---

بۆچی بیر لە وەهمی پێشکەوتنی کولتووریی بێ‌ کۆتایی سەدەی بیستەم ناکەمەوە (وەرگێڕان)

گومانی تێدا نییە کە کولتووری باوی جەماوەری بە خێرایی گرنگی خۆی لەدەست دەدات، هۆکاری سەرەکی ئەمەش ئینتەرنێتە. بینەران بەسەر چەندین نیش [=خوو] و گرووپی بچووکدا دابەش بوون؛ سووڕی مۆدەکان خێراتر و خێراتر دێن و دەچن (تەقینەوەی میمە بێمانا و زۆرجار هەڕەمەکییەکانی پەیوەست بە "ڕزینی مێشک" Brain Rot یارمەتیدەری ئەم پێشهاتە بوون)؛ ساتەکانی فوڕصەی سەرکار و پیشە باوەکان زۆر کەم بوونەتەوە و ماوەی نێوانیان زۆر بووە (ڕەنگە یاریی سوپەربۆڵ دواین ڕووداوی ڕێکوپێکی کولتووری بێت کە ئەمریکییەکانی چینی ناوەند بتوانن بە ئاسوودەیی لە ئۆفیسدا باسی بکەن)؛ 

دەرگاوانە نەریتییەکانی وەک ڕەخنەگرە پیشەییەکان [ڕەخنەگرە پیشەییەکان ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەن کە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا کار دەکەن و کاریان هەڵسەنگاندن، شیکردنەوە و بڕیاردانە لەسەر بەهای هونەری و کولتووریی بەرهەمەکان وەک فیلم، مۆسیقا و کتێب، و وەک «دەڵاڵێکی مەعریفی» لە نێوان بەرهەمهێنەر و جەماوەردا ڕۆڵ دەگێڕن.] و بڵاوکراوە باوەکان [ـی سۆشیال میدیا] خەریکە بەسەردەچن و پێداچوونەوەی بێبەرامبەری بەکارهێنەرە نەشارەزاکان هێواش هێواش جێگەیان دەگرنەوە. 

ئەلگۆریتمەکانی پێشنیارکردنی ڤیدیۆ و پۆست بە ئاستێکی پێشبینینەکراو خەریکی کەسایەتی داتاشین و تایبەتکردنی خوو و ڕەفتارەکانی بەشداریکردنی کولتووریی خەڵکن؛ وە خاڵێکی تریش ئەوەیە، خەڵک بەردەوام بە شێوازێکی فرەکار و کەم‌سەرنجی ئەزموونی کولتووری دەنگی/بینراو دەکەن، بۆ نموونە گوێگرتن لە مۆسیقا لە کاتی سەیرکردنی بەرنامەیەکدا، یان سەیرکردنی فیلمێک لە کاتی گەڕان بەناو سۆشیال میدیادا لەسەر مۆبایلەکانیان، ئەمەش هێز و کاریگەری هەر بەرهەمێکی هونەری تاک سنوردار دەکات. ئینتەرنێت بەرپرسیارە لە نزیکەی هەموو ئەمانە.

لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە: ئایا ئینتەرنێت لادانێکی گەورە لەوەی پێشتر هەبوو پیشان دەدات؟ یان هاندەرێکە بۆ ئەو ڕەوتە گەورانەی کە پێشتر دەستیان پێکردبوو؟ [دژی بەرەوپێشچوونی پێشووە یان درێژکراوەی پێشووە] من پشتگیری بۆچوونی دووەم دەکەم، چونکە دیارترین تایبەتمەندیی ئینتەرنێت ئەوەیە کە یارمەتی ئاڵوگۆڕی زانیاری دەدات، وە داهێنانی میدیای ئەلیکترۆنیش لە بنەڕەتدا کاریگەریی گەورەکردنی زانیارییەکانی هەبوو، کە وایکرد فراوانییەکەی زیاتر بێت و بینەرەکانی گەورەتر بن. لەگەڵ ئەوەشدا توندترین ڕەخنەگرانی ئینتەرنێت بەم شێوەیە سەیری ناکەن. بۆ ئەوان، دۆخی ئاسایی کولتوور ئەو شتەیە کە لە سەدەی بیستەمدا دەیبینینەوە، و ئینتەرنێتیش خراپەکارە چونکە ئێمە لەو سەردەمە دوور دەخاتەوە. بێگومان ئەوان هەرگیز گلەییەکانیان بەم دەستەواژە ڕوونانە دەرنابڕن. ئەوان ڕاستەوخۆ ناڵێن "سەدەی بیستەم باشترین بوو"، هەر لەبەر ئەوەش گومانم هەیە کە ئاگاداری ئەوە بن کە سەدەی بیستەم تا چەندە تایبەت و نائاسایی بووە لە ڕووی پەیوەندی مرۆڤ بە هونەرەوە. وادیارە ئەو ڕەخنەگرانە ئەزموونەکانی سەردەمی منداڵیی خۆیان (بە زۆری لە هەشتاکان یان نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا) وەردەگرن و بەسەر مێژوودا دەیسەپێننەوە، وەک ئەوەی ئەزموونی کەسیی خۆیان گوزارشت بێت لەوەی کە بەشداریکردنی کولتووریی هەمیشە چۆن کاری کردووە. ئەگەر ئەوە ڕاست بووایە، ئەوا ئەو کارەی ئێستای ئینتەرنێت زۆر لادەرانە و نائاسایی دەبوو.

بۆیە ئەم بابەتە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر ئەو مژارە دەبێت، چونکە من پێم وایە تەقینەوەی زانیاری لە سەدەی بیستەمدا کۆمەڵێک پێشبینی و چاوەڕوانیی کولتووریی دروستکردووە کە پێشتر هەرگیز بوونیان نەبووە، وە پێشم وایە ئەم پێشبینییانە لە مێشکی توندترین ڕەخنەگرانی ئینتەرنێتدا ماونەتەوە. ئەوان درک بەوە ناکەن کە بیروباوەڕەکانیان سەبارەت بە کولتوور تا چەندە نوێیە، هەروەها درک بەوە ناکەن کە چەندە نامۆ دەبوو بۆ نمونە، بۆ پارێزەرێک یان بازرگانێکی سەدەی هەژدەهەم، چ جای بگاتە کەسێکی سادە و ئاسایی. من بەتەواوی لەگەڵ ڕەخنەگرتندام لە ئینتەرنێت، و ئەگەر دەبێت بکرێت، با بیکەین. بەڵام ئەگەر بڕیارە بیکەین، پێویستە پشت بە پێشەکییەکی باش هەڵبژێردراو ببەستین. خراپترین پێشەکی کە پشتی پێ ببەسترێت ئەوەیە پێمان وابێت گەشەسەندنی کولتووریی هەمیشە بە هەمان شێوە کاری کردووە؛ کە شارستانیەتی ڕۆژئاوا هەمیشە "پێشکەوتووە" بەپێی پرۆسەیەک کە ئینتەرنێت ئێمەی لێ دابڕاندووە. لە ڕاستیدا، ئینتەرنێت ئێمەی تەنها لە مۆدێلێکی ئینتیمای کولتووری دابڕاندووە کە هەر لە بنەڕەتەوە بڕیار نەبوو بۆ هەمیشە بمێنێتەوە.

لە ساڵی ١٩٣٤، ئیزرا پاوەند کۆمەڵە وتارێکی لە بەرگێکدا بە ناوی "نوێی بکەرەوە" بڵاوکردەوە. هەرچەندە ناوەکەی بەو دروشمەوە گرێ دراوە، و زۆری نەخایاند ئەو دروشمە بوو بە بانگەوازێکی ئاشکرا بۆ داهێنان و تازەگەریی مۆدێرنیستەکان، بەڵام خۆی بیرۆکەکەی دانەهێنابوو. ئەو لە فەرمانڕەوایەکی دێرینی فیۆداڵی چینییەوە وەریگرتبوو کە ناوی (پاشا تانگ لە بنەماڵەی شانگ) بوو، وتەکەش لە بەرگێکەوە وەرگیرابوو کە لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسی ناسراو، ئێرنێست فینۆلۆساوە وەرگێڕدرابوو. ئەگەر بتەوێت کرۆکی مۆدێرنیزم تێبگەیت — نەک تەنها لە ئەدەبدا، بەڵکو لە هەموو هونەرەکاندا — ئەوا وتەکە و ئەو ڕێگەیەی کە پاوەند پێی وەرگرت لە یەکتر جیا ناکرێنەوە. 

