---

زانستی باو (پۆپ سایەنس) و کوشتنی زانستی ڕاستەقینە

سەردەمی مۆدێرنە وەهمێکی گەورەی بۆ مرۆڤایەتی دروست کردووە، ئەویش وەهمی کرانەوەی مەعریفی و باڵادەستیی عەقڵە بەسەر تەواوی نهێنییەکانی بووندا. مرۆڤی هاوچەرخ لەناو زەریایەک لە زانیاریی بێسەروبەردا مەلە دەکات و لە هەمان کاتدا لەوپەڕی نەزانیدا دەژی. یەکێک لە گەورەترین کارەساتە فیکرییەکانی ئەم سەردەمە، سەرهەڵدان و باڵادەستبوونی دیاردەیەکە کە پێی دەوترێت "پۆپ سایەنس" یان زانستی باو. ئەم دیاردەیە لە ڕواڵەتدا هەوڵێکە بۆ نزیککردنەوەی چەمکە ئاڵۆزە زانستییەکان لە تێگەیشتنی خەڵکی ئاسایی، لە ناوەڕۆکدا پرۆسەیەکی وێرانکەرە بۆ کوشتنی ڕۆحی گەڕانی ڕاستەقینە و سڕینەوەی قووڵاییە فەلسەفی و میتۆدۆلۆژییەکانی زانست. پۆپ سایەنس ئەو ئامرازەیە کە زانستی لە پرۆسەیەکی پڕ لە گومان و لێکۆڵینەوەی وردەوە، گۆڕیوە بۆ ئایینێکی نوێی پڕ لە دۆگما و دڵنیایی ڕووکەشانە.

بۆ تێگەیشتن لە سروشتی پۆپ سایەنس، دەبێت سەرەتا لە سروشتی میدیای مۆدێرن و سەرمایەداریی دیجیتاڵی تێبگەین. لەم سیستەمەدا، هەموو شتێک کاڵایە، تەنانەت حەقیقەتیش. زانستی ڕاستەقینە پڕۆسەیەکی بێزارکەر، خاو، و پڕ لە هاوکێشەی ئاڵۆز و لێکۆڵینەوەی وشکە. خەڵکی ئاسایی کاتی ئەوەیان نییە بەناو سەدان لاپەڕە لە داتای تاقیکاری و شیکردنەوەی ئاماریدا بچنە خوارەوە. لێرەدا پۆپ سایەنس وەک فریاڕەسێکی ساختە دەردەکەوێت. چەمکە قووڵەکانی فیزیکی کوانتەم، بایۆلۆژیای گەردیلەیی، یان نیورۆسایەنس دەبات، لە هەموو بنەما بیرکاری و فەلسەفییەکانیان دایدەماڵێت، و لە فۆڕمی ڤیدیۆیەکی سی چرکەیی یان پۆستێکی سەرنجڕاکێشدا پێشکەشیان دەکات. ئەمە ڕێک وەک ئەوە وایە تابلۆیەکی شاکاری هونەری بکەیتە کارتۆنێکی سادەی منداڵان بۆ ئەوەی زۆرترین کەس سەیری بکات. ئەم کورتکردنەوەیە زانیاری دروست ناکات، وەهمی زانین دروست دەکات.

کێشە بنەڕەتییەکانی ئەم دیاردەیە زۆر لەوە قووڵترن کە تەنها شێواندنی چەند زانیارییەک بن. یەکەمین و مەترسیدارترین کێشە، دروستکردنی جۆرێک لە لەخۆباییبوونی مەعریفییە لەلایەن وەرگرەوە. بینەری مۆدێرن دوای سەیرکردنی چەند کورتە ڤیدیۆیەک لەسەر تیۆری ڕێژەیی یان دروستبوونی گەردوون، هەست بە جۆرێک لە ئارامیی ساختە دەکات. پێی وایە کلیلەکانی نهێنییەکانی گەردوونی لە گیرفاندایە. ئەم وەهمی زانینە دەبێتە هۆی کوشتنی پرسیارە قووڵەکان.

