ڕەخنەی کارل شمیت لە لیبراڵیزم: داڕشتنەوەی سیستەماتیک و ڕەخنەی پێچەوانە
نووسینی: هاینەر بیلێفێڵد
وەرگێڕدراوە لەلایەن "بەتین"
یەکەم: تێبینییە سەرەتاییەکان
ڕەخنەگرتن لە لیبراڵیزم مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. بەڵام، ئەوانەی هێرشی ڕەخنەگرانە دەکەنە سەر لیبراڵیزم، زۆرجار هەر خودی لیبراڵەکانن کە نیگەرانن لەوەی، بۆ نموونە، لیبراڵیزم هاوتا بکرێت لەگەڵ هەڵوێستێکی بۆرژوازییانەی "تاکگەرایی خاوەندارێتی" (Possessive Individualism) یان لەوەی سیاسەتی لیبراڵانە کورت بکرێتەوە بۆ "ڕێکارگەراییەکی بەتاڵ" (proceduralism) . گفتوگۆی ئەم دواییەی نێوان لیبراڵیزم و کۆمەڵگەرایی بریتییە لە جۆرێک لە ڕەخنە لەخۆگرتنێکی لیبراڵییە. تەنانەت ڕەخنەگرە کۆمەڵگەرا دیارەکانیش، وەک ساندێل، بێ گومان ڕێز لە دەستکەوتە گرنگەکانی لیبراڵیزم دەگرن و زۆرجار ئەم دەستکەوتانە تا ڕادەیەک بە شتێکی مسۆگەر دادەنێن.
ڕەخنەکەی کارل شمیت لە لیبراڵیزم جیاوازە. هێرشە توندەکەی ناچێتە چوارچێوەی نەریتی ڕەخنەی خودیی لیبراڵانەوە. وەک لە شوێنێکی تردا هەوڵم داوە نیشانی بدەم، شمیت بە شێوەیەکی سیستەماتیک بنەمای لیبراڵانەی سەروەریی یاسا دەشێوێنێت. ئەو دەیەوێت ئەمە بە شێوازێکی دیکتاتۆری-دیموکراسی جێی بگیرێتەوە، دیموکراسییەک کە لەسەر بنەمای "هاوچەشنیی جەوهەری"ی یەکێتیی کۆیی خەڵک دامەزراوە، نەک لەسەر بنەماکانی کۆماریخوازیی. هەرچەندە شمیت تا ساڵی ١٩٣٣ دژایەتیی پارتی نازی دەکرد، بەڵام دژایەتییە توندەکەی بۆ لیبراڵیزم هەر لە سەرەتاوە ئەگەری فاشیزمی تێدابوو. بۆیە، ئەمە زیاترە لە ڕێکەوتێکی سادە کە لە کۆتاییدا توانی باوەش بە ئایدۆلۆژیای سیاسیی ڕایخی سێیەمدا بکات و بۆ ماوەیەک ڕۆڵی ڕاوێژکاری یاسایی ڕژێمی نازی ببینێت، بەبێ ئەوەی گۆڕانکارییەکی جەوهەری لەو چەمکە سیاسییانەیدا بکات کە پێشتر پەرەی پێدابوون.
وەڵامی من بۆ شمیت لە ڕوانگەیەکەوەیە کە حەز دەکەم بە مانا فراوانەکەی ناوی بنێم "کانتی". فەلسەفەکەی کانت سەبارەت بە سەربەخۆیی ئەخلاقی و کۆماریخوازی دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ لیبراڵیزمێکی ڕاستەقینەی ئەخلاقی و سیاسی، کە لەسەر بنەمای مافە گەردوونییەکانی مرۆڤ و پابەندبوونی کۆمارییانە لەناو کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی کراوەدا چەقی بەستووە. سەرەتا خاڵە سەرەکییەکانی ڕەخنەکەی شمیت لە لیبراڵیزم دادەڕێژمەوە (بەشی دووەم)، پاشان وەڵامێکی کانتییانەی دەدەمەوە (بەشی سێیەم).
دووەم: ڕەخنەی کارل شمیت لە لیبراڵیزم
یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی شێوازی بەڵگەهێنانەوەی کارل شمیت ئەوەیە کە هەوڵ دەدات لیبراڵیزم بە کۆمەڵێک "گوناهی دژبەیەک" تاوانبار بکات. لە لایەکەوە، شمیت لیبراڵیزم بەوە تۆمەتبار دەکات کە وەهمییە: ئەو دەڵێت کە بنەما پێوانەییەکانی وەک بێلایەنی و سەروەریی یاسا، هەروەها پڕۆژەی لیبراڵانەی دیموکراسیی دەستووری، لەسەر بنەمای ناکۆک و دژبەیەک دامەزراون و لە کۆتاییدا دەبنە هۆی خۆبەزلزانیی لیبراڵی. لە لایەکی دیکەوە، لیبراڵەکان بە دووڕوو تۆمەتبار دەکات: بەوەی کە لە ڕێگەی بانگەشەکردن بۆ بنەماگەلێک کە گوایە لە پشگیریکردنیان بۆ ئەو چەمکە گشتیانە دا، لیبراڵەکان تەنها مەبەستە تایبەتەکان و ئامانجە ئابوورییە خۆپەرستانەکانیان دەشارنەوە.
یان خۆبەزلزانی یان دووڕوویی…..
ئەمە ئەو تەڵەیەی شمیتە کە دەیەوێت لە ڕێگەیەوە بانگەشە پێوانەییەکانی لیبراڵیزم لەناوببات. ئەم پێکهاتەی "یان-یان"ە لە چەندین شێوازی جیاوازدا دووبارە دەبێتەوە، کە من سێ نموونەیان دەهێنمەوە، ئەوانیش: هێرشەکانی شمیت بۆ سەر بانگەشەی بێلایەنی، بنەمای سەروەریی یاسا، و چەمکی دیموکراسیی دەستووری
١. "بێلایەنی"ی لیبراڵی وەک نەبوونی ناوەڕۆک
بەپێی شمیت، یەکێک لە سیماکانی لیبراڵەکان ئەوەیە کە وا خۆیان نیشان دەدەن هەڵوێستێکی "بێلایەن"یان هەیە بەرامبەر بە ململانێ ئایینی، ئایدۆلۆژی و سیاسییەکان. ئەم بانگەشەی بێلایەنییە ئامانجی سەرەکیی هێرشە توندەکەی شمیت پێکدەهێنێت، چونکە پێی وایە ئەمە لە یەک کاتدا هەم نەبوونی ناوەڕۆکی ئەخلاقی و سیاسی، هەمیش دووڕوویی بۆرژوازی لیبراڵییەکان ئاشکرا دەکات، کە بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیدا دەگەڕێت بەبێ ئەوەی بە ئاشکرا و دیاری بەشداری لە ململانێی سیاسیدا بکات.
