خەتای ولیام پێڵی | بەڵگەی دیزاین بۆ بوونی خودا
پێشەکی
—ئیدوارد فیزر لەکتێبی کۆتا ئەفسانە.
شەپۆلی ئیلحادی نوێ خۆی بە شەپۆلێکی زانستی دەزانیت، سەرەڕای نەنگی و نەبوونی هیچ مەرجەعێک و یاسایەکی باڵا، ئەم ئیلحادە نوێیە لەلایەکەوە بەرەو لەناوچوونە. پێویستە لەکۆتاییدا هەندێک بابەت ڕوون بکەینەوە سەبارەت بە بەڵگەی دیزاین. چۆن و بۆچی هاتۆتە ئاراوە و چۆن ئیڤولوشن پەیوەندی پێوە نییە. هاوشێوەی بەڵگەی ئەنتۆلۆجی، کۆمەڵێک بە گەوجیەتی وەسفی دەکەن کۆمەڵێکی تر بە دروست و بەهێزترین بەڵگە وەسفی دەکەن. پێویستە ئێمە بە وردی بچینە ناو باسەکانەوە بزانین کەوا چۆنەکایی ئەم بەڵگە بەکاردێنین. ئەم نوسینە تۆزێک دەچێتە ناو وردەکاری کەلامەوە، ڕوونکردنەوەی بەهێز دەدات بە شێوەیەک کە خۆی لادەدات لە مناقەشەی زانستی پەرەسەندن و ڕاست بوون و هەڵەبوونی. ڕوونی دەکەینەوە کە خەتای ولیام پێڵییە کە بەڵگەیەکی بۆ بوونی خودا لە شوێنێکی هەڵەدا بەکارهێناوە، بە مەنهەجێکی هەڵە.
١. پێشمەرجەکان کە بەڵگەی دیزاین لاواز دەکات
کاتێک مرۆڤ بە چاوێکی ئەزمونگەرایی (Empiricist) وەکو ئەوەی ولیام پێڵی دەیکات، سەیری گەردوون دەکات، ئەگەر باوەڕی بەوە نەبێت گەردوون دەستپێکی هەیە و سەرەتایەکی هەیە، ئەوا کێشەی کاتی بۆ دروست دەبێت. ئەگەر گەردوون قەدیم بێت و بێکۆتا کاتی لە بەردەستدا بێت، ئەوا بەپێی بیرکاریی ئەگەرەکان، هەر ڕێکخستنێک، هەرچەندە نامومکین بێت، لە ناو بێکۆتا پێکدادانی ماددەکاندا ڕوودانی حەتمییە. بۆیەش بەبێ دەسپێکی گەردوون دیزاین تەنیا دەبێتە تایبەتمەندییەکی ماددە، نەک نیشانەی عەقڵێکی دەرەکی. لەبەر ئەوە، بە تەنیا ڕوانین بۆ ئاڵۆزیی گەردوون، ناتوانین یەقین بەدەست بهێنین، چونکە هەمیشە دەکرێت بگوترێت: "لە بێکۆتا ئەگەرەکاندا، ئەم ڕێکخستنەش یەکێکە لەوان".
