دیکارت لە بەرامبەر فەخرەدینی ڕازی دا | چۆن فەخرەدینی ڕازی وەڵامی هەڵە مەنهەجییەکەی دیکارتی داوەتەوە پێش چەندان سەدە
بەشی یەکەم: ناساندنێک بە مەنهەجی دیکارتی و شەیتانی هەڵخەڵەتێنەر
مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا لە سەدەی حەڤدەیەمدا گۆڕانکارییەکی گەورە و ڕیشەیی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش لەسەر دەستی فەیلەسووفی فەرەنسی ڕێنێ دیکارت (١٥٩٦-١٦٥٠ز) بەرجەستە بوو. دیکارت هەوڵی دا تەواوی بینای مەعریفەی مرۆڤایەتی لەسەر بناغەیەکی نوێ و نەگۆڕ دابڕێژێتەوە. مەنهەجەکەی لەسەر پرۆسەیەکی گومانکردن (الشک المنهجي) دامەزراوە، کە تێیدا بڕیار دەدات باوەڕەکانی پێشووی، زانیارییە هەستییەکان، یاساکانی لۆژیک و تەنانەت بیرکاریش بخاتە ژێر پرسیارەوە. ئامانجی ئەم گومانکردنە گەیشتنە بە خاڵێکی یەقینی کە هیچ بوارێک بۆ گومان تێیدا نەمێنێتەوە.
بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، دیکارت گریمانەیەکی خەیاڵی و تاقیکردنەوەیەکی هۆشەکی دادەهێنێت کە پێی دەڵێت شەیتانی هەڵخەڵەتێنەر (الشيطان الماكر - Deceitful Demon). لەم گریمانەیەدا پێشنیاری ئەوە دەکات کە بوونەوەرێکی خاوەن توانای ئەوپەڕی و بێپایان، هەموو هەوڵ و هێزی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی لە هەموو شتێکدا مرۆڤ تووشی هەڵە و چەواشەکاری بکات. بەپێی ئەم گریمانەیە، هەموو ئەوەی دەیبینین، دەیبیستین، یان لە ڕێگەی ژمارەکانەوە هەژماری دەکەین، بەرهەمی یاریپێکردنی ئەم شەیتانەیە بە هۆشیاریی ئێمە. دیکارت لە ناو ئەم زریانی گومانەدا دەگاتە ئەنجام و دەڵێت:
گەر شەیتان لە هەموو شتێکدا هەڵەم پێ بکات، ناتوانێت لەوەدا هەڵەم پێ بکات کە من خەریکی گومانکردنم. گومانکردن جۆرێکە لە بیرکردنەوە، هەبوونی پرۆسەی بیرکردنەوەش پێویستی بە بوونەوەرێکی بیرکەرەوە هەیە. لێرەوە دروشمە بەناوبانگەکەی، واتە کۆگیتۆکەی (Cogito) دادەڕێژێت: "من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم". (سەیری: مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا، نوسینی یوسف کەرەم)
ڕەگ و ڕیشەی ئەم جۆرە لە بیرکردنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کلاسیک و بیرمەندە شکگەرەکانی یۆنان و سۆفستاییەکان. پاشان لای فەیلەسووفانی وەک ئۆگستین و دواتریش لای ئیمامی غەزالی لە پەڕتووکی (المنقذ من الضلال)دا بە شێوازی جیاواز باسی لێوە کراوە و ئەنجام دراوە. بە جۆرێک هەندێک کەس وادەزانن یەکگرتنێکی ڕیشەیی لەنێوان ئیمامی غەزالی و دیکارت هەیە (سەیری : زنجیرەی ناساندنی غەزالی پێشکەشکردنی عەدنان ابراهیم بکە) گوایە: ئیمامی غەزالی بە قەیرانێکی دەروونی و مەعریفیی سەختدا تێپەڕی و شک لە زانیارییە هەستی و زەرورییەکان دەکات، پاشان لە ڕێگەی نوورێکی ئیلاهییەوە دەگاتەوە بە یەقین.
