---

ئایا تراژیدیا هونەرە؟ دیدگایەکی ئەفلاتوونی

پێشەکی: 

لە کتێبی دەیەمی کۆماردا، ئەفلاتوون بڕیارێکی دەدات کە تا ئەمڕۆش وەک برینێکی ساڕێژنەبوو لە جەستەی فەلسەفەی هونەردا ماوەتەوە: دەرکردنی شاعیران و شانۆنامەنووسان لە شاری نموونەیی. زۆر کەس ئەمەیان وەک سانسۆرێکی سیاسی خوێندۆتەوە، بەڵام ئەمە خوێندنەوەیەکی ڕووکەشە. بڕیارەکەی ئەفلاتوون سیاسی نەبوو؛ پزیشکی بوو. ئەفلاتوون درکی بەوە کردبوو کە تراژیدیا « ئەو هونەرەی شارەزایە لە دەستکاریکردنی ترس و بەزەیی» جۆرێکە لە سیحری ڕەش کە بینایی ڕۆح لێڵ دەکات.

بۆ تێگەیشتن لەم حوکمە سەختە، دەبێت سێ تۆمەتی سەرەکی شیبکەینەوە کە ئەفلاتوون ئاراستەی تراژیدیای دەکات:


  • تۆمەتی "بوونگەرایی" (Ontological)

  •  تۆمەتی "دەروونی" (Psychological)

  •  تۆمەتی "ئەخلاقی" (Moral).

​١.١. ئاوێنە و درۆکە — سێ پلە دوور لە حەقیقەت

​یەکەم گورزی ئەفلاتوون لە بونیادی هونەرەکە خۆی دەدات. لای ئەفلاتوون، گەردوون سیستمێکی پلەبەندییە و سێ ئاستی هەیە بۆ بوون:

​فۆرمەکان (The Forms): ئەمە حەقیقەتی پەتییە. بۆ نموونە "ئایدیای تەختەخەو" کە خودا دروستی کردووە. ئەمە نەگۆڕە، ئەبەدییە و یەکە.

​جیهانی فیزیکی: ئەمە ئەو تەختەخەوەیە کە دارتاشێک دروستی دەکات. دارتاشەکە سەیری ئایدیا کە دەکات و هەوڵ دەدات لە ماددەدا بەرجەستەی بکات. ئەمە "کۆپی"یە، کەمترە لە حەقیقەت، بەڵام هێشتا بەسوودە.

​هونەری لاساییکردنەوە: لێرەدا شاعیر یان وێنەکێش دێت. وێنەکێش تەختەخەوێک دەکێشێت. ئەو سەیری "ئایدیا"کە ناکات، بەڵکو سەیری "کۆپییەکەی دارتاشەکە" دەکات.

​ئەنجامە مەترسیدارەکە:

تراژیدیا دەبێتە "لاساییکردنەوەی لاساییکردنەوە". سێ پلە لە حەقیقەت دوورە.

ئەفلاتوون وەسفی هونەرمەندی تراژیدیا دەکات بە پیاوێک کە "ئاوێنەیەکی بەدەستەوەیە و بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە". ئەم ئاوێنەیە هەموو شتێک نیشان دەدات « خۆر، ئەستێرەکان، زەوی، مرۆڤەکان « بەڵام هیچ کامیان "ڕاستی" نین. تەنها ڕواڵەتی دەرەکی و توێکڵی شتەکان دەگرێت.

نووسەری تراژیدیا كاتێک باس لە "ئازاری پاڵەوانێک" دەکات، ئەو زانستی نییە بەسەر سروشتی ڕۆح و قەدەردا؛ ئەو تەنها لاسایی ڕواڵەتەکانی ئازار دەکاتەوە (قیژە، فرمێسک، خوێن) بۆ ئەوەی سۆزی بینەر جوڵێنێت. ئەمە "چەواشەکارییە". بینەر فری دەدات تا ئاشقی سێبەرەکان بێت و لە "خۆر"ی حەقیقەت دوور بکەوێتەوە.

