چۆن فەلسەفەی خراپ دەبێتە هۆی زانستی خراپ
ڕەخنەیەک لە مۆدێلی "هۆکینگ" بۆ سەرەتای گەردوون (دیدگایەکی ئەفلاتوونی)
پێشەکی :
یەکێک لەو کەسایەتیانەی کە پێی سەرسامم ناوی (میخایل تاڵ) ـە، میخایل، یاریزانی بەناوبانگی شەتڕەنج و هەشتەمین پاڵەوانی جیهان لە شەتڕەنج؛ دەوترێت کە میخایل سەرەڕۆیە. هەموو شتەکان بە پێچەوانە تەماشا دەکات. منیش بیرکردنەوەم دەربارەی بابەتەکان بە هەمان شێوەیە. حەز بە سەرەڕۆیی دەکەم. ئەوەی ئەمڕۆ باسی دەکەم، حەقیقەتێکی زانستی یان بیرکاری نییە. بەڵکو لێکدانەوەی فەلسەفییە بۆ بابەتێکی فراوان. کە سەرەتا ئەم بیرۆکەیەم بۆ هات لە کاتی خوێندنەوەی بابەتێکی سامی عامری بوو، لە ساڵی 2020 دا. ئەوکاتە بە گومانگەراییەوە هەموو تێکستە تەقلیدخوازەکانی گەندە-سەلەفییەکانم دەخوێندەوە (pseudo-salafism). ئەمەش گالتەپێکردن نییە. بەجدیەوە بڕوانینە سامی عامری کەسێکی گەندە-سەلەفییە. بەڵام کەسایەتی سامی عامری لێرەدا گرنگ نییە بۆمان. ئەوەی گرنگە چی دەڵێت؟ وە چیرۆکی دەستکردن بەم وتارە چۆن شی دەکاتەوە.
لە کتێبەکەی دا سامی عامری دەڵێت :
„نوێترین مۆدێلی (هۆکینگ) - کە مۆدێلێکی هاوبەشە لەگەڵ (جەیمس هارتڵ)، بۆیە پێی دەوترێت (مۆدێلی هارتڵ-هۆکینگ) - بۆ دروستبوونی گەردوون لە ڕۆژئاوادا جێی خۆی کردۆتەوە، چونکە وا دەردەکەوێت کە دەیسەلمێنێت گەردوون سەرەتایەکی زەمەنیی نییە، خوێنەری بەپەلە ڕەنگە وا تێبگات کە گەردوون سەرەتای نییە. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە ئەو کاتەی پێش تەقینەوەکە لە مۆدێلی (هۆکینگ)دا بوونی هەیە بریتییە لە (کاتی خەیاڵی - imaginary time)، ئەم گریمانەیەی هۆکینگ بۆ ئەوە بوو کە هاوکێشەکانی ڕاست دەربچن بەبێ ئەوەی تاکێتی (singularity) تێدابێت کە گەردوونەکەمانی لێوە پەیدا بووە، بۆیە خۆی دان بەوەدا دەنێت و دەڵێت: "کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ ئەو کاتە ڕاستەقینەیەی کە تێیدا دەژین، ئەوا لەوێدا تاکێتییەکان (singularities) بوونیان هەیە". ئەم ڕێکارە کە بریتییە لە زیادکردنی (کاتی خەیاڵی) - وەک فیزیازانی (جۆن بارۆ) دەڵێت - لە دابی فیزیازانانە کە زۆر پشت دەبەستن بە گۆڕینی کات بۆ شوێن. ئەمەش بۆ چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی میکانیکی کوانتەم، بەبێ ئەوەی وا وێنا بکەن کە کات لە ڕاستیدا وەک شوێن وایە. لە کۆتایی هەژمارکردنەکاندا، دەگەڕێنەوە بۆ تەفسیرە ئاساییەکانی بوون لەسەر بنەمای ئەوەی کە یەک ڕەهەندی کاتی و سێ ڕەهەندی شوێنی هەیە. لە گرنگترین ئەو کەسانەی سوودی لە چەمکی (کاتی خەیاڵی) وەرگرتووە (ویلیام H. میلەر)ی زانای کیمیا بووە لە ساڵی ١٩٦٩ کاتێک بەکاریهێنا بۆ تێگەیشتن لە داینامیکی کارلێکە کیمیاییەکان، و بەمەش ستایشی زانستی بەدەستهێنا، بەبێ ئەوەی لای ئەو کاتی خەیاڵی ببێتە ڕاستییەکی بابەتی (موضوعی).
ئەوەی (هۆکینگ) کردی ئەوە بوو کە لە تاکێتی (Singularity - خاڵی تاک) ڕزگاری بوو کە نوێنەرایەتی سەرەتای شوێن و کات دەکات لە ڕووی فیزیاییەوە، تاکو سەرەتای مێژووی کات بکاتە بنکەیەکی ساف و لوس نەک خاڵێک وەک ئەوەی لە مۆدێلە کلاسیکییەکاندا هەیە، بەمەش هیچ خاڵێکی سەرەتای یەکەم بوونی نامێنێت! ئەمەش وێنەکێشانێکی بیرکاریانەیە کە لە واقیعدا ناکرێت بگوازرێتەوە، یان بە دەربڕینی (ڤیلێنکین): تەنها (ئاسانکارییەکی ژمێریارییە - computational convenience). وەک فیزیازانی (دەیڤد پارک) دەڵێت: "لەوە ئاسانتر نییە کە وێنای ڕووداوەکانی پێش تەقینەوە گەورەکە بکەین... بەڵام هیچ ڕێگایەک نییە لە فیزیادا کە مانایەک بەم وێناکردنانە ببەخشێت".“
کێشەکە لەکوێ دایە؟ ئەگەر بە وردی بڕوانینە ئاماژەکانی سامی عامری دەبینین کە واتێگەشتووە کە ستیڤن هاوکینگ دەڵێ (پێش گەردوون کات خەیاڵە و فانتازیایە) لەکاتێکدا ئەم قسەیە ڕاست نیە. ئەو پەیدابوونی یەکجارەکی بۆ گەردوون ناهێڵێ. پەیدابوون لە یەک خاڵەوە. کە لەلای موتەکەلیمینە موسوڵمانەکانیش مەحاڵە چجای زانست. لێرەدا پرسیارەکە دێتە کایەوە ئەوەیە: ئایە بەڕاست کاتی خەیاڵی چییە؟! وە ئایە هۆکینگ بۆ ئەوە ئەم تیۆریەی پەرە پێداوە تا بڵێ خودا نییە؟!
