ئایە ڕاست ڕەوەکان لە فێمینیزم تێدەگەن؟
لە چەند ساڵانی ڕابردوو دا وتارێکی بەناوبانگ پەیدابوو ، شەپۆلێکی بە ئەحمەقکردن و کورتکردنەوەی بابەتەکان لە چەند چرکەیەکی تیکتۆک و فەیسبووک و سۆشیال میدیا، بەتایبەتی بەرهەمهێنەرانی ناوەڕۆکی Red pill و Gym broو کۆمەڵێک ژانرای گومڕاکەر لەو بوارانە. لەوانە ئەندرو تەیت و سنیکۆ و whatever podcast و کۆمەڵێکی تری بەناوبانگ. بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایە هەربەجدی ئەمانە لە باسی فێمینیزم تێگەشتوونە؟
بۆ ئەوە دەبێت هەنگاوێک بەرەو دواوە بڕۆینەوە: ئایە هەر بە ڕاستی سۆشیال میدیا و ئالگۆریتمەکان، وامان لێناکات دژەکانمان بە گەمژە و بێ عەقڵ سەیر بکەین؟ ئەگەر سەرنجت دابێتێ ، تەنها گەمژەترین و پووچترین و بێ عەقڵترینی ئەو کەسانەی لە دژی ئەوانیت، لە شاشەی موبایلەکەت دەردەکەوێت. ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە ئەم ناوەڕۆکانەی سۆشیال میدیا، بەهەر حاڵەتێک بێت تەنها ئەو بابەتانە نیشان دەدات کە وات لێدەکات زیاتر و زیاتر چالاک بیت لەنێوی دا و پشتی پێ ببەستیت.
هەرکەسەو بەو شێوەیە لەناو خەیاڵێکدا دەژیت ، وادەزانێت بەرامبەرەکەشی هەمان ناوەڕۆکی سۆشیال میدیا دەبینێت، لەکاتێکدا وا دیزاین کراوە کە خزمەت بە هەستی دڵنیاکەرەوەی مرۆڤ «confirmation bais» بکات. ئەمەش جۆرێک لە نەخوێندەواری نوێی دروست کردووە، کە کەسەکە وەهمی ئەوەی لایە هەموو چوارچێوە و ئارگومێنتەکانی بەرامبەر ببینێت، لەکاتێکدا گەمژانەترین و پووچترین ئارگومێنتەکان دەبینێت.
بۆیە پێویستە بۆ ئەوەی ڕاستڕەوانێک ڕاست بکەینەوە لەسەر ئەم باسە، کۆمەڵێک بابەت وەکو جیاوازی مەعاش و هەندێ=،ئێمە لپرسی فێمێنیزم ڕوون بکەینەوە. بە شێوەیەک کە ڕووی تیرەکانمان لە دوژمنێکی خەیاڵی نەبێت کە بوونی نییە.
