---

کۆیلایەتیی تەکنەلۆژی: یاداشتەکانی تێد کێزنکسکی

ئیلیۆت: "تۆ بوونت نییە، تۆ بوونت نییە! ". 

مستەر ڕۆبۆت: بۆ تۆ بوونت هەیە؟ هیچ لە چواردەورت حەقیقیە؟ سەیری چواردەورت کە، سەیریکە!! جیهانێک لە بناغەوە وەهمە! بە حەپێک شعورت دەگۆڕن، شەڕی دەروونیت لەگەڵ دەکەن بە ڕیکلامەکان، مێشکت دەشۆنەوە بە بە... "خۆراک". سیمیناری گێلکردنی خەڵک بەناوی "میدیا"وە. زیندانێکی کۆنتڕۆڵ کراویان ناو لێناوە سۆشیاڵ میدیا.... بوون؟ دەتەوێ باس لە بوونم کەیت؟ یەک سەدەیە تۆزقاڵێک لە حەقیقەت نزیک نەبووینە. گێلکراین، خەریکی جبز خواردن بووین و زەرفەکەیمان فڕێدایە ئەو زبڵدانە مرۆییەی هەمیشە لە زیادبوونە. لە ماڵێکی ئەلیکترۆنی دا دەژیت بە کۆدی کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەور دراوە، ژمارەی بایپۆلاری هەڵدەپەڕێ لەناو داتا دا، تا دەرکەوێ لە شاشە ئەلیکترۆنیەکان و زیاتر گێلمان بکەن... ئەوە گەوادیترین حاڵەتە بەسەر مرۆڤایەتی دا هاتبێت. دەبێ زۆر قوڵ بیر بکەیتەوە، پێش ئەوەی باس لە حەقیقەت بکەی. ئێرە شانشینی تڕوهاتە. شانشینێک کەم تێیدا نەژیاوی... جا پێم مەڵێ کە بوونم نییە... لە خواردنە دەسکردەکانی ڕۆژانە دەیخۆی زۆر حەقیقی ترم. هەرچەند بیری لێ بکەیتەوە ئیلیۆت، من زۆر حەقیقیم و بوونم هەیە. 

—مستەر ڕۆبۆت، سیزنی یەکەم، ئەلقەی 10.


ناساندن:

هەمیشە مرۆڤی مۆدێرن خۆی بە دانسقە سەیردەکات و وائەزانێت ئازادە تەنها لەبەر ئەوەی مۆبایلێکی گرانبەهای لە دەستدایە و چەند مافێکی یاسایی لەسەر کاغەز بۆ نووسراوە، تێد کێزنکسکی باس لەوە دەکات کە ئەمە گەورەترین وەهمی سەردەمە. لەبەر ئەوەی ئێمە لە سەردەمی تەکنەلۆژی دا هیچ ئازادیەک و بڕیارێکمان بۆ نەماوەتەوە.... 

بیرۆکەی کۆیلایەتی تەکنەلۆژی (Technological Slavery) یەکێکە لە بیرۆکە سەرنجڕاکیشەکانی تێد کێزنکسکی. لەساڵی ٢٠٠٨ ، تیرۆرستی ناسراو بە یونابۆمبەر (Unabomber) تیۆدۆر جۆن کێزنکسکی، کە لە زیندان بوو ئەم کتێبەی بڵاوکردەوە. لەوانەیە کەسێک بەلایەوە سەیربێت ئێمە گرنگی دەدەین بە "کەسێکی تیرۆرست". بەڵام، ئێمە لەوە تێدەگەین کە کارە فکریەکانی موتەمرید (rebellious)ـەکان، دەشێ کەلێنی زۆر گەورە لە سیستەمەکە بدۆزنەوە. بەهای کارەکانی کێزنکسکی لەوەدا نییە کە "چی کردووە" ، بەڵکو لەوەدایە کە "چی وتووە". 

وە دەبێت لە سەرەتاوە بزانین، وەکو هەموو دژەکانی جیهانی مۆدێرنە. کێزنکسکی دەروون شیکارەکان دەمیان لە کەسایەتی وەرداوە، نەخۆشیەکیان بە ناویەوە خستووە تا لەلای خەڵک بە سووک سەیربکرێت. هەرکەسەو بە شێوازێک باسی ئەوکەسە دەکات بێ سەیرکردنی حەقیقەتی ناوەڕۆکەکەی! 


کێزنسکی ئەم کتێبەی بۆ ئەوە نەنووسیوە تا ببێتە پڕۆفیسۆر یان خەڵاتی ئەدەبی وەربگرێت، نەخێر، ئەو ئەم دەقانەی وەک "ڕاگەیاندنی جەنگ" نووسیوە، کێزنسکی درکی بەوە کردبوو کە مرۆڤایەتی بەرەو کارەساتێکی بێ چارە (Irreversible)ـدا ئەڕوات، ئەو ئەیزانی کە تەکنەلۆژیا تەنها کۆمەڵێک ئامراز نییە کە ئێمە بەکاریان بێنین، بەڵکو تەکنەلۆژیا سیستەمێکی خۆسەرە کە خەریکە مرۆڤ "دەستەمۆ" ئەکات. 

