە و پیرۆز نییە، ئێمە پابەند نین پێوەی."


ئەم قسەیە لە ڕووکەشدا وەک "ئازادیی بیرکردنەوە" دیارە، بەڵام لە حەقیقەتدا سەفسەتەیە بە مانای کەلیمە. بۆ تێگەیشتن لە گەمژەیی ئەم قسەیە، با دوو نموونەی عەقڵیی زۆر ڕوون بێنینەوە:


١. نموونەی مامۆستا و قوتابی (زەنجیرەی تێگەیشتن)


تەسەوڕ بکەن مامۆستایەک هەیە، وانە بە کۆمەڵێک قوتابی زیرەک ئەڵێتەوە.
ئەم قوتابیانە قسەکانی مامۆستاکە ئەنووسنەوە، شیکردنەوەکانی لەبەر ئەکەن، تەنانەت تۆنی دەنگ و ئاماژەکانیشی (Context) ئەزانن.
ئەم نەوەیە، زانستەکە ئەگوازنەوە بۆ نەوەی دووەم. نەوەی دووەم بۆ سێیەم... تا ئەگاتە نەوەی شەشەم.
هەموو ئەم نەوەی قوتابیانە، لەسەر یەک تێگەیشتن ئیجماعیان هەیە.
ئێستا، دوای ١٤٠٠ ساڵ، جەنابی ڕۆشنبیرێک لە شوێنێکی دوورەوە دێت، دەقی وانەکە ئەخوێنێتەوە و ئەڵێت: "نەخێر! هەموو ئەو هەزاران قوتابییە هەڵە بوون، تەنها من لە مامۆستاکە تێگەیشتووم." 


ئەمە "نوێگەری" نییە، ئەمە حەماقەتە.


ڕەتکردنەوەی ئیجماع لێرەدا، یەکسانە بە ڕەتکردنەوەی عەقڵ. چونکە تێگەیشتنی دەق بەبێ تێگەیشتنی ئەو ژینگەیەی دەقەکەی تێدا وتراوە، مەحاڵە.
ئەوانەی ڕەخنە لە ئیجماع ئەگرن، لە ڕاستیدا پەیڕەوی مەنهەجی "پۆست-مۆدێرنە" ئەکەن کە بڕوای بە حەقیقەت نییە، بەڵکو بڕوای بەوە هەیە "هەموو کەسێک مافی هەیە دەق بە کەیفی خۆی تەفسیر بکات".


٢. نموونەی مانگ 


گریمان هەموو خەڵکی شارێک، بە زانا و نەزانەوە، سەیرکردنیان بە چاوی ڕووت و بە تەلیسکۆب، کۆکن لەسەر ئەوەی "مانگ سپییە".


لەپڕ پیرەمێردێکی ٨٠ ساڵە، کە چاوی باش نابینێت، دێت و ئەڵێت: "نەخێر، مانگ پەمەییە و ئێوە هەمووتان هەڵەن."
ئایا ئەمە پێی ئەوترێت "ڕای جیاواز"؟ یان پێی ئەوترێت "وڕێنە"؟


حەددی مورتەد و مەسەلە چەسپاوەکانی دین (المعلومات من الدين بالضرورة)، وەکو سپێتی مانگ وایە. هەموو ئوممەت بە درێژایی مێژوو بینیویانە و جێبەجێیان کردووە.


ئنجا کابرایەک دێت لە ژێر کاریگەریی "شەرابی حەداسە"دا، ئەڵێت: "ئێوە هەڵەن، ئیسلام وای نەوتووە."
ئەمە ئەو جۆرە لە ئینکارە کە ناکرێت گفتوگۆی لەگەڵ بکرێت، چونکە نکوڵیکردنە لە بەدیهیات.


