---

بەردبوونی عەقڵ و شلبوونەوەی سۆز (قەیرانەکانی سەردەمی مۆدێرنەتە)

لە پێشوو دا باسمان لە جیاوازی پرێنسبە نەگۆڕ و گۆڕاوەکانی سروشتی باڵا و حەقیقەتی باڵا کردووە. بە پێویستمان نەزانی دووبارەکردنەوەی ئەوەی مرۆڤ لە حاڵەتە ئاساییەکەیدا ، تەنها توانای گەشتن بە واقیعێکی کاتی و پووکاوە هەیە. ئەمەش جیاوازی نێوان عەقڵی باڵا و عەقڵی شیکاری (عادەتیی)ـیە. 


هەروەها وەکو ڕوونە تائێستا لە قۆناغی کۆتایی سووڕی گەردوونیدا (Kali Yuga)، جیهان دوای تێپەڕبوونی بە قۆناغی ڕەقبوون و باڵادەستیی ماددیگەرایی، دەچێتە قۆناغی "هەڵوەشانەوە و شلبوونەوە". ئەو بانگەشانەی داوای گەڕانەوە بۆ سۆز و عاتیفە دەکەن بۆ نەرمکردنەوەی جیهانە ڕەقەکە، ڕاستەوخۆ کارئاسانی بۆ قۆناغی شلبوونەوە دەکەن.


​داخستنی دەرگای عەقڵانییەت و کردنەوەی دەرگای سۆز، مرۆڤ ڕووبەڕووی هێزە تاریکەکانی جیهانی خوار-مرۆیی دەکاتەوە. ئەم کرانەوەیە بناغە بۆ پەیدابوونی دەجال دادەمەزرێنێت. لەم دۆخەدا، بزووتنەوە ساختەکان و دەروونناسیی مۆدێرن، هێزە خوار-مرۆییەکان وەک ئیلهامی ڕۆحی دەناسێنن. ئەمە دیاردەی ساختە-ئینیگەراییە، تێیدا مرۆڤ بەهۆی گیرخواردنی لەناو وەهمی سۆزەکانیدا، بەتەواوی توانای ناسینەوەی ڕاستییە باڵاکان لەدەست دەدات و دوور دەکەوێتەوە لە پرەنسیپە ڕەسەنەکانی نەریت.


بەڵام واش، زۆرێک بە بۆنەی هەست وشکی و کەلەڕەقیەوە، کەوتوونەتە وەهمی عەقڵاندن و عەقڵ لەجێی خۆی بەکارناهینن. جێگەیەکیان بە عەقڵ داوە کە جێگەی ئەو نییە. هەتاوەکو وای لێهاتووە ئەوەی عەقڵانی نەبێت وەری ناگرن. تەنانەت وەکو بەتاڵکردنەوەی بەرامبەر دەڵێن (ئەم قسەیە عاتیفییە) یان دەڵێن (ئەمە عەتف و هەست و سۆز بەسەری دا زاڵبووە) وەکو ئەوەی کە بەتەواوەتی هەڵەی کارەکەی ئاشکرایە. لەم وتارەدا شیکردنەوەیەک دەکەین بۆ مانای هەست و سۆز و عەقڵ. بە شێوەیەک کە هەست و سۆزی باطڵ و حەق لێک جیابکەینەوە.

وەکو چۆن عەقڵێکی دروست و پاک هەیە؛ واش هەستو سۆزێکی باطڵ هەیە و هەست و سۆزێکی حەق هەیە. لەم شیکاریە دا بۆتان دەردەکەوێت کە گرنگی هەست و سۆز و مەکانەتی لەچوارچێوەی حەقیقەت دا و چۆن جیای بکەینەوە چی شتێک هەستێکی دروستە چی سۆزێکی بێ بنەمایە. 