ڕێک وەک چۆن مرۆڤ ئاژەڵی کێویی گۆڕی بۆ ئاژەڵی ماڵی، سیستەمی پیشەسازیش خەریکە مرۆڤی خاوەن ئیرادە و فیتڕەت ئەگۆڕێت بۆ "پارچەیەک" لە مەکینەکە، ئەو کاتێک ئەم کتێبەی نووسی، ویستی پێمان بڵێت کە ئێمە لەبەردەم تەنها دوو بژاردەداین: یان ڕووخانی سیستەمەکە و گەڕانەوە بۆ ناو سروشت، یان مانەوە و بوون بە ڕۆبۆتێکی بێ‌ڕۆح کە تەنها بۆ خزمەتی کارایی (Efficiency) سیستەمەکە ئەژی.
​کەواتە، مەسەلەکە ئەوەیە کە کێزنسکی مەترسییەکە لە گۆڕینی ماهییەتی مرۆڤدا ئەبینێت، ئەو ئەڵێت سیستەم بۆ ئەوەی بەردەوام بێت، پێویستی بەوەیە ڕەفتاری مرۆڤەکان "پێشبینیکراو" بێت، تۆ ناتوانیت لەناو شارێکی تەکنەلۆژیدا مرۆڤێکی ئازاد و کێویت هەبێت، چونکە ئەو مرۆڤە زیان بە کارایی سیستەمەکە ئەگەیەنێت، کەواتە سیستەمەکە ناچارە لە ڕێگەی "ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی" و دەرمانی دەروونی و پەروەردەوە، مرۆڤ "بشکێنێت" تاوەکو جێگەی لە ناو قەفەزەکەدا ببێتەوە. 
؛
کێزنسکی ئەم کتێبەی نووسی چونکە تێگەیشتبوو کە "چاکسازی" مەحاڵە؛ تۆ ناتوانیت داوای تەکنەلۆژیایەکی "میهرەبان" بکەیت، چونکە تەکنەلۆژیا وەک زیندەوەرێک وایە کە یاسای گەشەی خۆی هەیە و گوێ بە بەها ئەخلاقی و مرۆییەکان نادات، ئەو ویستی ڕووی ڕاستەقینەی ئەم زیندانەمان نیشان بدات کە ئێمە ناومان ناوە "شارستانیەت"، لە کاتێکدا تەنها کۆیلایەتییەکی ڕێکخراوە.

بۆیە، تێد کێزنسکی لە کتێبی "کۆیلایەتیی تەکنەلۆژی"دا، دەست ئەخاتە سەر ئەو برینە قوڵەی کە حەداثەی تەکنەلۆژی بەسەر مرۆڤایەتیدا هێناویەتی. پێمان ئەڵێت کە ئێمە لەناو پێشکەوتنی تەکنەلۆژیدا نەبووین بە خودایەک، بەڵکو بووین بە کۆیلەیەکی بێ‌ دەسەڵات کە تەنانەت هەناسەدانیشمان بەستراوەتەوە بەو مەکینە زەبەلاحەی کە ناوی سیستەمی پیشەسازییە. گەشت بەناو فکری تێد کێزنکسکی چەندان وتاری تری پێویستە، بەڵام ئەمڕۆ تەنها کورتەی ئەو کۆمەڵە باسە دەخەینە پێشتان کە لە کتێبی "کۆیلایەتیی تەکنەلۆژی"دا باسی لێوە کردووە. 



یەکەم : پرۆسەی دەسەڵات و تەکنەلۆژیا

کێزنسکی دەڵێت : کێشە سەرەکیەکە لە سیستەمی تەکنەلۆژی دا، لە تێکچوونی پڕۆسەی دەسەلات (The Power Process) دەست پێ ئەکات. پرۆسەی دەسەڵات (یان هێز) کێزنسکی وەک بناغەی دەروونیی مرۆڤ ئەیبینێت. مرۆڤ لە فیترەتدا بۆ ئەوە دروست کراوە کە ئامانجی هەبێت و بە "هەوڵی خۆی" بۆی تێبکۆشێت و پێی بگات، ئەمەیە کە سەربەخۆیی و جێگیریی دەروونی پێ ئەبەخشێت. واتا پێویستە هەر تاکێک، بەهێزی بازووەکانی "خواردن" بەدەست بێنێت، خانوەکەی بڕازێنێتەوە. دەنا پرۆسەی کڕین و فرۆشتنی ڕووت، بەها لە باسەکاندا بەتاڵان دەبات، بۆ سیستەمێکی ئابووری ئاڵۆز کە کڕین و فرۆشتن، هیچ چێژێکی جەستەیی "ئیفۆری" (euphoria)ـی تێدا نامێنیت. ئەمەش وادەکات، بەدەستهێنانی سەروەت و ماڵ و هەموو کایە ماددیەکان بێ مانا بن و هیچ ئاسوودەییەکی دەروونی بە مرۆڤ نەبەخشێت. 


وەکو دەبینن سیستەمی مۆدێرن ئەم پڕۆسەیەی کوشتووە. ئێستا سیستەم هەموو شتێکت بۆ دابین ئەکات. نان، ئاو، گەرمی، پاراستن.... تۆ تەنها ئەبێت وەک پارچەیەکی بچووک لەو مەکینە گەورەیەدا ئیش بکەیت و هەموو شتێکت بە حازری بۆ بێت.... ئەمە وای کردووە مرۆڤ هەست بە بێماناییەکی قوڵ بکات، چونکە چیتر "سەربەخۆ" نییە. ئازادی پرۆسەی ژیانی لێسەندراوەتەوە کراوەتە "بیوقراتیکی پووچ". بۆ ئەوەی ئەم بێماناییە بشارێتەوە، مرۆڤی حەداثە پەنا ئەباتە بەر ئەوەی کێزنسکی پێی ئەڵێت "چالاکییە جێگرەوەکان" (Surrogate Activities). واتا مرۆڤانێک مێشکی خۆیان بە یاریی ڤیدیۆیی، وەرزشی پیشەگەرانە، کۆکردنەوەی پارەی زۆر، یان توێژینەوەی زانستیی ئەوەندە ورد کە هیچ سوودێکی بۆ ژیانی ڕاستەقینە نییە، خەریک ئەکەن تەنها بۆ ئەوەی وەهمی "ئیشکردن"یان هەبێت.


ئەمە وەک ئەوە وایە ماسییەک لە ناو حەوزێکی بچووکدا بێت و بەردەوام مەلە بکات، وائەزانێت ڕاو ئەکات، بەڵام لە حەقیقەتدا تەنها خەریکی پڕکردنەوەی کاتە بۆ ئەوەی لە خەمۆکیدا نەمرێت.

کەواتە بۆمان دەرکەوت کە سیستەمی تەکنەلۆژی نوێ، مرۆڤ دەخورێنێ (Reduce)ـت، بۆ پارچە ئامێرێکی بچووک کە قیمەتێکی وجوودی نییە! بەڵکو تەنها بەهاکەی لە سیستەمەکەوە دێت. ئەو "ون" دەبێت لەناو سیستەمێک دا کە کەسایەتیەکەی کردەوەی بەهایەکی ڕاستەوخۆ (Instant Reward)ـی لێ قەتیس دەکات تا سەری مانگ. ئەو مرۆڤە هەست بە تواناکان و بەهای خۆی لە کۆمەڵگادا ناکات، مەگەر بە وردبوونەوە لە سیستەمێکی زەبەلاحی ئابووری. ئەگەر لێکۆڵینەوەشی لەو بابەتە هەبێت، دەبینێت ئەو وەکو ئەو منداڵە وایە کە پارەی دەخیلەکەی دەدات بە باوکی تا ئۆتۆمبێلی پێ بکڕێت.