٣. کارەساتە گەورەکە: ڕووخانی مێژوو


ئەگەر ئێمە دەرگا بکەینەوە بۆ ڕەتکردنەوەی ئیجماعی فیقهی و مێژوویی، ئەوا دەبێت ئینکاری بوونی "ئەبوبەکر و عومەر"یش بکەین!
چونکە بوونی ئەوان و ڕووداوە مێژووییەکان، بە هەمان ڕێگای تەواتوور و ئیجماع پێمان گەیشتووە.


ئەو مەنهەجەی کە گومان ئەخاتە سەر تێگەیشتنی هەموو هاوەڵان و زانایان بۆ ئایەتێک، هەمان مەنهەج گومان ئەخاتە سەر خودی گەیشتنی قورئانەکەش پێمان.


ئیجماع، "دەسەڵاتی دیکتاتۆریی زانایان" نییە وەک ئەمان وێنای ئەکەن. ئیجماع "تۆمارکەری حەقیقەتی مێژووییە".
ئەوەی دژی ئیجماع ئەوەستێتەوە، دژی زانایان ناوەستێت، بەڵکو دژی "لۆجیکی مێژوو" ئەوەستێت.


ئەمانە ئەزانن چی ئەکەن؛ ئەزانن تا ئیجماع هەبێت ناتوانن ئیسلام دەسکاری بکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ ستانداردەکانی ئەوروپا بگونجێت. بۆیە یەکەم تیر ئەگرنە ئەم قەڵایە. بەڵام خەیاڵیان خاوە. مانگ هەر سپییە، با ئەوان تا بەیانی بڵێن پەمەییە.



شەشەم: یاریی "کولیات" و "جوزئیات"؛ کاتێک مەقاصید ئەکرێتە چەکێک دژی دەق


ئەمە کارتە کۆتاییەکەی دەستیانە. کاتێک هەموو بەڵگەکانیان پووچەڵ ئەبێتەوە، پەنا ئەبەنە بەر فەلسەفاندنێکی سەیر.
ئەڵێن: "کاکە گیان، شەریعەت بنەمای گشتی (کلیات)ی هەیە، وەکو ئازادیی بیروباوەڕ. کوشتنی مورتەدیش حوکمێکی لاوەکییە (جزئیات). هەموو عەقڵێک ئەڵێت نابێت 'بەش' دژی 'گشت' بوەستێتەوە. کەواتە مادام کوشتنەکە دژی ئازادییە، ئەوا کوشتنەکە بەتاڵە!"


١. کێ وتی "ئازادیی ڕەها" بنەمایەکی گشتیی ئیسلامە؟


ئەمان دێن درۆیەکی گەورە ئەکەن و دواتر باوەڕی پێ ئەکەن.
ئەڵێن "ئازادیی گۆڕینی بیروباوەڕ بنەمایەکی (کلی)ی ئیسلامە".
بە چ بەڵگەیەک؟ بە "ئیستیقڕا" (گەڕان)؟
ئەگەر بەراستی سەیری قورئان و سوننەت بکەیت، ئیسلام هاتووە بۆ "پاراستنی دین" (حفظ الدین)، نەک بۆ "ئازادکردنی کوفر".


ئیسلام هاتووە خەڵک ڕزگار بکات لە پەرستنی بەندە بۆ پەرستنی خودا. نەک پێیان بڵێت: "کەیفتان خۆشە، بەیانی ببنە بتپەرست و ئێوارە ببنە موسڵمان."
ئەم کولیەتـە (کە ناوی ئازادییە)، لە ئیسلامەوە نەهاتووە، لە جاڕنامەی مافی مرۆڤەوە هاتووە و بەزۆر ئەیانەوێت بیخەنە ناو قورئانەوە.


٢. تێنەگەیشتن لە ئایەتی {لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ}


ئەمان ئەم ئایەتە ئەکەنە ئاڵایەک دژی حەددی مورتەد.
لە کاتێکدا هەموو موفەسیرین (بەبێ جیاوازی) وتوویانە: ئەم ئایەتە بۆ ئەوەیە که "کافرێک" بە زۆر نەکرێتە موسڵمان (چونکە باوەڕ بە زۆر دروست نابێت).


