---

کوانتەم میکانیک : ئامرازێکی لێدان لە دین یان گەورەترین دۆزینەوە

پشیلەکەی شرۆدینگەر مردووە و زیندووە... هۆکاریەتی بوونی نییە دەکرێت شت لەخۆوە دروست ببێت... لەڕاستیدا دژبەیەک شتێکی ئاساییە و یاسایەکی گشتگیر نییە... مرۆڤ بە تەنها سەیرکردن یان بەکارهێنانی ئاگایی (Consciousness) دەتوانێت واقیع دروست بکات... هەموو ئەوانە بانگەشەی کوانتەمیستە پۆپ سایەنسەکانە. لەڕاستیدا ئەوەندە بابەتەکە لە دەست دەرچووە.... زۆرێک لە نووسەرانی گەشەپێدانی مرۆیی و نیو ئەیج، وەکو دیپاک چۆپرا، وشەی کوانتەم دەلکێنن بە چارەسەری دەروونی و کێشکردنی سامانی مادییەوە. بانگەشەی چاککردنەوەی خانەکانی لەش دەکەن لەسەر "ئاستی کوانتەمی" بەهۆی بیرکردنەوەی ئەرێنییەوە...

ئەم جۆرە مەهزەلەیە وەکو مەسەلەی ئیمامی عەلی لێهاتووە... هەرچی هەڵەسێ دەڵێت ئیمامی عەلی وایگوت و وا ڕۆی! ئەمڕۆ دەمانەوێت کۆمەڵێک لێکدانەوەی ورد بنوسین.


لە زانستی مۆدێرنەدا ئامێرەکانی پێوانەکردن وەک تاکە پێوەری بوون و حەقیقەت سەیر دەکرێن. ئەم ڕەوتە هەوڵدەدات لقەکانی زانست، بەتایبەتی فیزیکی کوانتەم، وەک چەکێک دژی بنەما نەگۆڕەکانی عەقڵ و لۆژیک بەکاربهێنێت. پێویستە لەسەرەتاوە ڕاستییەکی زۆر سادە و لە هەمان کاتدا قووڵ جێگیر بکەین: زانستە سروشتییەکان بوارێکی دۆزراوەن، لە ژێر لێکۆڵینەوە و پەرەسەندندان، و بە تەواوی ناچار و ملکەچن بۆ یاسا گشتییەکانی وەک "هۆکاریەتی" (Causality)، "دژبەیەک نەبوون" (Non-Contradiction)، و "هویەت" (Identity). ئەم یاسایانە پێشمەرجی بیرکردنەوە و بوونن. هیچ هاوکێشەیەکی بیرکاری یان تاقیکردنەوەیەکی تاقیگەیی توانای هەڵوەشاندنەوەی ئەم بنەمایانەی نییە؛ شکاندنی هەر یەکێک لەم یاسایانە دەبێتە هۆی داڕمانی خودی زانستەکە و گۆڕانی بۆ کۆمەڵێک هێمای بێ مانا.

لەلایەکی ترەوە، پێویستە ئاماژە بە قەیرانێکی گەورەی مەعریفی و زمانەوانی بکەین کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سنوورەکانی تێگەیشتنی مرۆڤەوە هەیە. کاتێک دیاردەیەکی نوێ لە جیهانی کوانتەمیدا دەدۆزرێتەوە، زۆرجار بە هیچ شێوەیەک ناکەوێتە چوارچێوەی "مەقولاتی ئەرستۆیی" (Aristotelian Categories). مێشکی ئێمە بۆ تێگەیشتن لە جیهان پشتی بەستووە بە کۆمەڵێک پۆلێنی وەک جەوهەر، چەندێتی، چۆنیەتی، و شوێن؛ هەر بۆیە درککردن بەو دیاردە نوێیانەی دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە کارێکی ئێجگار قورسە.
​لە ئەنجامی ئەم سەختییەدا، ئێمە پەنا دەبەینە بەر تێگەیشتنە ڕۆژانەییەکانمان و دەیانسەپێنین بەسەر جیهانی ژێر-گەردیلەییدا. بۆ نموونە، وێنەی ئەلکترۆن لە هزر و کتێبەکاندا وەکو تۆپێکی بچووکی ڕەق کێشراوە، سەرەڕای ئەوەی واقیعی ئەلکترۆن گوزارشتە لە هەورێکی ئەگەری و شێوەیەکی بیرکاریانەی تەواو جیاواز. ئێمە ئەو ناو و چەمکانەی بۆ شتە بینراوە ماکرۆسکۆپییەکان دامانناون، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی لۆژیکی یان ئۆنتۆلۆجی، دەیانگوازینەوە بۆ سەر جیهانی کوانتەم. جێبەجێکردنی حوکمی جیهانی گەورە بەسەر تەنۆلکە بچووکەکاندا بە شێوەیەکی کوێرانە، یەکێکە لە گەورەترین هەڵە ئیمپسیتمۆلۆجییەکانی سەردەم. 


​هاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا، خاڵێکی تری ئێجگار گرنگ هەیە کە زۆرینەی خەڵک لێی بێئاگان؛ زانایانی کوانتەم زۆرجار بە "مەجاز" (Metaphor) قسە دەکەن. کاتێک فیزیکزانێک لە کاتی باسکرنی کواڕکەکاندا وشەی "ڕەنگ" یان "تام" بەکاردەهێنێت، یان باس لە "خولانەوە" (Spin) دەکات، ئامانجی لێکدانەوەی تایبەتمەندییە ماتماتیکییەکانە لە ڕێگەی دەستەواژەی خوازراوەوە. ئەوان گوزارشت لە ڕەنگە بینراوەکان یان خولانەوەی فیزیکی وەکو خولانەوەی هەسارەکان ناکەن.


​ئەم تێنەگەیشتنە قووڵە لە سروشتی "وتاری فیزیایی" (Physical Discourse) بووەتە هۆی دروستبوونی کەلێنێکی گەورە. بزووتنەوەی پۆپ-سایەنس ئەم دەستەواژە مەجازییانە وەردەگرێت و بە شێوەیەکی حەرفی و دەقاودەق مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات. هەر ئەمەش وای کردووە بەربەست و چەواشەکارییەکان چەند هێندە زیاد بکەن. ئەگەر زانایەک بۆ ئاسانکاری بڵێت "ئەلکترۆنەکە بڕیار دەدات بە کام کوندا تێپەڕێت"، پۆپ-سایەنس یەکسەر ئیرادە و هۆشیاری دەبەخشێتە ئەلکترۆنەکە، بەبێ ئەوەی درک بەوە بکەن زاناکە تەنها وەسفی دۆخێکی ماتماتیکیی دابەشبووی کردووە بە زمانێکی سادەی ڕۆژانە.
​کەواتە، سەپاندنی وێنە هزرە ڕۆژانەییەکان بەسەر واقیعێکی جیاوازدا، شانبەشانی وەرگرتنی حەرفیی بۆ مەجازە زانستییەکان، بزوێنەری سەرەکیی ئەو خورافاتانەن کە ئەمڕۆ بەناوی زانستەوە بڵاودەکرێنەوە و ڕاستییە زانستییەکان لە جەوهەرە لۆژیکییەکەیان خاڵی دەکەنەوە.


