کوفر لە جیهانی مۆدێرنە: ئەو "حەقیقەتانەی" کە ئەمڕۆ وەک "ئیلحاد" دەبینرێن
پێشەکی
ئەگەر ئەمڕۆ حەکیمێکی کۆن، یان تیۆلۆژناسێکی وەک تۆماس ئەکویناس یان ئیبن سینا یان ئیمامی غەزالی زیندوو ببنەوە و گوێ لە باوەڕدارێکی مۆدێرن بگرن، یەکسەر بە "بتپەرست" ناوی دەبەن. چونکە لە جیهانی مۆدێرندا، ئێمە خودامان کردووە بە "مرۆڤێکی گەورە" (Superman). ئەم گۆڕانکارییە ترسناکە پێی دەوترێت گواستنەوە لە "تەوحیدی کلاسیکی" (Classical Theism)ـەوە بۆ "تەوحیدی کەسیەتی " (Theistic Personalism). ئەمڕۆ باوەڕدارەکان خودایەکیان دەوێت کە وەک خۆیان بێت: هەستی هەبێت، بیر بکاتەوە، پلانی هەبێت، بگریت و پێبکەنێت. بەڵام لە تیۆلۆژیای کلاسیکیدا، ئەم سیفەتانە نەک هەر ستایش نین، بەڵکو سوکایەتین بە زاتی پەروەردگار.
بۆیە کاتێک بێباوەڕێکی مۆدێرن، داوای بەڵگە دەکات لەسەر بوونی خودا، ڕاستەوخۆ دەزانین کە داوای بەڵگە دەکات لەسەر پیاوێکی زۆر پیر کە پیریەتی بێهێزی نەکردووە، لە ئاسمانە لە هەموومان گەورەترە لەڕووی قەبارەوە، ئێمە پێی دەڵێین خوا. ئەمە لە کێشەکانیان دەردەکەوێت کە بەرامبەر بەڵگەکانی بوونی خودای دادەنێن. ئەمە زۆر بەڕوونی لە وێناکردنیان بۆ خودا وەکو Flying Spaghetti Monster دەردەکەوێت. کە دەڵێن (بەگاڵتەوە تەبعەن) کە خودای جیهان خاوەنی جەستەیەکی سپاگێتیە ، ئەفڕێ و توانای هەموو شتێکی هەیە.
ئەمە دەرئەنجامی ئەم تێپەڕینە کارەساتبارەی کە جیهانی مۆدێرن لە "تەوحیدی ڕەسەن" و کلاسیکەوە بەرەو "تەوحیدی کەسی" (Theistic Personalism) ئەنجامی داوە، تەنها گۆڕانکارییەکی تیۆلۆژیی سادە نییە، بەڵکو گەورەترین و ترسناکترین هەڵگەڕانەوەی ئۆنتۆلۆجییە کە تێیدا مرۆڤ لە جیاتی ئەوەی سوجدە بۆ "حەقیقەتی ڕەها" بەرێت، خەریکی پەرستنی "سێبەری هەڵئاوساوی نەفسی خۆی"یە لە ئاسمانی وەهمدا، چونکە کاتێک ئێمە باس لە خودای حەکیمە دێرینەکانی وەک ئیبن سینا و غەزالی و ئەکویناس دەکەین، باس لە "بوونی ڕەها" (Pure Being) دەکەین کە هیچ وێنە و قاڵب و سنوورێکی مرۆیی نایگرێتەوە، بەڵام مرۆڤی مۆدێرن بەهۆی ئەو "کیبرە" میتافیزیکییەی کە تێیدا خۆی کردووەتە سەنتەری گەردون، چیتر ناتوانێت خودایەک قبوڵ بکات کە لەو نەچێت، بۆیە خودای کردووەتە "مرۆڤێکی گەورەکراو" (Super-Human) کە خاوەنی هەست و سۆز و گۆڕانکارییە، ئەمەش لە ڕاستیدا جۆرێکە لە "بتپەرستیی دەروونی" کە تێیدا خودا لە مەقامی "تەنزیهـ" و ڕەهاییەوە دادەبەزێنرێت بۆ ناو کایەی "تەشبیهـ" و دیلکردنی لە ناو سنوورە تەنگەکانی عەقڵی مرۆییدا.