مرۆڤێک کە پێی وابێت وەڵامەکانی لایە، هەرگیز خۆی بەدوای حەقیقەتدا ماندوو ناکات. دەبینین لە سۆشیاڵ میدیادا کەسانێک بەوپەڕی متمانەوە گفتوگۆ لەسەر دۆخی کوانتەمی و گەردوونە هاوتەریبەکان دەکەن، لە کاتێکدا ناتوانن سادەترین هاوکێشەی جەبری چارەسەر بکەن یان لە بنەماکانی لۆژیکی ئەرستۆیی تێبگەن. ئەمە بەرهەمی ڕاستەوخۆی پۆپ سایەنسە، کە گەمژەیی پۆشیوە بە بەرگێکی زانستیی بریقەدار.
کێشەیەکی تری گەورە، بە پیرۆزکردنی زانستی ئەزموونی و گۆڕینیەتی بۆ ئایینێکی نوێ (Scientism). مۆدێرنە، دوای ئەوەی هەوڵی دا ئایینە نەریتییەکان و فەلسەفە قووڵەکان لەناوببات، پێویستی بە مەرجەعێکی نوێ هەبوو بۆ پاساوهێنانی ئەخلاقی و بونیادی کۆمەڵایەتیی خۆی. پۆپ سایەنس ئەم ڕۆڵەی بە باشی بینی.

زانایان و پێشکەشکارە تەلەفزیۆنییەکانی زانست بوونە قەشە و پیاوانی ئایینیی ئەم سەردەمە نوێیە.
قسەکانیان وەک دەقی پیرۆز وەردەگیرێت. زانستی ڕاستەقینە هەمیشە ئەگەری هەڵەی تێدایە و ئەنجامەکانی کاتی و گۆڕاون بەپێی داتا نوێیەکان. پۆپ سایەنس ئەم گومانە میتۆدۆلۆژییە دەسڕێتەوە و دڵنیایی ڕەها بە خەڵک دەبەخشێت. دەستەواژەی "زانستی سەلماندوویەتی" بووەتە چەکوشی کۆتاییهێنان بە هەر گفتوگۆیەک و سەرکوتکردنی هەر ڕەخنەیەک کە لە دەرەوەی پارادایمی ماتریالیزمی مۆدێرنەوە بێت.


پچڕاندنی پەیوەندیی ئۆرگانیکی نێوان زانست و فەلسەفە، یەکێکی ترە لە تاوانەکانی پۆپ سایەنس. لە ڕابردوودا، گەورەترین زانایان لە هەمان کاتدا فەیلەسووف بوون. تێگەیشتنیان بۆ سروشت بەشێک بوو لە تێگەیشتنێکی گشتگیرتر بۆ بوون. پۆپ سایەنس زانست لە هەر جۆرە قووڵاییەکی میتافیزیکی دادەڕنێت. جیهان وەک ئامێرێکی کوێر و بێمانا وێنا دەکات کە تەنها لەڕێگەی تاقیکردنەوەی ماددییەوە دەکرێت لێی تێبگەین. ئەم دیدە کەمکردنەوەییە (Reductionism) مرۆڤیش دەکاتە تەنها کۆمەڵێک کارلێکی کیمیایی و بایۆلۆژی. 


لەم ڕوانگەیەوە، بابەتە ئەخلاقییەکان، مانای ژیان، و بەها باڵاکان هیچ نرخێکیان نامێنێت، چونکە لە ژێر مایکرۆسکۆپدا نابینرێن. ئەمە ڕێک ئەو زەمینە فیکرییەیە کە کولتووری مۆدێرن و ڕەوتی سوودگەرایی (Utilitarianism) لەسەری دەژین و گەشە دەکەن، کە تێیدا هەموو شتێک بە پێوەری سوودی ماددی دەپێورێت.


بۆ ناسینەوەی ئەم دیاردەیە لەناو ئەم ژاوەژاوە میدیاییەی کە تێیدا دەژین، پێویستە سەرنج بدەینە چەند نیشانەیەکی دیاریکراو. یەکەمین نیشانە بریتییە لە شێوازی داڕشتنی ناونیشانەکان. میدیای پۆپ سایەنس بەردەوام پشتی بەستووە بە زمانێکی یەکلاییکەرەوە و هێرشبەر. ناونیشانەکانی وەک "دۆزینەوەیەکی نوێ کە مێژووی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت"، یان "نهێنی ئارامیی دەروونی لەناو مێشکدا دۆزرایەوە"، گەورەترین ئاماژەن بۆ ساختەکاریی مەعریفی. زانستی ڕاستەقینە زۆر لەوە سادەتر و پڕ گومانترە کە بەم جۆرە دڵنیاییە گەورەیەوە قسە بکات. هەر لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمی کۆمەڵێک گۆڕاو و مەرجی توندی هەیە. لێکۆڵەرێک کە کاریگەریی ماددەیەکی کیمیایی لەسەر جۆرێک لە مشکی تاقیگە دیاری دەکات، هەرگیز ناڵێت ئەمە چارەسەری کۆتاییە بۆ مرۆڤ.

