---

ئەگەر بڕوانامەت هەیە ئەوا زوو فریو دەخۆیت

تائێستا هەوڵت داوە کەسانێکی نەخوێندەوار قەناعەت پێ بێنی کە شتێک ڕاستە و بیروباوەڕێکی هەڵەیان هەیە؟ ئەگەر بەڵێ، ئەوە دەزانیت چەند قورسترە وەک لەوەی کە ئارگومێنتسازی بۆ کەسێکی خوێندەوار بکەیت، و ئیتر چاویلکەکەی دابنێت و دەست بکاتە گریان. لەڕاستیدا، قەناعەت گۆڕینی کەسێکی نەزان زۆر قورسترە لە قەناعەت گۆڕینی کەسێکی زانا. دەکرێت ئەوە فەزڵی زانست بێت لە دۆگما و بیرۆکە بۆماوەییەکان و هەڵەکانت ڕزگارت دەکات. بەڵام ئەم زانستەش ئەگەر حیکمەتی لەگەڵدا نەبێت، دەبێتە نەبوونی بەرگری بۆ گۆڕان. نەبوونی ئەو بەرگرییە لە بەها و زانستەکان دەرگایەکی تری کردۆتەوە بەسەر ڕۆشنبیراندا، ئەویش ئاسانی کەوتنە داوی ڕژێمە پروپاگەندەچییەکان و زانیاری هەڵە و لۆجیکی سەقەت. 


عادەتەن، ئەو کەسانەی زۆرترین بڕوانامەیان هەیە و زۆرترین کتێبیان خوێندووەتەوە، باوەڕ بە سەیرترین و بێ بنەماترین چیرۆکە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەکەن. ئایا پێت سەیر نییە کە زۆرجار خەڵکی سادەی ناو بازاڕ یان لادێکان زۆر لە کەسە ئەکادیمییەکان واقیعبینترن؟ 


بۆ ئەوەی تێبگەین باسی تیۆرایەکی زۆر چەقئامێزی فەیلەسوف و کۆمەڵناسی فەرەنسی، (جاک ئەلول)، دەکەین کە لە کتێبەکەی بە ناوی  «پڕوپاگەندە: داڕشتنی هەڵوێستەکانی مرۆڤ» لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵناسیی زۆر ورد داڕێژراوە. باس لەوە دەکات کە ئێستا بە "پارادۆکسی ئەلول" ناسراوە. ئەو فەیلەسوفە دەتوانین بڵێین بەتەواوی کۆتایی بەو ئەفسانە مۆدێرنە دەهێنێت کە پێمان دەڵێت مێشک شۆردنەوە پرۆسەیەکی سادەیە و تەنها لەسەر کەسانی نەزان کار دەکات.


کۆمەڵگە دیموکراتییە مۆدێرنەکان لەسەر بنەمای گریمانەیەکی زۆر دڵخۆشکەر و ئارامبەخش کار دەکەن. زۆربەی خەڵک پێیان وایە پڕوپاگەندە (یان هەمان پڕوپاگەندە و چەواشەکاری) تەنها کۆمەڵێک درۆی زەق و ئاشکرایە کە لەلایەن چەند سەرکردەیەکی دیکتاتۆری و کارتۆنییەوە ئاراستەی کۆمەڵە خەڵکێکی نەخوێندەوار و بێئاگا دەکرێت. لەبەر نەزانیی کەسە نەخوێندەوارەکان زوو کاریگەر دەبن بە سادەیی و هەڵچوونی هزری لەنێو پروپاگەندەکاندا و تووشی مێشک شۆرینەوە دەبن. لەگەڵ ئەم بۆچوونەشدا، چارەسەرێکی زۆر سادەیان بۆ داناوە: پەروەردەی زیاتر، کردنەوەی قوتابخانەی زیاتر، و بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەمەجۆر. 

وا باوە کە کاتێک تۆ فێری خوێندنەوە و نووسین دەبیت، دەچیتە زانکۆ و بڕوانامە بەدەست دەهێنیت، و ڕۆژانە ڕۆژنامەی ئازاد دەخوێنیتەوە، ئیدی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبیتە کەسێکی پارێزراو و کەس ناتوانێت دەستکاریی عەقڵ و دەروونت بکات. ئەلول هات و ئەم هاوکێشەیەی بەتەواوی پێچەوانە کردەوە. دەڵێت کە جووتیارە نەخوێندەوارەکەی لادێکان، یان ئەو کرێکارە سادەیەی کە ڕۆژانە خەریکی کاری خۆیەتی، سەختترین کەسە بۆ ئەوەی بکەوێتە ژێر کاریگەریی پڕوپاگەندە و مێشک شۆردنەوەوە.



