کارل شمیت و ململانێی ئەرز و ئاو: تێڕوانینێکی میتا-پۆلەتیکی بۆ فەزا، سەروەری و مێژوو.
چونکە مرۆڤ لە پێشتر و ئێستاشدا کاریگەری چوار توخمەکان لەسەر دەروونی هەبووە، دەتوانین لەڕێگای چوار توخمەکەوە (ئاو، هەوا، ئەرز، ئاگر) لێکدانەوە بۆ کارەکانیان بکەین. پێشتر لە وتاری (ئایە هەموو شتێک ئاوە؟) ئەوەمان شیکردەوە لایەنێکی زۆر قوڵتر لە دەروونی مرۆڤ و مانای توخمەکان هەیە وەک لەوەی بە سادەیی لە بیرە مۆدێرنەکان باس دەکرێن. ئەو سادەکردنەوەی ڕابردوو، لە زانستەکانیان تا فەلسەفە و فیکر و "ئەفسانە"کانیان شتێکی جێی باوەڕ نەماوە بەلای ئێمەوە.
لە کتێبی پەردەی ئیزیس (Vile of Isis) رینیە گینۆن شیکاریەکی هاوشێوە دەکات بۆ کاریگەری دەروونی مرۆڤ بە ژینگەکەیەوە. ئەو دەڵێت : یەکتاپەرستی لە ناوچە بیابانییەکان زۆر ئاسانتر قبوڵ دەکرێت وەک لە ناوچەکانی سەرووی ئەوروپا کە هەمیشە شتەکان بە جیاوازی دەبینن. لە وڵاتانی ئەسکەندەنافیا بە نمونە، هەمیشە خۆر بە گۆشەیەک لە زەوی دەدات کە سێبەری جیاواز و ڕەنگ و تامی جیاواز لە سروشت دروست دەکات. ئەمەش وادەکات کەسێکی ئەسکەندەنافی قورس لەوە تێبگات کە ئەم سروشتە یەکتاییەکی هەیە هەمووی بەیەکەوە دەکاتە یەک حەقیقەت (تاک خودایی). بەڵام لە شوێنە بیابانییەکان دا، کەسانێک کە سروشت بە جیاوازیەکی ئەوتۆ نابینن (هەمووی بیابان و دەنکەخۆڵ و هاوشێوەیە) کاریگەری ئەو سروشتە وادەکات کە یەکتاپەرستی لای کەسەکان مەعقولتر بێت.
ئێمە دەزانین سیاسەت سەرەتا لە عەقڵی مرۆڤەوە دەستپێدەکات، عەقڵی مرۆڤیش بەستراوەتەوە بە سێ شتەوە : ئەوەی ئەزموونی دەکات(الاستقراء - Induction) ، ئەوەی هەڵیدەهێنجێت(الإستنباط - Deduction)، ئەوەی گوێی لێدەبێت (الخبر- News). لەم سێیەوە مرۆڤ ستراتیژی مانەوە و دۆڵەمەندی و باڵادەستی خۆی دادەڕێژێت بەپێی بنەمای مەسڵەحەتی زۆرینە و سیاسەت دەکات.
کەواتە : سیاسەت کاریگەرە بە سروشت و دەروونی مرۆڤێک و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ واقیعدا لەو سروشتەوە هەڵدەهێنجێت کە مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
بۆیەش گرنگە باس لە کارل شمیت بکەین. کارل شمیت لە کتێبی ئەرز و ئاو (Land und Meer)، مێژووی مرۆڤایەتی لە ڕوانگەیەکی جیۆپۆلەتیکی و فەلسەفیی زۆر وردەوە دادەڕێژێتەوە. بە پشتبەستن بە چوار توخمەکان شمیت دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی مێژووی جیهان بریتییە لە داستانێکی بەردەوام و پێکدادانی دوو توخمی بنەڕەتی: ئەرز و ئاو. یان با بڵێین: وشکانی و دەریا.
