---

دژ بە بیروباوەڕی تەکنەلۆژی



کاریگەری تەکنەلۆژیا لەسەر ئایدیا بەرزەکانی ژیان

"قبوڵکردنی کۆمەڵگای عەرەبی لەپای قبوڵکردنیان بۆ تەکنەلۆژیای سەردەم، لەهەمانکاتدا رەتکردنەوەی بیرۆکەی مۆدێرنە دژبەیەکی و دووفاقی کۆمەڵگای ئیسلامی دەردەخات"
-هەورامان وریا قانع

سەرەتا دەمەوێت بڵێم کە قسەکەی "هەورامان" دوو ڕووی هەیە، یەکێکیان حەقە، ئەویش ئەوەیە دیدگای پێشکەوتن و دیدگای دینی هەڵناکەن، بەهیچ شێوەیەک. مەبەست لەوەش رووندەبێتەوە کە چیە ئەو دژبەیەکە.

بەڵام لایەنێکی تر، ئەو لایەنە گەوج و نامەعقوڵە و مناڵانەیە کە دێت بەکەسی توراسی ئەڵێت: کە تۆ دژی تەکنەلۆجیایت بۆ بەکاری دەهێنی. بەپێی کۆنتێکستی قسەکەی "هەورامان" پێناچێت مەبەستی لەوەبێت. ئەم ئارگومێنتە گەوج و بێمانایە هیچ دیدگایەک لەخۆ ناگرێت جگە لە هێرشکردنە سەر بابەتێکی شەخسی. چونکە شەڕی ئێمە لەگەڵ تەکنەلۆژیا شەڕێکی تاکلایەنە نیە. بەڵکو شەڕێکی دەستەجەمعی و کۆمەڵگاییە. هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی نە تەکنەلۆژیا نە ئاکامەکانی ڕەگوڕیشە دانەکوتن لەنێو جیهانی ئیسلامیدا.

بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێت باسی بکەین چەند شتێکی گرنگە. ئەویش ئەوەیە ئاخۆ دژبەیەکی نێوان داهێنان و پێشكەوتن چیە لەگەڵ دین دا؟

پرسیارەکەش بەتایبەت ڕووبەڕووی تەکنەلۆژیایە.
لەوڵامدا دەڵێین: گومان نیە لەوەی تەکنەلۆژیا جۆرێکە لە قۆرخکردنی سروشت. وە ئەوەش وەکو خۆی -واتا قۆرخکردنی سروشت- کارێکی شەرعیە و مافی شەرعی مرۆڤە. بەڵام ئایە ئەو جۆرە قۆرخکردنە کە بریتیە لە تەکنەلۆژیا کە: ئامێری ئاسانکردن و خێراکردنی کارەکانمان دەگریتەوە، جۆرێکی دروست و شەرعی و مرۆییە؟

با سەرەتا لەوە دەست پێبکەین کە مرۆڤ واتای چیە؟! مرۆڤ بریتیە لە ئاژەڵێکی ژیر، رووحلەبەرێکە کە توانای تێڕامانی هەیە. ئەو توانایە جیاکەرەوەیەکی ڕیشەیی مرۆڤە لەهەر زیندەوەرێکی تر. واتا : مرۆڤ وەکو گشت لەژێر حوکمی عەقڵ دایە. دەبێت لە ژێر حوکمی عەقڵ دابێت، ویژدان و مرۆڤایەتی نا! نە هەست و سۆز و عاتیفە! بەڵکو عەقڵ.

لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت هەر شتێک تەحەدای توانای بیرکردنەوە و تێڕامانی مرۆڤ بکات بەهەمان شێوە دژە مرۆڤە، دژە مرۆڤە بەمانا لیبراڵیەکەی نا کەوا دژە ئازادیە. بەڵکو بەمانا حەقیقییەکەی.
لێرەدا دەبێت ئەو سەروسیمایانە باسبکرێت کە تەکنەلۆژیا تێیدا دژایەتی دین دەکات:

یەکەمیان : نەهێشتنی حەقیقەت و تێکەڵکردنی حەقیقەت و وەهم. سەروسیمایەکە دوای ئەوەی تەکنەلۆژیای ئەی ئای پەیدابوو، ئەویش تێکەڵکردن و جیانەکردنەوەی واقیعە لە وەهم و خەیاڵ، دەرخستنی ئەوەی کە وەهم و حەقیقەت بەشێکن لەیەکتری سەروسیمایەکی تەکنەلۆژیە. کە هەرگیز تەکنەلۆژیا ناتوانێت خۆی لێ ڕزگار بکات. 
ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ئاگاداری ئەوەین نەوەکانمان لە تەکنەلۆژیا زیاتر، ئەزموونێکی ژیانی ڕاستەقینەیان نیە. بۆیە زۆر ئاسانە کەوا ڕێژەیی بوونی حەقیقەت بچێت بە مێشکیانە.

