---

شیکردنەوەی کتێبی "ڕەگە تیۆلۆجییەکانی مۆدێرنیتە" - مایکڵ ئالان گیلێسپی



پێشەکی: درۆ گەورەکەی ڕۆشنگەری
هەمیشە وا لە گوێی گەنجی کورد و ڕۆشنبیرە خۆ بە "عەقڵانی"ـزانەکان خوێندراوە کە مۆدێرنیتە (Modernity) بریتییە لە سەرکەوتنی عەقڵ بەسەر خورافاتی ئاینیدا. پێیان وایە مۆدێرنیتە پرۆسەی "کوژانەوەی خودا" و "هەڵکردنی چراکانی عەقڵی مرۆڤ"ـە. ئەمە گەورەترین درۆی مێژووییە کە بە دەم مێژووی مرۆڤایەتییەوە کراوە. 


کتێبی (The Theological Roots of Modernity) پەردە لەسەر ئەم وەهمە لادەدات. گیلێسپی دەیسەلمێنێت کە مۆدێرنیتە دژە-ئاین نییە، بەڵکو خۆی لە بنەڕەتدا بریتییە لە جۆرێک لە "تیۆلۆجیا" (لاهوت)، بەڵام لاهوتێکی شێواو و مەترسیدار. مۆدێرنیتە سەرکەوتنی "عەقڵ" نییە بەسەر "باوەڕ"دا، بەڵکو سەرکەوتنی "ویست" (Will / الإرادة)ـە بەسەر "عەقڵ"ـدا. چونکە ئەوەی دژە خودا بێت، دژە وجودە. دژی وجودیش تەنها عەدەمە! 


ئەم کتێبە پێمان دەڵێت: ئێمە لە جیهانێکی سێکیولاردا ناژین، بەڵکو لە جیهانێکدا دەژین کە "ناوەکان"ی گۆڕیوە. لەجیاتی خودایەکی خاوەن حیکمەت، مرۆڤ و دەوڵەت و مێژووی کردووە بە خودایەکی "بەتوانای ڕەها". بۆ تێگەیشتن لەم کارەساتە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ڕەگەکە. بۆ ئەو ساتەی کە تێیدا عەقڵی ڕۆژئاوایی خۆکوشتنی خۆی ڕاگەیاند: سەرهەڵدانی "نۆمینالیزم" (الاسمية).


بەشی یەکەم: کودەتاکەی ئۆکام و تیرۆرکردنی "کولییات"

هەموو چیرۆکەکە لەو ساتەوە دەست پێ دەکات کە ویلیامی ئۆکام (William of Ockham) لە سەدەی چواردەدا هەستا بە هەڵتەکاندنی ئەو بینا مەعریفییەی کە سکۆلاستیک و فەلسەفەی کۆن لەسەری وەستابوو.
لە فەلسەفەی کلاسیک و تیۆلۆجیای باڵادا (Realism)، باوەڕ وا بوو کە "کوڵییەکان" (Universals / الكليات) بوونیان هەیە. واتا: چەمکی "چاکە"، "دادپەروەری"، "مرۆڤایەتی" حەقیقەتێکی دەرەکییان هەیە و خودا بەپێی حیکمەتی خۆی و ئەو حەقیقەتانە جیهان بەڕێوە دەبات. خودا "عەقڵ"ـە پێش ئەوەی "ویست" بێت.


بەڵام ئۆکام هات و وتی: نەخێر! هیچ "کولییەک" بوونی نییە. ئەوەی هەیە تەنها تاکەکانن (Particulars). وشەی "مرۆڤ" تەنها ناوێکە (Nomen) و هیچ حەقیقەتێکی لە پشتەوە نییە. ئەمە پێی دەوترێت (Nominalism).


بۆچی ئەمە کارەساتە؟
چونکە کاتێک ئۆکام "کوڵییەکان"ی ڕەتکردەوە، خودای گۆڕی بۆ "ویستێکی ڕووت" (Pure Will). لای ئۆکام، خودا دەتوانێت هەموو شتێک بکات، تەنانەت دەتوانێت فەرمان بە "ڕق لێبوونەوە لە خۆی" بکات و ئەمە بکاتە کاری چاکە!