لەلای شمیت بێلایەنی لیبڕاڵی بە واتای نەبوونی ناوەڕۆک دێت. لیبراڵەکان لەبری ئەوەی هەڵوێستێکی ڕوونی ئەخلاقی و سیاسی وەربگرن، پەنا دەبەنە بەر یاسا ڕێکارییەکان کە گوایە بێلایەنن. تەنانەت کاتێک ڕووبەڕووی پرسیاری "مەسیح یان باراباس" دەبنەوە، هەوڵ دەدەن خۆیان لە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدزنەوە و لەبری ئەوە، دەنگ بۆ دواخستنی پرسیارەکە و پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دەدەن. لە بەرامبەر ململانێ سیاسییە هەبووەکاندا، ئەم بانگەشەی بێلایەنییە بە واتای لاوازی، خۆدزینەوە و ترسنۆکی دێت؛ ئەمەش ئاماژەیە بۆ نەبوونی پابەندبوونی ئەخلاقی و سیاسیی لیبراڵیزم.
شمیت بێلایەنیی لیبراڵی بە دەرەنجامی کۆتایی مێژوویەکی دوورودرێژی "بێلایەنکردن"ی بەردەوام دادەنێت، کە لەم پرۆسەیەدا ناوەڕۆکە ئەفسانەیی و کەلامی ڕەسەنەکەی ململانێی سیاسی لەدەستچووە. لە دوای جەنگە ئایینییەکانی سەرەتای مۆدێرنە، پرسە کەلامیەکان وردە وردە جێگەیان بە پرسیارە میتافیزیکییەکان دا، کە دواتر ئەوانیش جێگەیان بۆ نیگەرانییە مرۆڤدۆستانەکان چۆڵ کرد. لە سەردەمی لیبراڵیزمدا، تەنانەت ڕەوشتی مرۆڤدۆستانەش بووەتە تەنها پرسێکی تایبەتی. ئەوەی دەمێنێتەوە پرسە ئابوورییەکانە، کە بەپێی شمیت، ناوکی لیبراڵیزمی مۆدێرن پێکدەهێنن.
بێلایەنیی لیبراڵی بەو واتایە نییە کە لیبراڵەکان بە شێوەی سیاسی واز لە بەدواداچوونی ئامانجەکانیان بهێنن. بەڵام، شێوازی لیبراڵانە بۆ سیاسەت تەنها ئامرازییە .
چونکە لیبراڵەکان تەنها لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتی و ئابوورییەکاندا بەشداری لە سیاسەتدا دەکەن. ئەم شێوازە ئامرازییە بۆ سیاسەت لەو ڕاستییەدا ڕەنگدەداتەوە کە لیبراڵەکان بە شێوەیەکی گشتی ئامانجە تایبەتەکانیان لە پشت پێوەرە گشتیەکانەوە دەشارنەوە کە گوایە بێلایەنن یان تەنانەت گشگیرترن لە گشگیری(Meta-universality) .
لەم ڕوانگەیەوە، بێلایەنیی لیبراڵی لە کۆتاییدا دەبێتە دووڕوویی. ئەم تۆمەتی دووڕووییە دووەم ڕەخنەی شمیتە لە بێلایەنیی لیبراڵی؛ ئەمە ڕووی پێچەوانەی ئەو تۆمەتەیە کە دەڵێت لیبراڵیزم خاڵییە لە ناوەڕۆکی ئەخلاقی و سیاسی.
شمیت لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی "چەمکی سیاسی"، پێناسەیەکی سیاسی دەخاتە ڕوو کە ڕێک پێچەوانەی بێلایەنییە، چونکە جەخت لەسەر پێویستیی کێشانی هێڵێکی ڕوون لە نێوان دۆست و دوژمندا دەکاتەوە: "ئەو جیاکارییە سیاسییە دیاریکراوەی کە دەکرێت کردار و پاڵنەرە سیاسییەکانی بۆ بگەڕێندرێتەوە، جیاکاریی نێوان دۆست و دوژمنە." شمیت دڵنیایە کە جیاکاریی دۆست-دوژمن ڕاستییەکی سیاسیی دەربازلێی نەبوو پێکدەهێنێت. لە کۆتاییدا، لیبراڵەکانیش ناچار دەبن ڕووبەڕووی ئەم ڕاستییە ببنەوە و بەم شێوەیەش واز لە بانگەشەی بێلایەنییەکەیان بهێنن. شمیت دەڵێت، لە هەر قەیرانێکی سیاسیی جددیدا، بێلایەنیی لیبراڵی چارەنووسی شکستهێنانە. دەوڵەتی لیبراڵ دەبێت واز لە وەهمی بێلایەنی بهێنێت و بە ئاشکرا ئامانجە سیاسییە تایبەتەکانی خۆی ڕابگەیەنێت و بەرگرییان لێ بکات. ئەگەرنا، دەوڵەتەکە دەبێتە نێچیری دوژمنێکی بەهێز و سوور لەسەر ئامانجەکانی. بەڵام لە هەردوو حاڵەتەکەدا، خۆنواندنی لیبراڵی بە بێلایەنی بە ناچاری نامێنێت
٢. وەهمی لیبراڵانەی "سەروەریی یاسا"
بۆ شمیت، بنەمای "سەروەریی یاسا"، کە یەکێکە لە کۆڵەکەکانی دەستوورخوازیی لیبراڵی، نموونەیەکی دیکەی سروشتی وەهمی یان دووڕووانەی لیبراڵیزمە. بیرۆکەی سەروەریی یاسا ئاماژە بە پێشخستنی بنەما پێوانەییە موجەڕەدەکان دەکات بەسەر هەڵوێست و بڕیارە سیاسییەکان. بەڵام بەپێی شمیت، ڕاستییەکەی پێچەوانەیە. بنەما گشتیەکان ناتوانن کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەی مرۆیی هەبێت، مەگەر لەلایەن بکەری دیاریکراوەوە لێکبدرێنەوە و بەسەر بارودۆخی دیاریکراودا جێبەجێ بکرێن. بەم شێوەیە، ڕوانگە تایبەتەکان هەمیشە بەشدارن لە جێبەجێکردنی بنەما پێوانەییەکاندا و بانگەشەی گشگیری بوونی لیبراڵیەت لاواز دەکەن.
ئەم ڕاستییە بە ڕوونترین شێوە لە "دۆخی نائاسایی"دا دەردەکەوێت، کە بە ئەڵمانی پێی دەوترێت "دۆخی دەگمەن" (Ausnahmezustand). شمیت سەرسامە بەم بارودۆخە، چونکە دۆخی نائاسایی، کە تێیدا تەواوی سیستەمی یاسایی لە مەترسیدایە، پێشکەوتنی ڕاستەقینەی "فەرمانڕەوایی مرۆڤ" بەسەر "سەروەریی یاسا"دا ئاشکرا دەکات. دۆخی نائاسایی دەرکەوتنی سەروەریی سیاسییە بە مانا هۆبزییە بەهێزەکەی، واتە بڕیارێکی سەروەرانە کە هیچ کۆتوبەندێکی پێوانەیی ڕایناگرێت.
شمیت لە ڕستەی دەستپێکی کتێبی تیۆلۆژیای سیاسیدا ڕایدەگەیەنێت: "سەروەر ئەو کەسەیە کە بڕیار لەسەر دۆخی نائاسایی دەدات."