ئەو پێوەرە بایۆلۆجی و دەروونییەیە کە تێد کێزنسکی پێمان ئەڵێت بەبێ ئەو مرۆڤ ئەبێتە "تەرمێکی جوڵاو"، مرۆڤی مۆدێرن وائەزانێت ژیانێکی شاهانەی هەیە... تەنها چونکە بەیانیان بە چەند دوگمەیەک قاوەکەی بۆ حازر ئەبێت و نانی بەیانییەکەی لەناو سەلاجەدایە... 

بەڵام کێزنسکی پێمان ئەڵێت ڕێک لێرەوە کارەساتەکە دەست پێ ئەکات، چونکە مرۆڤ بۆ ئەوە دروست نەکراوە هەموو شتێکی بە حازری بۆ بێت، بەڵکو پێویستی بەوەیە "هێزی خۆی" بەکاربێنێت بۆ گەیشتن بە پێداویستییەکانی، ئەگەر ئەم پڕۆسەیە تێکبچێت، ئیتر مرۆڤ تووشی بێمانایی، خەمۆکی و هەڵچوونی دەروونی ئەبێت، چونکە عەقڵ و جەستەی مرۆڤ بۆ "جەنگ و هەوڵدان" دیزاین کراوە، نەک بۆ دانیشتن لەناو ژوورێکی ئیسراحەتدا.



ئەم پڕۆسەیە پێمان ئەڵێت کە ژیان لە چوار قۆناغی بنەڕەتی پێک دێت کە ئەبێت مرۆڤ بە سەربەخۆیی تێیان بپەڕێنێت، یەکەمیان ئامانجە، بەڵام نەک هەر ئامانجێک، بەڵکو ئامانجێکی ڕاستەقینە کە پەیوەندی بە مانەوەوە هەبێت، وەک پەیداکردنی خۆراک و پەناگە، دووەمیان هەوڵە، واتە بەکارهێنانی توانای جەستەیی و عەقڵیی خۆت بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، سێیەمیان "گەیشتنە بە ئامانجەکە"، کە جۆرێک لە تێربوونی دەروونی و سەرکەوتنت پێ ئەبەخشێت، و چوارەمیان کە لە هەمووی گرنگترە "سەربەخۆیی" (Autonomy)ـە، واتە تۆ خۆت بڕیارت دابێت چۆن و کەی و بە چ ڕێگەیەک ئەو هەوڵە بدەیت، نەک کۆمەڵێک یاسا و سیستەم و بەڕێوەبەر پێت بڵێن چی بکەیت، لێرەدا نموونەی ڕاوچییەک و فەرمانبەرێک جیاوازییەکە ڕوون ئەکاتەوە، ڕاوچییەک بۆ ئەوەی نان بخوات، ئەبێت خۆی پلان دابنێت، خۆی ڕاو بکات، و خۆی بڕیار بدات، ئەو کاتەی کە ئاسکەکە ڕاو ئەکات، هەست بە "هێز" ئەکات چونکە خۆی کارەکەی کردووە، بەڵام فەرمانبەرێکی مۆدێرن، تەنها وەک "ڕۆبۆت" ئیش ئەکات، نانی بۆ دابین کراوە و هەموو کارەکانیشی بە یاسای سیستەمەکەیە، بۆیە هەرچەندە پارەی زۆریشی هەبێت، هەرگیز هەست بەو "هێزە" ناکات و هەمیشە هەست بە بێدەسەڵاتی ئەکات.


جیهانی مۆدێرن "پڕۆسەی هێزی ڕاستەقینە"ی کوشتووە، چونکە سیستەمەکە پێداویستییە بایۆلۆجییەکانی بۆ مرۆڤ گەرەنتی کردووە، کاتێک مرۆڤ پێویست نەکات بۆ نان و ئاو و پەناگە بجەنگێت، ئیتر عەقڵی تووشی جۆرێک لە "بەتاڵی" ئەبێت، بۆیە ناچارە پەنا بباتە بەر ئەوەی کێزنسکی پێی ئەڵێت "چالاکییە جێگرەوەکان" (Surrogate Activities)، وەڵا ئەم مۆدێرنانە وائەزانن وەرزشکردن لە "جیم" یان کۆکردنەوەی لایک لە سۆشیاڵ میدیا، یان یارییە ڤیدیۆییەکان ئامانجن. 

لە کاتێکدا ئەمانە تەنها "وەهمی ئامانج"ـن، تۆ تەنها جەستەی خۆت ماندوو ئەکەیت بەبێ ئەوەی هیچ بەرهەمێکی ڕاستەقینەت هەبێت بۆ ژیانت، ئەمە وەک ئەوە وایە شێرێک لە قەفەزدا بێت و گۆشتەکەی بدەنێ، ئەو شێرە لەبەر ئەوەی پڕۆسەی هێزی ڕاوکردنی لێ زەوت کراوە، دەست ئەکات بە هەڵسوکەوتی نامۆ و توندوتیژی، 

مرۆڤی مۆدێرنیش ڕێک ئاوایە... چونکە ناتوانێت هێزی خۆی بۆ مانەوە بەکاربێنێت، تووشی قەیرانی دەروونی ئەبێت و پەنا ئەباتە بەر حەپی دژە خەمۆکی، چونکە سیستەمەکە مانا و سەربەخۆیی لێ سەندۆتەوە.


لەوانەیە بڵێن : باشە ئەمە چۆن یەک دەگرێتەوە لەگەڵ ئامانجە باڵاکانی توراسییەکان؟ خۆ توراسییەکان شتێکی ماددیان ناوێت. بەڵکو دەیانەوێت بەهای عیرفانی بەدەست بێنن.

