---

خورافەی دینی ئیبراهیمی: دینی ئیسلام لەنێوان تەحریفکاری و لیبڕاڵیزم دا

ئاگاداری: ئەم نوسینە بانگەشە بۆ ئەوە ناکات کە دینەکان بکرێنە یەک، شەریعەتەکان هەڵبوەشێنەوە، دینی ئیسلام و مەسیحی و یەهوودی تێکەڵ بکرێت. بەڵکو ڕوونکردنەوەی باسەکەیە بە ڕەچاوکردنی واقیع و سیستەمی لیبراڵیزمی ئەمریکی.


لەم بیست بۆ سی ساڵەی ڕابردوو دایمە مشتومڕ هەبووە لەنێوان ئاینداران کە پرۆژەیەکی جیهانی گەورە بەڕێوەیە کە ئایینە ئیبراهیمییەکان (مەسیحیەت - یەهودیی - ئیسلام) بکرێت بەیەک دین و مرۆڤیش باوەڕی بەو دینە دەستکردە هەبێت. ئیتر جیاوازی دینەکان لابدرێت و هەموویان ببنە یەک. ئاوها پلانی سیستەمی جیهانی نوێ تێدەگەن کە بریتیی بێت لە کافربوون بە دینی خوا و ئیسلام و دین بشێوێندرێت. ئەم پلانەی کە باسدەکرێت پێچەوانەیە لەگەڵ بیروباوەڕی لیبراڵیزم دا و تا ڕادەیەک ئیدعای ئیسلامە. خاڵ خاڵ لەگەڵی ئەڕۆین و شیکاری دەکەین بزانین ئایە باسەکە بەچی دەگات.


١. یەکخستنەوەی دینەکان

خودای مەزن ئەفەرموێت : قُلْ يَا أَهْلَ الْكِتَابِ تَعَالَوْا إِلَىٰ كَلِمَةٍ سَوَاءٍ بَيْنَنَا وَبَيْنَكُمْ أَلَّا نَعْبُدَ إِلَّا اللَّهَ وَلَا نُشْرِكَ بِهِ شَيْئًا وَلَا يَتَّخِذَ بَعْضُنَا بَعْضًا أَرْبَابًا مِّن دُونِ اللَّهِ ۚ فَإِن تَوَلَّوْا فَقُولُوا اشْهَدُوا بِأَنَّا مُسْلِمُونَ (64) يَا أَهْلَ الْكِتَابِ لِمَ تُحَاجُّونَ فِي إِبْرَاهِيمَ وَمَا أُنزِلَتِ التَّوْرَاةُ وَالْإِنجِيلُ إِلَّا مِن بَعْدِهِ ۚ أَفَلَا تَعْقِلُونَ (65) هَا أَنتُمْ هَٰؤُلَاءِ حَاجَجْتُمْ فِيمَا لَكُم بِهِ عِلْمٌ فَلِمَ تُحَاجُّونَ فِيمَا لَيْسَ لَكُم بِهِ عِلْمٌ ۚ وَاللَّهُ يَعْلَمُ وَأَنتُمْ لَا تَعْلَمُونَ (66) مَا كَانَ إِبْرَاهِيمُ يَهُودِيًّا وَلَا نَصْرَانِيًّا وَلَٰكِن كَانَ حَنِيفًا مُّسْلِمًا وَمَا كَانَ مِنَ الْمُشْرِكِينَ (67) إِنَّ أَوْلَى النَّاسِ بِإِبْرَاهِيمَ لَلَّذِينَ اتَّبَعُوهُ وَهَٰذَا النَّبِيُّ وَالَّذِينَ آمَنُوا ۗ وَاللَّهُ وَلِيُّ الْمُؤْمِنِينَ (68) 

تا ئێرە ئایەتی قورئان و تەفسیری ئومەتی ئیسلامیە بۆی کە هیچ گومانێک هەڵناگرێت پێغەمبەر ﷺ بانگەشەی یەهوود و مەسیحی کردووە کە تەنها خوا بپەرستن. هەندێکیش فەرموویانە کە مەبەستی لە كَلِمَةٍ سَوَاءٍ بریتیە لە ئیسلام. 