لەڕاستیدا، ئەم قسانە هەمووی جۆرێکن لە ناحاڵی بوون. لای فیزیازانەکان گەردوون سەرەتای هەبێ یان نەبێ هەر خودا بوونی نییە. ئەوان فەیلەسوف نین، بەڵکو زانستین. ئەمەش وەکو وەسف و سەنا نییە بۆیان. بەڵکو دیاریکردنی فەریمۆرکێکە بۆ بابەتەکە. ئەگەر ئێمە سەیری مێژوو بکەین کاردانەوەی فیزیازانەکان ببینین دەبینین کە بناغە دانان بۆ خودایەکی زانستی، ناتوانێت کاریگەری بخاتە سەر کەسایەتیە زانستخوازەکان (scientists). ئەگەر سەیری مێژوو بکەین دەبینین کە سەردەمی هەیمەنەی نیوتن ، باوەڕ وابوو هەموو هۆکارێک و دەرئەنجامێک بە شێوەیەکی حەتمی (وەکو لە فەلسەفەی ئیسلامی پێی ئەڵێن عیلە و مەعلولی سروشتی) بەیەکەوە بەستراون. ئەوە مانای ئەوەبووکە خودا نییە و پێویست نییە لایان. دواتر کە کوانتەم میکانیک هات ، جێگرەوەی نیوتن پەیدابوو. کار و کاردانەوە حەتمی نەمان. سوبحانەڵڵا دووبارە مانای ئەوەبوو کە خودا بوونی نییە! کەواتە کێشەکە لەچی دایە؟! کێشەکە لە بناغەی فەلسەفی زانستخوازەکان دایە. ئەیانەوێ بەیەکچاو سەیری پێشەوەی خۆیان بکەن و بێ ئاوڕدانەوە، پشتی خۆیان ببینن! ئەمەش دیارە کە مەحاڵە. بۆیە کە نایبینن دەستەکەنە گلەیی.
کێشەیەکی تر لە کارەکانی سامی عامری ئەوەیە کە : بناغەی زانستی بە جوانی تێنەگەشتووە. ئەو پێی وایە کە زانستخوازەکان، هەرگیز وشەی مەجازی و لابەلا بەکارناهینن. لەلایەکەوە زانستخوازەکان کە دژی سحر و جادوون ، لە شاعیرێک زیاتر خەریکی وشەی سەقەتن بۆ بیرۆکەکانیان. نمونەی وشەی "چاودێر" بزانە. دەڵێن کاتێک ئێمە چاودێرێ فۆتۆن دەکەین دەبێتە ماددی کاتێک چاودێری ناکەین دەبێتە شەپۆل. یەکێک ئەمە بخوێنێتەوە توو شەرەفی باوکتان وا تێناگات کاتێک کە هۆشدارێک چاودێری ئەلیکترۆن دەکات؟! بێگومان. زۆریش هەن وا تێگەشتوونە. لەکاتێکدا چاودێری تەنها مەبەستیان ئەوەیە کە بەرکەوتە هەبێت. وەکو ئەلیکترۆنێک لەڕێگای فۆتۆنەکە. یان شتانێکی شەبەنگدراو radioactive. بۆیە لە هەموو شتێک خراپتر بەکارهێنانی ئەو جۆرە مەجازە بێ بنەمایەیە، کە زانستخوازەکان بەکاری دێنن. لەڕاستیدا دەکرێ بڵێین کە زۆرێک لە کێشە فەلسەفیەکانی زانست کە پێی تۆمەتبار دەکرێ بەهۆی ئەو دەستەواژە گنۆستیکیانەوەیە!
سەرەتای دەستپێکردنم بۆ ئەم وتارە لە پرسیاری برادەرێکی ئەزیزەوە بوو، کە وتی چۆن وەڵامی ستیڤن هاوکینگ بدەینەوە کاتێک دەڵێ کات خەیاڵییە. لەڕاستیدا ئەمە دووگمەیەکی هەڵەی لە مێشکم لێدا. نزیکەی دوو ڕۆژە لەگەڵ نوسینەوەی وتارەکەمدا بە هەموو سەرچاوەکانەوە پێداچوومەتەوە. چەند بابەتێکی نوێ و سەرنجڕاکێشیشم دۆزیەوە کە تازە بوون بۆم. بەڵام ئەمە چیرۆکی ئەم وتارە تێر و تەسەلەیە. هیوادارم خودا بەهۆی منەوە کەلێنێک لە ناحاڵی بوون بە زانست بۆ تۆی خوێنەر پڕبکاتەوە.
لەم وتارە دەمەوێ چی بسەلمێنم؟
کاتێک باسی ژمارە خەیاڵییەکان دەکەین باسی چی دەکەین؟ باسی فۆڕمە ئەفڵاتوونیەکەی ژمارە ڕاستیەکان دەکەین
مۆدێلی ستیڤن هۆکینگ بۆ دەسپێکی گەردوون شتێک نییە تازە بێت.
ئێمە لێکدانەوەیەکی فەلسەفی جیاواز بۆ تیۆریەکەی دەکەین کە لەگەڵ ئەفلاتوونیەت هیچ جیاوازیەکی نییە. ئەمەش بەهای تیۆریەکەی لەناو دەبات.
بەشی یەکەم: ژمارە خەیاڵییەکان
شارستانیەتی مۆدێرن گرفتار و دڵبەستەی وەهمە. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە تەنها ئەولەویەت دەدات بەوەی بەرجەستەیە، ئەپێورێت، و لە ڕووی ماددییەوە بە "واقیعی" دادەنرێت، لەسەر حیسابی ئەو بنەما نادیارانەی کە لە ڕاستیدا حوکمی ماددە دەکەن. ئەم لایەنگیرییە کوێرانەیە بۆ ماددە، لە هیچ شوێنێک هێندەی مێژووی بیرکاری و بەدیاریکراوی لە ناونانی "ژمارەی خەیاڵی" (Imaginary Number)دا دەرناکەوێت.
کاتێک ڕێنێ دیکارت لە سەدەی حەڤدەهەمدا ئەم دەستەواژەیەی داهێنا، وەک وەسفێکی زانستی بێلایەن بەکاری نەهێنا، بەڵکو وەک سووکایەتی و دەستەواژەیەکی سووککەرەوە (Derogatory) بەکاری هێنا. ئەمە ڕەنگدانەوەی عەقڵیەتی ماددیگەری بوو کە توشی ئیفلیجی بووبوو لە قبوڵکردنی بەهایەک کە نەتوانرێت بکرێتە ژمارەیەک لە تەنە فیزیکییەکان. بۆ عەقڵیەتی ئەوان، ڕەگی دووجای ژمارەیەکی نێگەتیڤ 1- √ وەک جنۆکە یان فیکشنێک دەهاتە بەرچاو. هەر خودی ژمارەی نێگەتیڤ لێرەدا شایەنی پرسیارە کە زۆرێک لە زانستەکان لەسەری بنیاد نراون. ئایە کەمتر لە «هیچ» مانایەکی هەیە؟!
لەڕاستیدا ئەگەر ئێمە بە جووڵە و هاوسەنگی ئەم ژمارانە لێک بدەینەوە بابەتەکە ڕوونتر دەبێت. سفر مانای هیچ نادات مانای هاوسەنگی دەدات. یاخود بنەمای دەسپیک. سالب بەمانای ژوورەوە دێت و موجەب بەمانای دەرەوە. لە تەوەرەی yیش بەمانای ژێرەوەو سەرەوە دێت. لەوکاتەدا کێشەکان چارەدەبن. بەلام چیدیکە ناتوانین ژمارە وەکو ژمارە ببینین. بەڵکو وەکو جێگە (position)ـێک سەیردەکرێت. بۆیە ژمارەی سالب مانای نییە. بەڵکو جێگەی سالب کە سالب ئاماژەیە بۆ ئاڕاستە مانای هەیە. لێرەدا کردارەکانی زیادکرد و هاوکێشە جوڵەدار دەبن. کاتێک تۆ دەڵێی 1+1 یەکسانە بە 2، مانای ئەوە نادات کە حەقیقەتێکی یەکسان و حەقیقەتێکی یەکسان دەکاتە دوو حەقیقەتی یەکسان.