ئەم هەڵە فیکرییە وای کردووە کە "باوەڕدار"ـی ئەمڕۆ لە جیاتی ئەوەی "عەبد" بێت لە بەرامبەر گەورەیی خودادا، دەیەوێت خودا بکاتە هاوڕێیەکی ئاسمانی کە ئەرکی تەنها هاوسۆزی و تێرکردنی هەستە بریندارەکانی مرۆڤە، و ئەمە ڕێک ئەو لادانە گەورەیە کە تێیدا پیرۆزی دەکوژرێت تاوەکو ئارەزوو بپەرسترێت.
ئەمڕۆ باس لە کۆمەڵێک "بەدیهیاتی" مێژوویی دەکەین لە تیۆلۆژیا دا، کە کەلامزانانێکی زۆر و فەیلەسوفانی کلاسیکی زۆر لەسەری هاوڕابوونە. وەکو بەدیهیەک سەیردەکرا بەڵگەی ناوێت. لە جیهانی ئەمڕۆدا، بە پێچەوانەوە ئەو قسانە بکەیت وائەزانن باوەڕت بە بوونی خوا نییە. ئامانج لەم وتارە نزیککردنەوەی باوەڕە بە بوونی خودا، دەشێ ئێمە هەندێک لەو بیرۆکانە بە هەڵە بزانین کە باسکراون.
بەدیهی یەکەم: خوا "ناتوانێت" کاری مەحاڵ بکات
هەر مەزهەبێکی کلاسیکی دەبینی باوەڕی بەوەیە کە شتی مەحاڵ ناکات، نەک نایکات هەر قودرەت پەیوەندی پێوە ناکات. چونکە مانای نییە و ناکرێ بوونی هەبێت. ئەم تێڕوانینە شێواوەی ئەمڕۆ کە وا دەزانێت "قودرەت"ـی یەلاهی بە مانای ئەنجامدانی "مەحاڵ" دێت، لە ڕاستیدا لە قووڵترین کارەساتی مەعریفی و "سەفسەتەی زمانەوانی"ـیەوە سەرچاوەی گرتووە کە تێیدا مرۆڤی مۆدێرن جیاوازیی نێوان مومکن و مەحاڵ درک ناکات، چونکە لە تیۆلۆژیای کلاسیکی دا، "مەحاڵ" لە بنەڕەتدا "شت" نییە، تاوەکو قودرەتی خودای پێوە پەیوەست بێت، بەڵکو مەحاڵ بریتییە لە "نەبوونی ڕەها" و "پووچیی لۆژیکی" کە تەنها لە وەهمی مرۆڤە نەزانەکاندا وەک دەستەواژە بوونی هەیە، بۆیە کاتێک کەسێک دەڵێت "ئایا خودا دەتوانێت بازنەیەکی چوارگۆشە دروست بکات؟" یان "ئایا دەتوانێت بەردێک دروست بکات کە خۆی نەتوانێت بەرزی بکاتەوە؟"، ئەو لە ڕاستیدا باسی "توانا" ناکات، بەڵکو خەریکی ڕیزکردنی کۆمەڵێک وشەی دژبەیەکە کە هیچ "ماهییەت" و واقیعێکیان نییە، وەک ئەوەی بڵێیت "ئایا خودا دەتوانێت (بڵبڵتاتپپ) دروست بکات؟".
