---

زیرەکی دەستکرد لەنێوان ئەهریمەن بوون و فریشتە بوون دا

بەشی یەکەم: پێشەکیەکی گشتی

زۆرێک دەڵێن زیرەکی دەستکرد کۆتایی مرۆڤە، زۆرێک دەڵێن داهاتووی مرۆڤە، زۆرێکی تریش دەڵێن زیرەکی دەستکرد خۆی ئەو پلەیەیە مرۆڤ خەونی پێوە دەبینێت. شتێک کە وەهمێکی قەبە و ناشیرنە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بڵاو بۆتەوە بریتیە لە بیروباوەڕی ئاخیرزەمانەیی (Apocalypticist). ئەم کەسانە بە شێوەیەکی یەکجار بێ مانا و پووچ خوویان بە بیرۆکەی (کۆتایی جیهان) یاخوود (قیامەت هەڵسان)ـەوە گرتووە. بەجۆرێک (بەداخەوە) دەبینین کەسانی سیاسی گەورەن کاریگەریان بەسەر ئابووری جیهانەوە هەیە. هەر لەسەرەتای پەیدابوونی زیرەکی دەستکرد لەسەر بنەمای ئاخیرزەمانەییەکان پرسیار هاتە ئاراوە کە ئایە زیرەکی دەستکرد خراپە یان باشە. وەڵامەکە لەبەردەمتە : ئایە دەڕنەفیز باشە یان خراپە؟ با تۆزێک شیکردنەوەی قوڵتری بۆ بکەین

لە سەرەتای تێگەیشتنمان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تەکنەلۆژیادا، پێویستە کلتووری مۆدێرنە لە بەرهەمەکانی جیا بکەینەوە. هۆکاری ئەمەش ناڕوونی مەوقیفی دژە-مۆدێرنەتەیە لەلایەکەوە، لەلایەکی تریشەوە خووێکی بێ تامی یەکانگیری ئەخلاقیی ڕوکەشگەرایانەی ئاینزادەی مۆدێرنستەکانە. دەتوانین لەو ڕوانگەوە ئەگەر شیکردنەوەی بۆ بکەین بڵێین کلتووری مۆدێرنە و بەرهەمی مۆدێرنەمان هەیە... کلتووری مۆدێرنە هێزێکی گشتگیر و شمولولییە، ئامانجییەتی تەواوی هەبوون بخاتە ناو قاڵبی پەرەسەندنێکی بێکۆتاوە، ئەمەش بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی وێرانکردنی فیکر و مەعریفە و هەموو بونیادە مرۆییە پێویستەکان. جگە لە داڕمانی ئەخلاقی و ئاینی کە سەنتەرن لە مرۆڤێکی سروشتی دا. کلتووری مۆدێرنە هیچ سنوورێک بۆ ئارەزووە پەلامارگیریەکەی بۆ پەرەپێدان و گۆڕینی وجود ناناسێت. ئەمەش کێشەیەکی قوڵی لەنێوان مرۆڤ و سیستەمە ڕاستەکان دروستکردووە. 

لە بەرامبەردا، بەرهەمە مۆدێرنەکان و تەکنەلۆژیاکان خاوەنی سنووری دیاریکراوی خۆیانن و دەکرێت گەشەیان تێدا بکرێت. ژیریی دەستکرد لەم هاوکێشەیەدا ئامێرێکی ڕێکخستن و وەڵامدانەوەیە بەپێی مێژووی دیجیتاڵیی مرۆڤ. کارکردنی ئەم ئامێرە وابەستەی پێدانی زانیارییە خاوەکانە لە ڕێگەی پرۆمپتەوە، دواتر مێشکی مرۆڤ خۆی پرۆسەی دایەلۆگ و ڕێکخستنە لۆجیکییەکەیان بۆ ئەنجام دەدات.

لێتان ناشارمەوە لە ئاڵۆزترین بیرۆکەکان بریتییە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرهەمەکانی مۆدێرنە لە لایەن ئەو کەسانەی کە لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و کلتوورییەوە دژی بنەماکانی مۆدێرنەن. بۆیەشە پێویستییەکی حەتمی هەیە بۆ کێشانی هێڵێکی جیاکەرەوەی زۆر تۆکمە لە نێوان "کلتوور" و "ئامراز". تێکەڵکردنی ئەم دوو چەمکە سەر دەکێشێت بۆ تەسلیمبوونێکی کوێرانە بەو تەوژمەی کە دەیەوێت هەموو شتێک لەپێناو خەونە ماددییەکانیدا وردوخاش بکات. تێگەیشتن لەم جیاوازییە، تاکە دەروازەیە بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتی لە هەمان کاتدا کە سوود لە باشیەکانی تەکنەلۆژیا وەردەگیرێت.