لە وەڵامدا دەڵێین : ئەمە ئەگەر وابزانین عیرفان تەنها خەیاڵاتە و پەیوەندیی بە واقیعی ژیانەوە نییە.... چونکە لای ئێمە، جەستە و جیهانی ماددی "ئامرازی" ڕۆحن.. تۆ ناتوانیت بگیتە "مانا باڵاکان" ئەگەر "فیترەت"ت شێوێندرابێت و بوبیتە پارچەیەک لە مەکینە.


​پڕۆسەی هێز لای ئێمە ناوی ئیرادە و جیهادە، مرۆڤ ئەبێت بە دەستی خۆی و بە ئارەقەی نێوچەوانی کار بکات، چونکە "پیشە" ڕێگەیەکە بۆ تێگەیشتن لە "خالق"، کاتێک تەکنەلۆژیا هەموو شتێک ئەکاتە "ئاسان و حازر"، لە ڕاستیدا ئیرادە لای مرۆڤ ئەکوژێت، و مرۆڤی بێ‌ ئیرادەش ناتوانێت ڕێگەی عیرفان ببڕێت، عیرفان پێویستی بە مرۆڤێکی "حەقیقی" هەیە کە لەناو سروشت و فیترەتدا بژی، نەک ڕۆبۆتێکی مۆدێرن کە تەنانەت نانی بەیانییەکەشی لە دەستی خۆیدا نییە، بۆیە "پڕۆسەی هێز" زەروورەتێکی میتافیزیکییە... چونکە تەنها مرۆڤی سەربەخۆ ئەتوانێت بڕیاری سوجدە بردن بدات، نەک ئەو کۆیلەیەی کە سیستەمەکە عەقڵی کۆنتڕۆڵ کردووە.

دووەم: ئازادی و کۆیلایەتی تەکنەلۆژی

ئەوەی پێی ئەوترێت "ئازادی" لە جیهانی مۆدێرندا، تەنها سەفسەتەیەکی یاساییە. کێزنسکی بە جوانی جیاوازی ئەکات لە نێوان "مافی یاسایی" و "ئازادی ڕاستەقینە" (Autonomy). ئازادی ئەوە نییە دەوڵەت ڕێگەت بدات دەنگ بدەیت یان جلوبەرگت هەڵبژێریت، ئازادی ئەوەیە کە تۆ سەربەخۆ بیت لەو سیستەمە. ئەگەر تۆ بۆ ئاو و کارەبا و خۆراک و دەرمان بەستراویتەوە بە کۆمپانیا زەبەلاحەکان و حکومەت، کەواتە تۆ ئازاد نیت. ئەگەر کارەباکە ببڕێت یان سیستەمەکە بڕیار بدات نانت نەدات، تۆ ئەفەوتێیت. ئەمە ناوی کۆیلایەتییە نەک ئازادی. کەواتە لەسەر ئەم بنەمایە: ئازادی بریتیە لە خۆییبوون و ئەصاڵەت (Originality) لە کارەکانی پەیوەست بە ژیانتەوە. لەکاتێکدا، مافە یاساییەکان تەنها "نوسراو"ێکن. 

ئەو مافە یاساییانە مرۆڤ زیاتر و زیاتر پەیوەست دەکەن. بە واتایەکی تر زیاتر مرۆڤ پشتی پێ دەبەستێت. ئەمەش مانای کەمبوونەوەی سەربەخۆیی مرۆڤە و زیادبوونی کۆت و بەندە ڕێکارەییەکان. بۆ ئەوەی مرۆڤی مۆدێرن پارچە زەوییەکی هەبێت، پێویستە جگە لە ڕێکارە ئابووریەکان، ڕێکارە یاساییەکانیش وەکو خۆی جێبەجێ بکات. لەدوای بەدەستهێنانی ئەم ڕێکارانە، پێویستە دانەبڕێت لە سیستەمێکی زەبەلاح کە پارێزگاری لێدەکات. ئەگینا پێچەوانەکەی ڕوودەدات، سیستەمەکە داگیری دەکات و زاڵ دەبێت بەسەری دا. 


لێرەوەیە کە دەڵێت، تەکنەلۆژیا وەک زیندەوەرێکی خۆسەر (Autonomous Technology) وایە کە چیتر لەژێر کۆنتڕۆڵی مرۆڤدا نییە. ئەو تەنها یەک یاسا ئەناسێت، ئەویش "کارایی" (Efficiency)ـیە. هەر شتێک سوودی بۆ گەشەی تەکنەلۆژیا نەبێت، لای ئەبات. تەنانەت ئەگەر ئایین بێت، ئەخلاق بێت، یان شکۆی مرۆیی بێت.



کەواتە سیستەمەکە مرۆڤی وەک خۆی ناوێت، بەڵکو مرۆڤێکی ئەوێت کە بە ئاسانی "بار بکرێت" (Conditioning). کە ئەم بیرۆکانە دواتر ڕوونتر دەبێتەوە بۆت. بۆیە لە ڕێگەی پەروەردە و ڕاگەیاندن و تەنانەت دەرمانی دەروونییەوە، مرۆڤ ڕادەهێنن کە لە ناو قەفەزەکەدا بێدەنگ بێت. ئەگەر خەمۆکیت هەبێت چونکە ژیانت بێمانایە، سیستەمەکە نایەت مانا بۆ ژیانت پێ بناسێنێت، بەڵکو حەپێکی دژە خەمۆکیت ئەداتێ بۆ ئەوەی بێدەنگ بیت و بەردەوام بیت لە کارکردن بۆ سیستەمەکە.

کاتێک سیستەم ڕێگەت ئەدات جۆری قاوەکەت یان ڕەنگی جلی ژێرەوەت هەڵبژێریت، رەنگە مرۆڤ وابزانێت ئازادیت پێ بەخشیوە، بەڵام لە حەقیقەتدا تۆ لەناو زیندانێکی گەورەدایت کە هەموو کونی دیوارەکانی بە تەکنەلۆژیا گیراوە.


کێزنسکی دەست ئەخاتە سەر جەرگەی کێشەکە: ئازادی (Autonomy) یانی "سەربەخۆیی"، نەک "مۆڵەت وەرگرتن".