یەکێک لە دیارترین قوربانییەکانی ئەم چەواشەکارییە میدیایی و پۆپ-سایەنسە، تاقیکردنەوەی خەیاڵیی پشیلەکەی شڕۆدینگەرە. ئێروین شڕۆدینگەر لە ساڵی ١٩٣٥ ئەم سیناریۆیەی تەنها لەسەر کاغەز داڕشت بۆ مەبەستێکی فەلسەفیی ڕوون: ئاشکراکردنی بێمانایی و لۆژیک-نەبوونی لێکدانەوەی کۆپنهاگن کاتێک بەسەر تەنە گەورەکان و جیهانی ڕۆژانەدا جێبەجێ دەکرێت. ئامانجی سەرەکیی شڕۆدینگەر تانەدان بوو لەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت ئاژەڵێک دەتوانێت لە یەک کاتدا لە دۆخی مردن و ژیاندا بێت. ئەم خەیاڵە ئامرازێک بوو بۆ نیشاندانی ئەوەی کە ئەم لێکدانەوەیە لە واقیعی بابەتیانەدا کار ناکات. لەگەڵ ئەوەشدا، میدیاکان و جەماوەر بەهۆی نەبوونی پاشخانێکی زانستی و فەلسەفییەوە، ئەم تانە قووڵەیان گۆڕی بۆ ئەفسانەیەکی باو. خەڵکانێکی زۆر بڕوایان وایە شڕۆدینگەر لە تاقیگەکەیدا پشیلەیەکی ڕاستەقینەی خستۆتە سندوقێکەوە و ئەشکەنجەی داوە. ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە کۆمەڵگەی سەردەم چەندە ئامادەیە بڕوا بە چیرۆکێکی سەیر بکات لەبری تێگەیشتن لە ڕەخنەیەکی فیزیایی و فەلسەفیی ورد.


بابەتەکە لێرەدا کۆتایی نایەت. پۆپ-سایەنس پەلاماری بنەمای "هۆکاریەتی" دەدات و وەهمی ئەوە بڵاودەکاتەوە کە گوایە کوانتەم هۆکاریەتیی ڕەتکردۆتەوە. ئێمە لێرەدا ڕووبەڕووی سەرلێشێوانێکی گەورە دەبینەوە لە نێوان پێشبینیکردن (Determinism) و هۆکاریەتی (Causality). کاتێک گەردیلەیەکی تیشکدەر لە کاتێکی پێشبینینەکراودا شی دەبێتەوە، ئەم ڕووداوە لە دەرەوەی بازنەی هۆکارەکان نییە. شیبوونەوەکە هۆکاری هەیە، کە بریتین لە هێزە ناوەکییە ناسەقامگیرەکانی ناو گەردیلەکە. کێشەکە تەواو پەیوەستە بە سنوورداربوونی ئامێرەکانی پێوانەکردنی ئێمەوە بۆ دیاریکردنی کاتی وردی ڕووداوەکە. نەتوانینی ئێمە لە زانینی تەواوەتیی ئاراستەی تەنۆلکەیەک، هەرگیز مانای ڕمانی زنجیرەی واقیع و سەرهەڵدانی ڕووداوی بێ هۆکار ناگەیەنێت. گەردوون لەسەر بناغەیەکی لۆژیکیی توندوتۆڵ کار دەکات و هۆکاریەتی بنەمای جووڵەی گەردوونە.


هێرشێکی تری ترسناک دەکرێتە سەر یاسای "دژبەیەک نەبوون". زۆرجار دەبیستین دەڵێن تەنۆلکەیەک لە یەک کاتدا لە دوو شوێنی جیاوازە، یان خولانەوەکەی لە یەک کاتدا بەرەو سەرەوە و بەرەو خوارەوەیە. ئەم جۆرە دەربڕینانە دەربڕینی زمانێکی ماددیی ماکرۆسکۆپین و بەزۆر دەسەپێندرێن بەسەر هاوکێشە ماتماتیکییەکانی دۆخی ژێر-گەردیلەییدا. دۆخی سەرپێکەوتن (Superposition) بوونێکی ماتماتیکیی دیاریکراوە لە ناوچەیەکی ڤێکتەریی ئاڵۆزدا. تەنۆلکەکە لە یەک دۆخی ورد و پێناسەکراودایە کە خودی سەرپێکەوتنەکەیە. کاتێک دراوێک لە هەوادا دەسوڕێتەوە، دۆخەکەی هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە و لە جووڵەیەکی بەردەوامدایە.

