مەریوان قانیع و مردنی فارووق ڕەفیق
«تایبەتمەندییەکی دیاری عەقڵی سەردەم ئەوەیە کە ناتوانێت لە نێوان ئەوەی کە سادەیە و ئەوەی کە سەتحییە جیاکاری بکات. ئەمەش وای کردووە کەسانێک بدوێن کە تەنیا وشەکان دەڵێنەوە، بەبێ ئەوەی لە کرۆک و مانا وجوودییەکەیان تێبگەن»
لە پێشتردا باسی ئەوەمان کردووە کە ڕۆشنبیری کورد وادەزانێت کە عەقڵ لەلای خۆیەتی، لۆجیک لەلای خۆیەتی، بە خاوەنی هەموو ڕەهەندەکانی ژیان دەزانێت. لەڕاستیدا ئەوەی مەریوان وریا قانیع کردی بەرامبەر فارووق ڕەفیق، هەم هەلپەرستییەکی فیکریی بوو، هەم هاوارێکی وجوودیی بوو بەرامبەر ناعەدالەتی فەرهەنگ لە ئاستی خۆیدا. چونکە مەریوان هەست بەو مەترسییە دەکات لە ناوزەندکردنی "فارووق" بە فەیلەسوف هەیە. هەستاوە بە داڕشتنی بابەتێک کە ئامانجی سەرەکیی تێیدا شکاندنی کەسایەتی فارووقە. لێدان لە ماهییەتی حەرەکیی ئایینیش بەشێکە لە مەبەستەکە. یەک بەیەکە بە بانگەشە گرنگەکانی کاک مەریوان ئەڕۆین تاوەکو ڕەخنەکانمان کۆتایی دێت.
١. بە کاڵاکردنی کاڵا
وتارەکەی کاک مەریوان بەوە دەست پێدەکات دەڵێت :
«یەکەمین سەرنجێک بمەوێت دەریببڕم دەربارەی ئەو شێوازی مامەڵەکردنەیە کە لە رۆژانی رابردوودا لەگەڵ مەرگی ئەم نووسەرەدا، ئەنجامدرا. زۆر بە داخەوە، تەرمە بێگیانەکەی فاروق رەفیق، وەک زۆر شتی تری وڵاتی ئێمە، بەشێوەی کاڵایەکی سیاسیی و دینیی بەکارهێنرا. تەرمەکەیان لەوەخست تەرمی مرۆڤێکبێت کۆچی دواییکردبێت پێویستی بە مامەڵەیەکی ئینسانییانە هەبێت، بەڵکو پڕیانکرد لە هێما و ئاماژە و گوتاری سیاسیی و دینیی ناکۆک و دژبەیەک و بە ئامرازێک بۆ پەلاماردان و هێڕشکردنە سەر کەسانیتر.»
دەتوانین بڵێین کە وشەیی کاڵا یەکێکە لەو وشانەی کاک مەریوان بازرگانییەکی زۆر بەهێزی پێدەکات بە هزر و هۆشی گەنجان و گوێگرانییەوە. وشەی کاڵا وەکو جنێوێکی ڕۆشنبیرانەی لێهاتووە بە بەرامبەرەکانی دەفرۆشێتەوە وەکو ئەوەی کارێکی نائەخلاقییان کردبێت. یاخوود خەریکی خەڵەتاندنی خەڵک بن. لەڕاستیدا کاڵابوونی شتێک خراپ نییە. ئەوە خراپە کە بیرۆکەیەک هەبێت، بەتەواوەتی داببڕێت لەگەڵ شوێنکەوتووانی و بایەخێک نەدات بە پێویستییە وجوودیی و مەعریفییەکانی مرۆڤ. دەتوانین بڵێین شارستانییەت لەسەر سێ بنەما دروست دەبێت: عەدالەت و ئەفسانە و بەها. لەو بنەمایانەوە شارستانییەتێک دەخولقێت کە بە شێوەیەک لە شێوەکان توانای فەنکشناڵەتی هەیە.
ئەگەر کۆمەڵگایەک هەوڵ بۆ عەدالەت نەدات، ئەوە شارستانییەت نییە. دەتوانین بڵێین دژە شارستانییەتە. عەدالەت لێرەدا کاڵایەکە، سەرووتر بۆ خوارووی خۆی دەگوازێتەوە. دەتوانین بڵێین: باسکردنی مردووێک کە دەگاتە عەدالەت کۆمەڵگا ڕادەگرێت لەوەی عەدالەت بخەنە سەر شانی خۆیان و کۆمەڵگایەکی تۆتالیتار دروست ببێت. هەرچەندە ئەوە بیروڕایەکی زۆر پەسەند نییە بەلای منەوە.