​١.٢. ژەهری سۆزداری؛ خواردندان بە دڕندەکە

​تۆمەتی دووەم مەترسیدارترە چونکە پەیوەندی بە تەندروستیی ڕۆحی بینەرەوە هەیە. ئەفلاتوون پێی وایە ڕۆحی مرۆڤ پێکدێت لە سێ بەش کە دەبێت لە دۆخی "پاشایەتی"دا بن، نەک پشێوی:

​عەقڵ (لۆگۆس): پاشاکە، کە دەبێت حوکم بکات.

​هیممەت/توڕەیی (سومۆس): سەربازەکە، کە دەبێت گوێڕایەڵی عەقڵ بێت.

​ئارەزوو (ئیپیسیمیا): جەماوەرە فرە-سەرەکە، کە دەبێت کۆنتڕۆڵ بکرێت.

​مرۆڤی تەندروست و بەهێز ئەو کەسەیە کە لە کاتی کارەساتدا (وەک مردنی ئازیزان)، عەقڵی زاڵ دەکات بەسەر هەستەکانیدا. ئەو بە خۆی دەڵێت: "گریان هیچ شتێک چاک ناکاتەوە، و من نازانم حەقیقەتی ئەم ڕووداوە چییە."

تراژیدیا دێت و ئەم سیستەمە بەرگرییە تێکدەشکێنێت.

لەسەر شانۆ، شاعیر پاڵەوانێکمان نیشان دەدات کە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە؛ دەگریت، هاوار دەکات، گلەیی لە خودا دەکات. ئێمەی بینەر چێژ لەم دیمەنە دەبینین. هاوسۆزی لەگەڵ دەکەین. بەمەش، ئێمە "ئاو و خۆراک" دەدەین بەو بەشەی ڕۆح (ئارەزوو و سۆز) کە دەبوایە وشک بکرێت و تەمبێ بکرێت.

ئەمە پرۆسەی خاوکردنەوەی ڕۆحـە. کاتێک ئێمە لە شانۆدا ڕاهێنان لەسەر گریان دەکەین، لە ژیانی ڕاستەقینەدا توانای بەرگەگرتنمان نامێنێت. تراژیدیا کودەتایەکە دژی عەقڵ؛ سەربازەکان (هیممەت) دەخاتە بەرەی ئارەزووەکانەوە دژی پاشاکە.

​١.٣. ئەنالۆژییە هەڵەکە؛ کوفرکردن بە قەدەر

​کۆتا تۆمەت ئەخلاقی و تیۆلۆجییە. تراژیدیا فەلسەفەیەکی هەڵە دەربارەی گەردوون بڵاو دەکاتەوە.

لە تراژیدیا کلاسیکییەکاندا، زۆرجار دەبینین پیاوی چاک تووشی بەڵای گەورە دەبێت، و پیاوی خراپ سەردەکەوێت. پەیامی شاراوەی تراژیدیا ئەوەیە: "فەزیڵەت بەس نییە بۆ بەختەوەری. مرۆڤ قوربانیی قەدەرە."

لای ئەفلاتوون، ئەمە "درۆیە بەدەمی گەردوونەوە".

ئەفلاتوون بڕوای وایە:

​هیچ شەڕێک تووشی پیاوی چاک نابێت. ئەوەی پێی دەوترێت "کارەسات" (وەک هەژاری یان نەخۆشی)، کاریگەری لەسەر جەوهەری ڕۆحی مرۆڤی چاک نییە.

​خودا (یان خێر) بەرپرس نییە لە شەڕ.

​تراژیدیا پێچەوانەکە فێری خەڵک دەکات. مرۆڤ فێری قوربانیبوون (Victimhood) دەکات. فێری ئەوەی دەکات لە هێزە دەرەکییەکان بترسێت لە جیاتی ئەوەی لە گەندەڵیی ناوەکیی خۆی بترسێت.

کاتێک هاوڵاتییەک لە شانۆ دەچێتە دەرەوە و باوەڕی وا بێت کە "ئۆدیب" بێتاوان بوو بەڵام قەدەر کوێری کرد، ئەو هاوڵاتییە ئامادە نییە بەرپرسیارێتیی ژیانی خۆی هەڵبگرێت. ئەو فێرکراوە کە جیهان شوێنێکی دادپەروەر نییە، ئەمەش ژەهرێکە ئیرادەی مرۆڤ دەکوژێت


دووەم: پۆلێنکردنی ئازار | تراژیدیای ناوزەد [بەناو] بەرامبەر تراجیدیای پەتی

​ئەگەر پاساوی ئەفلاتوون مەترسیی ئاودانی هەستە نزمەکان بێت، دەبێت بپرسین: ئایا هەموو وێنەکانی ئازار یەکن؟ وەڵامەکە لە جیاکاریی نێوان "تراژیدیای پەتی" و "تراژیدیای ناوزەد"دایە.