١. یەکسانی نێر و مێ
زۆرجار کە ڕاستڕەوەکان ئەم بابەتە دەبیستن دەیگەڕێننەوە بۆ جیاوازی بایۆلۆژی. لەکاتێکدا هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە یەکسانی بایۆلۆژیەوە نییە. تەنانەت ئەو جۆرە یەکسانییە بایۆلۆژییە لەلایەن توندترین چەپەکانەوە ڕەتکراوەتەوە و هیچ پشگیرێکی ئەوتۆی نییە. بەڵکو بگرە ئەو جیاوازیە بایۆلۆژییە وای کردووە کە فێمینیزم بێتە ئاراوە. هەر خودی فێمێنیزم و دروستی کەیسەکەی لە دەوڵەتێکی دیمۆکرات دا زیاتر بەکەڵکی دژە دیمۆکراتییەکان دێت وەک لەوەی دژبوون بە فێمینیزم. بەڵام فێمینیزم بانگەشەی یەکسانبوونی بایۆلۆژی و جەستەیی ژن و پیاو ناکات. بەڵێ، ئەوەی لە سۆشیال میدیا دەبیندرێت ئەوەیە. بەڵام بیرت دەهێنمەوە : هاشوهوشی سۆشیال میدیا بەڵگە نییە لەسەر ئەوەی بیرۆکەیەک چی باسدەکات. لە هەموو ئایدیۆلۆژیایەک عەوام و گەمژە و گەجەر هەیە. بۆیە فێمینیزم نایەوێت بڵێت بایۆلۆژی ئافرەت و پیاو یەکێکە. بەڵکو دەیەوێت بڵێت ئێمەش تاکێکین لە کۆمەڵگای دیمۆکراتی دا، ئێمەش ئازادی و سەروەرییمان گەرەکە. بەڵێ جەستە و دەروونمان یەکێک نییە، بەڵام ئەوە ڕێگر نابێت لەوە مافمان پێ بدرێت بەو شێوەیەی کە هەموومان دەرفەتێکی گونجاومان هەبێت بۆ بەشداربوون لەو کۆمەڵگایە و ئیستغلال نەکرێین. ئائەم یەکسانییە لە ڕاستیدا عەدالەتی کۆمەڵایەتییە (العدالة الإجتماعية). کەیەکێکە لە پایەکانی دەوڵەت و هەبوونی، بە هەبوونی دەوڵەت بەستراوە.
٢. کێشە لەگەڵ پیاوان دا
کێشە لەگەڵ پیاواندا لەڕاستیدا کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە بەستراوەتەوە بە مێژووەوە. نەک بەسترابێتەوە بە خودی ڕەگەزەوە. هەندێ لە فێمینیستەکان بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە ماسکێکی میساندری (misandrist mask) دروست دەکەن، بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بەرەو هەڵوەشاندنەوەی بەهای پیاوسالاری بەرن. تەنانەت ئەو دژە-ژنییەی ڕاستڕەوەکان هیچی تر ناکات جگە لە خزمەت بە پرۆژەی فێمێنیزم لە ئاستی کۆمەڵایەتی دا. هەڵوەشاندنەوەی بەها لەڕێی گاڵتە پێکردن و بردنی دژەکەی بۆ ئەوپەڕی تا بەهاکە لەکۆتاییدا نەمێنێت، تاکتیکێکی کۆنی پۆستمۆدێرنیستەکانە. چونکە بەهای ڕاستگۆیی عەقڵانیی (intellectual honesty) لەلای ئەوان نییە. بۆیە دەشێت کەسانێک ساڵانێکی زۆر خۆ بکەنە قوربانی گاڵتەجاڕی دژە پیاوبوون (misandry) بۆ ئەوەی خەڵکەکە بێتە سەر ئەو بەهایەی کە پیاو ژن وەکو یەکێکن. ئەم تاکتیکە لەلایەن عەلمانییەکانەوە دژی دین بەکارهێندرا بۆ ئەوەی کەسانێکی سەر بە بەرەی ئیلحادی نوێ بێنە کایەوە، بە ئەوپەڕیکردنی ئیلحاد بوو بە هۆکار تا ئاینداران ڕێگای شلڕەوی بگرنە بەر. وە لە هەدەفیان دا. چونکە ئامانجەکە هەرگیز ئەوە نەبوو تۆ مولحید بیت، ئامانجەکە ئەوەبوو تۆ سیکۆلارێکی موسوڵمان ، سیکۆلارێکی مەسیحی بیت. بزانیت بۆ دینەکەت ڕاستە و کرداری پێ نەکەیت. بۆیەش کێشە لەگەڵ پیاوان لە فیکری فێمینیستەکان شتێکی حەقیقی نییە. دەتوانین بڵێین ماسکی هەندێک کەسی ناودارە بۆ ڕەتکردنەوەی بەهای پیاوسالاری.