ئێمە دەزانین کە مرۆڤ لە بنەڕەتدا بوونەوەرێکی وشکانییە، قاچەکانی لەسەر زەوییەکی پتەو جێگیر کردووە، ماڵ و گوند و شارەکانی لەسەر خاکی سەقامگیر دروست دەکات، و هەموو چەمکەکانی ڕێکخستن، سنوردارکردن، و یاساکانی لە سروشتی خاکەوە وەرگرتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، قۆناغە یەکلاکەرەوەکانی مێژوو گەواهیدەری ئەو ساتانەن کە مرۆڤ ڕووی لە دەریا کردووە و خۆی خستووەتە باوەشی بێسنووریی ئاوەوە. ئەم گۆڕانکارییە ستراتیژییە هەڵگری ڕەهەندێکی وجوودیی مەزنە و تەواوی تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ فەزا، دەسەڵات، و شوناس سەرلەنوێ پێناسە دەکاتەوە. کەواتە بەپێی شمیت، یەکەمین سەرچاوەی گۆڕینی نەریت و بەها ڕەسەنەکان لە دەریایی بوونی مرۆڤەوە سەری هەڵداوە.
بابەتەکە ڕوونە، زەوی سەرچاوەی سەقامگیری و ڕێکخستنە. بێ جوڵەیە، لەجێی خۆیدا سەنگینە، ناگۆڕێت، زەوی هێڵ و سنووری لەسەر کێشراوە، دەتوانرێت دابەش بکرێت، موڵکایەتیی تێدا بسەلمێنرێت، و دەسەڵاتی بەسەردا بسەپێنرێت. ئەم تایبەتمەندییانە وایان کردووە کە یاسا و ڕێساکانی مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژوو لەسەر بنەمای وشکانی دابڕێژرێن. کاتێک مرۆڤ لەسەر زەوییە، هەست بە ئاسایش و مانەوەی هەمیشەیی دەکات، ئینتیمای بۆ شوێن هەیە و شوناسی خۆی لەگەڵ جوگرافیایەکی دیاریکراودا گرێ دەدات.
لە بەرامبەردا، دەریا خاوەنی سروشتێکی تەواو جیاوازە. دەریا هیچ سنوورێکی تێدا ناکێشرێت، هیچ هێڵێکی هەمیشەیی تێدا جێگیر نابێت، و هیچ کەشتییەک ناتوانێت شوێنەواری خۆی لەسەر ڕووی ئاوەکە جێبهێڵێت. دەریا ناوچەیەکی کراوە، ئازاد، و بێخاوەنە. کاتێک مرۆڤ ڕوو لە دەریا دەکات و دەبێتە دەریاوان، تەواوی پەیوەندییە وجوودییەکانی لەگەڵ شوێن و سەقامگیریدا دەگۆڕێن. ئەو دەچێتە ناو فەزایەکەوە کە یاساکانی وشکانی تێیدا کاریگەر نین. ئەم جیاوازییە گەورەیەی نێوان ئەرز و ئاو، ململانێیەکی بەردەوامی لەسەر ئاستی بیرکردنەوە و ڕەفتاری دەوڵەتەکان دروست کردووە.
شمیت بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم ململانێیە، پەنا دەباتە بەر ئەفسانە کۆنەکان و سیمبولی دوو ئاژەڵی ئەفسانەیی گەورە بەکاردەهێنێت: "بێهیمۆس" (Behemoth) کە ئاژەڵێکی زەبەلاحی وشکانییە و هێمایە بۆ دەسەڵاتی زەوی، لەگەڵ "لیڤایەسان" (Leviathan) کە نەهەنگێک یان دڕندەیەکی ئاوییە و نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی دەریا دەکات. مێژووی ڕامیاری و ستراتیژیی جیهان پێکهاتووە لە ململانێی بەردەوامی نێوان دەوڵەتە بێهیمۆسییەکان (وشکانییەکان) و دەوڵەتە لیڤایەسانییەکان (دەریاییەکان).