هێشتا لەم نیمچە ڕاستییەشەوە جیاوازی دیکارت و حوجەتولئیسلام دەردەکەوێت، چونکە دیکارت ئەم ئەزموونەی کرد بە ئامرازێکی مەنهەجیی سارد و وشک بۆ داڕشتنەوەی گەردوونێکی مادی و فیزیکی.(کلیک لێرە بکە) ئەو وەڵامی کۆگیتۆکەی کردە تاکە بەردی بناغە بۆ بنیادنانەوەی زانستەکان، بەڵام ئەم هەنگاوەی ڕووبەڕووی چەندین کێشەی بونیادی دەبێتەوە کە لە فەلسەفەی ئیسلامیدا وەڵام دراونەتەوە.
بەشی دووەم: لەوازیمە فەلسەفییەکانی کۆگیتۆی کارتیزیانی
هەمووان سوورن لەسەر ئەوەی کۆگیتۆی کارتیزیانی تەنها ڕستەیەکی سادەی ناو پەڕتووکەکان نییە، ئەو پێشەکیە کۆمەڵێک لەوازیم و دەرئەنجامی فەلسەفیی زۆر گەورەی لێ دەکەوێتەوە کە تەواوی ئاراستەی بیرکردنەوەی ڕۆژئاوای گۆڕی (سەیری ناوەندی نێگەتیڤ، چەپ و مۆدێرنە). یەکەمین و دیارترین دەرئەنجام، جیاکردنەوەی توندی نێوان عەقڵ و واقیعە (Dualism).
دیکارت مرۆڤی کرد بە دوو پارچەی لێکدابڕاو: جەستەیەک کە تەنها ئامێرێکی مادییە و کات و شوێن داگیری دەکات، هەروەها جەوهەرێکی بیرکەرەوە کە هیچ ڕەهەندێکی فیزیکیی نییە. ئەم دوانەییە مرۆڤی لە واقیع و سروشت دابڕاند و کردی بە چاودێرێکی گۆشەگیر کە لە پشت پەنجەرەی مێشکیەوە سەیری جیهان دەکات. هەر لەسەر ئەوەش بوو سپینۆزا بۆ یەکانگیرکردنەوەی ئەو دووانەییە، دەستی دایە بەر ئەوەی بڵێت خودا هەموو سروشتە و سروشتیش خودایە. (دروس في تأريخ الفلسفة، نوسینی یوسف کەرەم).
خاڵێکی تری ترسناکی کۆگیتۆ، چەسپاندنی تاکگەرایی (Individualism)ـە بە شێوەیەکی پەڕگیر. سەنتەری حەقیقەت و پێوەری زانیاری دەگوازرێتەوە بۆ ناو خودی "من"ـی بیرکەرەوە. هەموو شتێکی دەرەوەی ئەم منە، دەبێت لە دادگای هۆشیاریی تاکەکەسیدا بڕیاری لەسەر بدرێت. ئەمەش دەرگایەکی گەورەی کردەوە بۆ نەبوونی یەقین لە هیچ شتێکی بابەتیی دەرەکیدا (Solipsism).(سەیری ئێرە بکە) کاتێک تاک تەنها دڵنیایە لە بوونی ناوەوەی خۆی، سەلماندنی جیهانی دەرەوە و کەسانی تریش دەبێتە کێشەیەکی وجودی گەورە و ئاڵۆز. دیکارت ناچار بوو بۆ دەرچوون لەم زیندانە خودییە، پەنا بباتەوە بۆ چەمکی بوونی خودا تاوەکو زامنی ڕاستگۆیی هەستەکان و جیهانی دەرەوەی بۆ بکات.