چونکە ئەم جۆرە کەسانە بە شێوەیەکی زۆر بەهێز بەستراونەتەوە بە واقیعی ڕاستەقینە و ژینگەی ناوخۆیی خۆیانەوە. ژیانی ئەوان لەسەر زەمینێکی پتەو دامەزراوە. ئەوان گرنگی بەو شتانە دەدەن کە دەیانبینن و هەستی پێ دەکەن: کەشوهەوا چۆنە بۆ بەروبوومەکانیان، کێشەکانی ناو خێزانەکەیان چین، نرخی کاڵاکان لە بازاڕی شارۆچکەکەیاندا چۆنە.

چیرۆکە ئاڵۆزە جیهانییەکان، ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکان و دروشمە قەبەکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر دروست ناکەن و ڕاستەوخۆ لێیان دەدەنەوە، چونکە هیچ پەیوەندییەکیان بە ژیانی ڕۆژانەیانەوە نییە.



کەواتە دەتوانین بڵێین پروپاگەندە کاریگەرییەکی وای نییە بەسەر کەسانی نەخوێندەوار و مێشک وشکی بازاڕ (ئەمە جنێو نییە). پڕوپاگەندە زۆرترین و قووڵترین کاریگەریی لەسەر کەسانی زۆر خوێندەوار و ڕۆشنبیر هەیە. خوێندەوار و ڕۆشنبیر دوو مانای سەرەکی هەیە پێویستە جیا بکرێنەوە. ​مانای یەکەم: ئەو کەسەی خاوەنی حیکمەت و ناسینی واقیعە وەک خۆی. مانای دووەم: ئەو کەسەی کە بەکارهێنەرێکی چالاکی زانیارییە. سیستەمەکان بۆیە دەتوانن دەستکاری مێشکی خوێندەوار بکەن، چونکە خوێندەوارەکە خۆی داوای ژەهرەکە دەکات. ئەو ناتوانێت بەبێ تەفسیری میدیایی بژێت. مرۆڤی سادە (جوتیارەکە) واقیعی لەبەردەستە (خاک، باران، نان)، بەڵام ڕۆشنبیرەکە واقیعی لەبەردەست نییە، تەنها وێنەی واقیعی لەبەردەستە کە میدیا بۆی دەکێشێت.

بۆ ئەوەی پڕوپاگەندە بەتەواوی ڕەگ دابکوتێت و کەسێک کۆنتڕۆڵ بکات، پێویستە ئەو کەسە خاوەنی دوو خاڵی لاوازیی مەترسیدار بێت لە کەسایەتییدا:


یەکەم: ئارەزوویەکی بەهێز و بەردەوام بۆ ئاگاداربوون و کۆکردنەوەی زانیاری. دەبێت ئەو کەسە ڕۆژانە بڕێکی زۆر لە میدیا، شیته‌ڵکاری، ئەدەبیات و هەواڵەکان بخوێنێتەوە.

دووەم: وەهمی عەقڵانییەت و بڕوابەخۆبوونێکی لەڕادەبەدەر. دەبێت ئەو لەخۆباییبوونەی تێدا بێت کە خۆی بە کەسێکی سەربەخۆ، بیرکەرەوەیەکی ژیر، و پارێزراو لە هەر جۆرە دەستکاریکردنێک بزانێت.


ڕۆشنبیرە مۆدێرنەکان، مامۆستایانی زانکۆ، شرۆڤەکارە سیاسییەکان و ئەو کەسانەی بڕوانامەی باڵایان هەیە، بەتەواوی لەگەڵ ئەم وەسفەدا یەکدەگرنەوە. ئەوان لە قیممەی ژیانی کۆمەڵایەتی و پیشەیی خۆیاندا هەست بە پەستانێکی کۆمەڵایەتیی یەکجار گەورە دەکەن بۆ ئەوەی خاوەنی بۆچوونێکی یەکلاکەرەوە بن لەسەر هەموو شتێک. ئەگەر قەیرانێکی سیاسی لە ئەفریقا ڕووبدات، یان گۆڕانکارییەکی ئابووری لە ئاسیا دروست ببێت، ڕۆشنبیرەکە پێی شەرمە بڵێت "نازانم" یان "ئاگاداری نیم". ئەو دەیەوێت لەسەر هەموو ڕووداوێکی جیهانی قسەی هەبێت، تەنانەت ئەو بابەتانەش کە بەتەواوی لە دەرەوەی ئەزموونی ژیانی ڕاستەقینەی خۆیەتی و هەرگیز بە چاوی خۆی نەیدیون. 


