---

هەرچی عەقڵ دەرکی پێدەکا یەقینی نیە (م. بەهرۆز عەزیزی)

ئەمە نوسراوەی وانەی مامۆستا بەهرۆز عزیزیە (ادام الله ضله) لە وانەی ضوابط المعرفة.


​«ولكن ينبغي أن نعلم أنه ليس كل ما يدركه الفكر هو من قبيل اليقين». ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە براکەم، دەبێت بزانرێت مەرج نییە تەواوی ئەو شتانەی فکری ئینسانی دەرکیان دەکات بخرێنە بازنەی یەقینەوە. مومکینە ئێستا تۆ شتێکت لەلا بووبێتە فکرێک، کەچی لە بنەڕەتدا هیچ ئەساسێکی نەبێت. خودی ئەمەش دابەش دەبێت بەسەر جۆرەکانی ئیدراکدا کە پێشتر باسمان کردن: حەق بە یەقین، زەنی ڕاجیح (گومانی زاڵ)، شەک، زەنی مەرجوح یان وەهم، وە باتڵ بە یەقین.



​تۆ دەتوانیت بابەتێک لەلات ئەوەندە قاتیعانە و زانایانە و ئاگایانە فێر بووبیت، دەزانیت ئەمە حەقە بە یەقین. بۆ نموونە تۆ دەزانیت کە ١٠ گەورەترە لە ٣. تەواوی ئەم کایناتە بێن و دەلیلت بۆ بهێنن، ئەوەندە لە عیلمەکەی تۆ کەم نابێتەوە. وەکو ئیمامی غەزالی لە پەڕتووکی (المنقذ من الضلال)دا دەفەرموێت: "دەبێت بگەین بەو عیلمەی، کە وەکو چۆن دەزانم ١٠ گەورەترە لە ٣، ئەگەر کابرایەک بێت و ئیدیعا بکات بڵێت ١٠ بچووکترە لە ٣، و بڵێت موعجیزەیەکت بۆ دەهێنم و گۆچانەکەم دەکەم بە مار؛ ئەگەر کردییە مار، من ئەوەندە لە عیلمم کەم نابێتەوە کە ١٠ گەورەترە لە ٣، تەنها تەعەجوب دەکەم چۆن گۆچانەکەی کردۆتە مار! بیر لەوە دەکەمەوە ئایا چۆن کردی یان شتی تر." ئینجا دەبێت بگەین بەو دەرەجەیە، بەمەش دەڵێن "حەقی یەقین".



​یان دەکرێت بابەتەکە "زەنی ڕاجیح" بێت. هێشتا هەندێک جێگەی تەمومژ ماوە کە بۆت ڕوون نەبووەتەوە، بەڵام گومانێکی زاڵت بۆ دروست بووە کە ئەمە وایە. یان شەک، کە تێیدا دوو لایەنی تەرازووەکە یەکسانن (٥٠ بە ٥٠). یان "زەنی مەرجوح" و وەهم، بۆ نموونە تۆ ئێستا بە ڕێژەی ٣٠ سەدی گومان دەکەیت کە ئەم مەسەلەیە وایە.

​بۆ نموونە سوبحانەڵڵا، ئەو گومانەی کە زۆربەی ئێمەی موسڵمانان بەوپەڕی داخەوە بەرامبەر بەوانی تر دەیبەین چ جۆرێکە؟ لە دەرەجەی زەنی مەرجوحە، یان باتڵ بە یەقینە، لە باشترین حاڵەتیشدا شەکە! زۆر بەدەگمەن دەگاتە زەنی ڕاجیح. کابرایەک وایدابنێ بڕیارە ئەمڕۆ سەعات ١٠ پەیوەندیم پێوە بکات، بەڵام پەیوەندی نەکرد؛ شەیتان دێتە مێشکمەوە و دەڵێت پەیوەندی نەکرد چونکە قینی لێتە! 


بابە، لە بەرامبەر ئەمەدا هەزاران ئەگەری تر دەکرێت هەبێت؛ خوای نەخواستە ڕەنگە ئەو پیاوە مردبێت، مۆبایلەکەی ون کردبێت، کێشەیەکی بۆ دروست بووبێت، زیندانی کرابێت، قاچی شکابێت، یان کەسێکی نەخۆش کەوتبێت و دەستی گیر بووبێت. بەڵام ئەم ئینسانە ئەو ئەگەرانە وەرناگرێت و دەڵێت: حەتمەن وا بوو، حەتمەن ئیشی بەخەفا کرد! کاتێک ئێمە ڕێگاکانی مەعریفەمان زانی و کارمان پێکرد، هێواش هێواش لەو جۆرە بیرکردنەوانە دەردەچین.



