ئایە هەموو شتێک لە ئاوە؟ | شیکاری بۆ فەلسەفەی طالیسی ملطی
پێشەکی:
لەوتارەکەماندا بەناوی (خیمیا - زانستی پیرۆز) بە وردی باسی پێکهاتە سەرەکیەکانی زانستی کۆنمان کرد. وە وتمان کە زانستی کۆن، جۆرێک لە باسکردنی «چۆنیەتی» تێدایە وەک لە «چەندیەتی» ڕووت. تاڵیس بەوە ناسراوە لە کتێبە فەلسەفیەکاندا کە، باوکی مێتۆدۆلۆژیای زانستییە! ئەمەش تا ڕادەیەک ئەو لادانەی زانستی مۆدێرن لە شارستانییە کۆنەکان دەشارێتەوە. دەیانەوێ بڵێن کە : ئەوەی ئێمە باسی دەکەین تەنها پێشکەوتنە لە بابەتە سەرەتاییەکانەوە، بۆ بابەتە پێشکەوتووترەکان.
سەرەتای نوسینیشم بەم وتارە لەوە دەستی پێکرد (دوای ئەوەی کتێبێکی مێژووی فەلسەفەم کەوتە دەست و چاوم پێدا خشاند) کە پرسیارم لەخۆم کرد، ئایە بەڕاستی فەیلەسوفی یەکەم، داهێنانێکی کردووە؟ئەوە مانای ئەوەبوو کە فەلسەفە لەسەرەتاوە گەڕان نەبووە بۆ واقیع. بەڵکو بۆ پێکهاتە چەندیەتیەکان. ئەمەش هەموو مێژووی فەلسەفە دەکاتە نزمیەتی.
بە وتەکەی ڕینیە گینۆن قەناعەتم بە خۆم کرد کە بەڵێ، فەلسەفە بریتی بووە لە نزمیەتی (هەرچەندە مەبەستی ئەوە نییە). لەدواتر دا دەبینم ئەو قسانەی تاڵیس، هەر دووبارە دەبنەوە. وە ئەگەر سەیری قورئان بکەین هەرچوار توخمەکە (ئاو ، هەوا، خاک، ئاگر) ناویان هاتووە. یەکسەر لەوە تێگەشتم کە خەریکە دەکەومە ناو ئەوەی کە ڕینیە گینۆن پێی دەڵێت (سەرلێشێوانی مۆدێرنانە) یان (Modern Confusion).
چونکە قسەکەی تاڵیس تا ڕادەیەک لەوە دەچوو کاتێک دەڵێین هەموو شتێک ئاوە : ئاو دەیبەستێ و دەبێتە شلی، ئەمە خاک و ئاوی ئاسایی بەرهەم دێنێ، وە گەرمتر دەبێت دەبێتە هەڵم، ئیتر ئەمە سێ شێوازی هەیە دەکرێ بگۆڕێ بۆ شێوازەکانی تری و هەموو مادەیەک پێکبێنی. لام ڕوون نەبوو چۆن ئاو دەبێتە ئاگر. وتم لەوانەیە بڵێت کە ئاو کە دەبێتە خاک (دەگۆڕێ) خاک تایبەتمەندی سووتانی هەیە و دەشێ بە بەردەکان ئاگر بەرهەم بێت کەواتە هەر ئاویش ئاگری بەرهەم هێناوە.
وەکو کە منداڵێک هەموو شتێک نازانێ وائەزانێ کە مانگ جۆرێکی پەنیرە! ڕاستیەکەی لەدوای ئەوەی کە تەفسیری سەقەتی مۆدێرنەکانم بۆ ئەفڵاتوون دەبینی، هەرچەندم دەکرد کەمتر و کەمتر قەناعەتم بەو سەرلێشێوانە دەهات. بەڵام نەمدەزانی چۆن لەو قەناعەتە ڕزگارم بێت و ڕاستیەکان بزانم دەربارەی تاڵیس، چونکە کەمە پاسجێکی ئەرستۆ نەبێ ، هیچ دەربارەی تاڵیس نازانین.
هەرچەندیش دەمڕوانیە تاڵیس ، بەرزیم دەبینی ئەو سێ پارچە نوسینەی کە ماوەتەوە ئەمانەن :
1-هەموو شتێک زیندووە.
2- هەموو شتێک لە ئاوەوە هاتووە.
3- هەموو شتێک خودای تێدا حازرە.
لە زاهیری هەرسێ وتەکەوە لە سێ زاهیری ئاینەکان دەچێت:
1- وَجَعَلْنَا مِنَ الْمَاءِ
2- كُلَّ شَيْءٍ حَيٍّ
3- أَفَلَا يُؤْمِنُونَ
لە تەوراتدا :
«و خودا فەرمووی: با ئاوەکان پڕ بن لە بوونەوەری زیندوو...» (Genesis 1:20)
لە ڤیدا دا :
«کاتێک ئاوە مەزنەکان هاتن، هەموو شتێکیان داپۆشیبوو و تۆوی (ژیانیان) هەڵگرتبوو، لەوێوە ئاگر (وزەی ژیان) سەریهەڵدا.»
«لە سەرەتادا تاریکی لەناو تاریکیدا شاراوە بوو؛ هەموو ئەم (گەردوونە) تەنها ئاوێکی بێشێوە و جیا نەکراوە بوو.»
«ئاوەکان بوون کە یەکەمین تۆویان وەرگرت، کە تێیدا هەموو خوداوەندەکان کۆببوونەوە.»
وەکو دەبینن هەر تاکێکی ترادیشنالیست (وەکو من)، بەمە سەرسام دەبێت. فەیلەسوفی یەکەم، دەقە ئاینییەکان، درێژبوونەوە لە خیمیا و ئاڵکەمی دا... هتد. هەموویان ئاماژەی ئەوە دەدەن کە ئاو، یەکەمین سەرچاوە بووە! بێگومان نابێت بەبێ بیرکردنەوە و قوڵبوونەوە لەناو باسەکەدا بەو شێوەیەی سەرەوە کە باسمان کرد، جێی بهێڵین.
دەمانەوێ لەم وتارە ئەوە ڕوون بکەینەوە کە چۆن تاڵیس وتەی (هەموو شتێک لە ئاو دروستبووە) یەکسانە بەوەی کە دەڵێت (لەهەموو شوێنێک خودا حزوری هەیە). گرێ بدەینەوە و بڵێین طاڵیس ڕاستی کردووە، مەبەستەکەشی ڕوونە کاتێک پۆخڵەواتی ماتریاڵیزم لەسەر چاوەکانت لادەدەیت.
بەشی یەکەم : بیرچوونەوە گەورەکە
سەیرە مرۆڤ چۆن بنچینەییترین شتی لەبیر ئەچێت.. ڕەنگە لەبەر ئەوەی ئەوەندە نوقمی ماددە بووین، ئیتر هەستی پێ ناکەین. وەک ماسییەک کە نوقمی ئاوە و پرسیار ئەکات ئاو چییە.
کاتێک گوێت لە فەلسەفەی کۆن ئەبێت کە ئەڵێن "گەردوون لە چوار توخم پێکهاتووە"، یەکەم کاردانەوەی مرۆڤی مۆدێرن پێکەنینە. پێکەنینێکی پڕ لە لوتبەرزی. وادەزانن تالیس و ئیبن سینا کۆمەڵێک نەزان بوون و نەیانزانیوە کە ئاو (H2O)ـە (مەبەستم ئەوەنیە خشتەی خولی زاندراو بووە). ئەمە تێنەگەیشتن نییە، ئەمە کوێرییەکی مەعریفییە.