لە سێ شتی سەرەکی دا مەسیحیەت لە ئیسلام جیابۆتەوە:

1- باوەربوون بە سیانەیی پیرۆز
2- باوەڕبوون بە شەریعەتی سیکۆلاری
3- مەعسوم نەبوونی پێغەمبەران. 

یەهوود لە دوو شتی سەرەکی لە ئیسلام جیابۆتەوە:

1- مەعسووم نەبوونی پێغەمبەران.
2- باوەڕکردن بە شەریعەتی سیکۆلاری. 

بۆیە بانگەشەی ئیسلام ڕوونە وەرنە سەر ئەوەی خودا گرنگی بە بەندەکانی دەدات واز لە ئەو شتە زیادانە بێنن کە مرۆڤەکان دروستیان کردووە تێیدا. بەمەش لەسەر دینی خۆیان نامێننەوە. بۆیە ئیسلام دەیەوێت ئەو دینانە لەخۆیدا بتوێنێتەوە و شەریعەتیش مادام شەریعەتی خوداییە باشترە لە شەریعەتی بەشەر. بۆیە پێغەمبەر ﷺ داوای لێکردوونە بێنە سەر وتەی حەق، کە هەرسێ دینەکە جەختی لێدەکاتەوە. کە یەک خودا هەیە، خالقی ئەرز و ئاسمانە. پێغەمبەرانی ناردووە بە شەریعەتێکی ڕوون و ڕەوان. ئەمانە چارەسەربکرێت وردە وردە بەرەو ئیسلام دێن و دەبینە یەک دین. ئەگەر وایان نەکرد {اشْهَدُوا بِأَنَّا مُسْلِمُونَ}. 

قورئانی پیرۆز بە ڕوونی شیدەکاتەوە ئەو دینانە شەرعیەتی هەبوون و باوەڕپێ بوونیان نییە. ئەوەی مەبەستە و ئەسڵە لە ئیسلامدا هەیە. دوای ئەوە ئەفەرموێت : مَا كَانَ إِبْرَاهِيمُ يَهُودِيًّا وَلَا نَصْرَانِيًّا وَلَٰكِن كَانَ حَنِيفًا مُّسْلِمًا وَمَا كَانَ مِنَ الْمُشْرِكِينَ. خۆ ئیبراهیم کە ئێوە پێتان وایە کەسێکی چاکە نە یەهوودی بووە نە نەسرانی، بەڵکو حَنِيفًا مُّسْلِمًا بووە و لە الْمُشْرِكِينَ نەبووە. 

بۆیەش مولحیدەکان گەوجن. کاتێک دەڵێن فڵانە شتە لە فڵانە دینە دایە، بۆیە ئیسلام لەوانی وەرگرتووە. لەڕاستیدا ئیسلام کۆکردنەوەی هەموو ئەو حەقەیە کە لەسەرەتای بەشەریەتەوە هەر دابەزیوە و خەڵک لێی غافڵ بوونە. کاتێک مولحید دێت دەڵێت نەخێر لەوانی وەرگرتووە، ئەو تەنها بەپێی بیروباوەڕی خۆی بڕیار دەدات کە لە سەرەتاوە شتێک نییە بەناوی خوا و پێغەمبەر. 

کەواتە یەکخستنی دینەکان بریتیە لە ئیسلام لە جەوهەری حەق و حەقیقەتی دا. ئەو حەقیقەتەیە کە هەموو کتێبە دینییەکان باسیان کردووە. ئەوەی کە یەک خودا هەیە. ئەوەی کە شەریعەتی پیرۆز هەیە. إِنَّ أَوْلَى النَّاسِ بِإِبْرَاهِيمَ لَلَّذِينَ اتَّبَعُوهُ وَهَٰذَا النَّبِيُّ وَالَّذِينَ آمَنُوا ۗ وَاللَّهُ وَلِيُّ الْمُؤْمِنِينَ. 

دیقەت بگرن ئەفەرموێت وَاللَّهُ وَلِيُّ الْمُؤْمِنِينَ والله اعلم پێدەچی ئاماژەیەکی بەوە تێدابێت کە یەهوودی و نەسرانیەکان پێیان وایە خوا وازی لە مرۆڤەکان هێناوە و هەر گوناحێک بکەن هەر لەدەست خۆیاندایە و خوا ڕێگری لێناکات و کەس پاک ڕابگرێت. 


