ئایە شێوازی کۆنیەتی جۆری (قدم النوعي) لەگەڵ شەریعەت و عەقڵدا گونجاوە؟
شەریعەت و کۆن بوونی جیهان وەکو باسکراوە بەیەکەوە ناگونجێن. گەرچی زۆرێک لە موسولمانان باوەڕیان وایە دەتوانن هەماهەنگی بکەن لەنێوان شەریعەت و کۆنبوونی جیهان وتوویانە: گومانمان نییە لەوەی ئەو کۆنیەتییەی لە فەلسەفە باسکراوە مەعقول نییە. بەڵام لێرەدا جۆرێکی تری کۆنییەتی هەیە ئەویش کۆنیەتی جۆرە. ئەمە واتای ئەوەی جیهان لەپێش جیهان هەبووە بێ سەرەتا. بۆیەش کۆی ڕووداوەکان بە نەوع قەدیمە و دانەدانەی حادیسە. بەشێوەیەک کۆبۆتەوە کە وابکات هەرگیز ڕووداوێکی یەکەم بوونی نەبووبێت.
تۆبڵێی ئیشیان چییە بەم ئیشە؟ هەندێکیان ڕەنگە لایان وابێت بەڵگەکانی فەیلەسوفان دروستن، هەندێكیش ڕەنگە لای وابێت کە شەرع وا ئەخوازێت، بۆ ئەوەی سیفەتێکی زیادکراو نەدەینە پاڵ خوا، دەبێت بڵێین نەوعی ئەو سیفەتە قەدیمە. بەڵام دانە دانەی حادیسە. ئەمەش ڕزگاریان دەکات لەو قسەیەی کە ئەگەر خوا لە ئەزەلەوە قسەی نەکردبێت تا سەردەمی وەحی ئەوە سیفەتێکی بۆ دروست بووە. ئەوان دەڵێن نا بەڵکو سیفەتەکە تەنها تجددی کردووە. جا زۆرێک لە خەڵکی بەتایبەتی سەلەفی کەوتوونەتە ئەو هەڵە گەورەوە وادەزانن ئەو قسەیە لەگەڵ شەریعەت یەکدەگرێتەوە. لەڕاستیدا نەک هەر یەک ناگرێتەوە تەنها بە بۆنەی شتانێکی زۆر بچووکەوە دەتوانین ئەو باسە هەڵوەشێنینەوە.
یەکەم: لەڕووی عەقڵی پەتییەوە
ناشێت دانەدانەی حادیسەکان حادیس بن و نەوعەکەی قەدیم بێت، چونکە ئەو نەوعە تەنها لە کۆبوونەوەی جوزئەکانی پێکهاتووە، دەی ئەگەر وابێت کۆکراوەی کۆمەڵێکی حادیس ببێتە قەدیم دەبێت دان بەوەدا بنێین شت لە هیچەوە دێت، مادام دەزانین فاقد الشيء لا يعطيه واتا ئەوەی توانای شتێکی نەبێت نایبەخشێت، بۆیە کۆکردنەوەی حادیسەکان نابێتە هۆی قەدیم بوونی بۆیەش عالەم ئیلان دەبێت حادیسەکی قەدیمی زاتیی تێدابێت تاوەکو قەدیم بێت.
دووەم: ئیلزامکردن بە دەرچوون لە شەریعەت
شێخی گەلەنبەوی ئەفەرموێت:
اهل العوالم الغير المتناهية من عالمنا هذا الى القدم لانها: إما محشور في وقت من الاوقات بالحشر الجسماني او لا. وعلى الثاني يلزم انكار حشر الجسماني وهو باطل شرعاً. وعلى الاول يلزم جنات غير متناهية يسكن فيها اهل تلك العوالم، وكذا يلزم جهنم غير متناه بالعدد على أن مجرد اجتماع المحشورين في زمان واحد يستلزم وجود الاجسام الغير المتناهية دفعة [....] فالقول بقدم العالم سواء بالشخص او بالنوع لا يمكن ان يجتمع مع الشريعة.
واتە: خەڵکی ئەو عالەمانەی پێشووە بێکۆتاییە. یان ئەوەتا حەشرکراون بە حەشری جسمەکانیان، یان نەخێر. وە ئەوەی دووەم لازم لێوەی دێت کە حەشری ماددی ڕەتکەینەوە و ئەمەش مەحاڵە، وە ئەگەر حەشر کرابن ئەوە دەبێت بەهەشتەکانیان بێکۆتا پانتاییان هەبێت بەیەکجارەکی، ئەمەش مەحاڵە، بۆیە ئەگەر نەوع یان هەر شتێک قەدیم بێت لە مەخلوقات مەحاڵە لەگەڵ شەریعەت یەک بگرێتەوە.
پرسیار: بۆ ناشێت خوا بۆ ئەوان حەشری ڕووحانی دانابێت بۆ ئێمە جەستەیی؟
وەڵام: ئەمە قسەی موسولمانان نییە، چونکە حەشری ڕووح بەتەنیا، مانای نییە. یەکەمیان حەشری ڕووحی وای دائەنێت شتی نامادیی بوونی هەیە، ئەگەر ئەمەش وابێت ، مانای ئەوەیە کە دان بەبوونی شتی نامادی و دیارینەکراو و شویننەگر دائەنێن ئەمەش پێچەوانەی ئەوەیە کە بڕیاریان داوە هەرشتێک بوونی هەبێت دەبێت شوێنێک داگیر بکات. بۆیە قسەکانیان یەکانگیر نابێت، بەڵکو دەکەونە دژبەیەکەوە.
ئەگەر ئەمەشـمان قبوڵکرد هێشتا کێشە هەیە، چونکە رابردوو بێکۆتایە، لە بێکۆتادا هێشتا بێکۆتا ئەگەر هەیە کە حەشری جسمانی بۆ بێکۆتا مەخلوق داندرابێت. ئەمەش وادەکات کە بێکۆتا جێی تێدا ببێتەوە بەمەش بەهەشتە گریمانەییەکەی باسمان کرد کە سنوری نییە، بوونی دەبێت و دەبێت جائیز بێت. یان دەبێت بڵێن جائیزە خوا ئەو جەهەنەم و بەهەشتەی کە هەیە، لەناوی بەرێت، دەی ئەمەش لەگەڵ شەریعەت گونجاو نییە.
ئەگەر وتیان وەڵا کێ دەڵیت ئەسلەن حەشر دەبێت بکرێن؟ دەڵێین بەپێی ئەوەی کە بڕیارتان داوە خوا شتی بێ ئامانج دروست ناکات. ئەگەر دەتانەوێت ڕاستگۆ بن لەگەڵ خۆتان دەبێت یەک بەیەکەی جیهانەکانی پێشوو مەخلوقی موکەلەفی تێدابێت و حەشرکرێن.
لەکۆتایی دا لایەنێک هەیە کە باسنەکراوە حەزدەکەم وەڵامی بزانم: چۆن دەزانین ئێمە لە کامە عالەمە دروستکراوەی خودایە داین؟ بێکۆتا ئەگەر هەیە کە عالەم بە یاسا و شەریعەتی جیاجیا بەڕێوە چووە، چۆن دەزانین ئێمە، یان یاسا عەقڵییەکان لەو عالەمەدا نیە خوا فەرامۆشی کردووە و حەشری ناکات؟ ئایە تەنها حوسن و قوبحی موعتەزیلیی ڕێگر نییە لەوە؟ دواتر چۆن دەزانین لە بێکۆتا ئەگەر دا درککردنمان بە حوسن و قوبح ڕاستەقینەیە؟