بەڵگەی ئەنتۆلۆجی: چۆن و چییە؟
کورتە:
یەکێک لەو بەڵگانەی مشتومڕێکی بێکۆتای دروستکردووە لە بواری تیۆلۆژیادا. هەندێک بە بەڵگەیەکی بێمانا ناوی دەبات، هەندێک بە شێتیەتی، هەندێک بە بنەمای هەموو بەڵگەکان. هەندێک پێی وایە بەڵگەی ئەنتۆلۆژی بۆ بوونی خودا بەهێزترین بەڵگەیە، هەندێک پێیان وایە لاوازترین بەڵگەیە. ئیتر ڕایەکان بەرامبەری زۆرن. کەسیشم نەدیوە بەپێی پێویست ئەو شتە شاراوانەی نێوی ڕوون بکاتەوە بە شێوەیەک گومانە بەربڵاوەکان لابدات. بۆیە منیش هەستام بەوەی بەڵگەکە ڕوون بکەمەوە تاوەکو بگەینە ئەو ئەنجامەی بەڵگەی ئەنتۆلۆژی لە چ ئاستێکدایە.١. ئایە بەڵگەی ئەنتۆلۆژی بەڵگەیە بەمانا لۆژیکییەکەی؟
زۆر کەس ئەو هەڵەیە دەکات کە پێی وایە بەڵگەی ئەنتۆلۆژی لە پێشەکی و دەرئەنجام پێکدێت. لەکاتێکدا ئەم بیرکردنەوە بەشێوەیەک لە شێوەکان هەڵەیە. بەڵکو بەڵگەی ئەنتۆلۆژی تەنها شیکاری وشەی (خودا)یە. نەک بەو مانایە بەڵگە بێت لەنەزاندراوێک بگەینە زاندراوێک. بۆیەشە زۆرێک کاتێک لە قاڵبی لۆجیکی دەدەن دەڵێن ئەمە بەڵگەهێنانەوە بە ناکۆکیە (المصادرة على المطلوب). بەڵام ئەوان نیازی ئەوکەسانە نازانن کە بەڵگەی ئۆنتۆلۆژی بەکاردێنن. پێیان وایە لە دوو پێشەکی و دەرئەنجامێکەوە پێکهاتووە. لەکاتێکدا ئەوان ڕوونی دەکەنەوە چەمکی خودا یەکسانە بە ئەوەی دەبێت هەبێت، کەواتە ئەبێت هەبێت. ئەم ڕوونکردنەوەیە بەڵگەیەک نییە بەپێی لۆجیکی ئەرستۆ لە ماددەی جیاجیا پێک بێت. بەڵام بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی بۆچی ئەم بەڵگەی وجودییە ڕاستە، هەندێک لەوانە پەنایان بردۆتە باسکردنی شتانێکی ترەوە بە شێوەیەکی لۆژیکی. لەوانە قەشە ئانسلم. کاتێک کە ئانسلم دەڵێت ئەوەی لە زەینا هەیە لە واقیعیشدا وایە مەنزووری ئەوەیە ڕوونکردنەوە بدات لەسەر چەمکی خودا بۆچی بەسەر واقیعدا جێبەجێ دەبێت. بۆیە ناوی بەڵگە بۆی قورسە زیاتر لە ئاماژە (الإشارة) دەچێت. بەبیر هێنانەوەیەک بۆ مرۆڤ کە مامەڵە لەگەڵ چی دا دەکات، ئنجا بیرکردنەوەی دروست دەبێت. بۆیە ئەوەی کە باسی بەڵگەی ئەنتۆلۆجی دەکرێت، نابێت وەکو ئەوەی لە موقەدیمە و تەنانەت تەسەوراتی جیاواز پێکهاتبێت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵکو تەنها شیکاریی ئەو چەمکەیە.