ئەمە ئیسلام، ئیسلام واتا هەموو دینەکان دەبێ بتوێنەوە لەو حەقیقەتە سادەیە دا و چیتر سەری خۆیان نەهێشێنن بە قسەی زیادە و بوون بە بەندەی دەستی کەسانی تر و جگە لە خودا کەسی تر بپەرستن. 


کەوایە خودی دینی ئیبراهیمی بەمانای ئەوەی کە حەقیقەتە سادەکانی نێوان سێ ئاینەکە بکرێتە یەک بریتیە لە جەوهەری ئیسلام. ئەگەر دیقەت بفەرموون مەسیحیەکان دەڵێن یەک خودا هەیە سیانەییە. لە بەشی یەکەمدا دانیان بە ئیسلامدا نا. بەڵام دواتر ڕەتیان کردووە بەوەی بڵێن سیانەییە. بەڵام دیقەت بدەنێ خۆشیان نازانن باسی چیدەکەن لە سیانەیی دا. چیە ئەم سیانەییە؟ ئایە زاتیکی سەربەخۆن ؟ دەڵێن نەخێر، ئایە سیفاتن؟ دەڵێن نەخێر. ئایە دەسەڵاتیان بەسەر یەکدا هەیە؟ دەڵێن نەخێر. کەواتە ئەم سیانەییە شتێکە زیاتر لە وەهمیک دەچیت لەبەر دەستگرتن بە کۆمەڵێک دەقی کتێبی پیرۆز و توراسێکی بێ سەروبەر. ئەی بۆ باوەڕ بە پێغەمبەری ئێمە محمد ﷺ ناکەن؟ بۆ باوەڕتان بە ئیبراهیم و موسا و لوط و زەکەریا و شعیب و نوح هەیە علیهم السلام؟ هیچ هۆکارێک نییە. بەڵام ئەوان وادەزانن کە پێغەمبەران مرۆڤیکن وەکو عەوام هەڵەی زەق زەق دەکەن. شوێنکەوتنیان پێویست نییە. ئەمەش بابەتێکی زۆر سەرەکی ترە وەک لە سیانەیی وەهمیی کە کاتێک باسی دەکەن خۆشیان نازانن باسی چیدەکەن. ئەسڵەکە چییە؟ ئەوەیە کە یەک خودا هەیە. تەواو مادام کابرا ناڵێت سێ خودا هەیە ئیتر شەڕی چی لەگەڵ بکەم لەسەر سیانەییەک کە خۆشی بەتەواوەتی لێی تێناگات؟ 

کەواتە ئەو مەسیحیە یان یەهودییە لەسەری پێویستە دەستبگری بەسەر حەقیقەتە سادەکەوە و واز لە زیادە و زیادکاری بێنێت. بەمەش یەکەم هەنگاو دەبێت بۆ داخڵبوونیان لە ئیسلام. ئەمە شێوازی بانگەشەی ئیسلامە. ئیسلام ئەو نەتیجەیەیە بە سادەکردنەوەی مەسیحی و یەهوودی پێی دەگەیت. نەک شتێکی نوێ. 


٢. یەکخستنەوەی دینەکان لە دیدی لیبراڵیزمدا.

بەپێی سیستەمی جیهانی لیبراڵیزم، هیچ قسەیەک دەرهاویشتە (اللازم)ـی نییە. هیچ شتێک نییە مرۆڤ ناچار بکات و نابێت لە بیروباوەڕی دا ناچار بکرێت. ناکرێت کە کەسانێک عەقیدەیان دەستکاری بکەین و ناچاریان بکەین شوێن هیچ بکەون. هەموو دینەکان دەبێت لە قوژبنێکی دەوڵەتدا خەریکی دینداری و خواپەرستی خۆیان بن و تەواو. نە ئەم بەرزترە لەو نە ئەو بەرزترە لەم. بۆیە پێویستیانە دەسەڵات دابەش بکەن، یەکتری قبوڵ بکەن، یارمەتی یەکتر بدەن، بە یەکسان سەیری یەکدی بکەن.