٣. جیاوازی مەعاشی ڕەگەز
یەکێک لەو شتانەی بە شێوەیەکی زۆر کۆمیدی ڕاستڕەوە Redpill و gym bro کان بەهەڵە تێگەیەندراون بریتییە لە جیاوازی مەعاشی ڕەگەز یان «gender pay gap» کە ئەو باسە دێتە ئاراوە فێمینیستەکان لە بوارە زۆر فراوانەکەی باس ناکەن. بۆنمونە باسی کاری زێراب و کرێکاری و ئەو بابەتانە ناکەن. ئەڵێن ئێمە بۆ ئەوەی کە عەدالەتی کۆمەڵایەتی پەیڕەو بکەین، پێویستمان بەوەیە کە ئافرەت مافێکی زیاتری بدرێتێ لە پیاو بۆ هەمان کار. بۆ ئەوەی pay gap نەمێنێت. ئەمەش بەهۆی حاڵەتی ئافرەت لە مێژوو ئێستا دایە. فێمینیستەکان ناڵێن بەشێوەیەکی تایبەت ئەبێت ئافرەت وەکو پیاو وەرگرێت. ئەوە مەحاڵە. پیاو ئیش زیاتر دەکات. ئەوان دەڵێن ئەبێت ئافرەت زیاتر پارە وەربگرێت چونکە پلەی کۆمەڵایەتی نزمە. ئەو ئافرەتە کێشەی بایۆلۆژی هەیە. پیاوێک دەکرێت بە 20 وەرەقە دەست بکات بە کارێک، بەڵام ئافرەت هەمان دەرفەت وەرناگرێت بە 20 وەرەقە.
هۆکاری زۆر هەیە کە وا بیردەکەنەوە :
أ- ئافرەت لەوەتەی هەیە بێبەشکراوە لە میرات
ئەمە بۆ لایەکی گۆی زەوی ڕاستە، کە مەسیحیەتی کۆنی تەقلیدییە. ئەو سەروەتەی پێشتر کۆکراوەتەوە ئێستا لەژێر دەستی پیاوانی سپی پێستی مەسیحی دایە. ئافرەت لەوەتەی مێژوو هەبووە هیچی نەبووە (لای ئەوان) بۆیە لەڕاستیدا تۆ دەرفەتێکی زیاترت داوەتە دەست مەسیحیەکی سپی پێستی نێرینە ئەگەر بۆ هەمان کار هەمان پارە بدەیتە ئافرەتێک.
ب- کاری بێ بەرامبەر
بە پێچەوانەی هاشوهوشی سۆشیال میدیا فێمینیستەکان دەزانن کەوا ئافرەت بە سروشتی خۆی دایکە و دایکایەتی دەوێت. خێزانی دەوێت. ئەم قەحپانەی کە لە سۆشیال میدیا دەیبینیت، هەر لایەنگرانی ئەو سێرکە داڕێژراوەیە نەک فێمینیستێکی ڕاستەقینە بن. زۆربەیان خاوەنی ماڵپەڕی پۆڕن و سێکس و هیچ لە بیرکردنەوە و ئابووری نازانن. ئەمانە وا دیزاین کراون تاوەکو پارەیەکی زیاتر و ڤیوێکی زیاتر مێشکت جام بکەن بە دژە ژنی هاندان بۆ ڕەبەن بوون و بوون بە سەرباز. ئەم خێزانی بوونەی ئافرەت کاری بێبەرامبەر لە کۆمەڵگا دروست دەکات. بەڵێ بە ویستی خۆیەتی، بەڵام هێشتا هەمان هەلی لەبەردەستدا نییە تاوەکو دادپەروەری کۆمەڵایەتی بێتە ئاراوە.