فینۆلۆسا باشترین شارەزای زمان و کولتووری چینی نەبوو، چونکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە زمان و ئەدەبی ژاپۆنیدا ڕاهێنرابوو، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوە لەسەر کولتوورە دێرینەکانی ڕۆژهەڵات بەتەواوی پسپۆڕی و تایبەتمەندی وەرنەگرتبوو. وشەی "ڕۆژهەڵاتناس" هێشتا نەبووبووە ناووناتۆرەیەک بۆ هێرشکردنە سەر چەقییەتی نەژادیی ڕۆژئاواییەکان، و مێژوونووسە ڕۆشنبیرەکان بە خۆشحاڵییەوە خۆیان بەو ناوە دەناساند. گومانی تێدا نییە کە "ڕۆژهەڵات" پۆلێنکردنێکی زۆر فراوانە بۆ هەر گشتاندنێکی ئەکادیمیی مانادار، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە زانیاریی قووڵ سەبارەت بە ڕۆژهەڵات تازە خەریک بوو لە ڕۆژئاوادا دەرگاکانی دەکرایەوە، بۆیە دەبوو ئەو زاراوەیە بەکاربهێنرێت. ئەگەر تۆ ڕۆژئاواییەک بوویتایە و ئارەزووی چینی فیۆداڵیت هەبووایە، ئەوا ئارەزووی شتێکت دەکرد کە تازە خەریک بوو لێی تێدەگەیشتن.

کەواتە، ئیزرا پاوەند و وتەکەی "نوێی بکەرەوە"مان هەیە. ئەو دەچێتە سووچە نەزانراوەکانی ڕابردووەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو بیرۆکانەی کە ئاراستەی داهاتوو دیاری دەکەن، و ئەم ئایرۆنیایەش [واتا قەشمەری] لەلای ئەو یان هیچ کەسێکی تر شاراوە نەبوو. ڕۆحیەتی مۆدێرنیزم بریتی بوو لە وەرگرتنی زانیارییە تازە بەدەستهاتووەکان سەبارەت بە جیهان — تەواوی جیهان، هەمووی، بێ هیچ هەڵاوێردنێک — و ڕێگەدان بەوەی کە ڕێڕەوێک بۆ داهێنانە هونەرییە بوێر و بێ‌ سڵەمینەوەکان دیاری بکات. 

پابلۆ پیکاسۆ پێشتر سوودی لە ماسک و پەیکەرەکانی گابۆن و کۆت دیڤوار لە ئەفریقا وەرگرتبوو بۆ پەرەپێدانی شێوازی کیوبیزم[کیوبیزم شێوازێکی شۆڕشگێڕانەی هونەرییە کە تێیدا شتەکان و کەسەکان پارچەپارچە دەکرێن و بە شێوەی ئەندازەیی وەک سێگۆشە و چوارگۆشە لە چەندین گۆشەنیگای جیاوازەوە لە یەک کاتدا دەکێشرێن، نەک وەک ئەوەی لە ڕاستیدا دەبینرێن]. وە لە جیهانی مۆسیقاشدا، ئۆلیڤییە مێسیان گەڕایەوە بۆ نامەیەکی سەدەی ١٣ سەبارەت بە ڕیتم کە لەلایەن مۆسیقاناسی هیندۆسی شەرنگادیڤاوە نووسرابوو، و زۆرێک لە بیرۆکەکانی بەکارهێنا بۆ ئاوازدانان بۆ کارە ئۆرکێسترەیی و چامبەرە بوێر و چڕەکانی، کە ڕەنگە دیارترینیان سمفۆنیای تورانگالیلا بێت. دروستکەری مۆدێرنیست بە شێوەیەکی دووڕوویانە (وەک خوداوەندی یانوس) نزیکی پیشەکەی دەبووەوە، تەنانەت لەکاتی بەرەوپێشچوونیشدا سەیری دواوەی دەکرد، و بە هەموو هەنگاوێک شتێکی نوێی بەرهەم دەهێنا، کە لە ڕاستیدا بەتەواوی ئۆرجیناڵ بوو. ئەمە ئەو شتە بوو کە تەقینەوەی زانیارییە نوێیەکانی مۆدێرنیتە سەبارەت بە جیهان یارمەتی ئیلهامبەخشینی دەدا.

بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، ئەو هەڵوێستە پڕ وزە و تەنانەت شێتانەیەی مۆدێرنیستەکان وردە وردە گۆڕدرا بۆ شێوازێکی ئەکادیمیی بێ‌ گیان، جێگرەوەیەکی وشکەوەبوو بۆ بەدواداچوونی دۆزینەوە تەکنەلۆژییەکان، وە ئەمە ئەو جێگەیە بوو کە سەدەی بیستەم لە کۆتاییدا ئێمەی تێدا بەجێهێشت. زۆر کەس تەنانەت لە نیوەی سەدەکەدا هەستیان بەم کێشەیە کرد. لە جیهانی مۆسیقادا، چەندین بۆچوونی جیاواز سەبارەت بە گرنگیی داهێنان لە سەردەمی زێڕینی قوتابخانەی دارمشتاتدا دەبینرا، کە زۆرتر بە دامەزراندنی ڕەوتی "سریالیزمی تەواوەتی" لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە ناسراوە (بیر لە پیێر بۆلێز و کارلهاینز ستۆکهاوزن بکەرەوە). ئەم دەنگە ناڕازییانەش تەنها لەلایەن ئاوازدانەرە کەلەڕەقەکانی مۆسیقای تۆناڵەوە نەدەهاتن؛ بەڵکو ئەو کەسانەشی دەگرتەوە کە لە ڕاستیدا لە دارمشتات ئامادە دەبوون، وەک هانس ڤێرنەر هێنزە، کە بەم شێوەیە وەسفی هەڵوێستی بۆلێز و قوتابییەکانی کردووە (وەک ئەوەی لە کتێبی "ئەوەی دەمێنێتەوە ژاوەژاوە"ی ئەلێکس ڕۆس، ٢٠٠٧ هاتووە):
> دەبوو هەموو شتێک ستایل بکرێت و بکرێتە شتێکی دەرکپێنەکراو (ئەبستراکت): مۆسیقا وەک یاریی مروارییە شووشەیییەکان سەیر دەکرا، پاشماوەیەکی بەردبووی ژیان.
بێگومان لە ڕۆمانەکەی هێرمان هێسەدا کە هێنزە ئاماژەی پێدەکات، یاریزانانی یاریی مروارییە شووشەیییەکان هەوڵی داهێنانیان نەدەدا، بەڵام لە دۆخەکەی ئەواندا بە دڵنیاییەوە هەوڵیان دەدا. لەگەڵ ئەوەشدا بە ئاسانی هەست بە جۆرێک لە بێ‌گیانی دەکرا لە شێوازی کارکردنیاندا، تەنانەت سەرەڕای ئەو ئارەزووە کەم-شاراوەیەیان بۆ تووشکردنی شۆک و ئابڕووچوون لای بینەران. لە هەمان کاتدا لە فەرەنسا، (Musique concrète - مۆسیقای کۆنکرێتی) لەدایک بووبوو، و ئاوازدانەرەکانی زۆرجار وەک زانا جلوبەرگیان دەپۆشی، چاویلکەی ئەستووریان لەچاو دەکرد و قەڵەمیان لە گیرفانی پێشەوەی کراسەکانیاندا هەڵدەگرت. پیێر شێفەر تەنانەت ئاوازدانەرە فەرەنسییەکانی بە فیزیازانە ئەتۆمییەکان چوواند کە لە تاقیگەدا کار دەکەن. لەمڕۆدا نزیکەی هیچ کەسێک گوێ لەو جۆرە مۆسیقایە ناگرێت.