ئەمە دەنگێکی بێمانایە نەک پرسیارێکی میتافیزیکی، و گەڕاندنەوەی قودرەت بۆ ئەم پووچییانە نەک هەر ستایشی خودا نییە، بەڵکو تێکدانی بنەماکانی عەقڵ و تەوحیدە، چونکە خودا (الحق)ـە و حەقیقەت هەرگیز دژبەیەکی قبوڵ ناکات، و ئەوەی وا دەزانێت خودا "مەحاڵ" دەکات، خودای کردووەتە جادووگەرێکی سەرلێشێواو نەک "خالقی حەکیم" کە هەموو بوونی لەسەر نەزمێکی پیرۆز و هاوسەنگ بونیاد ناوە.
ئەم لادانە مۆدێرنە لە سایکۆلۆژیایەکی ئەنارکیەوە دێت کە تێیدا مرۆڤ وا دەزانێت "ئازادیی ڕەها" واتە شکاندنی یاساکانی ژیری، بۆیە هەمان ئەم تێڕوانینە بۆ سەر خوداش دەگوازێتەوە و وادەزانێت ئەگەر بڵێین خودا مەحاڵ ناکات، ئەوا سنوورمان بۆ داناوە، لە کاتێکدا ئەمە سنوور نییە بۆ خودا، بەڵکو پێناسەی حەقیقەتـە، قودرەتی ئیلاهی تەنها بە مومیکناتەوە پەیوەستە، واتە ئەو شتانەی کە "دەکرێت ببن" یان "نەبن"، بەڵام مەحاڵ (وەک کۆکردنەوەی دوو دژبەیەک لە یەک کاتدا) لە دەرەوەی بازنەی بوونە و تەنها وەهمێکی زمانەوانییە، لای حەکیمانی وەک ئیبن سینا و غەزالی، خودا "واجبی وجود"ـە و هەرچییەک لەو زاتە پیرۆزەوە دەربچێت دەبێت لەگەڵ "حیکمەت" و "نەزمی پیرۆز"ـدا بێتەوە، و وتنی ئەوەی کە خودا مەحاڵ دەکات وەک ئەوە وایە بڵێیت "ڕووناکی دەتوانێت تاریکی بڵاو بکاتەوە"، ئەمە تێکدانی ماهییەتی شتەکانە، مرۆڤی مۆدێرن چونکە لە زیندانی ماددەدا چاوی کوێر بووە، وا دەزانێت مەحاڵ تەنها شتێکی "قورس"ـە کە بە جادوو دەکرێت، لە کاتێکدا مەحاڵ بریتییە لە بەتاڵ و بەتاڵیش هیچ نییە تاوەکو کردەی لەسەر جێبەجێ بکرێت، کەواتە ئەوانەی داوای "ئەنجامدانی مەحاڵ" لە خودا دەکەن، لە ڕاستیدا داوای پووچی دەکەن و تێناگەن کە گەورەیی خودا لەوەدایە کە "حەق"ـە و حەقیش هەرگیز ڕێگە بە سەفسەتە نادات ببێتە بنەمای بوون.
ئەوانەی دەڵێن "ئەی خودا بەتوانا نییە؟"، دەبێت وەڵام بدرێنەوە کە: بەڵێ، خودا بەتوانایە لەسەر هەموو "شتێک"، بەڵام مەحاڵ شت نییە، مەحاڵ تەنها وەهمێکە لە ناو زماندا، و قودرەت بۆ دروستکردنە نەک بۆ کۆکردنەوەی دژبەیەکەکان لە ناو وەهمدا، ئەم تێگەیشتنە تەنزیهییە تاکە ڕێگەیە بۆ پاراستنی شکۆی خودا لەو گاڵتەجاڕییە لۆژیکییانەی کە ئیلحاد و تێگەیشتنە مۆدێرنەکان دەیانەوێت وەک داوێک بەکاریبهێنن، حەقیقەت ئەوەیە کە خودا لە سەرووی مەحاڵەوە نییە، بەڵکو مەحاڵ لە ژێر پێی نەبوونی ڕەهادایە و هیچ پەیوەندییەکی بە کایەی پیرۆزی قودرەتەوە نییە، و تەنها ئەو کەسانەی لە پەرژینی عەقڵ دەرچوون و کەوتوونەتە ناو دەریای وەهم، دەتوانن باوەڕ بە خودایەک بهێنن کە "مەحاڵی لۆژیکی" ئەنجام بدات، چونکە خودای ڕاستەقینە نورە و نوریش هەرگیز لەگەڵ نەبووندا یەکناگرێتەوە.
