---

سەرلێشێوانی مرۆڤی مۆدێرن دەربارەی مانای ژیان

پێشەکی 

ئێمە لە سەردەمێک داین، سەردەمی بە تاککردنی مرۆڤە «individualiztion». بە مانای ئەوەی کە مرۆڤ لە خودی خۆیدا سەروەریەکی وجوودیی باڵای هەیە. ئەم ئاستە وجوودییە قیممەی شارستانی بوون و ئاسودەیی دەروونی مرۆڤ پێکدێنێت. لەکۆتاییدا کە مرۆڤ ئاسوودە بوو مانای ژیانی هەیە. بەڵام ئەمە وەهمە. مرۆڤ هەرگیز بە گۆڕینی ڕیشەی تێگەشتنی لە جیهان نەبێت، ناتوانێت دەرباز بێت لەم وەهمەش. بێگومان، سەبارەت بەوەی کە مرۆڤ مانای هەیە لە ژیاندا یاخوود نا. پێدەچێت ئایینزانی سەدەی نوێ باوەڕی وابێت «تاک» ڕزگاری لە پووچیەتی ژیان بە پەیڕەوکردنی شەریعەتە ئاسمانییەکان بەدەست دەهێنێت. لەم وتارەدا دەمەوێت ئەوە بسەلمێنم کە مانای ژیان وەهمێکی نوێیە لەڕێی تێکەڵکردنی چەند چەمکێکی جوداوە، وەکو شێوازێکی ڕیکلام کردن بۆ بیرۆکە ئاینیی و نائاینییەکان بەکاردێت.


بۆنموونە فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریک نیچە؛ باس لەوە دەکات کە فەلسەفەکەی: "ڕزگارکەری مرۆڤە لە تاریکییەکانی چاڵی پووچگەرایی." بێگومان ئەشێت مرۆڤ ماوەیەکی کاتی هێز و توانا لە بیرۆکەیەک یان فەلسەفەیەک وەربگرێت. دواتر کە دەبینێت جیهان وەکو هێڵێکی تەخت دەڕوات بەڕێوە، جیاوازی نێوان هەڵگری فەلسەفەی نیچەیی و هەڵگری فەلسەفەی کانت و ئەفڵاتوون نییە. تووشی هەمان کێشە دەبێتەوە. 


لەلایەنە ئاینییەکەیەوە؛ دەتوانین بڵێین مرۆڤ دڵخۆش دەبێت بەوەی کە ئامانجێکی قیامەت و دواڕۆژی هەیە. بەڵام هێشتا ئەوە وەڵامی هەندێک پرسیار ناداتەوە کە دەربارەی تاک بوونی خۆیەتی. بێگومان ئەو تاکبوونە دەرئەنجامی ژیانە لە سەردەمی مۆدێرنەتە. بۆیە دەتوانین بڵێین ئایینیش بەو شێوەیە کار ناکات کە مرۆڤ، بکاتە ماشێنێکی مانادار. بەڵام هێشتا خۆی بە ماشێن ببینێت. 


١. وەهمی مانای ژیان لە ڕوانگەی زمانەوانییەوە

لە دوو ڕوانگەوە دەتوانین باسی مانا بکەین. یەکەمیان ئەوەی کە ئامانجێک هەیە لە ژیاندا، دووەمیشیان بریتییە لە شێوازێک سووتەمەنی بێ کۆتا بۆ مەزنبوونی مرۆڤ و بەردەوامیی لە ژیاندا. دەتوانین چەمکی دووەم بەوە پێناسە بکەینەوە بڵێین (ژیان چیمان پێدەدات تا بەردەوام بین؟) 


بێگومان هەریەکە لە ئاییندار و بێ ئایین، دەتوانێت چەمکی یەکەم بەدەست بهێنێت وەکو بوونەوەرێکی خاوەن ئیرادە لە گەردوون دا. چونکە هەریەکەک لە ئێمە کارێک دەکەین ئامانجێکمان لە پشتی هەیە. عەقڵیەتی سەردەم مانا وەک ئامانجێکی کەسی، دروستکردنی بەها، یان جێهێشتنی شوێنەوار لەناو مێژوودا پێناسە دەکات. کەواتە بەپێی چەمکی یەکەم، هەر خوودی بەکارهێنانی وشەی "مانا" هەڵەیە.

چونکە مانا لە جەوهەردا حەقیقەتێکی ئۆبجێکتیڤە و دەبێت بدۆزرێتەوە. دەتوانین بڵێین مانا بریتییە لەو پەیوەندییە وجوودییەی کە هەر دیاردەیەکی کاتی، فۆرمێک، یان دۆخێک بە ئارکیتاپە نەگۆڕەکەیەوە لەناو حاڵەتی پۆتێنشاڵ (بالقوة) دەبەستێتەوە.