ئەگەر تۆ بۆ نان و ئاو و گەرمی و تەنانەت بۆ پاراستنی ناموست پێویستت بە پۆلیس و کۆمپانیا و سیستەمی بانکی هەبێت، کەواتە تۆ سەربەخۆ نیت. تۆ تەنها کۆیلەیەکی مۆڵەتپێدراویت. ئەگەر سبەینێ مەکینە گەورەکە بوەستێت، تۆ ناتوانیت بۆ یەک ڕۆژیش خۆت بەخێو بکەیت. ئەمە ئەو بێ‌ڕەگییەیە کە حەداثە بەسەر مرۆڤیدا هێناوە.... مرۆڤێکی دروست کردووە کە بەبێ "دوگمە" و "پلاک" هیچ نییە.


کاتێک تۆ لەناو ئەم ژیانە دەستکردەدا هەست بە "پوچی" و "تەنیایی" ئەکەیت، سیستەمەکە پێت ناڵێت کە ژیانت لە قەفەزدایە، بەڵکو پێت ئەڵێت "ماددەکانی مێشکت لاسەنگ بوون". ئەمە یانی چی؟ یانی پزیشکیی دەروونی و حەپە کیمیاییەکان بوون بە "پۆلیسی ناوەکی" بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن مرۆڤ دژی ئەم زیندانە بوەستێتەوە. ئەگەر تۆ ئازاری ڕۆحت هەبێت چونکە لە فیترەتی خۆت دابڕاویت، ئەوان ناوی لێ ئەنێن "نەخۆشی"، تەنها بۆ ئەوەی بێدەنگت بکەن و بتگەڕێننەوە سەر کارەکەت تاوەکو بەردەوام بیت لە سووتاندنی تەمەنت بۆ بەرژەوەندیی مەکینەکە.

ئەمە ئەو دۆخەیە کە کێزنسکی پێی ئەڵێت "بارکردنی مرۆڤ" (Conditioning).. گۆڕینی مرۆڤ لە بکەرێکی ئازادەوە (بەمانای ویستنی ئەوەی کە دەیەوێت بیکات و بە سەربەخۆیی بیکات) بۆ مەخلوقێکی دەستەمۆ کە تەنها لە ڕێگەی "فێربوون" و "دەرمان"ـەوە لەناو قەفەزەکەدا ڕاگیراوە.


کێزنکسکی پێمان دەڵێت : ئەم مەکینە زەبەلاحەی کە ناوی "سیستەمی پیشەسازی"یە، هیچ ڕێگەیەک بۆ "چاکسازی" ناهێڵێتەوە. ئەگەر پێت وابێت ئەتوانیت تەنها لایەنە "باشەکان"ی تەکنەلۆژیا هەڵبژێریت و لایەنە خراپەکانی فڕێ بدەیت. ئەوە بزانە کە تەکنەلۆژیا سیستمێکی یەکگرتووە. یەک پاکێجە، یان دەتەوێ یان ناتەوێت. 


ئەگەر مۆبایلت ئەوێت، ئەبێت سیستەمی چاودێری و کارگەی کیمیایی و وێرانکردنی ژینگەت قبوڵ بێت. تۆ ناتوانیت ئۆتۆمبێلت هەبێت بەبێ ئەوەی سیستەمێکی جیهانیی نەوت و جادە و یاسای توندت هەبێت کە ئازادیی جوڵەت لێ زەوت بکات.


وەکو باسمان لەوەکرد تەکنەلۆژیا هەمیشە وەک زیندەوەرێکی خۆسەر (Autonomous) کار ئەکا....

ئەو پێویستی بە تۆ نییە بۆ ئەوەی بڕیار بدات، بەڵکو ئەو "زەروورەتی تەکنیکی" ئەسەپێنێت. هەر پێشکەوتنێکی نوێ، کۆمەڵێک کۆت و زنجیری نوێی بەدواوەیە کە مرۆڤ ناچار ئەکات شێوازی ژیانی بگۆڕێت تاوەکو لەگەڵ مەکینەکەدا بگونجێت. ئیتر مرۆڤ لێرەدا "هیچ" نییە، بەڵکو تەنها پاشکۆیەکی بێ‌ مانایە.


​ئەوەی ئەم کارەساتە قوڵتر ئەکاتەوە، ئەو شتەیە کە کێزنسکی پێی ئەڵێت "چالاکییە جێگرەوەکان" (Surrogate Activities). وەکو پێشتر باسمان کرد، ئەم مەترسیە لەبەر ئەوەی پڕۆسەی هێزی ڕاستەقینە (جەنگ بۆ مانەوە) نەماوە، مرۆڤی مۆدێرن تووشی بەتاڵی بووە. بۆ پڕکردنەوەی ئەم بەتاڵییە، سیستەمەکە کۆمەڵێک کایەی دەستکردی بۆ دروست کردووە؛ وەرزشی پیشەگەرانە، کۆکردنەوەی لایک لە سۆشیاڵ میدیا، ململانێی سیاسیی بێمانا، و چوونە ناو وردەکاریی زانستیی بێ‌ سوود. ئەمانە هەمووی مەمکەمژەن بۆ ئەوەی مرۆڤەکە ژیانی خۆی بیر بچێتەوە. تۆ تەنها جەستە و مێشکت ماندوو ئەکەیت بەبێ ئەوەی هیچ بەرهەمێکی ڕاستەقینەت بۆ "سەربەخۆیی" خۆت هەبێت. کەواتە ، وەهمی سۆشیاڵ میدیا و قازانجە دیجیتاڵییەکان وا لە مرۆڤ دەکات سەرخۆش بێت، ئاهەنگ بۆ هاوسەرگیریەکی ساختە بگێڕێت. چیتر واقیع و خەیاڵ لێک جیا نەکاتەوە و وردە وردە بەرەو تێپەڕاندنی مرۆیی (Transhumanism) بڕوات. 

کەواتە : 

1- سیستەمەکە چاک ناکرێت. 
2- سیستەمەکە مانای ڕاستەقینە دەشارێتەوە. 
3- سیستەمەکە ڕێگە بە هەبوونی دژەکەی نادات. 