لەبەر ئەوەی ئەم کەسە ناتوانێت بە شێوەیەکی کەسی ڕاستی و دروستیی ئەو ڕووداوانە پشتڕاست بکاتەوە کە لە هەزاران کیلۆمەتر دوورترەوە ڕوودەدەن، بە ناچاری و بەتەواوی پشتی بەو ئامرازانە بەستووە کە میدیا باوەکان پێشکەشی دەکەن. ئەمەش دەرگایەکی گەورە دەکاتەوە بۆ ئەوەی سیستەمەکە هەر زانیارییەکی بوێت بیدات بە مێشکی.


لەلایەکی ترەوە، کەسی ڕۆشنبیر خاوەنی توانایەکی زەینیی زۆر بەهێزە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئەو پڕوپاگەندەیەی کە وەریگرتووە. لای مرۆڤی سادە، کاتێک درۆیەک دەکرێت، ڕەنگە تەنها سەری بۆ بلەقێنێت و دواتر بیری بچێتەوە. کاتێک چیرۆکێکی ئاڵۆز لەلایەن دامەزراوەیەکەوە پێشکەشی کەسێکی ڕۆشنبیر دەکرێت، بەتایبەت ئەو دامەزراوانەی متمانەی پێیانە وەک ناوەندێکی ئەکادیمیی گەورە، ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی جیهانی، یان دەزگایەکی زانستی... مێشکی ئەو ڕۆشنبیرە دەست دەکات بە جێبەجێکردنی قورسترین کارەکانی پڕوپاگەندەکارەکە خۆی.


بە واتایەکی تر، پڕوپاگەندەکارەکە پێویست ناکات زۆر خۆی ماندوو بکات بۆ قەناعەت پێکردنی ڕۆشنبیرەکە. ڕۆشنبیرەکە دەستبەجێ بەرگرییەکی لۆژیکیی زۆر ئاڵۆز بۆ بابەتەکە دروست دەکات، دەیان ئامار و ژمارە لە مێشکی خۆیدا دەهێنێتەوە، و بەتوندی هێرش دەکاتە سەر هەر کەسێک کە گومان لە چیرۆکەکە بکات.


ئەو تەواوی توانای شیکردنەوەی خۆی دەخاتە خزمەت ئەو باوەڕە سەپێنراوەی کە کراوەتە مێشکییەوە، لە هەمان کاتیشدا بەتەواوی باوەڕی وایە کە بەهۆی بلیمەتی و بیرتیژیی سەربەخۆی خۆیەوە گەیشتووەتە ئەم ئەنجامانە. خودی بڕوانامە و توانای شیکردنەوەکەی دەبێتە چەکێک بەدەست سیستەمەکەوە. ئەمەیە ترسناکترین ئاستی کۆنتڕۆڵکردن، کە تێیدا قوربانییەکە خۆی دەبێتە پارێزەری زیندانەکەی و شانازیشی پێوە دەکات.



جاک ئەلول شیکردنەوەکەی بردبووە ئاستێکی زۆر وردتر کاتێک جیاوازییەکی بنەڕەتی کرد لە نێوان دوو جۆر پڕوپاگەندە. جۆری یەکەم بریتییە لە پڕوپاگەندەی سیاسیی ڕاستەوخۆ، کە بەزۆری بۆ وروژاندنی کاتیی خەڵک و کۆکردنەوەی دەنگ لە هەڵبژاردنەکاندا بەکاردێت. جۆری دووەم، کە زۆر ترسناکتر و نهێنیترە، ناوی لێ ناوە "پڕوپاگەندەی کۆمەڵناسی".