دەستپێکردن بە فەلسەفە لە خاڵی شکی ڕەهای خودییەوە، سەرەتایەکی هەڵەیە بۆ کارکردنی مەعریفی. گەڕان بەدوای یەقیندا لەسەر بناغەی ڕووخاندنی تەواوی بەدەهیاتییەکان، سیستەمێکی لاواز بەرهەم دەهێنێت.(سەیری: شرح نهاية الحكمة، كمال الحيدري ج١) ناتوانرێت بینایەکی مەعریفیی گشتگیر لەسەر تاکە ڕستەیەکی دەروونی دابمەزرێت. ئەم لەوازیمە فەلسەفییانە نیشانی دەدەن کە مەنهەجەکەی دیکارت، لە هەوڵیدا بۆ گەیشتن بە ئەوپەڕی دڵنیایی، بە پێچەوانەوە مرۆڤایەتی خستە ناو بازنەیەکی داخراوی شکگەرایی مۆدێرنەوە کە تاوەکو ئەمڕۆش کاریگەرییەکانی بەردەوامن.
بەشی سێیەم: ڕوونکردنەوەی مەنهەجی دیکارتی (بەتاڵکردنەوەی نەفس لە هەموو شتێک)
یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی مەنهەجی کارتیزیانی، پرۆسەی پاککردنەوە و خاڵیکردنەوەی تەواوەتیی مێشکە لە هەرچی باوەڕ و بیرۆکەیەکی پێشوەختەیە (تفريغ النفس). دیکارت ئەم پرۆسەیە دەچوێنێت بە سندوقێک پڕ لە سێو، کە بڕێک لە سێوەکان خراپ بوون و خەریکە سێوە ساغەکانیش تێکدەدەن. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، پێشنیار دەکات کە خاوەنی سندوقەکە هەموو سێوەکان بەبێ جیاوازی بڕێژێتە دەرەوە و سندوقەکە بە تەواوی خاڵی بکاتەوە. دواتر، بە وردی و یەک بە یەک سەیری سێوەکان بکات و تەنها ئەوانە بگەڕێنێتەوە بۆ ناو سندوقەکە کە بە تەواوی ساغ و بێگەردن.
پێش ئەوەی بچینە ناواخنی باسەکەوە. دەمەوێت ئەم کورتە نوسینەتان بیر بهینمەوە:
«گەورەترین کارەسات ئەوەیە مرۆڤ بێ ئەوەی دەروونی پاک بێت، بیەوێت دوای چەندین ساڵ لە دواکەوتنی هەواو ئارەزووی، بێتە ناو زانست و مەعریفەوە و بیەوێت ببێتە شت تێیدا.
تۆ لانیکەم 15 ساڵی ژیانت بە ماددی بوون بەسەر بردووە. 5-6 ساڵت بە غەفڵەتی چێژی گەنجایەتی بەسەر بردووە. بە چ حەقێک دوای ئەوە دەتەوێت باوەش بۆ عیلم و مەعریفە بکەیتەوە، و ئەویش بەرەو پیرت بێت؟! چ دۆستێک هەیە 20 ساڵان نەی دوێنی، وەکو ئەوەی هیچ نەبووبێت ببێتە هاوڕێت؟!
مرۆڤ، پێش فێربوون پێویستیەتی دەروونی خاڵی بکاتەوە. لەو لوتبەرزیەی کە هەیەتی، لەوەی کە چەندین ساڵ عیصمەتی لە خواو پێغەمبەرەکەی ﷺ سەندۆتەوە، و بۆخۆی بڕیار داوە. ئەو دڵە ڕەشەی کە بۆی دروست بووە، پڕ لە ڕق و کینە و کوڵانی خوێنی ناو لەشی ڕزگاری بێت.
ئائەمەیە ڕێبازی پێغەمبەران.
دیکارت بە موو لایدا لە ڕێبازی پێغەمبەران، فیکری ئینسانی دوای 500 ساڵ هەر ناتوانێت خۆ لەو دژبەریانە ڕزگار بکات دیکارت دروستی کردووە (تەبعەن ئەوە هەموو چیرۆکەکە نییە بەشێکیەتی). لەجیاتی ئەوەی کە نەفسی خۆی بەتاڵ بکاتەوە لەو نوقسانیانەی کە هەیەتی، هات نەفسی خۆی بەتاڵ کردەوە لە مەعریفە سەرەتاییەکان. شەیتان قەناعەتیشی پێ هێنا کە ئەو باشترین کەسە ئیلهامی پێدەبەخشێ و قەت هەڵیناخەڵەتێنێت. بۆیە ئاگات لەخۆت بێت. سەرەتا خۆت بناسە پێش ئەوەی بتەوێت شتەکان بناسیت.»