بەکارهێنانی ئەم دوو هێمایە هەڵقوڵاوی تێگەیشتنێکی وجوودیی زۆر وردە بۆ سروشتی ململانێکان، و ڕەهەندەکانی گەلێک فراوانترن لە وێنەیەکی خوازراوی ئەدەبی. کارل شمیت لە ڕێگەی ئەم ئاژەڵە ئەفسانەییانەوە، دەیەوێت شیکارییەکی فرەڕەهەند بۆ پێکدادانی دوو جیهانبینیی تەواو دژبەیەک پێشکەش بکات. ئەم چەمکانە چەندین ئاستی سیاسی، تیۆلۆجی و فەلسەفی لەخۆدەگرن کە شێوازی تێگەیشتنمان بۆ مێژوو دادەڕێژنەوە.
________
ڕەهەندی تیۆلۆجی و ئیسکاتۆلۆجی (قیامەتناسی) تێدایە. چونکە لە سەرچاوە ئایینییە کۆنەکاندا، بەتایبەت لە پەڕتووکی ئەیوب و ئەدەبیاتی کۆنی جولەکەدا، بێهیمۆس و لیڤایەسان دوو هێزی گەردوونیی زەبەلاحن کە لە کۆتایی زەماندا جەنگێکی وێرانکەر لەگەڵ یەکتریدا دەکەن. شمیت ئەم وێنە تیۆلۆجییە دادەبەزێنێتە سەر ئەرزی واقیع و سیاسەت. کاتێک زلهێزێکی وشکانی و زلهێزێکی دەریایی ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، جەنگەکەیان جەنگێکی ئاسایی نییە لەسەر چەند مەترێک زەوی یان بەرژەوەندییەکی کاتی، جەنگێکە لەسەر شێوازی ڕێکخستنی تەواوی جیهان. هەریەک لەم دوو هێزە دەیەوێت سیستەمێکی وجوودیی نوێ بەسەر مرۆڤایەتیدا بسەپێنێت، بۆیە ململانێکەیان دەگاتە قیممەی سەختی و لە جەنگێکی پیرۆز یان گەردوونی دەچێت.
ڕەهەندی دوەم: وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، بێهیمۆس هێمایە بۆ زەوی و وشکانی، واتە هێمایە بۆ نۆمۆس (Nomos). نۆمۆس بریتییە لە پێوانەکردن، دابەشکردن، دروستکردنی سنوور، دیاریکردنی مافی خاوەندارێتی، و چەسپاندنی شوناسێکی دیاریکراو. دەوڵەتی بێهیمۆسی کۆمەڵگایەکی ئۆرگانییە کە ڕەگی لە ناو مێژوو و خاکی خۆیدا داکوتاوە. لە بەرامبەردا، لیڤایەسان هێمایە بۆ فەزای شلۆق و بێسنووری دەریا. دەوڵەتی لیڤایەسانی بڕوای بە سڕینەوەی هەموو سنوورەکان هەیە، دەیەوێت جیهان بکاتە یەک بازاڕی کراوەی گەورە کە هیچ ڕێگرییەکی جوغرافی و کلتوری نەتوانێت ڕێگە لە جووڵەی سەرمایە بگرێت. کاتێک ئەم دووە پێکدادەدەن، لە ڕاستیدا جیهانی سەقامگیریی فۆڕمەکان لەگەڵ جیهانی شلۆقیی بێفۆڕمدا شەڕ دەکات.
