---

ئەفسانەی دژە بوخاری | نوکتەی قورئانییەکان و نیۆ ئیسلامییەکان

لێرەدایە کە پەردە لەسەر یەکێک لە گەورەترین و پێکەنیناویترین گاڵتەجاڕییەکانی مێژووی ڕۆشنبیریی هاوچەرخ لادەچێت، دیمەنێک کە تێیدا گرووپێک لە ڕۆشنبیرانی مۆدێرن و قورئانییەکان و ڕیفۆرمخوازەکان دەبینین کە خەنجەرەکانیان تیژ کردووە و بە هەموو هێزیانەوە هێرش دەکەنە سەر "قەڵای بوخاری"، بەو خەیاڵە خاوەی کە ئەگەر ئەم قەڵایە بڕوخێنن، ئەوا ئیسلام لە هەموو "خەوش" و "توندوتیژی" و "دواکەوتووییەک" پاک دەبێتەوە و دەبێتە ئایینێکی لیبڕاڵی و مۆدێرن، بێ ئاگا لەوەی کە ئەوان خەریکی جەنگن لەگەڵ "خێڵۆکە" (خيال الظل) نەک خودی واقیعەکە، چونکە با گریمانەیەکی مەحاڵ بکەین و بڵێین:


 فەرموون، ئەمڕۆ بڕیار دەرچوو، هەموو نوسخەکانی "سەحیحی بوخاری" لە کتێبخانەکانی جیهاندا کۆکرانەوە و لە گۆڕەپانێکی گەورەدا سووتێنران، هەموو فایلە دیجیتاڵییەکانی سڕانەوە، تەنانەت ناوی بوخاری لە مێژوو پاککرایەوە، ئایا چی ڕوودەدات؟ ئایا ئیسلام دەگۆڕێت؟ ئایا حوکمەکانی ڕەجم و هەڵگەڕانەوە لە ئایین و جیهاد و حیجاب و مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان نامێنن؟


وەڵامەکە "نەخێر"ێکی گەورە و شۆککەرە، چونکە ئەوانەی کە بوخاری دەکەنە "سەبەتەی هەموو خراپەکان"، تێگەیشتنێکی زۆر منداڵانە و ڕووکەشیان هەیە بۆ سیستەمی مەعریفیی ئیسلامی؛ ئەوان وادەزانن بوخاری "داهێنەر"ی شەریعەت بووە، نازانن کە بوخاری تەنها "ئەرشیفچی"یەک بووە لە قۆناغێکی درەنگوەختدا، کاتێک بوخاری لەدایک دەبێت، ئیمامی ئەبو حەنیفە و مالیک و شافیعی مردبوون، و مەزهەبەکان تەواو بووبوون و یاساکان دارێژرابوون و لە دادگاکانی دەوڵەتی عەباسی و ئەمەویدا کاریان پێ دەکرا، ئەو فەرموودانەی کە بوخاری کۆی کردوونەتەوە، پێش ئەو لە "مووەتە"ی مالیک و "موسنەد"ی ئەحمەد و کتێبەکانی (الأم)ی شافیعیدا هەبوون، و گرنگتر لەوەش، وەک "یاسای فیقهی" لە کتێبەکانی ئوسوڵ و فیقهدا جێگیر بووبوون، بۆیە ئەگەر بوخاری بسڕیتەوە، تۆ تەنها "پێڕستێک"ت سڕیوەتەوە، بەڵام "ناوەڕۆکەکە" لە هەزاران کتێبی تر و لە "عەمەلی ئوممەت" و لە ناو سیستەمی مەزهەبەکاندا پارێزراوە، بۆیە جەنگەکەی ئەوان لەگەڵ بوخاری، وەک جەنگی کەسێک وایە کە لە وێنەی پاشاکە دەدات بۆ ئەوەی دەسەڵاتی پاشاکە بڕوخێنێت، بێ ئاگا لەوەی پاشاکە لە کۆشکەکەی خۆیدا دانیشتووە و ئاگای لە دڕانی وێنەکەشی نییە.