بەڵگەی دەستپێک (ئەوەی گەردوون مەخلوقە و لە نەبوونەوە هاتووەتە بوون)، ئەو تاکە دەروازەیە کە ئەم بازنە داخراوەی ئەگەرە بێکۆتاکان دەبڕێت. کاتێک دەسەلمێنین گەردوون حدوسی هەیە، ئەوا کاتیش سنووردار دەبێت. کاتێک کات سنووردار بوو، ئیتر بێکۆتا ئەگەرەکان لەبەردەم ماددەدا نامێنن. لێرەدا، ئەو ڕێکخستنە ووردەی کە دەیبینین، چیتر ناتوانرێت بە پێکدادانی بێکۆتای ماددە پاساو بدرێت، چونکە ماوەی پێویست بۆ ئەو ڕێکەوتە بوونی نییە. کەواتە لە ڕووی لۆجیکییەوە، ئەم دوو بەڵگەیە تەواوکەری یەکترن و نابێت لێک جیابکرێنەوە:
بەڵگەی حدوس ئەوە دەسەلمێنێت کە گەردوون پێویستی بە هۆکارێک هەیە. واتە: "ئەمە دروستکراوە".بەڵگەی دیزاین ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەو "هۆکارە" خاوەنی زانستە. واتە: "ئەمە دروستکراوی بوونێکی باڵایە". ئەگەر بەڵگەی حدوس نەبێت، بەبێ ئەوەی بسەلمێنێت دروستکراوە، ڕەنگە ماددەی قەدیم بێت و ئەم زانیارییەشی تێدا خەزن بووبێت. ئەگەر دیزاین نەبێت، حدوس تەنیا بوونی هۆکار دەسەلمێنێت بەبێ ئەوەی دەربارەی سیفەتەکانی ئەو هۆکارە شتێکمان پێ بڵێت. بەم شێوەیەش تەنها بەڵگەی دیزاین بەکاردێت ئەگەر ئێمە دوو خاڵ پەیڕەو بکەین :
یەکەمیان: لابردنی مەنهەجی ئەزموونگەراییە. ئەوکاتە بەڵگەی دیزاین دەبێتە شتێکی ناپێوێست بۆ بوونی خودا. چونکە ئێمە ئەزموونمان لابرد لەنێو باسەکەوە، بە عەقڵ سەلماندمان خودا هەیە، ئەوکاتە بەڵگەکەمان یەقینی زیاتری تێدایە و مەجالی هەڵەی کەمترە.
دووەمیان: باوەڕبوون بەوەی گەردوون سەرەتایەکی هەیە. بەڵگەی دیزاین وەکو روونمان کردەوە کار ناکات بەبێ ئەوەی گەردوون سەرەتایەکی هەبێت. ئەگەر کاریشی کرد، ئەوە بێ سوود دەبێت چونکە تۆ سەرەتا بە بەڵگەی دەسپێکی ماددە توانیوتە خودا بسەلمێنی بە سەرەتا بوونی ماددە.
٢. ئەزموونگەرایی و بوونی خودا
زۆرکەس تێناگات بۆچی ئەبێت کەسێک ئەزموونگەرا نەبێت تا باوەڕی بە بوونی خودا بێت، هەندێک دینداری ئەزموونگەرای زۆر باشمان هەیە. وەکو شێخولئیسلام ابن تەیمیە. کێشەکە لەوەدایە ئەوکاتەی تۆ باوەڕت بەوەکرد هەرچی هەبێت دەبێت تاقی بکرێتەوە، ئەوکاتە هیچ بەڵگەیەک بۆ بوونی خودا نامێنێتەوە مەگەر بیبینی. ئەوەش مەحالە بۆیە هیچ بەڵگەیەک نامێنێتەوە. لەوانەیە یەکێک بڵێت: چۆن شتی وا هەیە!؟ ئەی ئەوەنیە زۆرێکیان باوەڕیان بە بوونی خودا هەبووە.
بەڵێ، هۆکارەکەشی ڕوونە. بەبەڵگەوە نەبووە، زۆرجار بەهۆی ئەوەوە بووە ئیلحاد ئەرکێکی زۆر قورس بوو. ئێمە لەو سەردەمە مادییەی تێی کەوتووین ئەرکی مولحید زۆر ئاسانترە. ئێستا دەتوانێت شت ڕوون بکاتەوە، موناقەشە بکات، زۆر شتی تر. ئەوکاتە ئەرک بوو بەسەرتەوە کۆمەڵێک ئەگەری زۆر دوور بخەمڵێنی. هەر بۆیەش زانایانی تر ئەرکی هەڵوەشاندنەوەی ئەم گومانانەیان گرتۆتە ئەستۆ.