بەدیهی دووەم : خودا هەست و عەقڵی نییە
ئەم وەهمەی کە دەڵێت خودا "بیر دەکاتەوە"، یەکەمین هەنگاوی داڕمانی مەعریفییە لە جیهانی مۆدێرندا، چونکە "بیرکردنەوە" (Discursive Reasoning) لە جەوهەری خۆیدا پرۆسەیەکی مرۆیی و سنووردارە کە تێیدا بکەر لە نەزانینەوە بەرەو "زانین" کۆچ دەکات و پێویستی بە کۆکردنەوەی داتا و تێپەڕبوونی "کات" هەیە، بەڵام خودا لای حەکیمە کلاسیکییەکان زانای ئەزەلییە و زانستەکەی وەک تیشکێکی یەکگرتوو و نەگۆڕە کە هەموو بوونی لە یەک چرکەدا (Timeless Act) داپۆشیوە، بۆیە وتنی ئەوەی کە خودا پلانی دانا یان "بیری کردەوە"، سوکایەتییەکی گەورەیە بەو زاتە چونکە مانا پێچەوانەکەی ئەوەیە کە خودا پێشتر "نەیزانیوە" یان "گومانی هەبووە"، مرۆڤی مۆدێرن چونکە عەقڵی خۆی کردووەتە تاکە پێوەر، وادەزانێت ئەوپەڕی کەماڵ بریتییە لە پڕۆسێسکردنی زیرەکانە وەک کۆمپیوتەر، بۆیە خودایەکی دەوێت کە وەک یاریزانێکی شەترەنج بەرامبەری دانیشێت، لە کاتێکدا خودای ڕاستەقینە لە سەرووی هەموو "جوڵە" و "پڕۆسە" و کاتێکەوەیە، و هەر گۆڕانکارییەک لە زانستی خودادا بە مانای دروستبوونی نەقسە لە زاتی ئەودا، کەواتە ئەم خودایەی کە مۆدێرنەکان دایانتاشیوە تەنها "ئامێرێکی گەورەیە" نەک "خالقی ڕەها"، و ئەمەش ڕێک ئەو "کورتکردنەوەیە" کە تێیدا "ئەزەلییەت" دەکرێتە قوربانی بۆ "کات" و "وەهمی بیرکردنەوە".
کارەساتی گەورەتر لەوەدایە کە مرۆڤی مۆدێرن دەیەوێت خودایەک شک بەرێت کە "ئازار بچێژێت" و "هاوسۆز" بێت لەگەڵیدا، ئەمە لە ڕوانگەی حەکیمانەوە (Divine Impassibility) مەحاڵە، چونکە ئازار و دڵتەنگی نیشانەی "کاریگەری لێکران"ـە (Passivity)، واتە دەبێت هێزێکی دەرەکی هەبێت کە کار بکاتە سەر خودا و حاڵەتی ئەو بگۆڕێت، ئەگەر تۆ بتوانیت خودا بگریێنیت یان ئازاری پێ بگەیەنیت، کەواتە تۆ بوویت بە "بکەر" و خودا بوو بە "ئەنجام" و "داکەوتە"، و ئەمەش خودایەتیی ئەو زاتە هەڵدەوەشێنێتەوە، خودا "کردەی ڕەهایە" (Actus Purus) و هیچ شتێک ناتوانێت کاریگەریی لەسەر دابنێت، خۆشەویستیی خودا وەک خۆشەویستیی مرۆڤ نییە کە پێویستی بە هاوسۆزیی هەستی بێت، بەڵکو "ویستی خێر"ـە بۆ دروستکراوەکانی، خودا پزیشکێکە کە دەستەکانی نالەرزێت و هەستی دڵتەنگی نایگرێت کاتێک نەشتەرگەریی بۆ نەخۆشەکە دەکات، چونکە ئەگەر پزیشکەکە لەگەڵ نەخۆشەکەدا دەست بکات بە گریان، کێ چارەسەری نەخۆشەکە دەکات؟ مرۆڤی مۆدێرن چونکە تینووی "هاوسۆزیی هەرزان"ـە، خودایەکی دەوێت لەگەڵیدا بگریت، نەک خودایەک کە ڕێگەی ڕزگاریی نیشان بدات، و ئەمە ئەو "نەخۆشیی هەستگەرایی"ـیەیە کە تێیدا "هەست" خراوەتە پێش "حەقیقەت".