​٢.١. پێناسەی "تراژیدیای پەتی" (داتەپین)

تراژیدیای پەتی ژانری "ئەسپی ڕەش"ـە. ئەمە تەنها خەم نییە؛ ئەمە ئاهەنگگێڕانە بۆ هەڵوەشانەوەی مرۆڤ و سەرکەوتنی ماددە بەسەر ڕۆحدا. باشترین نموونە بۆ ئەمە فیلمی مێشەکە (The Fly)ـی دەیڤد کرۆنێنبێرگـە.

لە مێشەکەدا، ئێمە نابینین پاڵەوانێک دژی قەدەر بجەنگێت. ئێمە دەبینین پیاوێک (سێس براندڵ) هێواش هێواش دەڕزێت. نینۆکی دەکەوێت، گوێی دەوەرێت، پێستی دەتوێتەوە. ئەمە چیرۆکی تێکۆشان نییە، چیرۆکی پووکانەوەی بایۆلۆجییە.

پاڵەوانەکە لێرەدا فێر نابێت؛ شی دەبێتەوە. ئەو لە مرۆڤێکی عەقڵانییەوە دەگۆڕێت بۆ بوونەوەرێک کە تەنها بەدوای غەریزەدا دەڕوات (خواردن و ڕشانەوە). عەقڵ (لۆگۆس) دەدۆڕێت و جەستە سەردەکەوێت.

بۆ ئەفلاتوونییەک، ئەمە لوتکەی بێ‌ شەرمییە. ئەرکی هونەر ئەوەیە فۆرم بەسەر ماددەدا بسەپێنێت، بەڵام مێشەکە پێچەوانەکەی دەکات: نیشانی دەدات کە مرۆڤ لە کۆتاییدا تەنها پارچە گۆشتێکە و هیچ کەرامەتێکی ڕۆحیی نییە. ئەم جۆرە هونەرە بینەر فێری "قێز" و "بێهیوایی" دەکات، و پێی دەڵێت ڕۆح کۆیلەی بایۆلۆجیایە.

​٢.٢. پێناسەی "تراژیدیای ناوزەد" (تێکۆشەر)

لە بەرامبەردا، "تراژیدیای ناوزەد" هەیە. لێرەدا ئازار هەیە، بەڵام ئامانجدارە. ئەمە ژانری ئەسپی سپییە.

لە چیرۆکەکانی وەک بێرسێرک یان فولمێتاڵ ئەلکێمیست، تراژیدیاکە تەنها ناوە، چونکە ناوکی پاڵەوانەکە دەستکاری ناکرێت. جیهان جەستەی پاڵەوان (گەتس) پارچە پارچە دەکات، بەڵام شکست دەهێنێت لە شکاندنی ئیرادەی.

ئەمە ئارکیتاپی تێکۆشەرە. بە پێچەوانەی قوربانییەکەی ناو مێشەکە کە تەسلیم دەبێت بە پووکانەوە، تێکۆشەر دەڵێت "ڕەتی دەکەمەوە". ئازار لێرەدا نابێتە هۆی داتەپین، بەڵکو دەبێتە کوورەیەک بۆ تیژکردنەوەی ڕۆح.

​٢.٣. دەرچە ئەفلاتوونییەکە: جیمناستیک بۆ ڕۆح

لێرەدا، قەدەغەکردنەکەی ئەفلاتوون دەوەستێت. ئەفلاتوون داوای ڕاهێنان دەکات بۆ جەستەی پاسەوانەکان تا ڕەق و بێترس بن. تراژیدیای ناوزەد هیچی کەمتر نییە لە جیمناستیک بۆ ڕۆح.