چونکە هیچ پێوەرێکی "چاکە و خراپە" (الحسن والقبح العقلي) لە دەرەوەی ویستی خودا بوونی نییە.


ئەمە سەرەتای دروستبوونی خودایەکە کە ئێمە لە کەلامدا پێی دەڵێین خودایەکی "موتەحەکیم". خودایەک کە هێزەکەی (Potentia Absoluta) هیچ سنورێکی عەقڵی و مەنتیقی نییە.


ئەم خودایە ترسناکە. مرۆڤ ناتوانێت متمانەی پێ بکات، چونکە ڕەنگە ئەوەی ئەمڕۆ ڕاستە، سبەینێ بە ویستێکی ئیلاهی بێتە هەڵە. لێرەوە "دڵەڕاوکێی مۆدێرن" (Modern Anxiety) لەدایک بوو. مرۆڤی ڕۆژئاوایی ترسا: چۆن مامەڵە لەگەڵ خودایەکدا بکەم کە تەنها "هێز"ـە و "عەقڵ" نییە؟


بەشی دووەم: مرۆڤپەروەری (Humanism) وەک هەوڵێک بۆ ڕزگاربوون. 


دوای ئەوەی نۆمینالیزم جیهانی کردە شوێنێکی "بێ مانای پڕ لە هێزی کوێرانە"، مرۆڤپەروەرەکان (وەک پیتراک) هەوڵیان دا پەناگەیەک بدۆزنەوە. ئەوان وتیان: مادام ئێمە ناتوانین لە نهێنییە ترسناکەکانی خودای نۆمینالیست تێبگەین، با واز لە لێکۆڵینەوە لە "سروشت" و "مێتافیزیک" بێنین و ڕوو بکەینە خۆمان.


لێرەوە مرۆڤپەروەری (Humanism) سەریهەڵدا. نەک وەک دژایەتی خودا، بەڵکو وەک هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی مانایەک لە ناو جیهانێکی پڕ لە ئاژاوەدا. ئەوان وتیان: با گرنگی بە "مێژوو" و "زمان" و "ئەخلاق" بدەین. بەڵام ئەمەش چارەسەر نەبوو، چونکە سێبەری ئەو خودا ترسناکەی ئۆکام هێشتا بەسەر جیهانەوە بوو.


بەشی سێیەم: لۆسەر و خودای شاراوە (Deus Absconditus)
مارین لۆسەر (Luther)، کە خۆی دەرچووی قوتابخانەی نۆمینالیزم بوو، ئەم قەیرانەی گەیاندە لوتکە. لۆسەر بە تەواوی باوەڕی بەوە بوو کە عەقڵی مرۆڤ "سۆزانییەکی کوێرە" (The Whore of Reason).


بە بڕوای لۆسەر، مادام خودا "ویستێکی ڕەهایە" و بە عەقڵ پێوانە ناکرێت، کەواتە هیچ سودێک لە فەلسەفە و کەلام و مەنتیق نییە. تاکە ڕێگا بۆ ڕزگاربوون بریتییە لە "تەسلیمبوونی کوێرانە" بە ویستی خودا (Sola Fide).


لێرەدا خاڵێکی زۆر گرنگ هەیە کە مولحیدەکان لێی تێناگەن:


مۆدێرنیتە لەسەر بنەمای "ڕەتکردنەوەی عەقڵ"ی لۆسەر و ئۆکام دروست بووە، نەک لەسەر "پیرۆزکردنی عەقڵ". کاتێک لۆسەر عەقڵی ڕووخاند، دەرگای کردەوە بۆ ئەوەی "ویست" (Will) ببێتە تاکە هێزی بزوێنەری جیهان. ئەم "ویستە" دواتر لە خوداوە گوازرایەوە بۆ مرۆڤ.


بەشی چوارەم: دیکارت و خۆ-بە-خوداکردنی مرۆڤ
ڕێنێ دیکارت، کە بە باوکی فەلسەفەی مۆدێرن دەناسرێت، هات بۆ ئەوەی ئەم ترسە بڕەوێنێتەوە. دیکارت ڕووبەڕووی هەمان کێشە بووەوە: ئەگەر خودا "توانای ڕەها" بێت و بتوانێت فێڵمان لێ بکات (Dieu Trompeur)، چۆن دەتوانین متمانە بە زانست و ماتماتیک بکەین؟


دیکارت فێڵێکی گەورەی کرد. ئەو وتی: مادام جیهانی دەرەوە (کە دروستکراوی خودایە) جێی متمانە نییە، با بگەڕێینەوە بۆ ناوەوەی خۆمان.