«​وعلى الأقل أن يصنف» ئەمە فرە گرنگە برا عەزیزەکەم. ئێمە هەموومان مەعلوماتێکمان هەیە کە یەقینییە. مەعلوماتێکمان هەیە کە زەنی ڕاجیحە، وە مەعلوماتیشمان هەیە کە ئەسڵەن شەکە. دەبێت تۆ هەر لە ئێستاوە، مەعاریفەکەی خۆت پۆلێن بکەیت و دەستە دەستەی بکەیت. وجوودی ئەڵڵا تەعالا، حەقانییەتی ئیسلام، حەقانییەتی قورئان، حەقانییەتی پێغەمبەر، قیامەت؛ ئەوانەی کە لەلات یەقینین جیایان دەکەیتەوە و دەیانخەیتە لایەکەوە. ئەوەشی کە بۆ نموونە لە بابەتی فیقهیدا پەیڕەوی مەزهەبی شافعیم، ئەمانە یەقینی نین (چونکە تۆ موقەلیدی کەسێکی تریت)، ئەمانە دەبنە زەنی ڕاجیح؛ دەڵێیت ئەمەیە حوکمی شەریعەت و دەیشخەیتە لایەکی ترەوە. تەنانەت ئەگەر گەیشتیتە ئاستی ئیجتیهادیش، دیسانەوە ئیجتیهادەکەی تۆ هەر زەنی ڕاجیحە و یەقینی موتڵەق نییە.


​هەندێک مەسەلە هەیە دەبینیت کۆمەڵێک لە زانایان دەڵێن مەزهەبی سەحیحی عەقیدەیی ئەمەیە لە فڵانە بابەتدا، کۆمەڵێکی تر دەڵێن نەخێر شتێکی ترە. لە ڕاستیدا چییە؟ تۆ بە تەقلید کەوتیتە شوێنی ئەم ڕایە، ئەمەش لە کۆتاییدا هەر زەنی ڕاجیحە. کەواتە وای دابنێ کە یەقینی قاتیع نییە بۆ ئەوەی هەرکەسێک موخالەفەی کرد یەکسەر نەڵێیت ئەوە باتڵی قاتیعە! نابێت خۆشت دەمارگیری (تەعەسوب)ت هەبێت لەسەر ئەو بابەتە و ئەگەر ڕاستییەکەشیان بۆ دەرخستیت هەر سووربیت لەسەری. ئا بەم شێوەیە خۆت هەڵدەخەڵەتێنیت! تۆ بە بەڵگەی قاتیع و یەقینی و بورهانی بەدواداچوونت بۆ ئەو مەسەلانە نەکردووە، تەنها بەوەی فڵان کەس وای گوتووە شوێنی کەوتوویت، لە کاتێکدا نە ڕێگەی ئیستینبات دەزانیت و نە ڕێگەی دەلالەتی دەلیل.



​لەبەر ئەمە، دەبینین ئیمامی شافعی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) لەم جۆرە بابەتانەدا دەفەرموێت: «قولنا صواب يحتمل الخطأ، وقول غيرنا خطأ يحتمل الصواب» (قسەی ئێمە ڕاستە و ئەگەری هەڵەی تێدایە، قسەی بەرامبەرەکەشمان هەڵەیە و ئەگەری ڕاستی تێدایە). بەداخەوە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەی موسڵماناندا، ئەم هەموو شەڕ و دەمەقاڵێیە لەسەر ئەوەیە کە لەم بابەتە تێ نەگەیشتووین. کابرا خۆی موقەلیدە (بۆ نموونە شافعی یان حەنەفی مەزهەبە)، لە کاتێکدا خودی موجتەهیدەکەش لەو مەسەلانەدا بە زەنی زاڵ (الظن الغالب) گوتوویەتی ئەمە وایە؛ کەچی ئەم گرتوویەتی بە مالیکییەکەوە و پێی دەڵێت تۆ گومڕایت! بابەتەکانی تریش هەر ئاوایە. بۆیە «وعلی الأقل أن یصنف معارفه»، مرۆڤ دەبێت مەعاریف و ناسینەکانی خۆی لە چوارچێوەی یاسا فیطری و بنەماکانی خۆیدا چین بە چین پۆلێن بکات و هەریەکەیان بخاتە ئەو پلە و دەرەجەیەی کە شایەنیەتی.