مەبەستی شمیت ئەوەیە کە دۆخی نائاسایی ناتوانرێت بەگوێرەی بنەما یاساییە موجەڕەدەکان پێناسە بکرێت و ڕێکبخرێت، چونکە ئەم بنەمایانە لە سروشتی خۆیاندا ناتوانن پێشوەختە ئەو سنوورەی دەسەڵاتی سیاسی دیاری بکەن کە پێویستە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانێکی ناوازە و پێشبینی نەکراودا. لە ئەنجامدا، لە وەها دۆخێکی قەیراناویی کۆتاییدا، خودی حکومەت دەبێت بڕیار بدات کە چ ڕادەیەک لە دەسەڵات گونجاوە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە. ئەو پێی وایە ئەمە ڕاستەقینەیی دەسەڵاتی سەروەر بە مانا تایبەتەکەی دەسەلمێنێت، واتە دەسەڵاتێکی باڵای سیاسی کە ئازادە لە کۆتوبەندە دەستوورییەکان: "ئەوەی دۆخی نائاسایی پێ دەناسرێتەوە، بە شێوەیەکی سەرەکی، دەسەڵاتی بێسنوورە، کە بە واتای هەڵپەساردنی تەواوی سیستەمی یاسا دێت."
شمیت جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرچەندە دۆخی نائاسایی بێ گومان حاڵەتێکی نائاساییە، بەڵام حاڵەتێکی پەراوێزی نییە کە بتوانرێت لە گفتوگۆ سیاسی و یاساییەکاندا پشتگوێ بخرێت. بەپێچەوانەوە، هەر تەنها ئەگەری ئەوەی کە وەها دۆخێکی قەیراناویی سەخت لە واقیعدا ڕووبدات، لەخۆوە سنوورە کردەییەکانی عەقڵانیەتی یاسایی و دەستوورخوازیی لیبراڵی بە گشتی ئاشکرا دەکات. سەبارەت بە دۆخی نائاسایی، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە سیستەمی دەستووری وەک گشتێک، لە کۆتاییدا، پشت بە ویستی سیاسیی دەسەڵاتێکی سەروەر دەبەستێت بۆ ئەوەی ئەم سیستەمە دابمەزرێنێت، بەرگری لێ بکات، و هەر کاتێک پێویست بوو هەڵیبپەسێرێت. شمیت دەڵێت، لیبراڵەکان یان ئەم ڕاستییە سیاسییە لەبیر دەکەن یان دەیشارنەوە. دیسانەوە، دۆخی قەیران واتە دۆخی نائاسایی ئەوەیە کە لیبراڵەکان ناچار دەکات واز لە خۆبەزلزانی و دووڕوویی بهێنن و دان بە ڕاستی و ناچاریی سەروەریی سیاسیدا بنێن، کە لە کۆتاییدا زاڵ دەبێت بەسەر دەستوورخوازیی لیبراڵیدا
٣. سروشتی دژبەیەکی دیموکراسیی دەستووری
شمیت پێی وایە، دیموکراسیی دەستووری تێکەڵەیەکە لە دوو پێکهاتە کە لە کۆتاییدا پێکەوە ناگونجێن: پێکهاتەی لیبراڵانەی دەستوورخوازی و پێکهاتەی سیاسیی دیموکراسی. ئەو دوو تۆمەتەی شمیت کە لە سەرەوە باسمان کرد دژی لیبراڵیزم واتە دژایەتیی نێوان بێلایەنی و ناوەڕۆک و ناکۆکیی نێوان دەستوورخوازی و سەروەری لە هێرشەکانیدا بۆ سەر دیموکراسیی دەستووریش دەردەکەون. لە ئەنجامدا، ئەو دیموکراسیی دەستووری وەک پڕۆژەیەکی خۆ-دژبەیەک و خۆ-ڕووخێنەر دەبینێت.
یەکەم، شمیت پێی وایە کە گرژیی ناوەکیی نێوان دەستوورخوازی و دیموکراسی نموونەیەکە لە دژایەتییە گشتییەکەی نێوان ناوەڕۆک و بێلایەنی: لە کاتێکدا دیموکراسی ناوەڕۆکی سیاسیی گەلێکی دیاریکراوی تێدایە، ڕێکارە دەستوورییەکان ڕێگایەکن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتی و ئابوورییەکانی بۆرژوای لیبراڵ. دووەم، شمیت پێی وایە دیموکراسیی دەستوورێکی وەهمییە، لە هەر قەیرانێکی جددیدا بنەما دەستوورییەکەی "سەروەریی یاسا" دەبێت جێگە بۆ سەروەریی سیاسیی بێ کۆتوبەند چۆڵ بکات، سەروەرییەک کە لە دیموکراسیدا لەلایەن ویستی گشتیی خەڵکەوە پەیڕەو دەکرێت.
شمیت لە کتێبی (تیۆریی دەستووری)دا دیموکراسی وەک شێوازێکی دیاریکراوی سەروەریی سیاسی پێناسە دەکات. ئەو دەڵێت، ئەوەی لە دیموکراسییەکی ڕاستەقینەدا لە کۆتاییدا گرنگە، دەسەڵاتی سەروەریی یەکێتیی کۆیی خەڵکە، یەکێتییەک کە لە ڕێگەی جۆرێک لە "هاوچەشنیی جەوهەری"یەوە ئاسانکاری بۆ کراوە و لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە. پرسیاری ئەوەی کە ئەم هاوچەشنییە جەوهەرییە دەبێت لە چی پێکهاتبێت، کە بە ئەنقەست بە کراوەیی جێهێڵراوە. مرۆڤ دەتوانێت بیر لە نەریتی هاوبەش، زمان، بنەچەی نەتەوەیی، ئایین، یان ئایدۆلۆژیا بکاتەوە. بەڵام ئەوەی بۆ شمیت گرنگە ئەوەیە کە ئەم هاوچەشنییە جەوهەرییە دەبێت شتێکی تایبەت بێت: ناوەندێک کە گەلێک بتوانێت لە ڕێگەیەوە خۆی لە گەلانی تر جیا بکاتەوە و بەم شێوەیە ناسنامەی تایبەتیی خۆی بدۆزێتەوە. لە دژی پێوەری گشتگیرخوازی (Normative Universalism) جەخت دەکاتەوە: "دیموکراسیی سیاسی ناتوانێت لەسەر لێک جیاکار نەکراوەیی هەموو مرۆڤەکان دامەزرابێت،بەڵکو لەسەر بنەمای ئەندامێتی لە گەلێکی دیاریکراودا بنیات نراوە...." دیموکراسی بە مانا شمیتتییەکەی لە کۆتاییدا بە واتای دەربڕینی سیاسیی بێ کۆتوبەندی ناسنامەی کۆیی گەلێکی دیاریکراو دێت.
