لێكۆڵینەوەیەک لە ڕەخنەکانی ڕینی گینۆن لە عەلمانییەت نوسینی: عطية بن عطية
پوختە:
لە ڕووی سیاسییەوە، دەسەڵات بە توخمێکی سەرەکی دادەنرێت، چونکە گوزارشتە لە جێبەجێکردنی بیرۆکەکان لە واقیعی کردەییدا. پیادەکردنی دەسەڵات پێویستی بە بوون و کردار هەیە لە چوارچێوەی کۆمەڵگە و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکاندا. زاراوەکانی وەک "عەلمانییەت" و "لائیسیتی" ئاماژەن بۆ بیرۆکەی جیاکردنەوەی ئایین لە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان. عەلمانییەت پەیوەستە بە فەلسەفەیەکەوە کە پێی وایە نابێت بڕیارە گشتییەکان کاریگەریی تەفسیرە ئایینییەکانیان لەسەر بێت، یان کار لەوان بکەن. ئەم زاراوەیە بە مۆدێرنە و ڕۆشنگەرییەوە بەستراوەتەوە، وەک ئەوەی کۆمەڵناسانی وەک دۆرکهایم و ڤیبەر ئاماژەیان پێکردووە.
هەروەها، عەلمانییەت پێداگیری لەسەر جیاکردنەوەی ئایین دەکات لە بوارە جیاوازەکانی وەک پەروەردە و سیاسەت، و دژایەتیی ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتییانە دەکات کە لەسەر بنەمای ئایین و جیاکاریی چینایەتی دامەزراون. ئەمەش دادپەروەری و ئاشتەوایی لە کۆمەڵگەدا بەهێز دەکات. لەم ڕوانگەیەوە، دەکرێت کۆمەڵگە نوێیەکانمان وەک نموونەی کۆمەڵگە عەلمانییەکان سەیر بکرێن.
وشە کلیلییەکان: لائیسیتی - ئایین - سەروەریی ڕۆحی - دەسەڵاتی زەمەنی (دونیایی) - چینە کۆمەڵایەتییەکان - یەکسانی.
پێشەکی :
دەسەڵات پەیوەستە بە لایەنی سیاسییەوە، بە واتایەکی دیکە، دەربڕینی پەیوەندیی بیرۆکەیەکە بە واقیعێکی کرداری
پەیڕەوکردنەوە، چونکە دەسەڵات کارێکی کردەییە، و کردەوەش پێویستی بە چالاکی هەیە، و هەموو کردەوەیەک بۆ هەر چالاکییەک پێویستی بە بوونی کۆمەڵگە هەیە، و کۆمەڵگەش دروست نابێت تەنها بە بوونی کۆمەڵێک ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی کە لە نێوان خۆیاندا هاوچەشنن بەپێی پەیوەندی و بەرژەوەندی مادی و مەعنەوی هاوبەش.
لێکچوونێکی زۆر لە نێوان زاراوەکانی "عەلمانییەت" و "لائیسیتی"دا دەرکەوتووە، چەمکەکانی ئاماژەپێدەری هەردووکیان لە فەرهەنگەکانی زمانی عەرەبیدا بەزەحمەت دەتوانین جیاوازییەکیان لە نێواندا بدۆزینەوە. عەلمانیبوون (Sécularisation) وەک یۆرگن هابەرماس ئاماژەی پێدەدات، پەیوەندییەکی نزیکی بە مۆدێرنیتەوە هەیە، و زۆرێک لە سۆسیۆلۆژناسان وەک دورکهایم و ماکس ڤیبەر ئەم زاراوەیەیان بەکارهێناوە، کە ئەم دووەمیان عەلمانییەتی بە جۆرێک لە پاشەکشەی باوەڕە ئایینییەکان لە بەرامبەر لێکدانەوە زانستییەکاندا زانیوە و لەگەڵ عەقڵانیدا نزیکی کردووەتەوە.
عەلمانییەت (Sécularisation) هەڵوێستێکی فەلسەفییە کە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەوەی پێی دەوترێت "بیری ئایینی" – کە لە ڕاستیدا لێکدانەوە دوورخەرەوەکانن کە لەسەر دەقە ئایینییە دامەزرێنەرەکان بنیات نراون – نابێت کاریگەری لەسەر خەڵک هەبێت و ئایین و دامەزراوەکان دەبێت وەک قەوارەی جیاواز بمێننەوە. ئەم زاراوەیە بۆ یەکەمجار لەلایەن نووسەری بەریتانی جۆرج جەیکۆب هۆلیۆکەوە (George Jacob Holyoake) بەکارهاتووە. و وشەکە ڕەگ و ڕیشەی لە بیرۆکەی زۆربەی بیرمەندانی سەردەمی ڕۆشنگەریدا هەیە، وەک جۆن لۆک، تۆماس پەین، جەیمس مادیسۆن، کە هەندێک لەو بیرمەندە سەرەکیانەن کە دەکرێت وەک نموونە دابنرێن.