پڕوپاگەندەی کۆمەڵناسی ئەو ئاوە نەبینراوەیە کە هەموومان ڕۆژانە تێیدا مەلە دەکەین و هەستی پێ ناکەین. ئەم جۆرە پڕوپاگەندەیە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پێت ناڵێت فڵانە حیزب هەڵبژێرە یان فیسارە کەسایەتی باشە. لەمە زۆر قووڵتر کار دەکات. بریتییە لەو جوانکارییە شاراوەکانی ناو فیلمە سینەماییەکان، ئەو شێوازە بیرکردنەوەیەی لە ڕیزبەندیی هەواڵەکاندا هەیە، شێوازی بیناسازیی شارەکانمان، و ئەو بەهایانەی بە شێوەیەکی زۆر ناڕاستەوخۆ لە ڕیکلامە بازرگانییەکاندا چێندراون. ئەم جۆرە پڕوپاگەندەیە سنوورە شاراوەکانی "ئاساییبوون" یان "شێتی" لە مێشکی مرۆڤەکاندا دیاری دەکات. پێت دەڵێت چی مایەی قبوڵکردنە لە کۆمەڵگەدا و چی جێگەی شەرمەزارییە، بەبێ ئەوەی هەرگیز فەرمانت پێ بکات.


کۆمەڵگەی مۆدێرن پڕوپاگەندە بەکاردەهێنێت بۆ بونیادنانی ژینگەیەکی تەواو دەستکرد و خەیاڵی. لەم ژینگە نوێیەدا، مرۆڤەکان لە سروشت و لە یەکتریش دادەبڕێن. دەرەنجامی ئەم دابڕانەش، خەڵکی تووشی گۆشەگیری و دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەبن. لێرەدا شتێکی سەیر ڕوودەدات؛ خودی کەسەکە بە تامەزرۆییەوە داوای پڕوپاگەندە دەکات و بەدوایدا دەگەڕێت. ئەو پێویستی بە هەواڵی بەردەوام و گێڕانەوەی میدیایی هەیە تەنها بۆ ئەوەی دڵەڕاوکێی گۆشەگیریی مۆدێرن لە ناخیدا کەم بکاتەوە و هەست بکات کە هێشتا بەشێکە لەم جیهانە گەورەیە. 


ئەمەش گۆڕانکارییەکی وجوودیی زەبەلاح لە ژیانی مرۆڤەکاندا دروست دەکات، کە تێیدا پەیوەندییە ڕاستەقینەکانی مرۆڤ بەرەو لەناوچوون دەچن و جێگەیان بە پەیوەندییە دەستکردە میدیاییەکان دەگیرێتەوە.




ئەگەر کاریگەرترین دەستکاریکردنی سیستەماتیک پشتی بەستبێت بە پێویستییەکی نائومێدانەی ئامانجەکە بۆ ئەوەی هەست بکات سەبارەت بە ڕووداوەکانی هەنووکە "زانیاریی هەیە"، کەواتە سیستەمە گەورەکان چۆن کار دەکەن؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە ئەوان هەڵمەتێکی پڕوپاگەندەیی فەلسەفی دادەڕێژرێت کە تەواوی سووڕی هەواڵی ڕۆژانە تێدەپەڕێنێت. ئەوان ڕاستەوخۆ دەدەن لە ئارکیتایپە بێئاگاییەکانی کۆمەڵگە (واتە ئەو وێنا و باوەڕە دێرینانەی لە ناخی مرۆڤایەتیدا چەسپاون).



بە کارکردن لەسەر ئەم ئاستە زۆر وردە، سیستەمەکە پێویستی بەوە نامێنێت درۆی زەق بکات لە هەواڵەکاندا، دروستکردنی خودی پێوەرەکانی تێگەیشتن لە ژیان دەگرێتە دەست. سیستەمەکە وا دەکات ڕۆشنبیرەکان بەوپەڕی حەماسەتەوە بەرگری لەو چوارچێوەیە بکەن کە بۆیان دانراوە. کاتێک ڕۆشنبیرێک دەبینیت کە بە دەیان کتێبی ئاڵۆز و زاراوەی قورسەوە پاساو بۆ سیاسەتێکی وێرانکەر دەهێنێتەوە، بزانە کە تۆ سەیری سەرکەوتنی گەورەی پارادۆکسی ئەلول دەکەیت. ڕۆشنبیرەکە پێی وایە لە قیممەی تێگەیشتندایە، لە کاتێکدا ئەو تەنها بڵندگۆیەکە بۆ گێڕانەوەیەک کە خۆی دروستی نەکردووە، بەڵکو ژینگەی کۆمەڵناسیی مۆدێرن بەسەریدا سەپاندوویەتی.