بەپێچەوانەی دیموکراسییەوە، دەستوورخوازی هیچ ناوەڕۆکێکی سیاسی بەرجەستە ناکات. بەڵکو، دەستوورخوازی ئامرازی بۆرژوای لیبراڵە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە تایبەتی و ئابوورییەکانی لە ڕێگەی دانانی یاسای مافە تاکەکەسییەکان و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانەوە. لە کاتێکدا دیموکراسی شێوازێکی دیاریکراوی پەیڕەوکردنی سەروەریی سیاسییە، دەستوورخوازی ڕێک پێچەوانەکەیەتی، واتە ڕێگایەکە بۆ ڕێگریکردن لە سەروەریی سیاسی. ئامانجی دەستوورخوازیی لیبراڵی "مامناوەندکردن" و "کەویکردنی" دەسەڵاتی سیاسییە لە ڕێگەی تێکەڵکردن و هاوسەنگکردنی دامەزراوە دەستوورییە جیاوازەکانەوە وەک سەرۆک، پەرلەمان، دادگاکان.. هتد کە هیچ کامیان ڕێگەیان پێنادرێت دەسەڵاتی سەروەر بە مانا تایبەتەکەی پەیڕەو بکەن. بەم شێوەیە دەستوورخوازیی مۆدێرن لە کۆتاییدا دەبێتە وەشانێکی نوێی مۆدێلە (حکومەتی تێکەڵاو). بەپێی ئەم نەریتە کۆنەی "حکومەتی تێکەڵاو"، دەستوورخوازیی لیبراڵی "لەسەر شێوازێکی تایبەتی پەیوەنددان، هاوسەنگکردن و ڕێژەییکردنی توخمە پاشایەتی، ئەرستۆکراتی و دیموکراتییەکانی فۆرم و پێکهاتە دامەزراوە."
بەڵام، لەبەر ئەوەی جۆرێک لە "حکومەتی تێکەڵاو" پێکدەهێنێت، دیموکراسیی دەستووری ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە دیموکراسییەکی پەتییە، لە باشترین حاڵەتدا دیموکراسییەکی مامناوەند و نیوەندییە، کە لەلایەن کۆمەڵێک دامەزراوەی دەستوورییەوە کۆتکراو و کەویکراوە
کارل شمیت دڵنیایە کە دەستوورخوازی و دیموکراسی لە بنەڕەتدا پێکەوە ناگونجێن. ڕاستە، کە مومکینە ئەندامانی کۆمەڵگەیەکی سیاسیی دیموکرات بڕیار بدەن دەستوورێک دابمەزرێنن، کە یاسای مافەکان و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانیش لەخۆبگرێت. بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە دیموکراسی و دەستوورخوازی لە واقیعدا سیستەمێکی تەواو پێکدەهێنن. تەنانەت ئەگەر ململانێی نێوان دوو توخمەکەش بشاردرێتەوە، ناکۆکییە ناوەکییەکە هەر بەردەوام دەبێت. بەپێی شمیت، لە کۆتاییدا یەکێک لە دوو توخمەکە دەبێت زاڵ بێت: یان دیموکراسیی سیاسی یان پێداویستییە پێوانەییەکانی دەستوورخوازی.
بەڵام ئەگەری یەکەم، بە ناچاری بە واتای ڕەتکردنەوەی تەواوەتیی هێزی پابەندکەری بنەما و پێوەرە دەستوورییەکان دێت. لە دیموکراسییەکی شمیتتیی ڕاستەقینەدا، دەستوور لە ڕاستیدا تەنها سەربینایەکە کە لەسەر ویستی سیاسیی خەڵک دامەزراوە، کە دەسەڵاتە ڕەهاکەی دەتوانێت بەسەر هەموو پێداویستییە دەستوورییەکاندا زاڵ بێ ت.لە هەر کاتێکدا بێت. بەم شێوەیە شمیت جەخت دەکاتەوە:
"لە دیموکراسیدا خەڵک سەروەرە؛ دەتوانێت تەواوی سیستەمی پێوەرە دەستوورییەکان تێکبشکێنێت و کەیسێکی دادگا یەکلایی بکاتەوە، هەروەک چۆن شازادە لە پاشایەتییەکی ڕەهادا دەیتوانی کەیسەکان یەکلایی بکاتەوە. خەڵک هەم باڵاترین دادوەرە و هەمیش باڵاترین یاسادانەر."
ئەگەری دووەم بەو واتایە دێت کە
کۆتوبەندە دەستوورییەکان بە شێوەیەک ڕێگری لە پەیڕەوکردنی دەسەڵاتی دیموکراتی دەکەن کە لە کۆتاییدا خودی بوونی دەوڵەت لەناودەبات. دیموکراسیی دەستووری بەم شێوەیە وشەبەوشە دەبێتە پڕۆژەیەکی خۆ-ڕووخێنەر. ئەگەر یەکێتیی سیاسیی خەڵک لە ڕۆڵی خۆی وەک دەسەڵاتێکی سەروەری باڵا و بێ کۆتوبەند بێبەش بکرێت، ئەوا لە قەیرانێکی سیاسیی جددیدا ناتوانێت بەرگری لە بوون و ناسنامەی تایبەتیی خۆی بکات.
دیسانەوە، قەیرانی سیاسی خۆبەزلزانی و دووڕوویی لیبراڵی لەناودەبات و سروشتی کردەیی دەوڵەت ئاشکرا دەکات. لە دۆخی نائاساییدا، وەهمی "حکومەتی تێکەڵاو" بەهەڵم دەبێت: یان دەوڵەت خۆی دەگۆڕێت بۆ جەستەیەکی سیاسیی ڕاستەقینە کە لەسەر بنەمای سەروەریی سیاسی بە مانا تایبەتەکەی چەقی بەستبێت، یانیش دامەزراوە جیاوازەکانی "حکومەتی تێکەڵاو"ی لیبراڵی لێک هەڵدەوەشێن، بەمەش دەوڵەت لاواز دەکەن و ئامادەی دەکەن بۆ داگیرکردن لەلایەن دوژمنێکی بەهێز و سوور لەسەر ئامانجەکانییەوە.
سێیەم: وەڵامێکی لیبراڵی بۆ شمیت
بەرگریکردن لە لیبراڵیزم لە دژی
هێرشەکانی شمیت دەبێت بەرگرییەکی خۆ-ڕەخنەگرانە بێت. شتێکی بێمانایە نکۆڵی لەو ڕاستییە بکرێت کە لەناو ئەو بزووتنەوە فراوانە مۆدێرنەی کە ناوی لێنراوە "لیبراڵ"، ڕەوتی کاریگەری "بۆرژوازی" یان "تەکنۆکراتی" بوونیان هەیە کە لەوانەیە بەڕاستی ناوەڕۆکی ئەخلاقی و سیاسییان نەبێت. هەروەها دادپەروەرانە دیارە دان بەوەدا بنێین کە لیبراڵەکان کێشەیان لەگەڵ دۆخی نائاساییدا هەیە و چەمکی دیموکراسیی دەستووری گرژی و ململانێی ئەگەریی تێدایە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەڕای من شمیت هەڵەیە لەو بانگەشەیەی کە ڕەخنەکەی بەر خودی لیبراڵیزم دەکەوێت و چارەسەری ناکۆکییە ناوەکییەکانی لیبراڵیزم تەنها دەکرێت لە ڕوانگەیەکی دژە-لیبراڵییەوە چاوەڕوان بکرێت. بۆ دژایەتیکردنی ئەم بانگەشەیە، دەبێت ئەوە نیشان بدەم کە خودی نەریتی لیبراڵی ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ئەخلاقی و سیاسیی لەخۆگرتووە، کە لە سایەی ئەوەدا دژبەیەکدانانەوەکەی شمیت بۆ بێلایەنی و ناوەڕۆک لە کۆتاییدا دەتوانرێت تێپەڕێنرێت. هەروەها بەڵگەی ئەوە دەهێنمەوە کە دەستوورخوازیی لیبراڵی زیاترە لە ڕێکارگەراییەکی بەتاڵ. دەستوورخوازیی لیبراڵی بڕوا ئەخلاقی و سیاسییە جەوهەرییەکان بەرجەستە دەکات و بەم شێوەیەش دەبێت بتوانێت تەنانەت لە دۆخە قەیراناوییە سیاسییە جددییەکانیشدا، وەک دۆخی نائاسایی، بەردەوام بێت. لە کۆتاییدا، ئەو تێزە ڕوون دەکەمەوە کە دیموکراسی و دەستوورخوازی لە بنەڕەتدا سەر بە یەکترن، بەمەش یەکەیەکی ئاڵۆز پێکدەهێنن نەک تەنها تێکەڵەیەک لە پێکهاتەی دژبەیەک.