لە بواری کولتووری بینراودا، نیگارکێش و نووسەر ویندهام لویس وتارێکی بە ناوی "شەیتانی پێشکەوتن لە هونەرەکاندا" (١٩٥٤) نووسی، تێیدا ئاماژەی بەو ڕووکەشییە کرد کە خولیای دامەزراوەی هونەری مۆدێرنی بۆ شتی نوێ دروستکردووە. لە جێگەیەکی تردا، دەرهێنەری شانۆی پێشەنگی بەریتانی، ئێدوارد گۆردۆن کرەیگ، لە نووسراوە جیاوازەکانیدا هەستی هاوشێوەی دەربڕیوە، و ڕایگەیاندووە کە هەموو هونەرێکی گەورە لەسەر پێی خۆی دەوەستێت و بۆیە نابێت هونەرمەند سەرنج بداتە ئەو شتانەی کە باون و بەناوبانگن. لە نووسینەکانیدا، شاعیری ئەمریکی جاک کێرواک بەردەوام ستایشی "فەللاحین" (fellaheen)ی دەکرد — وشەیەکی عەرەبی بۆ جووتیاران و خەڵکی سادەی لادێ کە ئۆسڤاڵد شپینگلەر باوی کرد، و بەکاريهێنا بۆ وەسفکردنی ئەو دۆخە لە سڕی و بێجووڵەیی کولتووری کە شارستانیەتێک دوای داکشانی تێی دەکەوێت. بۆ شپینگلەر، فەللاحین ئەو جووتیارانەن کە لە مردنی شارستانیەتێک ڕزگاریان دەبێت و خۆیان لە شارستانیەتێکی تردا دەبیننەوە، بەبێ ئەوەی بەتەواوی ببنە بەشێک لە هیچ کامیان، و هەمیشە بێباک دەمێننەوە بەرامبەر بە پێگەی خۆیان لە میتادراما گەورەکەی مێژووی مرۆڤایەتیدا. بۆ نموونە لە کتێبی "گەشتیاری تەنیادا"، کێرواک سەبارەت بە مەکسیکییەکان دەڵێت: "دەتوانیت بیدۆزیتەوە، ئەم هەستە، ئەم هەستی فەللاحینە بەرامبەر بە ژیان، ئەو دڵخۆشییە بێ‌کاتەی ئەو کەسانەی کە تێوەنگلاون لە پرسە گەورەکانی کولتوور و شارستانیەتدا،" وە ئەمە هەمووی زۆر جێگەی ڕێزە. کێرواک گرنگیی بەوە نەدەدا کە لە "لووتکەی پێشکەوتن"ی هیچ شتێکدا بێت، و لەلای ئەو، عەقڵیەتی جووتیاران باشتر بوو لەو پێویستییەی کە بەردەوام بەستراوەتەوە بە نوێترین مۆدە و ڕەوتە کولتوورییەکانەوە.
بەم شێوەیە "نوێکردنەوە" وەک ئەوەی پاوەند پێشبینی دەکرد دەرنەچوو. تا ڕادەیەک بوو بە جۆرێک لە فێڵ و قەرەباڵغییەکی بێمانا. لە ئەمریکا کێشەکە قووڵتر بووەوە بەهۆی ئەو بڕە پارە زۆرەی کە حکومەت بۆ توێژینەوەکانی جەنگی سارد خستییە ناو سیستەمی زانکۆکانەوە. لە سەرەتای ساڵانی پەنجاکانەوە، هەموو بوارێک (تەنانەت ئەوانەی ناو زانستە مرۆڤایەتییەکانیش) دەبوو خۆیان لە ڕێگەی زمانێکی پڕ لە پێشکەوتن و داهێنانی زانستییەوە پاساو بدەنەوە، تەنانەت ئەگەر داهێنانەکان مانای هیچ شتێکیان بۆ کەسانی دەرەوەی بوارەکە نەبووایە. بەم شێوەیە میڵتۆن بابیت لە ساڵی ١٩٥٨ وتارەکەی بە ناوی "کێ گرنگی بەوە دەدات کە تۆ گوێ دەگریت؟" نووسی، تێیدا ڕوونی کردەوە کە نابێت ئاوازدانەران بە پێوەرەکانی جەماوەرێکی فراوان هەڵبسەنگێندرێن. ئەوان پسپۆڕن، هەروەک چۆن هەر توێژەرێکی زانستی پسپۆڕە، و پێویستە ڕێزیان لێ بگیرێت و پاڵپشتی بکرێن، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی سەرەکی پارچە مۆسیقا بەتایبەتی بۆ یەکتر و ڕەخنەگرەکانیان دابنێن. هەرچەندە بابیت خۆی ناونیشانی وتارەکەی دانەنابوو، بەڵام ئەو پرسیارەی کە خستییە ڕوو تا ڕادەیەک گوزارشت بوو لە هەڵوێستی نەک تەنها دامەزراوەی مۆسیقا بەڵکو تەواوی هونەرە باڵاکان لە ئەمریکا و سەرتاسەری ئەوروپا. ئێمە لێرە بە کارەکەمان شتی گرنگ دەکەین! کاتمان نییە بیر لەوە بکەینەوە کە ئایا خەڵک ڕەزامەندیی خۆیان نیشان دەدەن یان نا! بێگومان ئەگەر پارەدارکردنەکەت لەسەر بنەمای پێشکەوتن و دۆزینەوەی زانستی بێت، ئەوا ئەم پێوەرانە بە گرنگتر دەزانیت لە پێوەرەکانی خەڵک — کۆمەڵێک نەزان و کێوی، کە لە ڕووی ماددییەوە تەنانەت بە بچووکترین شێوەش خۆت بە بەرپرسیار نازانیت بەرامبەریان.
تا ئێرە، باسم لەوە دەکرد کە چۆن دۆخەکە لە جیهانی هونەری باڵادا (highbrow) گۆڕدرا. کاتێک دەستگەیشتن بە زانیاری زۆر فراوان بوو — فراوانبوونێک کە هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی میدیای ئەلیکترۆنی — تەقینەوەیەکی سەرەتایی وزەی داهێنەرانە ڕوویدا. هونەرمەندان بووژانەوە؛ دڵخۆش بوون. دەیانویست ئالنگاریی بێشەرمانە ئاراستەی ئەستێرەکان بکەن. بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، هیچ ڕێگەیەک نەبوو بۆ پاراستنی ئەو چڕییە. بێگومان هەمووی دەبوو بە مۆدە و شتی کۆمیدی. بێگومان بە تێپەڕبوونی کات هەستکردن بە بێ‌ئامانجی و نەزۆکی دروست دەبوو. وە بێگومان زۆرێک لە ئایدیاڵی پێشکەوتن دوور دەکەوتنەوە و تەنها خۆیان تەرخان دەکرد بۆ دروستکردنی ئەوەی کە بە هونەری "باش"ی دەزانن نەک هونەری "گرنگ"، تەنانەت ئەگەر ئەوە بەو مانایەش بێت کە ناوەکانیان تەنها لە پەراوێزی پەڕتووکەکانی مێژوودا دەمێنێتەوە، ئەگەر هەر بوونیان هەبێت. بەڵام ئەو گریمانە بنەڕەتییەی سەدەی بیستەم، واتا ئەوەی کە دەبێت کولتوور "پەرەبسێنێت" و "پێشبکەوێت" بۆ ئەوەی بەهادار بێت، بە بەهێزی لە مێشکی کوڕان و کچانی خوێندەواری سەرانسەری نیوەگۆی ڕۆژئاوادا مایەوە، و دزەی کردە ناو مۆنۆکولتووری (کولتووری تاک‌ڕەهەندی) میدیای جەماوەریی باوەوە؛ یان وەک قوتابخانەی فرانکفۆرت ناویان لێنا، "پیشەسازی کولتوور".
