تێبینییەکان لەسەر کتێبی بەڵگەکانی بوونی خودا - نوسینی سامی عامری (١)
بەناوی خودای فرەبەخش و مهیرەبان
درود و سەڵەواتی بێ پایەن بۆ حەزرەتی موحەمەد ﷺ.
دەربارەی کتێبی بەکارهاتوو، ئەو نوسخەیەی لەبەردەستم دایە وەرگێڕانی مامۆستای بەڕێز مەودوود جەبارە. چاپی ناوەندی ڕێنوێن. نۆبەی چاپی یەکەم ساڵتی ٢٠٢٠ ژمارەی سپاردنی ٢٨٠٣ ساڵی ٢٠١٩ پێ دراوە. بۆ گەڕانەوە و دڵنیابوونیش پشتم بەستووە بە چاپی مركز التكوين ساڵی ٢٠١٨ چاپی یەکەمی.
یەکەم : ئیلحاد چییە؟
وەکو هەموو کتێبە سەرەتاییەکان، سامی عامری تەقسیمە پیرۆزەکەی دژە ئیلحادییەکانی کردووە کە ئیلحاد دەکاتە جۆر جۆرەوە. بۆنمونە : ربوبیەت و ئیلحاد لێک جیادەکاتەوە. یاخوود ئیلحاد دەکاتە لاواز و بەهێز. یاخوود لا ادرية نازانمگەرا و ئیلحاد لێک جیادەکاتەوە، بێباکەکان و شیئیەش لێک جیادەکاتەوە. (سەیری لا ٧٥-٨٦ بکە)
لە ڕاستیدا ئەمە وەهمە. زیاتر لە تاکتیکی سیاسیی دەچێت وەک لە تەسەورکردنێکی تەواو بۆ ئیلحاد. لەهەمووی سەیرتر سامی عامری دەلێت کەوا لەبەر ئەوەی ئەم پێناسانە لە قاموسە کلاسیکییەکان هەیە، ئەوە دابەشکردنەکە دروستە. بەڵام ئەم دابەشکاریە جگە لە شتێکی زمانەوانی هیچی تر نییە. دەتوانین هەموویان لەژێر یەک چەتردا پێناسە بکەین کە ئیلحادە ئەویش بڵێین : باوەڕی مرۆڤێکە بەوەی جیهان بە وەحی خوداییەوە نەبەستراوەتەوە. ئەمەش مەبەستەکەیانە. دەنا ئاخۆ بابەتێکی ڕووتی وەکو بوونی خودا، شتێکە لەلایان جێی بایەخ نییە. وە گرنگیەکی وای پێنادەن. ئەگەر سەیرکەین هەر بەڵگەکانیشیان ڕەنگدانەوەی ئەو باوەڕەیە. بۆیە خاڵی دەسپێک دەبێ بزانین هێرش دەکەینە سەر چی. هەتاوەکو خۆمان نەگلێنین لە بابەتێک دا، کە ئیلحاد وەڵام ناداتەوە. بێگومان بوونی خودا دەسپێکێکە. بەڵام مەبەست ئەوەیە ئەگەر کەسەکە ربوبی بێت یان لائەدری یان ئیلحادی (بەپێی ئەوەی سامی ناوی لێناوە) بیرۆکە جامع ـەکەیان ئا ئەوەیە کە باسکرا.
وەهمی جیاکردنەوەی ئەو بیروباوەڕانە وەکو ڕکابەر یان لێک جودا وەهمێکی سەیرە. وەکو شێوازێکی خێڵگەرایی دێتە بەرچاوی خوێنەر. نوسەریش پشتی بەهیچ نەبەستووە وەکو ئەم دابەشکاریە تۆکمەیە بکات. نە لەڕووی زمانەوانییەوە نە لەڕووی فەرهەنگیەوە. کەواتە جیاکردنەوەیان بۆچییە؟ لەلایەکەوە وەهمی سەرکەوتن دەداتە دەست موسوڵمانان، کەوا مەلەفی ئیلحادی کۆتایی هاتووە بە سەلماندنی بوونی خودا. لەلایەکی تریشەوە، لایەنە هێزەکەی ئیلحاد لاواز دەکات. وەکو ئەوەی کە باشترین شێوە بەرامبەرەکەت دەربخەیت و ئنجا یەخەی بگریت.