١. "ناوەڕۆکە" سیاسییەکەی پشت بانگەشەی بێلایەنی
بۆ تێپەڕاندنی دژایەتییە شمیتتییەکەی نێوان بێلایەنی و ناوەڕۆک، وا دیارە پێویستە سەرەتا ئاماژە بە فرەماناییەک لەناو چەمکی بێلایەنیدا بکەین فرەماناییەک کە وا دیارە شمیت بە تەواوی پشتگوێی دەخات. لە گفتوگۆی سیاسی و دەستووریی ئەڵمانیادا، زۆرجار دوو مانای جیاوازی بێلایەنی لێک جیادەکرێنەوە: Weltanschauungsneutralitat و Wertneutralitat. Weltanschauungsneutralitat
بێلایەنی بەرامبەر بە جیهانبینییەکان بە واتای ئەو پێداویستییە دێت کە دەوڵەت دەبێت لە پرسی ئایین و جیهانبینییەکاندا بێلایەن بمێنێتەوە. لە سەرووی هەمووشیانەوە، دەوڵەت بۆی نییە جیاکاری لە دژی خەڵک بکات بەهۆی بیروباوەڕی ئایینی یان نائایینیی تایبەتیانەوە. بێلایەنی لەم چوارچێوەیەدا ڕووی پێچەوانەی بنەمای لیبراڵانەی جیاکاری نەکردنە، بنەمایەک کە خۆی لەسەر مافە گشتیەکانی مرۆڤ دامەزراوە، بەتایبەتی ئازادیی ئایینی و ئازادیی ویژدان. بەڵام، تا ئەو جێیەی کە پێداویستییە لیبراڵییەکەی جیاکاری نەکردن پەیوەندی بە بنەما ئەخلاقییەکانی وەک مافەکانی مرۆڤەوە هەیە، ڕێک پێچەوانەی Wertneutralitat بێلایەنی بەرامبەر بە بەهاکان دەسەلمێنێت، کە خۆی بە واتای بێلایەنی دێت بەرامبەر بە هەموو بەها ئەخلاقی و ڕەوشتییەکان. لەبەرئەوە، Weltanschauungsneutralitat و Wertneutralitat لە کۆتاییدا نەک هەر وەک دوو چەمکی جیاواز، بەڵکو وەک دوو چەمکی دژبەیەکیش دەردەکەون.
لەکاتێکدا Wertneutralitat بەڕاستی دەبێتە هۆی نەبوونی تەواوەتیی پابەندبوونی ئەخلاقی و سیاسی، Weltanschauungsneutralitat بیرۆکەیەکی پێوانەیی لەخۆدەگرێت، بیرۆکەیەک کە لیبراڵیزم، بەتایبەتی لیبراڵیزمی کانتی، بە گشتی لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە. ئەم بیرۆکە پێوانەییە بنەڕەتییە بریتییە لە ڕێزگرتن لە کەرامەتی هەموو مرۆڤێک وەک بکەرێکی خاوەن سەربەخۆیی ئەخلاقی. ئەمە تێڕوانینێکی کۆنە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەخلاقی جولەکە-مەسیحی یان فەلسەفەی یۆنانی کۆن، کە کەرامەتی مرۆڤ لە توانای کەسەکەدا دەبینێت بۆ ئەوەی وەک بوونەوەرێکی خاوەن بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی مامەڵە بکات. کانت لێکدانەوەیەکی نوێ بۆ ئەم بیرۆکە نەریتییە دەکات بە فراوانکردنی مەودای بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی هەر تاکێک تا ئەو ڕادەیەی کە ئەم بەرپرسیارێتییە داهێنانی "یاسادانانە"ی پێوەرە ئەخلاقییەکانیش لەخۆبگرێت. ئەمە مانای "سەربەخۆیی ئەخلاقی"یە بە مانا کانتییەکەی.
کانت، لە هەمان کاتدا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەربەخۆیی ئەخلاقی پێچەوانەی "سەروەریی" ئەخلاقییە، چونکە بەرپرسیارێتیی مرۆیی بە ناچاری لەژێر کاریگەریی فەرمانێکی ناوەکیی دانەبڕاودا دەمێنێتەوە. بنەمای خۆ-یاسادانانی ئەخلاقی فەرمانێکی ڕەهایە: "تەنها بەپێی ئەو ڕێسایە بجوڵێرەوە کە لە هەمان کاتدا بتەوێت ببێتە یاسایەکی گەردوونی." ڕێزی پێویست بۆ یاسای ئەخلاق لە کۆتاییدا هاومانایە لەگەڵ ڕێزگرتن لە کەرامەتی کەسەکە وەک سەرچاوەیەکی خۆ-یاسادانانی ئەخلاقی. لەبەرئەوە، هەر ئەو یەک فەرمانە ڕەهایە واتە خودی بنەمای خۆ-یاسادانانی ئەخلاقی کە دەکرێت بەم شێوەیەش دابڕێژرێتەوە:
"وا بجوڵێرەوە کە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤایەتیدا، چ لە کەسایەتیی خۆتدا یان لە هی کەسێکی تردا، هەمیشە وەک ئامانج بکەیت و هەرگیز تەنها وەک ئامرازێک نەیبینیت."
بەو پێیەی تاک هەم بکەر و هەمیش بابەتی ڕێزی ئەخلاقیی بێمەرجە، لە سەرووی هەر نرخێکی بازاڕەوەیە.