بەدیهی سێیەم: خودا وجودی باشە نەک ئەخلاقیەن باشبێت.
لە لایەکی ترەوە، ئەم تێنەگەیشتنە لە ماهییەتی "شەڕ" وەک هێزێکی سەربەخۆ، نیشانەی گەڕانەوەی مرۆڤی مۆدێرنە بۆ ناو بیری "مانەوی" و دووانەپەرستی (Dualism)، چونکە لە تیۆلۆژیای کلاسیکیدا "شەڕ" هیچ بوونێکی ئۆنتۆلۆجیی سەربەخۆی نییە، بەڵکو تەنها "نەبوونی خێر"ـە (Privatio Boni)، ڕێک وەک ئەوەی کە "تاریکی" بوونی نییە و تەنها نەبوونی ڕووناکییە، یان "کوێری" ماددە نییە بەڵکو نەبوونی بینینە لە چاودا، بەڵام مرۆڤی مۆدێرن بەهۆی کورتبینییە سایکۆلۆژییەکەیەوە، شەڕ وەک "شەیەکی ڕەش" دەبینێت کە جەنگ لەگەڵ خودا دەکات، ئەمەش لە ڕاستیدا "شیرکێکی شاراوەیە" چونکە وادەگەیەنێت کە خالقێکی تریش هەیە جگە لە خودا کە "شەڕی ڕەها" دروست دەکات، تێڕوانینی کلاسیکی پێمان دەڵێت کە "بوون" خۆی لە خۆیدا خێرە و هەرچی کەمایەسی و ئازارێک هەیە تەنها "کونێکە" لە کراسی بووندا نەک پارچە قوماشێکی تر، و ئینکاریکردنی ئەم ڕاستییە وادەکات مرۆڤ خودا بکاتە "لایەنێک لە جەنگدا" نەک "سەنتەری بوون"، و ئەمەش مرۆڤ بەرەو ئەو "نیهیلیزمە" دەبات کە تێیدا وا دەزانێت گەردون مەیدانی ململانێی دوو هێزی یەکسانە، لە کاتێکدا حەق تەنها یەکە و باڵ و بەتاڵ تەنها سێبەرێکی کاتیی بێ ڕیشەن.