دووەمیان: تەکنەلۆژیا و داهێنان بەرزکردنەوەی ئاستی کەسانی عەوامە بۆ ئاستی نوخبە، لانیکەم وەهمی ئەوە دەدات بە عەوام کەوا نزیکە لە نوخبەیی. دەبینین لە یوتوب و ئامرازە سۆسیالیەکان دا کە پێیان دەوترێت سۆشیال میدیا، زانیاری ڕووکەشی بە شێوازێکی چێژبەخش دەدرێت بۆ خەڵک نمایش دەکرێت، بە شێوەیەک چاوی کەسانی نەزان وادەزانێت سەیری بابەتێکی پرۆفیشناڵانە دەکات کە تەواوی زانستەکە شی دەکاتەوە. لەکاتێکدا تەنها وەهمێکە.

سێیەمیان: خێرایی، کورد پەندێکی هەیە دەڵێت: "شەیتان پەلەی کرد هەردوو چاوی خۆی کوێرکرد". ئەمە نمونەی ئەو بەها ڕەسەنە ئاینیەیە کە لەسەر وەستان و جێگیری بنیادنراوە. سەیری قوڕەیشەکان بکەین، داوای ئەوەیان دەکرد کاتی قیامەت بزانن. بە شێوازێکی تر دەری بڕین "بە پەلە بوون".

پەلەش لەگەڵ پرۆسەی عەقڵی و خوێندن دا ناگونجێت ، دەبینین لەبەر ئەوەی قوتابخانە بەهایەکی توراثیانەیە، بە مۆدێرنە کراوە بۆ هەموو کەس و چین و ئاستێک، بەڵام هەر هەمان سیستەمی جارانە. گلەیی ئەوە دەکرێت کە لەبەرکردنی مێژوو، جوگرافیا، زانست، بیرکاری...هتد. هیچ مانایەکی نەماوە. چونکە ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان تەواو دەستیان بەسەر سوودی بەبیرهاتنەوەی مرۆڤ گرتووە.

لێرە دەمەوێ چرکەیەک تەرخان بکەین بیری خۆمان بێنینەوە، بۆچی بیرمەندە مەزنەکانی توراث بەگشتی وەکو کۆنفۆشیۆس، سوقرات، بودا -بە خوێندنەوە توراثیەکە نەک مۆدێرنەکە- تەنانەت پێغەمبەری خودا درودی خودای لەسەربێت، بۆچی هیچ کتابێکیان نەنوسیوە. بەڵکو ڕیگەیانداوە بۆیان بنوسرێتەوە دوای لەبەرکردن.

ئەو زاتە مەزنانە، لەسەرووی هەموویانەوە زاتی رسول الله صلی الله علیه وسلم، زانیویانە گرنگی مانەوەی توانای مرۆیی چیە؟! لەناوبردنی مرۆڤ و ئاکامەکانی. بۆیە سوقرات و کۆنفۆشیۆس وهتد.. هیچیان پشگیری نوسینەوەیان نەکردووە. وەلی رسول الله نوسەری وەحی هەبووە، بەڵام وەکو کتێبێکی دیاریکراوە باسدەکەین، ئەو دیاردە مۆدێرنەی کەوا هەر مناڵێک هەڵدەستێت کتاب دەنوسێت لەسەر ژیانی خۆی! ئەوەی گرنگە کە بۆمان دەرکەوێت لەو نمونانە، پێغەمبەری خودا صلی الله علیه وسلم هەوڵی داوە کەوا هەردوو تواناکە بەیەکترەوە کۆبکاتەوە. لەکاتێکدا کە پێویست بووە.

بێگومان نوسینیش جودایە لە تەکنەلۆژیا بۆیە ئێمە دەڵێین پیشەسازی و دین یەک ناگرنەوە، نەک هەموو قۆرخکردنێکی سروشت یەکناگرێتەوە لەگەڵ ئاین.

چوارەم: سەرچاوەی و بەڕێوەبردنی تەکنەلۆژیا لەلایەن کۆمپانیا چەپڕەوەکانە. ئەوانەش بەپێی ئایدیۆلۆجیای خۆیان بەرهەمهێنان دەکەن. ئەگەر سەیرکەین تەکنەلۆژیایەکی وەکو فەیسبووک، یوتوب، گۆگڵ، بینگ..هتد بە سەرچاوەی فکرێکی سەرمایەداری چاوپۆش کراوە. خەتەرترین جۆری ئەو بیروباوەڕە چەپڕەویە: تویتەر و ڕێدێتە. کە ئاکامی کۆتایی تویتەر تەنها بریتیە لە لیبرالیزم، وە ئاکامی رێدیت ئانارکیزمە.

لەوەوە دەتوانین بڵێین: تەکنەلۆژیا بەدەست چەپرەوەکانە، ئایدیای چەپڕەوەکانە، وە مانفێستی دیدگای مەعریفی و جیهانبینی ئەوانە. کە لە بنەڕەتەوە یەکناگرێتەوە لەگەل دیدگا ئیسلامیەکە. هەر لە سەرەتاوە، کاتێک هەموو سیما سلبیەکانی تەکنەلۆژیا سەیردەکەیت، هەموویان لێدانە بۆ دیدگای ماناگەری و میتافیزیکی. وە نەهێشتنی هیچ سەروسیمایەکی بەرز ومانادار لەکۆمەڵگادا.