٢. شیکاری چەمکی چۆن واقیعمان نیشان دەدات؟
ئەمە یەکێکە لە کێشە هەرە باوەکان، کاتێک چەمکی خودا شیکار دەکەین دەگەین بەوەی کە دژبەیەکە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم چەمکەیا وەکو نەبوو، ئەوا پرسیارێک دێتە ئاراوە : چۆن واقیعی شتێک بە شیکارکردنی چەمکەکەی نیشان دەدرێت؟! وەڵامی ئەو پرسیارە ئەوەیە: هەموو مەعریفەی مرۆڤ بەندە بەوەی شیکاری چەمکەکان واقیعی چەمک نیشان دەدەن. کاتێک تۆ دەڵێی ئەمە مرۆڤە، یان دارە، یان نەتەوەیە، یان چوارگۆشەیە، یان لاکێشەیە، یان سێگۆشەیە، لەڕێی ڕوونکردنەوەی چەمکەکە دەزانیت چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەیت. بۆنمونە سێگۆشەی گۆشە وەستاو. لەڕێگای شیکارکردنی چەمکەکەوە یاساکەی فیساگۆرس دێتە کایەوە. نەک ئەوەی دێتە کایەوە، دەزانیت مەحاڵە مامەڵە لەگەڵ سێگۆشەیەکی گۆشەوەستاوی ئیقلیدی بکەیت ، یاسای فیساگۆرسی تێدا نەبێت. چۆن؟
بۆ ئەوەی سێگۆشەیەکمان هەبێت دەبێت دوو لامان هەبێت بە هەر گۆشەیەک بێت هاوبەشن لە بچوکتریک ژمارەوە تا بێکۆتا، یەک دەگرن و گۆشەیەک بەرهەم دێنن. کە گۆشەی نێوانیان 90 بوو، بە پێک گەیاندنی هەر لایەک بە لایەکی تر، ئەوا دەبێتە سێگۆشەی گۆشە وەستاو بەلاێ سێیەم دەوترێت ژێ. با وای دابنێین بە گۆشەی 45 هێلێک سێگۆشە گۆشەوەستاوەکەمانی کردۆتە دوو بەشەوە. بەم شێوەیە(هەرچەندە لە سێگۆشەی دوولایەکسان دەچێت) :
ئێستا دەبینین ژێ c کردۆتە کۆکراوەی x و y کەواتە: x+y=c. سێگۆشە بچووکەکەی لای ڕاست ژێیەکەی بریتییە لە a، وە لایە کورتەکەی بریتییە لە x. بە بەراوردکردنی لەگەڵ سێگۆشە گەورەکە کە ژێیەکەی c و لایە کورتەکەی a یە، ئەم ڕێژەیەمان بۆ دەردەچێت: a/c=x/a بۆچی ؟ چونکە ئێمە بەراوردی سیگۆشەی ناو گۆشەکە بە سێگۆشە بچوکەکە دەکەین کەواتە ڕێژەی هەردووکیان نەگۆڕە. بەم شێوەیە ژێ c یەکسان دەبێت بە a²=c*x
سێگۆشەکەی تریش بەهەمان شێوە b²=c*y
دەی ئێستا ئێمە نرخی ژێ c مان بوێت دەبێت هەردوو هاوکێشەکە بەکاربێنین کە یەکسانە بە b²+a². ئێمەش دەزانین b²+a²= c*x+c*y دەی کۆلکەی هاوبەشی بۆ وەربگرە دەبێت (x+y)c لەسەرەوە وتمان x+y یەکسانە بە c کەواتە (x+y)c یەکسانە بە c². بۆیەش
b²+a²=c² ژێیەکەت بۆ دەردەچوێنێت.
لێرەدا ئێمە شتێکمان بەکارهێنا کە سێگۆشە یان لە مەفهومی سێگۆشەدا نەبێت؟ نەخێر. دەی کەواتە ئەم جۆرە سەلماندنە، ئەوە نیشان دەدات کە چەمکەکان و ڕوونکردنەوەیان واقیعی شتەکە و چۆن مامەڵەکردن لەگەڵی نیشان دەدات. با وای دابنێین بیرکاری دروستکراوی مرۆڤە، هێشتاش ئەوە ناسەلمێنێت کە پێشەکیەکەمان هەڵەیە چونکە : ئێمە وتمان چەمکەکە واقیعی شتەکەمان نیشان دەدات. نەک ئەوەی بوونەکەی چۆنە. ئەگەر دروستکراوی مرۆڤیش بێت واقیعی ئەو دروستکراوەمان پشان دەدات. ئەمە نمونەیەک بوو. ئەگەر کەسێک دان بەوەیا نەنێت کە چەمک واقیع نیشان دەدات، دەبێت بڵێت التصور لا یشترط في التصديق! چەمک بەشێک نییە لە دانپێدانانەکان. بەمەش هەموو مەعریفەی مرۆیی دەکەوێت. ڕوونکردنەوەیەک بدەم لێرەدا دەڵێم:
تۆ چەمکت پێویستە تا بزانیت حوکم لەسەر چی دەدەیت، دەنا حوکمی لەسەر نادرێت. بۆنمونە یەکێک کۆدی ئەم وێبسایتە سەیر دەکات، وەکو یاریەکی منداڵان دەیخوێنێتەوە. بۆیە بڵێت ئائەمە یارییە و یاریش ناپێویستە کەواتە کۆدکردن نا پێویستە، ئەوە هەڵە لە وێناکردنی چەمکەکە دروست بووە. کەواتە خاڵی یەکەم ئەوەیە شیکارکردنی چەمکەکان واقیعی چەمکەکە دەناسێنن.