​هەندێک مەسەلە هەیە کە ئەسڵەن لەلای تۆ وەهمە، ئیتر بۆچی ئەوەندە سووریت لەسەری؟ کابرا لەبارەی مەسەلەیەکی ئایینییەوە زانیارییەکەی تەنها وەهمە، کەچی جەنگ و قاڵی لەسەر دەکات. پێویست بەوە ناکات. وەکو ئیمامی غەزالی لە پەڕتووکی (فيصل التفرقة)دا دەڵێت: ئەو کابرایەی کە خەڵکی تر تەکفیر دەکات، کاتێک لە مەزهەبەکەی خۆی دەپرسیت دەلیلت چییە کە ئەمە ئاوایە؟ بێدەنگ دەبێت و ناتوانێت وەڵامت بداتەوە! پێی دەڵێت تۆ خۆت موقەلیدێکی و هێشتا نازانیت کە ئەمەی وەرتگرتووە ئایا لەم بابەتەدا حەقی موتڵەقە یان نا!



​عەرزتان دەکەم مەسەلەگەلێکمان هەن کە یەقینین، وە بە بەڵگەی یەقینی پێمان گەیشتوون. ئەگەر لەلای هەرکەسێکیش یەقینی نین، دەبێت بڕوات بەدواداچوون بکات تا بۆ خۆی بیکاتە یەقین، بۆ ئەوەی ڕاڕا نەبێت. «والعقل بما لدیه من موازین فطریة هي أبعد عن الخطأ من شهادات الحس»، تەماشا، عەقڵ بەو پێوەرە فیطرییانەی کە هەیەتی، زۆر دوورترە لە هەڵە بەراورد بە شایەتحاڵیی هەستەکان (شهادات الحس). ئایا هەستی مرۆڤ هەڵە دەکات؟ بەڵێ! زۆر جار بینیتانە لە ڤیدیۆیەکدا وادەردەکەوێت کابرایەک خەریکە جامی ئۆتۆمبێلێک پاک دەکاتەوە، بەڵام کاتێک کامێراکە دوور دەخرێتەوە، دەبینیت ئۆتۆمبێلێکی یاری بچووکە لەپێش کامێراکە دانراوە و ئەویش لە دوورەوە جوڵەی بۆ دەکات. تۆش دەڵێیت بە چاوی خۆم بینیم! هەستەکان هەڵە دەکەن. تەنانەت دەنگیش ساختە دەکرێت، وەکو ئەوەی ماوەیەک پێش ئێستا دەنگی چەند مامۆستایەکیان ساختە کردبوو کە گوایە قسەی نەشیاو دەکەن.



​کەواتە ئەم پێوەرە فیطرییە عەقڵییانە زۆر دوورترن لە هەڵە لە چاو شایەتیی هەستەکان، یان شایەتیی کەسانی تری نامەعسوم. عەقڵ حەکەمێکە کە دەگەڕێینەوە بۆی بۆ پشکنین و جیاکردنەوەی ئەو شتانەی بە هەست دەرکیان پێدەکرێت یان لە هەواڵی کەسانی ترەوە دێن، تا بزانین کامیان ڕاستە و کامیان باتڵە. «ویقبل فیجزم بما یراه حقا یقینیا»، واتە بە یەقینەوە بڕیار دەدات کە ئەمە حەقی یەقینییە. ئەوەشی زەنی ڕاجیح بێت قبوڵی دەکات. ئەوەشی کە شک و گومانی تێدا بێت وازی لێ دەهێنێت یان دەیخاتە ئاستی وەهم. ئەوەش کە عەقڵ بڕیار دەدات مەحاڵە، قاتیعانە ڕەتی دەکاتەوە بەپێی ئەو یاسا عەقڵییانەی کە هەیەتی.



