نیچە و چەپگەری : خراپی کەسە بەرزەکان یان حەسوودی و لاوازی.
کەسی توڕاسی زۆر بە سادەیی سەیری "تەسەلسولی هەرەمی" (واتە پلەبەندیی دەسەڵات و کۆمەڵایەتی) دەکات و دەڵێت ئەمە بەشێکی سروشتیی ژیانە. باشە کەواتە چی وادەکات کەسێک نکوڵی لەمە بکات یان لێی هەڵگەڕێتەوە؟ ئا لێرەدا فەیلەسوفێک کە ناوی "نیتشە"یە زۆر بەکەڵکمان دێت. ڕای نیتشە ئەوە بوو کە ئەو دژایەتیکردنەی چەپەکان هەیانە (بۆ پلەبەندی)، لە شتێکەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەو ناوی لێنابوو "قین و ئیرەیی خوارەوەکان بۆ سەرەوەکان" (واتە ڕقی ئەوانەی لە خوارەوەن بەرامبەر ئەوانەی لە سەرەوەن).
کەواتە "حەسودی" ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی ئەوانەی لە سەرەوەن (بەهێزەکان) بێننە خوارەوە و سووکیان بکەن. ئەم تیۆرییەش لای زۆربەی خەڵک ناسراوە. فیکرە ئەساسییەکە ئەوەیە: ئەو کەسانەی لە ڕووی جەستەیی، عەقڵی، یان ڕۆحییەوە لاوازن، حەز دەکەن ڕقیان لەو کەسانە بێت کە خاوەنی کۆمەڵێک چاکە و سیفەتی بەرزن (فەزیلەتن) کە خۆیان نییانە، ئەم ڕقەش دەکرێت بە چەندین شێوە خۆی دەربخات. یەکێک لە شێوەکان ئەوەیە کە نیتشە ناوی ناوە "هەڵگەڕاندنەوەی بەهاکان"، لێرەدا "کەسانی کۆیلە-ئاسا" ڕایدەگەیەنن کە ئەو سیفەتە باشانەی کەسانی باڵا هەیانە، لە ڕاستیدا خراپ و ڕەزیلەتن. بە مانایەکی تر، کۆیلەکان بۆ ئەوەی خۆیان لەو ڕاستییە بدزنەوە کە خاوەنی ئەو چاکانە نین (و ڕەنگە هەرگیزیش دەستیان نەکەوێت)، دێن دەڵێن: "ئەرێ وەڵا ئەو سیفەتانە ئەسڵەن چاکە نین، بەڵکو خراپەن."
ئەمە چەکێکی بەهێزمان دەداتێ بۆ ئەوەی لە چەپەکانی ئێستا تێبگەین.
بۆ نموونە، زۆربەی جۆرەکانی فێمینیزم (مێگەرایی) گاڵتە بە ژنایەتی دەکەن، کەچی لە ژێرەوە (بە زیمنی) پیاوەتی وەک نموونەیەک دەبینن کە دەبێت ژن تێبکۆشێت بۆی. بێگومان، ئەم کارەش دەکەن لەکاتێکدا لە هەمان کاتدا هێرش دەکەنە سەر پیاوەتی! فێمینیستە ڕادیکاڵەکان (توندڕەوەکان) ڕەگەزی مێینەی خۆیان وەک جۆرێک لە بەڵا دەبینن و ڕقیان لە پیاوانە چونکە پیاوان خاوەنی سیفەتێکن کە ئەوان هەرگیز ناتوانن بە تەواوی یان بە سروشتی پەرەی پێ بدەن. هەمان شتیش بۆ پیاوانی "موخەنەس" (ژنانی) ڕاستە، یان ئەوانەی کە تەنها گاڵتە بە لایەنەکانی پیاوەتی دەکەن. نموونەیەکی تری ئاشکرا، پەیوەندی بەو کەسانەوە هەیە کە قەڵەون؛ دێن بانگەشەی ئەوە دەکەن کە چەوری و قەڵەوی جوانە (تەنانەت تەندروستیشە!)، و دەڵێن "زەعیفی و ڕێکی" شتێکی زۆر ناشرین و بێزراوە.
بۆیە نیتشە تەواو هەقی خۆی بوو کە ئایدۆلۆژیای چەپی دەبەستەوە بە لاوازی و هەستنەکردن بە ئەمان (واتە نەبوونی متمانە بەخۆبوون). بە کردەیی، دەبینیت هەرکەسێک هەڵگری ئایدۆلۆژیای چەپ بێت، تا ڕادەیەک کەمکورتیی هەیە، جا جەستەیی بێت یان ڕۆحی یان عەقڵی، و فەقیری هەندێک سیفەتە کە وای لێبکات بتوانێت بە باشی ڕووبەڕووی تەحددییەکانی ژیان ببێتەوە.
نکوڵیکردنی چەپەکان لە جیاوازی، لەوەوە دێت کە ڕقیان لە "پلەبەندی"ـیە، ئەم ڕقەش لەوەوە دێت کە ئەوان دەزانن (جا بە ئاگاییەوە بێت یان بێ ئاگایی/لە ناخەوە) کە ئەگەر دان بنرێت بە پلەبەندییەکاندا، ئەوا ئەمان هەموو شتێک دەدۆڕێنن. لانیکەم بەشێک لەو هاوسۆزییەی بۆ خەڵکی دەریدەبڕن، دەربڕینە لەو ڕاستییەی کە ئەوان مەیلیان هەیە - بەهۆی ئەو هەستە قوڵەی کەمییەی هەیانە - کە خۆیان لە جێگای کەسانی نەگونجاو، چەوساوە، دەرکراو و تەنانەت تاوانبار و سەرپێچیکارانیش دابنێن.