لە بواری سیاسەتدا، کەرامەتی دانەبڕاوی کەسەکە وەک بکەرێکی خاوەن سەربەخۆیی ئەخلاقی دەبێت لە سیستەمێکی ئازادی و بەشداریی یەکساندا دانی پێدا بنرێت. کانت جەخت لەسەر گرنگیی بنەڕەتیی ئازادی دەکاتەوە وەک تاکە "مافی لەدایکبوون"ی هەموو مرۆڤێک، مافێک کە لەبەرئەوە دەبێت بە یەکسانی بە هەمووان ببەخشرێت. لە کتێبی میتافیزیکی ئەخلاقدا دەنووسێت:
"تەنها یەک مافی زگماکی هەیە. ئازادی... تا ئەو جێیەی کە بتوانێت لەگەڵ ئازادیی هەموو کەسێکی تردا بەپێی یاسایەکی گەردوونی پێکەوە بژی، تاکە مافی ڕەسەنە کە هەر مرۆڤێک بەهۆی مرۆڤبوونییەوە هەیەتی."
لیبراڵیزمی مۆدێرن لە بیری سیاسیی پێش-مۆدێرن جیاوازە لەوەدا کە داوا دەکات ئازادی نابێت تەنها بۆ کەمینەیەکی خاوەن ئیمتیاز بێت، بەڵکو داواکارییەکی گەردوونی پێکدەهێنێت، بۆیە ئازادی و یەکسانی بە ناچاری پێکەوەن. هەروەها، بەو پێیەی ئازادی و یەکسانی پێکەوە بنەمای سەرەکیی تەواوی سیستەمی سیاسی و یاسایی پێکدەهێنن، دەبێت لەناو خودی بواری سیاسەتیشدا ڕەنگدانەوەیان هەبێت. لێرەوە پەیوەندییە ناوەکییەکەی نێوان مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسیی بەشداریکەری مۆدێرن سەرچاوە دەگرێت. ئەمانە پێکەوە نوێنەرایەتیی بنەمای لیبراڵانەی ئازادی و بەشداریی یەکسان دەکەن، بنەمایەک کە لە کۆتاییدا ئاماژە بە کەرامەتی هەموو کەسێک دەکات وەک بکەرێکی خاوەن سەربەخۆیی ئەخلاقی.
تەنها لەناو ئەم چوارچێوە پێوانەییەی ئازادی و بەشداریی یەکساندایە کە چەمکی بێلایەنی دەتوانێت مانا ببەخشێت. بێلایەنی بنەمایەک نییە کە لەخۆیەوە وەستابێت، وەک کارل شمیت وا دیارە گریمانەی دەکات، و بێلایەنیی لیبراڵی نابێت بە هیچ شێوەیەک ببێتە بیانوویەک بۆ بێلایەن مانەوە لە نێوان چاکە و خراپە، ڕاست و هەڵە، یان لە نێوان دادپەروەری و ستەمکاریدا. بەڵکو، بێلایەنی وەک دژەژەهرێک کار دەکات بۆ هەموو جۆرەکانی لایەنگری و جیاکاری. بۆ نموونە، Weltanschauungsneutralitat ڕێگایەکە بۆ ڕێگریکردن لە جیاکاری لەسەر بنەمای ئایین و جیهانبینی. لەم ڕوانگەیەوە، ڕوونە کە بێلایەنی بە واتای لاوازی نایەت، وەک کارل شمیت بانگەشەی بۆ دەکات. بێلایەنیی لیبراڵی دەتوانێت زۆر بەباشی لەگەڵ ئارەزوو و ئامادەیی بۆ بەشداریکردن لە ململانێی سیاسیدا بگونجێت. لیبراڵیزم، بەتایبەتی لیبراڵیزمی کانتی، لە کۆتاییدا ئایدۆلۆژیایەکی سیاسیی شۆڕشگێڕانەیە. ئەم ئایدۆلۆژیایە، پێش هەموو شتێک، دژی هەموو جۆرەکانی ستەم و جیاکاری دەجەنگێت، چ لە بواری ناوخۆیی یان لە کاروباری دەرەوەدا. بنەمای بێلایەنی، لەبری ئەوەی دەربڕی خۆدزینەوە بێت، دەکرێت وەک پێوەرێکی ڕەخنەیی لەناو ئەو خەباتە لیبراڵییەدا بۆ دادپەروەریی سیاسی بەکاربهێنرێت. چونکە بنەمای بێلایەنی داوای تێڕامانی خۆ-ڕەخنەگرانەی بەردەوام و گفتوگۆی ڕەخنەیی گشتی دەکات، بۆ ئەوەی ئەزموونە نوێیەکانی ستەم و جیاکاری دەرببڕێت و لایەنگرییە شاراوەکان تەنانەت لە پشت ئەو بانگەشانەشەوە بدۆزێتەوە کە گوایە شایستەیی گشتگیرن. ئەم هەوڵە ڕەخنەیی و خۆ-ڕەخنەگرانەیە لە بەرامبەردا مەرجی سەرەکییە بۆ نزیکبوونەوە لە ئایدیالی کۆمەڵگەیەکی لیبراڵی کە تێیدا خەڵک لەسەر بنەمای یەکسانی ڕێز لە کەرامەت و ئازادیی یەکتری دەگرن.
٢. تێپەڕاندنی بۆشایی نێوان بنەماکان و پراکتیک
هەروەک بانگەشەی لیبراڵانەی بێلایەنی، بنەمای سەروەریی یاساش نابێت بە دابڕاوی سەیر بکرێت. ئەمە میکانیزمێکی موجەڕەد نییە کە خۆی بەڕێوە بچێت، بەڵکو بەشێکە لەو بیرۆکە لیبراڵییە گشتگیرەی دادپەروەریی سیاسی کە بە شێوەیەکی ناوەکی بە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤەوە بەستراوەتەوە. ناوەڕۆکی ئەخلاقی و سیاسیی بیرۆکەی لیبراڵی بۆ دادپەروەری وەک گشتێک دەبێت ئەوەندە بەهێز بێت کە وا لە دەوڵەتێکی لیبراڵ بکات تەنانەت لە دۆخە قەیراناوییە دەگمەنەکانیشدا، وەک دۆخی نائاسایی، بەردەوام بێت بەبێ ئەوەی واز لە دەستوورە لیبراڵییەکەی بهێنێت.
کارل شمیت ڕاست دەکات کە دەڵێت قەیرانێکی سیاسی لەوانەیە ببێتە هۆی دۆخێکی نائاسایی، واتە دۆخێک کە پێویستی بە بڕیاری سیاسیی نائاسایی هەبێت کە خۆیان لەگەڵ هیچ کۆمەڵە پێوەرێکی یاسایی و دەستووریدا ناگونجێن. بەڵام شمیت هەنگاوێک زیاتر دەڕوات. ئەو پێی وایە کە بۆشاییەکی پڕنەکراوە لە نێوان پێوەرە یاساییە موجەڕڕەدەکان لە لایەک و دۆخە تایبەتەکە لە لایەکی ترەوە، هەیە. لە دۆخی نائاساییدا، ئەم بۆشاییە پڕنەکراوەیەی نێوان پێوەرخوازیی موجەڕەد و دۆخە تایبەتەکە، کە لە بارودۆخی ئاساییدا لەوانەیە شاراوە بێت، لەناکاو ئاشکرا دەبێت و بەم شێوەیەش دەبێتە هۆی بڕیارگەراییەکی کراوە. دۆخی نائاسایی، بەپێی شمیت، ئەو ڕاستییە شاراوەیە ئاشکرا دەکات کە تەواوی سیستەمی دەستووری لە کۆتاییدا پشت بە سەروەریی سیاسی بە مانا هۆبزییە تەسکەکەی دەبەستێت، واتە سەروەرییەک کە لە سەرووی هەموو پێداویستییە دەستوورییەکان و هەموو بنەما پێوانەیییەکانەوەیە. بەم شێوەیە دۆخی نائاسایی سروشتی خەیاڵیی پێوەرخوازی و دەستوورخوازیی لیبراڵی بە گشتی دەسەلمێنێت.