ئەگەر بپرسین خودی کاڵا، چی بابەتێکی وا خراپی تێدایە کە سەرکۆنەی بەکاڵاکردن لەلایەن کاک مەریوانەوە پاڵی دەنێت بۆ ئەوەی بنەمای عەدالەت لە کۆمەڵگا بکشێتەوە و هیچ هەستێکی عەدالەت لە نێو خەڵکدا نەمێنێت؟! ڕەهەندەکانی بە کاڵاکردن و بەکاڵا نەکردن چییە؟! ئایە ئازادییەکان لە چوارچێوەی کۆمەڵگایەکی مەدەنی دا دەبێتە کاڵا؟! ئایە مافەکان دەکرێنە کاڵا؟! ئایە پەیمانەکان دەکرێنە کاڵا؟! هەر هەموو ئەمانە ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە. کە دەوڵەت بەناوی عەدالەتەوە دەیەوێت جیبەجێی بکات.
وەکو وتم : بەکاڵاکردن بۆتە کاڵایەکی زمانەوانی کە کاک مەریوان دەیفرۆشێتەوە بە خەڵکی بە نێوی حیکمەتێکی لیبراڵ دیمۆکراتەوە.
کەواتە : ئەم بە کاڵاکردنە لەڕاستیدا چییە؟! ئەگەر ئێمە بە دیدێکی سیکۆلارەوە سەیرکەین بریتیە لە تەجەللی بوونی بیرۆکە بۆ ماددە (actualization). ئەمەیە مەترسییەکە لەسەر ئەوان. نابێت ئەوەی لە زەین دایە تەجەللی هەبێت، ئەبێ بە زەینی بمێنێتەوە. ئەوان ترسی ئەوەیان هەیە بیرۆکەکان چ لە سیاقە سیاسییەکەی چ لە سیاقە دینییەکەی توانای زاڵبوونی هەبێت.
٢. دوودژ یان دوو ڕوانگەی هاودژ؟!
دواتر لە بەشێکی تری وتارەکەی دا مەریوان دەڵێت:
«لەم بێنە و بردەیەدا دوو بەرە بەرامبەر بەیەک دروستبوون. بەریەکیان فاروقیان بە بیریار و فەیلەسوف و سپینۆزای کورد ناوبرد و مەدح و سەنایەکی گەورەیان کرد و لە ریزی سوقرات و ئەفلاتون و فارابی و ئیبن ڕوشدا، دایاننا [....] بەرەکەی تریان فاروقیان بە کافر و مولحید و دژەدین ناوبرد و هەرچی جنێوی دینیی و نادینیی ناشیرین هەیە پێیاندا، بەدەیان شێوە سوکایەتییان بەرامبەر بەخۆی و بە مردنەکەی کرد، هەندێکیشیان تا ئەو شوێنەش رۆیشتن کە بڵێن هەق نیە نوێژ لەسەر تەرمەکەی بکرێت و لە گۆڕستانی موسڵماناندا بنێژرێت. ئەم بەرەیە مەرگی فاروقیان بە سەرکەوتنی خۆیان و سەرکەوتنی ئایدیۆلۆژیا دینییەکەیان دەزانی.»
دەتوانین بپرسین : ئایە چ دژبەیەکێک لە نێوان ئەو دوو دیدگایە بە تایبەتی هەیە؟! کەسێکی وەکو نیچە و فۆکۆ و هایدگەر و ئۆپی بێباوەڕن لە هەمانکاتدا فەیلەسوفن و کافریشن. جیاکردنەوەی ئەو دووبەرەیە وەکو دووبەرەی دژبەیەک وادەکات وێنای پرۆسەی بە فەیلەسوفزانین و کافر زانین بکاتە دوو بەرە کە بەیەکەوە کۆنابنەوە. لەکاتێکدا بە عەقڵی سەلیم و واقیع ئەزانین کە ئەمە دروست نییە.
ناونەنانیی خەڵکی بە کافر جۆرێکە لە سڕینەوەی شوناسی ئاینیی. هیچ هێڵێک و سنوورێک نامێنێ بۆ ئەوکەسەی پێی وایە هەرچی بکات کافر نییە. پرسیارەکە لێرەدا ئەمەیە ئایە هەمان لۆجیک بەکاردێت لە فیکریی کاک مەریوان دا؟!
ئایە دەکرێت بڵێین کاک مەریوان کاریگەرییەکی نەرێنی بەسەر کۆمەڵگاوە هەیە؟! چونکە ئەگەر بیرتان مابێت لەسەرەتای قسەکانیەوە، دژەکانی بە نامرۆڤ و کارە نامرۆڤایەتییەکان ناوزەند کرد. خۆ ئێمە دەتوانین بڵێین کافر بوون ئەگەرێکی هەیە بۆ فارووق ڕەفیق لە ژینگەیەکی ئیسلامیدا بەردەوامی بە ژیان بدات. بەڵام دووژمنی کۆی مرۆڤایەتی و کرداری نامرۆڤانە، شەرعیەتی تەواو دەدات بە هەموو جۆرە قەسابخانەیەک (بەقەساب خانەی زایۆنیشەوە) دژی موسوڵمانان وەکو بکەرێکی نامرۆڤایەتیی سەیری موسوڵمانان بکەن. دەتوانین چاوپۆشی لە کافرێک بکەین، بەتایبەت ئەگەر برەو بە بیری ئیخوانیی بدرێت لە کوردستاندا، چونکە ئەو بیرە حەرەکییەی کە ئیخوان هەیەتی بەتایبەتی لایەنی یوسف قەرزاوی و ئەو زانا ئیخوانیانە ، تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ پێکەوەژیانن لەسەر ئاستێکی فرە کۆمەڵگایی. بەڵام ناتوانین چاوپۆشی لە کەسانی نامرۆڤ بکەین. ناتوانین چاوپۆشی لە هیتلەرئاسا بکەین. ناتوانین چاوپۆشی لە داعشئاسا و "تیرۆرست" بکەین.