عەلمانییەت جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دامەزراوە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان نابێت کاریگەری ئایینیان لەسەر بێت. ئەمەش پەروەردە، سیاسەت، و تەنانەت بەڕێوەبردنی پەیوەندییە دامەزرێنەرەکانی ژیانی مرۆڤایەتی دەگرێتەوە. پێش سەردەمی ڕۆشنگەری، ئایین زاڵ بوو بەسەر زۆربەی دامەزراوەکاندا، بۆ نموونە، ئایین لە سیاسەت و ئابووری و پەروەردەدا ناوەندی بوو، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی چینی کە لەسەر بنەمای جیاوازی نێوان چینەکانی کۆمەڵگە دامەزرابوو و پشتی بە ڕێنماییەکان دەبەست کە لە لێکدانەوە دوورخەرەوەکانی دەقە دامەزرێنەرەکانی بنەما ئایینییەکانەوە سەرچاوەیان دەگرت، ئەمەش بووە هۆی جۆرێک لە ناتەبایی لە هاوسەنگی کۆمەڵگەدا، ئەم ناتەباییەش بووە هۆی نەبوونی دادپەروەری لە نێوان تاکەکانی هەمان کۆمەڵگەدا. لەم ڕوانگەیەوە، عەلمانییەت جەخت لەسەر پێویستی پچڕاندنی ئەم پەیوەندییە دەکاتەوە لە نێوان ئەوەی ئایینییە و ئەوەی دنیاییە. لەسەر ئەمەش، دەتوانین زۆربەی کۆمەڵگە مۆدێرنەکان کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، بە نموونەی کۆمەڵگە عەلمانییەکان دابنێین.
2. عەلمانیبوون چییە؟
کەواتە عەلمانییەت بریتییە لەو پڕۆسەیەی کە کۆمەڵگە لە ڕێگەیەوە پەرە دەسێنێت و بەها و پێوەرە وەرگیراوەکان لە لێکدانەوە ئایینییەکان و پەیوەست بە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان لە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی دنیایی نا-ئایینیدا جێگیر دەکات، بە واتایەکی تر: چوارچێوەیەکە کە بنەماکانی نە لە دەقە ئایینییە دامەزرێنەرەکانەوە وەردەگرێت و نە لە دەقە لێکدانەوەییە دامەزرێنەرەکانەوە. بۆیە عەلمانیبوونی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو لە بیری ڕۆژئاواییدا، وەک هەنگاوێک بەرەو مۆدێرنیتە سەیر دەکرێت. و ئەو بەڵگەیەی کە بیردۆزانی ڕۆژئاوا لەم بارەیەوە پێشکەشیان کردووە، ئەوەیە کە لەگەڵ پڕۆسەی نوێبوونەوە و عەقڵانیبوون کە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا ناساندوویەتی، ڕۆڵی ئایین کەم بووەتەوە و هێزی خۆی لەدەست داوە. ئەمەش وایکردووە پیتەر لودڤیگ بێرگەر (Peter Ludwig Berger) بڵێت: "ئەو ئەزموونەی کە نەریتە ئایینییەکانی ڕۆژئاوا تێیدا تێپەڕیون، وادەکات بتوانرێت پێشوەختە لەسەر داهاتووی ئایین لە وڵاتانی نا-ڕۆژئاوا حوکم بدرێت، بەبێ گوێدانە سیستەمی سیاسییان، چ سۆسیالیستی بن یان نا. هەروەها یارمەتیدەرە بۆ پێشبینیکردن بەبێ مەترسییەکی گەورە لە کەوتنە هەڵەدا، کە لە داهاتوودا ئایین بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بە عەلمانیبوون و فرەیی و خۆییبوون جیا دەکرێتەوە." بەڵام ئەوەی پیتەر بێرگەر پێشبینی کردبوو سەبارەت بە داگیرکردنی عەلمانییەت بۆ هەموو لایەنەکانی ژیان لە وڵاتانی نا-ڕۆژئاوا، لانیکەم تا ئەمڕۆ بەدی نەهاتووە، بەڵکو خودی ئەویش