پێشتر باسمان کرد کە ​کلتووری مۆدێرنە خاوەنی سروشتێکی شمولی و گشتگیرە. ئەم کلتوورە وەک ئایینێکی نوێی بێخودا مامەڵە دەکات و دەیەوێت تەواوی کایەکانی هەبوون بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. هەوڵی سەرەکیی ئەم ئایدیۆلۆژیایە، توانەوەی هەموو جیاوازییەکان و سەرچاوە ڕەسەنەکانە لەناو یەک سەرچاوەی گشتیدا. ئامانجی کۆتایی ئەم ئاراستەیە، خستنەگەڕی پەرەسەندنێکی بێکۆتایە، پەرەسەندنێک کە هیچ ئامانجێکی باڵا و ڕۆحیی لە پشتەوە نییە و تەنها لە پێناو خودی جووڵە و خێراییەکەدایە. ئەم پرۆسە بێسنوورە، لەبری ئەوەی خزمەت بە کەرامەت و سەقامگیریی مرۆڤ بکات، دەبێتە هۆی شێواندن و تێکدانی بنەماکانی فیکر و مەعریفە. کاتێک هیچ سنوورێک، هیچ پێوەرێکی جێگیر، و هیچ بەهایەکی نەگۆڕ بوونی نەما، زەینی مرۆڤ لەناو ئەو گێژاوەدا ون دەبێت و توانای درکپێکردنی حەقیقەتە باڵاکانی لەدەست دەدات. کلتووری مۆدێرنە دەرگایەک دەکاتەوە کە داخستنی مەحاڵە و هیچ خاڵێکی کۆتایی ناناسێت بۆ وەستان، چونکە لە بنەڕەتدا دان بە هیچ چوارچێوەیەکی ئەخلاقی و میتافیزیکیی سەرووتر لە خۆیدا نانێت.


​بەڵام، کاتێک دەڕوانینە "بەرهەمە مۆدێرنەکان" و ئامرازە تەکنەلۆژییەکان، وێنەیەکی تەواو جیاوازمان بۆ دروست دەبێت. ئامرازەکان لە سروشتی خۆیاندا کۆتاییان هەیە و سنووردارن. هەر ئامێرێک بۆ مەبەستێکی دیاریکراو، بۆ جێبەجێکردنی ئەرکێکی تایبەت و لە چوارچێوەیەکی فیزیکی یان دیجیتاڵیی دیاریکراودا دروست کراوە. ئەم سنوورداربوونە خاڵێکی ئێجگار بەهێزە، چونکە ڕێگە بە مرۆڤ دەدات کۆنترۆڵیان بکات، لێیان تێبگات و بیانخاتە خزمەت دیدگاکانی خۆیەوە. ئامرازەکان خاوەنی ئیرادەی سەربەخۆ نین تاوەکو ئایدیۆلۆژیایەک بەسەر بەکارهێنەردا بسەپێنن و توانای داگیرکردنی ڕۆحی مرۆڤیان نییە گەر مرۆڤەکە خۆی ڕێگەیان پێ نەدات. لەبەر ئەوەی بەرهەمە مۆدێرنەکان سنووردارن، دەکرێت بەردەوام گەشەیان پێ بدرێت، پرۆسەی پەرەپێدانیان بەپێی پێداویستییەکان ئاراستە بکرێت، و بۆ مەبەستی زۆر جیاواز و تەنانەت دژ بە خودی ئامانجەکانی کلتووری مۆدێرنەش بەکاربهێنرێن. ئامراز دەتوانێت لەدەستی فەیلەسووفێکی نەریتیخوازدا ببێتە چەکێک بۆ بڵاوکردنەوەی حیکمەت.

بێجگە لەوەی ئامێردروستکردن پرۆسەیەکی دژە-مۆدێرنەی شاراوەی تێدایە کە باوەڕی وایە سروشت ئامانجدارە. لێرەدا دەبێت ئێمە تێبینی ئەوە بکەین کەم شت هەیە لە بوون دا ئامانجدار نەبێت. بۆیە شتێکی سروشتییە ئەگەر ئێمە ئامانج (telo) لەبەرچاو بگرین بۆ بابەتەکان تەنانەت لە ڕەهەندێکی کورتیش دا بێت. ئەمە جیاوازە لە پراگماتیزم بەوەی پراگماتیکیەکان باوەڕیان بەهەرشتێک نییە کە ئەنجامدار نەبێت. کاتێک وردی سیستەمەکە و تواناکانی سروشتت بۆ دەردەکەوێت، سەیر نییە لەگەڵ مامەلەی دروست خزمەت بە بەها باڵاکان بکات کە مرۆڤ لەسەری بنیادنراوە. 