ئەگەر مرۆڤێک تەنها سەیری مێشەکە بکات، تووشی نەخۆشیی دەروونی و نیهیلیزم دەبێت. بەڵام ئەگەر سەیری بێرسێرک بکات، فێری بەرگەگرتن دەبێت. تراژیدیای ناوزەد سیمولەیشنی پێویستی دۆزەخ دابین دەکات بۆ ئەوەی ڕۆح ڕابهێنێت لەسەر وەستان بە ڕووی شەپۆلەکاندا. ئەفلاتوون ناچارە دان بەوەدا بنێت کە ئەم جۆرە هونەرە ژەهر نییە، بەڵکو دژە-ژەهرە.

سێیەم: ململانێی ئیرادەکان (نیچە دژی ئەفلاتوون) 


​دوای ئەوەی جیاکاریی نێوان تراژیدیای داتەپین و تراژیدیای تێکۆشەرمان کرد، ئێستا ڕووبەڕووی مەترسیدارترین پرسیار دەبینەوە: کێ خاوەنی شەرعیی ئەم تێکۆشانەیە؟ ئایا تێکۆشەر کوڕی نیچەیە کە بە ئیرادەی دەسەڵات دەجوڵێت و گوێ بە چاکە و خراپە نادات؟ یان سەربازە ونبووەکەی ئەفلاتوونە کە دەجەنگێت بۆ گەڕانەوە بۆ نەزمێکی ئیلاهی؟ ئەم جەنگە لە سێ بەرەدا یەکلایی دەکەینەوە.



​٣.١. بەرگرییە دیۆنیسییەکە: ژیان وەک دیاردەیەکی هونەری

فریدریش نیچە، دوژمنە سەرسەختەکەی ئەفلاتوون، هێرشێکی توند دەکاتە سەر چەمکی ئەخلاق. لە کتێبی لەدایکبوونی تراژیدیادا، نیچە دەڵێت: "بوون و جیهان تەنها وەک دیاردەیەکی هونەری پاساویان هەیە."

لای نیچە، کێشەی ئەفلاتوون ئەوەیە دەیەوێت مانایەک یان دادپەروەرییەک بۆ ئازار بدۆزێتەوە. نیچە دەڵێت ئەمە لاوازییە. جیهان دادپەروەر نییە؛ جیهان پشێوییەکی جوانە.


تێکۆشەری نیچەویی (وەک ئارکیتاپی دیۆنیسۆس) ئەو مرۆڤە باڵایەیە کە سەیری ئازار و وێرانکاریی بوون دەکات و دەڵێت "بەڵێ". ئەو بەدوای "سەبر" و "پاداشت"دا ناگەڕێت. ئەو ئازار وەک سوتەمەنی بەکاردەهێنێت بۆ گەشەکردنی هێزی خۆی.

لە دیدگای نیچەدا، تراژیدیای تێکۆشەر نابێت وانەی ئەخلاقیمان فێر بکات (وەک ئەوەی خراپەکار سزا دەدرێت)، بەڵکو دەبێت وزەمان پێ ببەخشێت. پاڵەوان نابێت "چاک" بێت، دەبێت "مەزن" بێت. سامناکبوونی پاڵەوانێک بەهای زیاترە لە بێزیانبوونی.



​٣.٢. کێشەی گریفیث: وەهمی ئازادیی ستەمکار


ئەگەر پێشەکییەکەی نیچە قبوڵ بکەین « کە ئیرادەی بەهێز تاکە پێوەرە و ئەخلاق درۆی لاوازەکانە» تووشی دیوارێکی کارەساتبار دەبین. لە چیرۆکی بێرسێرکدا، کارەکتەری گریفیث بەرجەستەبوونی کامڵی فەلسەفەی نیچەیە.



گریفیث خاوەنی ئیرادەیەکی پۆڵایینە. بەهاکانی خۆی دادەڕێژێت و ملکەچی هیچ نەریتێک نابێت. ئامادەیە خۆشەویستی و دۆستایەتی و ئەخلاق بکاتە قوربانی بۆ گەیشتن بە "خەونەکەی". بەپێی پێوەرەکانی نیچە (Master Morality)، گریفیث پاڵەوانە و گەتس « کە هێشتا بەستراوەتەوە بە سۆز و وەفاوە» لە پلەیەکی نزمتردایە.