کەواتە؛ مانای ژیان بەو بەکارهێنانە، زیاتر لە سەرلێشێوانێک دەچێت وەک لە لێکۆڵینەوەیەکی جددی.


٢. مانای دووەمی دەستەواژەی مانای ژیان

لەم بابەتە دا، سەرلێشێوانێکی جدیی هەیە لەنێوان ئاییندار و بێ ئایین. دەتوانین بڵێین کە کاتێک مرۆڤی مۆدێرن باس لە ئایین دەکات؛ وەکو پێدەری ژیانێکی بێ کۆتا. لە کرۆکی باسەکەدا ئەویش جیهان بەیەکدیو دەبینێت. واتای ئەوەی کە جیهان هێڵێکی تەختە. کە دەگاتە بەهەشت، دواتر دەکرێت بپرسین مانای بەهەشت چییە؟ بەردەوام بوونت لە بەهەشت بۆچییە؟ بێگومان ئەویش بە زیادبوونی بێ کۆتای چێژ باسی دەکات. کە ئارامییەکی تەواو دەداتە زۆرینەی خەڵکی. بەڵام هەموو ئایینێک وانییە. ئەمە دەتوانین بڵێین ئیسلام وایە. لەو ڕووەوە ئیسلام پێش ئاینەکانی تر درکی بە حەقیقەتی مرۆڤ کردووە، لە پێویستی ڕووکەشی چێژ بۆ مرۆڤ. بەڵام، هێشتا ئەمە سووتەمەنییەکی تەواو نییە بۆ مەزنی مرۆڤ، بەردەوام بوونی لە ژیان. بۆیە دەشێت بپرسین : ئاخۆ بۆچی لە بەهەشت دا، داوای فەنابوون ناکەیت؟! بۆیە دەتوانین بڵێین گونجاوە کەسێک دەروونی ئاسوودە بکات، بەڵام هێشتا پێت ناڵێت بەهەشت کە درێژکراوەیەکی ژیانە، مانای لە هەبوونت لەوێدا چییە؟ بۆیەش دەبینین کە مرۆڤی سەردەم باوەڕی بە خودا و بەهەشت و جەهەنەم هەیە. بەڵام وا ڕەفتار دەکات کە بوونی نەبێت. چونکە لەڕاستیدا، بەرگی نایەلیزمی پۆشیوە و هەبوون و نەبوونی ئەو خودایە هیچ لە بێمانایی ژیانی ناگۆڕێت.


٣. شکاندنی بتی مانا 

مانای ژیان بە شێوەیەکی لێهاتووە، بتێکە کە دەپەرسترێت لە تەک خودای باڵا دا. هەوڵدان بۆ فەلسەفە و زانست و هەموو تەکنەلۆژیا و خەلافەت و پەیڕەوکردنی شەریعەت، نوێژ بۆ خودا، چونکە لای دکتۆر، هەبوونی ماڵ و سامان، هەمووی شەرعیەتێکە بە تێرکردنی لایەنی تاکبوونی مرۆڤ. ئەم وەهمە (کە تاک وەکو بوونەوەرێکی جیاوازی سەروەر وێنا دەکات) فۆڕمی مرۆڤ تێکدەدات و زەینی سەرلێشێواو دەبێت و دووچاری دووفاقیەکی زۆری دەکاتەوە. چونکە لەلایەنێکەوە بەستراوەتەوە بە توراسێکی گشگیری گەردوونی نا-تاکیی، لەلایەکی تریشەوە بەستراوە بە تاکبوونی خۆیەوە. ئیتر مرۆڤ خودا بەکاردێنیت تاوەکو بەرگی پووچگەرایی بپۆشێت. ڕۆژێک دیندارە، ڕۆژێک بێدین، ڕۆژێک بەڕێز، ڕۆژێک خوێڕی، ڕۆژێک سەرخۆش، ڕۆژێک عاریف، ڕۆژێک فاسق.


هۆکاری هەموو ئەوە، بریتیە لەوەی دەیەوێت بە شێوازی لێخوڕینی پاسکیل، کەشتییەک لە دەریا بپەڕێنێتەوە.

مەبەستمان لەوەیە کە بەڕاستی ژیان لەخودی خۆی جیاکراوە لە پرینسیپی باڵاوە، نە دڵنیایی تێدایە، نە ڕۆح تێردەکات. تەنها لایەنێکی ئاسوودەیی کاتی پێدەبەخشێت، ئەوەش دەکرێت بۆ لایەنە جەستەیی و بایۆلۆژیەکەی مرۆڤ بگەڕێندرێتەوە. لەڕاستیدا، مانای ژیان واتای ئەوەیە مانای ژیانی "تۆ" چییە. نەک لە فەنکشنی ژیان بکۆڵنەوە. بۆیەش توشی کێشە بووینە لەو لایەنەوە. زەینی مۆدێرن کاتێک دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە "ژیان مانای نییە"، تەنها وەسفێکی دروستی ئەو دۆخە دابڕاوە دەکات کە تێیدا دەژی.