ئەو داماوە مۆدێرنانە وادەزانن کاتێک پێشینان دەیانوت "توخم" یان "عونسوڕ"، مەبەستیان ماددەی کیمیایی بوو. مەبەستیان ئەو تەنۆلکانە بوو کە لە ژێر مایکرۆسکۆپدا ئەبینرێن.بۆ ئەوەی لەمە تێبگەیت، ئەبێت بزانیت کە ئەوان سەیری ماهییەتیان ئەکرد، نەک تەنها "پێکهاتە". لە جیهانی کۆندا، پێش ئەوەی مۆدێرنیتە هەموو شتێک تەخت بکات، دوو نیگای گەورە و قوڵ هەبوو بۆ ماددە.
نیگای یەکەم هی "فەیلەسوفەکان" بوو (وەک ئەرستۆ و دواتر ئیبن سینا و مەشائییەکان).
لای ئەوان توخم تەنها ماددە نییە، بەڵکو "مەرەکەبێکی میتافیزیکی"ـیە. ئەگەر سەیری دەقە کۆنەکان بکەیت، زاراوەی "ئستقس" (Stoicheion) ئەبینیت. ئەمە وشەیەکی یۆنانییە بە مانای "ئەسڵ". لای ئەوان، بۆ ئەوەی شتێک ببێتە توخم، دەبێت سێ پایەی هەبێت:
یەکەم: "شوێنی سروشتی" (Natural Place).
هەر توخمێک لەم گەردوونەدا ماڵێکی هەیە و ئاشقیەتی. ئاگر بە سروشتی خۆی جوڵە ئەکات بۆ سەرەوە. ئەمە تەنها یاسای فیزیا نییە لای ئەوان، ئەمە عەشقە. ئاگر ئاشقی بەرزبوونەوەیە بۆ لای فەلەکی خۆی. خاک ئاشقی نزمبوونەوەیە بۆ سەنتەری زەوی. ماهییەتی توخمەکە بەوە پێناسە ئەکرێت کە ڕووی لە کوێیە، نەک کێشی چەندە.
دووەم: "کەیفیات" (Qualities).
ئەمە زۆر گرنگە. لای فەیلەسوف، ماددەی ڕووت بوونی نییە (هیولا). ماددە کاتێک دێتە بوون کە "سیفەت" وەردەگرێت.
ئاگر چییە؟ بریتییە لە جەوهەرێک کە گەرم و وشکە.
ئاو چییە؟ بریتییە لە جەوهەرێک کە سارد و تەڕە.
خاک چییە؟ بریتییە لە جەوهەرێک کە سارد و وشکە.
هەوا چییە؟ بریتییە لە جەوهەرێک کە گەرم و وشکە.
کەواتە توخمەکان شتی جێگیر نین، بەڵکو هەڵگری سیفەتن.
سێیەم: گۆڕان (Transmutation).
لەبەر ئەوەی توخمەکان بە سیفەتەکانیان دەناسرێنەوە، کەواتە ئەتوانن بگۆڕێن.
ئاو ئەبێت بە هەوا (هەڵم). ئەمە لای ئەوان سیحر نییە، ئەمە گۆڕانی ساردییە بۆ گەرمی. ماددەکە هەر یەکە (هیولا)، بەڵام جلەکەی گۆڕیوە. بۆیە پێیان دەوت "ئستقس"، واتا ئەوەی قابیلی گۆڕانە.
ئەمە نیگای فەیلەسوفەکان بوو. ماددە لای ئەوان شتێکی پێکەوەیی (Continuous) بوو، وەک هەویرێک کە بەردەوام شێوە وەردەگرێت و خاوەنی تەبیعەتی خۆیەتی.
بەڵام لێرەدا شتەکە سەرنجڕاکێش ئەبێت.. و شەڕەکە دەست پێ ئەکات.
موتەکەلیمین (زانایانی کەلام وەک ئەشعەری و ماتوریدی)، هاتن و ئەمەیان بە توندی ڕەت کردەوە.
وتیان: "نەخێر، ئەم قسەیەی فەیلەسوفەکان کە ئەڵێن شتەکان (تەبیعەت)ـیان هەیە، شیرکە یان لانی کەم گومڕاییە."
ئەی ئەوان چییان وت؟
وتیان ماددە لە "جەوهەری فەرد" پێکهاتووە.
جەوهەری فەرد واتا چی؟ واتا گەردیلەی زۆر ورد کە دابەش نابن (The Indivisible Atom).
بەڵام ئاگاداربە.. ئەمە ئەتۆمی مۆدێرن نییە.
لای موتەکەلیمین، ئەم گەردیلانە هەموویان یەکسانن. هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان گەردیلەی ئاگر و گەردیلەی ئاو.
ئەی چی جیاوازی دروست ئەکات؟
عەرەز (Accident). ئەوان وتیان ماددە مردووە. خۆی هیچ تەبیعەتێکی نییە. ئاگر تەبیعەتی سوتاندنی نییە.
ئەی بۆ دەسوتێنێت؟
چونکە خودا لەو ساتەی دەستت بەر ئاگرەکە ئەکەوێت، عەرەزی سوتاندن لە دەستی تۆدا خەلق ئەکات.
هیچ هۆکار و ئەنجامێک نییە، تەنها "عادەتی خودا" هەیە.
سەیری ئەو ململانێ عەزیمە بکە..
فەیلەسوفەکان دەیانوت ماددە زیندووە و تەبیعەت و عەشقی هەیە بۆ جوڵە.
موتەکەلیمین دەیانوت ماددە خودی خۆی پارچە پارچەیە، و خودا هەموو ساتێک بە ئیرادەی خۆی زیندووی دەکاتەوە و سیفەتی پێ ئەدات.
هەردوو لایان سەیری مانایان دەکرد.
یەکێکیان دەیبەستەوە بە سیفەتی گەردوونی و نیزامی بوون. ئەوی تر دەیبەستەوە بە دەسەڵاتی ڕەهای خودا و نەمانی هۆکارەکان.
بەڵام مۆدێرنەکان؟
هاتن وتیان: "وازی لێ بێنن، ئەمانە فەلسەفەی بەتاڵن. با تەنها بیپێوین."
نە تەبیعەتیان هێشت، نە ئیرادەی خوا. ماددەیان کردە ژمارەیەکی وشک. خشتەی خولی (Periodic Table)ـی مۆدێرن ماددەکان لەیەکتری دادەبڕێت و دەیانکاتە ژمارەی ڕووت. زێڕ و قوڕ لای ئەوان هیچ جیاوازییەکی ماهییەتیان نییە، تەنها جیاوازی ژمارەی پڕۆتۆنەکانە.
ئەوان ڕۆحیان لە جیهان دەرکرد.
ئەوانەی گاڵتە بە چوار توخمەکە ئەکەن، با بڕۆن سەیری خۆیان بکەن.
لە نێوان ئەو هەموو داتایەدا خنکاون، بەڵام ناتوانن تێبگەن بۆچی کاتێک سەیری ئاگر دەکەن هەست بە ترس و ڕێز دەکەن. چونکە ئەوان ئستقسەکەیان بیر چووەتەوە، تەنها توێکڵەکەیان بەدەستەوە ماوە.
