---

زەردەشتیەت و یەک دوو کەلیمە

بەلای منەوە مافی خۆتە وەهمی ئەوەت بۆ دروست بێت کە هەندێک دین هەیە مەعقولن... جگە لە زەردەشتیەت.

عەقڵم جام دەبێت کاتێک کەسێک ئەگەری %0.000000001 دائەنێ بۆ ئەوەی کە مەعقولیەتێک لەو دینەدا بدۆزێتەوە. ناتوانم هیچ بەرگەی ئەوانەش بگرم پێیان وایە توراسێکی حەقیقیە. 

زەردەشتیەت شتێکی زۆر بێمەعنایە. ڕقم لە هیچ دینێک نەبێ، ڕقم لە زەردەشتیەت هەیە.

جا کۆمەڵێک کوردی داماو دەبینیت، سنگ دەرئەپەڕێنن و ئەڵێن: "ئێمە زەردەشتیین چونکە زەردەشتیەت یەکەم ئایینی کورد بووە!"
وەڵا ئەم قسەیە کۆمیدییە. نا ڕاوەستە، کۆمیدیا ئەشێ دڵی خەڵک خۆش بکات...

پێشەکی با لە خۆمان بپرسین: ئایە زەردەشتیەت تەوحیدی تێدایە؟

لە مێژوودا، زەردەشتییەکان هەرگیز تەنها ئەهوورا مەزدایان نەپەرستووە. ئەوان یەزاتاکانیان پەرستووە. میسرا، ئەناهیتا، ئاگر.. ئەمانە هەمووی خوداوەندی بچووک بوون.

تەنانەت لە خودی دەقە پیرۆزەکانیاندا، ئەهوورا مەزدا بە دەمی خۆی ئەڵێت: "من میسرام دروستکردووە تا شایەنی پەرستن بێت وەک خۆم."

ئەمە کەی تەوحیدە تووشەرەفتان؟

لەوانەیە بڵێن: جا ئەوە عیلاقەی چییە بە باسی ڕقەکەتەوە؟

ڕقەکە لەوە دروست ئەبێ، هەر ئەوەندە جیهانی مۆدێرن سەری هەڵدا، زەردەشتییەکان سوبحانەڵڵا بوونە یەکتاپەرست!

ئەم تاکپەرستییە لە کوێوە هات؟
لە سەدەی ١٩دا، کاتێک ڕۆژهەڵاتناسە ئەورووپییەکان چوونە هندستان، بە پارسییەکانیان وت: "ئێوە دواکەوتوون، چونکە ئێوە دووانەپەرستن، باوەڕتان بە دوو خودا هەیە."

پارسییەکانیش، لەبەر ئەوەی تووشی شۆکی مۆدێرنیتە ببوون و دەیانویست لە بەردەم ئاغا ئینگلیزەکانیاندا بە مەدەنی دەربکەون، وتیان: "نەخێر! بەخوا ئێمەش وەکو ئێوەین، ئێمەش یەک خودامان هەیە، ئەوانی تر تەنها فریشتەن."

ئەوان ناسنامەی خۆیان شێواند تەنها بۆ ئەوەی بچنە ناو ئەو قاڵبە مەسیحییەی کە ڕۆژئاوا بۆی دیاری کردبوون.

ئەم زەردەشتییە نوێیە، ئایین نییە، بەڵکو داماڵینی ئایینە لە تایبەتمەندییەکانی. ئەو دووانەییەی کە کۆڵەکەی زەردەشتیەتە، سڕییانەوە تاوەکو لەگەڵ زەوقی ناسکی مرۆڤی لیبڕاڵدا بگونجێت.

بۆیە ڕقم لەم زەردەشتیەتە. بێ هیچ هاتووچۆیەک، یەکسەر تەسلیمبوونە بە پێوەرەکانی ڕۆژئاوا.

تۆ شەرم ئەکەیت بڵێیت باوباپیرانم میسرایان پەرستووە، بۆیە دێیت ئایینەکەیان ئەگۆڕیت و ئەیکەیت بە کۆپییەکی کاڵی ئیسلام و مەسیحیەت، تەنها ناوەکەی ئەگۆڕیت.

ئەگەر ڕاست ئەکەیت، فەرموو ببە بە زەردەشتی، بەڵام باوەڕت بەوە هەبێت کە شەڕ بوونێکی سەربەخۆیە و خودا دروستی نەکردووە. باوەڕت بە میسرا هەبێت.

بەڵام ناتوانیت. چونکە تۆ زەردەشتی نیت، تۆ تەنها موسوڵمانێکی هەڵگەڕاوەیت کە بەدوای بەدیلێکی مۆدێرندا دەگەڕێیت، و زەردەشتیەتت کردووەتە قوربانی بۆ ئەو مەبەستە.

سەیرکە ئەم ئایینە چۆن پارچە پارچە بووە:

نەوعێک تەوحیدی تێدایە، چونکە ئەهوورا مەزدا لە سەرووە.

نەوعێک شیرکی تێدایە، چونکە یەزاتاکان دەپەرستن.

نەوعێک دوالیزمی تێدایە، چونکە شەڕی گەردوونی هەیە.

نەوعێک لە فرەخوایی تێدایە، چونکە دیڤەکان هەن. (خودای ساختە) 

ئەمە عەقیدە نییە، ئەمە وەکو ئەو مەلاکە ئەیوت: "زەڵاتەیە!"

لێرەدا دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ئەم ئایینە لەبەر ئەوەی وەحی پارێزراوی نییە، لەبەر ئەوەی کتێبەکەیان سەد جار سوتاوە و نووسراوەتەوە، بووە بە دینێکی شلۆق.

هەر ئیمپراتۆریەتێک هاتبێت، دەستێکی تێ وەردەدا. سەردەمی هەخامەنشییەکان شتێک بوو، ساسانییەکان کردیان بە شتێکی تر، دواتر کاریگەری یۆنانی چووە سەری، ئینجا هیندی.. تا گەیشتە ئەمڕۆ کە مۆدێرنەکان دەیانەوێت بیکەن بە ئایینی ئاشتی و گوڵ.

ئەم گۆڕانە بەردەوامە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمە حەقیقەتێکی ڕەها نییە. حەقیقەت وەک شاخ وایە، زەمەن نایگۆڕێت. بەڵام زەردەشتیەت وەک قوڕ وایە، هەر سەردەمە و قاڵبێکی لێ ئەدات.

بۆیە کاتێک ڕۆشنبیر دێت باسی گەڕانەوە بۆ زەردەشتیەت ئەکات، لێی بپرسە: "کامەیان؟ زەردەشتیەتی ساسانی؟ یان هی موبەدەکان؟ یان ئەو زەڵاتە مۆدێرنەی کە ئەورووپییەکان بۆیان دیزاین کردوویت؟"

وەڵا خۆشی نازانێت باسی چی ئەکات. تەنها ئەوەندە دەزانێت کە حەزی لە ترێندە.