وەسفکردنی ئەم دراوە بەوەی کە "لە یەک کاتدا هەردوو دیوەکەیەتی بە شێوەیەکی دژبەیەک" قسەیەکی نابەجێیە. ئەگەر دژبەیەکییەکی لۆژیکیی ڕاستەقینە لە گەردووندا هەبوایە، تەواوی ئەو هاوکێشە ماتماتیکییانەی کە فیزیکزانان پشتی پێ دەبەستن، دەستبەجێ دەبوونە کۆمەڵێک ژمارەی بێمانا و هەڵدەوەشانەوە.


هەمان ئەم ڕوانگە ماددییە کورتە، هەوڵی سڕینەوەی لایەنە چۆنییەکان (Qualitative) و هەستپێکراوەکانی واقیع دەدات. لە بانگەشەیەکی سەیردا دەڵێن "تاریکی و سەرما بوونیان نییە". ئەم لێدوانە پشتبەستووە بەو پێوەرە وشکەی کە پێویستە شتێک تەنۆلکە بێت یان شەپۆلێکی وزە بێت بۆ ئەوەی بخرێتە چوارچێوەی بوونەوە. لە ڕوانگەی فیزیکییەوە، گەرمی وزەی جووڵەی گەردیلەکانە و ڕووناکی بوونی فۆتۆنەکانە؛ بەمجۆرە سەرما و تاریکی وەک نەبوونی (Privation) ئەو وزەیە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. جەردکردنی "نەبوون" لە واقیعیەت، هەڵەیەکی فەلسەفیی کوشندەیە. چاڵێکی سەر زەوی لە ڕووی ماتماتیکییەوە بریتییە لە نەبوونی خۆڵ، لەگەڵ ئەوەشدا واقیعێکی بابەتیانەی تەواوی هەیە و کەوتنە ناوی ئازاری جەستەییت پێدەگەیەنێت. نەبوونی شتێک کاریگەری و دەرئەنجامی ڕەهای هەیە.


ئێمە سەرمامان وەک هێزێکی دەرەکیی زاڵ بەسەر بایۆلۆجیاماندا پێدەگات. کاتێک سەیری ڕووناکی و سێبەر دەکەین، تێڕوانینی ڕووتی بڕی (Quantitative) بەتەواوی شکەست دەهێنێت. بیرمەندانی وەکو گۆتە ئەم بنەما نیوتنییەیان بەوردی هەڵوەشاندەوە و سەلماندیان کە تاریکی بەشداربوویەکی چالاک و پێویستە لە گەردووندا. لەم چوارچێوە فەلسەفییەدا، ڕەنگەکان لە ئەنجامی ململانێ و کارلێکی زیندووی نێوان ڕووناکی و تاریکییەوە لەدایک دەبن. تاریکی شێوە دەدات بە واقیع و سنوورەکانی بوونەوەرەکان دیاری دەکات. گەورەترین لەخۆباییبوونی ماددەگەریی زانستیی مۆدێرن خستنەجێگەی ئامێری پێوانەکردنە لەبری تەواوەتیی بوون. گەرمیپێوێک کە تەنها لەرینەوەی گەردیلەکان دەپێوێت، هیچ شتێک لە واقیعی بابەتیانە و بڕەڕی وەرزی زستان کەم ناکاتەوە. ئەمە شکەستهێنانی زانایانی ئەزموونییە لە کاتی تێکەڵاوبوونیان لەگەڵ میتافیزیکدا.