بەشی دووەم: جەستە وەک گەردوونێکی بچووک
کێشەکە هەر ئەوە نییە کە ئێمە لە فیزیا و ماهییەتی ماددە تێنەگەیشتووین، کێشەکە ئەوەیە خۆشمان لەبیر کردووە.
لە سیستەمی توخمەکاندا، جیهانی دەرەوە (ماکرۆکۆزم) و جیهانی ناوەوەی مرۆڤ (مایکرۆکۆزم) ئاوێنەی یەکتر بوون. هەر توخمێک لە دەرەوە، هاوتاکەی لە ناو جەستەی تۆدا هەبوو.
ئەمە ئەو شتەیە کە پزیشکیی مۆدێرن بە هیچ شێوەیەک تێی ناگات. ئەوان جەستە وەک مەکینە ئەبینن، وەک ئۆتۆمبێلێک کە پارچەیەکی خراپ بووە و دەبێت بگۆڕدرێت. بەڵام لای حەکیمەکان، جەستە باخچە بوو، دەبوایە هاوسەنگی ئاو و خاک و هەتاوی تێدا ڕابگریت.
لای پێشینان، هەر توخمێک بەرپرس بوو لە میزاجێک (Temperament). ئەمە تەنها پزیشکی نەبوو، ئەمە دەروونناسی و گەردوونناسی بوو بەیەکەوە.
سەیرکە چۆن دابەشیان کردبوو:
یەکەم: توخمی خاک ← میزاجی سەودایی (Melancholic).
ئەمانە سروشتیان سارد و وشکە. وەک خاک، قورسن و جێگیرن. کەسانی سەودایی زۆر بیر دەکەنەوە، قووڵن، بەڵام مەیلیا بۆ خەمۆکی هەیە. بۆچی؟ چونکە خاک ڕەقە و جوڵەی نییە. ئەمانە ئەو فەیلەسوف و شاعیرانەن کە لە گۆشەیەکدا دادەنیشن و دونیا شی دەکەنەوە
.
دووەم: توخمی ئاو ← میزاجی بەڵغەمی (Phlegmatic).
ئەمانە سروشتیان سارد و تەڕە.
کەسی بەڵغەمی وەک ئاو وایە، هێمنە، لەسەرخۆیە، توڕە نابێت. بەڵام ئەگەر ئاوەکە زۆر بوو، دەبێتە تەمەڵی و خەواڵوویی. ئەمانە ئەو کەسانەن کە دنیا ئاوی بردبێت ئەوان خەوی خۆیان دەشکێنن.
سێیەم: توخمی هەوا ← میزاجی دەمەوی/خوێن (Sanguine).
ئەمانە سروشتیان گەرم و تەڕە.
ئەمانە وەک هەوا سووکن. کۆمەڵایەتین، دەم بە پێکەنینن، ڕوویان خۆشە. خوێن گەرم و جوڵاوە. بەڵام وەک هەواش بێ ئۆقرەن، لە شوێنێک دانانیشن و بڕیارەکانیان دەگۆڕن.
چوارەم: توخمی ئاگر ← میزاجی سەفراوی (Choleric).
ئەمانە سروشتیان گەرم و وشکە.
ئەمانە سەرکردەن. وەک ئاگر، وزەیان زۆرە و خێران. زوو توڕە دەبن و زوو بڕیار دەدەن. وشکییەکەیان وایان لێ دەکات ڕەق بن، و گەرمییەکەیان وایان لێ دەکات بەهێز بن.
سەیرکە چۆن هەموو شتێک بەستراوەتەوە..
مرۆڤی مۆدێرن دەچێتە لای دکتۆر، ئەڵێت تووشی خەمۆکی بووم.
دکتۆرەکەش وەک میکانیک، دەست ئەکات بە نووسینی حەبی کیمیایی بۆ دەستکاریکردنی مێشک. ئەڵێت "سیرۆتۆنینت کەمە". وەک ئەوەی بڵێت ڕۆنی مەکینەکەت کەمە.
بەڵام حەکیمە کۆنەکە سەیری ئەکات و ئەڵێت: "تۆ توخمی خاکت زاڵ بووە. تۆ وشک بوویتەتەوە. ساردی دەستی بەسەر ڕۆحتدا گرتووە."
چارەسەرەکە چی بوو؟
چارەسەرەکە گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بوو. نەخۆشەکەیان دەخستە ناو ژینگەیەکی گەرم و تەڕ.
خواردنی گەرم، گوێگرتن لە مۆسیقا (کە توخمی هەوایە)، سەیرکردنی ئاو.
چونکە ئەوان دەیانزانی کە تۆ ناتوانیت بە حەبێک خەم لاببەیت، دەبێت ئەو خاکە زیادەیە بە ئاو و هەوا نەرم بکەیتەوە.
ئەوانەی گاڵتە بەمە ئەکەن، با بڕۆن سەیری ژیانی خۆیان بکەن. سەیری بکە چۆن لەنێوان داتای وشکدا خنکاوە.
کاتێک دەچێتە دەشایی و دارستان، هەست دەکات ڕۆحی دەگەشێتەوە. وا دەزانێت تەنها ئۆکسجینی مێشکی زیاد بووە!
ئەوە ئۆکسجین نییە.
ئەوە دیدارە.
دیداری نێوان هەوای دەرەوە و ڕۆحی ناوەوەیە. جەستەت هاوسەنگی وەردەگرێتەوە چونکە دەچیتەوە سەر ئەسڵی خۆت. ئێمە ئەمڕۆ هەموومان نەخۆشین. نەخۆشییەکەمان ئەوەیە کە بووین بە سەودایی. دونیای مۆدێرن دونیایەکی وشک و ساردە (کۆنکرێت و ئاسن).
بۆیە هەموو خەڵک خەمۆکە. هیچ حەبێک چارەسەری ناکات تاوەکو دان بەوەدا نەنێین کە ئێمە کوڕی سروشتین، نەک کوڕی کارگەکان.
بەشی سێیەم: خیانەتەکەی خشتەی خولی
"[کۆمەڵگای یوتۆپی] لە زێڕ و زیو دەفری پیسایی و توالێت دروست دەکەن... و لە هەمان کانزا زنجیر و کەلەپچە دروست دەکەن بۆ بەستنەوەی کۆیلەکان. "
—تۆماس مۆر، یوتۆپیا (1516) ، کتێبی دووەم.
با باسی ئەو تاوانە گەورەیە بکەین کە ناوی خشتەی خولی (Periodic Table)ـە. مۆدێرنیتە شانازی پێوە ئەکات وەک دەسکەوتێکی گەورە. لە هەموو پۆلێکی قوتابخانەدا هەڵواسراوە وەک ئەوەی کتێبێکی پیرۆز بێت. بێگومان، لە ڕووی تەکنیکییەوە بەسوودە بۆ دروستکردنی پلاستیک و بۆمب. بەڵام لە ڕووی مەعریفییەوە؟ کارەساتە.