موسوڵمانی ئەم سەردەمە بێ ئاگایە لە پەرەسەندنی داروینی، بەڵگەی باشی پێ نییە دژی، ئەوەی هەیە لە مەسیحییە چەواشەکارەکانیان وەرگرتووە کە بە گەڕانێکی زانستی بابەتیی، هەڵدەوەشێتەوە. بێ ئاگان لە تیۆریەکانی کوانتەم و گەردوونناسی و فەلەکناسی کە پڕیەتی لە ئاماژە بۆ گەردوونێکی بێ ئامانج. تیۆرییەکانی وەکو CCC ی ڕۆجەرپێنڕۆز و Loop Quantum و No-Boundary Proposal و Eternal Inflation و The Steady State Theoryو زۆرێکی تر موسوڵمانان لە وردەکارییەکەی بێ ئاگان. ئەگەر ئەمانەشی بیستبێت لای سامی عامری و کۆمەڵێک سەلەفی-نیمچەئیخوانی هێشتا ناگاتەوە بەوەی لە ژوورێک دانیشیت بیر لەم تیۆرییانە بکەیتەوە و بڵێی : باشە بۆ ناکرێت؟ بۆ نابێت کە ئاوابێت؟ کێشەی چییە؟
بەڵام نە ابن تەیمیە بەڕەحمەت بێت، نە جۆن لوک، نە فرانسس بیکۆن کە خۆیان ئیماندار بوون، ئەو ئەگەرەیان نەخستۆتە مێشکی خۆیانەوە. تەنانەت فەیلەسوفانی سەردەمی مۆدێرنیش هەروا. خۆ ئەوان مەبەستیان ئیلحاد نەبوو. بەڵام ئەنجامەکەی هەر گەشت بە ئیلحاد. جا لەوانەیە یەکێک بڵێت : باشە ئێمە ئەو شتانەمان بۆ چییە؟ مولحیدەکان خۆیان پاتاڵن و نەزانن ئیتر من بۆچیمە بزانم شتەکانیان بۆ بەتاڵن.؟
پرسیارەکە ئەوەیە: ئەی خۆمان نابێت راستگۆ بین لەگەڵ خۆماندا؟ نابێت بڵێین ئادەی ئەو زانا سروشتیەی چەندان ساڵی لە تاقیگەکاندا بەڕێ کردووە بۆ مولحید بوو؟ بۆ ئەڵێت نە قیامەت هەیە نە پێغەمبەران نە خودایەکی باڵا؟ ئایە ئەوەندە سادەیە کە کەسەکە گەمژەیە؟ ئەگەر گەمژەش بێت، من چۆن بزانم گەمژەیە.
وەکو بینیمان لە کۆنەوە بیرۆکەی کۆنیەتی ئەم دنیایە هەیە. ئیمامی غەزالی و هەموو ئومەت فەیلەسوفانیان لەسەر کافر کردووە. یەکێک لەخۆی بپرسێت بۆ؟ چونکە ئەوە دەرئەنجامەکەیەتی؟ ئیمامی غەزالی فەرموویەتی کە فەیلەسوفان ناتوانن بەڵگە بۆ بوونی خودا بهێننەوە. دەی ئەمە کێشەکەیە. تۆ تەنها هەست و ژینگەی چواردەورت هەبێت و بەباشی لێی تێبگەیت ، ئیتر خوای چی و پێغەمبەری چی؟ بۆیەش هەندێک قوڕەکە لەخۆیان خەستتر دەکەنەوە زانستێک لەسەر بنەمای ئەوە دامەزراوە کە خودا بوونی نییە دەیکەنە بەڵگە بۆ پێغەمبەرایەتی محمد ﷺ. بۆیە دەکەونە جەدەلێکی بێ کۆتاوە لەگەڵ زانست دا، هەندێک جار بە شتی نامەنتیقی و پووچ. وەکو مەسەلەی کۆرپەلە، کە ئەگەر ئێمە بە زاهیری قورئان بڕۆین وەکو ئەوەی کەسێکی ئاسایی تێدەگات، بەتەواوەتی لەگەڵ سەردەمی خۆیدا و پزیشکی ئەبقرات یەک دەگرێتەوە.
لەلایەکی تریشەوە بەڵگە زیاتر لەسەر ئەو کەسەیە بانگەشەی توند دەکات، وەکو ئەوەی دەڵێت : پیاوێک شەوانە دێتە گەڕەکەکەمان هەرکەس بەخەبەربێت دەزانێت و بە بێ هیچ ئامێرێک دەیکوژێت! نە دەیبینی نە ئاسەواری ڕاستەوخۆی هەیە نە هیچ. ڕەنگە موسوڵمانێک بێت فشەی بە وەزعەکە بیت ، لەبەر ئەوەی نازانێت هەڕەشەی ئیلحاد چەندە جدییە. ناحەقیشی نییە. پەیڕەوانی ئیلحاد لە وڵاتی ئێمەدا پاتاڵ و گەوج و گورەجن دەستیان داوەتە درۆکردن بەناوی دینەوە کەسەکەش تەنها ئەو تەجروبە کەمەی بەسە تاوەکو فایلی ئیلحاد بەیەکجاری قەپات بکات.