​لێرەدا دەگەینە دەرەنجامە توندەکەی کێزنسکی: هیچ گۆڕانکارییەکی "سیاسی" یان "هەڵبژاردن" ناتوانێت ئەم دۆخە چاک بکات. بۆ؟ چونکە هەموو سیاسییەکان، چەپ و ڕاست، کۆیلەی یاسای "کارایی"ـن. ئەوان تەنها دەیانەوێت مەکینەکە باشتر ئیش بکات. ئەگەر وانەکەن، ئەوە خودی کردەوە سیاسیەکانیان بریتی دەبێت لە "نا-سیاسی"(Anti-politicalism) بوون. ئەمەش وادەکات دەسەڵاتیان بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگادا شلۆق ببێت و ڕێگە خۆشبکات بۆ شۆڕشە سیاسیەکان، کە دەبێتە هۆی لەناوچوونی خۆیان. 


 کەواتە، تەنها چارەسەر لای کێزنسکی، شۆڕشێکی گشتگیرە دژی خودی سیستەمی پیشەسازی. ئامانجی ئەم شۆڕشە گرتنی دەسەڵات نییە، بەڵکو تێکشکاندنی مەکینەکەیە. تێکشکاندنی هێڵەکانی کارەبا، کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان و کارگەکان، تاوەکو سیستەمەکە بەیەکجاری بڕوخێت و مرۆڤ ناچار بێت بگەڕێتەوە ناو سروشت.

کێزنسکی پێمان ئەڵێت: "ئەگەر دەتەوێت ئازاد بیت، ئەبێت ئامادە بیت بە دەستی خۆت نان پەیدا بکەیت و ڕووبەڕووی مەترسییەکانی سروشت ببیتەوە، نەک لەناو ئەم زیندانە پۆڵایینەدا پیر بیت".


سێیەم : مەحاڵبوونی نێوەندگیری


وەکو باسمانکرد، چاکسازی لە تەکنەلۆژیادا "مەحاڵە". تۆ ناتوانیت تەنها لایەنە باشەکانی تەکنەلۆژیا هەڵبژێریت و لایەنە خراپەکانی فڕێ بدەیت. تەکنەلۆژیا سیستمێکی یەکگرتووە. ئەگەر مۆبایلت ئەوێت، ئەبێت سیستەمی چاودێری و کارگەی کیمیایی و وێرانکردنی سروشتت قبوڵ بێت.

موبایل لە کوێوە دێت؟ لە قۆرغکردنی سروشت و لابردنی سەرچاوە سروشتیەکان و گۆڕینیان. ناکرێت موبایلێکت بوێت بەبێ ئەوەی ئاسن و سلیکۆن و کارەبا قۆرغ بکەیت. ناتوانی موبایلێکت هەبێت، لەهەمان کاتدا سیستەمی پەیوەندی کردن و تاوەرەکان ڕەت بکەیتەوە. ئۆتۆمبێل بەهەمان شێوە. ئەگەر ڕێگە و جادە وبان نەبێت، سیستەمی نەوت و پیشەسازی نەبێت، قۆرغکردن و تێکدانی سروشت نەبێت. ناکرێت ئەم ئۆتۆمبێلە "هەبێت". 

ئەوەش دەبێ بزانین، هیچ یاسایەک ناتوانێت ڕێگری لە گەشەی تەکنەلۆژیا بکات، چونکە تەکنەلۆژیا هەمیشە بەهێزترە لە یاسا. لێرەدا کێزنسکی بە توندی هێرش ئەکاتە سەر "چەپڕەوە مۆدێرنەکان" (Modern Leftists) و پێی وایە ئەمانە وەک پارێزەری سیستەم کار ئەکەن. ئەوان خەریکی کێشەی بچووکی ناو سیستەمەکەن (وەک مافی کەمایەتییەکان یان یەکسانیی ڕووکەش)، بەڵام هەرگیز داوای ڕووخانی بنەڕەتی تەکنەلۆژیا ناکەن. ئەمانە تووشی "هەستی کەمی" و "کۆمەڵایەتیبوونی زیادەڕۆ" بوون و تەنها دەیانەوێت سیستەمەکە کەمێک میهرەبانتر بێت لەگەڵیان، نەک ئازاد بن لێی.


ئەم وێرانکارییەی کە تەکنەلۆژیا بەسەر سروشتیدا هێناوە، بە هیچ شتێک ناوی "تەکنەلۆژیای سەوز" یان "پەرەپێدانی بەردەوام" چاک نابێتەوە. ئەم وشانە تەنها بۆ فریودانی خەڵکە. تەکنەلۆژیا بە سروشتی خۆی دژی ژینگەیە، چونکە پێویستی بە وزە و سەرچاوەی بێ پایان هەیە. تاکە ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی سروشت، گەڕانەوەیە بۆ ژیانی کێوی.

کێزنسکی لێرەدا زۆر جدییە... ئەو ئەڵێت چاوەڕێی گۆڕانی سیاسی و هەڵبژاردن مەکەن، چونکە ئەمانە هەمووی یاریی سیستەمەکەن. چارەسەر تەنها "شۆڕش"ـە. بەڵام نەک شۆڕش بۆ گرتنی کورسیی دەسەڵات، بەڵکو شۆڕش بۆ تێکشکاندنی کارگەکان، هێڵەکانی کارەبا، و بنکە تەکنەلۆژییەکان. ئامانجەکە ئەوەیە سیستەمەکە بەیەکجاری بڕوخێت تا مرۆڤ بگەڕێتەوە ناو سروشت و دووبارە پڕۆسەی هێزی ڕاستەقینە دەست پێ بکاتەوە.