ڕەهەندی سێیەم: یەکێک لە شیکارییە زۆر تیژەکانی شمیت لەم بەکارهێنانەدا، جیاوازیی مامەڵەکردنە لەگەڵ چەمکی دوژمن. لە سیستەمی بێهیمۆسیدا (وشکانی)، دوژمن بریتییە لە لایەنێکی دیاریکراو کە سنوورەکانی بەزاندووە یان هەڕەشەی سەربازی دەکات. لەم دۆخەدا دەتوانرێت ڕێککەوتن بکرێت، ئاشتی بێتە ئاراوە، و لانی کەم ڕێز لە بوونی بەرامبەر بگیرێت. بەڵام لە سیستەمی لیڤایەسانیدا (دەریایی)، بەهۆی ئەوەی فەزاکە کراوەیە و ئامانج کۆنتڕۆڵکردنی ڕەهای جووڵەی بازرگانییە، دوژمن تەنها ڕکابەرێک نییە، دوژمن دەبێتە "تاوانبارێک لە دەرەوەی یاسای مرۆڤایەتی". هێزی دەریایی لە ڕێگەی گەمارۆدانی ئابووری و برسی کردنەوە، هەوڵی لەناوبردنی تەواوەتی بەرامبەر دەدات. لێرەدا دەگەینە چەمکی "جەنگی گشتگیر"، کە تێیدا جیاوازیی نێوان سەرباز و هاوڵاتیی مەدەنی نامێنێت.
لە سیستەمی کلاسیکی ئەوروپادا کە لەسەر بنەمای وشکانی (بێهیمۆس) دامەزرابوو، جەنگەکان ڕێسا و سنووری دیاریکراویان هەبوو. شەڕ لە نێوان سوپا ڕێکخراوەکان و لە گۆڕەپانی جەنگدا ڕوویدەدا. لەم فەزایەدا، سەرباز و خەڵکی مەدەنی لەیەکتر جیاکرابوونەوە، وە موڵکداریی تایبەتی هاوڵاتییان تا ئاستێکی زۆر پارێزراو بوو. دوژمن وەک ڕکابەرێکی شەرعی مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، کێشەکە لەسەر جوگرافیا یان دەسەڵات بوو، وە دوای یەکلابوونەوەی شەڕەکە لە ڕووی سەربازییەوە، ئاشتی دەهاتە ئاراوە و ژیان دەگەڕایەوە دۆخی ئاسایی.
کاتێک ململانێکان دەچنە سەر دەریا (لیڤایەسان)، ستراتیژییەکە بە تەواوی دەگۆڕێت. لەسەر دەریا هیچ شار و گوندێک نییە تا داگیر بکرێت. ئامانجی هێزی دەریایی بریتییە لە بڕینی ڕێڕەوە بازرگانییەکان، سەپاندنی گەمارۆی ئابووری، و تێکشکاندنی توانای دارایی دەوڵەتی بەرامبەر. لێرەدا کەشتییە بازرگانییەکان دەکرێنە ئامانج و وڵاتەکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ژیان بێبەش دەکرێت.
هەر کە ستراتیژیی دەریایی دەبێتە پێوەری شەڕ، جیاوازیی نێوان بەرەی جەنگ و ناوخۆی وڵات نامێنێت. گەمارۆی دەریایی و ئابووری هەموو تاکێکی کۆمەڵگا دەگرێتەوە، لە سەربازەوە تا دەگاتە ژن و منداڵ و پیر. ئامانجەکە دەبێتە برسی کردن و ئیفلیجکردنی تەواوی ژێرخانی وڵاتەکە. ئەمە کرۆکی چەمکی "جەنگی گشتگیر"ە، کە تێیدا تەواوی کۆمەڵگا، ئابووری، و پیشەسازی دەبنە ئامانجی سەربازی، و هیچ کەسێک لە دەرەوەی بازنەی جەنگەکەدا نامێنێتەوە.