​گەڕان بەدوای مانای ژیان بۆ تاک، وەهمێکی سەردەمە و سەرچاوەکەی دابڕانی مرۆڤە. عەقڵیەتی سەردەم دەیەوێت لەناو بازنەیەکی داخراوی کاتی و شوێنیدا بەهایەک بۆ "ئەنا"ی مرۆڤ دابتاشێت و مانایەکی دەستکرد بدات بە پێکهاتەیەکی کاتی. پرەنسیپە چۆنایەتییەکان و ڕاستییە نەگۆڕەکان لە دەرەوەی فۆرمە کەسییەکان ئامادەییان هەیە. مانەوە لەسەر تەختاییە ئاسۆییەکە و ئاوساندنی پێگەی تاک، ڕێک ئەو سەرچاوەیەیە کە نایەلیزم بەرهەم دەهێنێت.

کەواتە؛ باسەکە هەبوونی شەریعەتێکی ڕووکەشی و نەبوونی نییە. بەڵکو مرۆڤی سەردەم لە خودی خۆیدا باڵاتر لە ژیان نابینێت. کە ئەمەش بێگومان وەهمە. مانای ژیان لە شتێکی سەرووژیانەوە هەیە. نەوەک لەناو ژیاندا. ژیانی ئاسایی مرۆڤ، کە دەکەوێتە چوارچێوەی دەرکەوتنی فۆرمال و جەستەییەوە، خاوەنی سەربەخۆیی وجوودیی نییە لەناو خۆیدا. ئەم دۆخە تەنها یەکێکە لە ئەگەرە بێسنوورەکانی ناو گەردوون و بە شێوەی تەختاییەکی ئاسۆیی وێنا دەکرێت. تەواوی پێکهاتەکانی ئەم ئاستە خوارووە پابەندن بە مەرجەکانی کات، شوێن، و فۆرمەوە، و بەردەوام لە گۆڕان دان. پشتبەستن بەم پانتاییە سنووردارە بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیریی ڕەها، پرۆسەیەکی تەواس بێ ئاکامە.

وەرگرتنی ژیان بەتەنیا و دابڕانی لە پرەنسیپە باڵاکان، دەبێتە هۆی کوێربوونی بینینی میتافیزیکی و گیرخواردن لەناو فرەیی و چەندایەتیدا. ئەو سەقامگیرییە پوختەیەی کە بونەوەرێک بەدوایدا دەگەڕێت، لە پرۆسەی تێپەڕاندنی سنوورەکانی دۆخی مرۆیی و جێگیربووندایە لەناو یەکپارچەیییە بێسنوورەکەی دۆخی میتافیزیکی. مرۆڤی مۆدێرن، وای دادەنێت کە بازنەی دیاردە کاتییەکان تەواوی واقیع پێکدەهێنێت. بڕیاردان لەسەر نەبوونی مانا بە پشتبەستن بەم دیدگا سنووردارە، هەڵەیەکی میتۆدیی قوڵە و جیهان لە چوارچێوەی ئەزموونی تاکدا قەتیس دەکات.

٤. شکاندنی بتی تاکبوون تێپەڕاندنی بێمانایی ژیانە

ئیستا تێگەشتین کێشەکە لەکوێدایە. کێشەکە لە کرۆکەوە بریتییە لە سەیرکردنی مرۆڤ وەکو تاکێک، بەشداری لە کۆمەڵگا دەکات. ئەو تاکە پێویستی بەوەیە کە سووتەمەنییەکی هەمیشەیی هەبێت. ئەم سوتەمەنییە تاقەتبڕی ناکات لە بەشداربوون لە ژیان. تێپەڕاندنی تاکبوون و سەیرکردنی وەکو دۆخێکی وەهمی بریتییە لە ئەوپەڕی دژایەتیکردنی بێمانایی ژیان. کاتێک تاک دەزانێت چوارچێوەی قەتیسکراوی خۆی بەشێک نییە لە دڵنیایی باڵا. دڵنیاییە دەروونیەکەی مانایەکی گشگیری پێ نادات. تێدەگات کە بۆچی ئەو هەستە پووچیەتیە تەنها وەهمێکە. ئەم وەهمە تەنها لەڕێگای تێپەڕاندنی تاکبوونەوە جێبەجێ دەکرێت. ئامرازە دەروونییەکان و گەڕان بۆ ئاسوودەیی خوار ڕۆح و عەقڵی باڵا (ئینتەلیکت). هەموو ئەو وەهمە دەسڕێتەوە کە مرۆڤ لەڕێی چەندساڵە شوێنکەوتنی وەهمەکانی سەردەمەوە تووشی بووە.