بەگشتی من کەسێک نیم زۆر باس لە "سەرمایەداری" بکەم، چونکە چەمکەکە زۆرجار بەتاڵە و پێناسەیەکی ڕوونی نییە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنەگرانی سەرمایەداری بە تێپەڕبوونی ساڵەکان چەندین خاڵی بەنرخیان سەبارەت بە داینامیکی بازاڕ خستۆتە ڕوو، و ئەم خاڵانە شایەنی ئەوەن لەبەرچاو بگیرێن کاتێک باس لە کار و بازرگانیی کولتوور دەکەین. لە ساڵی ١٩٠٢، ئابووریناسی ئەڵمانی ڤێرنەر سۆمبارت وتارێکی بە ناوی "ئابووری و مۆدە" نووسی، تێیدا باس لەوە دەکات کە چۆن پیشەسازی مۆدە ڕێگەیەکی ئاڵۆزی هەیە بۆ دروستکردنی داواکاریی دەستکرد. بۆ ئەوەی پیشەسازییەکە گەشە بکات، پێویستە خەڵک بەردەوام شتی نوێی لێ بکڕن، وەک هەمووان دەزانن، بۆیە تەواوی پیشەسازییەکە بە کۆمەڵ ڕێگەیەکیان دۆزییەوە بۆ ئەوەی جلوبەرگ بکەنە میکانیزمێکی ئاڵۆز بۆ ئاماژەدانی کۆمەڵایەتی. بەم شێوەیە ڕەوتی نوێ سەرهەڵدەدات و کەم دەبێتەوە لە کاتێکدا لێشاوی پارە بەبێ وەستان بەردەوام دەبێت. "مۆدە،" وەک سۆمبارت دەیڵێت، "خۆشەویستترین منداڵی سەرمایەدارییە،" چونکە ئەو گریمانە پێداچوونەوەبۆنەکراوانەی کە سەبارەت بە جلوبەرگ هەڵمانگرتوون زۆرجار سەرچاوە دەگرن لەو ڕۆڵە مێژووییە بێ‌وێنەیەی کە لە دوای پیشەسازییە جەماوەرییەکانەوە دەستی بە گێڕانی کرد.
هەمان تێبینی دەکرێت جێبەجێ بکرێت بەسەر ئەو شێوازە داهێنەرانەیەی کە کولتووری تاک‌ڕەهەندیی میدیای جەماوەری داواکارییەکی دەستکرد بۆ بەرهەمە نوێیەکان دروست دەکات، لە مۆسیقاوە بگرە تا سینەما و جلوبەرگ و خۆراک و تەلەفزیۆن. بەڕێوەبەرانی بازرگانی پێداچوونەوەیان بەوەدا کرد کە چەند جۆری جیاوازی کەسایەتی لە ناو گروپە تەمەنییە جیاوازەکاندا هەیە، و ڕێگەیەکیان دۆزییەوە بۆ بەستنەوەی هەڵبژاردەی بەرهەمەکان بە تێربوونی کەسییەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی ستراتیژی جیاوازی بازاڕکردنەوە، وە توانیان بۆ هەر دەیەیەک لە ساڵانی بیستەکانەوە "کەش"ێک (Vibe) دروست بکەن (تەنانەت ئەگەر ئەم "کەشە" خۆی دەیان ساڵ دواتر لە یادەوەریی کولتووریدا بە شێوەیەکی دەستکرد داڕێژرێتەوە). پەسەندکراوەکانی مۆدە، هەڵبژاردەی مۆسیقا، خووەکانی خواردن، کات بەسەربردنی ڤیدیۆیی و لایەنەکانی تری کۆمەڵگای باو بەردەوام دەگۆڕان، بە شێوەیەک کە نەوەیەکی بەتەمەنچوو دەیتوانی خۆی لە ڕێگەی هاوێنەی هەڵبژاردەکانی ڕابردوویەوە بۆ بەکاربردن لەبیر بێت، لە کاتێکدا نەوەیەکی تازەپێگەیشتوو دەیتوانی هەستێکی ناسنامە هەڵبگرێت کە لەسەر بنەمای هەڵبژاردەکانی ئێستای بۆ بەکاربردن دامەزرابوو. هەرچەندە سەرمایەداری خۆی هەرگیز پێویستی بە هیچ یەکێک لەمانە نەبوو، بەڵام دۆخەکە بەباشی لە چوارچێوەی سەرمایەداریدا جێگەی خۆی کردەوە، چونکە لە یەکتربڕینی نێوان گەشەسەندنی تەکنەلۆژی و بازرگانی گەورەدا وەستابوو.
ڕەنگە سەیرترین لایەنی ئەم دۆخە مێژووییە نائاساییە ئەو شێوازە بێت کە ڕەخنەگرە پیشەییەکان یارمەتی بە یاساییکردن و شەرعیەتدانی کولتووری جەماوەرییان دا و تا دەتوانرێت زۆرترین کەسیان قەناعەت پێکرد کە دەبێت بە جدی وەربگیرێت. لە ڕوانگەی مارکسییەوە، دەتوانین ناویان بنێین بەشداربووان لە "سەپراستراکتچەر"ی (پێکهاتەی باڵا) ئایدۆلۆژیی پیشەسازیی کولتوور. وە بەگشتی — ئەم بەشە زۆر گرنگە — ئەوان ئەم سیستەمەیان لە ڕێگەی بەکارهێنانی زمان و گریمانە ئایدۆلۆژییەکانی جیهانی هونەری باڵاوە شەرعیەت پێدا. ڕەنگە گرنگترین گریمانە کە لەو جیهانەوە قەرزیان کردبێت ئەوە بووبێت کە کولتوور، هەرچەندە ڕواڵەتێکی کەمبایەخیشی هەبێت، دەبێت بە شێوەیەک بەرەو پێشەوە بڕوات. بە واتایەکی تر، گۆڕانکارییە ڕێکوپێک و پێشبینیکراوەکان لە هەڵبژاردەی بەکاربردندا نابێت وەک شتێکی سووڕاوە (دەوری) سەیر بکرین بەڵکو وەک شتێکی پێشکەوتووخوازی، وەک ئەوەی هەر گۆڕانکارییەکی نوێ پێشهاتێکی نوێ پێکبهێنێت لە چیرۆکێکی بەردەوامدا کە بەرەو لوتکەیەکی گەورە دەڕوات. سوینگ (Swing) بیبۆپی (Bebop) هێنایە ئاراوە، بیبۆپ کول جازی (Cool Jazz) هێنایە ئاراوە، کول جاز ڕۆک ئاند ڕۆڵی (Rock'n'Roll) هێنایە ئاراوە، ڕۆک ئاند ڕۆڵ فیوژنی (Fusion) هێنایە ئاراوە، فیوژن پڕۆگرێسڤ ڕۆکی (Progressive rock) هێنایە ئاراوە، ئەویش پەنک ڕۆکی (Punk rock) هێنایە ئاراوە، ئەویش پاوەر پۆپی (Power pop) هێنایە ئاراوە، ئەویش ئیندی ڕۆکی (Indie rock) هێنایە ئاراوە... هتد. لە کۆتاییەکانی ساڵانی شەستەکانەوە، ئەگەر کەسێکی ڕۆشنبیر بوویتایە کە بتویستایە کەمێک "دابەزیتە ئاستێکی خوارتر" و گوێ لە مۆسیقای ڕۆک بگریت، دەتوانیت دڵنەوایی خۆت بدەیتەوە بەوەی ڕەخنەگری ڕۆک ئاند ڕۆڵ دڵنیات دەکاتەوە کە بڕیارەکەت لە ڕووی جوانکارییەوە دروستە. تۆ تەنها بەشداریت لە هێدۆنیزمێکی (چێژگەرایی) بێ‌مێشکدا نەدەکرد. تۆ بەشداریت دەکرد لە دەربڕینێکی ڕەسەنایەتی چینی کرێکاردا. تۆ تێوەگلاویت لە دیالێکتیکێکی خاوی و ڕووبەڕووبوونەوەدا. هتد.