بۆیە دیکارت، تەنها لەبەر ئەوە تەحەمولی بوونی ئەم ژمارەیەیان دەکرد چونکە هاوکێشەکانی بۆ ڕاست دەکردنەوە، وەک چۆن مرۆڤ ناچارە دەرمانێکی تاڵ بخوات بۆ ئەوەی ئازارەکەی نەمێنێت، بێ ئەوەی باوەڕی بە حەقیقەتی دەرمانەکە هەبێت.
بەڵام ئەم ناونانە هەڵەیەکی فەلسەفیی کوشندە بوو کە بووە هۆی کوێرکردنی چەندین نەوەی زانا بەرامبەر حەقیقەتی ئەو بەناو ژمارانە. کاتێک تۆ واقیع قەتیس دەکەیت تەنها لەو ژمارانەی کە لەسەر هێڵی ئاسۆیی "ژمارە ڕاستییەکان" (Real Numbers) دانیشتوون، تۆ لە ڕاستیدا نکۆڵی لە هەبوونی هەر ڕەهەندێک دەکەیت کە لە دەرەوەی ئاستی ماددیی ڕاستەوخۆ بێت. ئەمە بچووککردنەوەی بوونە بۆ تەنها یەک ئاستی تەخت.
کەواتە، یەکەی (i) وەهم و خەیاڵ و چیرۆک نییە بەڵکو ئاڕاستەیە. نوێنەرایەتیی "سوڕانەوە" دەکات. جوڵەیەکە بە شێوەی "ئەستوون" (Orthogonal) لەسەر ڕەوتی هێڵی کات و ماددە. کەواتە، ئەوەی زانستی مۆدێرن ناوی دەنێت "ژمارەی خەیاڵی"، لە حەقیقەتدا ئاماژەیە بۆ هێماگەلێکی "نا-چەندێتی" (Non-quantitative) کە گوزارشت لە ڕەهەندێکی باڵاتر و ئەستوونیی بوون دەکەن. کێشەکە لە ژمارەکەدا نییە کە گوایە خەیاڵییە، کێشەکە لەو عەینکە ماددییەیە کە زانایانی مۆدێرن لەچاویان کردووە و ناتوانن شتێک ببینن ئەگەر لەسەر هێڵی ئاسۆیی ماددە ڕانکشابێت. ئەم هەڵە تێگەیشتنە بنچینەییە بووە بە بەردی بناغەی ئەو هەڵە گەورەترانەی کە دواتر لە کۆزمۆلۆجیای مۆدێرندا دەردەکەون.
بۆ ئەوەی بگەین بەو ڕاستیە، دەبێ سەرەتا بزانین چۆن ژمارە خەیالیەکانمان دەستکەوت؟ بیر لەم هاوکێشەیە بکەوە :
X²+1=0
ئەنجام
X²=-1
ئێمە دەزانین لە هێڵێکی ئاسۆیی ئەگەر دوو گۆڕاو دووجارانی یەکتر بکەین. هەرگیز ناکاتە سالب. بەڵام لێرەدا بیرکاری مۆدێرن دەڵێت: ئەگەر ژمارەکە لەجیاتی جوڵەی ئاسۆیی پێ بکەین جوڵەیەکی خولانەوەیی پێ بکەین کێشە نابێت. ئەنجامەکەش ڕاستەوخۆ دەرئەچێ. ئەم یاریەش شتێکی ئاسانە. بۆیەش ماتماتیکزانە مۆدێرنەکان قەناعەتی تەواویان هەیە کە ژمارە خەیاڵییەکان بوونیان هەیە و ڕاستەقینەن. لەبەر ئەوەی تەنها پێویستیان بە تەوەرێکی ترە. بەڵام ئایە ئەمە تێکشکاندنی یاسا بنەڕەتییەکانی ماتماتیک نییە؟! ئێمە زانیمان کە 1-1-1 دەکاتە 1-. دووجا کردن کە هەمان ئاماژەی جاران کردنە، جاران کردنیش تەنها ئاماژەی کۆکردنەوەیە، بۆچی لەوێدا بوو بە خولانەوە لە شوێنێکی تردا هەمان پرۆسە جوڵەی ئاسۆییە؟!!؟ هەموو ئەوانە پرسیاری جدین لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ژمارە خەیالیەکان وەکو ژمارەکانی دێکە دەبێ ڕەچاو بکرێت! هەرچەندە ڕەچاوکردنی خاڵەکەی ئێمە هیچ کەمتر ناکاتەوە لە مەحاڵبوونی مامەڵەکردن لەگەڵ ژمارە سالبەکان وەکو ژمارە و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕەگی دووجای ژمارە سالبەکان وەکو ژمارەیەکی ڕاستەقینە. کەواتە ناگونجێت ئەمانە بریتیبن لە چەندیەتی و ژمارە.
پرسیارەکە لێرەدا دێتە کایەوە ئەی چییە؟! لەڕاستیدا من هاوڕای بیرکاریزانەکانم. ناتوانی لە ژمارە خەیالیەکان تێبگەی مەگەر بە سوورانەوەی ژمارەکان نەبێت. بەڵام حەقیقەتێک لێرەدا ونە. وەکو پاڤێڵ فلۆرێنسکی دەیوت :
"ڕاستە، بۆ بیرکاریزانێک کە بە هەموو جۆرە 'هێلکەییە خەیاڵییەکان'، 'خاڵە بازنەییەکان'، 'ئیزۆترۆپەکان' و هاوشێوەکانیان ڕاهاتووە، ئەم جۆرە دەربڕینانە لەمێژە بێزارکەر نین، ئەمەش بەهۆی ڕاهاتنەوەیە (بەڵام بە هیچ شێوەیەک بەهۆی تێگەیشتنەوە نییە). بەڵام ئەم ئارامییە بە ئەستەم دەکرێت وەک سەرچاوەیەک بۆ پەرەسەندنی بیرکاری هەژمار بکرێت. خوێندکار لەم ڕووەوە زیاتر لەسەر هەقە کاتێک لەم جۆرە لێدوانانەدا هەست بە شتێکی نەوتراو دەکات."
—Pavel Florensky, Imaginaries in Geometry (ڕووسی).
بۆ فلۆرینسکی ، ماتماتیکی سەردەم بەبێ ئەفڵاتوون مانایەکی نەبوو. لێکدانەوەی زۆرێک لە ماتماتیکزانەکانی دەگەڕاندەوە بۆ بیری ئەتۆمیزم (الذرية) وە دەیوت: ماتماتیک زانەکان لە شیکاری هاوکێشەکاندا عیلەی ماددی بەکاردێنن تا ئەنجامیان دەسکەوێت، بەدوای هیچ عیللەیەکی صوڕی ناگەڕێن. بۆیە لێکدانەوەکانیان تەنها لێکدانەوەی گۆڕاوەکانە نەک هاوکێشەکە. ئەمەش وەکو ئەوەیە شتێک بە زمانی چینی نوسرابێت، کەسێکی ڕووسی بیەوێ بزانێت چی نوسراوە، وەرگێڕ شێوازی دەنگەکانی چینی بە نوسین بۆ بنوسێتەوە.