دیکارت بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە مرۆڤ دەبێت خۆی لە باوەڕە کۆمەڵایەتییەکان، زانیارییە ئاینییەکان، داتا هەستییەکان، و تەنانەت یاسا لۆژیکییە سەرەتاییەکانیش داماڵێت. مێشک دەبێت بگەڕێتەوە بۆ دۆخی تابلۆی پاک و سفر بکرێتەوە. ئەم بەتاڵکردنەوەیە ئەرکێکی زۆر سەخت دەخاتە سەر شانی مرۆڤ، وای لێ دەکات هەوڵ بدات لە دەرەوەی مێشک و هۆشیاریی خۆی بوەستێت و بڕیار لەسەر کەرەستەکانی ناوەوەی خۆی بدات. ئەمە کە خۆی لە خۆیدا ڕاهێنانێکی سایکۆلۆژیی سەختە بۆ گەیشتن بە بێلایەنییەکی ڕەها. بۆ ئەوەش وەکو باسمان کرد پەنا دەباتە بەر گریمانە کردنی شەیتانێکی شەڕانگێز.
بەپێی ئەم مەنهەجە، هەر زانیارییەک کەمترین ئەگەری هەڵەی تێدابێت، دەبێت وەک شتێکی درۆ و نادروست مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و فڕێ بدرێتە دەرەوەی بازنەی یەقین. کێشەی سەرەکیی ئەم هەنگاوە ئەوەیە کە وا گریمانە دەکات عەقڵی مرۆڤ دەفرێکی بەتاڵە و دەتوانرێت کەرەستەکانی ناوی بە ئاسانی هەڵبڕێژرێن. ئەم ڕوانینە بۆ سروشتی تێگەیشتنی مرۆڤ و پەیوەندیی نێوان زانیارییەکان و هۆشیاری، ڕووبەڕووی ڕەخنەی لۆژیکیی توند دەبێتەوە. لێرەدا دەگەینە ئەو وێستگەیەی کە چۆن زانایەکی وەک فەخرەدینی ڕازی، بە چەندین سەدە پێش دیکارت، پووچەڵی و مەحاڵبوونی ئەم پرۆسەیەی سەلماندووە.
بەشی چوارەم: تەرازووی فەخری ڕازی
ئیمامی فەخرەدینی ڕازی لە پەڕتووکە دانسقەکانیدا، بەتایبەتی لە (نهاية العقول في دراية الأصول) و (المباحث المشرقية) و تەفسیرەکەیدا، مامەڵەیەکی زۆر سیستماتیک و لۆژیکی لەگەڵ تیۆرییەکانی مەعریفە دەکات. ڕازی ڕووبەڕووی ڕەوتە شکگەرەکان و سۆفستاییەکان دەبێتەوە کە ئاراستەی بیرکردنەوەیان زۆر نزیکە لە بنەماکانی مەنهەجی کارتیزیانی.
سۆفستاییەکان باوەڕیان وابوو کە حەقیقەتێکی جێگیر بوونی نییە، یان ئەگەر هەشبێت مرۆڤ ناتوانێت بیزانێت، هەربۆیە هەوڵیان دەدا تەواوی زانیارییە بەدەهیاتییەکان (الضروريات) بخەنە ژێر پرسیارەوە.
