---

ڕەخنەکانی شمیت لە ڕۆمانسیەتی سیاسیی

پێشەکی

کارل شمیت لە کتێبە ناوازەکەی دا، بەناوی ڕۆمانسیەتی سیاسیی (Political Romanticism) ئەتوانین بڵێین یەکێکە لە ڕەخنە هەرە تیژبڕەکانی بۆ جەرگی سیاسەتی حەشامەتگەرایی و شەعبەوی دا. پێویستە لە سەرەتا دا بزانین، ڕۆمانسیەتی سیاسیی چییە؟ تا تێبگەین، شمیت چ ڕەخنەیەکی ڕیشەیی دژ بەو بیرۆکەیە دەسازێنێت. لە کتێبەکەی شیبت بە زمانێکی سادە، ڕۆمانسیەتی سیاسی بریتییە لە بینینی کایەی سیاسەت و ڕووداوەکانی جیهان وەک شانۆیەک بۆ دەربڕینی هەست و سۆز و خەیاڵاتی کەسی. لەم دۆخەدا، تاک هیچ جۆرە پابەندبوونێکی بە بنەما و ڕاستییە بابەتییەکانەوە نییە. هەموو شتەکانی دەوروبەر بۆ ئەو دەبنە دەرفەتێک بۆ داهێنانی ئیستاتیکی و وێناکردنی خود. لە ئەنجامدا، ئەم جۆرە کەسانە توانای دروستکردنی بڕیاری سیاسیی یەکلاکەرەوە لەدەست دەدەن و لە بەرامبەر کێشە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگەدا بەتەواوی پاسیڤ (خەسێندراو) دەبن.



لەوەوە تێدەگەین، شمیت وشەی ڕۆمانسیەتی بە مانایەکی تایبەت بەکارهێناوە کە هاوبەشیەکی کەمی هەیە لەگەڵ ڕۆمانسیەتی کۆمەڵایەتی نێوان نێر و مێ. بەڵام ڕەهەندێکی هاوشێوەی هەیە. ئەویش بریتییە لەوەی ڕۆمانسیەت چەمکێکی داماڵێندراوە لە کردار و لەوەشەوە شمیت ڕەخنە باڵاکانی خۆی ئاراستە دەکات. 


هەڵەیەکی بڵاو
ڕەنگە کەسێک بڵێت: پووچەڵکردنەوەی ڕۆمانسیەت بەو مانایە زۆر ئاسانە، ئێمە لۆجیک بەکاردێنین و عاتیفە ڕیگری لە لۆجیک دەکات، بۆیەش بەکارهێنانی عاتیفە بۆ ئەو بابەتانە هەڵەیە. هەروەها هەر خودی بەکارهێنانی عاتیفە بریتییە لە Appeal to Emotion بۆیەش قسەکانیان شتێکی وا ناخوازێت قوڵ ببینەوە تێیدا. 


بەڵام ئەو قسەیە لەخودی خۆیدا هەڵەیە لەبەر چەند هۆکارێک:

یەکەمیان: کەسی ڕۆمانسی دەتوانێت عاتیفە بەکاربێنێتەوە دژت، چونکە ئەو بەپێی بنەماکانی خۆی، لۆجیک لە جیهاندا بوارێکی بەرتەسکی هەیە، ئیشی ڕێکخستنی زانستی سروشتی و کۆمەڵناسی و دەروونناسییە. وە پێت دەڵێت: تۆ لەسەر بنەمای خۆت بڕیارت لەسەر من داوە. منیش بۆم هەیە لەسەر بنەمای خۆم بڕیارت لەسەر بدەم. 

دووەمیان: ئەو قسەیە جۆرێکە لە سەلماندنی شت بە داواکراو (مصادرة على المطلوب)، چونکە خاڵی ناکۆکی نێوان ئێمە و ئەوان بریتییە لەوەی هەست و سۆز پێوەر نییە، تۆش دەچیت پێوەرێک بەکاردێنی بۆ سەلماندنی دژی قسەکەی کە دژی هەست و سۆزە. ئەمەش سەلماندنی شتێکە بە داواکراوەکە. 

سێیەمیان: بۆی هەیە جیاکاری بکات، بڵێت من لەسەر ئەساسی هەست و سۆزی خودیی بڕیارم نەداوە، بەڵکو ئەم هەستە هەستێکی گشتییە هیچ جیاوازییەکی نییە لەنێوان بەڵگەسازی بە (پێنج هەستەکە) و(هەستی نەتەوەیی) یان (عەدالەت) یان (تۆڵەسەندنەوە) هەموو ئەوانە هەستێکی گشگیرن و کەس ناتوانێت خۆی لێ دەرباز بکات. بۆیە بەڵگەی پێ دێنمەوە. 