ج- ئافرەت لەبەرامبەر خاوەن کارەکان
وامان دانا هەموو ئەوەی وتمان وەهمە. لەکۆتاییدا ئافرەت بەهۆی دیدگای پیاوانەوە ڕێگەی لێدەگێرێت کە بگاتە هەندێک پلەو پۆست! بەهۆی ئەوەی زۆرینەی خاوەن کارەکان پیاون، سیقەی زیاتریان بە پیاوێک دەبێت. ئەمە شتێکی بەربڵاوە. بۆیە عەدالەت نییە من بەهەمان پارەوە بچمە کورسیەکی کۆمپانیا لەهەمان کاتدا لەوێ چەقبخۆم. پیاوەکەش هەر پارەکەی بەرز دەبێتەوە و پلەی بەرز دەبێتەوە... بۆیە هێشتا پیویست بە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دەکات.
٤. کلتووری دەسدرێژی لەنێوان واقیع و وەهم
کاتێک کە فێمینیستەکان باس لە کلتووری دەسدرێژی دەکەن. وائەزانین تەنها لە ڕقی پیاوان و تاوەکو بەرەو کلتوورێکی پاشکۆکردنی پیاوان بڕۆین. بەڵام ئەمە لەڕاستیدا واقیعێکە. کە فێمینیستەکان دەیانەوێت لەڕیگای گۆڕینی سیاسەتەوە ئەو واقیعە نەهێڵن. نزیکەی 31 ملیۆن و حەوت سەد هەزار کەست هەیە لە ئەمریکا لانیکەم جارێک بە بەکارهێنانی ئامرازی توندوتیژی کاری سێکسیان لەگەڵ ئافرەت ئەنجام داوە. لە تەنها 128 ملیۆن نێری ئەمریکی. ئەمەش ڕێژەی ئەو دەسدرێژیانەیە کە دانیان پێداناوە. لە ئەمریکا نزیکەی 21 هەزار شەقامی سەرەکی هەیە. ئەگەر کۆی گشتی ئەو کەسانە دابەش بکەین بەسەریاندا هەر شەقامێک 1500 دەسدرێژی کاری تێدادەبێت! ئەگەر سیو یەک ملیۆن شوێنی شاراوە هەبێت لە وڵاتێکدا بۆ دەسدرێژی کردن بە ئاسانی 31 ملیۆن دەسدرێژیکەر ڕزگاریان دەبێت. کاتێک کە فێمینیستەکان باسی ئەم داتایانە دەکەن خێرا ڕاستڕەوەکان هێرشیان دەکەنە سەر بەوەی کە مەبەست لەو دەسدرێژییانە تەعلیق و گێچەڵی سێکسیە. بەڵام لەڕاستیدا داتاکان واناڵێن. بەڵکو بە ڕوونی باسی کاری دەسدرێژی سێکسی دەکەن sexual assault کە توندوتیژی و دەستلیدان و هەموو جۆرێک لە کاری سێکسی دەگرێتەوە بە هەڕەشەکردن یان زەبر گەیاندن بێت. بۆیە کاتێک فێمینیستەکان باسی نەهێشتنی کلتووری دەسدرێژی دەکەن لە کۆمەلگا دا بەتەواوی بەندە بە عەدالەتی کۆمەڵایەتییەوە. نەک مەنزوریان بێت ڕق لە پیاوان کۆبکەنەوە.
ئەنجام
ئەو بیروباوەڕە بەربڵاوەی کە پیاوەتی masculinity لە ناوەڕۆکە Red pill و سۆشیال میدیاکان باس دەکرێت دوورە لە ئارگومێنتەکانی فێمینیستەکان و حەقیقەتی ڕەوتی فێمێنیزم. بەڵکو ڤێرژنێکی شێوێندراوی چەپڕەوییە ئامانجی ئەوەیە مێشکت بۆ لایەنێکی ناتەندروستی فێمینیزم بڕوات و لێی دووربیت و تێیان نەگەیت و تەنها بەحەیوان و ئاژەڵێکی بێ عەقڵ سەیریان بکەیت.