بەڵام با زۆر دوور نەکەوینەوە و مەبەستەکەمان بە ڕوونی بڵێین: ئەوکاتەی کە مرۆڤ نەیدەتوانی بە شێوەیەکی سروشتی هەندێک دیاردەی ئەزموونکراو شی بکاتەوە، هەر ئەو کاتە بووە ئیمان بەخودا لەگەڵ ئەزمونگەرایی دەگونجا. وە کاریشی دەکرد، بەڵگەکان لەسەر ئاستی عەوام و گەنج و پیر و منداڵ ڕوون بوو. ئنجا سەردەمی دوای داروین و فیزیای نوێ هات، ئیلحاد هێزی هاتەوە بەر. ئەویش لە فۆڕمی گومان دا. ئیلحادی ئەمڕۆ ناڵێت دین گەمژەییە، ناڵێت بەڵگەکان بوونیان نییە. ئەڵێت "نازانم". بەو سەردەمەدا ڕۆشتووە کە لێی دەترساین. ئەویش کوفر خۆی لە نێوەندگیری و رۆشنبیری و هێمنی بشارێتەوە، نەک هێرشکردن و عەسەبیەت و جەهل. بۆیە بێگومان ئەزموونگەریی کێشەیەکی زۆر گەورە بووە. تەنانەت ئەوکاتانەی باوکانی کڵێسا هۆشداریان لێدەدا لە فەلسەفەی کانت کە ئیلحادە ، کانت خۆشی وڵامێکی وا گەورەی بۆ بەڵگەی دیزاین نەبوو، تەنها وتی : ئەم بەڵگەیە لاوازە تەنها بوونەوەرێکی زۆر بەهێز دەسەلمێنێ، نەک خاوەنی هەموو دەسەڵاتێک بێت. ئاماژەشی بەوەدابوو کە پێشتر وتمان : پشتی بەستووە بە بەڵگەی بەدیهاتن. خۆ لەسەردەمی کانت دا؛ هێشتا داروین بوونی نەبوو. بەڵام بەجیدی، بیرۆکەکانی هەڵگری کێشەی ئیلحاد بوون و باوکانی کڵێسا دیقەتیان دابووێی. بەڵام بۆ کانت، ئەمە هەرچەندە نیشانەیەکی بەهێز بوو؛ هەرچەندە قەناعەتپێکەر نەبوو؛ هێشتا داروین نەبوو بۆی بسەلمێنێت ئا ئەم دیزاینە دەشێ لەخۆوە وجودی بدرێتێ. بۆیە ئیلحادیش لەسەر کانت قورس بوو. بەڵام بۆنمونە نیچە دوای کانت هاتووە و داروینی پێگەشتووە؛ هەرچەندە باوەڕدار نەبووە بە بیردۆزی داروین، دیقەتی لەوە گرتووە کە ئیلحاد ڕێی بۆ خۆشکراوە، چیکە مرۆڤ بەها کۆنەکانی پێ هەڵناگیرێت.