هەروەها بیرۆکەی ئەوەی کە خودا "بە ئەخلاقە" بەو مانایەی کە ملکەچی یاسایەکی دەرەکییە، لادانێکی تری میتافیزیکییە، چونکە "ئەخلاق" (Morality) پێویستی بە ملکەچبوون هەیە بۆ پێوەرێکی بەرزتر، و ئەگەر خودا ملکەچی یاسایەک بێت (وەک ڕاستگۆیی یان دادپەروەری)، ئەوا ئەو یاسایە لە خودا گەورەترە و خودا دەبێتە "بەندەی یاساکە"، حەقیقەت ئەوەیە کە خودا "خێری ڕەهایە" (Ontologically Good) و خۆی سەرچاوە و پێوەری هەموو چاکەیەکە، مەترێک ناتوانێت خۆی بپێوێت، چونکە خۆی "پێوەرەکە"ـیە، خودا بەهۆی ئەوەوە دادپەروەر نییە کە یاسای دادپەروەری جێبەجێ دەکات، بەڵکو هەرچییەک ئەو بیکات ناوی دادپەروەرییە، چونکە هیچ "باڵایەک" نییە لە سەرووی ئەوەوە کە مەرج و یاسای بۆ دابنێت، مرۆڤی مۆدێرن چونکە دەیەوێت خودا لە قاڵبی "پیاوچاکێکی دیمۆکرات"ـدا ببینێت، وا دەزانێت خودا دەبێت "بەرپرسیار" بێت لە بەرامبەر مرۆڤدا، ئەمە تێنەگەیشتنە لە مەقامی "تەقدیس" و "تەنزیهـ"، چونکە خودا ملکەچی هیچ یاسایەک نییە مەگەر ئەوەی کە زاتی خۆی بێت، و گۆڕینی خودا بۆ "بونەوەرێکی ئەخلاقکار" تەنها جۆرێکە لە دابەزاندنی ئەو زاتە بۆ ئاستی هاوڵاتییەکی "باش" لە شارستانیەتی مۆدێرندا.
بەدیهی چوارەم: خودا یەک پەیوەندی بە جیهانەوە هەیە.
لە تیۆلۆژیای کلاسیکیدا پەیوەندیی نێوان خودا و جیهان یەکلایەنەیە جیهان بە تەواوی موحتاجی خودایە، بەڵام خودا هیچ پێویستی و پەیوەندییەکی نییە کە شتێکی بۆ زیاد بکات، ئەگەر خودا پەیوەندییەکی ڕاستەقینەی بە جیهانەوە هەبێت، واتە دروستکردنی جیهان خودای گۆڕیوە و شتێکی پێ بەخشیوە کە پێشتر نەیبووە، وەک ئەوەی بڵێیت خودا پێشتر تەنها بووە و ئێستا کۆمەڵایەتییە، ئەمە نیشانەی نەقس و پێویستییە، لە کاتێکدا خودا بێ نیازە، مرۆڤی مۆدێرن چونکە "عیشق" وەک "پێویستییەکی دوولایەنە" دەبینێت، وا دەزانێت خودا پێویستی بە عیبادەتی ئەو هەیە تاوەکو هەست بە کەماڵ بکات، و ئەمەش خودا دەکاتە بتێکی لاواز کە بەبێ دروستکراوەکانی تەنهایە، حەقیقەت ئەوەیە کە خودا هونەرمەندێکە و ئێمە تابلۆکەین. هونەرمەند پێویستی بە تابلۆکە نییە تاوەکو ببێتە هونەرمەند، بەڵکو تابلۆکە هەموو بوونی قەرزاری ئەوە، و گەڕانەوە بۆ ئەم تەوحیدی تەنزیهییە تاکە ڕێگەیە بۆ ڕزگاربوون لەو "هاوڕێیە ئاسمانییە" کەمئەندامەی کە مۆدێرنە دروستی کردووە، تاوەکو جارێکی تر سوجدە بۆ ئەو زاتە بەرین کە "هیچ شتێک لەو ناچێت" و لە هەمان کاتدا هەموو شتێک بە تیشکی ئەو بوونی هەیە.