​بەڵام فەلسەفەی ئەفلاتوون لە کتێبی نۆیەمی کۆماردا، توێکارییەکی ورد بۆ دەروونی کارەکتەرانی جۆری گریفیث دەکات و پووچییەکەی ئاشکرا دەکات. ئەفلاتوون جیاوازی دەکات لە نێوان "پاشا" و "ستەمکار":



​پاشا (The King): ئەو کەسەیە کە عەقڵ حوکمی ئارەزووەکانی دەکات. ئازادە چونکە گەورەی نەفسی خۆیەتی.


​ستەمکار (The Tyrant): ئەو کەسەیە کە بووەتە کۆیلەی "ئارەزوویەکی سەردەست" (Master Passion).


​گریفیث ئازاد نییە… 


ئەو کۆیلەی خەونەکەیەتی. ئەو ناتوانێت دەستبەرداری تەماحەکەی بێت تەنانەت ئەگەر بیەوێت. ڕۆحی گریفیث نموونەی شاری سەرەوژێرە: ئارەزوو لەسەر تەختە و عەقڵ کراوە بە خزمەتکار.



لێرەدا ئەفلاتوون تێکۆشەر (گەتس) ڕزگار دەکات. گەتس پاڵەوانی ڕاستەقینەیە نەک تەنها لەبەر ئەوەی دەجەنگێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی جەنگەکەی ڕەوایە. ئەو دەجەنگێت بۆ پاراستنی ئەوانی تر، بۆ وەفا، و دژی ستەمی گەردوونی. بەبێ چەمکی ئەفلاتوونی بۆ دادپەروەری « واتە بوونی پێوەرێکی بابەتی بۆ خێر لە دەرەوەی ئیرادەی مرۆڤ» جیاوازی نییە لە نێوان گەتس و گریفیث. تەنها دوو ئاژەڵی بەهێزن لە تاریکیدا یەکتر دەگەزن. ئەفلاتوون دەیسەلمێنێت کە "ویست" بەبێ "فەزیڵەت" پاڵەوانێتی نییە. تەنها فۆرمێکی زیرەکانەی شێتییە.



​٣.٣. سوقرات وەک تێکۆشەری ڕەها



نیچە تۆمەتبارێکی گەورەی هەیە: ئەو دەڵێت ئەفلاتوون (لەرێگەی کارەکتەری سوقراتەوە) تراژیدیای کوشتووە. نیچە پێی وایە سوقرات مرۆڤی تیۆرییە (Theoretical Man) کە لە ژیان دەترسێت و دەیەوێت بە لۆجیک و عەقڵانیەت ئەو ترسە داپۆشێت.



ئەمە خوێندنەوەیەکی ڕووکەشە. 



خوێندنەوەی ورد بۆ دیالۆگی فایدۆن (ساتی مردنی سوقرات) دەردەخات کە سوقرات ئارکیتاپی کۆتایی تراژیدیای تێکۆشەرە، بەڵام لە ئاستێکی بەرزتردا.



کاتێک سوقرات ژەهرەکە دەخواتەوە، هاوڕێکانی دەست دەکەن بە گریانی بەکۆمەڵ (ئەمە تراژیدیای داتەپینە). 


سوقرات تێیان دەخوڕێت و بێدەنگیان دەکات. ئەو نیشانی دەدات کە تێکۆشەری ڕاستەقینە ئەو کەسە نییە کە لە مەیدانی جەنگدا شمشێر دەوەشێنێت، بەڵکو ئەو کەسەیە کە زاڵ بووە بەسەر گەورەترین ترسدا: ترس لە مردن.



سوقرات لەو ساتەدا ڕووبەڕووی دۆزەخی "نەبوون" دەبێتەوە بەبێ ئەوەی دەستی بلەرزێت. ئەمە ئەو "ئازایەتییە عەقڵانییەیە" کە نیچە لێی تێنەگەیشت. نیچە پاڵەوانێکی دەویست کە بەڕووی دۆزەخدا پێبکەنێت (وەک شێتێک)، بەڵام سوقرات بەڕووی دۆزەخدا زەردەخەنەی دەکرد (وەک حەکیمێک).