بە تاوانبارکردنی دوژمن
هێزە دەریاییەکان و سیستەمە جیهانگیرەکان زۆرجار بە ناوی "ئازادی"، "مرۆڤایەتی"، و "بەها گەردوونییەکان"ەوە شەڕ دەکەن. بەهۆی ئەوەی فەزای دەریا کراوەیە و ئیدیعای جیهانیبوون دەکات، ئەوان دوژمنەکەیان وەک ڕکابەرێکی سیاسیی ئاسایی نابینن. ئامانجیان ئەوەیە بەرامبەرەکەیان وەک دڕندەیەک و تاوانبارێکی دەرەوەی یاسای مرۆڤایەتی وێنا بکەن. کاتێک دوژمن لە ڕکابەرێکی شەرعییەوە دەگۆڕێت بۆ مەترسییەکی ڕەها لەسەر مرۆڤایەتی، هیچ سنوورێک بۆ وێرانکردنی نامێنێت. ململانێکە دەگاتە قیممەی دڕندەیی و هەموو جۆرە چەکێکی کوشندەی تێدا ڕەوا دەکرێت. دەبینیین کە سروشتی دەریا بێسنوور و کراوەیە، هەر بۆیە دەوڵەتە دەریاییەکان (لیڤایەسان) پێویستیان بە چەمکی ئایدۆلۆژیی بێسنوور و گەردوونگیر هەیە. چەمکەکانی وەکو "مرۆڤایەتی"، "ئازادی"، و "دیموکراسی" چەمکی ئەبستراکت و سنووربەزێنن، بە تەواوی لەگەڵ لۆژیکی کراوەیی و جووڵەی سەرمایەی دەریادا دەگونجێن.
شمیت جەخت دەکاتەوە کە هەرکەسێک ناوی مرۆڤایەتی بهێنێت، دەیەوێت فێڵ بکات. دەوڵەتە دەریاییەکان ئەم بەها گەردوونییانە وەک چەکی ستراتیژیی زۆر ورد بەکاردەهێنن بۆ سڕینەوەی شەرعیەتی نۆمۆسی دەوڵەتە وشکانییەکان. دەوڵەتی وشکانی پابەندی سنوور و شوناسی جوگرافییە، دەوڵەتی دەریایی لە ڕێگەی ئەم دروشمانەوە پاساوی دەستوەردان و سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر تەواوی جیهاندا دەدۆزێتەوە.
بەکارهێنانی چەمکی "مرۆڤایەتی" جەنگ دەگەیەنێتە قیممەی دڕندەیی. کاتێک زلهێزێکی دەریایی بە ناوی پاراستنی مرۆڤایەتییەوە دەجەنگێت، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەرامبەرەکەی دەکاتە "دوژمنی مرۆڤایەتی". ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ سڕینەوەی وجوودیی دوژمن و بەکارهێنانی ڕەقترین ئامرازەکانی وێرانکاری، چونکە شەڕکردن لەگەڵ دڕندەیەکدا هیچ بەربەستێکی یاسایی ناخوازێت.
ڕەهەندی چوارەم: شمیت لە بەکارهێنانی "لیڤایەسان"دا بەردەوام گفتوگۆیەکی شاراوە لەگەڵ تۆماس هۆبز دەکات. هۆبز ئەم ناوەی بۆ وەسفکردنی دەوڵەتی مۆدێرن بەکارهێنا، دەوڵەتێک کە وەک ئامێرێکی دەستکردی زەبەلاح (مەکینە) کار دەکات بۆ سەپاندنی ئاسایش لە دەرەوەی سروشتی مرۆڤ خۆی. شمیت ئەمە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی پێمان بڵێت کە هێزە دەریاییەکان، و بەگشتی مۆدێرنیتە، مرۆڤایەتی بەرەو ئامێربوونێکی بێڕۆح دەبەن. دەوڵەتی لیڤایەسانی مامەڵە لەگەڵ ژمارە، بڕ، و ڕێکخستنی مادی دەکات، و وردە وردە ئەو پەیوەندییە گیانی و ئۆرگانییەی کە مرۆڤی کۆن بە خاک و سروشتەوە هەیبوو، لەناویدەبات.