بۆیە کێشەیەکی وا گەورە هەیە لەو نێوانەدا، ئەوەی لەو سەردەمە نەژیابێت تێناگات کە پەیڕەوکردنی ئەزموونگەرایی چەند قورسە لەگەڵ ئیمان دا. بەتایبەت بابەتانێک وەکو موعجیزە و زیندوو بوونەوە، هەر ناتوانیت قسەی لەسەربکەیت جگە لەوەی : ئائەم شتە شەرع وتوویەتی و ئیمانم پێیەتی. نە پێغەمبەرایەتی تاقی دەکرێتەوە نە خودایەتی، ئیتر مرۆڤێکی ئەزموونگەرا چی بۆ دەمێنێتەوە؟
٣. دیزاین چییە؟
ئێمە ڕێکخراوی نابینین، ڕێکخراوی لێک دەدەینەوە. ئێمە نابینین کە شتێک ڕێک خراوە بە مانایەکی تر. بەڵکو ئەوە دەبینین کە ماددەیەکە بەشەکانی پێکەوە کاردەکەن بە ڕێکخراوی لێکی دەدەینەوە. وەکو پێشتر وتمان، ئەگەر کەسێک ئەزموونگەرا بێت، دەڵێت بوەستە! خۆ ئەمە گریمانەیە. واتا ئەوەی ئەم شتە ڕێکخراوە گریمانەیە. ئێمە تەنها سیستەمێکی پێکەوە کارکردوو دەبینین، ئەتوانین تاقی بکەینەوە ڕێکخراوە یان نا؟ بێگومان نەخێر. دەی ئەوکاتە دیزاین توشی کێشە دەبێتەوە، ئێمە بە عەقڵ لێکدانەوەمان کرد بۆ ئەوەی سیستەمێکە ڕێکخراوە، ئەوکاتە سیستەمە ڕێکخراوەکە پێویستی بە بەڵگەیەکی نا-ئەزموونی هەیە. بۆیەش هیوم وتوویەتی «ئەوانە هاتوونە شتانێکمان پشان دەدەن کە مرۆڤ دروستی کردووە دەڵێن ئەوانەی سروشتیش هەمان شتە ئیتر بۆیە دروستکاری هەیە». بەڵام وەکو وتم ئەمە لەسەر مەزهەبی ئەزموونگەرایی دروستە. ئەگینا وەکو خۆی ئەم قسەیە هەر زۆر بێمانایە. بۆیە لەڕووی ئەزموونیەوە ڕاستە کاتێک مولحیدان گلەیی لە ئیمانداران دەکەن دەڵێن ئێوە خودای بۆشاییەکان بەکاردێنن. هەرچی نەزانن دەیدەنە پاڵ خودا ، ئێمە تاقی دەکەینەوە و دەمانەوێت لێی تێبگەین. بەڵام لەڕووی عەقڵیەوە بێمانا و پووچە.
بەڵام گەورەترین کێشە لەوەدا ئەوەیە بڵێین : دیزاین خودی سیستەمێکە، ئەوکاتە هەرچی سیستەم بوو دیزاینەری دەوێت! بە سیستەمە لۆجیکی و ماتماتیکییەکەوە. ئیتر دەکەوینە ناو سەفسەتەوە بەوەی کە ئەم زانینانەی کە هەمانن هەمووی دیزاین کراون نەک واقیعناس بن بە سروشتی خۆیان.
٤. کێشەی دیزاین و کەموکوڕی زیندەوەر
یەکێک لەو خاڵانەی لە سەرەتاکانمدا زۆر سەرسامی بووم، توانای دۆزینەوەی مولحیدان بوو بۆ کێشە لە دیزاینی مرۆڤ دا. بەڵام وردە وردە توایەوە لەلام بە دۆزینەوەی ڕێگای ڕاستەقینە بۆ بەکارهینانی دیزاین. مولحیدان دەهاتن دەیانوت سەیری جەستەی مرۆڤ بکە : فڵان و فڵان و فڵان کێشەی تێدایە. دەی ئەوە دەیسەلمێنێت کە ئامانجی نییە ئەم بەشانە بۆیە دیزاینەری نییە. لەڕاستیدا ئەوە هەڵە بەکارهێنانی لۆجیکە. چونکە دیزاین نەبوون مانای چییە؟ ئەوان بە زیانبەخشبوونی ئەم شێوازە دیزاینە لێکیان دەدایەوە. دەی خۆ ئەوانەی وتوویانە کە دیزاین هەیە مەبەستیان ئەوەنەبووە هەموو دیزاینەکە باشە و بەسوودە. وتوویانە کۆمەڵێک دیزاینی تێدایە کە بەسوودە. بەڵام ئەگەر بێینە حەق حەق بە مولحیدەکانە لێرەدا چونکە:
بەڵگەی دیزاین لەسەر دوو پێشەکی پێکهاتووە. یەکەمیان: هەموو زیندەوەرێک دیزاین کراوە ،هەرچی دیزاینکرابێ دیزاینەری هەیە کەواتە هەموو زیندەوەرێک دیزاینەری هەیە. لەڕاستیدا دەتوانین بڵێین هەموو زیندەوەران دیزاین نەکراون. بەڵکو بەشێکی دیزاینە بەمەش بەڵگەکە لەناو دەچێت و بەهای نامێنێت. ئەمەش مانای خراپە دانە پاڵ خودا نییە. نە مانای ئەوەیە خوا بەجوانی کارەکانی خۆی ناکات. بەڵکو مانای ئەوەیە کە خودا هەرچی بوێت دەیکات چۆن بیەوێت دەیکات. بۆیە بابەتەکە نابێتە هۆی گلەیی کردن لە خودا.