٣. ڕێکخستنی ئارگومێنتەکە
پێش مەرجی یەکەم: ناسینی چەمک یەکسانە بە حەقیقەت.
پێش مەرجی دووەم: تەنها چەمکی خودا بوونی تێدایە.
کەواتە ئارگومێنتەکە بەو شێوەیە:
چەمکی خودا، بوونەکەی لە شیکارییەکەیدا هەیە.
هەموو ئەوەی لە شیکارییدا بوونی تێدابێت، لە واقیعییە بەپێی خۆی.
کەواتە: خودا واقیعییە بەپێی شیکارییەکەی.
٤. وەڵامدانەوەی کێشەکان
أ- بۆچی ناکرێت هەرچیەک وشەی پێویستی بوونی پێوە بخرێت و بڵێین دەبێت هەبێت؟ بۆنمونە ئەسپی باڵدار، شاماران، شەوە، عەنقا و ئەم ئەفسانانە. مادام وێناکردنی شتێک پێویستە بۆ حوکمدان لەسەری، کەواتە دەبێت هەر شتێک وێنامان کرد لە واقیعدا هەبێت! ئەگەر ئەمە ڕاست بێت کەواتە من دەتوانم وێنای "چیایەک لە زێڕ" یان "دڕندەیەکی حەوت سەر" بکەم. مادام وێنام کردووە و شیکاریم بۆ چەمکەکەی کردووە، دەبێت لە واقیعیشدا هەبێت! ئەمەش مەحاڵە
وەڵام: چونکە ئەم چەمکانە هەر هەمووی جەستەیەکن، نەک ئەوەی پێویستی بوون بن. پاڵدانی پێویستی بوون لەگەڵیاندا دژبەیەکە و ناگونجێت. ئیتر ئەم نمونانە ئەیسەلمێنن کەسەکە چەندە بەهەڵە لە چەمکی خودا تێگەشتووە. چونکە چەمکی خودا یان واجب الوجود هیچ بیرۆکەیەکی ماددی هەڵناگرێت. بۆیە لەسەرەتاوە چەمکی خودا و پێویستی بوون، لەلای ئەوکەسەی ئەم جۆرە ڕەخنانە دەردەبڕێت ، کێشەی تێدایە و بەباشی وێنای نەکردوونە. ئێمە ناڵێین ئەو وێناکردنە بۆ هەموو شتێک دەبێت بوونی هەبێت، ئێمە دەڵێین وێناکردنی بوونی خوا لەناو چەمکەکەی دایە. تەنهاو تەنهاش خودا وایە، بۆیە دەبێت بوونی هەبێت. کاتێک چەمکەکە شی دەکەینەوە دەبینین ئەوەی باسی دەکەین هیچ بوونێکی تێدانییە. لێرەدا ڕوونکردنەوەیەک دەبێ بدەین: مرۆڤ ناتوانێت چەمک دروست بکات. چەمک شتێکی ویستەکی نییە. من بمەوێت بیر لە شتێک بکەمەوە کە کەس بیری لێ نەکردبێتەوە مەحاڵە. کەواتە زەینی مرۆڤ کاتێک چەمکێک درک پێدەکات ئەو چەمکە چی بۆ پێویست بێت لە واقیعیشدا هەر وادەبێت. بۆنمونە کاتێک ئێمە دەڵێین پێویستە سێگۆشە یاسای فیساگۆرسی بەسەردا جێبەجێ ببێت. ئەو پێویستیە لەبەر ئەوەی لە خودی چەمکەکە دایە ڕاستە. وای دابنێ بەهەمان شێوە لە خودی چەمکی سێگۆشەیەکەوە ئەوەت بۆ دەردەکەوێت لەسەر مێزەکەت بوونی هەیە. بەهەمان شێوە لەڕێی شیکارکردنی چەمکەکەوە دەگەیتە ئەوەی کە بەڵێ لەسەر مێزەکە بوونی هەیە، ئایە مەحاڵ نییە بوونی نەبێت؟ بێگومان! ئەوکاتە دەبێت یان دژبەیەکێک لە زەینی تۆدا هەبووبێت یان هەڵەت کردبێت، یان سەفسەتە لازممانە کە ئامرازە مەعریفییەکانمان بەکەڵک زانین نایەن. لەوەوە دەزانین بۆ تەنها بەسەر خودا ئەو ئارگومێنتە جێبەجێ دەبێت، چونکە تەنها چەمکی خودا ئەوە قبوڵ دەکات لە زەیندا، کە پێویستە بوونی هەبێت.