بۆیە لای ئێمە، سوڕاندنەوە لە بیرکاری دەرچوونە لە بیرکاریەوە بۆ حەقیقەتی بیرکاری. هەرشتێکیش بە بیرکاری بپێورێت، ژمارەی پێوانەکەی لەگەڵ حەقیقەیە میتافیزیکیەکەی بەندە. بۆیە کاتێک کات بە ژمارە خەیاڵیەکان دەپێویت. لەڕاستیدا تەنها گوزارشت لە ئامادەبوونی (تجلي) کات دەکەیت کە چڕبۆتەوە لە شوێنێک دا. ئەم تەفسیرە جوان تێبگەیت، بۆ ڕەخنەی داهاتوو کێشەت نابێت.
ڕەخنە — ئەی بۆچی کاردەکات؟
یەکێک لەو ڕەخنانەی دەبێ لەبەرچاویان بگرین، ئەوەیە کە ژمارە خەیالیەکان توانای کارکردن پێیان هەیە. واتا تۆ دەتوانی لەڕێی هاوکێشەیەکەوە پێوانە بکەیت.
لە سوڕی کارەبادا، ئێمە i بەکاردێنین بۆ هەژمارکردنی Impedance. ئەمە تەنها نیشانە نییە بۆ ئەوەی بڵێین تەزووەکە دواکەوتووە، بەڵکو بە وردی پێمان دەڵێت چەند وزە بەفیڕۆ دەچێت و چەند وزە خەزن دەبێت.
ئەگەر i تەنها وەسفێک بوایە، نەماندەتوانی بیخەینە ناو هاوکێشەی وزەوە و بە وردی دیزاینی وێستگەی کارەبا بکەین. ئەوەی کاریگەری فیزیایی هەبێت و پێوانە بکرێت، ژمارەیە.
تاقیکردنەوەی "دووری" (پەیوەندی بە شوێنەوە هەیە)
ژمارەی خەیاڵی وەسفی حاڵەت (State) نییە، بەڵکو پێدراوی شوێنە (Coordinate).
لە دیزاینی باڵی فڕۆکەدا، ژمارەی خەیاڵی دیاری دەکات کە هەر خاڵێکی هەوا دەکەوێتە کوێی بۆشاییەکەوە.
ژمارەی ئاڵۆز (3 + 4i) خاڵێکی دیاریکراوە لەسەر ڕووتەختێک. هەروەک چۆن (x, y) ژمارەن و شوێن دیاری دەکەن، بەشە خەیاڵییەکەش ڕەهەندێکی پێوانەکراوە. تۆ ناتوانیت بە "سفەت" نەخشەی باڵی فڕۆکە بکێشیت، پێویستت بە ژمارەیە.
لەوەڵامدا زۆر بە ئاسانی دەڵێین : هەموو ئەو پێداویستیانەی باست کردن کورتکردنەوەی ڕیگاکەن نەک پێویستی لە کارەبادا شێوازی ترمان هەیە. وە لە هەموو بابەتەکانی تر لەڕێگا قورسەکەوە دەتوانین پێی بگەین. لەڕاستیدا ژمارە خەیاڵییەکان بەبۆنەی پەیوەندیان بە ژمارە ڕاستیەکانەوە، توانای لێکدانەوەیان هەیە. وەکو چۆن فۆڕمی مرۆڤی ڕەها توانای لێکدانەوەی بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا هەیە لای ئێمە. بۆیە ئێمە گومان لە کردەکاری ناکەین. بەڵکو دەمانەوێ بە شێوەیەکی فەلسەفی لە وەهم ڕزگارمان ببێت.
بەشی دووەم: ڕێنێ گێنۆن – ونکردنی بیرکاریی پیرۆز لە سەردەمی حوکمڕانیی چەندێتیدا
مەولانای ئیمام، شێخ عەبدولواحید یەحیا (ڕێنێ گێنۆن)، لە ساڵی ١٩٤٦دا پەنجەی خستە سەر ڕێک ئەم برینە کوشندەیە لە شاكارە مەزنەکەیدا بە ناوی "مەبادئی میتافیزیکی بۆ حیسابی تەفاضول و تەکامول". لەم دەقەدا، شێخ گێنۆن تەواوی بینای بیرکاریی مۆدێرن هەڵدەوەشێنێتەوە؛ ئەو بیرکارییەی کە ژمارەکان تەنها وەک "ڕێککەوتن" (Conventions) یان ئامرازێکی بێڕوح بۆ پێوانەکردنی پیشەسازی سەیر ئەکات.
١. فەوزای چەندێتی (The Reign of Quantity)
گێنۆن ئەڵێت: کێشەی زانستی مۆدێرن ئەوەیە تووشی نەخۆشییەک بووە پێی ئەوترێت "کەمکردنەوەی جۆریەتی بۆ چەندێتی" (Reduction of Quality to Quantity).
لە زانستی پیرۆزدا (وەک لای فیساگۆرییەکان)، هەر ژمارەیەک ڕۆح و مانای خۆی هەیە. بۆ نموونە (٣) تەنها بریتی نییە لە (١+١+١)، بەڵکو سیمبولی "سێینە" و ئاسمان و زەوی و مرۆڤە.
بەڵام زانستی مۆدێرن هات ژمارەکانی کوشت. کردی بە توێکڵێکی بەتاڵ. کردی بە ئامرازێک تەنها بۆ ئەوەی بزانین چەند کیلۆ ئاسنمان پێویستە بۆ پردێک. ئەمە خیانەتە لە مەعریفە. چونکە قەتیس کردنی مەعریفە لە چەندیەتی دا ، وەکو قەتیس کردنی وجودە لە چەندیەتی دا. چەندیەتیش وجودی هەیە نەک بنەمای وجود بێت.
٢. هەڵەی بێ کۆتا (The Infinite vs. The Indefinite)
خاڵێکی تری مەولانا گێنۆن ئەوەیە کە مۆدێرنەکان تێکەڵییان کردووە لە نێوان "بێ کۆتا" (Infinite) و "نا دیار" (Indefinite).
زانای مۆدێرن وائەزانێت ئەگەر تا قیامەت ژمارەکان بژمێرێت، ئەگاتە "بێ کۆتا". ئەمە گەمژەییە.
گێنۆن ئەڵێت: بێ کۆتا "ژمارە" نییە، بەڵکو مەبدەئە. ژمارەکان هەرچەندە زۆر بن، هێشتا سنووردارن. بەڵام بێ کۆتا سیفەتێکی ئیلاهییە و لە دەرەوەی ژمارەیە. کاتێک بیرکاریزانەکان ئەم جیاوازییە ناکەن، ئەکەونە ناو ئەو وەهمەی کە گەردوون تەنها کۆمەڵێک ژمارەی بێ کۆتایە، نەک نیزامێکی میتافیزیکی.
٣. خاچی گەردونی: ستوونی و ئاسۆیی
لێرەدا گێنۆن وەکو ئەوەی کە بێتە سەر ئەسڵی بابەتەکە و نهێنیی ژمارە خەیاڵییەکان (Imaginary Numbers) ئاشکرا دەکات:
تەوەرەی ئاسۆیی (Horizontal Axis): ئەمە جیهانی ژمارە "ڕاستییەکان" (Real Numbers)ـە. جیهانی ماددە، کات، شوێن، گۆڕانکاری. ئەمە ئەو جیهانەیە کە ئێمە تێیدا دەژین و زانستی مۆدێرن تەنها ئەمە ئەبینێت.
تەوەرەی ستوونی (Vertical Axis): ئەمە جیهانی ژمارە خەیاڵییەکانە. ئەمە جیهانی غەیبە. جیهانی ئەسڵ و مەبدەئـ و ئیمکانات.