لێرەوە دەگەینە ئەو درۆ و ئەفسانانەی کە پۆپ-سایەنس ڕاستەوخۆ دەیانداتە پاڵ کوانتەم. یەکەمیان "کارتێکەری چاودێر"ـە. بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە مرۆڤ بە تەنها ئاگایی و بینین دەتوانێت واقیع دروست بکات. زاراوەی "چاودێریکردن" لە فیزیکدا گوزارشت لە کارلێکی فیزیایی دەکات لە ڕێگەی ئامێرەکانەوە. تەقاندنی فۆتۆنێک بەرەو ئەلکترۆنێک بۆ پێوانەکردنی، بەرکەوتنێکی فیزیاییە و دۆخی تەنۆلکەکە دەگۆڕێت. هیچ ڕۆڵێک بۆ مێشک یان ئاگایی شاراوەی مرۆڤ لەم هاوکێشەیەدا بوونی نییە.
دووەمیان "ئاڵۆزکاویی کوانتەمی"ـیە. میدیاکان ئەمە وەک سەلماندنێک بۆ گواستنەوەی زانیاری خێراتر لە ڕووناکی یان جۆرێک لە تەلەپاتی دەخەنە ڕوو. دوو تەنۆلکەی ئاڵۆزکاو دۆخە ماتماتیکییەکانیان پێکەوە گرێدراوە. زانینی دۆخی یەکێکیان زانیارییەکی خێرات لەسەر ئەویتریان پێدەدات. مەسەلەکە هاوشێوەی جووتێک پێڵاوە، زانینی تاکی ڕاست دەستبەجێ زانیاریت لەسەر تاکی چەپ پێدەدات. زانیاری لە نێوان تەنۆلکەکاندا گەشت ناکات و سەروەریی بنەماکانی هۆکاریەتی پارێزراوە.


بابەتی "چارەسەری کوانتەمی" جۆرێکە لە ساختەچێتی و بازرگانیکردن بە دەروونی مرۆڤەکانەوە. بەکارهێنانی زاراوەی کوانتەم بۆ چارەسەری نەخۆشییەکان، گەشەپێدانی مرۆیی، یان کێشکردنی سەروەت و سامان، بەتاڵکردنەوەی تەواوەتیی وشە زانستییەکانە. فیزیکی کوانتەم هەڵسوکەوتی تەنۆلکە ژێر-گەردیلەییەکان شی دەکاتەوە و پەیوەندی بە بیرکردنەوەی ئەرێنی و چاکبوونەوەی خانەکانی مرۆڤەوە نییە.

سەبارەت بە فرەگەردوونی (Multiverse)، ئەم بیرۆکەیە بەرهەمی تێکەڵکردنی خەیاڵی زانستییە لەگەڵ هەندێک گریمانەی ماتماتیکیی بێبەڵگە. خستنەڕووی ئەوەی کە بۆ هەر بڕیارێکی سادەی مرۆڤ گەردوونێکی جیاواز و نوێ دروست دەبێت، هیچ بنەمایەکی ئەزموونی و فیزیکیی نییە و تەنها هەڵاتنە لە ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە و ئەگەرە ماتماتیکییەکان. 


وە لە کۆتاییدا، سەبارەت بە "خۆگواستنەوەی کتوپڕ" (Teleportation)، پرۆسە ڕاستەقینەکە بریتییە لە لەبەرگرتنەوەی زانیارییە کوانتەمییەکانی تەنۆلکەیەک و گواستنەوەی بۆ سەر تەنۆلکەیەکی تر. تەنەکان و بارستاییەکان لە بۆشاییدا ناگوێزرێنەوە وەکو ئەوەی سکرینەکانی سینەما نیشانی دەدەن.


ئەم مامەڵە بازرگانی و چەواشەکارییانەی پۆپ-سایەنس تاوانێکی گەورەیە بەرامبەر بە حەقیقەتی لۆژیک و عەقڵ. زانست ئامرازێکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە سروشت، بەڵام هەمیشە و لە هەموو قۆناغێکدا کارە زانستییەکان لەژێر سێبەری یاسا ڕەهاکانی هۆکاریەتی، هویەت، و دژبەیەک نەبووندان. بانگەشەکردنی ئەوەی کە تاقیکردنەوەیەکی تاقیگەیی یان هاوکێشەیەکی نوێ توانای سڕینەوەی بنەماکانی بیرکردنەوەی هەیە، گوزارشتە لە لووتبەرزییەکی بێپاساو. واقیع سەپێنەرە، هۆکاریەتی بنچینەیەکی نەپساوەیە، و عەقڵ هەمیشە سەروەرترە لە چاویلکەی سنوورداری ئامێرەکانی پێوانەکردن.