کێشەی خشتەی خولی ئەوەیە کە ماددەکان لەیەکتری دادەبڕێت و دەیانکاتە "ژمارەی ڕووت". سەیرکە چییان کردووە.. لای ئەوان زێڕ و قوڕقوشم تەنها جیاوازی ژمارەی ئەتۆمی و پڕۆتۆنیان هەیە (٧٩ و ٨٢). هەموو شتێک یەکسان کراوەتەوە لەژێر حوکمی ژمارەدا. ئەمە هەمان ئەو نەخۆشیی یەکسانییەیە (Equality) کە لە سیاسەتدا هەیانە، هێناویانە بۆ ناو سروشتیش. دەیانەوێت بڵێن هیچ ماددەیەک لە ماددەیەکی تر شەریفتر نییە.
بەڵام لە سیستەمی چوار توخمەکەدا، و لە زانستی خیمیا (Alchemy)ـدا، ماددەکان پلەبەندییان (Hierarchy) هەیە. جیهان دیموکراسی نییە، جیهان چینایەتییە. زێڕ تەنها کانزایەک نییە کە ئەدرەوشێتەوە و نرخی گرانە. زێڕ هێمایە بۆ کەماڵ. هێمایە بۆ خۆر، بۆ نەمری. بۆیە ژەنگ نایخوات. زێڕ تاکە ماددەیە کە کات کاری لێ ناکات. ئەوە وێنەی بەهەشتە لەسەر زەوی.
قوڕقوشم تەنها ماددەیەکی ژەهراوی نییە.
قوڕقوشم هێمایە بۆ قورسی، بۆ تاریکی، بۆ هەسارەی زوحەل (Saturn). هێمایە بۆ ئەو نەفسەی کە بەندەی زەوییە و ناتوانێت بفڕێت. ئەو خیمیاگەرانەی کە مێژوونووسە مۆدێرنەکان بە تەمماع و پارەپەرست ناویان دەبەن، لە ڕاستیدا لە ئێمە زۆر بەرزتر بوون. کاتێک دەیانویست قوڕقوشم بکەن بە زێڕ، مەبەستیان ئەوە نەبوو دەوڵەمەند ببن. مەبەستیان ئەوە بوو کە چۆن نەفسی خواروو (قوڕقوشم) بگۆڕن بۆ ڕۆحی باڵا (زێڕ). ئەمە زانستێک بوو کە ماددە و مەعنای تێکەڵ کردبوو. هەر کارلێکێکی کیمیایی، دوعایەک بوو.
بەڵام کیمیای مۆدێرن؟
هات ڕۆحەکەی کوشت و لاشەکەی توێکاری کرد. زانای مۆدێرن دێت ئەڵێت: "زێڕ هیچ پیرۆزییەکی نییە، تەنها ئەلیکترۆنەکانی بە شێوەیەک ڕیز بوون کە ڕووناکی دەداتەوە." وەڵا دەستخۆش.
هەر بەم قسەیە دڵی مرۆڤتان کردە پارچە گۆشت و ئاسمانیش کردە بۆشاییەکی ڕەش.
ئەمە خیانەتەکەیە.
کاتێک تۆ سیفەت و پلەبەندی لە ماددە دەسێنیتەوە، دونیا دەبێتە شوێنێکی خۆڵەمێشی. ئیتر گوڵ و پاشەڕۆ وەک یەکن، تەنها ئەتۆمەکانیان جیاوازە.
ئێستا تێگەیشتیت بۆچی مرۆڤی مۆدێرن هەست بە غەریبی ئەکات؟
چونکە لە جیهانێکدا دەژی کە هیچ شتێک تێیدا هێما نییە، هەموو شتێک تەنها "شت"ـە (Just is) . ئەوان جیهانیان "نا پیرۆز" (Desacralized) کرد، دواییش گلەیی دەکەن کە بۆچی ژینگە تێک دەچێت.
کێ ڕێز لە سروشتێک دەگرێت کە بە لایەوە تەنها کۆگایەکی ئەتۆم بێت؟
بەشی چوارەم: لە "بۆچی"ـیەوە بۆ "چۆن"
لێرەدا دەگەینەوە ئەو دەرئەنجامەی کە کێشەکە ئەوە نییە زانستەکە "هەڵە" دەرچوو، بەڵکو ئەوەیە "ئامانج"ـی مرۆڤ گۆڕا. ئەمە خاڵێکی زۆر هەستیارە کە دەبێت تێیبگەیت. لەسەردەمی پێشوو، ئامانجی زانست حیکمەت بوو. تێگەیشتن بوو لە نهێنی گەردوون بۆ ئەوەی مرۆڤ شوێنی خۆی تێدا بدۆزێتەوە. مرۆڤ خۆی بە بەشێک لەم ئاوازە گەورەیە دەزانی و دەیویست تێبگات نۆتەکانی چۆن لێ دەدرێن تا ئەویش بەشداری بکات. زانست جۆرێک بوو لە عیبادەت.
بەڵام لەگەڵ هاتنی مۆدێرنیتە، بەتایبەت لە دوای فرانسیس بیکۆن و دێکارت، ئامانجەکە بوو بە دەسەڵات. دروشمی ئەوان بوو بە "زانست هێزە" (Knowledge is Power).
سەیرکە چەند دروشمێکی شەیتانییە..
مەعریفە چیتر بۆ ڕووناککردنەوەی دڵ نییە، بەڵکو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەوروبەرە.
بۆ ئەوەی دەسەڵاتت بەسەر سروشتدا هەبێت و بیخەیتە ژێر ڕکێفی خۆت بۆ تەکنەلۆژیا و قازانج، پێویستت بە "ژمارە" هەیە. پێویستت بەوەیە هەموو شتێک بپێویت و بیکێشیت و بیخەیتە ناو هاوکێشەوە.
سیستەمی چوار توخمەکە (ئاو، هەوا، خاک، ئاگر) سیستەمێکی "چۆنایەتی" (Quality) بوو، نەک "چەندایەتی" (Quantity). تۆ ناتوانیت "گەرمی" یان "وشکی" بە ژمارە دیاری بکەیت وەک چۆن کێشی ئاسن دیاری ئەکەیت. گەرمی لای ئەوان هەستێک بوو، دۆخێک بوو. تەنانەت کاتێک دەیانەوێ بە زۆری گەرمی بپێون، بە ڕادەی کاردانەوەی ماددەیەک دەیپێون کە وەڵامی گەرمی دەداتەوە. نەک گەرمیەکە بپێون.
بۆیە زانستی مۆدێرن هات و وتی: "هەر شتێک نەپێورێت، بوونی نییە." ئەوان هاتن وتیان: ڕەنگ، تام، بۆن، هەست.. ئەمانە "سیفەتی لاوەکین" و تەنها لە مێشکی مرۆڤدان. حەقیقەت تەنها جوڵەی ئەتۆمەکانە. بە یەک ڕستە، دونیای کردە شوێنێکی خۆڵەمێشی و بێدەنگ. گوڵ چیتر بۆنخۆش نییە لە حەقیقەتدا، تەنها مێشکی تۆیە وا تێدەگات.
ئەوان ڕۆحیان لە جیهان دەرکرد و کردیانە مەکینەیەکی گەورە تەنها بۆ ئەوەی بتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن. سروشت لای ئەوان چیتر دایک نەبوو، بەڵکو کەنیزەکێک بوو دەبوایە ئەشکەنجە بدرێت تا نهێنییەکانی دەربخات. زانستی کۆن نەمرد برام، بەڵکو دەر کرا.