بەڵام کاتێک بوویتە موسڵمان، تۆ گرێبەستێکت ئیمزا کردووە. تۆ بوویتە بەشێک لە ئوممەت. هەڵگەڕانەوەت خیانەتە، نەک ئازادی.


با نموونەیەک بێنینەوە :

ئەگەر باوکێک کوڕەکەی خەریکی ماددەی هۆشبەر بێت، ئایا پێی ئەڵێت: "کوڕم کەیفی خۆتە، ئازادیی جەستە بنەمایەکی گشتییە، بڕۆ خۆت تێک بدە"؟
نەخێر! باوکەکە ئەگەر کوڕەکەی خۆش بوێت، لێی ئەدات، زیندانی ئەکات، ڕێگری لێ ئەکات.


پێغەمبەر (ﷺ) لە باوکمان بۆمان دڵسۆزترە. ئەو "حەریص" ـە لەسەر هیدایەتمان. ئەو بانگەوازەی مۆدێرنە کە ئەڵێت "لێی گەڕێ با کافر بێت"، بانگەوازێکی بێباکانەیە (Indifferent)، نەک ڕەحمەت. ڕەحمەت ئەوەیە نەیەڵیت ئازیزەکەت بچێتە دۆزەخ، تەنانەت ئەگەر بە زۆریش بێت.


٣. فەزیحەی "مەنهەجی"
ئەمان ئەڵێن "کولیات" دژی "جوزئیات"ـە.
ئاخر هەی بێئاگا لە "ئوصوڵ"، کولیات چۆن دروست ئەبێت؟
کولیات لە کۆکردنەوەی هەمان ئەو جوزئیاتانە دروست ئەبێت!


وەک ئەوە وایە بڵێیت: "من دیوارم خۆش ئەوێت، بەڵام خشتەکانم خۆش ناوێت، با خشتەکان فڕێ بدەین!"


ئەگەر تۆ حەددی مورتەد و ڕەجم و حیجاب و... هەمووی فڕێ بدەیت بە ناوی "کولیات"، ئەی کولیاتەکە لە چی دروست ئەبێت؟ لە هەوا و ئارەزووی خۆت؟


٤. ئایا هەموو زانایان کوێر بوون؟

ئەگەر بەڕاستی "ئازادیی گۆڕینی دین" بنەمایەکی گشتیی قورئان بوایە، چۆن دەکرێت هەموو زانایان، هەموو موفەسیرین، هەموو فەقیهەکان بۆ ماوەی ١٤٠٠ ساڵ ئەمەیان نەبینیبێت و بە پێچەوانەوە حوکمیان دابێت؟


ئایا هەموویان "تێنەگەیشتوو" بوون و تەنها جەنابی ڕۆشنبیر لە قورئان تێگەیشتووە؟


کۆتایی
ئەم یارییە بە "مەقاصید" و "کولیات"، دەرگایەکە بۆ ئەوەی ئیسلام "بەتاڵ" بکرێتەوە لە ناوەڕۆک.
ئەمڕۆ ئەڵێن: "کوشتنی مورتەد دژی ئازادییە".
سبەینێ ئەڵێن: "حیجاب دژی ئازادیی جەستەیە".
دووبەیانی ئەڵێن: "قەدەغەکردنی زینا دژی ئازادیی سێکسییە".
و بەم شێوەیە، بە ناوی "ڕۆحی ئیسلام"ـەوە، "جەستەی ئیسلام" پارچە پارچە ئەکەن.
مەهێڵن بەم وشە بریقەدارانە فریوتان بدەن. حەق ڕوونە و پێویستی بەم هەموو فەلسەفاندنە نییە. دین هی خوایە و ئەو ئەزانێت چی لە بەرژەوەندیی بەندەکانیدایە، نەک جۆن لۆک و جان جاک ڕۆسۆ.