ژیریی دەستکرد وەک دیارترین و پێشکەوتووترین بەرهەمی سەردەم دەردەکەوێت. بۆ پاراستنی زەین لە پیرۆزکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە، پێویستە بە ڕوونی لە کرۆکی کارکردنی تێبگەین. ژیریی دەستکرد لە بنەڕەتدا و لە قووڵترین ئاستیدا، ئامێرێکی ڕێکخستن و وەڵامدانەوەیە. کارەکەی بەتەواوی پشتبەستنە بەو مێژووە دیجیتاڵییە زەبەلاحەی کە مرۆڤایەتی لە چەند دەیەی ڕابردوودا لەسەر ئینتەرنێت و سێرڤەرەکان تۆماری کردووە. ئەم ئامێرە قەوارەیەکی سەربەخۆ و داهێنەر نییە لە بۆشاییدا، بەتەواوی وابەستەی داتا خاوەکان و ئەو پێدراوانەیە کە خرونەتە بەردەستی. شێوازی کارکردنی ڕاستەقینەی لە ڕێگەی "پرۆمپت" یان فەرمانی تایبەتەوەیە کە بەکارهێنەر ئاراستەی دەکات. مرۆڤ پرسیارێک یان داواکارییەکی تایبەت دەنووسێت، ئامێرەکەش بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر بەناو ئەرشیفە زەبەلاحەکەیدا دەگەڕێت، زانیارییە پەیوەندیدارەکان دەدۆزێتەوە و وەڵامێک ڕێکدەخاتەوە کە گونجاو بێت لەگەڵ فەرمانەکەدا.

​ڕۆڵی مرۆڤ لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵێکی سەروەر و یەکلاکەرەوەیە. ژیریی دەستکرد کاری پێشکەشکردنی کەرەستە و زانیارییە خاوەکانە بە شێوەیەکی خێرا. پرۆسەی لێکدانەوەی قووڵ، دروستکردنی پەیوەندییە لۆجیکییەکان لە نێوان چەمکەکاندا، و ئەنجامدانی دایەلۆگی ناوەکی بۆ گەیشتن بە حەقیقەت، بەتەواوی لەناو مێشکی مرۆڤدا ڕوودەدات و لەوێدا کۆتایی دێت.

مرۆڤ پێویستی بەوە نییە ئامێرەکە خوانەکەی بە تەواوی بۆ ئامادە بکات و ماناکانی بۆ ببەخشێت؛ ئەو تەنها پێویستی بەوەیە ئامێرەکە کەرەستەکانی بۆ بهێنێت، بۆ ئەوەی خۆی بە پشتبەستن بە توانای زەینیی خۆی بزانێت خوانەکەی پێویستی بە چییە و چۆن ئەو کەرەستانە تێکەڵ دەکرێن بۆ دروستکردنی مانایەکی فەلسەفی یان پڕاکتیکی.
​ئەم جیاکردنەوەیە سەروەریی عەقڵی مرۆڤ و ئیرادەی تاکی ڕەسەن دەپارێزێت. زەینی مرۆڤ دەتوانێت ئەو زانیارییە پەرشوبڵاو و بێلایەنانە وەربگرێت و لەژێر ڕۆشنایی حیکمەتێکی ڕەسەن و نەریتییانەدا دایانڕێژێتەوە. بەم جۆرە، ژیریی دەستکرد لە باڵۆنە گەورەکەی کە مۆدێرنە بۆی دروستکردووە دێتە دەرەوە و دەبێتە خزمەتکارێکی گوێڕایەڵ، ئەرشیفچییەکی خێرا، و کرێکارێکی کارامە، لە کاتێکدا پادشایەتیی بیرکردنەوە، دیاریکردنی ئامانجە باڵاکان، و بڕیاردانی ئەخلاقی بە تەواوی لە دەستی ئیرادەی مرۆڤدا دەمێنێتەوە. ئەمەیە ئەو هێڵە جیاکەرەوەیەی کە ڕێگەمان پێدەدات لەناو دڵی جیهانی مۆدێرنەدا بین، سوود لە ئامرازەکانی ببینین، و بە پارێزراوی لە ژەهری کلتوورەکەی بژین.