ب- دەی تۆ وا مامەڵە دەکەیت لەگەڵ بووندا وەکو ئەوەی سیفەتێک بێت ، بوون سیفەت نییە! تەنیا لەبەر ئەوەی من شتێک پێناسە دەکەم کە "مەرجە بوونی هەبێت"، وا ناکات ئەو شتە لە دەرەوە دروست ببێت. دەکرێت من لە مێشکی خۆمدا پێناسەی "دورگەیەکی نموونەیی" بکەم کە یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەوە بێت کە مەرجە بوونی هەبێت. ئایا تەنیا بە شیکارکردنی ئەم چەمکە، دورگەکە لە زەریادا دروست دەبێت؟ نەخێر. بوون (الوجود) خەسڵەتێک نییە بخرێتە ناو پێناسەوە (الماهية)، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا ئەو پێناسەیە لە دەرەوەدا نموونەی هەیە یان نا.
وەڵام: بەڵێ بوون سیفەت نییە، بەڵام با وامان دانا بوون سیفەتە چ کێشەیەکی تێدایە لەگەڵ ئارگومێنتەکەمان؟ ئێمە تەنها وتوومانە ئەوەی لە زەینا واجب الوجود بێت لە واقیعیشدا واجب الوجودە. چونکە ئەگەر وانەبێت دەکەویتە کۆتا خاڵ کە دژبەیەک بوون و سەفسەتەیە. من پێم سەیرە کانت ئەم هەرایەی لەسەر مەحمول نەبوونی وجود ناوەتەوە. دەی ئەگەر وجود سیفەت نەبێت زاتیەتی، هیچ شتێکیش لە زاتیی خۆی دانابڕێ دووبارە ئارگومێنتی ئەنتۆلۆجی کاردەکات، لەبەر ئەوەی هەموو بوونێک خودی شتەکەیەتی. بەڵام لازمی کانت دێت کە هەموو شتێک بوونی هەیە.
ج. ئایا ئەو پێناسە بێگەرد و تەواوەی ناو مێشکت، لە دەرەوەدا نموونەی هەیە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بەوەی کە بەڵێ، چونکە پێناسەکەی وا دەخوازێت، دەکەوێتە چوارچێوەی (المصادرة على المطلوب)، واتە بەکارهێنانی ئەنجامەکە بۆ سەلماندنی پێشەکییەکە.
وەڵام: وەکو پێشتر وتمان، ئەمە مصادرة نییە. مصادرة ئەوکاتە دروست دەبێت کە ئێمە نەزانراوێک بە نەزانراوێک بسەلمێنین، یان شتێکی مومکین وەک زەرووری دابنێین. لێرەدا چەمکەکە لە ماهییەتی خۆیدا وجوبی تێدایە. لکاندنی هەبوون بە واجب الوجودەوە وەک لکاندنی گەرمی وایە بە ئاگرەوە، حوکمێکی بەدیهی و زاتییە، دوورە لە هەر بازدانێکی لۆجیکی.پرسیاری ئەوەی "ئایا نموونەی لە دەرەوە هەیە؟" بۆ شتێک دەکرێت کە هەبوون بەشێک نەبێت لە زاتەکەی. بۆ واجب الوجود پرسیارەکە خۆی هەڵەیە. بەڵگەکە لەسەر پێیەکانی خۆی وەستاوە و پەنای بۆ ئەنجامەکە نەبردووە بۆ سەلماندنی پێشەکییەکە. بۆیەش ئێمە کە دەڵێین (لا تخصيص في العقليات) لەبابەتی عەقڵی دا تایبەتکردن نییە، لەبەر ئەوە نییە تایبەت بوون، بوونی نییە. بۆنمونە ناتوانیت بڵێی هەیولا تەنها بۆ جسمێکە کە ڕەنگی سوور بێت. ئەمە ناشێت، بەڵام دەتوانیت بڵێی ئەو بەڵگانەی بۆ هەیولا هێناومانەتەوە تەنها بەسەر جسم دا جێبەجێ دەبێت. هۆکارەکە ڕوونە: لەبەر ئەوەی یەک شت هەیە لە بووندا بەڵگەی وجودی بەسەردا جێبەجێ دەبێت شتانێکت نەدیتووە کە بەسەریدا جێبەجێ نابێت، هەست بەوە دەکەیت کە موسادەرەیەک هەیە لێرەدا. بەڵام تایبەتبوونی بەڵگەی وجودی بە خودا موسادەرە نییە. بەڵکو تایبەت بوونە (اختصاصا) نەک تایبەتکردن (تخصيص).