فڕێیان دایە دەرەوەی بازنەی زانکۆکان چونکە پارەی پێ پەیدا نەدەکرا و بۆ دروستکردنی بۆمب دەستینەدەدا.
ئەگەر سەیری پزیشکیی کۆن بکەیت (وەک هی ئیبن سینا یان پزیشکی چینی)، هێشتا لەسەر بنەمای ئەو چوار توخمە و وزەکان چارەسەر ئەکەن و خەڵکیش چاک ئەبنەوە. کەواتە سیستەمەکە ئیش ئەکات، بەڵام بۆ "مرۆڤ" ئیش دەکات، نەک بۆ "مەکینە".
کێشەکە ئەوەیە ئێمە چاویلکەی ئەندازیارێکمان کردووەتە چاو و دەمانەوێت شیعر بخوێنینەوە.
بۆیە پێمان وایە شیعرەکە بێ مانایە، لەکاتێکدا کێشەکە لە چاویلکەکەی خۆمانە. ئەندازیار تەنها دەزانێت دیوار دروست بکات، نازانێت چۆن ڕۆح ئارام دەکاتەوە. زانستە کۆنەکە وەڵامی پرسیاری "بۆچی" دەدایەوە (بۆچی ئێرەین؟)، بەڵام زانستە نوێکە تەنها وەڵامی "چۆن" دەداتەوە (چۆن جوڵە دەکەین؟).
مرۆڤی ئەمڕۆش چونکە لە مانای ژیان بێزار بووە، تەنها دەیەوێت بزانێت شتەکان چۆن ئیش دەکەن تا کاتی پێ بەڕێ بکات. وەک زیندانییەک کە خەریکی لێکۆڵینەوە بێت لە جۆری بەردی دیوارەکانی زیندانەکەی، لە جیاتی ئەوەی بیر لە دەرچوون بکاتەوە.
ئێمە زۆر زیرەکین لە وردەکارییەکان، بەڵام لە وێنە گەورەکەدا گەمژەین.
بەشی پێنجەم: دیکتاتۆریەتی زانست و شەرعیەتی فەلسەفە
لێرەدا دەگەینە خاڵە گرنگەکە.. خاڵی حوکمڕانی. ئەمڕۆ وا باوە کە زانست (Science) لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. ئەگەر زانست وتی شتێک ڕاستە، دەبێت دین و فەلسەفە و هونەر بێدەنگ ببن و سەریان شۆڕ بکەن.
وەڵا ئەمە دیکتاتۆریەتێکی گەمژانەیە. نەک هەر گەمژانەیە، بەڵکو لە ڕووی مەنتقییەوە "مەحاڵە".
بۆ ئەوەی بزانیت کێ باڵاترە، سەیر بکە کێ "حوکم" بەسەر کێدا ئەدات.
زانست هەرگیز ناتوانێت حوکم بەسەر فەلسەفەدا بدات، بەڵام فەلسەفە حوکم بەسەر زانستدا ئەدات.
زانستپەرستەکان (Scientism) ئەڵێن: "تەنها ئەو شتانە ڕاستن کە بە زانستی تەجریبی دەسەلمێنرێن." باشە.. ئایا ئەم ڕستەیەی جەنابت ("تەنها ئەو شتانە ڕاستن...") بە زانستی تەجریبی سەلمێنراوە؟ ئایا بردیانە تاقیگە و خستیانە ژێر مایکرۆسکۆپ و بینییان کە تەنها ماددە ڕاستە؟
نەخێر.
ئەم ڕستەیە خۆی "فەلسەفییە". ئەم ڕستەیە ماددی نییە، مەعنەوییە.
کەواتە زانستپەرستەکە لە یەکەم قسەیدا پشتی خۆی شکاندووە. ئەو بە کەرەستەیەکی "نا زانستی" (کە فەلسەفەیە) دەیەوێت شەرعیەت بدات بە زانست.
خاڵێکی تر ئەوەیە..
زانست ئیشی ئەوەیە شتەکان "بپێوێت" و تاقیکردنەوە بکات. بەڵام کاتێک زانایەک دێتە دەرەوە و ئەڵێت "ئەم تاقیکردنەوەیە ڕاستە" (True)، ئەو لێرەدا خەریکە لە سنوری خۆی دەچێتە دەرەوە.
وشەی "ڕاستی" (Truth) خۆی چەمکێکی فەلسەفییە. تۆ لەژێر مایکرۆسکۆپدا شتێک نابینیت بە ناوی "ڕاستی" یان "هەڵە". تۆ تەنها جوڵە و کارلێک دەبینیت. تۆ ناتوانیت لە "بووەکان" (Is)ـەوە بگەیته "دەبێتەکان" (Ought). ئەمە یاسایەکی مەنتقییە (Hume's Guillotine).
کەواتە زانایەکە بۆ ئەوەی تەنها یەک ڕستەی مەعقوڵ بڵێت، موحتاجی زمان و چەمکەکانی فەلسەفەیە. ئەو قەرزاری فەلسەفەیە. ئەمە جگە لەوەی کە زانست لەسەر بنەمایەک وەستاوە کە خۆی ناتوانێت بیسەلمێنێت. زانست باوەڕی وایە کە "هۆکار و ئەنجام" (Causality) هەیە. باوەڕی وایە ئەگەر ئاو گەرم بکەیت دەبێتە هەڵم.
بەڵام کێ وتی سبەینێش هەر وا دەبێت؟
تەنها لەبەر ئەوەی دوێنێ وا بووە؟
ئەمە بەڵگە نییە، ئەمە ئیستیقرائـە (Induction). مەنتق پێمان دەڵێت ئیستیقراء هەرگیز یقین دروست ناکات.
کەواتە زانست بۆ ئەوەی بژی، پێویستی بەوەیە باوەڕ بە شتێک بکات (هۆکارێتی) کە ناتوانێت بە تەجریبە بیسەلمێنێت.
کێ دەتوانێت باس لە هۆکارێتی بکات؟ فەلسەفە (میتافیزیک). کەواتە فەلسەفە دەبێت بە "ڕیشە" و زانست دەبێت بە "لق". هەمیشە ڕیشە لەپێشترە و گرنگترە لە لق. لقێک ناتوانێت ئینکاری ڕیشەکەی بکات بێ ئەوەی خۆی وشک ببێت.
جگە لەمە، زانست تەنها باسی "چۆنێتی" ئەکات، فەلسەفە باسی "واتا" و "بەها" ئەکات.
پزیشکێک (کە نوێنەری زانستە) ئەتوانێت پێت بڵێت چۆن دڵێک دەربهێنیت و بیخەیتە جەستەی یەکێکی ترەوە. تەکنیکەکەت فێر دەکات.
بەڵام هەرگیز ناتوانێت پێت بڵێت ئایا ئەخلاقییە ئەم کارە بکەیت یان نا. ئایا دروستە پارچەی مرۆڤێک بکڕدرێت؟
ئەو بڕیارە ئەخلاقییە لە سەرووی زانستەوەیە. زانست "کوێرە" بەرامبەر بە "خێر و شەڕ".
بۆ زانست، ژەهر و دەرمان هەردووکیان تەنها ماددەی کیمیایین. ئەوە ئەخلاقە (فەلسەفە) کە دێت یەکێکیان بە باش و ئەوی تر بە خراپ دادەنێت. کەواتە ئەو زانستەی حوکمی ئەخلاقی ئەدات باڵاترە لەوەی تەنها کردارییە.