بەشی دووەم: تەکنەلۆژیا وەکو کارێکی ڕۆحی

لێرەدا چەند پرسیارێک دێتە ئاراوە : ئەگەر بناغەی مۆدێرنە خۆی لەسەر بنەمایەکی وێرانکەر بونیاد نرابێت، ئەو میکانیزمە چییە کە وا دەکات مرۆڤێکی دژە-مۆدێرنە بتوانێت بەرهەمەکانی ئەم سەردەمە تەنها لە بەرژەوەندیی ڕاستەقینە و باڵای مرۆڤایەتیدا بەکاربخات؟ باشکردنی لایەنی ماددیی ژیان لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە، چۆن کارلێک لەگەڵ ئامانجە ڕۆحی و باڵاکانی مرۆڤ دەکات و چۆن پارێزگاری لە هاوسەنگیی نێوانیان دەکرێت؟ چوارچێوەی ئەخلاقیی گونجاو بۆ بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە چییە بۆ ئەوەی ڕێڕەوەکەی بەرەو تڕانس-هیومانیزم (Transhumanism) و گۆڕینی سروشتی بنەڕەتیی مرۆڤ نەڕوات ئۆتۆماتیزەکردنی کارەکان و بڕیارەکان لە ڕێگەی ئامێرەکانەوە، چ کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر چەمکی ئیرادە و بەرپرسیارێتیی مرۆڤ دەبێت؟


مرۆڤ بە سروشتی خۆی خاوەنی توانای "ئەندازیاریی پێچەوانە" (Reverse Engineering)ـیە. واتا پرۆسە وێرانکەرەکان هەڵبوەشێنێتەوە و ئاراستەیان بگۆڕێت بەرەو بونیادنانەوە. مۆدێرنە دەیەوێت لە ڕێگەی ئامێرەکانەوە مۆنۆپۆڵی بیرکردنەوە بکات، لێرەدا مرۆڤی هۆشیار دەتوانێت هەمان ئەو ئامێرانە بەکاربهێنێتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بنەماکانی مۆدێرنە خۆی. بۆ ئەنجامدانی ئەمەش، پێویستە لە سەرەتادا سەرجەم ئەو پەردە خەیاڵییانە لابدەین کە ڕیکلامی سەردەم بەسەر ژیریی دەستکردیدا کێشاویەتی. میدیا و کۆمپانیا زەبەلاحەکان هەوڵ دەدەن ئەم تەکنەلۆژیایە وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ، داهێنەر، یان بونەوەرێکی باڵا وێنا بکەن. بینینی تەکنەلۆژیا بەو شێوە وەهمییە، خێرایی دەبەخشێت بە بڵاوبوونەوەی سوودگەراییەکی کوێر و جۆرێک لە "پەرستنی مۆڕاڵ" دروست دەکات، کە تێیدا ئامێرەکان دەبنە پێوەر بۆ ڕاست و هەڵە. چارەسەری ڕیشەیی لێرەدا، مامەڵەکردنە لەگەڵ ژیریی دەستکرد وەک ئامێرێکی پەتی. ناساندنی وەک ئامێرێک و خزمەتکارێک، تەوقی پیرۆزییەکەی دەشکێنێت و دەیگەڕێنێتەوە بۆ قەبارە سروشتییەکەی خۆی لەناو مێژووی داهێنانەکانی مرۆڤایەتیدا.


باشکردنی لایەنی ماددیی ژیان لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە، بەشێکی دانەبڕاوە لە کارە ڕۆحییەکە و تەواوکەری ئەرکەکانی مرۆڤە لەسەر زەوی. با تیشک بخەینە سەر نموونەیەکی سادە: "بەلۆعەی ئاو". ئەم داهێنانە تەکنەلۆژییە ڕۆژانەیە، ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت لە جێبەجێکردنی پاکوخاوێنی و ئاسانکاری بۆ پەرستشەکانی وەک دەستنوێژ. پاڵنەری بنەڕەتی بۆ پەرەپێدان و دابینکردنی ئاوی پاک بەو شێوەیە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە پێداویستییە ئایینییەکان و ئامادەسازییە ڕۆحییەکانەوە هەبووە. قەیرانە گەورەکەی کلتووری مۆدێرنە لەو خاڵەدا دەست پێدەکات کە مرۆڤ هۆکارە بنەڕەتییەکەی پشتی ئەو داهێنانە لەبیر دەکات. کاتێک مرۆڤ لەبیری دەچێتەوە بۆچی ئەو نوێگەرییەی کردووە، ئامرازەکە لە مانا باڵاکەی دادەماڵرێت و دەبێتە تەنها کەرەستەیەکی بێڕۆح بۆ بەکاربردنی ماددی. ئەم لەبیرچوونەوەیە، کەلێنێکی فیکری دروست دەکات کە تێکچوونی ئایینی و ئەخلاقیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. مانەوە لەسەر هۆشیارییە بنەڕەتییەکە و گرێدانەوەی ئامرازەکان بە مەبەستە باڵاکانیانەوە، وادەکات هەر پێشکەوتنێکی تەکنەلۆژی ببێتە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە سروشت و دروستکەرەکەیەوە.