لەڕاستیدا بانگەشەی دروستکردنی دینی ئیبراهیمی بەمانای ئەوەی هەرسێ دینەکە تێکەڵ بکرێت، دژی ئەو بنەما لیبراڵیەیە. مانای چییە تۆ باوەڕت بەوەهەبێ دینێکی نوێ دروست دەکەن و کەس ناچار ناکەن؟ دە دینێکی نوێ دروست دەکەن باوەڕی پێ مەهێنە! ئەهـ! پێویست بەو هەزاران بانگەشەی پیلانگێڕی دەکات؟ نەخێر. پێویستت بەوەیە بیکەیتە هەرا؟ نەخێر.


لەڕاستیدا ئەو بانگەشەیەی دینی ئیبراهیمی لە وەهمیک زیاتر نییە. وەهمێکە زیاتر لە سیاسەت دەچێت وەک لە ڕاستی. تێکەلکردنی دینەکان زەرەد لە بازاڕی سەرمایەداری و دینی مەتریاڵیزم دەدات. نەک قازانجی پێ بگەیەنێت. دەی هەڵەیەکی وا زەق لەلایەن سەرانی لیبرالیزمەوە دەکرێت؟ نەخێر ڕێی تێناچێت. هەڵەیەکی نەک کوشندەیە بەڵکو هەڕەشەیەکی گەورەیە. ئەو دینە ئەگەر هەبێت ملکەچی شەریعەتی دینی دەبێت بەهێزتر دەبێت لەبەردەم تەحەدا نوێیەکان دا. بۆیە بەهیچ شێوەیەک پلانگێڕیەکی وا لە گۆڕێ نییە.


٣. وردبوونەوە لە مانای یەکبوون.

مانای یەکبوونی سێ دینەکە کە باسی دەکەن کەس ناتوانێت پەیڕەوی بکات. ئەو دینانە دژبەیەکەکانیان لابدرێت شتە سادەکان دەمێننەوە کە دینی ئیسلامە. یەهوودی مەسیحیەکان قبوڵیان نابێت. شتە ئاڵۆزەکانیش ناکرێن بەیەکەوە کۆببنەوە و کەس ناتوانێت باوەڕی پێبێنێ. یەکگرتنی دینەکان لەسەرەوە کە باسمان کرد بریتیە لە ئیسلام. بریتییە لە تەوحید. مانەوەی هەردینێک لەسەر دژبەیەکەکانی و باوەڕبوون بە فرەییان و یەکسانیان بیرێکی لیبراڵیە.

ئەی ئەو پەیماننامە و بابەتە سیاسییانە چین؟ ئەمانە هەمووی پرۆژەی لیبراڵین بۆ یەکتر قبوڵکردن و پێکەوەژیانی دینەکان پەیوەندیان بە دروستکردنی دینێکی وەهمیەوە نییە بەناوی دینی ئیبراهیمی. خەریککردنی خەڵکیش بە تەفسیرێکی شەخسی خۆتەوە بۆ بابەتەکان لەوپەڕی نەزانی دایە. 


دینی ئیبراهیمی شتێکی ناپێویست دەبێت؛ چونکە دەزانن کاردانەوەی هەرسێ دینەکە چۆنە لەسەری. دژی بیروباوەڕی خۆیان ئەبێت، لەهەموو ڕوێکەوە زەرەدیانە وەهمێکی وەها برەو پێبدەن. بەڵکو دەیانەوێت تا دەکرێت دین شەخسی بێت و سیاسی گشتی بێت. 


٤. چی بکرێت؟

1- خۆ ڕزگارکردن لە وەهمی پلانگێڕی دینی ئیبراهیمی، ئەوەی باسی دەکەن سەرئەکێشێ بۆ ئیسلام.
2- لادانی وتاری پلانگێڕی بەتەواوەتی جێگرتنەوەی بە وتاری بەربەرەکانێ لەگەڵ مۆدێرنەتە. 
3- وازهێنان لە وەهمکردنی خەڵک بەوەی شەڕێکی نادیار هەیە.
4- وازهێنان لە وتاری ڕووکەشی و عاتیفی بەرامبەر بابەتە سیاسییەکان.


کۆتایی

وەهمی دینی ئیبراهیمی لەلایەن بانگەشەکەرانیەوە ڕەتکراوەتەوە. پێویستمان بەوەنیە کە بابەتێک دروستکەین. وەکو باسی ئیلحادی ڕووحی لێهاتووە. شتێک بوونی نییە بەناوی ئیلحادی ڕووحی. وازبێنن لە دروستکردنی دووژمنانێک کە بوونیان نییە.