ئیدی "شر البلية ما يضحك"... کاک مەریوان خۆی بکەری ئەو تەکفیرەیە کە نکۆڵی لێدەکات. شمیت جوانی وتووە: "هەرکەسێک بەناوی مرۆڤایەتییەوە قسە بکات، فێڵبازە."
٣. فەیلەسوف وەکو میراتی یەک ڕەوی
دواتر ئەو بانگەشە گەورەیەی کە کاک مەریوان دەیکات دەردەکەوێت لەم نوسینەی:
«لەدیدی مندا فاروق نووسەرێک بوو باسی فەلسەفەی دەکرد، کۆرسی فەلسەفەی بۆ قوتابیان دەکردەوە، ئەم یان ئەو فەیلەسوف و ئەم یان ئەو چەمکی فەلسەفیی شیدەکردەوە، بەڵام خۆی فەیلەسوف نەبوو. فاروق فەلسەفەی شەرحدەکرد، بەڵام خۆی خاوەنی پرۆژەیەکی فەلسەفی نەبوو. وەک زۆر نووسەریش، هەندێک نووسین و کتێبی باشی هەبوو. بەڵام بەشێکی بەرچاوی نووسینەکانی لانی هەرەکەمی کۆگیریی و مەنهەجیەتی لە نووسین و شیکردنەوەدا، تیانییە. ئەو بەبێ هەستکردن بە هیچ کێشەیەک، شتێک و پێچەوانەکەشی دەگوت، لەم پەری راستەوە و بۆ ئەوپەری چەپ و لەوپەڕی چەپەوە بۆ ئەوپەڕی راست بازیدەدا. »
لەڕاستیدا، چەمکی فەیلەسوف بۆتە چەمێکی شل. چیتر چەمکێک نییە کەسان و ڕەوتێک خاوەنداریەتی بکات. تەنانەت وا ڕیفۆرمی وشەسازی فەلسەفیی دەکرێت بۆ ئەوەی، سۆفستائییە کۆنەکانی «یۆنان» وەکو فەیلەسوف لەقەڵەم بدرێنەوە. چونکە لە بنەڕەتەوە بۆتە چەکێکی جیاکاری لە نێوان بیرمەندەکان. ئەمە واقیعی ئەمڕۆمانە.
سەرەڕای ڕەخنەم لەو ڕەوتە، حەقیقەتێکی هاش هەڵنەگرە کە فەلسەفە و فەیلەسووف بوون لە بنەڕەتدا سەر بە ڕەوتی حەوت حەکیمەکەی یۆنانە. واتە : ڕێچکەی فیساگۆرس - طالیس - ئەنکساگۆرس - ئەنیسکیامانیس - سوقرات - ئەفڵاتوون - ئەرستۆ. بەڵام ئەگەر بێینە سەر کایەی نوێ دەبینین ئەو دوو مەرجەی کە کاک مەریوان باسی دەکات چیتر پێویست نین بۆ فەیلەسوف...
ئەو باسی دوو مەرج دەکات:
١. یەکانگیری فەلسەفی.
٢. هەبوونی پرۆژە و تێزێکی تایبەت.
لەڕاستیدا ئەوە شایەنی پێکەنینە کاک مەریوان داوای یەکانگیری فەلسەفیی دەکات لەکاتێکدا ڕێک ئەو بنەمایە وادەکات هەموو پرۆژە لیبراڵ-دیمۆکراتەکەی بڕۆخێت. بەڵام ئەوە بۆ کاتێکی تر.
ئەوەی سەیرە و نەبیستراوە ئەوەیە فەیلەسوف خاوەنی «تێز» بێت. بەجۆرێک لە جۆرەکان وەکو ئەوەی فەلسەفی بوون و تاکە ڕەهەندی هەبوونی تێزێکی جیاکەرەوەیە. بەم لۆژیکە بێت، ئەنیشتاین فەیلەسوفە و ئیبن مسکویە و ئیبن ڕووشد فەیلەسوف نین. چونکە تێزی سەربەخۆیان نییە و پرۆژەیەکی سەربەخۆیان نییە.
هەموو ئەوانە وادەکات بڵێم کاک مەریوان هەوڵێکی سیاسیی دەدات بۆ قۆرغکردنی فەیلەسوف لە چوارچێوەی کەسایەتی خۆیدا تاوەکو فارووق نازناوەکە وەرنەگرێت. ئەمەش دەتوانین بە زمانی خۆی بڵێین «بەکاڵاکردنی فەلسەفەیە».