لەگەڵ گەشەکردنی خێرای ژیریی دەستکرد و تێکەڵبوونی لەگەڵ کایەکانی ژیاندا، هەڕەشەی گۆڕینی سروشتی مرۆڤ و دەرکەوتنی بزووتنەوەکانی وەک تڕانس-هیومانیزم (Transhumanism) قەبارەیەکی ترسناک وەردەگرێت. ئەم بزووتنەوانە ئامانجیان تێکشکاندنی سنوورە بایۆلۆژی و ڕۆحییەکانی مرۆڤ و دروستکردنی قەوارەیەکی دەستکردە. لەم جەنگەدا، ئایین وەک قەڵغانێکی پتەو و تاکە پێوەری ڕاستەقینە دەردەکەوێت. ئایین بە ڕوونی سنوورەکانی دیاری کردووە و پێمان دەڵێت چ بەشێک لە سروشتی مرۆڤ شایستەی دەستکاریکردن و چاکسازییە، وە چ بەشێکی تریشی نەگۆڕە و دەستبردن بۆی یەکسانە بە لەناوبردنی حەقیقەتی مرۆڤبوون. پابەندبوون بەم چوارچێوە ئایینییەوە، ڕێگرە لەوەی تەکنەلۆژیا مرۆڤ بکاتە کاڵایەکی تاقیگەکان و ڕەسەنایەتییەکەی لێ زەوت بکات.

بەڵێ، پێسپاردنی بڕیارەکان و ئۆتۆماتیزەکردنی کارەکان بەهۆی ئامێرەکانەوە، لە سەرەتادا کاریگەرییەکی نەرێنی و شۆکهێنەر لەسەر دەروونی کۆمەڵگە جێدەهێڵێت. ئەم گۆڕانکارییانە مرۆڤ تووشی دڵەڕاوکێ دەکەن و دەیخەنە ناو گێژاوی تیۆرییە خەیاڵییەکانەوە. تاکەکان بۆ ماوەیەک نقومی بیرۆکەکانی خەیاڵی زانستی (Sci-Fi) دەبن و وێنای کۆتاییەکی کارەساتاوی بۆ مرۆڤایەتی دەکەن. سروشتی خۆگونجاندنی مرۆڤ بەسەر ئەم دۆخەدا زاڵ دەبێت و هاوسەنگییەکە دەگەڕێنێتەوە. بە تێپەڕبوونی کات، کۆمەڵگە لەگەڵ ئەم واقیعە نوێیەدا ڕادێت و لەو تیۆرییە خەیاڵاوییە بێسوودانە دوور دەکەوێتەوە. ئامێرەکان دەچنە فۆڕمە پڕاکتیکییەکەی خۆیانەوە و مرۆڤ هەنگاو دەنێت بەرەو بەکارهێنانیان بۆ مەبەستی بەرهەمدار. ئەم پرۆسەیەی تێپەڕاندنی خەیاڵ و گەیشتن بە مامەڵەی واقیعی، نیشانەی هێزی ئیرادەی مرۆڤە کە هەمیشە دەتوانێت خۆی لە چنگ وەهمەکان ڕزگار بکات و دەسەڵاتی لۆجیکیی خۆی بەسەر ئامرازەکاندا بسەلمێنێتەوە.

بەشی سێیەم: تێکشکاندنی وەهمی باڵادەستی زۆرینە

پرسیارێکی زۆر جەوهەری لێرەدا شایەنی باسکردنە ئەویش : ئایا پشتبەستنی زۆر بە ئامێرەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، مەترسیی لاوازکردنی توانای بیرکردنەوەی قووڵ و تێکۆشانی ڕۆحیی مرۆڤ دروست دەکات؟