سوقرات سەلماندی بەرزترین شێوەی تێکۆشان هاواری بەربەری و توڕەیی نییە، بەڵکو ئارامیی لەرزۆکنەبووی پیاوی دادپەروەرە کە گەیشتۆتە ئەو یەقینەی: "هیچ شەڕێک تووشی پیاوی چاک نابێت، نە لە ژیان و نە دوای مردن." تێکۆشانی سوقرات تێکۆشان بوو بۆ پاراستنی فۆرمی ڕۆح لەبەرامبەر هەڕەشەی شیبوونەوەی جەستەدا. 


چوارەم: ئاوهەنگیی کەلامی؛ تێکۆشەر لە ئاسۆی ڕۆژهەڵاتدا


​مشتومڕی توندوتیژی نێوان ویستی سەرشێتانەی نیچە و عەقڵی ساردی ئەفلاتوون، چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە و سەرسوڕهێنەر وەردەگرێت کاتێک لە پەنجەرەی "کەلامی ئیسلامی" (بە دیاریکراوی قوتابخانەی ئەشعەری) و نەریتی "جیهاد" (جوامێریی ڕۆحی)ـەوە سەیری دەکەین. لێرەدا، تێکۆشەر نە یاخیبووە دژی خودا و نە تەنها لۆجیکناسە، بەڵکو سوارچاکی ڕۆحە.



​٤.١. راستکردنەوەی ئەشعەری: لە "قەدەری کوێر"ـەوە بۆ "مەکری ئیلاهی"



لە تراژیدیای ناوزەدی ڕۆژئاواییدا (وەک بێرسێرک)، پاڵەوان هەمیشە هەست دەکات گەردوون هەڵەیە، یان خودا زاڵمە، یان قەدەر دوژمنی ئەوە. ئەمە دیدگایەکی "دوانەیی" (Dualistic)ـە. وادەزانێت هێزێک هەیە لە دەرەوەی دەسەڵاتی خودا یان دژی خودا کار دەکات.


قوتابخانەی ئەشعەری ئەم وەهمە بە بنەماوە هەڵدەتەکێنێت.


بنەمای یەکەم ئەوەیە: (لا خالق إلا الله). خودا تاکە خالقی هەموو کردارەکانە شیرین و تاڵ، ئازار و چێژ، دڕندە و فریشتە. کەواتە ئەو "تراژیدیا"یەی پاڵەوان تێیدا دەژی، ڕێکەوت نییە، هەڵەی سیستەم نییە، بەڵکو سەحنەیەکی دیزاینکراوە لەلایەن ویستی ئیلاهییەوە.


​ئەمە چەمکی "کەسب" دەهێنێتە کایەوە، کە کلیلی چارەسەرەکەیە:



خودا "ئاگر" (ئازار/دڕندە/کارەسات) دروست دەکات. ئەمە (خەلق)ـە و تەنها دەسەڵاتی خودایە.


​تاقیکردنەوەکە: مرۆڤ ناتوانێت ئاگرەکە کوژێنێتەوە یان بیكاتە ئاو (چونکە مرۆڤ خالق نییە)، بەڵام دەتوانێت هەڵبژێرێت "چۆن دەسوتێت". ئایا هاوار دەکات و کفر دەکات؟ یان بە سەبر و ڕەزامەندییەوە بەرگە دەگرێت؟


​ئەنجام: ئەگەر پاڵەوان بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە بەرگەی گرت، ئەوا فەزیڵەتی ئەخلاقیی کردارەکە "کەسب" دەکات.

​لە دونیابینی ئەشعەریدا، "تێکۆشەر" دژی خودا ناجەنگێت؛ ئەو لەناو هۆڵی ڕاهێنانی خودادا دەجەنگێت. ئەو دڕندەیەی بەرامبەریەتی، دوژمنێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو مەکری ئیلاهییە؛ ئامرازێکە بۆ تاقیکردنەوەی ئاستی وەلائی ئەو. 


تراژیدیای تێکۆشەر لێرەدا دەبێتە "نوێژێکی جەستەیی"؛ هەوڵێکە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ڕۆحی مرۆڤ لە ئازاری ماددە بەهێزترە.