١. عەقڵ وەکو حاکمێکی ڕەها
لەدوای سەدەکانی ڕێنیسانس و ڕۆشنگەریەوە سەردەمی مرۆڤایەتی بەلایەنێکی سەیر و سەمەرە ڕۆشت. دەتوانین بڵێین لە تەواوی مێژووی مرۆڤایەتی هاوشێوەی نەبیندراوە. یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم سەردەمە بە حاکمکردنی عەقڵ بوو بە شێوەیەک عەقڵ یەکسان کرابوو بە هەبوون. ئەو عەقڵە سیکۆلارەی کە دابڕاوە لە نەزانینەوە دەچێتە زانین لە هەموو ڕووێکەوە فەزیلەتی پێدرا و هەرشتێک لەو سەرچاوەیەوە نەبێت پووچ و بێمانایە. ئەمەش وایکرد کە تەفسیری دیاردەکان لە سەردەمی مۆدێرنەتە ببێتە تەفسیرێکی ماددی. بەڵام ئەو ماددەیە بەمانای ڕەهای ماددە نەدەهات، بەڵکو تەنها بە مانای دۆخی ڕەقیەتی (solidification) دەهات. ئەگەر دیقەت بدەن هەر بۆیەشە ئەتۆم «گەردیلە» نە ڕەقە نە شلە نە گازە نە پلازمایە بەڵکو پێکهێنەریەتی. بەڵام کە وێنەی بۆ ئەکێشن ناوکێکی ڕەق و لە چواردەوریدا کۆمەڵێک ئەلیکترۆنی ڕەق دەکێشن. ماددی گەرایی لەڕاستیدا ڕەقبوونی مرۆڤ بوو. بە بەردبوونی هەموو شتێک بوو. ئیتر ئەوەی بەرد و ڕەق نەبێت وجوودی نییە. بۆیەش کاتێک باسی ئەزموونگەرایی دەکەن باس لە ئەزموونی بینین و دەستلێدان دەکەن وەک لە بۆنکردن و تامکردن و بیستن. ئەو تایبەتمەندیانەی لە ڕەقی دا هەیە. بۆیەش ئەو عەقڵگەراییەی کە هەیانبوو عەقڵگەراییەکی ڕەق بوو. ڕەقیش بە تەبیعەتی خۆی وشکیەتی دێنێ. هەست و سۆزیش دژی ئەو ڕەقبوون و وشکیەتییەیە کە بانگەشەی بۆدەکەن. بۆیەش هەموو شلی و گازی و ڕەقیش دەگەڕێننەوە بۆ شێوازی پێکهاتنی کۆمەڵێک گەردیلەی ڕەق. 

ئەگەر دیقەتی ئەم شیکارە بدەین، بۆمان دەردەکەوێت کە بۆچی عەقڵ ئەو مەکانەتەی پێدراوە. لەبەر ئەوەی دان بە شتی ڕەق دا نەبێت دانانێت. ئەو شتەی کە لە پەیوەندییەکان دوورە. ئەوەش ڕەتکردنەوەی بەشێکە لە حەقیقەت. گەیەنەری ڕاستییەک وەکو چۆن عەقڵ پێیدەگات نەک بەهۆی خودی خۆی هەست و سۆزیش هەر وەهایە. هەست و سۆزیش کە بابەتێکی سەرەکی نێو ئاینە جیاجیاکانە؛ هەموو ئاینەکان لەسەر ئەساسی هەست و سۆزێک دامەزراون کە مۆدێرنەتە پێی هەڵەیە گرنگی بە هیچ هەست و سۆزێک بکەویت. بەڵکو دەبێت ڕەق و کۆنکرێتی بیت. دەبێت گەردیلە بیت، چونکە جگە لە گەردیلە هیچی کە وجودی نییە. هەر لەسەرەتاوە کێشەی ئەوان ڕەقیەتی ناخیان بووە کە قابیل نەبووە بە کەسانی تر. فەیلەسوف بە نمونە کەسێکە کە دادەبڕێت لە واقیعی حەقیقەتی ئینسان و دەیەوێت بە دروستکردنی سیستەمیکی فکری ئەو مرۆڤە، هەموو ئەوانی تر شیکاری بکات. بەڵام لەڕاستیدا ئەو خۆی کردۆتە بناغە بۆ مرۆڤەکانی تر. کە بناغەیەکیش ڕەقبوو ئەوەی لەسەر ئەوەستێت ڕەقە. ئەوەی فڕێ ئەدرێت ئەویترە. بەڵام «بوون» نە ڕەقە نە شلە نە گازە بەڵکو ئەوە ڕەقی و شلی و گازییە بە بوون و نەبوون وەسف دەکرێت. نەک بوون بە ڕەقی وەسف بکرێت. ئەو ڕەقییەتیەیان دایە پاڵ سروشت و مرۆڤ دواتر لەسەر بنەمای ئەو ڕەقیەتە بڕیار دەدەن ئایە بیرۆکەی تۆ شایەنی لێکۆڵینەوەیە یان نا. 

بۆیە ڕۆڵی هەبوون تەنها بۆ ئەو شتەیە کە ڕەقیەتی تێدابێت. ئەویتر هەمووی پاشکۆن لەلایان. مادام هەست و سۆزیش ڕۆڵەکەی ڕەقیەتی نییە جۆرێک لە شلی و داننان بە ئەویترە، نەک بوونە بناغە و جیابوونەوە لە ئەوانی تر. بۆیە دانی پێدانانێن. لێرەوە کاتێک کەسی مۆدیرن بیر لە ڕەها دەکاتەوە؛ لەڕاستی دا بیر لە شتێکی ڕەق و بێ گیان دەکاتەوە. لەبەرئەوەی گیان و ڕووح بابەتیکی ڕەق نین و قابیلی فۆڕمی جیاجیان؛ ئەبیت لەلایەن ئەوانەوە بەدرۆ بزاندرێت. ئەمەش سەرچاوەی هەڵەکەیانە کاتێک عاتیفە بەدوور دەگرن لە مرۆڤ مەبەستیان ئەوە نییە باڵایەتی مرۆڤ بەدەستبخەن. بەڵکو مەبەستیان ئەوەیە مرۆڤ بکەنە ئامێرێکی سارد و بێ ڕووح و گیان کە تەنها ماددەی ڕەقی ئەزانێت. 