ئەم هەڵوێستە هەندێک لەو پێشداوەرییە جۆراوجۆرانە ڕوون دەکاتەوە کە ڕەخنەگر هەیبوو، وەک ئەو بیرۆکەیەی کە تیپەکانی ڕۆک نابێت ئەلبوومێک دروست بکەن کە جار لە دوای جار لە یەکتر بچن. لەو مۆدێلە مامناوەندەدا، هەر ئەلبوومێک گوزارشتێکی هونەری بوو دەربارەی سەردەمەکەی خۆی (بە ویستی خۆی یان نا)، وە ئەوە زۆر زیاتر بوو لە تەنها ئامرازێکی هەڵگرتنی مۆسیقا کە لەگەڵ داهێنانی قەوانە ڤاینێلەکاندا دەرکەوتبوو، بۆیە دەبوو لەگەڵ سەردەمەکەدا بگۆڕێت. بێگومان، هیچ شتێکی بەجیهانی قبوڵکراو لەم تێگەیشتنەدا نییە، و ڕەنگدانەوەی ئەو شێوازە نییە کە هونەرمەندان لە ڕاستیدا کاری پێدەکەن. بهێنە بەرچاوت ئەمە جێبەجێ بکەین لەسەر ٥٥٥ سۆناتای کیبۆردەکەی دۆمینیکۆ سکارلاتی، کە لە نێوان ساڵانی ١٧٣٨ بۆ ١٧٥٧ ئاوازی بۆ داناون. ڕەخنەگر چی دەگوت سەبارەت بە هەر "ئەلبوومێک"ی نوێی سۆناتاکان ئەگەر بەو پێیەی کە سکارلاتی نووسیونیەتی بخرانایەتە بازاڕەوە؟
> سکارلاتی، لە ٣٦ـەمین دەرکەوتنیدا، جارێکی تر کۆمەڵێک دیمەنی دەنگیی ئەرستۆکراتیی داکەوتوو و ئارامکەرەوە و گۆشەداری پێشکەش کردووین. وەک هەمیشە، سۆناتای وەک ئامرازی خۆی هەڵبژاردووە. ئەمە شێوازێکە کە دەیتوانی سنوورەکانی پێ بشکێنێت و زەمینەیەکی نوێ بڕەخسێنێت ئەگەر بەڕاستی بیویستایە. بەڵام جارێکی تر، بڕیاریداوە خۆی بپارێزێت لە پەرەپێدانی ئەو توخمە سنووربەزێنانەی کە کارەکەی تەنها ئاماژەیان پێدەدات، و سەردەمانێک لە سەرەتای کاروانەکەیدا زۆر هیوابەخش دیار بوون. بەڵێ، هەندێک لێدان و لەرەلەری دڕکاوی و نزیک لە ژاوەژاو هەن کە جار جارە لەناو تێکەڵەکەدا دەردەکەون، بەڵام سکارلاتی وەک درزێکی ڕێکەوت لەسەر ئەو دیوارە عاجییانەی کە هەوڵی دروستکردنیان دەدات مامەڵەیان لەگەڵ دەکات. لەبری ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لێ بکات کاتێک دەرفەتەکە دەڕەخسێت، لە کاتی گونجاودا لێیان پاشەکشە دەکات، زیاتر پێداگری لەسەر دەنگە تایبەتەکەی خۆی دەکات، و پشت بە شانازیی سەرکەوتنەکانی ڕابردووی دەبەستێت — لەو کاتەوەی کە وا دیار بوو ئێمە بەرەو شوێنێکی بەڕاستی جێی سەرنج دەبات. هەروەک هەموو ئەلبوومەکانی تری ئەم دواییە، دەتوانیت ئەمە بەبێ هیچ کێشەیەک بخەیتە ناو کەتەلۆگەکانی پێشتریەوە و هەست بە هیچ جیاوازییەک نەکەیت. ٤ لە ١٠.
بێگومان ئەمە سیناریۆیەکە جێگەی پێکەنینە، بەڵام هەوڵ دەدەم وێنایەکی ئەو پێوەرە جوانکارییانەی پیشەسازی کولتووری سەدەی بیستەم بە خوێنەر بدەم کە چەندە پشت‌بەستوو بوون بە هەلومەرجەکان. پەسەندکراوەکانی بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ بەردەوامبوونی خودی پیشەسازییەکە دیاری دەکران، و هەموو شتەکانی تر لاوەکی بوون. بێگومان، شتەکانی وەک "ڕەسەنایەتی" هەمیشە بۆ ڕەخنەگرانی ڕۆک گرنگ بوون، و هۆشیاری کۆمەڵایەتی هەمیشە جێگەی بایەخی ڕەخنەگرانی فیلم بووە، و پاشان "پێگەیشتنی" هونەری شتێکە کە ناوبەناو گوێمان لێی دەبێت. بەڵام لەژێر هەموو ئەمانەدا، ئارەزوویەکی بەردەوام و گشتگیر هەبوو بۆ دەرکەوتنی شتێکی "نوێ". لەبری ئەوەی حەکیم و زانا بن، ڕەخنەگرانی مۆسیقا، ڕەخنەگرانی مۆدە، ڕەخنەگرانی فیلم و هتد، هەمیشە ئامرازی بێ‌بیرکردنەوەی ئەو بازرگانییە بوون کە کاریان بۆ دەکرد، و هونەرمەندەکان لە سەرەتاوە لەسەر حەق بوون کە پێیان دەگوتن گەمژە — وەک چۆن زۆرجار و بەردەوام دەیانگوت.
سەرەڕای ئەوەش، ئەوان گەمژەی پێویست بوون، لانی کەم لە کاتی دروستکردنی هەرەمی خواست و بەڕێوەبردنی گواستنەوە لە ڕەوتێکی کولتوورییەوە بۆ ڕەوتێکی تر. لە کاتێکدا جیهانی هونەری باڵا بەردەوام هەوڵی دەدا جار لە دوای جار شتەکە "نوێ بکاتەوە" تا ئەو کاتەی خۆی پاڵاوتە کرد بۆ ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین بێ‌بایەخی، کایەی ڕەخنەی جیهانی هونەری میدیای جەماوەری وەک هێزێک بۆ پارێزگاریی (محافزەکاری) لە جوانکاریدا کاری دەکرد تەنانەت لە کاتێکدا کە خۆی وەک پێشکەوتنخواز نیشان دەدا. ڕەخنەگرەکان داوای بیرۆکەی "نوێ"یان دەکرد، بەڵام هیچ کام لە بیرۆکەکان لە ڕاستیدا نوێ نەبوون. هەموو بیرۆکە بەڕاستی نوێیەکان پێشتر لە جیهانی هونەری باڵادا کرابوون، و زۆرجار زۆر سەرنجڕاکێش نەبوون، یان لەوەش خراپتر، بە سادەیی بێزارکەر بوون. لێرەدا، ئەوەی "نوێ" بوو لە ڕاستیدا تەنها جیاواز بوو لەوەی پێشتر هەبوو، و جەماوەریش پێشتر ڕاهێنرابوو بۆ قبوڵکردنی. بەرهەمە کولتوورییەکانی سەدەی بیستەم — بەتایبەتی لە ساڵانی پەنجاکانەوە — لەبری ئەوەی شتێکی شۆڕشگێڕانە بن، بەرهەمێکی تەواو بازرگانی و کات بەسەربردن و گونجاو بوون بۆ جەماوەر. ئەرکی ڕەخنەگران/ڕۆشنبیران ئەوە بوو کە کێش و گرنگییەکی ڕەمزییان بۆ دروست بکەن کە بەبێ ئەوان نەیاندەبوو.
بۆیە نابێت جێگەی سەرسوڕمان بێت کە لەم سەردەمەدا زۆرێک لە ڕۆشنبیران بێهیوا بوون لە کەمبوونەوەی هێزی پیشەسازیی کولتووری سەدەی بیستەم و تووڕەن لەوەی ئینتەرنێت ڕێکخستنە ئاڵۆزەکەی زنجیرەبەندییە چەسپاوەکانی تێکشکاندووە. لە کۆتاییدا، ئەمڕۆ هەموو شتێک تا ڕادەیەک بێ‌بایەخ دەردەکەوێت. هاوڕێکەت لێت دەپرسێت: "فڵانە فیلمت بینیوە؟" تۆ دەڵێیت: "نەخێر." ئەو وەڵام دەداتەوە: "ئۆه، ئاساییە،" پێش ئەوەی بابەتەکە بگۆڕێت. گرنگ نییە، و تەنانەت ئەگەر گرنگیش بێت چی؟ هیچ هەستێکی بەپەلە و پێویست نییە بۆ ئەوەی بڕۆیت ئەو فیلمە گەمژانەیە سەیر بکەیت. قورس نییە تێبگەیت بۆچی پیاوە هەستیارەکانی تەمەن ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵ دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو، بۆ سەردەمێک کە دەکرا هەست بەو پەلەپەلە بکرێت — بۆ خاڵێک کە تێیدا تەنانەت تێکستە بەتاڵ و بێماناکانی بۆب دیلان و جیم مۆریسۆنیش وەک دوعای پێغەمبەرە خاوەن دیدگاکان دەردەکەوتن.