​بۆ نموونە فەرموودەیەک لە فەرموودەکانی پێغەمبەری خوا (سەلامی خوای لێ بێت)ت پێدەگات؛ ئەگەر فەرموودەکە موتەواتر بێت، ئەوە دۆخێکی جیاوازە. ئەگەر ئاحادیش بێت، بەدواداچوونی بۆ دەکەیت و سەیری ڕیجال و ڕێگاکانی گێڕانەوەکەی دەکەیت، تا لە کۆتاییدا زەنی ڕاجیحت بۆ دروست دەبێت کە بەڵێ ئەمە فەرموودەی پێغەمبەرە. بەڵام ئەگەر موتەواتر بوو، دەگاتە پلەی یەقین کە بەڵێ پێغەمبەر فەرموویەتی: (من كذب علي متعمدا فليتبوأ مقعده من النار). ئەمە موتەواترە چونکە خەڵکێکی زۆر گێڕاویانەتەوە و بەپێی قاعیدە عەقڵییەکان دەڵێین ئەمە یەقینییە.



​یان بابەتێکی تر؛ لە (صحیح مسلم)دا ڕیوایەتێک هاتووە، دەڵێت ئەبو سوفیان کاتێک ئیمانی هێنا، بە پێغەمبەری خوا (سەلامی خوای لێ بێت)ی گوت: من دەمەوێت ئوم حەبیبە (کچی خۆی) بکەم بە هاوسەرت. ئیمامی نەوەوی و شارحانی تری فەرموودە و تەنانەت ئیبن تەیمیەش دەڵێن هیچ خیلافێکی تێدا نییە کە ئوم حەبیبە زۆر پێش ئەم ڕووداوە هاوسەرگیری لەگەڵ پێغەمبەر کردووە. کەواتە ئەم فەرموودەیە هەڵەیە با لە (صحیح مسلم)یشدا هاتبێت! کاتێک تۆ بەدواداچوونی بۆ دەکەیت، قاعیدەی عەقڵ دەڵێت ئەمە مەحاڵە، چونکە لەلایەکی ترەوە بە ڕێگەیەکی مەشهوور یان موتەواتر لامان جێگیرە کە ئوم حەبیبە زۆر پێشتر هاوسەرگیری کردووە. کەواتە ئەم ڕیوایەتە کە بە ڕێگەیەکی زەنی هاتووە، تەعاروزی هەیە و ڕەتی دەکەینەوە.



​هەر شتێک دەچێتە ناو سیستەمی فکریی مرۆڤەوە، هەمووی یەقینی نییە. ئاستەکانی بریتین لە حەق بە یەقین، زەنی ڕاجیح، شەک، زەنی مەرجوح، وە باتڵ بە یەقین. چۆن جیاوازی بکەین لە نێوان ئەم ئاستانەی ئیدراکدا؟



یەکەم: کاتێک هەستەکان شایەتییەکی دڵنیاکەرەوە و قاتیعانە دەدەن دوای چەندین جار تاقیکردنەوە (متواتر)، و لەگەڵ هەستەکانی تریشدا یەکدەگرنەوە و شایەتیی هەستی کەسانی تریش هەمان شت دەسەلمێنێت، و هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ بنەما عەقڵییە قاتیعەکاندا نییە؛ لێرەدا ئەو مەعریفە هەستییە دەبێتە یەقینێکی تەواو. هەرچەند هێزی ئەم ئیدراکە هەستییە بێتە خوارەوە، پلەی مەعریفەکەش دادەبەزێت بۆ پلەی زەنی ڕاجیح، تا دەگاتە شەک و پاشان زەنی مەرجوح. یەکێک لە مەرجەکانی فەرموودەی موتەواتریش ئەوەیە کە دەبێت گێڕەرەوان بە هەستی خۆیان (وەک بیستن یان بینین) ڕووداوەکەیان وەرگرتبێت تا بچێتە چوارچێوەی تەواتورەوە.