د. ئێمە لە زەیندا چەمکێکمان هەیە پێی دەوترێت (شريك الباري - هاوبەشی خودا). شیکارکردنی ئەم چەمکە پێمان دەڵێت کە هاوبەشی خودا سیفەتێکی هەیە کە ئەویش (ممتنع الوجود - مەحاڵە بوونی هەبێت)ە. ئایا ئێمە بە تەنیا شیکارکردنی چەمکی هاوبەشی خودا زانیمان کە لە دەرەوەدا نییە؟ نەخێر، ئێمە سەرەتا بە بەڵگەی عەقڵی و تێڕامان لە گەردوون (برهان التمانع) سەلماندمان کە خودا یەکە، پاشان حوکممان دا کە هاوبەشەکەی ممتنعە. تەنیا شیکارکردنی چەمکەکان هیچ حوکمێکی دەرەکیمان پێ نابەخشێت. مێشک دەتوانێت چەمکی "پێویستبوون" وێنا بکات، بەبێ ئەوەی ئەو وێناکردنە واقیع دروست بکات (تخلف الحكم عن العلة). ئەگەر ئەم چەمکە هەر لە سەرەتاوە لەناو مێشکدا مەحاڵ بووایە و نەکرایە وێنا بکرێت، ئەوا لە مێژوودا هیچ مرۆڤێکی دوانیزم (الثنوية - وەک زەردەشتییەکان کە باوەڕیان بە دوو دروستکاری واجب هەیە: ئەهریمەن و ئەهورامەزدا) نەیدەتوانی ئەو بیرۆکەیە بخاتە مێشکی خۆیەوە! ئەوان لە مێشکی خۆیاندا وێنای دوو واجب الوجودیان کردووە.
وەڵام: خۆ شتێک مرۆڤ بتوانێت بە وشە بیڵێت یان خەیاڵی بکات، ئەوا نەبۆتە چەمکێکی زەینی (تصور). ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت سێگۆشەی چوارلا، بەڵام ئایا دەتوانێت لە ڕووی لۆجیکییەوە وێنای (تصور) بکات؟ نەخێر، چونکە چەمکەکە لەناوەوە دژبەیەکە و خۆی خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە بە هەمان شێوە، زەردەشتییەکان کە باوەڕیان بە دوو دروستکار (ئەهریمەن و ئەهورامەزدا) هەبووە، تەنیا وێنای دوو ممكن الوجودی زۆر بەهێز یان دوو سوپەرمان-یان کردووە، نەک واجب الوجود. چونکە ئەگەر شیکاریی چەمکی واجب الوجود بکەن، چەمکەکە ڕێگە بە فرەیی نادات.
ح. ئەگەر ڕازی بین بەوەی کە هەر شتێک لە مێشکدا بەدیهی بوو، و شیکارییەکەی هیچ دژبەیەکییەکی تێدا نەبوو، ئەوا ڕاستەوخۆ لە واقیعیشدا هەیە بێ قیاس و بەڵگە، ئەوا، مرۆڤ دەتوانێت چەندین سیستەمی ئەندازیاری و ماتماتیکیی زۆر ئاڵۆز لە مێشکیدا دابڕێژێت کە سەدا سەد بەدیهی و بێ دژبەیەکی بن (وەک ئەندازەی لۆباچێڤسکی لە بیرکاریدا). بەپێی لۆجیکەکەی تۆ، دەبێت هەموو ئەم سیستەمە زەینییانە لە دەرەوەی گەردوونیشدا بوونی فیزیاییان هەبێت تەنیا لەبەر ئەوەی چەمکەکانیان کامڵ و خۆسەلمێنەرن.