بۆ وەڵامدانەوەی شمیت، دەبێت نیشان بدرێت کە ئەم بۆشاییە گریمانەییە، کە بەڵگەکانی ئەو لەسەری دامەزراوە، جێی پرسیارە. بە واتایەکی تر، ئەوەی پێویستە بەستەرێکی نێوەندگیرییە لە نێوان پێوەرە گشتییەکان لە لایەک و دۆخە تایبەتەکە لە لایەکی ترەوە، بەستەرێکی نێوەندگیری کە لە ڕێگەیەوە بتوانرێت بەڕاستی بۆشاییە شمیتتییەکە پڕبکرێتەوە. وەها بەستەرێکی نێوەندگیری دەکرێت لە چەمکی پێشینەدا بدۆزرێتەوە. پێشینەیەک لە دۆخێکی تایبەتدا ڕوودەدات و لە هەمان کاتدا، لە خودی تایبەتمەندیی ئەو دۆخە تێدەپەڕێت بە ئاماژەکردن بە یاسایەکی شاراوە. هەر بۆیە دەتوانێت بانگەشەی پلەیەک لە دەسەڵاتی پێوانەیی بکات، تەنانەت لەو حاڵەتەشدا کە پێوەرێکی یاسایی ئاشکرا بوونی نەبێت. بەم شێوەیە چەمکی پێشینە ئاماژە بە ڕێگایەک دەکات بۆ تێپەڕاندنی بڕیارگەرایی شمیتتی، تەنانەت لە دۆخە هەرە سەختەکەی دۆخی نائاساییشدا.
ئەمە بەو واتایە دێت کە تەنانەت دۆخی نائاسایی بە مانا شمیتتییە تایبەفەکەی واتە دۆخێک کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی بڕگە پێوانەییە دەستوورییەکانە. دەبێت بە هەڵوێستێکەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت وەک ئەوەی کەسێک خەریکی دانانی پێشینەیەکی نوێ بێت. لە لایەکەوە، وەها دۆخێکی دەگمەن ناتوانرێت بە تەنها پەنابردنە بەر پێوەرە یاساییە پۆزەتیڤەکان یان پراکتیکێکی جێگیر چارەسەر بکرێت. لە لایەکی ترەوە، ئەو بڕیارەی کە لەوانەیە پێویست بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە قەیراناوییە نوێیەدا، دەبێت لە سەرەڕۆیی پەتی تێبپەڕێت بۆ ئەوەی لانی کەم دادپەروەری بەرامبەر بەو بیرۆکە پێوانەییەی پشت سەروەریی یاسا بکات. واتە، بڕیارەکە دەبێت وەک پێشینەیەکی ئەگەری وەربگیرێت کە دەبێت (لە ڕووی تیۆرییەوە) بتوانرێت لە هەموو دۆخێکی هاوشێوەدا ئاماژەی پێبدرێت. بە پێچەوانەی بڕیارگەرایی پەتییەوە، پێشینەیەک بەم شێوەیە توخمێکی مەعقوڵییەت و لێپرسینەوە لەخۆدەگرێت کە لە ڕێگەیەوە دەرکردنی پێشینەیەک لە سەرەڕۆیی پەتی تێدەپەڕێت.
بەو پێیەی پێشینەکە ئاماژە بە یاسایەکی شاراوە (هەرچەندە نەک ئاشکرا) دەکات، دەتوانێت، لانی کەم بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، بە بنەما دەستوورییەکەی سەروەریی یاساوە ببەسترێتەوە. لە کۆتاییدا، شمیت هەڵەیە لەو گریمانەیەی کە دەستوورخوازیی لیبراڵی تەنها پێکهاتەیەکی ئەبستراکتی دابڕاوە لە بارودۆخە کۆنکرێتییە هەمیشە گۆڕاوەکانی ژیانی ڕاستەقینە. بەڵکو، بە ئاماژەکردن بە بنەما پێوانەیییەکان کە خۆیان لە پراکتیکی ئەخلاقی و سیاسیی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرن، دەستوورخوازیی لیبراڵی ڕێگایەکە بۆ ئاشکراکردنی ئەوەی کە پێشتر بە شێوەیەکی شاراوە بوونی هەیە، واتە ئەو عەقڵانییەت و لێپرسینەوەیەی کە لە هەموو پراکتیکێکی پێوانەییدا هەیە.
دان بەوەدا دەنرێت کە دۆخی نائاسایی لەوانەیە سنوورەکانی یاسا و ڕێسا دەستوورییە ئاشکرا داڕێژراوەکان ئاشکرا بکات و بەم شێوەیەش ببێتە ئاڵنگارییەک بۆ دەستوورخوازی. بەڵام تەنانەت وەها ئاڵنگارییەکیش نابێتە کۆتایی پراکتیکی سیاسیی بەرپرسیارانە و مەعقوڵییەتە پێوانەییە شاراوەکەی. لە ڕوانگەیەکی لیبراڵییەوە، بڕیارێکی سیاسیی بەرپرسیارانە لە دۆخی نائاساییدا نابێتە کردارێکی سەروەری بە مانای هۆبزی یان شمیتتی، واتە کردارێکی بڕیارگەرایی پەتی کە تێیدا فەرمانڕەوایی مرۆڤ بە ئاشکرا زاڵ دەبێت بەسەر، و لە کۆتاییدا لەناوی دەبات، سەروەریی یاسا. بەپێچەوانەوە، بۆ ئەوەی بڕیارەکە دەربڕی بەرپرسیارێتیی سیاسی بێت، دەبێت وەها بڕیارێک لانی کەم بە شێوەیەکی شاراوە، پابەند بێت بە بنەما مەعقوڵەکانەوە، تەنانەت ئەگەر ئەم بنەمایانە بە فەرمی لە یاسا نووسراوەکاندا جێگیر نەکرابن. لە هەر حاڵەتێکدا، ئەوانەی بڕیاری سیاسی لە دۆخی نائاساییدا دەدەن، لەبەردەم دادگادا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت لەسەر ئەوەی کە دەیکەن.
٣. دیموکراسیی دەستووری
ڕەخنەکەی شمیت لە دیموکراسیی
دەستووری لەسەر ئەو گریمانەیە دامەزراوە کە دیموکراسییەکی ڕاستەقینە دەبێت دەربڕینی بێ کۆتوبەندی ویستی سیاسیی کۆیی خەڵک بێت. ئەگەر وابوایە، دەستوورخوازی بەڕاستی یان تەنها خەیاڵێکی یاسایی بێ هێزی پابەندکەر دەبوو یان ڕێگایەک دەبوو بۆ کەویکردن و ڕێگریکردن لە دیموکراسییەکی ڕاستەقینە. دەستوورخوازی، لە هەر حاڵەتێکدا، دەبووە سەربینایەکی نادیموکراتی کە وەک کۆتوبەندێکی دەرەکی بەسەر دیموکراسیدا سەپێنرابێت.