٢. هەست و سۆز و حەقیقەتی مرۆڤ
ئێمە لایەنێک لەبیر دەکەین کاتێک باسی هەست و سۆز دێتە کایەوە: ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤ ناتوانێت بە مانەوە لە دۆخی ڕووحی ئاسایی دا خۆی لێ دەرباز بکات. هەست و سۆز شتانێک نین بە ویستی مرۆڤەوە بەند بن. تەنانەت لە دۆخی باڵادا بەهەمان شێوە. بەڵکو لایەنێکی خۆنەویستی مرۆڤە. ئەو جیا نەبوونەوەیە، شتیک نییە کە کاریگەری بەسەرمانەوە نەبێت. تۆ ناکرێت بەرگری بکەیت، یان شوێنی شتێک بکەویت و بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆشت نەوێت لە حاڵەتە سەرەتاییەکاندا. داماڵینی مرۆڤی ئاسایی، داماڵینێکی ساختەیە و حەقیقەتی مرۆڤ هەرگیز ئەو داماڵینە ساختەیە قبوڵ ناکات. داماڵینی مرۆڤ لە هەموو هەست و سۆزێک لەبەر ئەوەی حەقیقەت دەرناخات ئەنجامی کوشندەی هەیە؛ ئەو مرۆڤەی کە خۆی دائەماڵێت لە هەموو هەستەکانی خۆی ناناسێت، نازانێت چی پێویستە و چۆن تەربێتی دەروونی خۆی بکات. لەلایەکی ترەوە هەوڵێکی شکست خواردووە بۆ بەخواکردنی مرۆڤ. پێویستە ئەو وەهمە نوێیە ڕاست بکرێتەوە و بهێندرێتەوە سەر قاڵبی خۆی. بۆیە لە دۆخی سەرەتایی مرۆڤ دا، تەنانەت لە دۆخی باڵاش دا، پێویستە مرۆڤ چاودێری سۆزەکانی بکات تاوەکو نەقسی خۆی ببینێت. 

ئاشکرایە کە حەقیقەتی مرۆڤ بوونەوەرێکە کە بەردەوام لە ناو تۆڕێکی ئاڵۆزی پەیوەندییە سۆزییەکان بڕیار دەدات. ئەگەر دیقەتبەین هەر بانگەشەیەک بۆ داماڵینی مرۆڤ لەم لایەنە گرنگە، تەنها جۆرێکە لە ساختەکاریی مەعریفی کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی شێواندنی وێنەی خودی مرۆڤی ناباڵا و پچڕاندنی پەیوەندییە سروشتییەکانی لەگەڵ واقیعدا. چونکە تۆ ناتوانیت خۆت ڕزگار بکەیت لە بێزکردن و مەیلت بۆ شتێک. 

بۆ سەلماندنی ئەم بانگەشەیە چەند بەڵگەیەکیش دەخەتنە ڕوو :

یەکەم : هەر کردارێکی مرۆڤ، چ بۆ بەرگریکردن بێت یان بۆ شوێنکەوتن و بەدەستهێنان، پێویستی بە هێزێکی بزوێنەر هەیە. بڕیاری بەرگریکردن لە شتێک، خۆی لە خۆیدا خۆشویستنی بابەتێکە کە مرۆڤەکە دەیەوێت بیپارێزێت، و بڕیاری شوێنکەوتنی هەر ئامانجێک گوزارشتە لە لکانی عاتیفی بەو ئامانجەوە و بەرزنرخاندنی. ئەقڵ توانای دەستنیشانکردنی ئامرازەکان و پلاندانانی هەیە، هاوکات هێزی بزوێنەری بنەڕەتی بۆ جێبەجێکردنی هەر کردارێک سەرچاوەکەی هەستەکانە. بەبێ بوونی هەست، هەموو بژاردەکان لە بەردەم لۆژیکدا یەکسان دەبن و هیچ هۆکارێک نامێنێتەوە بۆ هەڵبژاردنی ئاراستەیەک بەسەر ئاراستەیەکی تردا. 


دووەم: مرۆڤ بوونەوەرێکی دیاریکراوە بە سنوورەکانی کات و شوێن و پێداویستییە جەستەییەکانی. هەوڵدان بۆ سڕینەوەی هەستەکان هەوڵدانە بۆ سڕینەوەی ئەم پێداویستییانە و دەرچوونە لە سروشتی دروستکراوی خۆی، کە ئەمەش بە بەخواکردنی مرۆڤە. سیفەتی بێبەریبوون لە هەست و گۆڕانکارییە سۆزدارییەکان تایبەتمەندییەکی دەرەکییە و پەیوەندی بە بوونەوەرە تەواو سەربەخۆکانەوە هەیە، بە جۆرێک داماڵینی مرۆڤ لەم سروشتە مانای گۆڕینی پێناسە وجودییەکەیەتی بۆ شتێکی مەحاڵ و دابڕاو لە ڕاستی. پێویستی مرۆڤ بە ناسینی خاڵە لاوازەکان، حەزەکان، ترسەکان و هیوایەکان هەیە بە بێ هیچ پێچوپەنایەک. کاتێک مرۆڤ دان بەم پێکهاتە ڕەسەنانەدا نەنێت، پرۆسەی چاودێریکردنی خود بە تەواوی پەک دەخات و ناتوانێت هیچ بەرزبوونێکی ڕاستەقینە بەدەست بهێنێت، لەبەر ئەوەی بەردەوام مامەڵە لەگەڵ وێنەیەکی خەیاڵی خۆیدا دەکات کە لە واقیعدا بوونی نییە. 