ڕازی بۆ پێوانەکردنی حەقیقەت پشت بە یەکگرتوویی و بونیادی عەقڵ دەبەستێت. ڕازی بڕوای وایە کە عەقڵ پێکهاتەیەکی هەیە و کۆمەڵێک مەعریفەی زەروری و بنچینەیی هەن کە دەستکرد و هەڵبژێردراو نین تاوەکو مرۆڤ بتوانێت بە ویستی خۆی دەستبەرداریان ببێت. زانیارییە بەدەهیاتییەکان (وەک یاسای دژبەیەک، کە شتێک ناتوانێت لە هەمان کاتدا هەبێت و نەشبێت) ئەو پێوەرەن کە ئامێری بیرکردنەوەی مرۆڤ کارا دەکەن. ئەگەر ئەم زانیارییانە ڕەت بکرێنەوە یان سڕ بکرێن، ئامێری بیرکردنەوە خۆی لە کار دەکەوێت.
کاتێک سۆفستائییەکان شکو گومان دەخەنە سەر مەعریفەی زەروری، هەندێک لە زانا و دانایان فەرموویانە: مرۆڤ خۆی بەتاڵ بکاتەوە لە هەموو شتێکی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی و سیاسیی و فەلسەفی، ئەوەی دەمێنێتەوە بەدەهیاتە.
بەڵام لای ئیمامی ڕازی، پرۆسەی بەتاڵکردنەوەی مێشک (کە دیکارت بانگەشەی بۆ دەکات)، لە ڕووی مەعریفی و لۆژیکییەوە کارێکی تێکشکاو و مەحاڵە. ئیمام بە سێ وەجهـ و بەڵگەی سەرەکی دەخاتە ڕوو بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە ئیدیعای شککردن لە هەموو شتێک، ئیدیعایەکی خەیاڵییە و لە واقیعدا ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت. بەم جۆرە، ڕازی مەنهەجێکی پتەو دادەمەزرێنێت کە دژی هەڵوەشانەوە و داڕمانی مەعریفی دەوەستێتەوە و ڕێگە لەو گۆشەگیرییە دەگرێت کە کۆگیتۆی دیکارتی مرۆڤی تێدا نقوم دەکات. (بگەڕێوە سەر بەرگی یەکەمی نهاية العقول)
بەشی پێنجەم: باسی وەجهی یەکەم کە هەندێ شت لە مرۆڤ دا مەلەکەیە کە ناتوانێت خۆی لێ ڕزگار بکات
لە بەڵگەی یەکەمدا و لە ڕوانگەی مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتەی هۆشیاریی مرۆڤ، فەخرەدینی ڕازی چەمکی مەلەکە (الملكة) دەهێنێتە ئاراوە. زانیارییە بنچینەییەکان و زەرورییەکان لە نەفسی مرۆڤدا کۆمەڵێک وێنەی ڕاگوزەر یان بیرۆکەی کاتی نین تاوەکو بتوانرێت بە ئاسانی فڕێ بدرێن، ئەوانە بوونەتە مەلەکەیەکی چەسپاو. مەلەکە لە زاراوەناسیی ئیسلامیدا بریتییە لەو سیفەتە یان ئەو حاڵەتە دەروونی و عەقڵییەی کە بە شێوەیەکی پتەو لە خودی مرۆڤدا جێگیر بووە و بەشێکە لە پێکهاتەی بوونی ئەو کەسە، بە جۆرێک کە کارکردن پێی دەبێتە پرۆسەیەکی ئۆتۆماتیکی و دانەبڕاو.
کاتێک دیکارت بڕیار دەدات دەڵێت "شک لە هەموو شتێک دەکەم"، گریمانەی ئەوە دەکات کە ئیرادە و ویستی مرۆڤ دەسەڵاتی ڕەهای بەسەر تەواوی ناوەڕۆکی عەقڵدا هەیە. بەڵام ئیمامی ڕازی ڕوونی دەکاتەوە ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە. مرۆڤ ناتوانێت بە بڕیارێکی کەسی خۆی لەو زانیارییانە ڕزگار بکات کە وەک مەلەکە چەسپاون. بۆ نموونە، تۆ ناتوانیت بە ویستی خۆت بڕیار بدەیت کە ئازاری ئاگر یان بوونی خۆت لەبیر بکەیت، چونکە ئەم زانیارییە پابەندە بە خودی سروشتی هەستپێکردن و ئامادەبوونی عەقڵییەوە.