ئەگەر کلتووری مۆدێرنە بناغەی خۆی لەسەر بانگەشەی بڵاوکردنەوەی یەکسانیی مەعریفی و بەرزکردنەوەی زەینی هەمووان بونیاد نابێت، ئەوا هاتنی تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان ئەم وەهمە بە تەواوی هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەو باوەڕەی پێی وایە زۆرینەی خەڵک خاوەنی باڵادەستیی مەعریفین و دەتوانن سەربەخۆیانە لە ئاستێکی قووڵدا بیر بکەنەوە، لە بنەڕەتدا ئەفسانەیەکە بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان دروست کراوە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە لاوازبوونی زەین و پشتبەستن بە ئامادەکراوەکان، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی خودی سیستەمەکەیە نەک تەنها دەرکەوتنی ئامێرەکان. لەم ژینگەیەدا، مرۆڤی ژیر و خاوەن ئیرادە جیا دەکرێتەوە. ئەو مرۆڤەی کە توانای هەیە سیستەمەکە لە ماددە خاوەکانی ناوی جیا بکاتەوە، دەتوانێت پێشەکییەکان و دەرەنجامە لۆجیکییەکان بە ڕوونی دەستنیشان بکات. ئەم جیاکردنەوەیە، نەک تەنها زەینی لاواز ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی توانای شیکردنەوەی لەسەر باسە گشتییەکان. لە کاتێکدا زۆرینە لەناو ئامادەکراوەکانی تەکنەلۆژیادا نقوم دەبن، کەمینەی هۆشیار ئامێرەکان وەک کەرەستەیەک بۆ بیناکردنی تێگەیشتنێکی بەهێزتر بەکار دەهێنن.

لەم گۆڕەپانەدا، ژیریی دەستکرد دەبێتە چەکێکی کاریگەر بەدەست بیرمەندە ڕەسەنەکان و چالاکوانەکانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی خودی کلتووری مۆدێرنە. زۆرجار، ئەو کەسانەی کە هەڵگری بیرۆکەی یونیڤێرساڵ (گشتگیر) و ڕەسەنن، بەهۆی قەبارەی زەبەلاحی زانیارییەکان و ئاڵۆزیی گەیاندنی پەیامەکانیانەوە، بە شێوەیەکی ئۆبجێکتیڤ تووشی جۆرێک لە تەمبەڵی یان سستبوون دەبن. پەیامەکانیان قووڵن، بەڵام گەیاندنیان بە جەماوەرێکی فراوان لەناو سیستەمێکی خێرادا کارێکی سەختە. لێرەدا، ژیریی دەستکرد وەک فریادڕەسێک دەردەکەوێت. ئەم کەسایەتییانە دەتوانن تەکنەلۆژیا بەکاربهێنن بۆ ڕزگاربوون لەو تەمبەڵییە، بۆ ڕێکخستنەوەی بیرۆکەکانیان، و بۆ داڕشتنەوەی پەیامە ئاڵۆزەکانیان بە زمانێک کە لەگەڵ سەردەمدا بگونجێت. بەم شێوەیە، ئامرازێکی مۆدێرن دەبێتە پردێک بۆ گواستنەوەی حەقیقەتە کۆنەکان و دەرچوون لە گۆشەگیری. ئەمەش کاردانەوەیەکی واقیعییانەیە بەرامبەر ئەو جیهانەی کە دەیەوێت هەموو دەنگێکی ڕەسەن کپ بکات.

بەڵێ، یەکێکیش لە گەورەترین ترسەکان ئەوەیە کە ئامێرەکان ببنە جێگرەوەی شێوازی نەریتیی گواستنەوەی حیکمەت، بەتایبەتی ئەو پەیوەندییە ڕۆحییەی لە نێوان مامۆستا و فێرخوازدا هەیە. بەڵام لە ڕاستیدا، بەردەستبوونی بێسنووری زانیارییەکان لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە، نەک هەڕەشە نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە سەرەداوێک بۆ گەڕان بەدوای حەقیقەتدا. زانیارییە زۆر و وردەکان دەتوانن فزوڵی (حەزی زانین) لای کەسێک دروست بکەن بۆ گەیشتن بەو ئاستە بەرزانەی کە کەسانی وەک سۆفییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن. خاڵی یەکلاکەرەوە لێرەدا ئەوەیە: ژیریی دەستکرد هەرگیز ناتوانێت زانیاریی ناوەکی و ئەزموونیی (تجربەیی) پێشکەش بکات. ئەو حەقیقەتانەی کە لە ڕێگەی ئەزموونی ڕۆحییەوە بەدەست دەهێنرێن، نادزرێن و ناکرێت شیکاریی مەنتیقییان بۆ بکرێت تا ببنە بەشێک لە داتابەیسی ئامێرەکان. حیکمەت لە دەرەوەی لۆجیکی ژمارەییدایە. هاوکات، قەبارەی زەبەلاحی ئەو زانیارییانەی کە ئامێرەکە پێشکەشی دەکات، وەک شمشێرێکی دووسەر کار دەکات؛ لە لایەک زانیاری دەبەخشێت، لە لایەکی تریشەوە، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو هەموو زانیارییە وردانەی ناو دەرسەکان، غرووری زانستیی مرۆڤ دەشکێنێت و پێی دەڵێت کە قەبارەی زانینەکەی چەندە بچووکە بەرامبەر بەو زەریایە. ئەم تێکشکاندنەی غروور، یەکەم هەنگاوە بۆ ملکەچبوون بەرامبەر حەقیقەت.