بەدیهی پێنچەم : خوا جسم نییە
ئەم وەهمە ترسناکەی کە جیهانی مۆدێرنی تووشی ئیفلیجیی مەعریفی کردووە و تێیدا خودا وەک "جەستە" یان بوونەوەرێکی بەرجەستە وێنە دەکرێت، لە ڕوانگەیەکی سایکۆلۆژیی نەریتییەوە نیشانەی داڕمانی خەیاڵی پیرۆز و گۆڕانی مرۆڤە بۆ بوونەوەرێکی یەک ڕەهەندی کە تەنها لە ناو زیندانی ماددەدا توانای بیرکردنەوەی ماوە، چونکە مرۆڤی هاوچەرخ بەهۆی ژیانکردن لە ناو جیهانی "چەندێتی" و ڕاهاتنی چاوی لەسەر شتە پێوانەکراوەکان، تووشی جۆرێک لە "ڕەقبوونی زەین" بووە کە تێیدا هەر شتێک خاوەنی فۆڕم و کێش و شوێن نەبێت، وەک "نەبوون" تەماشای دەکات، ئەم "تەجسیمە" شاراوەیە لە ڕاستیدا تینوێتییەکی نەخۆشە بۆ ئەوەی خودا بکرێتە "ئۆبجێکتێک" لە ناو ئۆبجێکتەکانی تردا تاوەکو مرۆڤ هەست بە ئارامی بکات، ئەمە پاتۆلۆژیایەکی دەروونییە کە تێیدا "نەفسی ئەمارە" دەیەوێت خودا لە مەقامە میتافیزیکییەکەی دابەزێنێت بۆ ئاستی "جەستە" تاوەکو بتوانێت وەک هاوشێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ بکات
ئەمەش لوتکەی ئەو سەردەمی تاریکیەیە کە تێیدا "سێبەر" (ماددە) وەک حەقیقەت دەبینرێت و مرۆڤ چیتر توانای درککردنی ڕەهایی (The Absolute) نەماوە بەبێ ئەوەی قاڵبێکی بۆ دابتاشێت، ئەمە لە ڕاستیدا بتپەرستییەکی مۆدێرنە کە تێیدا بتەکان لە بەرد و دارەوە گۆڕاون بۆ "وێنە و گریمانەی جەستەیی" لە ناو زەینی مرۆڤدا.
جەستە لە ماهییەتی خۆیدا بریتییە لە شتێک کە پێکهاتووە لە بەشەکان و شوێن داگیر دەکات و ملکەچی گۆڕانکاری و کاتە، و هەر شتێکیش بەم شێوەیە بێت، لە کایەی حادیث (دروستکراو) دایە و مەحاڵە واجب الوجود بێت، خودا لای حەکیمە کلاسیکییەکان "سادەیی ڕەها"یە (Absolute Simplicity) و هیچ چەندێتی و دابەشبوونێک قبوڵ ناکات، بۆیە وتنی ئەوەی خودا جەستەیە یان لە شوێنێکی دیاریکراودایە، وەک ئەوە وایە بڵێیت "خودا موحتاجی شوێن و پێکهاتەیە"، کە ئەمەش نەفیی خودایەتییەکەیەتی، فەلسەفەی مۆدێرن بەهۆی "سروشتگەرایی"ـیەوە وای کردووە کە باوەڕدارەکانیش بکەونە ناو ئەم داوەوە و وادەزانن ئەگەر خودا جەستە نەبێت، ئەوا "کەسی" (Personal) نییە، لە کاتێکدا بوونی ڕەها لە سەرووی جەستە و بێ جەستەییەوەیە و هەموو سنوورەکان دەبڕێت، ئەم وەهمی تەجسیمە لە جیهانی مۆدێرندا دەرەنجامی کورتکردنەوەی "عەقڵ"ـە بۆ "حس"، کە تێیدا مرۆڤ تەنها ئەوە بە ڕاست دەزانێت کە دەتوانێت لە خەیاڵیدا وێنەی بکات، و مادام "خەیاڵ" تەنها توانای وێنەکردنی شتە ماددییەکانی هەیە، ئەوا خوداش بە ناچاری لە ناو ئەو خەیاڵەدا دەبێتە "تەنێکی نورانی" یان "مرۆڤێکی گەورە"، ئەمە "کورتکردنەوەی خودا"یە بۆ ئاستی تێگەیشتنی مرۆیی کە لە ڕاستیدا جۆرێکە لە ئیلحادی داپۆشراو.