لەبەر ئەوە، هەوڵدان بۆ گەیشتن بە حاڵەتی بەتاڵیی ڕەها هەوڵدانە بۆ دەرچوون لە سروشتی مرۆڤایەتی. مرۆڤی عەقڵانی خاوەنی کۆمەڵێک ئەحکامی پێشوەختەی زەرورییە کە توانای هەڵسەنگاندن و جیاکردنەوەی ڕاست و هەڵەی پێ دەبەخشن. دیکارت کاتێک دەیەوێت ئەم مەلەکە عەقڵییانە وەلابنێت، لە ڕاستیدا دەیەوێت پایەکانی خودی ئەو ئامێرە بڕوخێنێت کە دەیەوێت پرۆسەی گومانکردنەکەی پێ ئەنجام بدات.
لەبەر ئەوە، داواکارییەکەی دیکارت لە بنەڕەتدا کارێکی کرداری نییە، خۆڕزگارکردن لە مەلەکەی مەعریفی وەک ئەوە وایە داوا لە چاو بکەیت بە ویستی خۆی بینین ڕابگرێت لە کاتێکدا کراوەیە و ڕووناکی بوونی هەیە. ئەمەش وەڵامێکی ئەوپەڕی بڕواپێکەرە کە نیشانی دەدات شکگەرایی ڕەها تەنها وەهمێکی دەروونییە.
کێشەکە ئەوەیە: ئەو مەلەکانە لەڕێی ڕاهاتنی مرۆڤەوە لە جیهانی ماددی دروست بوونە. دەربازبوون لێی مەحاڵە، لەلای دیکارتیش پێویستیان بە سەلماندنە. دەی ئەو مەلەکانە لە مێشک دا دەمێننەوە وەکو شتێکی مۆرکراو. کاتێک دەتەوێت هزرت بەتاڵ بکەیتەوە، ناتوانی دانی پێدانەنێی لەبەر ئەوەی بونیادی کەسایەتیت وەستاوە لەسەری، بێ لەناوچوونی خۆت ڕێگایەک نییە یەکجارەکی لەناوی ببەیت.
بەشی شەشەم: باس لە وەجهی دووەم هەبوونی شتی شاراوە کە دەشێ سەرنجیان نەدەین
وەجهی دووەمی بەڵگەکانی ئیمامی ڕازی، پەردە لەسەر لایەنێکی زۆر گرنگ و وردی پرۆسەی گومانکردن هەڵدەداتەوە، ئەویش بوونی شتە شاراوەکانە (الخفيات) کە گومانکەر سەرنجیان ناداتێ. کاتێک دیکارت دادەنیشێت و دەڵێت "من گومان لە بوونی جیهان، لە ماتماتیک، و لە هەموو زانیارییەکانم دەکەم"، ئەو لە سایەی وەهمی بەتاڵکردنەوەی مێشکیدا دەژی. بەڵام ئیمامی ڕازی تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕاستییەی کە خودی پرۆسەی گومانکردنەکە لەسەر شانی کۆمەڵێک زانیاری و باوەڕی شاراوە و ئامادەکراو وەستاوە کە دیکارت وەکو بەدەهیاتی مامەڵەی لەگەڵ کردوون بەبێ ئەوەی دیقەتیان بداتێ یان بیخاتە ژێر پرسیارەوە.
بۆ ئەوەی دیکارت بتوانێت گومان بکات، دەبێت پێشوەختە باوەڕی بە چەمکی گومان هەبێت و بزانێت گومان چییە. دەبێت پێشوەختە قایل بێت بە بوونی زمان و لۆژیکی ڕستەسازی، بۆ ئەوەی بتوانێت بیرۆکەکەی دابڕێژێت. دەبێت باوەڕی بە یاسای هۆکاری (السببية) هەبێت، چونکە ئەو بەدوای هۆکاری دڵنیاییدا دەگەڕێت. هەروەها، لە خەیاڵی شەیتانی هەڵخەڵەتێنەردا، دیکارت بڕوای بە چەمکی "هەڵخەڵەتاندن"، "هێز"، و "بوونەوەرێکی دەرەکی" هەیە بۆ ئەوەی سیناریۆکە بونیاد بنێت.