بەڵام، لە ڕوانگەیەکی کانتییەوە، دیموکراسی بە واتای پێچەوانەی بڕیارگەرایی کۆیی بە مانا شمیتتییەکەی دێت. تێگەیشتنی کانتی بۆ دیموکراسی بە شێوەیەکی ناوەکی و لێک دانەبڕاو بە "مافی زگماکی"ی ئازادی و یەکسانییەوە بەستراوەتەوە، مافێک کە لە بەرامبەردا ئاماژە بە ڕێزی پێویست بۆ کەرامەتی یەکسانی هەموو مرۆڤێک دەکات. مافی زگماکیی ئازادی و یەکسانیی کانت شتێکی نامۆ نییە بە دیموکراسی، بەڵکو کوالێتیی پێوانەیی ناوەکیی یەکێتییەکی دیموکراتیی هاووڵاتیان پێکدەهێنێت کە لەسەر بنەمای یەکسانی دان بە یەکتردا دەنێن، لە ڕێگەی دامەزراندنی سیستەمێکی ئازادی و بەشداریی یەکسانەوە.
بەو پێیەی خودی دیموکراسی دەربڕی ئازادی و بەشداریی یەکسانە، تەنها پێگەیەکی ئامرازیی نییە لە پێناو پاراستنی مافە لیبراڵییە پێشوەختەکاندا. پابەندبوونی کۆمارییانە و بەرپرسیارێتیی دیموکراتی ناتوانرێت تەنها لە پاراستنی لیستێکی دیاریکراوی مافە تاکەکەسییەکاندا کورت بکرێتەوە. بەڵکو، دیموکراسی خودی داهێنانی مافە تاکەکەسییەکان لەخۆدەگرێت کە دەبێت خۆیان بە شێوەی سیاسی بهێنرێنە ئاراوە و بەم شێوەیەش وەک بەشێک لە گفتوگۆی سیاسی بمێننەوە. ئەمە ڕێکەوت نییە کە کانت، بە پێچەوانەی لۆکەوە، لیستێکی گشتگیری مافە تاکەکەسییەکان پێشکەش ناکات، مافگەلێک کە لە ڕوانگەی لۆکدا وا گریمانە دەکرێت کە پێش هەموو یاسادانانێکی سیاسی کەوتبن. بە پێچەوانەوە، کانت جەخت لەسەر ئازادی دەکاتەوە وەک تاکە "مافی لەدایکبوون"ی هەموو مرۆڤێک نەک کەتەلۆگێکی گشتگیری مافەکان. بەم کارە، ئەو بۆ یاسادانەری جێدەهێڵێت کە بە شێوەیەکی کۆنکرێتی دیاری بکات کام مافی تاکەکەسی دەبێت دانپێدانراو و گەرەنتی کراو بن.
بەڵام، بەو پێیەی یاسایەکی دەستووریی مافەکان خودی ئەو بنەمایە بەرجەستە دەکات کە دیموکراسیشی لەسەر دامەزراوە واتە بنەمای ئازادی و یەکسانی ناتوانرێت تەنها وەک سەپاندنێکی دەرەکی بەسەر دیموکراسیدا سەیر بکرێت، وەک شمیت بانگەشەی بۆ دەکات. بەڵکو، گەرەنتیی دەستووریی مافە لیبراڵییەکان ڕێگایەکە بۆ داننان بە سەرچاوەی پێوانەیی خودی دیموکراسیی لیبراڵ و پاراستنی. بە هەمان شێوە، ئەو تاکگەراییەی لەناو مافە تاکەکەسییەکانی مرۆڤدا هەیە ناتوانرێت تەنها بۆ ئامانجە خۆپەرستانەکانی بۆرژوا کورت بکرێتەوە، وەک شمیت دەیکات. مافە تاکەکەسییەکان ئامانجیان پاراستنی ئازادیی ئەو هاووڵاتییەیە (citoyen) کە دەبێت هەمیشە ڕێز لە سەروەریی کەسیی بگیرێت بۆ ئەوەی گوتارێکی دیموکراتیی ئازاد بتوانێت بوونی هەبێت. دیسانەوە، گەرەنتیی مافە لیبراڵییەکان لە کۆتاییدا بەسوود دەردەچێت بۆ پاراستنی پێشمەرجی پابەندبوونی دیموکراتیی ئازاد و بەم شێوەیەش خودی سەرچاوەی دیموکراسی.
هەرچەندە یاسای دەستووریی مافەکان، لە بنەڕەتدا، ناتوانێت لە دەرەوەی یاسادانانی سیاسی و گفتوگۆی سیاسیدا بمێنێتەوە، بەڵام گرنگییە چارەنووسسازەکەی بۆ دیموکراسیی لیبراڵی دەبێت لە ڕێگەی پێدانی پێگەیەکەوە دانی پێدا بنرێت کە بەڕاستی لە دەرەوەی دەسەڵاتی زۆرینەگەرایی پەتی بێت. سەبارەت بە بنەمای لیبراڵ-دیموکراتیی ئازادی و بەشداریی یەکسان، دیموکراسی ناتوانرێت لەگەڵ دەسەڵاتی زۆرینەدا هاوتا بکرێت، کە خۆی تەنها یەک ڕێگای ڕێکارییە بۆ بڕیاردان، لەناو چوارچێوەیەکی ئاڵۆزی دامەزراوە و ڕێکارە دەستوورییە جیاوازەکاندا. دامەزراندنی دەستوورێک کە یاسای مافەکان و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانیش لەخۆبگرێت دەکرێت وەک ئامرازێکی دامەزراوەیی سەیر بکرێت بۆ پاراستنی ئەم جیاوازییە چارەنووسسازەی نێوان بنەما دیموکراتییەکان و زۆرینەگەرایی پەتی.
لەم ڕوانگەیەوە، دەستوورخوازی وەک پێداویستییەکی ڕاستەقینەی دیموکراتی دەردەکەوێت. دەستوورخوازی، دوور لەوەی کۆتوبەندێکی نادیموکراتی بێت، دەرفەتێک بۆ خۆ-کۆنترۆڵکردنێکی دامەزراوەیی دیموکراسییەک دابین دەکات کە بەم شێوەیە دەبێت خۆی بپشکنێت بزانێت ئایا بەپێی بنەما پێوانەییەکەی خۆی کاردەکات یان نا: ئازادی و بەشداریی یەکسان. ئەم بنەما پێوانەییە، لە هەمان کاتدا، ئەو پێوەرە کۆتاییە دابین دەکات کە دەبێت هەموو دامەزراوە و ڕێکارە دەستوورییەکان بەردەوام لە بەرامبەریدا بە شێوەیەکی ڕەخنەیی بپشکنرێن بۆ ئەوەی وەک دەربڕینێکی شەرعیی دیموکراسیی لیبراڵی بمێننەوە.