بۆیەش وا وێنای بابەتەکە دەکرێت کاتێک باسی هەست و سۆز دەکەن هۆشیاریی مرۆڤ دەبێت کە مامەڵە لەگەڵ دەوروبەردا دەکات، وەک ئامێرێکی ژمێرەری بێگیان داتاکان شی بکاتەوە. ئامادەیی هەستیاری و پێشینەی سۆزداری ڕۆڵێکی گەورە و حاشاهەڵنەگر دەبینن لە دیاریکردنی جۆری تێگەیشتن و چۆنیەتیی هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکان و بڕیاردان لەسەریان. واقیع خۆی لە خۆیدا ئەوە دەخوازێت کە مرۆڤ بە تەواوی ڕەهەندەکانییەوە ڕووبەڕووی ببێتەوە، و هەوڵدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی واقیع بە تەنها یەکێک لە ئامرازەکانی هۆشیاری دەبێتە هۆی خوێندنەوەیەکی کەموکوڕ و بڕیارێکی هەڵە. 

سەلامەتی فیکری ئەوە دەخوازێت کە ئەو وەهمەی فەلسەفە ماتریاڵیستەکان یان ڕێبازە ئەقڵانییە توندڕەوەکان دروستیان کردووە لە ڕەگەوە هەڵبوەشێندرێتەوە و بگەڕێندرێتەوە بۆ قاڵبە ڕاستەقینەکەی خۆی. ئەم قاڵبە ڕاستەقینەیە بریتییە لە قبوڵکردنی مرۆڤ وەک بونەوەرێک کە ئیرادەی لەلایەن مەیلە ناوەکییەکانەوە دەبزوێندرێت، ئەقڵی لەگەڵ سۆزەکاندا لە هاوسەنگییەکدا کار دەکات، و کەماڵی خۆی تەنها و تەنها لە ڕێگەی ئیدارەدانی دروستی ئەم هەستانەوە بەدەست دەهێنێت. ڕێکارەکانی لابردنی تەواوی سۆزداری جۆرێکە لە هەڵهاتن لە سروشتی مرۆیی و پەنابردنە بۆ وەهمێکی مەترسیدار. 

ئەم بۆچوونەیان بەلای ئێمەوە کەمتەرخەمییەکی گەورەی تێدایە بەرامبەر بە سروشتی وەرگرتن لە لایەن مرۆڤەوە. مرۆڤ بوونەوەرێکە پێویستی بە وەرگرتن و هەڵمژینی کارلێکەکانی دەوروبەر هەیە، و ئەم وەرگرتنە بەبێ ئامادەییەکی سۆزداری ناتوانێت پرۆسەیەکی تەندروست بێت. کۆی کردارەکانی بەرگریکردن یان دژایەتیکردنی هەر بابەتێک، لە ناخەوە هەڵقوڵاوی هەستێکی ڕەسەنی پەیوەستبوونە بە بابەتێکی ترەوە. 


پرۆسەی خاوێنکردنەوەی ساختە جۆرێکە لە خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی. ئەو کەسەی هەستەکانی دەکوژێت، دەیەوێت خۆی لەو ئازار و بەرپرسیارێتییە بپارێزێت کە بەهۆی بڕیاردان و تێوەگلان لە کێشەکانی ژیاندا دروست دەبن. ئەم ڕاکردنە، گەرچی لە ڕواڵەتدا وەک باڵادەستییەکی ئەقڵی دەردەکەوێت، لە ناوەڕۆکدا شکستهێنانێکی گەورەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئەرکەی کە بەسەر شانی مرۆڤدا سەپێنراوە.
.

گەڕاندنەوەی مرۆڤ بۆ سەر قاڵبە ڕاستەقینەکەی خۆی بەو مانایە دێت لامان، کە دان بە لاوازییەکانیدا بنرێت، و ئەمە ئەو حەقیقەتەیە کە ڕێگە نادات مرۆڤ ببێتە خودایەکی وەهمی، و هاوکات ناهێڵێت ببێتە ئامێرێکی بێ ڕۆحیش، پارێزگاری لەو پێگە ناوەندییە دەکات کە لە نێوان عەقڵی ڕووت و غەریزەی کوێردا هەیەتی.