دەتوانم بیر لە سێ نموونەی نووسراو بکەمەوە کە ئەم بێهیواییە نیشان دەدەن، هەرچەندە وادیارە هەڵوێستەکە لە هەموو شوێنێکی سۆشیال میدیادا هەیە. بەڵام دەتوانین یەک بە یەک بەسەر ئەم سێیانەدا بچینەوە، بەشێکی لەبەر ئەوەیە کە لە نووسینەکانی پێشوودا هەندێک لە کارەکانم کردووە. یەکەم نموونە، هێرشە جیاوازەکانی سۆسیالیستی دیموکرات، فرێدی دیبۆرە بۆ سەر "پۆپتیمیزم" (گەشبینی بە پۆپ)، ڕەوتێک کە لە ساڵانی ٢٠١٠ەکانەوە دەستی پێکرد و تێیدا ڕەخنەگران بڕیاریاندا تەنانەت بێ‌ماناترین مۆسیقای پۆپیش بە هەمان شێوەی مۆسیقای ڕۆک بە جدی وەربگرن. دیبۆر بە درێژایی ساڵانێکە باسی ئەم بابەتە دەکات. لەم دواییانەشدا هێرشی کردووەتە سەر داکشانی ڕەخنە بە گشتی، و بە دروستی ئاماژە بەوە دەکات کە لەم سەردەمەدا ڕەخنەگران دەترسن لەوەی نەرێنی بن، و ئەم دوو پێشهاتەش بەیەکەوە دەبەستێتەوە. بەڵام هەروەک لە پارچەیەکی پێشوودا باسم کردووە، پۆپتیمیزم تەنها کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر بە گۆڕانی بارودۆخە ماددییەکان، و سەرهەڵدانیشی بەتەواوی پێشبینیکراو بوو. سەرم سوڕدەمێنێت لەوەی کە چۆن دیبۆر — کەسێک کە وا دیارە مارکس بە جدی وەردەگرێت — ئەوەندە خراپ لەم خاڵە بنەڕەتییە تێدەگات. بەهۆی نامەرکەزییەتی زانیاری لە ئینتەرنێت و لە ئەنجامدا بەسەرچوونی ڕەخنەگری پیشەیی وەک ڕێگەیەکی گونجاوی پیشەیی، ڕەخنەگران خۆیان بە کارەکانیانەوە هەڵواسیوە، و ئەمەش بەوە دەکەن کە زۆر نەرمونیان بن. زۆر لە جاران باشتر و نەرمونیانتر. ئەوان بۆ ماڵپەڕەکان دەنووسن کە هاتوچۆیان (ترافیک) نزیکەی بەتەواوی پشت بە ئەلگۆریتمەکانی ڕیکلامی فەیسبووک دەبەستێت، و هەم ئەوان و هەم ماڵپەڕەکان پارەیەکی زۆر کەم پەیدا دەکەن. ڕەخنەگرەکان هەروەها درک بەوە دەکەن کە ئیتر بەشێکی پێویست نین لە ژێرخانی کولتووریدا. ئەوان کاتێک خزمەتی مەبەستەکەی خۆیان کرد کە چاپ زاڵ بوو و خزمەتگوزارییەکانی ستریمینگی دیجیتاڵی بوونیان نەبوو، وە ئێستا ئەو کۆمپانیایانەی نان دەخەنە سەر مێزەکەیان لەسەر بناغەیەکی لە لم وەستاون. بۆچی وا خۆمان نیشان دەدەین کە ئەوان هیچ بژاردەیەکی تریان هەیە جگە لە چۆکدادان و پاڕانەوە بۆ بەزەیی؟
بەڵام گرنگتر لەوە: بۆچی وا خۆمان نیشان دەدەین کە پۆپتیمیزم لادانێکی ڕیشەییە لە بنەڕەتی ڕەخنەی ڕۆک؟ یەکەم بڵاوکراوەی "پۆپتیمیست"، گۆڤاری Rolling Stone بوو کە لە ساڵی ١٩٦٧ دامەزرا، واتە نزیکەی شەست ساڵ لەمەوپێش. وە لە کاتێکدا ڕەنگە زیاتر لە پۆپتیمیستەکانی ئەمڕۆ گرنگیی بە "ڕەسەنایەتی" دابێت، و ڕەنگە چەندین تێڕوانینی جوانکاریی تریش کە پۆپتیمیستەکان کەمی دەکەنەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەمان ڕۆڵی لە ئابووریی کولتووریدا دەگێڕا، تەنها بەو هێزەی کە دەیتوانی کاروانی پیشەیی کەسێک دروست بکات یان تێکی بشکێنێت. ئەم ڕەخنەگرانە هەرگیز مۆسیقایان وەک فۆرمێکی هونەری بە جدی وەرنەدەگرت؛ ئەوان تەنها "زانایانی کەشوهەوا" بوون. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شتانەی کە لەگەڵیدا کاریان دەکرد، پێویستیان نەدەکرد مۆسیقا ئەوەندە بە جدی وەربگرن. مۆسیقای ڕۆک چێژبەخشە، بەڵام لە هەمان کاتدا تا ڕادەیەک گەمژانەیە.
نموونەی دووەمی بێهیوایی بەرامبەر بە داکشانی کولتووری تاک‌ڕەهەندیی باو، لە کتێبێکەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێشتر هەڵسەنگاندنم بۆ کردووە بە ناوی "ئینتەرنێت ئەوە نییە کە بیری لێ دەکەیتەوە" لە نووسینی جەستن ئی.ئەیچ. سمیس (ئێستا خۆی بە جەستن سمیس-روییو دەناسێنێت، بەڵام لێرەدا پێی دەڵێم سمیس، چونکە کاتێک کتێبەکەی نووسی ناوەکەی وابوو). لەو کارەدا کە دەکرێت وەک کارێکی هۆشیارانە و قووڵ سەیر بکرێت، سمیس کە وا دیارە پاڵنەرێکی نهێنی ئاراستەی دەکات، بڕیار دەدات گلەیی لەوە بکات کە چۆن گەنجان بەدوای پەرەپێدانی هەستە جوانکارییەکانیاندا ناچن، چونکە بوونەتە کۆیلەی ئەلگۆریتمەکانی پێشنیارکردن لەسەر پلاتفۆرمەکانی ستریمینگ. ئەو دەنووسێت:
> کاتێک هەبوو، پێش بەکارهێنانی بەربڵاوی ئەلگۆریتمەکان لە ژیانی کۆمەڵایەتیماندا، کە تێیدا پەرەپێدانی چالاکانەی هەستی جوانکاری تاک، بۆ نموونە سەلیقەی مۆسیقای، وەک شتێکی بەسوود سەیر دەکرا [...]. فەنکشنی "ڕەنگە ئەمەشت بەدڵ بێت" لە پلاتفۆرمەکانی دابەشکردنی مۆسیقای وەک سپۆتیفای تا ڕادەیەکی زۆر پێویستی بەو بەدواداچوونە چالاکانەیە نەهێشتووە، و ئێستا کەسێک کە بەڕێکەوت دەست دەکات بە گەڕان بەدوای مۆسیقادا لە گۆرانییەکی دیاریکراوەوە لە چەشنێکی دیاریکراودا، بە شێوەیەکی ئاسایی ڕێنمایی دەکرێت بۆ گۆرانییەکانی تر کە پۆلێن کراون وەک هاوشێوەی یەکەم گۆرانی تەنها لەسەر بنەمای ئەو پێوەرانەی کە ژیریی دەستکرد (AI) توانای "تێگەیشتنی" هەیە.
> [...]
> ئەلگۆریتمەکان ... گوێگر لەو قەفەزە بێمانا و پێناسەکراوەی بازاڕدا دەهێڵنەوە کە بە "چەشن"ی مۆسیقا ناسراوە.