بەشی چوارەم : هاتنەناوەوەی ژیریی دەستکرد بۆ ناو کایەکانی ژیان، چۆن کارلێک لەگەڵ پێکهاتە کۆمەڵایەتییە نەریتییەکان و ئابوورییە ناوخۆییەکان دەکات. 

کاریگەرییەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە لەسەر پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و ئابوورییە ناوخۆییەکان، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی کوردیدا، دەرئەنجامی ئەرێنیی گرنگی دەبێت. بۆ تاکی کورد کە زۆرجار لە دەرەوەی هاوکێشە ئاڵۆزەکانی جیهاندایە، ژیریی دەستکرد دەرگای تێگەیشتن و هەماهەنگی لەگەڵ ئەو سیستەمە زەبەلاحە ئابووری و سیاسییانە ئاسانتر دەکات. کەسێکی ئاسایی دەتوانێت لە ڕێگەی ئامێرەکەوە گفتوگۆیەکی بەچێژ و تێگەیشتنێکی قووڵتر بۆ واقیع دروست بکات. بێگومان، هەردەم ئەگەری ئەوە هەیە کە کەسێکی گەمژە یان کەم‌ هۆشیار ئەم ئامرازانە بەکاربهێنێت بۆ بەربەرەکانێیەکی بێهودە لەگەڵ واقیعدا یان بۆ دروستکردنی وەهمی زیاتر. بەڵام وەک چۆن دەقە ئایینییە پیرۆزەکان لە مێژوودا هەمان جۆری بەکارهێنانیان بەسەردا هاتووە و لەلایەن کەسانی نەزانەوە بۆ مەبەستی هەڵە بەکارهێنراون، تەکنەلۆژیاش بەدەر نییە لەم چارەنووسە. کێشەکە لە ئامرازەکەدا نییە، بەڵکو لە ئاستی هۆشیاری و ئیرادەی ئەو کەسەدایە کە ئامرازەکە بەکاردەهێنێت.


کۆتایی: ئایندەسازی، خێراکردنی داڕمان و گەڕانەوە بۆ بیرۆکە ڕەسەنەکان

لە گەشتە فەلسەفییەکەماندا بەرەو تێگەیشتن لە داهاتووی تەکنەلۆژیا، دەبێت بەوپەڕی واقیعبینییەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە قورسەکان ببینەوە. بیرمەندانی وەک ڕێنێ گینۆن و تیۆدۆر کازینسکی ڕەخنەی ئێجگار کوشندەیان ئاراستەی تەواوی پێکهاتەی تەکنەلۆژی و پیشەسازیی مۆدێرنە کردووە. تێڕوانینەکانیان بۆ مەترسییەکانی سیستەمەکە زۆر قووڵن و هەڕەشەی جددی لەسەر خودی بوونی مرۆڤ دەستنیشان دەکەن. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دەرگای گونجاندن لەگەڵ ئەم قۆناغەدا هێشتا کراوەیە. مرۆڤی ڕەسەن دەتوانێت لەناو دڵی ئەم گێژاوەدا جێگەی خۆی بکاتەوە و مامەڵەیەکی هۆشیارانە لەگەڵ ئامرازەکاندا بکات. تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە پێویستی بە تێگەیشتنێکی دروست هەیە بۆ کرۆکی ئەو شتەی پێی دەوترێت ژیریی دەستکرد و جیاکردنەوەی لە خەونە یوتۆپیاییەکانی عەلمانیەت.