کاتێک تۆ لە هاوکێشەیەکدا (i) بەکار ئەهێنیت، تۆ ئاماژە بۆ خاڵێک ئەکەیت کە لە "کات" دەرچووە و چووەتە ناو "ئەزەل".
ژمارە خەیاڵییەکان درۆ نین وەکو وتمان، بەڵکو سیمبولی ئەو هێزە باڵایانەن کە دێنە ناو جیهانی ماددەوە بەڵام خۆیان ماددە نین. ئەوان نوێنەرایەتیی "تەوەرەی ئەستوون" ئەکەن لە خاچی گەردوونیدا، کە بە شێوەی ستوونی وەستاوە لەسەر ڕووباری ئاسۆیی کات و ماددە.
کەواتە، بەکارهێنانی (i) لە هاوکێشەکاندا فێڵ نییە؛ بەڵکو دانپێدانانێکی ناچارییە بەوەی کە جیهانی ماددە ناتوانێت بوونی خۆی ڕوون بکاتەوە بەبێ پشت بەستن بە جیهانی غەیب .
بیرکاری تەنها ئامرازێکی بێمانا نییە بۆ ئەندازیارەکان، بەڵکو زانستێکی پیرۆزە (Sacred Science). زمانێکی ڕەمزییە کە توانای وەسفکردنی حەقیقەتانێکی هەیە کە لە سەرووی جیهانی ژمارە و ماددەوەن. بەڵام کاتێک ئەم ئامرازە پیرۆزە ئەکەوێتە دەست بێ دینێک (وەک هۆکینگ)، تەنها وەک چەکوشێک بەکاری دێنێت بێ ئەوەی لە ڕۆحەکەی تێبگات، وەک منداڵێک کە بە ئەڵماس یاری ئەکات و وائەزانێت شووشەیە.
بەشی سێیەم: هەڵوێستی ستیڤن هۆکینگ لە فەلسەفەی زانست
ستیڤن هۆکینگ، لە کتێبی "دیزاینە مەزنەکە" (The Grand Design)دا، بە لوتبەرزییەکی typicalی زانایانی مۆدێرنەوە ڕایگەیاند: "فەلسەفە مردووە."
ئەو بانگەشەی ئەوەی کرد کە فەیلەسوفەکان نەیانتوانیوە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی زانست (بە تایبەت فیزیا) خۆیان نوێ بکەنەوە، بۆیە مەشخەڵی مەعریفە کەوتووەتە دەست زانایانی فیزیا.
هۆکینگ خۆی وەک پراگماتیستێک وێنا ئەکرد کە پێویستی بە هیچ دارشەقێکی میتافیزیکی نییە، تەنها پشت بە تێبینی (Observation) و یەکگرتوویی بیرکاری ئەبەستێت. بەڵام بینیمان کە بیرکاری لەکێشەی ژمارە خەیاڵییەکان لەکار ئەکەوێت و توانای یەکگرتوویی نییە و تووشی دژبەیەک دەبێتەوە. باسمان کرد کە ناتوانێ گۆڕان لە جولەی ئاسۆییەوە بۆ جوڵەی بازنەیی پەرەپێبدات و ڕوونی بکاتەوە. لەکاتێکدا دژبەیەکێکی ڕوونە. بۆیە لێرەدا، کێشە هەر لە بیرکاری وەکو بیرکاری نییە، سەرەڕای خوێندنەوە هەڵەکە بۆ بیرکاری با سەیری خوێندنەوە هەڵەکە بۆ فەلسەفە لەلایەن ستیڤن هۆکینگەوە سەیربکەین.
١. ڕیالیزمی پەیوەست بە مۆدێل (Model-Dependent Realism)
هۆکینگ بانگەشەی بۆ مەزهەبێک ئەکرد کە پێی دەوترێت "پۆزەتیڤیزم" لە بەرگێکی نوێدا. پێی دەوت "ڕیالیزمی پەیوەست بە مۆدێل".
ئەم مەزهەبە ئەڵێت: ئێمە ناتوانین بزانین "حەقیقەت" چییە، تەنها ئەتوانین بزانین کام "مۆدێلی بیرکاری" باشترین وەسف بۆ تێبینییەکانمان ئەکات.
بە کورتی، هۆکینگ ئەڵێت: "ڕاستی بوونی نییە، تەنها هاوکێشە هەیە کە ئیش ئەکات."
بەڵام ئەم هەڵوێستە کوێربوونێکی مۆدێرنی تێدایە.
کاتێک تۆ ئەڵێیت "حەقیقەت بوونی نییە، تەنها مۆدێل هەیە"، تۆ خەریکیت گەورەترین بانگەشەی فەلسەفی ئەکەیت دەربارەی سروشتی واقیع!
ڕەتکردنەوەی فەلسەفە، خۆی لە خۆیدا فەلسەفەیە. بەڵام فەلسەفەیەکی خراپ و "نا-خودئاگا"یە. هۆکینگ کەوتووەتە هەمان ئەو تەڵەیەی کە هەوڵی هەڵهاتنی لێ ئەدا؛ ویستی فەلسەفە بکوژێت، بەڵام بە چەکێکی فەلسەفی (کە ناوی پۆزەتیڤیزمە) تەقەی لێ کرد.
٢. بەقاچاخبردنی میتافیزیک (Smuggling Metaphysics)
کێشە گەورەکەی هۆکینگ ئەوەیە: میتافیزیک (و تەنانەت ئیلاهیات) لە دەرگای پێشەوە دەردەکات، بەڵام لە پەنجەرەی دواوە دەیانھێنێتەوە ژوورەوە.
ئەو مۆدێلێکی کۆزمۆلۆجی دادەڕێژێت کە بە تەواوی پشت بە "گریمانەی میتافیزیکی" ئەبەستێت.
میتچ ستۆکس، فەیلەسوف و ئەندازیاری میکانیک، لە کتێبی (A Shot of Faith to the Head) دا گورزێکی کوشندە ئهوەشێنێت لەو بتە مەعریفییەی کە "ئیلحادی نوێ" دروستی کردووە. ڕەخنەکەی بە دیاریکراوی ئاراستەی ستیڤن هۆکینگ و کتێبە بەناوبانگەکەی (The Grand Design) ئەکرێت. ئارگومێنتی سەرەکیی ستۆکس ئەوەیە: هۆکینگ و هاوبیرانی، بانگەشەی مردنی فەلسەفە ئەکەن، لە کاتێکدا خۆیان نقومن لەناو گریمانە فەلسەفییەکاندا، بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەن.
لێرەدا پوختەی ئەم ڕەخنە مەنهەجییە ئەخەینە ڕوو:
دژبەیەکی "مردنی فەلسەفە"
بەناوبانگترین ڕستەی کتێبەکەی هۆکینگ ئەوەیە کە بە لوتبەرزییەوە ئەڵێت: "فەلسەفە مردووە." بەو پاساوەی کە فەیلەسوفەکان نەیانتوانیوە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی فیزیا خۆیان نوێ بکەنەوە.
ستۆکس لێرەدا دەست ئەخاتە سەر دژبەيەکییەکەی ناو ئەم ڕستەیە:
ئەم قسەیە خۆی لە خۆیدا قسەیەکی "فەلسەفی"ـیە، نەک زانستی.