٣. جیاکردنەوەی ڕێگای حەق
گەشتینە ئەو دەرئەنجامەی کەوا مرۆڤ ناتوانێت بە ئاسایی دەربازی بێت لە هەست و سۆزەکان. پێشتر ئاماژەمان بەوەدا ڕێگایەکی دروست هەیە و ڕێگایەکی هەڵە هەیە بۆ ئەوەی شیکاری هەستەکان بکرێت. ئەمەش ڕاست وەکو لۆجیک وایە؛ چەندە لۆجیک زان بیت، کە نەتتوانی ئەم لۆجیکە بە خزمەتی خۆی بگەیەنیت، ناتوانیت بگەیتە حەق. واتە بەکارهێنانی عەقڵیش هەر ڕاست و هەڵەی تێدایە. بەم شێوەیەش ناسینی حەقیقەت لەڕێی سۆزەوە یاسای خۆی هەیە. بەڵام بۆ سەرەتا پێویستە بەبێ هیچ گومانێک ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە مەبەستی ئێمە ئەوەنیە بوونی شتێک بە هەست و سۆز بسەلمێنین.! بوون و نەبوونی شتێک دەکرێت بێزراو بێت یان هەستبزوێن و جوان بێت. بەڵام هەرگیز ئەمە ئیشی هەست و سۆز نییە. چونکە، هۆکاری بوونی ئەم شتە سەربەخۆیە لە هەست و سۆزت بەرامبەری. زۆر شت هەیە بێزکراوە و بوونی هەیە. زۆر شتی خۆشەویستیش لەلای مرۆڤەکانیش بوونی نییە. بۆیە ناشێت هەست و سۆز حوکم لەسەر بوون و نەبوون بدات. بەڵام دەی خۆ بوون و نەبوون تاکە تایبەتمەندی شتێک نییە! لەڕاستیدا ئەوەی سۆزداری دەسەلمێنێت تایبەتمەندییەکی تایبەتە لە شتەکاندا کە کاردانەوەی خواروو-مرۆیی لەو شتە دەسەلمێنێت. بۆیەش چاودێری کردنی هەستەکانت بەرامبەر شتێک خۆتت پێدەناسێنێت. 

سەرەتا تاوەکو هەست و سۆز بەکاربێنین ، ئێمە دەبێت حەقیقەتی ئەو شتە بە کامڵی بزانین. نەوەک بە کەمتەرخەمییەوە بڕوانینە شتەکە. دەنا بەڕاستی ئێمە ڕقمان لەو شتە نابێت، بەڵکو ڕقمان لە وێنەی ناکامڵی ئەو شتە دەبێتەوە کە لە زەینمان دایە. بۆیەش زانینی حەقیقەتی شتێک ، مەرجێکی سەرەکییە لە بەکارهێنانی هەست و سۆز دا. بەڵام کاتێک هەست و سۆز باطڵ دەبێت، ئەوکاتەیە کە هیچ بنەمایەک و زانینێکی حەقیقی لەگەڵیدا نییە. ئەوکاتەش مرۆڤ تەنها چاودێری هەستەکانی دەکات بەرامبەر 


دوورکەوتنەوە لە تاکایەتی (Individualism) مەرجێکی ترە. ئەوەی کە تۆ هەست و سۆزت هەیە بەرامبەر شتێک، مانای هیچ ناگەیەنێت. بەڵکو وەکو چۆن لە لۆجیک دا تەنها عەقڵی تاکەکەسی مانای نییە. واش هەست و سۆزی تاکەکەسی مانای نییە. رەنگە بڵێن باشە هەست و سۆز شتێکی تاکە کەسییە. بەڵام ئەمەش وانیە. هەست و سۆز بەند دەبێت لەم حاڵەتە دا بەوەی ئەوەی هەستمان هەیە بەرامبەری ڕاستین یان هەڵەین ، نەک هەست و سۆزەکە چییە و چی نییە. بەڵێ مرۆڤ ڕقی لە شەڕ و پێکدادان و کوشتارە، بەڵام ئەگەر شتەکە پێویست بوو ڕقەکەی بەرامبەر شتێکی حەق هەڵەیە. بەهەمان شێوە عاتیفی بوون بەرامبەر خەڵکی و موراعات کردنی خەلکی بەوەی عەقڵیان جیاجیایە. خۆشویستنی زانا و دوورکەوتنەوە لە نەزان، ئەوانە هەمووی عاتیفەیەکی سەرەتایی مرۆڤن. 

عاتیفەی ڕاست دوورە لەوەی بڵێت (من هەست بەچی دەکەم) بەڵکو دەڵێت (ئەو شتە چ هەستێک دروست دەکات). بۆیەشە کێشەی فرۆید و دەرونناسان هەر ئەوەیە: وائەزانن کاتێک لێکۆڵینەوەیان کرد بینیان عاتیفەی مرۆڤ بەگشتی کاردانەوەی بۆ بوونی خوا هەستکردن بە سەلامەتی و ڕێنمووییە، مادام پشت بەستن بە عاتیفە هەڵەیە، کەواتە ئەمەش پشت پێبەستنێکی هەڵەیە. بەڵام ئەوان ئەوە نازانن دەربازبوون لەم هەست و سۆزە مەرجی خۆی هەیە. کە ئەوان هەرگیز بەدیان نەهێناوە. 