بۆ ئەم ڕەخنە گشتییە، بەم شێوەیە وەڵامم دایەوە:
> بە سادەیی هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ مشتومڕکردن دژی ئینتەرنێت بەپێی شێوازی بیرکردنەوەی سمیس لێرەدا، هەرچەندەش بیەوێت خاڵەکەی کەم بکاتەوە یان وردتری بکاتەوە. ڕاستییەکە ئەوەیە، ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە تێیدا خەڵکی جیهانی یەکەم زۆر ئاسوودە و بێزارن، وە بەم شێوەیە گەورەترین ژمارەی گشتی مرۆڤەکان لە هەموو مێژوودا بەدوای خود-بەدیهێناندا دەگەڕێن لە ڕێگەی پەرەپێدانی تەرخانکراوی هەستە جوانکارییەکانەوە. ئەگەر وا دەرناکەوێت، تەنها لەبەر ئەوەیە کە ئینتەرنێت وای لێکردووین باوەڕ بکەین کە دەبێت ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بێت. لە کۆتاییدا، ئینتەرنێت تیشکی خستۆتە سەر هەموو ئەو کەسانەی کە بەدوای پەرەپێدانی جوانکاریدا ناگەڕێن — ئەو کەسانەی کە هەمیشە وەک زۆرینەی ڕەها بوونیان هەبووە بەڵام لە سەردەمەکانی پێشوودا نەبینراو بوون.
ڕەنگە پێویست بێت زیاتر ئەم خاڵە ڕوون بکەمەوە. دەزانین مۆزارت کاریگەرترین ئاوازدانەری سەردەمی کلاسیک بووە، مەگەر ئەوەی بیتۆڤن بە کلاسیک دابنێین نەک ڕۆمانتیک. کەواتە بێگومان دەبوو لە سەرانسەری ئەوروپادا کەسایەتییەکی ناسراو بووایە، وایە؟ نەخێر. لە سەردەمی کاروانی مۆزارتدا، هەواڵی مۆسیقاکەی لە ڕێگەی کۆشکەکان، کڵێساکان و میدیای چاپکراوەوە بڵاودەبووەوە. تاکە کەسانێک کە ڕەنگە ناوی مۆزارتیان بیستبێت پێدەچێت لە نزیک سەنتەرە گەورەکانی شارەکان ژیابن و یان کەسانی پیشەیی بۆرژوازی، خانەدان، پیاوانی ئایینی، یان مۆسیقاژەن بوون، لە کاتێکدا زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانی لادێکان بە شێوەیەکی دڵخۆشکەرانە بێئاگا بوون لە بوونی. بۆیە دەتوانین مەزەندەی ئەوە بکەین کە کەمتر لە ٥٪ی تەواوی دانیشتووانی ئەوروپا ناویان بیستووە، و لەناو ئەو ژمارەیەشدا، تەنها نیوەیان گوێیان لە مۆسیقا ڕاستەقینەکەی گرتووە. ئەگەر هەڵەش بم، جیاوازییەکەی زۆر نییە. ئێستا، کاتێک هەموو ئەمانە لەبەرچاو دەگرین، ئایا دەبێت بەتایبەتی سەرمان سوڕبمێنێت کە زۆرینەی خەڵک بە شێوەیەکی پاسیڤ و ناچالاکانە مامەڵە لەگەڵ ئەو شتانە دەکەن کە ئەلگۆریتمەکانی ستریمینگ پێیان دەڵێن مامەڵەی لەگەڵ بکەن؟ بۆچی چاوەڕوانییەک دەخەینە سەریان کە بۆ زۆربەی مێژووی مرۆڤایەتی بە شتێکی پێکەنیناوی سەیر دەکرا؟
سێیەم نموونە لە وتارێکی تاڕادەیەک نوێی سام بونتزەوە وەرگیراوە، کە پێی وایە ئینتەرنێت وایکردووە نەوەکانی ئێستا کاتی کولتووریی نەک وەک لێشاوێکی بەردەوام لە ڕووداوێکەوە بۆ ڕووداوێکی تر ئەزموون بکەن، بەڵکو وەک ئێستایەکی هەتاهەتایی هەڵپەسێردراو و بەرفراوان بیبینن. ئەم ئەزموونکردنەی کات وەک هاوکاتییەک — ئەو ناوی دەنێت "ژیان لەناو ئەرشیفدا" — لە کۆتاییدا زاڵ دەبێت بەسەر گەنجاندا، و وایان لێدەکات نەتوانن کولتووری جەماوەریی زیندووی خۆیان دروست بکەن، لە کاتێکدا ئەو کەمینەیەی کە هەوڵی دروستکردنی مۆسیقای نوێ دەدەن (ئەو تیشک دەخاتە سەر مۆسیقا) تەنها دەتوانن بێماناییەکی پێشەنگی ئاڵۆزی نیش (گرووپی بچووک) بەرهەم بهێنن:
> [نەوەی زێد] کاردانەوەیان هەیە بۆ هەر شتێک کە تا ئێستا ڕوویداوە. کردنی شتێکی لەم شێوەیەش لە واقیعدا مەحاڵە. لە لایەکەوە، ڕەنگە بتکاتە کەسێکی جیهانیتر و کراوەتر (هەرچەندە ئەمە قورسە بەبێ ڕێبەرێک بۆ یارمەتیدانی پەرەپێدانی ژیریی ڕەخنەگرانەت). بەڵام لە لایەکی ترەوە، توانای هەرسکردنی هەر شتێکت لەناودەبات و دەتداتە دەست کۆمەڵێک نادڵنیایی لەرزۆکەوە. هەروەها توانای دروستکردنی خۆت کەم دەکاتەوە چونکە وەڵامدانەوەت بۆ ژیان هێندە نادیار دەبێت. ناتوانیت بزانیت کاردانەوەت بۆ چی هەبێت.
خاڵی بەهێزی زۆر هەن لە قسەکانی بونتز سەبارەت بە کاریگەریی میدیا ئەلیکترۆنییەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، و زاراوەی "ئەرشیف"ەکەشی لە ڕاستیدا زاراوەیەکی زۆر باشە. هەروەها ڕاست دەکات کە زانیاریی زۆر کێشە بۆ دروستکردنی میتاناڕەتیڤێکی کولتووری دروست دەکات — ئەمەش شتێکە کە لە نووسراوێکدا سەبارەت بە چەمکی یادەوەریی دەستەجەمعی (یادگە تەکنیکییەکان) لای جان ئاسمان باسم کردووە. بەڵام دوو کێشەی جدی لە لۆژیکەکەیدا هەیە: یەکەمیان ئەوەیە کە پێی وایە تەنها باس لە ئینتەرنێتی ئێستا دەکات. دووەمیان ئەوەیە کە تاکە قۆناغێکی کاتیی کە بتوانێت وەک خاڵێکی بەراوردکاریی باشتر بەکاری بهێنێت لە سەدەی بیستەمدا ڕوویدا کە تێیدا ئەرشیفەکە نزیکەی ١٠٠٪ تەواو بووبوو. لە ڕاستیدا بەردەوامییەکی زۆر زیاتر لە نێوان نەوەکەی ئەو و زوومەرەکاندا (نەوەی زێد) هەیە کە وا دیارە خۆی درکی پێنەکردبێت.