وێنەی ململانێی ئەو دوو دڕندەیە لای شمیت، دەستنیشانکردنی ئەو مێژووییەیە کە مرۆڤایەتی تێیدا شێوازی ژیانی کۆن (پەیوەست بە زەوی و سنوورەکان) بەجێدەهێڵێت، و دەچێتە ناو سیستەمێکی جیهانیی ئەبستراکت و جیهانگیری (وەک زەریایەکی بێسنوور). ئەمەش چەقی ئەو قەیرانە میتافیزیکی و سیاسییەیە کە مرۆڤی مۆدێرن تێیدا دەژی.
دەتوانین نمونەی خودی شمیت وەربگرین لە سەردەمی کۆندا، کە باس لە ململانێی نێوان ڕۆما (هێزی وشکانی) و کارتاج (هێزی دەریایی) نموونەیەکی ڕوونی ئەم جەنگە بوو. ڕۆما توانی زاڵ بێت و دەریای ناوەڕاست بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە، سیستەمێکی وشکانیی تۆکمەی دامەزراند. جیهانی کلاسیک و سەدەکانی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی لەسەر بنەمای وشکانی ڕێکخرابوون، هەروەها دەریای ناوەڕاستیش زیاتر وەک دەریاچەیەکی ناوخۆیی و بەشێک لە فەزای زەوی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا. دەشتوانین لە ئەم جەنگە واقیعیە تێبگەین کە لە نێوان (ئێران و ئەمریکا) ڕوودەدات و چۆن داخستنی گەرووی هورمز بە پێی شیکارییەکانی شمیت، ئەوپەڕی هەڕەشەن بۆ سەر ئەمریکا و وڵاتانی دەریایی.
__________
یەکێک لە چەمکە هەرە گرنگەکانی شمیت لەم بەرهەمەدا (واتا کتێبی : ئەرز و ئاو) بریتییە لە شۆڕشی فەزایی (Raumrevolution). دۆزینەوەی کیشوەرەکانی ئەمریکا و دۆزینەوەی ڕێڕەوە دەریاییە نوێیەکان لە کۆتایی سەدەی پازدەهەم و سەرەتای سەدەی شازدەهەمدا، تەنها دۆزینەوەی جوگرافی نەبوون، وەرچەرخانێکی تەواوەتی بوون لە وێناکردنی مرۆڤ بۆ جیهانەکە. پێش ئەم قۆناغە، جیهان سنوردار بوو بە ئەوروپا، ئاسیا و ئەفریقا، وە دەریای ناوەڕاست چەقی ئەم جیهانە بوو. دوای دۆزینەوەی ئۆقیانووسەکان، چەقی کێشکردنی سیاسی و ئابووریی جیهان بۆ دەریا کراوەکان گوازرایەوە.
ئەم شۆڕشە فەزاییە وای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد کێبڕکێی کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوە ئاوییەکان بکەن. لەم نێوەندەدا، ئینگلتەرا هەنگاوێکی وجوودیی بێوێنەی نا. ئینگلتەرا بڕیاریدا بە تەواوی پشت لە فەزای وشکانیی ئەوروپا بکات و چارەنووسی خۆی بە دەریاوە ببەستێتەوە. بەم شێوەیە، ئینگلتەرا لە دوورگەیەکی پەراوێزخراوی سەرقاڵی مەڕدارییەوە، گۆڕدرا بۆ ئیمپراتۆریەتێکی گەورەی دەریایی کە کۆنتڕۆڵی تەواوی زەریایەکانی کرد. کاتێک ئیمپراتۆریەتی بەریتانی گەیشتە قیممەی هێزی خۆی، تەواوی ئابووری، سیاسەت، و یاسای جیهانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە دەریاییەکانی خۆی داڕشتەوە. بریتانیا بوو بە "لیڤایەسان"ی سەردەمی نوێ.