کێشەی سەرەکی و کۆتایی ئەوەیە: بەرزکردنەوەی پێگەی سۆز و ئەخلاق بۆ ئاستی پرەنسیپەکان. ئەمە کێشەی سەرەکی و کۆتاییە لە هەست و سۆزەکان. بەڵام ، هەست و سۆز ئاماژە بە حەقیقەتێکی بەرز و نزم دەکات لەنێو ئەوەی هەستی پێدەکرێت بەمەرجی گەشتن بە حەقیقەتی ڕەها دەربارەی ئەو شتە. وە خودی هەستەکە بکرێت بە پێوەر. نەک ئەوەی سروشتی شتەکە چی دروست دەکات. 


٤. ڕێنموویی بۆ دڵە ڕەقەکان
مرۆڤ کاتێک لە سروشتە ڕەسەنەکەی خۆی و لە ڕەهەندە هەستیارەکانی نامۆ دەبێت، پرۆسەی بیرکردنەوە و مامەڵەکردنی لەگەڵ واقیعی ژیاندا تووشی ئیفلیجییەکی سەخت دەبێت. هەرکاتێک مرۆڤ هەوڵی سڕینەوەی سۆزەکانی بدات و پەنا بۆ بەڕەهاکردنی ئەقڵێکی ڕووت و دابڕاو ببات، بە شێوەیەکی خۆبەخۆ خۆی دەخاتە ناو بازنەیەکی داخراوی وێرانکەرەوە بۆ بابەتە زیندەگییە ڕێژەیییەکان.

سەرکوتکردنی هەستەکان و سەرزەنشتکردنی خود لەسەر هەبوونی ئەو هەستانە، مرۆڤایەتی لە دۆخی ئامادەیی و زیندووییەوە دەگۆڕێت بۆ دۆخێکی بەردین و بێگیان کە توانای کارلێکی لەگەڵ دەوروبەردا لەدەست دەدات. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤ تێڕوانینی بۆ خودی گەردوون و تەواوی پەیوەندییە وجودییەکان بەرتەسک بکاتەوە لە چوارچێوەی ئەو ڕەقبوونە دەروونییەی کە تێیدا قەتیس ماوە و توانای دەرککردنی گۆڕانکارییەکانی نامێنێت. بەڵام ئەوەشمان بیر بمێنێت کە دۆخی کۆتایی سەردەمی تاریک بریتیە لە (شلبوونەوە) بۆیە دەبێت خۆمان بپارێزین لەو زیادەڕەویە کە سۆز دەکاتە بنەما. 


لە پاڵ ئەوەشدا، ڕەوتە ئەقڵانییە توندڕەوەکان لە پرۆسەی داماڵینی سۆزدا هەمان وێنە و میکانیزمی کارکردنی سیستەمە دیکتاتۆرییەکان پیادە دەکەن؛ مرۆڤ وەک ئامێرێکی جێبەجێکار سەیر دەکرێت کە پێویستە لە هەموو لایەنێکی مرۆییانە و نەرم داماڵرێت بۆ ئەوەی بەبێ هیچ پرسیارێک خزمەت بە ئامانجێکی دیاریکراو بکات. سەرەنجام، ڕەتکردنەوەی ئەو پێکهاتە نەرم و سۆزدارییەی کە لێرەدا وەک سۆزی مێینە ئاماژەی پێ کراوە، مرۆڤ بەرەو ئەو ململانێ و جەنگە بێمانایانە پەلکێش دەکات کە کۆی پڕۆسەی ژیان دەخەنە ناو گێژاوێکی پووچی ڕەهاوە. کە جۆرێکە لە توڕەیی و دووبارە هەر هەست و سۆزە بەڵام بە شێوازێکی بەردین. 

پێدانی بەها و هەستکردن بە گرنگیی بابەتەکان، بەرهەمی کارلێکی سۆزداری و ئەو پێکهاتە هەستیارەیە کە ڕێنمایی حدسی بە تاک دەدات لە بابەتەکانی ژیانی، بەرەو ئەوەی چی بۆ پاراستنی ژیانی باشە و چی جێگەی مەترسییە. ئەم مەعریفە سنووردارە بەشێکە لە فیترەتی مرۆڤ ئەگەرچی شتێکی ڕێژەیی پشان دەدات نەک ڕەها. کاتێک مرۆڤ لە ژێر پاساوی ئەقڵانییەتی ڕەهادا ئەم سەرچاوە سۆزدارییە بە تەواوی دادەخات، هیچ پێوەرێکی ناوەکی نامێنێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئازار یان بەزەیی، ئەمەش لە ڕووی دەروونییەوە مرۆڤ تووشی داڕمانێک لە ژینی دەکات کە بە بەردبوون وەسفمان کردووە. 