"من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم."
دیکارت بناغەی یەقینی لە "خودا"وە گواستەوە بۆ "ئیگۆی مرۆڤ". بەم کارە، دیکارت مرۆڤی کردە سەنتەر و حاکمی ڕەها.


بەڵام لە ڕاستیدا، دیکارت سیفەتەکانی ئەو "خودا نۆمینالیستە"ی گواستەوە بۆ مرۆڤ. ئێستا مرۆڤ بووە بەو بوونەوەرەی کە دەبێت بە "ویست"ـی خۆی (Masters and Possessors of Nature) زاڵ بێت بەسەر سروشتدا.


لێرەوە زانستی مۆدێرن لەدایک بوو: زانستێک نییە بۆ "تێگەیشتن" لە حیکمەتی خودا، بەڵکو زانستێکە بۆ "کۆنتڕۆڵکردن" و "دەسەڵات" بەسەر ماددەدا. مرۆڤ بوو بە خودایەکی بچکۆلە.


بەشی پێنجەم: هۆبز و خودای فانی (Leviathan)


تۆماس هۆبز ئەم پڕۆسەیەی تەواو کرد بەڵام لە بواری سیاسەتدا. هۆبز وتی: سروشت و مرۆڤەکان لە بنەڕەتدا بریتیین لە پارچە ماددەیەک کە بەهۆی ئارەزوو و ترسەوە دەجوڵێن (کاریگەری نۆمینالیزم: تەنها تاکەکان هەن، هیچ چاکەیەکی باڵا بوونی نییە).


لە دۆخی سروشتیدا، هەموو کەس شەڕ لەگەڵ هەموو کەس دەکات. بۆ ڕزگاربوون لەم دۆزەخە، مرۆڤەکان پێویستیان بە هێزێکی ڕەها هەیە کە کۆنتڕۆڵیان بکات.


هۆبز هات "ویستی ڕەهای خودای ئۆکام"ی هێنا و خستیە ناو "دەوڵەت"ـەوە.


لیڤایەسان (The State) بوو بە "خودای فانی" (Mortal God).


لە دەوڵەتی مۆدێرندا، یاسا بریتی نییە لە ڕەنگدانەوەی "حەق" و "عەدالەتی ئیلاهی"، بەڵکو بریتییە لە "فەرمانی دەسەڵاتدار". (Auctoritas, non veritas facit legem) - دەسەڵات یاسا دروست دەکات نەک ڕاستی.
ئەمە ڕێک پڕەنسیپی ئۆکام و ئەشعەرییە توندڕەوەکانە (کە خودا چاکە و خراپە دیاری دەکات)، بەڵام هۆبز ئەم دەسەڵاتەی دا بە دەوڵەت. ئیتر دەوڵەت بوو بە سەرچاوەی حەق و باتڵ. ئەمە ڕەگی تۆتالیتاریزم و دیکتاتۆرییەتی مۆدێرنە.


بەشی شەشەم: کۆتایی مێژوو و وەهمی ئازادی


گیلێسپی لە کۆتاییدا دەمانگەیەنێتە دەرەنجامێکی ترسناک. مۆدێرنیتە شکستی نەهێناوە لەوەی خودا بکوژێت، چونکە هەرگیز نەیویستووە بیکوژێت، بەڵکو ویستوویەتی "جێگەکەی بگرێتەوە".


مرۆڤی مۆدێرن خۆی بە "ئازاد" دەزانێت، بەڵام ئازادییەکەی بریتییە لە "ویستێکی ڕووت و بێ ئامانج". وەک چۆن خوداکەی ئۆکام بە بێ هۆکار کاری دەکرد، مرۆڤی مۆدێرنیش دەڵێت: "دەمەوێت، چونکە دەمەوێت".
ئەم "ئیرادەگەراییە" (Voluntarism) بووەتە هۆی دروستبوونی جیهانێک کە تێیدا:


 ~ سروشت: تەنها ماددەیەکە بۆ بەکارهێنان (ژینگە وێران دەکرێت).
 ~ ئەخلاق: تەنها حەزی تاکەکەسییە (ڕێژەییگەری).
 ~ سیاسەت: تەنها ململانێی هێزە (Power Politics).