شمیت شیکارییەکی زۆر دەقیق پێشکەش دەکات سەبارەت بەو بزوێنەرە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی کە مرۆڤیان بەرەو ئۆقیانووسەکان برد. ئەو گرنگییەکی تایبەت دەدات بە ڕاوچییەکانی نەهەنگ. لە سەرەتادا، ڕاوکردنی نەهەنگ پیشەیەکی سادە بوو لە نزیک کەناراوەکان، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و بە مەبەستی بەدەستهێنانی ڕۆنی نەهەنگ کە سەرچاوەیەکی گرنگی وزە بوو، ڕاوچییەکان ناچار بوون بەرەو ناوەڕاستی ئۆقیانووسەکان بڕۆن.
ئەم ڕاوچییانە پێشەنگەکانی ڕاستەقینەی سەردەمی دەریایی بوون. ئەوان بۆ چەندین مانگ و ساڵ لەسەر کەشتییەکانیان دەژیان، کەشتییەکانیان بوونە کارگەی گەڕۆک لەسەر ڕووی ئاو، هەروەها پەیوەندییان بە وشکانییەوە تا ئاستی پچڕان کەم بووەوە. ئەم شێوازی ژیانە نوێیە، بنەما کۆمەڵایەتییەکانی گۆڕی و گیانێکی نوێی سەرمایەداریی هێنایە ئاراوە. سەرمایەداریی مۆدێرن بە تەواوی وابەستەی سروشتی دەریایە. سەرمایە پێویستی بە جووڵەی خێرا، بێسنووری، و بازرگانیی ئازاد هەیە، هەموو ئەم تایبەتمەندییانە لە دەریادا بەرجەستە دەبن. دەریا بووە هێمای ئازادیی بازرگانی و جووڵەی سەرمایە، لە بەرامبەر وشکانیدا کە بە کۆتوبەند و سنوورە سیاسییەکان ناسرابوو.
دەستبەسەرداگرتنی ئۆقیانووسەکان بەبێ پێشکەوتنی تەکنەلۆژی مەحاڵ بوو، و هاوکات خودی ململانێی دەریا پاڵنەرێکی سەرەکی بوو بۆ پێشکەوتنی پیشەسازی. شۆڕشی پیشەسازیی بەریتانیا ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە باڵادەستیی دەریایی ئەو وڵاتەوە. دۆزینەوەی ئامێری هەڵمی و بەکارهێنانی خەڵووز وەکو سەرچاوەی نوێی وزە، شێوازی کەشتیوانیی بە تەواوی گۆڕی. کەشتییە چارۆکەدارەکان کە پشتیان بە هێزی سروشتیی با دەبەست، جێگایان بۆ کەشتییە ئاسنینە هەڵمییەکان چۆڵ کرد کە دەتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ و سەرباری بارودۆخی کەشوهەوا، ئۆقیانووسەکان ببڕن.
ئەم وەرچەرخانە تەکنەلۆژییە مانا و گرنگیی فەزای تا ڕادەیەک گۆڕی. مرۆڤی پیشەسازی توانی زاڵ بێت بەسەر دوورییە جوگرافییەکاندا، وە کات و شوێنی بە پێوەری نوێی خێرایی پێوانە کردەوە. سەرەڕای ئەمەش، ململانێی نێوان ئەرز و ئاو لەسەر ئاستی جیۆپۆلەتیکی بەردەوام بوو، ئیمپراتۆریەتە وشکانییەکانی وەک ڕووسیا و ئەڵمانیا هەوڵیان دەدا بەرپەرچی هەژموونی دەریاییی بریتانیا، و دواتر ئەمریکا، بدەنەوە.
_______
لە یاسای نێودەوڵەتیی سەر بە وشکانیدا، جەنگ لە نێوان سوپا ڕێکخراوەکانی دەوڵەتەکاندا ڕوودەدات، شەڕکەر و خەڵکی مەدەنی لەیەکتر جیادەکرێنەوە، وە موڵکداریی تایبەت لە کاتی جەنگدا تا ئاستێک پارێزراوە. بەڵام شمیت عاقڵانە شیکاری بۆ جەنگی دەریایی دەکات و دەریدەخات کە یاساکانی دەریا بە تەواوی جیاوازن. لە جەنگی دەریاییدا، ئامانجی سەرەکی تێکشکاندنی ئابووریی دوژمن، گەمارۆدان، و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە بازرگانییەکانە.