تۆ ناتوانیت بە بەکارهێنانی مایکرۆسکۆپ یان تاقیگە بیسەلمێنیت کە "فەلسەفە مردووە". ئەمە بڕیارێکی مەعریفییە.
کارەساتەکە لێرەدایە: هۆکینگ یەکسەر دوای ئەوەی فەلسەفە بە مردوو لەقەڵەم ئەدات، دەست ئەکات بە فەلسەفە لێدان (بە شێوەیەکی خراپ). باسی "ڕیالیزم" و "جەبرییەت" و "ماهییەتی بوون" ئەکات.
واتە هۆکینگ فەلسەفەی نەکوشتووە، تەنها فەلسەفەی گۆڕیوە بە فەلسەفەیەکی "ساویلکەی" و ڕووکەش.
هۆکینگ لێرەدا فیزیازان نییە، بەڵکو موتەکەلیمێکی خراپە. کە هەوڵ ئەدات عەقیدەیەکی پووچ بە ناوی زانستەوە بە خەڵک بفرۆشێتەوە..
ڕەخنە لە "ڕیالیزمی پەیوەست بە مۆدێل" (MDR)
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی حەقیقەت، هۆکینگ چەمکێکی داهێنا بە ناوی "ڕیالیزمی پەیوەست بە مۆدێل". بە کورتی ئەڵێت: گرنگ نییە چی ڕاستە (Real)، گرنگ ئەوەیە مۆدێلەکە لەگەڵ تێبینییەکان (Observations) یەکبگرێتەوە. نمونەی ماسییەک ئەهێنێتەوە کە گەردوون بە خوار و خێچی ئەبینێت؛ ئەڵێت دیتنی ماسییەکە هەمان بەهای دیتنی مرۆڤی هەیە مادام پێشبینییەکانی ڕاست دەردەچن.
ستۆکس دوو گرفت لەمەدا ئەبینێت:
١. هەڵهاتن لە حەقیقەت: ئەمە جۆرێکە لە دژە-ڕیالیزم (Anti-realism). زانست ئەکاتە ئامرازێکی تەکنیکی تەنها بۆ پێشبینیکردن، نەک بۆ گەڕان بەدوای حەقیقەتی گەردوون.
٢. موعجیزەی بیرکاری: هۆکینگ پشتی بە بیرکاری بەستووە، بەڵام ناتوانێت ڕوونی بکاتەوە بۆچی گەردوون ملکەچی بیرکارییە؟ ستۆکس (بە شوێنکەوتنی یوجین ویگنەر) ئاماژە بە "کاريگەریی ناعەقڵانیی بیرکاری" ئەکات. ئەگەر گەردوون تەنها ڕێکەوتێکی سروشتی بێت (Naturalism)، هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی خاوەنی نەزمێکی بیرکاریی قوڵ بێت. بوونی ئەم نەزمە ئاماژەیە بۆ بوونی "عەقڵ"ـێک لە پشت گەردوونەوە، دەرەنجامێک کە هۆکینگ لێی ڕا ئەکات.
سێیەم: بنەماکانی زانست
زانست لە بۆشاییەوە دروست نابێت. زانست پێویستی بە "پێشەکی" و بنەمای فەلسەفی هەیە کە خۆی ناتوانێت بیانسەلمێنێت. ستۆکس ئەڵێت هۆکینگ ئەم بنەمایانەی بە بەدەهیات وەرگرتووە بێ ئەوەی لێیان بکۆڵێتەوە:
١. متمانە بە هەستەکان (چاو و گوێ).
٢. یەکگرتوویی سروشت (یاساکانی فیزیا سبەینێش وەک ئەمڕۆن).
٣. ڕاستیی لۆجیک (عەقڵی ئێمە توانای گەیشتنی بە حەقیقەت هەیە).
ئەگەر فەلسەفە لابەریت (وەک هۆکینگ داوای ئەکات)، ئەوا ئەم بنەمایانە ئەڕوخێن. ستۆکس جەخت لەوە ئەکاتەوە کە "ئیلاهیات" (Theism) بنەمایەکی باشترە بۆ زانست تا "ئیلحاد". چونکە باوەڕ بەوەی خودایەکی عەقڵانی گەردوونێکی عەقڵانی دروستکردووە و عەقڵی مرۆڤیشی بۆ تێگەیشتن لێی ئامادە کردووە، زۆر لۆجیکیترە لەوەی بڵێیت: "ماددە بە ڕێکەوت مێشکێکی دروستکردووە کە ئەتوانێت لە کوانتەم تێبگات."
بەشی چوارەم: مۆدێلی هۆکینگ بۆ سەرەتای گەردوون
چارەسەرە بەناو عەبقەریەی هۆکینگ بۆ کێشەی دروستبوونی گەردوون، لەژێر ناوی "دۆخی هارتڵ-هۆکینگ" (Hartle-Hawking State) یان "پێشنیاری بێ-سنوور" (No-Boundary Proposal) خۆی شاردووەتەوە.
بۆ ئەوەی لە ئەم مۆدێلە تێبگەین، ئەبێت سەرەتا بزانین هۆکینگ لە چی ڕای ئەکرد؟
پێشنیاری بێ-سنوور (The No-Boundary Proposal) هەوڵێک بۆ لابردنی "سەرەتا"
بۆ تێگەیشتن لەم تیۆرییە، ئەبێت سەرەتا بزانین کێشەکە چی بوو کە وایکرد هۆکینگ و جەیمس هارتڵ ئەم مۆدێلە دابڕێژن؟ وە مەبەستیان لە سەرەتا چییە؟! مەبەستیان لە سەرەتا خاڵێکی یەکگرتووی سەرەتایە. کە تێیدا کات سفرە. نەک ئەو دەسپێکەی کە خۆیان باسی دەکەن. لەسەرەتاوە وتم کە فیزیازانەکان و زانستخوازەکان بە گشتی شەهوەتێکیان(fetishize) هەیە بۆ مەجازی بێ بنەما. ئەو مەجازە بێ بنەمایە زۆر کێشەیە. چونکە مۆدێلەکەی هۆکینگ بەڕاستی نایەتە بواری ئەوەی کە سەرەتا بوونی نەبێت بەمانا فەلسەفیەکەی. بەڵکو بەمانا فیزیاییەکەی.
لە کۆزمۆلۆجیای کلاسیکیدا (Big Bang)، ئەگەر کات بگێڕینەوە بۆ دواوە، ئەگەینە خاڵێک پێی ئەوترێت "تەکییە" (Singularity).
لەم خاڵەدا، کات سفرە (t=0)، چڕی بێکۆتایە، و یاساکانی فیزیا تێک ئەشکێن. ئەمە واتە گەردوون "سەرەتا"یەکی هەیە، یان لێوارێکی تیژی هەیە.
یەکەم: ئامرازەکە (Wick Rotation)
هۆکینگ بۆ ئەوەی لەم "نووکە تیژە" رزگاری بێت، تەکنیکێکی بیرکاری بەکارهێنا بە ناوی (Wick Rotation).
ئەم تەکنیکە پشت ئەبەستێت بە گۆڕینی "کاتی ڕاستەقینە" (t) بۆ "کاتی خەیاڵی" (τ).
پەیوەندییەکە بریتییە لە:τ = i × t.
واتە لێدانی ژمارەی خەیاڵی (i) لە کات.