ئێمە دەڵێین : ئەم کێشەیە دەچێتەوە سەر لەدەستدانی "فیترەت". مرۆڤ بۆ ئەوە دروست نەکراوە لە ژوورێکی چواردیواردا بەرامبەر شاشەیەک دابنیشێت و بە چەند دوگمەیەک هەموو شتێکی بۆ بێت. ئەمە مرۆڤ ئەکاتە مەخلوقێکی "مومسەخ" کە نە ڕۆحی ماوە و نە ئیرادە. تەکنەلۆژیا جیهانێکی "دەستکرد"ی دروست کردووە کە هیچ ڕەگێکی لە حەقیقەتدا نییە. مرۆڤ کاتێک لە سروشت دائەبڕێت، لە خوداش دائەبڕێت، چونکە سروشت ئایەت و نیشانەی ئیلاهییە. گۆڕینی سروشت بۆ مەکینە، کوشتنی مانا پیرۆزەکانە لە ناو ژیانی مرۆڤدا. ڕزگاری تەنها لەوەدایە کە مرۆڤ ئەو زنجیرە تەکنەلۆژییە بپچڕێنێت و بگەڕێتەوە بۆ ئەو ژیانە سەختەی کە تێیدا ئیرادەی خۆی بەکار دێنێت، چونکە تەنها لەو سەختییەدا مرۆڤ ئەبێتەوە بە مرۆڤ. تەکنەلۆژیا وەک ماددەی هۆشبەر وایە، لە سەرەتادا ئاسودەیی ئەداتێ، بەڵام لە کۆتاییدا ئەتکات بە کۆیلە و هەموو شتێکت لێ ئەسێنێتەوە.


لە دەرئەنجامدا دەڵێین کە : مۆدێرنیتە و تەکنەلۆژیا نەک هەر پێشکەوتن نین، بەڵکو "دواکەوتنی ڕۆحی" و "کۆیلایەتیی جەستەیی"ـن. تێد کێزنسکی پێمان ئەڵێت کە ئێمە لە ناو زیندانێکی گەورەداین کە دیوارەکانی لە سیلیکۆن و پۆڵا دروست کراون. هەر هەوڵێک بۆ مانەوە لە ناو ئەم سیستەمەدا، تەنها تەمەنی کۆیلایەتییەکەمان درێژ ئەکاتەوە. 


حەقیقەت لە دەرەوەی ئەم قەفەزەیە، لەو شوێنەی کە مرۆڤ بە دەستی خۆی نانی خۆی پەیدا ئەکات و بە عەقڵی خۆی بڕیار لەسەر ژیانی ئەدات، نەک لەو شوێنەی کە ئالگۆریتمەکان پێی ئەڵێن چی بخوات و چی بڵێت و چۆن بیر بکاتەوە.


پاشکۆ : بەرەو "شۆڕشێکی" عیرفانی 


تێد کێزنسکی پیاوێکی زیرەک بوو، توانی بە وردی دەست بخاتە سەر برینە دەروونییەکانی مرۆڤی مۆدێرن و تێبگات کە تەکنەلۆژیا قەفەزێکی پۆڵایینە، بەڵام کێشەی کێزنسکی لێرەدا بوو: ئەو نەخۆشییەکەی دۆزییەوە بەڵام چارەسەرەکەی بە هەڵە نووسی.

کێزنکسکی پێی وابوو بە تێکشکاندنی کارگەکان و تەقاندنەوەی هێڵەکانی کارەبا ئەتوانێت مرۆڤ ڕزگار بکات، ئەمە تەنها وەهمێکی "ماددییانە"یە. کێزنسکی نەیئەزانی کە تۆ ناتوانیت بە چەک و تەقەمەنی ڕووبەڕووی سیستەمێک ببیتەوە کە خۆی چەک و تەقەمەنیی دروست کردووە. 


ئەمڕۆ سیستەمی سەربازی و هەواڵگریی مۆدێرن بە جۆرێک داڕێژراوە کە هەر هەوڵێکی "تێکدەرانە" پێش ڕوودانی ئەخنکێنێت. درۆنەکان، ئالگۆریتمەکانی چاودێری و سیستەمی کۆنتڕۆڵی تەواو، وایان کردووە کە شۆڕشی فیزیکی دژی مەکینە ببێتە مەحاڵێکی عەقڵی. هەر کەسێک وائەزانێت بە شکاندنی مەکینەیەک ڕزگاری ئەبێت، نەیئەزانی کە مەکینەی سەرەکی لە ناو عەقڵی مرۆڤەکاندایە، نەک لە دەرەوە.
لێرەدا پێویستمان بە "گۆڕینی دیدگا" هەیە. 


مرۆڤە باڵاکان، ئەو عاقڵانەی کە ناویان لێ ئەنێین "نوخبەی مەعریفی"، نابێت وەک کێزنسکی بکەونە ناو تەڵەی توندوتیژیی فیزیکییەوە. پێمان وایە ئەمە تەنها تەکەلوفە ئەگەر پێت وابێت بە کوشتنی فیزیازانێک یان کۆمپیوتەرێک حەداثە کۆتایی دێت.

حەداثە بەر لەوەی مەکینە بێت، "نەفسییەت"ـە. گۆڕینی دیدگای مرۆڤە باڵاکان بەرامبەر مۆدێرنەتە ئەبێت لە ڕەتکردنەوەی جەستەییەوە بگۆڕێت بۆ ڕزگاربوونی ڕۆحی. ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێکە کە مەکینە تێک نەشکێنێت، بەڵکو بایەخی مەکینە لە ناو دڵ و عەقڵدا وێران بکات. مرۆڤی باڵا ئەو کەسەیە کە لەناو جەرگەی مۆدێرنەتەدا ئەژی، بەڵام یەک زەرە لە "پوچگەرایی" و "کۆیلایەتیی تەکنەلۆژی" ناچێتە ناو ڕۆحییەوە.


 کێزنسکی تەنها سەیری "پڕۆسەی هێز"ی بایۆلۆجی ئەکرد (Bio-survival)، بەڵام ئێمە پێویستمان بە گەڕاندنەوەی ڕۆحە بۆ ناو ئەم سەردەمە وشکە. مرۆڤ بۆ ئەوە دروست نەکراوە تەنها وەک ڕاوچییەک بۆ نان بجەنگێت، بەڵکو بۆ ئەوە دروست کراوە کە وەک خەلیفەیەک لە ناو گەردووندا مانا بدۆزێتەوە.


 "پڕۆسەی هێز" لای کێزنکسکی زۆر سادە و ماددی بوو. ئەو وایئەزانی ئەگەر مرۆڤ خۆی نانی خۆی ڕاو بکات ئیتر تەواو، بەڵام نەیئەزانی کە مرۆڤی بێ‌ خودا تەنانەت ئەگەر لە ناو ئەشکەوتیشدا بێت هەر کۆیلەیە. کۆیلەی حەز و وەهمەکانی خۆیەتی.