ئێمە ئێستا لە ناو پاشماوەی جەنگێکی تیۆلۆجیدا دەژین. ئایدیۆلۆژیا مۆدێرنەکان (لیبڕالیزم، کۆمۆنیزم، فاشیزم) هەموویان جۆرێکن لە "ئاینی دەستکرد" کە هەوڵ دەدەن ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە کە نۆمینالیزم دروستی کرد.


شیکردنەوە و زیادکردن: 
ئەوەی گیلێسپی باسی دەکات، بۆ ئێمەی موسڵمان و خوێنەرانی عیلمی کەلام دەرسێکی گەورەی تێدایە. کاتێک ئوسوڵی دین و بنەما عەقڵییەکان (کە ئەشعەری و ماتویدی پارێزگارییان لێکردووە) پشتگوێ دەخرێن و تەنها جەخت لەسەر "دەق" و "ویستی ڕووت" دەکرێتەوە (وەک ئەوەی ئیبن تەیمیە و سەلەفییەکان هەندێک جار دەیکەن بە ئیسبات کردنی سیفاتی خبریە و فەرامۆشکردنی مەجاز)، دەرەنجامەکەی دەبێتە جۆرێک لە نۆمینالیزمی ئیسلامی.
مۆدێرنیتە هیچی نییە جگە لە "بیدعەیەکی کەلامی" کە بووە بە سیستەمێکی جیهانی. ئەوانەی پێیان وایە بە "زانست" و "تەکنەلۆژیا" دەتوانن جێگەی دین بگرنەوە، تەنها خەریکی دوبارەکردنەوەی هەڵەکەی ئۆکام و دیکارتن.


ئەوان عەقڵیان نییە، ئەوان تەنها "ویست"ـیان هەیە. ویستی دەسەڵات (Will to Power) وەک نیتچە -کە پێغەمبەری کۆتایی مۆدێرنیتەیە- دانی پێدا نا.


تەنها ڕێگا بۆ دەرچوون لەم "تاریکییە ڕۆشنگەرە!"، گەڕانەوەیە بۆ "ڕیالیزم" (Realism). داننان بەوەی کە حەقیقەت لە دەرەوەی ویستی ئێمە و ویستی دەوڵەت بوونی هەیە. داننان بەوەی کە "چاکە و خراپە" حەقیقەتی وجودین نەک بڕیاری پەرلەمانەکان.


ئەی قوڕ بەسەر ئەوەی وا دەزانێت ئەوروپا بە عەقڵ گەیشتە ئێرە... ئەوان بە "کوشتنی عەقڵ" گەیشتنە ئێرە، و ئێستاش خەریکە باجەکەی دەدەن.

زیادکردنێکی تریش :

زۆرکەس لەم کورتەیە ڕەنگە هەست بەوە بکات کە ئەم کێشە تیۆلۆجیانەی مۆدێرنەتە، ئەشعەریەکانیشی تێدا جێببێتەوە. چونکە ئەوانیش دان بە چاکە و خراپەی عەقڵی دانانێن. بەڵام ئێمە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە تەنها چارەسەرێکی لۆجیکی بەکاردێنین کە ڕێگە لەو باس و خواسە دەگرێت بەتەواوی. ئەویش بریتیە لە چارەسەری پێناسەکردنەوەی بابەتە ئەخلاقیەکان. 

ئێمە لامان وایە کە بابەتە ئەخلاقیەکان لە ئەسڵەوە هزری نەبوونە و ناشبن. چونکە خودی پێشەکیە ئەخلاقیەکان (القضايا الأخلاقية) پێشەکی فرمانین، بەواتای ئەوەی (قضية إنشائية) کە جیادەکرێتەوە لە باسە وجودی و سیاسی و فەلسەفیەکان لەبەر ئەوەی فرمانی نین).