بۆیەش لەم سەردەمە دا، دەروونناسان حاڵەتی بەردبوون لە شیکارییە دەروونییەکاندا بە میکانیزمی بەرگریی سەرکوتکردن دەناسرێت، کە تێیدا تاک بەهۆی نەتوانینی مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنە هەستیارەکانی و ترسی لە ئازار، پەنا دەباتە بەر ئینکارکردنێکی سەرتاسەری و دروستکردنی کەسایەتییەکی ساختەی بێهەست بۆ خۆپاراستن. بێ ئاگان لەوەی کە ئەمانە هەر هەمووی پێداویستییەکی سەرەکی مرۆڤن بۆ ژیان و دۆزینەوەی حەقیقەتێکی رەها نییە سەبارەت بە خودی مرۆڤ. بەڵکو فاکەڵتە دەروونییە کاتییەکەی رووندەکاتەوە لە قەیرانەکاندا ، هیچ پەیوەندی بە حەقیقەت و گەشتن بە حەقیقەت نییە. 



پرۆسەی بێهەستکردنی تاکەکان و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا وەک ئامێری گوێڕایەڵ و سەربازی کوێر، هەمان ئەو لۆژیکە وێرانکەرەیە کە سیستەمە ستەمکارەکان بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆیان بەکاری دەهێنن. ئەم جۆرە سیستەمانە تاکەکان لە تەواوی تایبەتمەندییە مرۆییەکانیان دادەڕنن بۆ ئەوەی بیانکەنە پارچەیەکی بێئیرادە لە مەکینەیەکی گەورەتردا و هەر جۆرە نەرم بوونێک رەتدەکەنەوە. لەوانە بیری راسترەوەکانە لە ڕەتکردنەوەی سۆزی مێینە، کە هێمایە بۆ لایەنی میهرەبانی، چاودێری، بەزەیی، لێبوردەیی و پاراستنی ژیان لە پێکهاتەی مرۆڤدا، کۆمەڵگە ڕووبەڕووی ئەو قەیرانە گەورەیە دەکاتەوە کە تێیدا هێز، توندوتیژی و کاولکاری دەبنە تاکە زمانی ململانێ و تاکە ئامرازی یەکلاکردنەوەی جیاوازییەکان. ئاکامی حەتمیی ئەم سڕینەوەیەی لایەنی نەرم و پارێزەری مرۆڤ، ونبوونی تەواوەتیی پێکهێنەرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤە و ڕۆچوونە بە نێو تاریکترین و مەترسیدارترین ئاستەکانی پووچگەراییدا، کە تێیدا هیچ کردارێکی چاکەخوازی و هیچ قوربانیدانێک مانایەکی ڕەسەنی نامێنێت. 


​٥. هەڵوەشاندنەوەی پەرستشی ئەخلاق و سۆز
مرۆڤی مۆدێرن بەهۆی لەدەستدانی دەرکپێکردنی حەقیقەتی وجودی، ئەخلاق و سۆزدارێتی کردووەتە جێگرەوەیەکی ساختە بۆ زانستە پیرۆزەکان. ئەخلاق ئامرازێکی کاتییە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە جیهانی فۆڕم و دەرکەوتەکاندا. بەرزکردنەوەی ئەخلاق و سۆز بۆ ئاستی پرەنسیپە گەردوونییەکان، سەرەتای دامەزراندنی ئایینێکی ساختەی دژە-توراسە. لەم سیستەمە دەستکردەدا، مامەڵەی مرۆیی دەکرێتە پێوەری ڕەها بۆ هەڵسەنگاندنی ڕاستی. حەقیقەت بەتەواوی سەربەخۆیە لە هەر پێوەرێکی ئەخلاقی و مرۆیی. بەڵام، یەقینی میتافیزیکی پرۆسەیەکی تەواو بێلایەنە و هیچ پەیوەندییەکی بە دڵنەوایی دەروونییەوە نییە. ناسینی حەقیقەت پێویستی بە داماڵینی تەواوەتیی ئەو وەهمە سۆزدارییانە هەیە کە ڕێگرن لە درکپێکردنی پرەنسیپە نەگۆڕەکان. 


​٦. جێگیرکردنی عەقڵی باڵا وەک تاقە دەروازەی مەعریفە
دوای داماڵینی سۆز لە توانای دەرکپێکردنی ڕاستییەکان، پێویستە میکانیزمی عەقڵی باڵا (وەک فاکەڵتییەکی سەروو-تاکەکەسی) بە تاقە دەروازەی زانینی حەقیقی بناسرێت. عەقڵی شیکاری زانیارییەکان لە چوارچێوەی کات و شوێندا ڕێکدەخات. لە بەرامبەردا، عەقڵی باڵا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بێ نێوەندگیر لە پرەنسیپەکان دەڕوانێت. ئەم دەرکپێکردنە هیچ پەیوەندییەکی بە بیرکردنەوەی هەنگاو بە هەنگاو یان کاردانەوەی هەستیارییەوە نییە. یەقینی میتافیزیکی پرۆسەیەکی داماڵراوە لە هەر کارلێکێکی دەروونی. ناساندنی دروستی ئەم چەمکە دەبێتە خاڵی جیاکەرەوەی نێوان ڕێگای ئینیگەرایی و ناسینی ڕاستەقینە لەگەڵ سۆزداریی ئایینی، ڕێگە لەو وەهمە دەگرێت کە پێی وایە هەستەکان دەتوانن مرۆڤ بە حەقیقەتی ڕەها و دەرەکی بگەیەنن.