وەڵام: دووبارە ئێمە هەرگیز ئەو یاسا گشتییەی دانەناوە کە گوایە هەر شتێکی بەدیهی و بێ دژبەیەکی ناو مێشک حەتمەن لە واقیعدا هەیە. ئەم حوکمەی ئێمە بە تایبەتی و بە تەنیا بۆ چەمکی (واجب الوجود)ە، چونکە تاقە چەمکە کە (هەبوون) بەشێکی دانەبڕاوە لە پێناسەکەی. سیستەمی لۆباچێڤسکی چەمکێکی (مومکین)ە و پێناسەکەی بێبەشە لە زەروورەتی بوون.
٥. چەمک چییە؟
چەمک (التَصَوّر - Concept) لە سەردەمی مۆدێرنەتە کێشەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا جێهێشتووە. لە دیکارتەوە ئێمە پێمان وایە کە خۆمان شتەکان وێنا دەکەین بە ویستی خۆمان. بەڵام ئەوە تەنها بۆ بەکارهێنانی زمانەوانییە. نەوەک مانای چەمکەکە ، ئێمە لەبەر ئەوەی تەرکیزمان زۆر لەسەر وشەکانە. وادەزانین بەکارهێنانی واجب الوجود بۆ خودا، بریتییە لە کردارێکی ئیرادی. بەڵام وانییە. ئێمە کاتێک ئاینەکان باسی خودامان بۆ دەکەن راستەوخۆ ئەو مانایەی کە واجب الوجودە هاتۆتە زەینمانەوە (بەپێی ئەوانەی باوەڕیان وایە چەمکی خودا بەدیهی نییە). ئەو مانایەی هاتۆتە زەینمانەوە ، کاتێک شیکاری دەکەین، ئەوەی بڵێت شتێکی وا بوونی نییە دووچاری دژبەیەک دەبینەوە. لێرەدا دووچاری کێشەیەک دەبینەوە هەندێک شت هەیە مرۆڤ نایزانێت ، وەکو کارەبا. دانانی چەمک بۆ کارەبا مەحاڵ دەبێت؟ دەڵێین نەخێر چەمک هەیە سادەیە، سادەترین مانایە. وەکو چەمکی واجب الوجود. ئەمە چەمکێکی سادەیە بەپێچەوانەی ئەوەی دەڵێت چەمکێکی مورەکەبە. بەڵگەش بۆ ئەوەی سادەیە ئەوەیە وجووبەکەی وجوودەکەیەتی و ووجوودەکەی وجووبەکەی. کەواتە هەندێک چەمک هەیە ناتوانیت پێناسەیان بکەیت. بەڵام هەندێکیشی پێناسەکراوە وەکو ڕووح، عەقڵ، باڵەخانە، دەبابە... هتد. بۆیە هەڵەیە بڵێی هیچ چەمکێک خۆویست نییە، هەڵەشە بڵێی هەموو چەمکێک خۆویستە. چەمکە سادەکان هەموویان بەدیهین ، لەلای مرۆڤ هەن. چەمکە لێکدراوەکان هەمووی تیۆرین و مرۆڤ بە ویستی خۆی ڕێکی دەخات.
بۆیەش ئەو چەمکانەی بەدیهین مرۆڤ ناتوانێت داوای مانایان بکات. وەکو زانین. هیچ شتێک لە زانین نزیکتر نییە لە مرۆڤ، ئیتر داواکردنی پێناسەی زانین مەحاڵە. بەڵام بۆ فێرکردن دەشێت هەندێ ئامراز بەکاربێت، بۆنمونە بوترێت سیفەتێکە لە مرۆڤدا کە باسی شتێک لەلای دەکەی بۆی ڕوونە. ئەمە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە هەر چەمکێک لە زەینی مرۆڤدایە لە جۆری جیاواز پێکدێ هەندێکیان فێری دەبێت هەندێکی ناکرێت فێری بووبێت.
٦. کۆکردنەوەی زانیاریەکانمان
کاتێک ئێمە دەڵێین خودا واجب الوجودە بە مەبەست وامان نەوتووە، بەڵکو ئەوە ماناکەیەتی. مادام لە زەین دا شتێک هەیە واجب الوجودە زەین ڕەنگدانەوەی واقیعە، کەواتە واجب الوجود لە واقیعدا هەیە. ئەمە کۆکراوەی زانیاریەکانمانە.
دەرئەنجام
من نازانم بزەبت چ کێشەیەک لەو بەڵگەیەدا هەیە، بەڵام نەمتوانیوە هیچ ڕەخنەیەکی گونجاو بدۆزمەوە. بۆیەش بە بەڵگەیەکی بەهێز قەرارم لەسەر داوە. ئیتر خودا زاناترە.