میدیای پۆپ سایەنس ئەو مەرجانە لادەبات، چوارچێوەی تاقیکردنەوەکە دەشکێنێت، و ئەنجامێکی بچووک و دیاریکراو دەکاتە یاسایەکی گەردوونی تەنها بۆ ئەوەی زۆرترین کلیک بەدەست بهێنێت.


نیشانەیەکی تری مەترسیداری پۆپ سایەنس، تێکەڵکردنی زاراوە زانستییەکانە لەگەڵ خەیاڵپڵاوی و گەشەپێدانی مرۆیی. بازرگانانی وەهم هەستیان بەوە کردووە کە خەڵک ڕێز لە وشە زانستییەکان دەگرێت. بۆیە دێن چەمکەکانی وەک "ووزە"، "لەرەلەر"، "کوانتەم"، و "دیمەنەکانی گەردوون" دەهێننە ناو بابەتەکانی دەروونناسیی ڕووکەشەوە. پێتبەڵێن دەدەن کە دەتوانیت بە هێزی بیرکردنەوەت کار لە لەرەلەری کوانتەمیی گەردوون بکەیت و پارە یان خۆشەویستی ڕابکێشیتە ناو ژیانتەوە. ئەمە سووکایەتیکردنێکی گەورەیە بە عەقڵی مرۆڤ و بە خودی زانستیش. هیچ پەیوەندییەک لە نێوان هاوکێشە بیرکارییەکانی ميكانيكی كوانتەم و ئارەزووە کەسییەکانی مرۆڤێکدا نییە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلێکی نوێ. ئەم تێکەڵکردنە تەنها بۆ بەخشینی شەرعییەتێکی درۆینەیە بە کۆمەڵێک بیرۆکەی پووچ. 


وە هەروەها نەبوونی هیچ سەرچاوەیەکی ڕەسەن و نەبوونی ئاماژە بە میتۆدۆلۆژیای توێژینەوەکە، خەسڵەتێکی جیانەکراوەی ئەم جۆرە بابەتانەیە. زانیارییەکان وەک وەحییەکی ئاسمانیدا دەبارێن بەبێ ئەوەی ڕێگەت پێبدەن بپرسیت: ئەمە چۆن تاقیکرایەوە؟ کێ تاقیکردەوە؟ لە ژێر چ بارودۆخێکدا؟


پاراستنی خۆت لەم پەتایە فیکرییە پێویستی بە هەوڵێکی ئیرادی و بونیادنانی قەڵغانێکی مەعریفیی بەهێز هەیە. یەکەم هەنگاو بەرەو ڕزگاربوون، قبوڵکردنی سنوورەکانی زانستی ئەزموونییە. زانست ئامرازێکی یەکجار گرنگ و کاریگەرە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی کارکردنی جیهانی ماددی. دەتوانێت پێمان بڵێت گەردیلەکان چۆن کارلێک دەکەن، یان خانەکان چۆن دابەش دەبن. توانای وەڵامدانەوەی پرسیارە گەورەکانی بوونی نییە. ناتوانێت پێمان بڵێت بۆچی شتەکان بوونیان هەیە لەبری ئەوەی نەبن، یان مانا و ئامانجی کۆتایی لەم ژیانەدا چییە. کاتێک مرۆڤ ئەم سنوورە ئۆنتۆلۆژییەی زانست دەناسێت، ئیتر ناکەوێتە داوی ئەو پۆپ سایەنسەی کە دەیەوێت زانست بکاتە جێگرەوەی فەلسەفە و ئایین. ئەم تێگەیشتنە وات لێدەکات بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە سەیری ئەو بانگەشانە بکەیت کە دەیانەوێت تەواوی نهێنییەکانی مرۆڤایەتی لە چەند هاوکێشەیەکی بایۆکیمیاییدا کورت بکەنەوە.