کاتێک ئەمە ئەکەیت، ماهییەتی "کات" ئەگۆڕێت. ئیتر کات سیفەتی "تێپەڕین"ی نامێنێت و ئەبێتە ڕەهەندێکی شوێنی (Spatial Dimension). واتە گەردوون لەجیاتی (٣ شوێن + ١ کات)، ئەبێتە (٤ شوێن).
دووەم: گۆڕینی ئەندازەکە (Geometry)
بەهۆی ئەم گۆڕانکارییەوە، شێوەی گەردوون لە سەرەتادا ئەگۆڕێت:
١. لە مۆدێلی نا هۆکینگی: گەردوون وەک "قوچەک" (Cone) وایە. خوارەوەی نووکێکی تیژی هەیە. ئەم نووکە سەرەتای کاتە.
٢. لە مۆدێلی بێ-سنووردا: گەردوون وەک "تۆپی پەڕ" (Shuttlecock) یان نیوەگۆیەک وایە. خوارەوەی خڕە و نووکی نییە.
سێیەم: نموونەی جەمسەری باشوور
هۆکینگ بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمە، نموونەی زەوی ئەهێنێتەوە.
ئەڵێ: ئەگەر بەرەو باشوور بڕۆیت، ئەگەیتە جەمسەری باشوور.
پرسیارکردن لەوەی "لە خوار جەمسەری باشوور چی هەیە؟" پرسیارێکی بێمانایە.
وەڵامەکە "هیچ" نییە، بەڵکو پرسیارەکە هەڵەیە، چونکە لەوێدا زەوی کۆتایی نایەت و لێواری نییە، تەنها دەچەمێتەوە.
بە هەمان شێوە، لەم مۆدێلەدا، پرسیارکردن لەوەی "پێش تەقینەوەی گەورە چی بووە" بێمانایە، چونکە کات لەوێدا وەک شوێنە و لێواری نییە (No Boundary).
چوارەم: دەرەنجامی فیزیکی بەپێی ئەم تیۆرییە:
* گەردوون سنوردارە (Finite) بەڵام لێواری نییە (Unbounded).
* گەردوون لە کاتدا دروست نەبووە، بەڵکو لە دۆخێکی کوانتەمییەوە هاتووە کە کاتی تێدا نەبووە (تەنها شوێن بووە).
* حاڵەتی "تەکییە" (Singularity) نامێنێت و یاساکانی فیزیا لە هەموو شوێنێک کار ئەکەن.
ئەمە پوختەی تیۆرییەکە بوو. گۆڕینی کات بۆ شوێن، بۆ ئەوەی گەردوون ببێتە سیستەمێکی داخراوی بێ سەرەتا.
بەشی پێنجەم — خوێندنەوەیەکی تیۆلۆجیانە بۆ تیۆریەکەی هۆکینگ.
ئایە هۆکینگ هیچی نوێی هینا دژی پەیدابوونی جیهان لە توراسی ئیسلامی دا؟ وەڵامە کورتەکە : نەخێر.
بۆ ئەوەی ئەمە ڕوون بکەینەوە دەبێ سەرەتا لە بیرۆکەی گەردیلە (جوهر الفرد)ـی کەلام تێبگەین. لە زانستی کەلامدا، سەرەتای گەردوون یان هەر ماددەیەکی گەردوونی مەحاڵە ئەو خاڵە خەیاڵیەی فیزیازانەکان باسی دەکەن هەبێت. چونکە لەڕاستیدا خۆی بەتەنها خاوەنی سروشتێکی دژبەیەکە. لێرەدا هەرچەندە مەفهومی یەکەی پلانکی (Planck Unit) هاو ئاهەنگ نییە لەگەڵ جەوهەری فەرددا. پێویستە تێبینی ئەوە بکەین کە هەردووکیان باسی هەمان کوالێتی نەکەن، باسی هەمان وجود دەکەن. ڕاستە، کە جەوهەری فەرد کارەکتەرستەکانی یان سیفاتەکانی لە یەکەی پلانک جیاوازترە. بەڵام لای هەردووکیان بچوکترین یەکەی وجودە کە بچوکتر نابێتەوە.
پێدەچێت دیسان تیۆلۆژیا سەقەتەکە بێتە ئاراوە لێرەدا. وەکو باسمان کرد ، هەم لەڕووی زمانەوە هەم لەڕووی مێتۆدەوە؛ فیزیازانەکان تیۆلۆژیستێکی خراپن. واتا موتەکەلیمێکی خراپن. بەڵام ، لێکچوون ئەمە دەمانگەڕێنێتەوە یاسا زێڕینەکەمان کە لێکچوونەکان تەنها لابردنی جیاوازییەکانە. ئەگینا دوو هەبووی تەواو لێکچوو یەکن، نەک دوان.
لێرەدا پێویستە ئەوە بزانین کە موتەکەلیمە موسوڵمانەکان (زۆرینەی ڕایان وایە) ، باوەڕیان وابوو کە هەموو ماددەیەک لە پارچەی بچوک پێکدێ. بەڵام ئەو پارچە بچوکە ناتوانی جیای بکەیتەوە بەبێ لەدەستدانی بوونی (Isolation) ئەم جیاکاریە مەحاڵە چونکە شتێک لای ڕاست و چەپی وەکو یەک بێت نەبوونە. لێرەدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامە حەقیقیەی کە موتەکەلیمین بۆ ئەوەی سەرەتای گەردوون هەبێت، تەنها پێویستیان بەوەیە کات تا هەتایە درێژ نەبێتەوە بەرەو ڕابردوو. ئەنجامە حەتمیەکە ئەوەیە کە تیۆری هۆکینگ لەجیاتی دژایەتی کردن پشگیری ئەو قسەیە دەکات کە موتەکەلیمە موسولمانەکان دەیکات. کەواتە هۆکینگ هاوئاهەنگە لەگەڵیان (لەبەر ئەوەی باطڵ لەحەق دەچێت نەک حەق لە باطڵ بچێ). کەواتە ئێمە گەشتینە حاڵەتێک کە ڕەتکردنەوەی ئەو خالە سەرەتاییە هیچ پێویستییەکی تیۆلۆژی نییە. تەنانەت ئەو ئارگومێنتەمان لەکۆڵ دەکاتەوە کە پێشتر دەوترا : بیگ بانگ خاڵی یەکگرتووی کۆتایی هەیە ئێوە ئەڵێن هەبوونی خاڵی وەها مەحاڵە.
هەرچەندە ئیمە بە ئامرازە تیۆلۆژیەکان ڕووبەڕووی ئەو کێشەیە دەبووینەوە. بەڵام ئەمجار وەکو کورد دەڵێ (خۆت هاتیتە بەردەستم) عەرەبیش دەڵێت : جَاءَكَ العَيْرُ والمُدْيَةُ. (واتا کەرەکێویەکە و چەقۆکە پێکەوە هات). بۆتە نەریتێکی پیس لەلای موسوڵمانان مولحید چی بڵێ پێویستە پێچەوانەکەی بڵێت! سامی عامری جارێ لە بابەتەکە تێنەگەشتووە، هاتووە قسەی ئەم و ئەوی کۆکردۆتەوە تاوەکو لە فکرەکە بدات. بۆنمونە مولحید دەڵێ کاکە من گومانم هەیە لە دینەکەت چونکە وەکو هەموو دینێکی تر خەڵک بە کوێرانە شوێنی کەوتووە، بەلگەم دەوێت. یەعنی ئێستا کابرا شتێکی بەدیهی باسکردووە. چ پێویست دەکات وەرەقە ڕەش بکرێ بەو بابەتەوە؟؟! ئەمە خاڵێکە جێی سەرنجە لە دینداری دا. وادەزانێت مادام توانای پووچەڵکردنەوەی هەندێک بەڵگە و سەپاندنی هەندێک ڕای هەیە. ئیتر هەموو شتێک ئاسانە!