چوارەم: دەشێت بڵێت، من لەبەر ئەوە سۆز ناکەمە پێوەر چونکە لۆجیکی نییە، هەر کاتێک هەست و سۆز دژایەتی واقیع و لۆجیکی نەکرد، ئەوکاتە پێوەرە، بۆیە جیاوازییەکە ڕوونە : کاتێک سۆز بەسەرتا زاڵ دەبێت، دژی واقیع دەوەستی، لەکاتێکیش دا سۆز دژی واقیع ناوەستێت. ئەمەش بەپێی چەند شتێک لە هەموو ئایینەکان دا هەیە:

أ- وەکو ئەوەی خۆشویستنی خودا وات لێدەکات عیبادەتی بۆ بکەیت، هیچ شک و گومانێک لەوەدا نییە پلەیەکی بەرزە. 

ب- خۆشویستن بەشێکە لە شەریعەتی ئیسلامی و مەسیحیش لەکاتێکدا سۆزە نەک عەقڵانییەت و لۆجیک، موسوڵمان نابێت ڕقی لە خودا و پێغەمبەرەکەی بێت، نابێت مەسیحی ڕقی لە عیسای مەسیح ببێت. بۆیە جیاوازییەکە ڕوونە. 


ئەگەر بڵێی: باشە ئێمە دەیسەلمێنین ئەو سۆزەیان دژی واقیعە. کەواتە : وەڵامەکەی ڕوونە، ئەوەتا ئێمەش خەریکی هەمان کارین


ڕۆمانسیەتی سیاسیی لە کوردستاندا 
بۆچی ئەم باسە گرنگە؟ بە شێوەیەکی زۆر سادە، چونکە لە واقیعی سیاسیی کوردستاندا، گوتاری سیاسی زۆرجار پشت بە شیعر، کارەساتە مێژووییەکان و سیمبولە سۆزدارییەکان دەبەستێت. لێرەدا قەیرانەکان و ڕووداوە سیاسییەکان دەبنە دەرفەتێک بۆ دەربڕینی هەست و سۆز، هاوشێوەی ئەو دۆخەی کە کەسایەتییە ڕۆمانسییەکە جیهان وەک هەلێک بۆ بەرهەمهێنانی هونەریی دەقۆزێتەوە. سیاسەت لە دەرەوەی چوارچێوەی بەڕێوەبردنی واقیعییانەی کۆمەڵگە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و دەکرێتە شانۆیەک بۆ نمایشکردنی ئازار، شانازییە ڕابردووەکان، و قوربانیدان.


یەکێک لە خەسڵەتەکانی ڕۆمانسیەتی سیاسی بریتییە لە هەڵپەساردنی بڕیارەکان و نەبوونی توانای پابەندبوون بە هەڵبژاردنە کۆنکرێتییەکانەوە. لە کوردستان، پرۆسەی بنیاتنانی دامەزراوە نیشتمانییەکان، وەک یەکخستنی هێزە چەکدارەکان یان داڕشتنی سیستەمێکی ئابووریی سەربەخۆ، بەردەوام تووشی بنبەست دەبێت. هێزە سیاسییەکان دوور دەکەونەوە لە بڕیارە پێکهاتەیییە سەختەکان و پەنا بۆ گفتوگۆ بێبڕانەوەکان و ململانێ بچووکەکان دەبەن. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی پاسیڤبوونێکی دامەزراوەیی لە بەرامبەر گۆڕانکارییە گەورەکان و ئاستەنگە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکەدا. ئێمە پێمان وایە هەر ئەوەشە بۆتە هۆکاری لەناوبردنی بزوتنەوەی گۆڕانکاری لە سیاسەتی کوردی دا. 



ڕۆمانسییەکان چەمکەکانی گەل و مێژوو وەک ئامرازێک بۆ فراوانکردنی سەروەریی خودی خۆیان بەکاردەهێنن، لە کوردستاندا ئەم حاڵەتە بە ڕوونی دەبینرێت. خەباتی نەتەوەیی، مێژووی خوێناوی، و چەمکی نیشتمانپەروەری زۆرجار دەخرێنە خزمەت فراوانکردنی دەسەڵاتی کەسی یان حزبییەوە. سەرکردەکان و نوخبەی سیاسی خۆیان وا وێنا دەکەن کە تاکە پارێزەری ئەو مێژووەن، وە لەم پرۆسەیەدا سەروەریی نەتەوەیی دەبێتە کەرەستەیەک بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە تایبەتەکان و سەلەماندنی ڕەوایەتیی خۆیان.



بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیرانی کورد زۆرجار دەکەونە ناو تەڵەی ڕۆمانسیەتی سیاسییەوە. ئەوان خۆیان بەدوور دەگرن لە بەشداریکردنی واقیعییانە لە چاکسازییەکاندا و گۆشەگیر دەبن لەناو ڕەخنەی جوانکاریی و گوتاری نائومێدیدا. ئەم حاڵەتە ئەو بارودۆخەمان بیردەخاتەوە کە شمیت وەک گۆشەگیریی هزریی تاک لە کۆمەڵگەدا وەسفی دەکات، کە تیایدا کەسی بەرهەمهێنەر لە ڕووی هزرییەوە سەنتەری جیهان دەگوازێتەوە بۆ ناو خودی خۆی و واز لە گۆڕینی واقیع دەهێنێت.



کێشەی بنچینەییی قەوارەی سیاسی لە کوردستان بریتییە لە لاوازیی ئەو سیستەمە کۆنکرێتییەی کە شمیت وەک پێشمەرجێک بۆ جێگیرکردنی یاسا و سەقامگیری باسی دەکات. لە ئەنجامی بێهێزیی چوارچێوەیەکی یاساییی بابەتی و دەزگایی، بڕیارە سیاسییەکان دەکەونە ژێر کاریگەریی باری دەروونی و بەرژەوەندییە کاتییەکانی ئەکتەرە سیاسییەکان. ئەم دۆخە وا دەکات پێکهاتە سیاسییەکە ناسک بێت و ئەوپەڕی بێتوانا بێت لە دروستکردنی سەروەرییەکی ڕاستەقینە لەسەر زەمینەی واقیع.


بۆیەش: گرنگی دان بە وەلانانی ڕۆمانسیەتی سیاسیی، نەک ئەرکێکی نیشتیمانی و ئاینییە، بەڵکو ئەوپەڕی عاقڵاندن و تێگەشتنە لە واقیعی سیاسیی. 

ڕەخنەکانی شمیت و تێبینی ئێمە

خاڵی یەکەم : ​لە سەردەمی مۆدێرندا، مرۆڤایەتی و مێژوو جێگەی خودای باڵا دەگرنەوە بۆ ئەوەی ببنە سەرچاوەی بنەما پێوەرییەکان. ​مرۆڤایەتی ڕۆڵی ساختە-خودا یان ئەوەی شمیت پێی دەڵێت "دێمیورجێکی شۆڕشگێڕ" دەبینێت، هاوکات مێژووش وەک دێمیورجێکی پارێزگاری دابونەریت و دەسەڵات دەردەکەوێت. پێشبینیکردنی ئەوەی مرۆڤایەتی یان مێژوو بتوانن ببنە سەرچاوەیەکی پێوەری بۆ مانا بە هەمان هێزی خودایەکی باڵا یان سیستەمێکی ئامانجدار، پێشبینییەکی بێهوودەیە.  


خاڵی دووەم: ​ئەوان (واتا ڕۆمانسییەکان) مرۆڤایەتی و مێژوو لە چوارچێوەی فراوانکردنی سەروەریی ئیگۆدا لێکدەداتەوە.  شمیت بە پەسەندکردنەوە ئاماژە بەو ڕەخنەیە دەکات کە ڕۆمانسییەکان دان بە کۆمەڵگە و مێژوودا دەنێن تەنیا لەپێناو بەرزکردنەوەی سەروەریی ئیگۆکەیاندا.  

خاڵی سێیەم : ​گەل و مێژوو دوو بنەمای ناوەکین (immanent). ​هیچ کامیان ناتوانن وەک سەرچاوەیەکی دەرەکیی ڕاستەقینە کار بکەن بۆ پێدانی ڕەوایی بە یاسا. ​سەروەریی جەماوەری ناتوانێت سەرچاوەیەکی دەرەکی بۆ ڕەواییدان دابین بکات بەو جۆرەی لە تێڕوانینە سیاسییە پێش-مۆدێرنەکاندا هەبووە.  

خاڵی چوارەم : ئەوان پێیان وایە تاک گەل پێکدێنێت. ​کاتێک تاکەکان دەبنە "گەل" بۆ دامەزراندنی دەستوور، وەک بریکارێک کار دەکەن کە سەربەخۆیی سیاسیی خۆیان پیادە دەکەن. ​ئەگەر پرەنسیپی سەرەکیی ڕۆمانسیەتی سیاسی خودی سەربەخۆیی بێت، ئەوا سەروەریی جەماوەری نابێتە شوێنێک بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەکی دەرەکی بۆ ئەو ڕۆمانسیەتە. ​پرەنسیپی سەروەریی گەل لە مانا هاوچەرخەکەیدا پەیوەستە بە شۆڕشی فەڕەنسی و ئەو جەختکردنەوەیەی لەسەر سەربەخۆیی ژیرانەی مرۆڤی ئازاد دەکرێت بۆ دروستکردنی چارەنووسی سیاسیی خۆی. 