گەڕانەوە بۆ سەرچاوە ڕەسەنەکان تاکە ڕێگایە بۆ بڕینی دەستی میدیای چەواشەکار. کاتێک گوێت لە هەواڵێکی زانستیی سەرسوڕهێنەر دەبێت، با یەکەم کاردانەوەت گومان بێت. بگەڕێ بەدوای توێژینەوە ئەکادیمییە سەرەکییەکەدا. بزانە ئایا ئەم لێکۆڵینەوەیە لە گۆڤارێکی باوەڕپێکراودا بڵاوکراوەتەوە کە پێداچوونەوەی هاوتایان (Peer-Reviewed) بۆ کردووە؟ بزانە پوختەی توێژینەوەکە چی دەڵێت. زۆرجار دەبینیت ئەوەی لە توێژینەوە ئەسڵییەکەدا نووسراوە، زۆر جیاواز و زۆر سنووردارترە لەو هەواڵە ئاگرینەی کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراوەتەوە. خوێندنەوەی کاغەزە زانستییەکان قورسە و پێویستی بە کۆشش هەیە، بەڵام ئەمە باجی گەیشتنە بە حەقیقەت. حەقیقەت کاڵایەکی هەرزان نییە لە مارکێتەکانی ئینتەرنێتدا بفرۆشرێت.


پەرەپێدانی بیرکردنەوەی لۆژیکی و فەلسەفی، چەکی هەرە کاریگەری مرۆڤە لە بەرامبەر وەهمەکانی مۆدێرنە. زانستی باو پشتی بە تەمەڵی عەقڵی بینەر بەستووە. کاتێک تۆ بنەماکانی لۆژیک دەزانیت، کاتێک دەتوانیت جیاوازی بکەیت لە نێوان پەیوەندیی هۆکارایەتی (Causation) و تەنها هاوکاتبوون (Correlation)، ئیتر بە ئاسانی هەڵناخەڵەتێیت. میدیاکە پێت دەڵێت "ئەو کەسانەی قاوە دەخۆنەوە تەمەنیان درێژترە"، تۆ ڕاستەوخۆ دەپرسیت: ئایا قاوەکە هۆکارەکەیە، یان ئەو کەسانەی توانای کڕینی قاوەی باشیان هەیە لە ڕووی ئابوورییەوە باشترن و سیستەمی تەندروستییان باشترە؟ ئەمە ئەو جۆرە بیرکردنەوە ڕەخنەگرانەیەیە کە پۆپ سایەنس دەیەوێت لەناوی ببات. عەقڵێکی پڕچەککراو بە لۆژیکی دروست، هەرگیز ناتوانرێت بکرێتە ئامانجی هەڵمەتە ڕیکلامییەکانی زانستی ساختە.


لە کۆتاییدا، دەبێت ئەو ڕاستییە تاڵە قبوڵ بکەین کە ژینگەی دیجیتاڵیی خێرا، بە هیچ شێوەیەک شوێنی فێربوون و تێڕامانی قووڵ نییە. زانست، فەلسەفە، و تێگەیشتن لە حەقیقەت، پێویستیان بە بێدەنگی، کات، و دابڕانێکی کاتی هەیە لەو ژاوەژاوەی کە هەموو چرکەیەک مێشکمان بۆمباران دەکات. ئەگەر بمانەوێت زانستی ڕاستەقینە بپارێزین لەو کۆمەڵکوژییەی کە پۆپ سایەنس پێی هەڵدەستێت، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ کولتووری خوێندنەوەی قووڵ. دەبێت ڕێز لە ئاڵۆزییەکانی بوون بگرین و واز لەو حەزە منداڵانەیە بهێنین کە دەمانەوێت گەردوون لەناو دەقێکی کورتدا جێی ببێتەوە. پاراستنی خۆمان لەم دیاردەیە، تەنها پاراستنی زانیارییەکانمان نییە، بەڵکو پاراستنی کەرامەتی عەقڵی مرۆڤ و ڕێزگرتنە لە پایەبەرزيی ئەو پرسیارە گەورانەی کە هەزاران ساڵە عەقڵی مرۆڤایەتییان سەرقاڵ کردووە. مۆدێرنە دەیەوێت ئارامیمان پێ بفرۆشێت لەڕێگەی وەڵامە ئامادەکراوەکانەوە، ئێمە دەبێت ئازایەتی ئەوەمان هەبێت کە گومانە قووڵەکان و پرسیارە بێوەڵامەکان هەڵبژێرین.