لایەنی هێزی ئیلحاد لەوەدایە کە گومان دروست دەکات، سەر بەهیچ ڕەوتێک نییە، بەڵکو هێزێکی ڕووخێنەرە دژی ئاین.هەر وشەی نازانم لەلایەن ئایندارەوە بەسە بۆیان. ئەوان ناڵێن وەرن با لە چوارچێوەی مەزهەب و خێڵی ئێمە دا بژین. ئەوان دەیانەوێت ئەو جیاکاریە لەنێوان شتی پیرۆز و دنیایی هەبێت. دەنا بۆنمونە سەیری مولحیدە لێهاتووەکان بکەین بزانین مەسەلەی مەلائیکەت دەکەنەوە لەگەڵ ئیمانداران؟ بێگومان نەخێر! چونکە مەلائیکەت نە ئەپەرسترێ، نە کاریگەری بەسەر ژیانیەوە هەیە. ئەوپەڕی وەکو نمونەیەک باسی بکەن. دەنا هیچ باسێک دەربارەی مەلائیکەت بە شێوەیکی جیدیی ناکەنەوە.
کێشەی ئەم دابەشکاریە لەچی دایە؟ لەوەدایە کە بیروڕاکانی کە دابەشی کردوونە لە حەقیقەت دا جودا نین. کەسێک دەڵێت مولحیدم، یان ربوبیم، یان لائەدریم. هەرهەمووی یەک شتێکە بریتیە لە ئینکاری کردن لە هێزی باڵا لە جیهاندا، جا یەکێ بەهۆی ئەوەیە پێی وایە بوونی نییە، یەکێ بەهۆی ئەوەیە پێی وایە نازاندرێت ، یەکێک پیی وایە هەیە بەڵام تەداخول ناکات. سەیری ئەو بیرۆکانە بکەین دەزانین هەمووی بەیەکتریەوە کۆکن.
بۆیە پێش مەسەلەی دابەشکاری دەبێت چەند باسێکی گەورە هەیە یەکلایی بکرێتەوە:
یەکەمیان: ئایە مرۆڤ بەبێ ژینگە و کۆمەڵگا هیچ بەهایەکی هەیە و هیچ ئامادەباشییەکی هەیە بۆ درککردن بە حەقیقەت؟
دووەمیان: ئایە بێلایەن بوونی ڕەها شتێکە ڕێی تێدەچێت؟
سێیەمیان: ئایە حەقیقەت بەپێی زانینی خۆمان و توانای تاکەکەسییە یان شتێکی گشتگیرە؟
چوارەمیان: ئایە بەڵگە چییە؟ چی بەبەڵگە دەزانرێت.
پێنجەمیان: ئایە بەدەهیات هەنە یان نین؟
شەشەمیان: ئەگەر بەدەهیات هەیە هۆ لەپێشترە یان هۆکار لەڕووی مەقامەوە؟
حەوتەمیان: هۆو هۆکار بە چ شێوەیەک کاردەکات؟
هەشتەمیان: ئایە مەبەست لە بوون چییە؟
نۆیەمیان: ئایە دەشێ هۆکار پەیوەندی بپچڕێت لەگەڵ هۆدا؟
دەیەمیان: چۆن لە دەروون تێبگەین و دەروونی مرۆڤ بریتییە لەچی و بەدوای چیدا دەگەڕێت؟
ئەمانە هەموو بابەتێکن بەداخەوە سامی عامری تەنیا سێیەمیانی کردۆتە پێش جیاکاریەکانەوە. ئەمەش وایکردووە کە نەزانێت چارەسەر لە باسی ئۆنتۆلۆژی و ئیپسیمی، دەگاتە ئاستی ئەوەی کێشە ئیلحادییەکە یەکجاری بنەبڕ بکرێت.
ئەگەر واشمان دانا کە ئەو جیاکاریانەی د. سامی ڕاستە. چونکە وەکو خۆی دەڵێت لە لاپەڕە ٧٣ کە لێکۆڵینەوەکەی تایبەتە بە بوونی خودا و تەنها مەوقیفەکانی تێدا ڕووندەکاتەوە. ئەوکاتە هەر زەرەدی هەیە. چونکە ئێمە نامانەوێت بوونێکی پوخت بسەلمێنین. ئەوە هەرگیز کێشەکە نییە. ئەوکاتە لێکۆڵینەوەیەکی ئاوا سادە دەکرێتەوە. وە لەبەر ئەوەی ئەم پرۆژانەی بە جیا داناوە کێشەیە. ئەبوا یەک زنجیرە با بۆ ئەوەی کەسەکە پەیوەندی نێوانیان بزانیت. بەڵام ئیدی حەیف کاتەکە کەمێک درەنگ بۆ ئەوەی بکرێتە یەک پرۆژە.