لەبەر ئەوەی ڕۆمانسییەکان (گەل و مێژوو) تەنها وەک کەرەستەیەک بۆ سەربەخۆیی ئیگۆی خۆیان بەکاردەهێنن و هیچ دەسەڵاتێکی دەرەکی (Heteronomous) قبوڵ ناکەن، شمیت پێی وایە ئەمە دەبێتە هۆی کوشتنی سیاسەت و یاسا، و گۆڕینیان بۆ وەهمێکی شیعری:

أ- شمیت ڕەخنە لەو چەمکە دەگرێت کە ناسیۆنالیستە ڕۆمانسییەکان (وەک ئادەم مولەر و شلێگل) زۆر بەکاری دەهێنن، کە ئەویش چەمکی (دەوڵەتی ئۆرگانیک) و (گیانی گەل - Volksgeist)ـە. ڕۆمانسییەکان دەوڵەت و نەتەوە وەک باڵەخانەیەک نابینن کە بە یاسا و بڕیارێکی یەکلاکەرەوە دروست کرابێت، بەڵکو وەک درەختێک یان ڕووەکێک دەیبینن کە گوایە بە شێوەیەکی سروشتی و ئۆرگانیک لەناو مێژوودا گەشە دەکات. شمیت دەڵێت ئەم چەمکە ئۆرگانیکە، تەنها فێڵێکی ئیگۆی ڕۆمانسییە بۆ هەڵاتن لە (بڕیاردانی سیاسی). چونکە درەخت بۆ گەشەکردن پێویستی بە سەرکردەیەکی خاوەن سەروەری نییە کە بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات، بەڵکو خۆی گەشە دەکات! بەمەش ناسیۆنالیزمی ڕۆمانسی، سیاسەت لە کردەوەیەکی جدییەوە (کە تێیدا دوژمن دیاری دەکرێت و بڕیاری جەنگ یان ئاشتی دەدرێت)، بچووک دەکاتەوە بۆ تەنها تێڕامانێکی جوانکاری.

ب- مادام گەل تەنها دیاردەیەکی سروشتییە و گەشە دەکات، کەواتە شتێک نامێنێت بەناوی (یاسایەکی دەرەکیی سەپێنراو کە خەڵک ناچار بکات گوێڕایەڵی بن). ڕۆمانسیەت یاسا دەگۆڕێت بۆ "هەستی نەتەوەیی"، ئەمەش لە تێڕوانینی شمیتدا کارەساتە، چونکە هەست و سۆز ناتوانێت سنووری نێوان دۆست و دوژمن بپارێزێت یان دەوڵەت لە کاتی قەیرانی ئیستسنائیدا (State of Exception) ڕزگار بکات.


ج- ڕۆمانسییەکان بەردەوام هەڵدێن لە ڕووبەڕووبوونەوەی واقیعی سیاسی. کاتێک کاتی بڕیاردانی قورس دێت، ئەوان پەنا دەبنە بەر گفتوگۆی بێکۆتا. ڕۆمانسیەت ناتوانێت بڕیار لە نێوان چاکە و خراپە، یان دۆست و دوژمندا بدات، چونکە هەموو شتێک لای ئەو تەنها بابەتێکە بۆ ئیلهامی شیعری و فەلسەفی، نەک بۆ حوکمڕانیی دەوڵەت.


د- بەو پێیەی مرۆڤایەتی و مێژوو ناتوانن وەک خودایەکی تێپەڕیو فەرمانی ڕەها و یەکلاکەرەوە بدەن، کەسی ڕۆمانسی جیهانی واقیع و دەوڵەت و نەتەوە نابینێت وەک واقیعێکی ئۆنتۆلۆجی کە پێویستی بە بەرپرسیارێتی هەبێت، بەڵکو دەیانکاتە تەنها فرسەتێک یان هەلێک بۆ وروژاندنی هەستە هونەرییەکان و دەربڕینی سۆزە کەسییەکانی. نەتەوە لای ڕۆمانسییەکان تەنها شیعر و ئەفسانەیە، نەک قەوارەیەکی سیاسی.


تێبینیی ئێمە:

وادیارە خاڵێک هەیە هەم شمیت هەم ڕۆمانسییەکان ئاگاداری نین:

جیاکاری لەنێوان هەستی جوانی هونەریی، لەگەڵ جوانی کەماڵ و تەواوەتی. وشەی جوانی لێرەدا تەمومژاویە. ئەگەر جوانی مەبەست لێی کەماڵی شتەکە بێت، ئەوە زاندراوە و کەس ناتوانێت ئینکاری لێ بکات. بەڵام ئەگەر مەبەستیان قۆرغکردنی ئەو جوانییە بێت بۆ بەردەوام بوون لە ماشێنی سیاسیی و دەسەڵاتی تایبەتی و کەسایەتی تایبەتی ئیگۆویست، ئەوە قسەکانی شمیت هەمووی لەجێی خۆیین.