بەڵگەکان دژی نکوڵیکردن لە جیاوازی و پلەبەندی زۆر زۆرن. بۆیە دەبینین هەندێک لە چەپەکان هەوڵ دەدەن بە ڕەتکردنەوەی بەڵگەکان بە کەللەڕەقییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕاستییەدا بکەن، هەروەها لە ڕێگەی ترساندنی ڕەخنەگران و ناچارکردنیان بە بێدەنگبوون. ئەمە ستراتیژییەکی کاریگەر نییە، چونکە بەڵگەکان زۆر بەهێزن دژیان. لەبەر ئەوە چەپەکان وەڵامێکی ئایدۆلۆژییان پەرەپێدا بۆ ئەو کێشەیەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە کاتێک بۆچوونەکانیان لەگەڵ واقیعدا یەکناگرێتەوە. وەڵامەکەیان بریتییە لە نکوڵیکردن لەوەی شتێک هەبێت بە ناوی "واقیع". ئا لێرەدا دەگەینە بنەما میتافیزیکییەکانی فەلسەفەی چەپ.
با وەسفی ئەو "واقیع"ـە بکەین کە چەپەکان نکوڵی لێ دەکەن بە "سروشت". دەتوانین سروشت زۆر بە سادەیی وا پێناسە بکەین کە بریتییە لە بوونی شتێک بە سەربەخۆیی دوور لە بیرۆکە، نییەت، هەست و باوەڕەکانی مرۆڤ. ئەمە ئەو واقیعەیە کە چەپ نکوڵی لێ دەکات، بۆیە چەپەکان ئیدیعای ئەوە دەکەن کە هیچ شتێک نییە ناوی سروشت بێت.
چەپەکان نکوڵی لە سروشت یان واقیع ناکەن بەو شێوازەی ئایدیالیستەکان (وەک بێرکلی) دەیکەن: واتە ئەوان بە حەرفی نکوڵی لەوە ناکەن کە شتێک بوونی هەیە و ئێمە هەستی پێ دەکەین. بەڵکو لە ڕاستیدا، ئەوان نکوڵی لەوە دەکەن کە ئەوەی بوونی هەیە خاوەنی ناسنامە (هەویە) بێت.
هەموو شتێک کە بوونی هەیە خاوەنی ناسنامەیە، بەو مانایەی کە سیفەت و سنووری دیاریکراوی هەیە کە تایبەتە بە خۆی نەک شتی تر. شتەکان دەتوانن سیفەتی نوێ وەربگرن (یان ئەو سیفەتانە لەدەست بدەن کە هەیانە)، بەڵام ئەمە لەبەر ئەوەیە کە ناسنامەکەیان هەندێک ئیحتمالی تێدایە و هەندێکی تێدا نییە. بوونی ناسنامەیەکی دیاریکراو وادەکات شتەکان لە واقیعدا حەقیقی بن. هەموو واقیعێکیش خاوەنی ناسنامەیەکە کە ئێمە ناتوانین یاری پێ بکەین یان بە تەواوی کۆنتڕۆڵی بکەین.
میتافیزیکای چەپ توندڕەوترین دەربڕینە بۆ میتافیزیکای گشتیی "مۆدێرنە"، کە پێی وایە هەموو شتێک دەکرێت لەلایەن مرۆڤەوە یاری پێ بکرێت، دەستی بەسەردا بگیرێت و کۆنتڕۆڵ بکرێت. بە مانایەکی تر، سروشت لای لایەنگرانی مۆدێرنە ناواقیعی دەردەکەوێت چونکە بەلای ئەوانەوە ناتەواوە: سروشت چاوەڕێی ئێمەیە دەستکاری بکەین؛ بۆ ئەوەی "بیگۆڕین بۆ شتێک". بۆیە هەمیشە شتە سروشتییەکان دۆخێکیان هەیە لە ئیحتمالاتی جیاواز: ئیحتمالی دروستکردنیان، باشترکردنیان، بەکارهێنانەوەیان یان ڕێکخستنەوەیان بە شێوەیەک لە شێوەکان.
ئەم نکوڵیکردنە لەو ناسنامانەی کە بە سەربەخۆیی بوونیان هەیە دوور لە دەستێوەردانی مرۆڤ، ئەو گریمانە میتافیزیکییە سەرەکییەیە کە لە پشت کۆمەڵێک گەمژەیی و بێمانایی چەپەوەیە.
عەقیدەی "بونیادگەریی کۆمەڵایەتی" (Social Construction) بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا پشت بەمە دەبەستێت. هەموو شتێک "شل و شلەژاوە": پیاوان دەتوانن ببن بە ژن و ژنانیش دەتوانن ببن بە پیاو؛ نەژاد (عەرق) تەنها وەهمێکە، هیچ ناسنامەیەکی نەژادیی ڕەسەن بوونی نییە و "هەموو شتێک خەیاڵە".
ئەگەر ناسنامەی دیاریکراو نەبێت، کەواتە هیچ "ڕاستی"ـیەکیش نییە، چونکە ڕاستی بریتییە لە داننان بە ناسنامەکان و دۆخی ئەو شتانەی کە بە سەربەخۆیی لە دەرەوەی عەقڵی ئێمە بوونیان هەیە. بەلای چەپەکانەوە، ڕاستییەکان تەنها ئامرازن بۆ چەوساندنەوە.