ژیریی دەستکرد لە بنەڕەتدا قەوارەیەکی شلە، هیچ فۆڕمێکی کۆنکرێتی و ڕەقبووی نییە. کارکردنی ئەم ئامێرە بەتەواوی وابەستەی ئەو داتایانەیە کە پێی دەدرێت و بەبێ زانیارییە خاوەکان هیچ توانایەکی سەربەخۆی نابێت. ئەم سروشتە شلە دەرفەتێکی زێڕینە، چونکە ئامێرەکە فۆڕمی ئەو دەفرە وەردەگرێت کە تێیدا دەکرێت. لێرەدا، بەکارهێنانی ئامرازەکە بۆ "باشکردنی دنیا" بەتەواوی لەو خەونە وەهمییانەی عەلمانیەت جیا دەبێتەوە کە دەیانەوێت بەهەشتێکی ساختە لەسەر زەوی بونیاد بنێن. باشکردنی دنیا لە دیدگای مرۆڤی ڕەسەنەوە، بریتییە لە خستنەگەڕی ئەم قەوارە شلە بۆ خزمەتکردنی ئامانجە باڵاکانی بوون، ڕێکخستنی کەرەستەکان بۆ ئاسانکاریی ژیان، و هێشتنەوەی سەروەریی تەواو بۆ ئیرادەی مرۆڤ لە داڕشتنی ماناکاندا.

لەلایەکی ترەوە، گەشەسەندنی خێرای ئەم ئامرازانە خۆی لە خۆیدا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هەموو ئەو سیستەمە تەکنەلۆژییەی کە مۆدێرنە دروستی کردووە. ژیریی دەستکرد بەشێکی دانەبڕاوە لەو مەکینە زەبەلاحە و شتێکی جیاواز نییە لێی، هەر بۆیە گەشەی لەڕادەبەدەری، دەبێتە هۆی خێراکردنی داڕمانی مۆدێرنە لەناوخۆیدا. ئەم خێراکردنە دەچێتە چوارچێوەی ئەو قەیرانە شارستانییانەی کە لە مێژوودا ڕوویانداوە و سیستەمەکان بەهۆی قورسایی و ئاڵۆزیی خۆیانەوە گەیشتوونەتە بنبەست و داڕماون. هاتنی ژیریی دەستکرد دەتوانێت ئەو خاڵە وەرچەرخانە بێت کە قەیرانەکانی کلتووری مۆدێرنە دەگەیەنێتە لوتکە و زەمینە خۆش دەکات بۆ کۆتایهاتنی هەژموونە گشتگیرەکەی.
بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم قۆناغە هەستیارەدا، دەبێت زۆر واقیعی بین لە دانانی سنوورەکاندا. مەحاڵە بتوانین سیستەمێکی تۆتالیتاری و گشتگیر دروست بکەین بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی ئەم باسە و سەپاندنی بەسەر هەموواندا. سروشتی تەکنەلۆژیا و کراوەییی جیهان ڕێگە بە جێبەجێکردنی خەونێکی کۆنترۆڵکەری لەو شێوەیە نادات. هەنگاوی دروست و پڕاکتیکی، ئاراستەکردنی کەسە گونجاوەکان و نوخبەی هۆشیارە. ئەرکی سەرەکی ئەوەیە کە ئەو کەسایەتییە ڕەسەنانە تێبگەیەنین کە ژیریی دەستکرد وەک دوژمنێک سەیر نەکەن. کاتێک کەسانی خاوەن تێگەیشتنی قووڵ فێر دەبن ئامێرەکە وەک چەکێک یان قەڵغانێک بەکاربهێنن، دەتوانن کاریگەریی گەورە لەسەر ئاراستەی گشتی دروست بکەن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە دەسەڵاتێکی تۆتالیتاری هەبێت.


لە کۆتاییدا، ئەم جیاکردنەوە وردەی نێوان ئامراز و کلتوور دەروازەیەکی گەورەمان بەڕوودا دەکاتەوە. ئەمە تەنها خۆپاراستن نییە لە زریانەکە، بگرە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی کارکردنە. من داهاتوویەکی گەشی سیاسی لەم پرۆسەیەدا دەبینم بۆ گەڕانەوەی بیرۆکە تۆزلەسەرنیشتووەکانی مێژوو. ئەو حەقیقەتە فەلسەفی و میتافیزیکییانەی کە بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر پاشماوەکانی کلتووری مۆدێرنەدا شارابوونەوە، ئێستا دەتوانن لە ڕێگەی گونجاندنیان لەگەڵ کەرەستە نوێیەکاندا، دووبارە بێنەوە ناو گۆڕەپانەکە. پاراستنی ڕەسەنایەتی بە واتای دابڕان نییە لە پێشکەوتن؛ پێشەنگبوونە لە داهێناندا لە کاتێکدا ڕەگ و ڕیشەکانت بە قووڵی لەناو حەقیقەتە نەگۆڕەکاندا چەقیوە. بەم جۆرە، ژیریی دەستکرد لە بری ئەوەی ببێتە بتی سەردەم، دەبێتە پردێک بۆ پەڕینەوە بەرەو ئەو زێڕە شاراوەیەی کە مێژوو لەناو خۆیدا هەڵیگرتووە.