لەم فەزایەدا، جیاوازیی نێوان جەنگاوەر و بازرگان كاڵ دەبێتەوە. چەتەکانی دەریا (Pirates) و دواتر تاڵانچییە یاساییەکان (Corsairs) ڕۆڵێکی گەورەیان لەم جەنگانەدا گێڕاوە. دەوڵەتە دەریاییەکان مۆڵەتیان دەدا بە کەشتییە تایبەتەکان بۆ هێرشکردنە سەر بازرگانیی دەوڵەتانی دوژمن. ئەم شێوازە لە جەنگ، وێرانکارییەکی تەواوەتی و بێسنوور دەهێنێتە ئاراوە کە ئامانج لێی خنکاندنی ئابووریی بەرامبەرە بەبێ لەبەرچاوگرتنی هێڵە سوورەکانی پاراستنی مەدەنی و ماڵیان.
لە کۆتاییەکانی شیکارییەکانیدا، شمیت دەڕوانێتە قۆناغێکی نوێی مێژوو کە لە سەدەی بیستەمدا دەستی پێکرد. مرۆڤایەتی لە فەزای دوو ڕەهەندیی (ئەرز و ئاو) تێپەڕی کرد و هەنگاوی نا بۆ ناو فەزایەکی سێ ڕەهەندی کە ئەویش ئاسمانە. بەکارهێنانی فڕۆکە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاسمان، شۆڕشێکی فەزایی دیکەی هێنایە ئاراوە. هێزی ئاسمانی توانیویەتی بەسەر هەم وشکانی و هەم دەریادا زاڵ بێت، وە سنوورە سروشتی و دەستکردەکان بێبایەخ بکات.
ئەم پێشکەوتنانە دەگەنە ئەوپەڕی ئاڵۆزی کاتێک مرۆڤ تەکنەلۆژیای ئەتۆمی و موشەکی کیشوەربڕ پەرەپێدەدات. لەم دۆخە نوێیەدا، پەیوەندیی مرۆڤ بە زەوییەوە ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە دەبێتەوە. ئەو نۆمۆسەی کە لەسەر بنەمای وشکانی و دواتر ململانێی دەریا دروست ببوو، ئێستا لەبەردەم هەڕەشەی فەزایەکی تەکنەلۆژیی بێسنوور و ترسناکدایە.
لەکۆتاییدا، خوێندنەوەی کارل شمیت بۆ مێژوو لە ڕێگەی ململانێی ئەرز و ئاوەوە، دەرگایەکی فراوان دەکاتەوە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی دروستبوونی سیستەمی جیهانی. ڕێکخستنی کۆمەڵگا، گەشەی سەرمایەداری، سەرهەڵدانی پیشەسازی، و شێوازی یاسای نێودەوڵەتی، هەموویان دەرەنجامی ئەو پەیوەندییە وجوودییەن کە مرۆڤ لەگەڵ فەزای دەوروبەریدا هەیەتی. ئەو جووڵەیەی کە مرۆڤی لە قاچی قورس و جێگیری سەر زەوییەوە گۆڕی بۆ مەلەوانێکی بێسنووری سەر زەریاکان، گەورەترین وەرچەرخانی شارستانیەت بوو، و کاریگەرییەکانی تا ئەمڕۆش لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ستراتیژییە جیۆپۆلەتیکییەکاندا بە زیندوویی ماونەتەوە. شەڕی بێهیمۆس و لیڤایەسان بەردەوامە، وە ئامرازەکان بۆ ئاسمان و فەزای ئەلکترۆنی گۆڕاون، بەڵام جەوهەری ململانێکە لەسەر زاڵبوون بەسەر فەزادا وەک خۆی دەمێنێتەوە.