سەیری پلاتفۆرمەکان بکە، زۆربەی ئەوەی لەناو موبایلەکەتدایە، هیچ مانایەکی نیە، یەکیک لەوانە زۆربەی هەرەزۆری بەکارهێنانی ئەنتەرنێت : ڤیدیۆیە. زۆربەی ئەو ڤیدیۆیانەی لە ئەنتەرنێت هەیە جۆری ئیسراحەتپێکەرە. واتا تەنها چێژێکی کورت لە سەیرکردنی دەبینی. ئەمەش کاتێک خۆت سەیری دەکەیت لەخۆت بپرسە؟ ئەمە مانای چیە سەیری دەکەم؟ هیچ! بۆیە دیدگایەکت بۆ دروستەکات لە ژیانێکی هیچدا دەژیت!

کۆتا خاڵ پێکبەستنەوەی چەند خاڵێکی پێشووترە.
وابزانم تائیستا روونە کەوا چۆن تەکنەلۆژیا دژە عەقڵ و دژە واقیعە. روونە لەلاتان دژی مانادارییە. لێرەدا دژایەتیەکە روونتر دەکەمەوە بە پێکەوە بەستنی هەمووی بەیەکتریەوە. ئەتوانین سەیری تەکنەلۆژیا بکەین لەو دیدگایەی کە خاوەنی خێراییە. خێرایی نەگونجاوە لەگەڵ عەقڵدا. ئێمە فێربووینە کە پرۆسەی بیرکردنەوە پرۆسەیەکە کاتی خۆی وەردەگرێت. پێویست بە تێرامانە. لەگەڵ راهاتنی مرۆڤ لەگەل بەها تەکنەلۆژیەکاندا ناتوانیت چیتر لە عەقڵ تیبگات بۆچی پێویستی بە تێرامانێکی زۆرە.؟؟ لێرەوە هەستێکی دۆپامین خوازی چێژپەرست دەستی بەسەردا دەگرێت تا وازبێنێ لە تێرامانەکەی بگەریتەوە سەر موبایلەکەی و موزیک و تەلەفیزیۆنەکەی.

لەو ڕوانگەیەوە زۆر بە جوانی دەتوانین سەیری ئەوەبکەین چۆن بەها کۆنەکان لەناو دەچن، چونکە بەهای ڕەسەن بەهای عەقڵین. بەها ناڕەسەنەکانی مۆدێرنە و پۆستمۆدێرنە بەهای ئازادییانەن. لەوەوە دەزانین کەوا ئیدعای عەقڵ لەلای مۆدێرنستەکان چەند پووچە. پێویستیشمان بە تێڕامانە لە عەقل و مۆدیرنە خوای گەورە ئاسانی بکات قسەمان دەبێت.

سەبارەت بە نوخبەگەری و "بەرزکردنەوەی عەوام" بەناوی ڕۆشنبیری گشتی، ئەمەشیان هۆی نەمانی ڕێزی گەورە و بچوکە، نەمانی ڕێزی مامۆستایانی ئاینی یان ئەوەی مامۆستایان بەداخەوە ڕازین بەو زانینە عەوامانە و رووکەشیانەی ئەنتەرنیت.

ئنجا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە چەپرەوەکان تایبەت لە دیدێکی دنیا ویستی ماتریالیەوە ئەم بابەتانە دروست دەکەن. بۆیە، وەرگرتنی ئەو کارە تەکنەلۆژیایانە تێکەڵکردنی عەمەلی کۆمەلگاکەتە بە دیدگای مۆدێرنە، دواتریش دەتەوێت سەرکەویت بەسەر مۆدیرنەدا! ئەمە دژبەیەکە راستەقینەکەیە.

لەکۆتاییدا یەک خاڵ ماوە کە ئاماژەم پێ نەداوە کە چۆن تەکنەلۆژیا بەها کۆنەکان لەناو دەبەن، تەکنەلۆژیا زۆر بەها هەیە کە لە کۆندا باشترین سیستەم بووە و ئیستا تیگەشتنی خەلکی بۆی نەماوە. لەوانە کۆیلایەتی، لەبەر ئەوەی لەسەرەتاوە وتمان تەکنەلۆژیا بەهایەکی جودای هەیە لەگەل توراسدا. ئەویش بەهای ئاسانکردن و سادەکردنەوە و پوختکردن و دابەشکردنی یەکسان و زۆرکردنی بەرهەمەکانە. قەت نابیستین کە بەرنامەیەک تەواوبووە ! ناتواندرێت کەسیکی تر دایبەزێنی! لەبەر ئەوەی بەشی هەموومان دەکات. بیرۆکەی یەکسانی و ئاسانی ژیان و ئەوەی هەموومان وەکو یەکین کۆیلایەتی و بیرۆکەی جەنگ لەناو دەبات لەکاتێکدا ئەو مرۆڤەی لە ناخی خۆتدایە پرسیار دەکات و ناوێریت دەری بڕێت، بەهۆی ئەوەی عەقڵت کۆت کردووە بە زنجیرە تەکنەلۆژی و ژیانی مۆدێرنەتی خۆت.