گاڵتەجاڕییەکە کاتێک دەگاتە لوتکە کە سەیری ژیانی ڕاستەقینەی ئەم پیاوە (بوخاری) دەکەین، ئەو کەسەی کە ئەمڕۆ کراوە بە سیمبۆلی "ئیسلامی فەرمی" و "دەسەڵاتی ئایینی"، لە سەردەمی خۆیدا یەکێک بووە لە "مەتروکترین" و "پەراوێزخراوترین" کەسایەتییەکان! زۆرێک لە دژە-بوخارییەکان وا وێنای دەکەن کە بوخاری دیکتاتۆرێک بووە و هەموو موسڵمانانی خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆی، بەڵام مێژوو پێمان دەڵێت کە بوخاری لەلایەن "ئەهلی حەدیس" و گەورە شێخەکانی سەردەمی خۆیەوە (وەک محەمەدی کوڕی یەحیای زوهلی) دەرکرا، تەکفیر کرا، و تۆمەتبار کرا بەوەی کە "عەقیدەی خراپە" (بەهۆی مەسەلەی لەفزی قورئان)، بوخاری لە کۆتایی ژیانیدا لە شارەکەی خۆی دەرکرا و بە تەنهایی و لە غەریبیدا، لە شەوی جەژندا مرد و تەنها چەند کەسێکی کەم نوێژیان لەسەر کرد، ئایا ئەمە ئەو پیاوەیە کە ئێوە وادەزانن ئیسلامی دروستکردووە؟ چۆن دەکرێت کەسێک کە خۆی قوربانیی دەمارگیریی مەزهەبی و توندوتیژیی فیکریی سەردەمی خۆی بووە، بکرێتە "تاوانباری سەرەکی"ی دروستکردنی ئەو توندوتیژییە؟



لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە دێتە پێشەوە: باشە ئەگەر بوخاری "سەرچاوەی تیرۆر و توندڕەوییە" وەک ئەوان دەڵێن، ئەی بۆچی ئەو مەزهەب و گرووپانەی کە دژی بوخارین و بە کافری دەزانن، هەمان ئەو حوکمە "توندانەیان" هەیە؟ وەرن سەیری شیعە بکەن، شیعە نەک هەر باوەڕیان بە بوخاری نییە، بەڵکو بە یەکێک لە دوژمنەکانی ئەهلی بەیتی دەزانن، کەچی بچۆن سەیری کتێبەکانی "کافی" و "من لا یحضره الفقیه" و "تهذیب" بکەن، هەمان حوکمی ڕەجم، هەمان حوکمی کوشتنی هەڵگەڕاوە، هەمان حوکمی جیهاد، هەمان حیجاب و زۆر شتی توندتریش دەبیننەوە، هەروەها سەیری موعتەزیلە بکەن کە بە "عەقڵانی" ناسراون، لە زۆربەی حوکمە فیقهییەکاندا هاوڕان لەگەڵ سوننەکان، کەواتە کێشەکە "کتێبێکی دیاریکراو" نییە بە ناوی بوخاری، بەڵکو کێشەکە (لە دیدی مۆدێرنەکانەوە) بریتییە لە "پەیکەری گشتیی ئیسلام" کە لە قورئان و سوننەت و ئیجماعی ئوممەت پێکهاتووە و پێش بوخاری و دوای بوخاری و لە دەرەوەی بازنەی بوخاریشدا هەر بوونی هەبووە.



کەواتە، دژە-بوخارییەکان لە ڕاستیدا دژی سوننە نین، بەڵکو ئەوان "قوربانیی گێڕانەوەی ئەشاعیرەن"، ئەوان باوەڕیان بەو ئەفسانەیە [بەمانا باشەکە] کردووە کە لە سەدەکانی دواتردا دروست بوو و وتی: "بوخاری ڕاستترین کتێبە لە دوای قورئان" (أصح الکتاب بعد کتاب الله)، ئەم پیرۆزکردنە، کە لەلایەن نەوەکانی دواترەوە دروستکرا بۆ پاراستنی سوننەت، وایکرد کە بوخاری ببێتە "هێما"، و کاتێک مۆدێرنەکان ویستیان لە ئیسلام بدەن، هاتنە سەر ئاسانترین ڕێگا کە "لێدانە لە هێماکە"، ئەوان وایانزانی ئەگەر ئەم هێمایە بڕوخێنن، دیوارەکە دەڕوخێت، بەڵام نەیانزانی کە ئەم دیوارە لە بەردی "مەزهەبەکان" و "فیقهـ" دروستکراوە نەک لە پەڕەکانی کتێبەکەی بوخاری، بۆیە ئەوەی ئەوان دەیکەن تەنها جەنگێکی دۆن کیشۆتییە؛ ئەوان شمشێر لە تارماییەک دەوەشێنن، لە کاتێکدا ئەو "یاسا و شەریعەتە"ی ئەوان لێی بێزارن، لەناو کتێبەکانی شافیعی و ئەبو حەنیفە و مالیک و تەنانەت جەعفەری سادقیشدا، بە ئارامی دانیشتووە و پێدەکەنێت بەو هەوڵە نەزۆکەی کە دەیەوێت بە سوتاندنی "ڕۆژنامەیەک"، ڕووداوەکان بگۆڕێت.