بۆ نموونە، ئەو باسی ئەو ڕاستییە دەکات کە نەوەی زێد زۆربەی کات گوێ لە مۆسیقای نەوەکانی پێش خۆیان دەگرن، و وەک بەڵگەیەک دەیبینێت بۆ ئەوەی کە ئەوان بە جۆرێک لە جۆرەکان بێ‌توانان لە داهێناندا. بە واتایەکی تر، ئەوان مۆسیقای تایبەت بە خۆیان نییە. باشە. بەڵام ئێمە مۆسیقای نەوەی بەیبی بوومەر (Baby Boomer) بە چی دەزانین؟ زە بیتڵز؟ زە بیچ بۆیز؟ بۆب دیلان؟ جیمی هێندریکس؟ جانیس جۆپلین؟ جێف بێک؟ هەموو ئەو مۆسیقاژەنانە پێش ساڵی ١٩٤٥ لەدایکبوون، کە ئەمەش دەیانکاتە خەڵکی نەوەی بێدەنگ، نەک بەیبی بوومەر. ئەی نەوەی ئیکس؟ ئەوان چییان بەدڵ بوو؟ زە سێکس پیستۆڵز؟ مێتالیکا؟ ئیدی ڤێدەر؟ مادۆنا؟ پرینس؟ هەموویان بوومەر بوون، نەک نەوەی ئیکس. کەواتە بۆ من زۆر ڕوونە کە دیارترین هونەرمەندەکانی پەیوەست بە نەوەیەکەوە لە ڕاستیدا سەر بە نەوەی پێش خۆیانن، لەگەڵ هەندێک هەڵاوێردن لێرە و لەوێ (کورت کۆبەین بە دڵنیاییەوە نەوەی ئیکس بوو کە مۆسیقای بۆ نەوەی ئیکسییەکانی تر دروست دەکرد). بێگومان ئەوە جێگەی سەرنجە کە کۆمپانیا گەورەکانی تۆمارکردن کەمتر لە جاران سەرکێشی بە هونەرمەندە گەنجەکانەوە دەکەن — لە ناو ٤٠ ئەستێرە هەرە دیارەکانی ئەمڕۆدا، تەنها دەتوانم بیر لە بیڵی ئایڵش بکەمەوە وەک نموونەیەکی ڕاستەقینەی زوومەر — بەڵام ئەمە کەمتر باس لە ئاژانسی داهێنەرانەی نەوەی زێد دەکات و ڕەنگە زۆر زیاتر باس لە کۆمپانیاکان بکات کە پارێزگاری لە خۆیان دەکەن بەهۆی چەتەیی ئینتەرنێت، داکشانی میدیای بەرجەستە، و بەو هۆیەوە کەمبوونەوەی قازانجەکانیان.
لە ڕاستیدا ئەوەی بونتز پێی دڵگرانە، داکشانی ئەو کولتوورە تاک‌ڕەهەندییە باوەیە — سیستەمێک لە کۆتوبەند کە خەڵک لەسەر یەک لاپەڕە دەهێڵێتەوە لە ڕێگەی ئاراستەکردنی سەرنجیان بۆ کۆمەڵێک بەرهەم و ڕەوتی پێشوەخت دیاریکراو. لە واقیعدا، هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە بڕێکی زۆر لە زانیاری بۆ گەڕان تێیدا بەردەست بوو. هەر کە فۆنۆگراف داهێنرا، مرۆڤی ڕۆژئاوایی پێشتر لەناو ئەرشیفەکەدا دەژیا، و ڕێک ئەرشیفەکەش بوو کە چاوەڕوانی ئەوەی دروستکرد هەر نەوەیەک کولتووری ناوازەی خۆی هەبێت، و کەسی ئاسایی ناو هەر نەوەیەک ئاشنای ئەو کولتوورە بێت. ئەرشیفی ڕابردوو لە یەک خاڵی سەرەکیدا لەگەڵ ئەرشیفی ئەمڕۆ جیاوازی هەبوو: مۆسیقا و ڤیدیۆکان لە ئامرازی بەرجەستەدا هەڵدەگیران، بۆیە هەندێک مەرجی دەگمەنی هەبوون کە دەکرا ڕاستەوخۆ بکرێنە پارە. بە بوونی ئەو جۆرە بەپارەکردنە، دەتوانیت کولتوورێکی تاک‌ڕەهەندیت هەبێت کە ئاراستەی پەسەندکراوە جوانکارییەکانی گەنجان بکات و پێیان بڵێت کام بەرهەم بکڕن، کامەیان پشتگوێ بخەن، و هتد. بەڵام کاتێک گواستنەوە بۆ دیجیتاڵی کۆتایی هات، ئەو کولتوورە تاک‌ڕەهەندییە دەستی بە دیارنەمان کرد، و ئەمەش ئەوەیە کە تا ئێستاش بەردەوامە ڕوو دەدات. ڕەنگە ماوەیەکی زۆری پێبچێت تا بەتەواوی نامێنێت، ئەگەر هەرگیزیش نەمێنێت، بەڵام کاتێک بیر لەوە دەکەیتەوە کە تەمەنی لە ڕاستیدا چەندە کورت و تێپەڕ بووە، قورسە هەست بەوە بکەیت کە شتێکی بەڕاستی بێجێگرەوە لەدەست دەچێت. ئەو کولتوورە تاک‌ڕەهەندییە باوە هەمیشە تەنها وەک چارەسەرێکی کاتی بوو لە کاتێکدا ئەرشیفەکە دەگەیشتە قۆناغەکانی کۆتایی. وە ئێستا کە تا ڕادەیەک کۆتایی هاتووە، شتێکی گەمژانەیە دەست بکەین بە ئاواتخواستن بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژە زێڕینەکانی کورت لۆدەر لە هەواڵەکانی ئێم تی ڤی، یان هەر شتێکی لەو شێوەیە. ناتوانیت بەڕاستی بە توندی ڕەخنە لە ئەرشیفەکە بگریت ئەگەر لە بنەڕەتدا هەر خۆی پرۆسەی بیرکردنەوەی تۆی داڕشتبێت.
ڕاستگۆ بم، زۆر خەمی گەنجانم نییە. پێم وایە ئەوان باشن. وە ئەگەر باشیش نەبن، ئەوا چارەسەرێک دەدۆزنەوە. هەوڵدان بۆ دەستتێوەردان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان تەنها دۆخەکە خراپتر دەکات. ئەگەر بەڕاستی، بەڕاستی بمانەوێت دەستنیشانی کێشەیان بکەین، دەڵێم گرنگترین شت کە ئێستا لێی بێبەشن ڕێگەیەکە بۆ تێگەیشتن لەو هەموو زانیارییەی دەوریان. وا دیارە بونتز هاوڕایە، و هەر بۆیەش لە کۆتاییدا بڕیار دەدات کە ئەوان بە سادەیی فەوتاون و هیچیان لێ سەوز نابێت. بەڵام پێم وایە خەڵک بەگشتی ڕێگە دەدۆزنەوە بۆ تێگەیشتن لە شتەکان. ئەوان گرووپی خێڵەکی دروست دەکەن، پەیوەندی و ئینتیما دروست دەکەن کە ڕێز لە بنەمای "ژمارەی دانبار" (Dunbar number) دەگرێت، میتاناڕەتیڤ بۆ خۆیان دادەڕێژن، و فۆڕمەکانی یادەوەریی دەستەجەمعی دەدۆزنەوە کە سنووردارکردن دروست دەکەن و سنوورەکان دیاری دەکەن بۆ ئەوەی سەرنج بدەنە چی و چی پشتگوێ بخەن. هیچ پێویستییەکی ڕاستەقینە نییە بۆ ئەوەی لیستەر بانگس بێتە پێشەوە و پێیان بڵێت چی "کوولە" و چی نا. ئەگەر شتێکیش هەبێت، ئەو ئارەزووەی بۆ "گرنگبوون" و پەیوەندیداربوون هەیە ڕێگرە لە بەدیهێنانی خودی خۆیان، چونکە وا دیارە ڕەفتاری خۆوێرانکەر بزوێنەری سەرەکیی بەشداریکردنی باوە. بەڵام ئەگەر بەتەواوی دەستبەرداری ئەو ئامانجە ببن، واز لە هەوڵدان بۆ ڕازیکردنی کەسانی وەک بونتز (و منیش، سەبارەت بەو بابەتە) بهێنن، و دەست بکەن بە سەرنجدان لەسەر باشترکردنی کۆمەڵگە بچووکەکانی خۆیان بەبێ هیچ گرنگیدانێک بە ڕەزامەندی کەسانی دەرەوە، ئەوا پێدەچێت باشتر بن. نەوەکانی داهاتوو خۆیان لەگەڵ جیهانی دیجیتاڵیدا دەگونجێنن، وە دەزانین ئەمە ڕاستە چونکە لە ڕاستیدا بژاردەی زۆریان نییە. ئەوان بە هەر شێوەیەک بێت شتەکان چارەسەر دەکەن. ئەوان مانا لە ژیانیاندا دەدۆزنەوە. وە، ئەگەر ئەم شیکردنەوەیە هیچ گرنگییەکی هەبێت، ئەوان هێواش هێواش دەست دەکەن بە دۆزینەوەی هێزی عەقڵیەتی "فەللاحین". ڕێک وەک چۆن هەمیشە بۆ زۆرینەی ڕەها وابووە.