ئەمەیە ئەو ڕاستییە تاڵەی کە وا دەکات تێبگەین پەروەردە و بڕوانامە هەمیشە بە مانای ئازادیی بیرکردنەوە نایەن، بەتایبەت کاتێک مێشکی پەروەردەکراو دەبێتە باشترین ئامراز بۆ جێبەجێکردنی نەخشەکانی سیستەمێکی گەورەتر. جیهانی مۆدێرن بەردەوام ئەم یارییە دەکات، و ئێمەش وەک بینەر و بەشداربوو لەناو ئەم شانۆگەرییە گەورەیەدا دەژین، زۆرجاریش وا دەزانین دەرهێنەری شانۆکەین.


ئەو کەسەی وا دەزانێت زۆر دەزانێت، ئاسانترین نێچیرە بۆ ئەوەی پێی بگوترێت چی بزانێت. بەڵام ئەو کەسەی دەزانێت کە زانیارییەکانی سنووردارن، تەنها بڕوا بەوە دەکات کە بە چاوی خۆی دەیبینێت و بە دەستی خۆی دەستی لێ دەدات. لێرەدا نەزانی دەبێتە قەڵغان، و زانست دەبێتە داو.



ڕاستی مەسەلەکە ئەوەیە کە پڕوپاگەندە وەک ئەندازیارییەک وایە.. پێویستی بە کەرەستەیەک هەیە کە نەرم بێت بۆ داڕشتنەوە. ڕۆشنبیر بەهۆی ئەو پەستانە کۆمەڵایەتییەی لەسەریەتی کە دەبێت "هەموو شتێک بزانێت"، خۆی دەخاتە ناو ژینگەیەکی دەستکردەوە. بەڵام مرۆڤی سادە یان جوتیارەکە، چونکە ژیانی لەسەر زەوییەکی پتەو دامەزراوە و متمانەی تەنها بەوەیە کە بە چاوی خۆی دەیبینێت، عەقڵی ڕەقە و بە ئاسانی نایەتە چەمانەوە بۆ ئەو درۆیانەی کە لە واقیعی ئەوەوە دوورن.


​بەڵکو دەبێت بوترێت: لێکۆڵینەوە لەم بابەتە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە پڕوپاگەندەی مۆدێرن نەک هەر تەنها بۆ کەسانی نەزان نییە، بەڵکو بە پلەی یەکەم بۆ ڕاوکردنی "عەقڵە پەروەردەکراوەکان" دیزاین کراوە.

ئەوەی عەقڵ دەپارێزێت، زۆری زانیاری نییە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ فیتڕەت و ناسینی سنوورەکانی عەقڵ و جیاکردنەوەی واقیع لە وەهم. هەرکەسێکیش عەقڵی خۆی تەنها بە زانیارییە دەرەکییەکان پڕ بکاتەوە، ئەوا وەک کەشتییەک وایە بێ لەنگەر، کە هەر بایەک بێت بە ئاراستەیەکدا دەبات و ئەویش وا دەزانێت ئەوە ئیرادەی خۆیەتی.



لە کۆتاییدا خاڵێکی زۆر گرنگ هەیە پەیوەست بە ئایینەوە : زۆرمان بیستووە و بینیومانە کە دەڵێن ئاین بۆ هەڵخەڵەتاندن و پڕوپاگەندەچییەتی کۆمەڵێک دەسەڵاتدار بووە تا خەڵک کۆنترۆڵ بکەن. بەڵام لە ڕاستیدا پروپاگەندە کار لە کەسانی خوێندەوار دەکات کە لەسەدە مۆدێرنەکانەوە دەستیان بە هەبوون کردووە. ئەویش بەکاربەرانی زانیاری و ڕۆشنبیری گشتی میدیاکانن. بۆیە ئەگەر کەسێک عاقڵ و ژیر بێت و خودا بە نیعمەتی موسوڵمانیەتی منەتی بەسەرەوە کردبێت، هەرگیز بیر لەوە ناکاتەوە کە دین کۆنترۆڵی دەکات و هەڵیدەخەڵەتێنێت، لەکاتێکدا بنەمای سەرەکی هەزاران میدیایی جیهانی و ناخۆیی هەڵخەڵەتاندنی نیمچە ڕۆشنبیرییەکانی سەدەی نوێیە.