٥. ڕێکخستنەوەی بەڵگەکە
ئێمە زانیمان خودایەک هەیە چونکە جیهان دروستبووە. دروستکراوەکانی لەوپەڕی جوانی و دیقەت و تۆکمەیی و ئاڵۆزی دان. بەهەرشێوەیەک بێت ئەو بەشە دیزاین کراوە بەڵگە دەبێت لەسەر زانست و حیکمەت و گرنگی پێدانی ئەو خودایە. دەی ئەمەش ڕێکخستنەوەی بەڵگەکەیە بە شێوەیەک ئەگەر پەرەسەندنیش ڕاست بێت، هەر بە ڕاستی دەمێنێتەوە. بابێنەوە سەر ئەسڵی مەسەلەکە:
ئەگەر بەڵگەی دیزاین بەڵگە بێت بۆ زانستی خودایی، ئەوە هیچکام لە ڕەخنەکان یەک ناگرن. بۆنمونە ئەوەی وتمان کە دیزاین تەنها لەلایەنە مرۆییەکەوە نیشان دەدرێت. کە سەعاتێک دەدەیتە کەسێک بڵێی ئەمە کەس دروستی نەکردووە. بێ عەقڵانەیە. بەڵام تەنها لەدەرەوەی ئەزموونگەرایی. ئێمە بەڕێگای عەقڵانی دەزانین ئەمانە دیزاین کراون. نەک لەڕێگای ئەزموونی. لە باسی هەبوونی کێشەش لە دیزاین دا، ئەمە واناکات خودا بوونی نەبێت. بەڵکو مانای ئەوەیە کە خودا ناچار نییە بەپێی بەرژەوەندی ئەو مەخلوقە کار بکات. هەر بۆیەشە کەسێک لەڕێگای ئەزموونکردنی ئەم دیزاینەوە بیەوێت خودا بسەلمێنێت بەبێ عەقڵ توشی کێشە دەبێت. نەک بەڵگەی دەبێت بۆ بوونی خودا. بەڵکو پاساوی ئەوپەڕی دادەنێت بۆ ئەوەی مولحیدان دەنگێکیان هەبێت.
کۆتایی
ئایە دیزاین بوونی خودا دەسەلمێنێت؟ نەخێر بوونی زانست دەسەلمێنیت بۆ خالق. نەک بوونی خالق بسەلمێنیت. ئایە پێویستمان بەوەیە لەم بەڵگەیەدا، بیردۆزی داروینی رەتکەینەوە؟ نەخێر. ئایە ئیمانمان بەو ئەزموونی دیزاین و ڕێکو پێکییە بنیاد نراوە؟ نەخێر. ئایە پێویستە هەموو پارچەکانی زیندەوەر بەسوودبن؟ نەخێر. کەواتە بەڵگەی دیزاین ئەگەر لەخودی خۆشی دا ڕاست بێت: بۆمان ناسەلمێنێت ئەو خودایەی دینەکان باسی دەکەن هەیە. بەڵکو دروستکەرێکی بلیمەت دەسەلمێنێت، ئەگەر وەحیش هەبێت، یەقینت نابێت کە ئەم دروستکەرە بەو شێوەیەیە بەڕێی ئەزموونیەوە. چونکە تۆ دەبێت زانستی تاقی بکەیتەوە. دەی ناتوانیت تاقی بکەیتەوە زانستەکەی. ناتوانی ڕاستگۆیی ئەو خودایە تاقی بکەیتەوە. کەواتە لەدەرەوەی سیستەمی عەقڵانی دیزاین بەڵگە نییە، کە سیستەمی عەقڵانیشمان هەبوو پێویستمان بە بەڵگەی دیزاین نییە بۆ بوونی خودا.