​٤.٢. سوارچاکی جیهاد: جەنگ دژی "نەفس" نەک "جیهان"



ئەگەر ئەشعەرییەکان میکانیزمی تێکۆشانیان ڕوون کردبێتەوە، ئەوا نەریتی جیهاد ئامانجی تێکۆشانەکە دەگۆڕێت.

فوتووە یاسای جەنگاوەری ڕۆحییە  هاوشێوەی (Bushido)ی ژاپۆنی بەڵام بە ناوەڕۆکێکی تەوحیدی. جەنگاوەری فوتووە "کێشەی گریفیث" بە تەواوی چارەسەر دەکات:



​پاڵەوانی نیچەویی (گریفیپ): بۆ "دەسەڵات" و "خودی خۆی" دەجەنگێت. ئامادەیە جیهان بکاتە قوربانی بۆ خەونەکەی.



​پاڵەوانی جیهاد (تێکۆشەری ڕاستەقینە): بۆ "ئەوانی تر" و "حەق" دەجەنگێت. خۆی دەکاتە قوربانی بۆ جیهان.



​دەستەواژە بەناوبانگەکە دەڵێت: "سوارچاکی ڕاستەقینە ئەوەیە کە دوژمنی نییە." (ئەمە دەقاودەق لەگەڵ تێگەیشتنی سۆرفین لە ڤینلاند ساگا یەکدەگرێتەوە).



ئەمە مانای ئەوە نییە تێکۆشەر ئاشتیخوازێکی لاوازە… نەخێر، شمشێرەکەی لە هەمووان تیژترە. بەڵام مانای ئەوەیە ئەو "دوژمنی ناوەکی" (نەفس/ئیگۆ)ی بەزاندووە.



ئەو کاتێک دژی دڕندە دەرەکییەکان ("دەستی خودا" یان ستەمکاران) دەجەنگێت، لێدانەکانی لە ڕق و کینەوە سەرچاوە ناگرن، بەڵکو لە "ئەرک" و "خۆشەویستی" بۆ ئەوانەی دەیانپارێزێت سەرچاوە دەگرن.



ئەمە قۆناغی کۆتایی و باڵای تراژیدیای تێکۆشەرە. پاڵەوانەکە گەشتێکی دوور و درێژ دەبڕێت:



١.  سەرەتا بۆ مانەوە دەجەنگێت (تێکۆشانی ئاژەڵی).


٢.  دواتر بۆ شانازی و خۆی دەجەنگێت (تێکۆشانی نیچەویی).


٣.  لە کۆتاییدا بۆ حەق دەجەنگێت (تێکۆشانی ئیلاهی).


لەم قۆناغەدا تێدەگات کە "دەستی خودا" و دڕندەکان تەنها سێبەرن؛ جەنگە ڕاستەقینەکە هەمیشە دژی بێهیوایی و تاریکیی ناخی خۆی بووە. لێرەدا تێکۆشان لە "تراژیدیا"وە دەگۆڕێت بۆ "عیرفان".


پێنجەم: کۆتایی؛ سەرکەوتن لە ئەشکەوتەکەوە


سەرەتا بە پرسیارێکی سادە دەستمان پێکرد: ئایا ئەفلاتوون « ئەو ئەندازیارەی شاری نموونەیی» ڕێگە بە نووسەرانی تراژیدیا دەدات بچنە ناو کۆمارەکەیەوە؟ دوای ئەم گەشتە درێژە، دەردەکەوێت وەڵامەکە نەخێرێکی ڕەها نییە. بەڵکو بەڵێ یەکی مەرجدارە، کە بە تەواوی پەیوەستە بەوەی ئیرادەی پاڵەوانەکە بەرەو کوێ دەڕوات: بەرەو "پووکانەوە" یان بەرەو "بەرزی".



جیاوازیی بنچینەیی نێوان "هونەری بەرز" و "ژەهری دەروونی" لە وەزیفەکەیدایە.

تراژیدیای داتەپین (Pure Tragedy) شکست دەهێنێت چونکە تەنها وەک "ئاوێنە" کار دەکات. ئەم جۆرە هونەرە (وەک فیلمە ترسناکە بێماناکان) تەنها پووکانەوەی بایۆلۆجی و بێهیوایی ڕۆحیی بینەر دەداتەوە بە ڕوویاندا. بینەر لەناو بازنەیەکی داخراوی قێزدا زیندانی دەکات و پێی دەڵێت: "تۆ تەنها پارچە گۆشتێکی، و دەڕزێیت."