فەلسەفە وەک ئەندازیارە و زانست وەک کرێکارە.
کرێکارەکە نازانێت بیناکە بۆچی دروست دەکرێت، تەنها بلۆکەکان دادەنێت. ئەندازیارەکە (فەلسەفە) نەخشە گەورەکەی لایە.
کەسێک تەنها بلۆک ببینێت و نەخشەکە نەبینێت، چۆن دەکرێت بڵێین لە سەرووی ئەندازیارەکەوەیە؟ سەیری مێژوو بکە.. زانست گۆڕاوە. ئەمڕۆ شتێک ئەڵێت و بەیانی پەشیمان ئەبێتەوە. نیوتن هات شتێکی وت، ئەینشتاین هات ڕەتی کردەوە، کوانتەم هات هەردووکیانی کردە گاڵتەجاڕ.
بەڵام فەلسەفەی حەقیقی (میتافیزیک) باسی شتە نەگۆڕەکان ئەکات. باسی بوون، باسی خودا، باسی چاکە.
ئەوەی نەگۆڕ بێت، هەمیشە شەریفتر و باڵاترە لەوەی دەگۆڕێت.
ئەوەی جێگیر بێت، سەردارە بەسەر ئەوەی ئەجوڵێت.
بەشی شەشەم: ئاوەکەی تالیس و تینوێتی ئێمە
با بگەڕێینەوە سەر پرسیارە سەرەکییەکە: "ئایا هەموو شتێک ئاوە؟"
تالیس (Thales)، یەکەم فەیلەسوفی یۆنانی، وەستا و وتی: "بنچینەی هەموو شتێک ئاوە."
مۆدێرنەکان کە ئەمە دەبیستن، پیای دەڵێن: "هاهاها، سەیرکەن چەند نەزان بووە! نەی زانیوە کە هەموو شتێک ئەتۆمە، وادەزانێت بەرد لە ئاو دروست بووە."
بەڵام با بە چاوی "تەئویل" سەیری بکەین، نەک بە چاوی ڕووکەشی ئەوان.
تالیس مەبەستی ئاوی ڕووبار نەبوو. مەبەستی ئەوە بوو کە گەردوون لە بنچینەدا شتێکی "شل"ـە (Fluid). شتێکە کە دەتوانێت هەموو شێوەیەک وەربگرێت، سەرچاوەی ژیانە، و هەموو شتێک لێی دروست دەبێت و دەگەڕێتەوە بۆی.
جا شتەکە زۆر سەیرە..
ئەمڕۆ فیزیای کوانتەم (Quantum Physics) پێمان ئەڵێت: "ماددە نییە، تەنها شەپۆلی ئەگەرەکان هەیە (Probability Waves)."
شەپۆل سیفەتی چییە؟ سیفەتی ئاو.
کەواتە لە قوڵایی گەردووندا، هیچ شتێکی ڕەق بوونی نییە. هەموو شتێک وزەیەکی شەپۆلایە و دەجوڵێت.
کەواتە تالیس ڕاستی کرد. گەردوون دەریایەکە لە وزە و ئەگەرەکان، نەک کۆمەڵێک بەردی ڕەق وەک نیوتن وای دەزانی. هەرچەندە ئەم قسەیەی کوانتەم تەنها مەجازیە.
بەڵام کێشەی ئێمە لێرەدا چییە؟
کێشەکە ئەوەیە ئێمە لەم دەریایەدا خنکاوین. زانستی مۆدێرن فێری کردووین مەلە بکەین لەناو ماددەدا، بەڵام فێری نەکردووین چۆن سەرمان بێنینە دەرەوە بۆ هەناسەدان.
ئێمە ئەزانین چۆن ئاو (H2O) شی بکەینەوە بۆ هایدرۆجین و ئۆکسجین، بەڵام نازانین چۆن "پیرۆزیی" ئاو ببینین.
کاتێک باران دەبارێت، تۆ چی دەبینیت؟
ئایا تەنها کرداری بەهەڵمبوون و چڕبوونەوە دەبینیت؟ تەنها سوڕێکی فیزیایی دەبینیت؟
ئەگەر تەنها یەکەمیان دەبینیت، ئەوا تۆ لە زیندانی "چەندایەتی" دایت. تۆ تەنها داتا دەبینیت. تۆ کوێریت بەرامبەر مانا.
ئەگەر دووەمیان دەبینیت، واتا ئەگەر "ڕەحمەتی ئاسمان" دەبینیت بۆ زەوی، ئەوا تۆ هێشتا مرۆڤیت. تۆ "مانا" دەبینیت.
کاتێک قورئان ئەفەرموێت: "وَجَعَلْنَا مِنَ الْمَاءِ كُلَّ شَيْءٍ حَيٍّ".
ئەمە تەنها باسی بایۆلۆجی نییە. ئەمە باسی ئەوەیە کە ئاو "نوێنەری ژیانە" لە جیهانی ماددەدا.
ئاو ئەو شتەیە کە پاکت دەکاتەوە. بۆچی دەستنوێژ بە ئاو دەگیرێت؟ بۆچی بە بەرد ناگیرێت؟ چونکە ئاو سیفەتی گۆڕان و پاککردنەوەی هەیە، ئاو هێمایە بۆ لابردنی پیسی (تاوان) و گەڕانەوە بۆ پاکی.
ئەم هەموو تەکنەلۆژیا و زانستە، ئەگەر نەتوانێت مانایەک بدات بە ژیانت، ئەگەر نەتوانێت پێت بڵێت "تۆ کێیت"، ئەوا تەنها یارییەکی گرانبەهایە. وەک کەسێک وایە کە باشترین ئۆتۆمبێلی جیهانی هەبێت، بەڵام نەزانێت بۆ کوێ دەڕوات. تەنها باز دەداتە ناوی و بە خێرایی لێی دەخوڕێت تا بەنزینی تەواو دەبێت و دەمرێت.
سیستەمی چوار توخمەکە، هەرچەندە لە ڕووی کیمیاییەوە سادە بوو، بەڵام "نەخشەڕێگا"یەکی تەواو بوو بۆ مرۆڤ. پێی دەوت تۆ بەشێکیت لە زەوی (خاک)، و ئاگرێک لە ناختایە (ڕۆح) کە دەیەوێت بەرز بێتەوە بۆ لای خودا.
ئەمڕۆ وردترین نەخشەی کیمیاییمان هەیە، بەڵام قیبلەنماکەمان ون کردووە.
بۆیە جاری داهاتوو کە پەرداخێک ئاو دەخۆیتەوە، بیر لەوە مەکەرەوە کە دوو هایدرۆجین و یەک ئۆکسجینە.
ئەوە کاری تاقیگەیە، تۆ لە تاقیگەدا مەژی.
بیر لەوە بکەرەوە کە ئەمە "نهێنی ژیانە". ئەمە ئەو شتەیە کە خوا کردیە هۆکاری مانەوە و پاکبوونەوەت.
ئەم نیگایە.. ئەم گۆڕینی تێڕوانینە.. تاکە ڕێگایە بۆ ڕزگاربوون لەم زیندانە مۆدێرنە.
تۆ ناتوانیت جیهان بگۆڕیت، بەڵام دەتوانیت "چاوی خۆت" بگۆڕیت.