ئەمانە هەموویان ئەو شتە شاراوەیانەن کە وەک تۆڕێکی ئەستوور پشتیوانی لە ڕستەی "من بیردەکەمەوە" دەکەن.
لەم خاڵەدا، ئیمامی ڕازی دەیسەلمێنێت کە مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت لە خاڵی سفری ڕەهاوە دەست پێ بکات. کاتێک مرۆڤ پێی وایە مێشکی لە هەموو شتێک خاڵی کردۆتەوە، ئەو لە ڕاستیدا تەنها زانیارییە ئاشکرا و ڕووکەشەکانی لاداوە، بەڵام بنەما قووڵ و شاراوەکان هێشتا بە شێوەیەکی چالاکانە ئاراستەی بیرکردنەوەی دەکەن. گومانکردن پرۆسەیەکی پاسیڤ و بێلایەن نییە، کردارێکی لۆژیکیی چالاکە کە پێویستی بە مەرج و پێدراوی پێشوەختە هەیە. ئەگەر دیکارت بە ڕاستی هەموو شتێکی سڕیبایەوە، ئەوا نەیدەتوانی وشەی "من" یان "بیردەکەمەوە" بەکاربهێنێت، چونکە تێگەیشتن لەو چەمکانەش پێویستی بە بەدەهیاتییە شاراوەکانە. بەم پێیە، مەنهەجی کارتیزیانی لە بانگەشەی خاڵیکردنەوەی تەواوەتیدا شکستی هێناوە، چونکە دیقەتی ئەو شتە شاراوەیانەی نەداوە کە کەرەستەی خودی گومانەکەی بوون.
کێشەی ئەمەشیان بریتییە لە خاڵێکی زۆر جەوهەری: ئەو شتە شاراوانەی نێو عەقڵ کاریگەرییان بەسەر بڕیارەکانتەوە دەبێت. بەبێ ئەوەی ئاگاداربیت. ناشتوانی لای ببەیت تا کار لە کات نەترازاوە. تاوەکو تۆ هەست بەوە دەکەیت خۆ شتێک هەبوو باوەڕت پێی بوو لات نەدا لەکاتی بڕیاردانت بۆ حەقیقەتە بنچینەییەکە، بۆنمونە: بۆچی دیکارت وا بیر دەکاتەوە کە بوونەوەرێکی بەردەوامە و یەکێکە؟ بۆچی باوەڕی بە گەشتن بە دەرئەنجامێکە؟ ئەمانە هەندێک لەو نمونەی شتە شاراوانەن، کە لە زەینی دیکارت ئاگامەند نەبوونە و کاری کردۆتە سەر فەلسەفەکەی. بۆیەش خاڵی کردنەوە ناتگەیەنێت بە ڕوونترین بەدیهی، بەڵکو تەنها دەتگەیەنێت بەو خاڵانەی کە پێشتر باوەڕت پێی بووە.
بەشی حەوتەم: باس لە وەجهی سێیەم بەدەهیاتی وەهمی دەمێنێتەوە
دوای ئەوەی ئیمامی ڕازی سەلماندی کە مەلەکەی مەعریفی هەڵناوەشێتەوە و زانیارییە شاراوەکان هەمیشە ئامادەن، دەگاتە وەجهی سێیەم و دەرئەنجامە مەترسیدارەکەی پرۆسەی بەتاڵکردنەوە: مانەوەی بەدەهیاتی وەهمی (الضروريات الوهمية). کاتێک کەسێک، بە زۆر و بە شێوازێکی دەستکرد، هەوڵ دەدات زانیارییە زەرورییەکان و ڕاستییە بابەتییەکان لە مێشکی خۆی دوور بخاتەوە، بۆشاییەک لە عەقڵیدا دروست دەبێت. عەقڵی مرۆڤ بۆشایی قبوڵ ناکات، هەر بۆیە ئامێری خەیاڵ (الخيال) و وەهم (الوهم) دێنە پێشەوە و ئەو بۆشاییە پڕ دەکەنەوە.