ئەفلاتوون مافی خۆی بوو ئەمە قەدەغە بکات. ئەو کۆمەڵگایەی خۆراکەکەی هونەری داتەپین بێت، لە کۆتاییدا لەو دەچێت « نەرم، ترسنۆک، و بێ‌باوەڕ.

تراژیدیای تێکۆشەر (Nominal Tragedy)، بە پێچەوانەوە، وەک "نەخشە" کار دەکات.


ئەم هونەرە دان بە تاریکیی ناوچەکەدا دەنێت « دڕندەکان، خۆرگیرانەکان، خیانەتەکان» بەڵام ڕێگایەک بۆ بەرگری دیاری دەکات. پەیامەکەی ئەوە نییە کە "تۆ قوربانیت"، بەڵکو ئەوەیە "تۆ ڕۆحیت، و دەتوانیت بەرگە بگریت."



لە جیهانێکی کەوتوودا، ئەم هونەرە زیادە (Luxury) نییە؛ بەڵکو میکانیزمێکی مانەوەیە. هونەری تێکۆشەر پێمان دەڵێت کە مرۆڤ دەتوانێت لەناو قوڕی ماددەدا بژی، بەڵام چاوی لەسەر ئەستێرەکان بێت.



بۆ تێگەیشتن لە گرنگیی تێکۆشەر، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مەسەلەی "ئەشکەوتەکە" (The Cave)ی ئەفلاتوون.



ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە زیاتر لە ئەشکەوتەکەی ئەفلاتوون دەچێت وەک لە کۆمارەکەی. بە سێبەر و وەهم و دژە-حیكمەتی مۆدێرنیتەیەکی بێ‌خودا دەوەر دراوین. لە سەردەمێکی تاریکی وادا، خۆری حەقیقەتی میتافیزیکیی پەتی (مەعریفەی ڕەها) زۆرجار زۆر دوورە یان زۆر پرشنگدارە بۆ ئەوەی ڕۆحی ئاسایی بیبینێت. چاوی خەڵکی ئاسایی بەرگەی ڕووناکیی پەتی ناگرێت.

بۆیە، پێویستمان بە ئاگرە.

تراژیدیای تێکۆشەر ئەو ئاگرەیە لەناو ئەشکەوتەکەدا.


  •  خۆر نییە (واتە حیكمەتی تەواو نییە).

  •  بەڵام گەرمییە. ئەو گەرمییەی کە خوێن بە جوڵە دەهێڵێتەوە و ناهێڵێت ڕۆحەکان لە سەرمای نیهیلیزمدا ڕەق ببنەوە.


"تێکۆشەر" « ئیتر گەتس بێت، یان سپارتییەک، یان سوارچاکێک» 


یەکەمین و پێویستترین وانەی فەلسەفەمان فێر دەکات: ئازایەتی 


(Courage/Andreia). بێ ئازایەتی، مرۆڤ ناتوانێت هەنگاو بەرەو حەقیقەت بنێت.



دەبێت "تێکۆشەر" قبوڵ بکەین تا لە خەوی ئەشکەوتەکە بەخەبەرمان بێنێت، تا ماسولکەکانمان ڕەق بکات و ئیرادەمان تیژ بکاتەوە.



بەڵام لە کۆتاییدا، دەبێت گوێ لە هۆشدارییەکەی ئەفلاتوون بگرین: مەهێڵن تێکۆشان ببێتە خودا.



ئێمە دژی دڕندەکان دەجەنگین نەک لەبەر ئەوەی جەنگان مانای ژیانە (وەک نیچە دەیوت)، بەڵکو بۆ ئەوەی ڕۆژێک ڕێگاکە پاک بکەینەوە، لە ئەشکەوتەکە بچینە دەرەوە، و دواجار شمشێرەکە دابنێین بۆ ئەوەی بە چاوی خۆمان سەیری "خۆر" بکەین.



لێرەدا تراژیدیا کۆتایی دێت، و کۆمیدیا (بە مانای ئیلاهی: سەرکەوتنی ڕۆح) دەست پێ دەکات.