وەکو باسمان کرد، کێشەیەک لە نێوان موتەکەلیمین و ستیڤن هۆکینگ نییە لەو خاڵەدا. هەردووکیان ئەوە ڕەتدەکەنەوە گەردوون سەرەتا یەک پارچەی بچوک بێت کە بچوکتر نەبێتەوە. ئەمەش شتێکی بێ کێشەیە.
بەشی شەشەم: خوێندنەوەیەکی ئەفلاتوونی بۆ تیۆرییەکەی هۆکینگ
ئەگەر ئێمە ئەو عەینکە ڕەشەی "دژایەتی کردنی فەلسەفە" لە چاوی هۆکینگ داکەنین و سەیری بیرکارییەکەی بکەین بە چاوی ئەفلاتوون یان زانایانی "توراس" (Traditionalists)، تیۆرییەکە بەتەواوی پێچەوانە ئەبێتەوە. ئەوان دەڵێن کە ئێمە کاتی ئیماجنەری بۆ سەرەتای گەردوون دائەنێن. بەپێی ئەو فەلسەفەی کە ڕوونمان کردەوە کاتی خەیاڵی (کە وەرگیراو لە ژمارەی خەیاڵی) تەنها باسە لە فۆڕمی کات و هیچی تر. بەڵێ ئێمەش دەزانین سەرەتا وەحدەیەکی حەقیقی هەبووە کە جیاوازی نێوان شتەکان قورس بوونە، لەوێدا کات و شوێن و عالم و معلوم و عیلە و مەعلول یەک شتە و حازرە. تۆ باسی کەی دەکەیت؟ پێش پەیدابوونی کاتی حەقیقی. کەواتە ئەو تیۆریەی تۆ چ قیمەتێکی مەعریفی هەیە؟ هیچ.
ئێمە کە لە بەشەکانی پێشوودا جێگیرمان کرد کە "ژمارە خەیاڵییەکان" (Imaginary Numbers) نوێنەرایەتیی جیهانی ستوونی و نا-شایەتحاڵ (Non-manifest) ئەکەن. کەواتە، کاتێک هۆکینگ ئەڵێت "سەرەتای گەردوون لە کاتی خەیاڵیدایە"، ئەو بەبێ ئەوەی ئاگای لێ بێت، خەریکە دان بەوەدا ئەنێت کە گەردوون ڕەگی لە جیهانێکی "نا-زەمەنی" (Timeless Realm)دا داکوتاوە.
١. "کاتی خەیاڵی" وەک جیهانی "موثول" (World of Forms)
بە زمانی ئەفلاتوونی، ئەو بازنەیەی هۆکینگ ناوی ناوە "کاتی خەیاڵی"، سەردەمێکی مێژوویی نییە کە ١٤ ملیار ساڵ لەمەوبەر ڕوویدابێت. نەخێر.
ئەمە بریتییە لە "فۆڕم" (Eidos)ـی گەردوون. ئەمە ئەو نەخشە ئەزەلی و بیرکارییەیە کە لە جیهانی باڵادا (عالم الملكوت) بوونی هەیە. ئەو مێژووەی ئێمە تێیدا ئەژین و پێی ئەوترێت کاتی ڕاستەقینە (Real Time)، تەنها سێبەرێکی جوڵاوە کە ئەو فۆڕمە ئەزەلییە دروستی کردووە.
هۆکینگ وائەزانێت "سەرەتا"ی لابردووە. بەڵام لە حەقیقەتدا، ئەو شتێکی زۆر گەورەتری سەلماندووە:
سەلماندوویەتی کە جیهانی فیزیکی (Real Time) مومکینە و بوونی خۆی وەرگرتووە لە واقیعێکی باڵاتر و ستوونی (Imaginary Time).
ئەمە ڕێک پێناسەی خەلیقەتە: دەرکەوتنی کات لە سکێکەوە کە کاتی تێدا نییە. هەرکەسێک دەیەوێ وردەکاری ئەمە بزانێت با بگەڕێتەوە سەر وتارەکەمان بە ناونیشانی (چوارگۆشە ، کات، شوێن و موطڵەق)
٢. کات وێنەی جوڵاوی ئەبەدیەتە
ئەفلاتوون لە کتێبی تیمایۆسدا دەستەواژەیەکی عەزیمی هەیە، ئەڵێت: "کات وێنەیەکی جوڵاوی ئەبەدیەتە."
بیرکارییەکەی هۆکینگ ئەم قسەیە ئەسەلمێنێت نەک هیچی زیادە بلێت. لە مۆدێلی هۆکینگدا، کات لە بنەڕەتدا "خەیاڵی"یە (واتە جێگیر و ئەزەلییە وەک بازنە)، بەڵام ئێمە وەک "ڕاستەقینە" (جوڵاو و تێپەڕیو) هەستی پێ ئەکەین.
ئەمە واتە چی؟ واتە ئەوەی ئێمە پێی ئەڵێین "ڕابردوو و داهاتوو"، تەنها سێبەرێکە یان ڕەنگدانەوەیەکە بۆ حەقیقەتێکی نەگۆڕ.
هۆکینگ ویستی بەمە بڵێت "خوا نییە"، بەڵام لە ڕاستیدا وتی: "تەنها یەک بوونی ڕەها و نەگۆڕ هەیە، و هەموو شتەکانی تر دەرکەوتەی ئەون."
ئەمە تەوحیدە، بەڵام بە زمانی پیاوێکی کوێر.
٣. فەلسەفەی خراپ زانستەکەشی گەندەڵ کرد
کەواتە، پێشنیاری بێ-سنوور (No-Boundary Proposal) بەڵگە نییە بۆ گەردوونێکی بێ خوا.
بەڵکو بەڵگەیەکی بیرکارییە لەسەر ئەوەی کە کات خۆی (Time itself) لە نیزامێکی بێ-کات (Timeless order) سەرچاوە ئەگرێت. هۆکینگ، و زانایانی هاوشێوەیان، کێشەکەیان لە هاوکێشەکاندا نییە. کێشەکەیان لە فەرهەنگەکەیاندایە ئەوان دۆزینەوەی گەورە ئەکەن، بەڵام چونکە فەلسەفەکەیان فەلسەفەیەکی هەژار و ماددیگەرییە، ناتوانن تەفسیرێکی دروستی بۆ بکەن.
هەموو ژیانی هۆکینگ، ئەگەر لە زمانی "فەلسەفەی خراپ" وەریبگێڕین بۆ زمانی "میتافیزیک"، تەنها بریتییە لە دووبارەکردنەوەی ئاڵۆزی ئەو حەقیقەتە دێرینە: "هەموو شتێک لەم گەردوونەدا فانییە، و تەنها ڕووی پەروەردگارت ئەمێنێتەوە."
هۆکینگ تەنها ناوی "ڕووی پەروەردگار"ی گۆڕی بۆ "کاتی خەیاڵی". ناوی گۆڕی، بەڵام نەیتوانی حەقیقەتەکەی بگۆڕێت.