کاتێک دیکارت هەموو پێوەرە دەرەکییەکان و لۆژیکییەکان وەلادەنێت و تەنها دەگەرێتەوە بۆ ناوەوەی هۆشیاریی خۆی، ئەو پێوەرێکی نوێ بۆ ڕاستی دادەهێنێت کە پێی دەڵێت پێوەری ڕوون و ئاشکرا. واتە هەر شتێک لە هۆشیاریی مندا زۆر ڕوون و ئاشکرا بێت، ئەوە ڕاستە. لێرەدا ئیمامی ڕازی پشتەملی دەگرێت و دەڵێت کوڕم! ئەگەر ئەحکامە زەرورییە لۆژیکییەکان بکرێنە دەرەوە، ئەو شتەی کە مرۆڤ پێی وایە ڕوون و ئاشکرایە، دەشێت تەنها وەهمێکی دەروونی یان مەییلێکی کەسی بێت. وەهمەکان زۆرجار بە جۆرێک لەنێو مێشکدا جێگیر دەبن کە خاوەنەکەی وای دەبینێت ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرن.
بەدەهیاتی وەهمی ئەو باوەڕە کاڵ و کرچانەن کە بەهۆی باڵادەستیی هێزی خەیاڵەوە خۆیان وەک حەقیقەتی عەقڵی نیشان دەدەن. کاتێک دیکارت گەردوون و واقیعی بابەتی ڕەتکردەوە و پشتئەستوور بوو بە خودی خۆی، دەرگای بۆ ئەوە کردەوە کە وەهمە کەسییەکان ببنە پێوەری مەعریفە. لەم دۆخەدا، مرۆڤ لەبری ئەوەی بگاتە یەقینێکی بنچینەیی و بابەتی، خۆی لەنێو بازنەی تارماییەکانی هۆشیاریی خۆیدا ون دەکات. ڕازی بەم شیکردنەوەیە دەیسەلمێنێت کە ڕەتکردنەوەی زانیارییە بەدەهیاتییە ڕاستەقینەکان، مرۆڤ ناگەیەنێتە خاڵی سفر، بێسەروبەرییەکی مەعریفیی لێ دەکەوێتەوە کە تێیدا وەهم جێگای عەقڵ دەگرێتەوە.
کێشەی ئەمەش ئەوەیە: بەدیهیاتی وەهم و بەدیهیاتی عەقڵ یەکێکیان ئاماژە دەدات بە شتانێکی پێویست بۆ عەقڵ تا بزانێت، یەکێکیشیان پێویستە بۆ وەهم تا تەراویلکەیەک بەرهەم بهێنێت هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعەوە نییە. دەی جیاوازی نێوان ئەو دووە بەس بەبەڵگە دەزاندرێت، ئەگەر وابێت هیچ شتێکی بەدیهی بە بەڵگە نەبێت یەکلایی نابێتەوە و دیسان دەکەوینەوە ناو گومانەوە نەک دۆزینەوەی حەقیقەتی ڕەها وەک لای دیکارت.
بە کورتی، تەرازووەکەی فەخرەدینی ڕازی بە شێوەیەکی ورد و ئەکادیمی، بنەماکانی مەنهەجی شکگەرایی دیکارتی تێکدەشکێنێت. ڕازی پێمان دەڵێت کە مەعریفە پرۆسەیەکی یەکگرتووە، پشت بە مەلەکەی عەقڵی، زانیارییە شاراوە پێشوەختەکان، و بەدەهیاتییە بابەتییەکان دەبەستێت. گەیشتن بە یەقین لە ڕێگەی ڕووخاندنی ماڵی مەعریفەوە بەدەست نایەت، لە ڕێگەی تێگەیشتن و ڕێکخستنی ئەو بنەما زەرورییانەوە بەدەست دێت کە خودا لە پێکهاتەی عەقڵی مرۆڤدا چەسپاندوویەتی.