​کاتێک خەڵکانی تر دێن هەواڵێکت بۆ دەگێڕنەوە، ئەگەر هەواڵەکە گەیشتە ئاستی تەواتور (واتە لە هەر چینێکدا ئەوەندە کەسی تێدابوو کە عەقڵ بڕیار بدات مەحاڵە ئەم هەموو خەڵکە لەسەر درۆیەک ڕێککەوتبن). بۆ نموونە لە چینێکدا ١٠٠ کەس هاتوون، مرۆڤی ڕەشید و عاقڵ، هەریەکەیان بەشێوەیەکی دروست گێڕاویانەتەوە، ئیتر باوەڕ ناکەیت ئەم ١٠٠ پیاوە ڕێککەوتبن لەسەر درۆیەک. قورئانی پیرۆز نموونەیەکی ڕوونە؛ لە نەوەی یەکەمەوە هەزاران ئینسان خستوویانەتە سینەی خۆیانەوە و گێڕاویانەتەوە بۆ ملیۆنەها ئینسان لە دوای خۆیان، وە نەوە دوای نەوە هاتووە بێ ئەوەی جیاوازییەکی تێدا بێت! تۆ بە یەقین دەزانیت کە ئەم قورئانە حەقیقەتەن پێغەمبەر موحەممەد (سەلامی خوای لێ بێت) هێناویەتی.



​هەندێک جار ڕەنگە نەگاتە ئاستی تەواتوریش، بەڵام عەقڵ دەڵێت مەحاڵە ئەمە درۆ بێت. بۆ نموونە، زانایانی فەرموودە باس لەوە دەکەن چەند کەسێک لە چەند شارێکی جیاوازەوە (شام، خوراسان، میسر، یەمەن) فەرموودەیەکی درێژ وەکو یەک دەگێڕنەوە بێ ئەوەی هەرگیز یەکتریان بینیبێت. لێرەدا عەقڵ دەڵێت ئەمە قەرینەیەکی زۆر بەهێزە لەسەر ئەوەی ئەمانە ڕاست دەکەن چونکە ڕێکەوت لێرەدا مەحاڵە. بەو مەرجەی ناوەڕۆکی خەبەرەکەیان لەگەڵ هیچ بنەمایەکی عەقڵدا دژایەتی نەبێت.



​سەیر لەوەدایە کەسانێک جیدال و مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەن کە گوایە فەرموودەی ئاحاد عیلمی یەقینی دەگەیەنێت، بەڵام عەقڵ ئەمە قبوڵ ناکات. ئایا دەگاتە پلەی زەنی ڕاجیح؟ بەڵێ. ئایا زەنی ڕاجیح جۆرێکە لە عیلم و ئێمە موکەلەفین کاری پێ بکەین لە ئەحکامدا؟ بەڵێ. بەڵام لە بابەتەکانی عەقیدەدا مەسەلەکە جیاوازە. عەقیدە واتە شتێک کە یەقینم بۆ دروست بکات. ئەگەر فەرموودەکە ئاحاد بێت، با تۆ جێگەی متمانەترین کەسیش بیت، ئەگەری هەڵەکردن هەیە چونکە مەعسوم نیت، کەواتە یەقین حاسڵ نابێت. بۆیە زانایانێکی زۆر پێیان وایە کە بە فەرموودەی ئاحاد عەقیدە دانامەزرێت. ئەمە بۆ ڕەتکردنەوەی فەرموودە نییە؛ بۆ نموونە مەزهەبی ئەشاعیرە گێڕانەوەکان قبوڵ دەکات، بەڵام بەپێی کۆمەڵێک زەوابیت مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.



​تەنانەت ئەو زەنە ڕاجیحەش کەی دەتوانیت کاری پێ بکەیت؟ کاتێک موخالەفەی دەقە قاتیعەکانی شەریعەت یان بنەما قاتیعەکانی عەقڵ نەکات. قورئان ئەسڵە؛ هەر فەرموودەیەکمان دەستکەوت کە تەعاروز و دژایەتییەکی تەواوی لەگەڵ قورئاندا هەبوو، ئەوا بێگومان ئەو فەرموودەیە قسەی پێغەمبەری خوا نییە. ئەمە قەت بۆ سووکایەتیکردن و ڕەتکردنەوەی زانستی فەرموودە نییە براکەم. ئەمانە کۆمەڵێک قاعیدەن زانایانی مستەڵەحی فەرموودە داویانەتە ڕوو. هەرچەندە فەرموودەی ئاحاد ئەگەر کۆمەڵێک قەرینە و بەڵگەی لەگەڵدا بێت (وەک کۆدەنگی ئوممەت لەسەری)، ئەوکات عیلم دەگەیەنێت، وەکو ئیبن حەجەر لە (نزهة النظر)دا دەفەرموێت.