ئێمە پێویستمان بە گەڕاندنەوەی هەستکردن بە هێزی ڕۆحییە نەک تەنها هێزی ماسولکە. مۆدێرنەتە مرۆڤی کردووە بە بەکاربەرێکی بێ‌ ئیرادە، چارەسەرەکە ئەوە نییە کارگەکە بسووتێنیت، بەڵکو ئەوەیە کە تۆ چیتر پێویستت بەو کارگەیە نەبێت. کاتێک مرۆڤ دەگەڕێتەوە سەر "فیترەت" و تێئەگات کە ڕزقی لە دەستی خودایە نەک لە دەستی سیستەم، ئیتر سیستەمەکە هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر ڕۆحی ئەودا نامێنێت. ئەمە ئەو شۆڕشە عیرفانییەیە کە حەداثە لێی ئەترسێت. 

مرۆڤێک کە لە ناو مەکینەدایە بەڵام دڵی لای خودایە. ئەمە گەورەترین شکستی تەکنەلۆژیایە، چونکە تەکنەلۆژیا ئەتوانێت جەستەت کۆنتڕۆڵ بکات بەڵام ناتوانێت مانا لە ناو دڵتدا بکوژێت ئەگەر خۆت ڕادەست نەبیت.


لێرەدا دەگەینە گرنگترین خاڵ: گەڕاندنەوەی "پیشەسازیی پیرۆز" و "زانستی پیرۆز". ئەمە ئەو شوێنەیە کە مۆدێرنەکان لێی بێبەشن. زانستی مۆدێرن تەنها خەریکی "ژمارە" و "چەندێتی"ـیە، بەڵام زانستی پیرۆز سەیری ئایەت و نیشانە ئیلاهییەکان ئەکات لە ناو گەردووندا. کێزنسکی ڕقی لە زانست بوو چونکە تەنها وەک ئامرازی کۆنتڕۆڵ ئەیبینی، بەڵام زانست کاتێک پیرۆز ئەبێتەوە کە ببێتە پەردە لادان لەسەر جەمالی خودا. بە هەمان شێوە، پیشەسازیی پیرۆز یانی ئەوەی مرۆڤ بە دەستی خۆی شتێک دروست بکات کە نەک هەر سوودی هەبێت، بەڵکو "جوانی" و "مانا"شی تێدا بێت. صانع (دروستکەر) ڕەنگدانەوەی سیفەتی "الصانع"ـی خودایە. کاتێک تۆ بە دەست و بە ئیرادەی خۆت کارێک ئەکەیت، تۆ خەریکی "عایبادەت"ـیت. 


تەکنەلۆژیا ئەمەی کوشت چونکە هەموو شتێکی کرد بە "بەرهەمی بێ‌ ڕۆح"ی کارگە. شۆڕشی ڕاستەقینە ئەوەیە کە مرۆڤ بگەڕێتەوە سەر پیشە و جارێکی تر پەیوەندیی دەست و ڕۆحی زیندوو بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر لە ناو دڵی ئەم جیهانە پیشەسازییەشدا بێت.


 ئەمە هەڵهاتن نییە لە واقیع، بەڵکو گۆڕینی واقیعە لە ناوەوە. حەداثە جیهانێکی تاریک و ڕەقی دروست کردووە، بەڵام عیرفان فێرمان ئەکات کە "تیشکێک" هەیە لە ناو هەموو زەرەیەکدا. کێزنسکی وایئەزانی بە تێکدانی شێوەی دەرەوەی جیهان، جەوهەرەکە ڕزگار ئەبێت، بەڵام نەیئەزانی کە تۆ ئەبێت سەرەتا جەوهەرەکە ڕزگار بکەیت تاوەکو شێوەکە کارت تێ نەکات. 


شۆڕشی تێکدەرانە تەنها تووڕەیی و خوێنی لێ شین ئەبێت، بەڵام شۆڕشی عیرفانی نور و سەربەخۆیی ڕاستەقینە بەرهەم ئەهێنێت. مرۆڤی مۆدێرن ئەگەر هەزار مەکینەش بشکێنێت، هەر کۆیلەیە مەگەر ئەوەی پێویستییەکانی نەفسی خۆی بشکێنێت. گەڕاندنەوەی زانستی پیرۆز واتە تێگەیشتن لەوەی کە هەموو یاسایەکی فیزیکی، تەنها وەرگێڕانی ئیرادەی خودایە بۆ زمانی ماددە. کاتێک بەم چاوە سەیری دونیا ئەکەیت، ئیتر تەکنەلۆژیا ناتوانێت بتخاتە ناو کۆیلایەتی، چونکە تۆ سەرچاوەی هێزەکە ئەبینیت نەک تەنها ئامرازەکە.


شۆڕشەکەی کێزنسکی لەبەر دوو هۆکار شکستی هێنا: 

یەکەم، چونکە نەیئەزانی سیستەمی سەربازیی ئێستا هەر جوڵەیەکی توندوتیژ ئەکوژێت. 

دووەم، چونکە پڕۆسەی هێزەکەی تەنها ماددی بوو. شۆڕشی مرۆڤە باڵاکان شۆڕشی مەعریفە و عیرفانە. ئێمە ئەبێت بگەڕێینەوە سەر سەنتەرییەتی ڕۆح. لە جیاتی ئەوەی هەوڵ بدەین جیهانی مۆدێرن بڕوخێنین (کە ئێستا مەحاڵە)، ئەبێت جیهانێکی توراسی لە ناو جەرگەی مۆدێرنەتەدا بنیات بنێین.

ئەبێت پیشە و زانستەکانمان پیرۆز بکەینەوە و چیتر ڕێگە نەدەین تەکنەلۆژیا "مانا" مان بۆ دیاری بکات.

ئازادی ئەوە نییە مەکینە نەبێت، ئازادی ئەوەیە کە مەکینە نەتوانێت پێت بڵێت تۆ کێیت و بۆچی لێرەیت. ئەمە ئەو شۆڕشەیە کە هیچ درۆن و هەواڵگرییەک ناتوانێت بیوەستێنێت، چونکە ئەمە جەنگی ناو دڵە، و دڵیش تەنها لەژێر کۆنتڕۆڵی "خالق"ـەکەیدایە.