وە کاتێک چاوت گۆڕا، هەموو شتێک دەگۆڕێت. بەرد دەبێت بە تەسبیح، و ئاو دەبێت بە ڕەحمەت.
بەشی حەوتەم: یاریی گومانەکان و حەقیقەتی ئاو
با واز لە گاڵتەجاڕیی مۆدێرنەکان بێنین و کەمێک "عەقڵ" بەکاربێنین. ئایە بەڕاستی قسەکەی تالیس کە وتی "هەموو شتێک ئاوە"، قسەیەکی منداڵانە بوو؟ یان بەڵگەیەکی فەلسەفیی پتەوی لە پشتە کە مێشکی مۆدێرن بەرگەی گرتنی نییە؟
بەڵگەکە زۆر سادەیە، بەڵام پێویستی بەوەیە بۆ ساتێک واز لە چاویلکە ماددییەکەت بێنیت.
لە فەلسەفەدا یاسایەکمان هەیە پێی دەوترێت "یەکگرتنی گۆڕاوەکان" (Substrate of Change).
سەیرکە.. لەم گەردوونەدا هەموو شتێک دەگۆڕێت. دار دەسوتێت دەبێتە خۆڵەمێش. ئاو دەکوڵێت دەبێتە هەڵم.
مەنتق پێمان دەڵێت: "بۆ ئەوەی شتێک بگۆڕێت بۆ شتێکی تر، دەبێت شتێکی هاوبەش لەنێوانیاندا هەبێت."
ئەگەر من ملوانکەیەکی زێڕ بکەم بە ئەڵقە، شێوەکەی گۆڕاوە، بەڵام "زێڕ"ـەکە وەک خۆی ماوەتەوە. ئەی کاتێک دار دەبێت بە خۆڵەمێش، ئەو "زێڕ"ـە شاراوەیە چییە کە لە هەردووکیاندا هەیە و نەگۆڕاوە؟
فەیلەسوفەکان بەمەیان دەوت "هەیولا" (Hyle) یان ماددەی یەکەمین. ئەم ماددەیە خۆی هیچ شێوەیەکی نییە، بەڵکو قابیلە بۆ وەرگرتنی هەموو شێوەکان.
باشە.. لە جیهانی ماددەدا، کام توخمە کە لە هەموویان زیاتر "بێ شێوەیە" و ئامادەیە هەموو شێوەیەک وەربگرێت؟
بێگومان "ئاو". ئاو ئەخەیتە پەرداخەوە، دەبێتە پەرداخ. ئەخەیتە کوپەوە، دەبێتە کوپ. خۆی ڕەنگی نییە، بۆنی نییە. واتە "خاوێنە" لە دیاریکردن. کەواتە تالیس کاتێک وتی "ئاو"، مەبەستی (H2O) نەبوو. مەبەستی ئەوە بوو کە گەردوون لە ماددەیەکی "شل و وەرگر" دروست بووە کە دەتوانێت ببێت بە هەموو شتێک.
لە عەقڵ گەڕێ، وەرە با بە زمانی خۆیان قسەیان لەگەڵ بکەین..
فیزیازانەکان دەڵێن: "وزە (Energy) لەناو ناچێت و لە نەبوونەوە دروست نابێت، تەنها لە شێوەیەکەوە دەگۆڕێت بۆ شێوەیەکی تر."
ئەمە ڕێک هەمان پێناسەی ئاوەکەی تالیسە!
شتێکە کە خۆی نەگۆڕە، بەڵام دەبێت بە کارەبا، دەبێت بە گەرمی، دەبێت بە ماددە.
تالیس وتی بنچینەی گەردوون شتێکی شلە (Fluid Reality)، ئەینشتاینیش وتی بنچینەی گەردوون وزەیە. جیاوازییەکە چییە؟
جیاوازییەکە ئەوەیە تالیس دەیزانی ئەمە مانای چییە، بەڵام مۆدێرنەکان تەنها ناوەکە دەگۆڕن و خەریکی یارییەکی ترسناکن. یارییەکە چییە؟
یارییەکە ئەوەیە کە مۆدێرنیتە دەیەوێت بەناوی زانستەوە، متمانەی تۆ بە "هەستەکانت" سفر بکاتەوە. سەیرکە چی دەڵێن..
زانایەک دێتە لات و دەڵێت: "ئەم مێزەی دەستت لێ داوە و ڕەقە، لە ڕاستیدا ڕەق نییە. ئەمە ٩٩٪ـی بۆشاییە و تەنها هێزی کێشکردنی ئەتۆمەکانە وا دەکات هەست بە ڕەقی بکەیت."
یان دەڵێت: "ئەم ئاوە شل نییە، تەنها جوڵەی گەردیلەکانە."
ئامانجی ئەم قسانە زانست نییە، ئامانجەکە سەفسەتەیە. ئەوان دەیانەوێت پەیوەندیی نێوان "تۆ" و "واقیع" بپچڕێنن. دەیانەوێت بگەیتە ئەو بڕوایەی کە چاوەکانت درۆت لەگەڵ دەکەن، و حەقیقەت تەنها لەڕێگەی "مەکینە" و پسپۆڕەوە دەدۆزرێتەوە.
لێرەدا دیکتاتۆریەتەکە دروست دەبێت. کاتێک تۆ بڕوات بە چاوی خۆت نەما، ناچار دەبیت بڕوا بەوان بکەیت. ئەوان دەبنە قەشە نوێیەکانی پەرستگای زانست. تۆ کوێر دەبیت و ئەوان دەبنە چاوساغت. ئەمە هەمان یاریی سەفسەتەچییەکانی یۆنانە بەڵام بە شێوەی "دیالێکتیکی".
دەڵێن: "ئێمە هەرگیز ناگەینە حەقیقەتی ڕەها. ئێمە تەنها خەریکی لێکۆڵینەوەین. ئەمڕۆ تیۆرییەک دادەنێین، سبەی هەڵیدەوەشێنینەوە." ئەمە گەڕانێکی بێکۆتایە، وەک ڕێبوارێک کە شانازی بەوەوە دەکات ڕێگاکەی ون کردووە.
تالیس و حەکیمە کۆنەکان دژی ئەمە بوون. لای ئەوان، مرۆڤ توانای ئەوەی هەیە بگاتە "یقین".
کاتێک تالیس وتی "ئاو"، ئەو خەریکی تیۆرییەکی کاتی نەبوو. ئەو خەریکی "شوهود" (Intellectual Intuition) بوو. ئەو بە چاوی دڵ بینی کە ئەم گەردوونە فرەڕەنگە، دەبێت لە بنچینەدا "یەک" شت بێت. مۆدێرنیتە دەیەوێت تۆ لە ناو وردەکارییەکاندا ون ببیت. دەیەوێت ئەوەندە سەرقاڵی جۆری بەردەکان بیت، بیرت بچێتەوە کە ئەمە شاخە.
١١٨ توخمی جیاوازیان بۆ ڕیز کردوویت تاوەکو ئەو "یەکێتی"ـیە (Unity) لەبیر بکەیت. بە پارچەکردنی جیهان، مرۆڤیشیان پارچە کرد. ئێستا تۆ هەست ناکەیت کە بەشێکیت لە گەردوون. هەست دەکەیت تەنهایت و فڕێ دراویتەتە گەردوونێکی سارد و بێگانەوە.