​قسەی پێغەمبەری مەعسوم (سەلامی خوای لێ بێت) هاوشێوەی خەبەری موتەواترە. گەر تۆ لە سەردەمی پێغەمبەردا بوویتایە و خۆی هەواڵێکی پێ بدایتایە، تەواو یەقینی دەبوو. کێشەکە کاتێکە قسەکە دەگێڕدرێتەوە (وما آفة الأخبار إلا رواتها)! لەسەر توێژەر پێویستە هەواڵە زەنییەکان لە چوارچێوەی بنەماکانی توێژینەوەی زانستی لای زانایانی فەرموودەدا بپشکنێت، و لە کاتی پشکنینی ڕیوایەتەکاندا دادگاییکردنە عەقڵییە تایبەتەکانی خۆیشی بەکار بهێنێت. زانستی فەرموودە تەنها ناسینی لاوازیی گێڕەرەوان نییە. زۆر جار سەندەکە وەکو خۆر ڕوونە، بەڵام دەقەکەی کێشەی تێدایە (لێرەدا زانستی علل الحديث دێتە پێشەوە). وەکو ئەو فەرموودەیەی پێشتر کە گوایە پێغەمبەر لە نوێژی خۆرگیراندا چوار ڕوکوعی بردووە، لە کاتێکدا قاعیدەکان دەیسەلمێنن کە شازە هەرچەندە لە ناو صحیح مسلم-یشدا بێت. ئەمەش خوای نەخواستە مەبەست لێی کەمکردنەوەی بەهای (صحیحین) نییە؛ ئەمە کاری زانایانە و خۆیان دەزانن چۆنە. کاتێکیش چەند حاڵەتێکی لەم شێوەیە دەستنیشان دەکەیت، دەبینیت زۆرینەی ڕەهای فەرموودەکانی تر هیچ کێشەیەکیان نییە.



​سێیەم: کاتێک عەقڵ حوکمەکانی پێشکەش دەکات، ئەگەر بەپێی یاسا قاتیعەکان بن یان پشتیان بە بەڵگەی یەقینی بەستبێت، ئەوا دەبنە حوکمی یەقینی. دەی ڕەحمەتی خواتان لێ بێت، ئەو حوکمانەی کە ئێستا دەدرێن و دەڵێن فڵانە شت بیدعەیە و فڵانە شت حەرامە، کامیان ئەم ڕێگەیانەی بڕیوە تا بڵێین حوکمێکی یەقینییە؟ زۆربەیان ڕێگەی ئیستینباتەکەیان لاوازە و قابیلی ڕەخنە و ڕەتکردنەوەیە.



​ئەگەر حوکمەکەش پشتی بە بەڵگەیەکی عەقڵیی زەنی بەستبوو، حوکمەکە دەبێتە زەنی. ئەحکامی فروعیی فیقهی هەمووی ئیجتیهادی و زەنین، بۆیە دەوترێت (لا إنکار في مسائل الخلاف). چونکە ئیجتیهادەکەت یەقینی نییە و ناتوانیت ئیدیعا بکەیت حەقەکە تەنها لای تۆیە. هەمان شت بۆ بابەتە فروعییەکانی عەقیدەش ڕاستە. خەڵکی ئەمڕۆ وا دەزانن کاتێک ئیبن تەیمیە شتێکی گوت ئیتر تەواو ئەوە حەقە! ئیبن تەیمیە (بە ڕەحمەت بێت) بە ئیجتیهادی خۆی گەیشتووەتە ئەو دیدگایە، زانایەکی تری وەکو فەخرەدینی ڕازی بە ئیجتیهادی خۆی گەیشتووەتە دیدگایەکی تر. بۆیە مەسەلەگەلێکی نەزەرین، تۆ بۆت نییە بڵێیت ئەوەی فڵان حەقە و ئەوی تر باتڵ. گەر تواناکەت هەبێت دەتوانیت بۆ خۆت بەدواداچوونیان بۆ بکەیت، بەڵام حەقت نییە بە کەسانی تر بڵێیت گومڕا، موبتەدیع، یان کافر. ئەگەر حوکمەکانیش ئیحتیماڵی بوون و هیچیان بەسەر ئەوی تردا زاڵ نەبوو، ئەوا یان لە پلەی شەکن یان زەنی مەرجوحن.