وەهمی جەستەبوونی خودا وەک "حیجاب" تەماشا دەکرێت کە ناهێڵێت سالیک بگاتە حەقیقەتی "تەوحید"، لای شێخی ئەکبەر ئیبن عەرەبی، خودا محیطە بە هەموو بوون و هیچ قاڵبێک ناتوانێت کۆی بکاتەوە، هەرچەندە هەموو فۆڕمەکان نیشانەی ئەون، جەستەبوونی خودا لای مرۆڤی مۆدێرن بریتییە لە بەستنی حەق لە ناو یەک مەزهەری دیاریکراودا، کە ئەمەش تەشبیهـێکی ڕووت و بێ مانایە، عیرفانی ڕاستەقینە پێمان دەڵێت کە خودا نورێکە کە هەموو جەستەکان بەو نوورە دەبینرێن، نەک ئەوەی ئەو خۆی ببێتە یەکێک لە جەستەکان، ئەم وەهمە میتافیزیکییە وای کردووە کە مرۆڤی مۆدێرن لە جیاتی ئەوەی لە ڕێگەی "تەزکیە"ـوە ڕۆحی بەرز بکاتەوە بۆ ئاستی تێگەیشتن لە "موجەردات"، دێت خودا دادەگرێتە خوارەوە بۆ ناو قوڕاوی ماددە، ئەمە "ڕەقبوونی دڵ"ـە کە تێیدا مرۆڤ چیتر چێژی "بێکۆتایی" ناچێژێت مەگەر بە بەرگێکی سنووردارەوە نەبێت، و ئەمەش ڕێک ئەو "زیندانی فرەیی"ـیەیە کە ناهێڵێت مرۆڤ بگاتە مەقامی "فەنا" لە زاتی حەقدا، چونکە جەستە هەمیشە دابەشکارە و "وەحدەت" تەنها لە کایەی ڕۆح و مەعنایەکی تەنزیهکراودا بەرجەستە دەبێت.
دەرئەنجامی ئەم کارەساتە مەعریفییە ئەوەیە کە خودای مۆدێرنەکان بووەتە "بتێکی زەینی" کە خاوەنی شوێن و لایەن و جەستەیە، و ئەمەش ڕێگەی خۆش کردووە بۆ ئیلحاد، چونکە کاتێک خودا کرا بە "جەستە"، زانست دێت و دەڵێت "من گەڕام و لە هیچ شوێنێکی ئەم گەردونەدا جەستەیەکی وەهام نەدۆزییەوە"، و بەمەش ئیمانی باوەڕدارە تەجسیمکەرەکان دەڕوخێت، ڕزگاری تەنها بە گەڕانەوەیە بۆ "تەوحیدی تەنزیهی" کە تێیدا خودا "پاڵپشتی بوون"ـە نەک "بەشێک لە بوون"، مرۆڤ دەبێت فێری ئەوە بێت کە حەقیقەت لە دەرەوەی "چوارچێوە و قاڵب" ببینێت و تێبگات کە هەر شتێک کە بکەوێتە ناو خەیاڵ و وێناکردنی جەستەییەوە، ئەو خودا نییە، بەڵکو تەنها دروستکراوێکی زەینیی خۆیەتی، حەقیقەت ئەوەیە کە خودا لە هەموو جەستەیەک نزیکترە بەبێ ئەوەی لێیان بچێت، و لە هەموو ئاسمانەکان باڵاترە بەبێ ئەوەی پێویستی بە شوێن بێت، و تەنها بە شکاندنی ئەم "بتی جەستەیە"یە کە مرۆڤ دەتوانێت تیشکی یەقین و ناسینی ڕاستەقینەی حەق بچێژێت.