ئەم هەستە نامۆییە.. ئەم "غوربەتە".. بەرهەمی ئەو درۆیەیە کە دەڵێت "چاوەکانت باوەڕ پێ مەکە." حەقیقەت ئەوەیە کە چاوەکانت ڕاست دەکەن.
ئەگەر مێزەکە بە ڕەقی دەبینیت، کەواتە "ڕەقی" حەقیقەتێکە لە پلەیەکی بووندا. خوا چاوی پێنەداویت تا هەڵتخەڵەتێنێت.
ئەوەی دەیەوێت هەڵتخەڵەتێنێت ئەو زانستەیە کە دەیەوێت بتکاتە کۆیلەی داتا. تالیس پێی وتیت: "سەیرکە، هەمووی یەکە، هەمووی ئاوە."
مۆدێرنەکان پێت دەڵێن: "سەیرمەکە، هیچ نییە، تەنها ژمارەیە."
وەڵا بڕیارەکە لای خۆتە برام.. کە ئایا دەتەوێت لە جیهانێکی زیندوودا بژیت، یان لە بیابانێکی وشکی ژمارەکاندا.
بەشی کۆتایی: ئاوەکەی ئیبن عەرەبی و سەماکەی سەهۆڵ
ئەگەر تالیس لە ڕووی "فەلسەفی"ـیەوە باسی ئاوی کردبێت وەک ماددەی یەکەمین، ئەوا ئیبن عەرەبی (شێخی ئەکبەر) لە ڕووی عیرفانییەوە باسی کردووە. لێرەدا بابەتەکە لە تیۆرییەوە دەبێت بە "ذوق".
ئیبن عەرەبی کاتێک سەیری ئاو دەکات، هایدرۆجین و ئۆکسجین نابینێت. ئەو "زانست" (علم) دەبینێت. لە فتوحاتی مەککی و فصوص الحکمدا، هاوکێشەیەکی سەیر دادەنێت:
ئاو = زانست/مەعریفە.
بۆچی؟
ئاو تاکە شتە کە شێوەی خۆی نییە، بەڵکو شێوەی ئەو دەفرە وەردەگرێت کە تێی دەکرێت. دەیکەیتە پەرداخی بازنەیی، دەبێتە بازنە. دەیکەیتە چوارگۆشە، دەبێتە چوارگۆشە.
ئیبن عەرەبی ئەڵێت: "مەعریفەی ئیلاهیش بەو شێوەیەیە." حەقیقەت وەک ئاو وایە، بێ ڕەنگە. بەڵام کاتێک دەچێتە ناو دڵی بەندەکانەوە، ڕەنگی دڵەکە وەردەگرێت. (لون الماء لون إنائه). ئەمە وەڵامی ئەو هەموو شەڕە مەزهەبی و ئایینییەی داوەتەوە. ئەو ئەڵێت شەڕەکە لەسەر شێوەی پەرداخەکانە، بەڵام ئاوەکە هەمان ئاوە. مۆدێرنەکان لەبەر ئەوەی تەنها پەرداخەکە (ماددە) دەبینن، ئاوەکەیان لەبیر چووەتەوە.
خاڵێکی بەرزتری ئیبن عەرەبی.. مەسەلەی "سەهۆڵ و ئاو".
ئەمە جوانترین تەشبیهی "وەحدەتی و وجود"ـە. ئیبن عەرەبی جیهانی ماددی (ئەم کێو و دەریا و جەستانەی ئێمە) بە "سەهۆڵ" دەچوێنێت.
سەهۆڵ چییە؟سەهۆڵ هەمان ئاوە، بەڵام "بەستویەتی" شێوەی وەرگرتووە، ڕەق بووە، سنوری هەیە.
ئێمە کاتێک سەیری سەهۆڵ دەکەین، ئەڵێین: "ئەمە تەنێکی ڕەقە و جیاوازە لەو سەهۆڵەی تەنیشتی." بەڵام کاتێک "خۆری حەقیقەت" هەڵدێت و سەهۆڵەکە دەتوێنێتەوە.. چی دەمێنێتەوە؟
تەنها ئاو. کەواتە ماددە وەهم نییە، بەڵکو دۆخێکی "بەستوو"ـی حەقیقەتە.
ئەو کورسییەی لەسەری دانیشتوویت، ئەو دەستەی خۆت.. ئەمانە هەمووی "ئاو"ـی بوونن، بەڵام لە پلەیەکدا سارد بوونەتەوە و بوونەتە سەهۆڵ.
مردن چییە لای ئیبن عەرەبی؟
مردن بریتییە لە توانەوەی سەهۆڵەکە و گەڕانەوەی بۆ دۆخی ئاوی ڕەها.
سەیرکە چۆن ئەم پیاوە کێشەی فیزیا و میتافیزیکی بەیەکەوە چارەسەر کردووە.
فیزیا (مۆدێرن) تەنها لێکۆڵینەوەیە لە یاساکانی سەهۆڵ. زانا مۆدێرنەکە خەریکی پێوانی گۆشەکانی سەهۆڵەکەیە. بەڵام عارف (ئیبن عەرەبی) ئەزانێت کە ئەم سەهۆڵە کاتییە و ئەسڵەکەی ئاوە.
خاڵێکی تر دەربارەی "عەرش".
قورئان ئەفەرموێت عەرشی خودا لەسەر ئاو بوو. لای ئیبن عەرەبی، ئەم ئاوە بریتییە لە "نەفەسی ڕەحمان". واتە هەموو گەردوون، هەموو ئەستێرەکان، هەموو گەلەئەستێرەکان.. تەنها شەپۆلێکن لەسەر دەریا بێکۆتاکەی ڕەحمەتی خودا. هیچ شتێک لە دەرەوەی ئەم ئاوە بوونی نییە. ئێمە ماسیین لەناو ئاودا، بەڵام پرسیاری ئاو دەکەین.
بۆیە کاتێک ئیبن عەرەبی ئاو دەخواتەوە، ئەو تەنها H2O ناخواتەوە.
ئەو خەریکی "تەجدییدی ژیان"ـە.
ئەو خەریکی وەرگرتنی زانستە.
ئەو دەزانێت کە ئەم ئاوە، هەر هەمان ئەو ماددەیە کە عەرشی خودای هەڵگرتووە. مۆدێرنیتە وای لێ کردووین کە ئاو وەک شتێکی بێ نرخ سەیر بکەین، دەیکڕین و دەیڕێژین.
بەڵام لای ئەوان، ئاو "سیرری ژیان" (Secret of Life) بوو.
"وَجَعَلْنَا مِنَ الْمَاءِ كُلَّ شَيْءٍ حَيٍّ".
لێرەدا (من) ی بەیانییە نییە، (من) ی سەبەبییە. واتە خودی ژیان بریتییە لە ئاو.
ئێستا..
دوای ئەم هەموو گەشتە لەگەڵ تالیس و فیزیا و ئیبن عەرەبی.. هێشتا پێت وایە ئاو تەنها شلەیەکی بێ ڕەنگە؟
یان هەست دەکەیت کە مۆدێرنیتە چاوەکانمانی کوێر کردبوو لە ئاست گەورەترین موعجیزەی بەردەممان؟
هەموو شتێک ئاوە.
سەهۆڵەکە ئاوە.
هەڵمەکە ئاوە.
تۆش.. لە حەقیقەتدا.. هەر ئاویت.