​٧. چەسپاندنی پلەبەندیی نێوان کردار و تێڕامان
کەواتە، سۆز پەیوەستە بە جیهانی دەرکەوتەکان و بوارەکانی کردارەوە. گەورەکردنی قەبارەی سۆز نیشانەی باڵادەستبوونی کردارە بەسەر تێڕاماندا. ئەمەش پێچەوانەی یاسا گەردوونییەکانە. مەعریفە و تێڕامان لە ڕووی وجودییەوە لە سەرووی بوارەکانی کردارەوەن. کردار سەر بە دۆخی گۆڕانکاری، جووڵە و کاتییەتییە. مەعریفەی ڕووت سەر بە جیهانی نەگۆڕ و نەبزوێنە. مرۆڤ لە ڕێگەی مەعریفەی بێگەردەوە دەتوانێت بگاتە خاڵی نێوەندی نەگۆڕ و لە سووڕی بێپایانی گۆڕانکارییەکان دەرباز ببێت، لەوێدا کۆتایی بە ململانێی دووانەییەکان دەهێنێت. هەر فەلسەفەیەک کردار و کارلێکی سۆزداری بخاتە سەرووی تێڕامانەوە، ڕاستەوخۆ دەکەوێتە دەرەوەی ڕێڕەوی حەقیقەت.


​٨. جیاکردنەوەی بواری خوار-مرۆیی و سەروو-مرۆیی
کێشەیەکی گەورەی سەردەمی مۆدێرن تێکەڵکردنی دۆخی خوار-مرۆییە لەگەڵ دۆخی سەروو-مرۆیی. سنوورێکی پۆڵاین لە نێوان هێزە دەروونییەکان و حەقیقەتە ڕۆحییەکاندا هەیە. دەرکەوتەکانی سۆز، خەیاڵ و پەرچەکردارە دەروونییەکان سەر بە ئاستی نزم و خوار-مرۆیین و خاوەنی هیچ بەهایەکی تێپەڕێنەر نین. پشتبەستن بەم بوارە دەروونییە بۆ گەیشتن بە حەقیقەت، تاکەکان ڕووبەڕووی کاریگەرییە تێکدەرەکانی دژە-توراس دەکاتەوە. حەقیقەتی ڕۆحی پەیوەندی بە تێپەڕاندنی تەواوەتی دۆخی مرۆییەوە هەیە، دوور لە هەر جۆرە کارلێکێکی دەروونی و وەهمێکی سۆزداری. تەنیا لە ڕێگەی ئەم داماڵینەوەیە کە مرۆڤ دەتوانێت خۆی بۆ وەرگرتنی ڕووناکیی مەعریفە ئامادە بکات.

٩. چۆنیەتی ناسینەوەی سۆزی دروست و بەنرخ لەگەڵ سۆزی بێ نرخ
چەندجارێک دووبارەمان کردەوە کە سۆز لە بنەڕەتدا بەشێکە لە دۆخی تاکەکەسی، تەواو وابەستەی جیهانی دەروونییە. کاتێک مرۆڤ هەڵسەنگاندن بۆ کارلێکە هەستیارییەکانی دەکات، دەبێت ئەو یاسا گەردوونییە پەیڕەو بکات کە هەموو دەرکەوتەیەک بەپێی ئاستی نزیکی یان دووری لە پرەنسیپە باڵاکانەوە بەهاکەی دیاری دەکرێت. سۆزی دروست ئەو کارلێکەیە کە ملکەچی سیستەمە باڵاکەیە و ئامادەیی تێدایە ببێتە ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی حەقیقەت. لە بەرامبەردا، سۆزی باطڵ هەڵقوڵاوی ئیگۆ (الأنا)ـی پەرتەوازەیە و هەوڵی سەپاندنی حوکمی خۆی دەدات بەسەر ناوەندە بڕیاردەرەکانی مرۆڤدا. ئەم دوو جۆرە لە کارلێک بە تەواوی دژبەیەکن؛ یەکەمیان مرۆڤ ئامادە دەکات بۆ ئارامی، دووەمیان مرۆڤ پەلکێشی ناو گێژاوی خوار-مرۆیی دەکات. بۆیە بۆ ناسینی واقیع حەتمەن پێویست بە سۆزە کاتییەکە دەکات کە مۆدێرنەتەی ڕەق، لای وایە سەرچاوەی هەموو خراپەکارییەکە. 


​سۆزی بێ نرخ و باطڵ بەشێوەیەکی گشتی لەسەر بنەمای تاکایەتی (Individualism) کار دەکات. ئەم جۆرە لە هەست، بەرهەمی پەرچەکردارە بایۆلۆجی و دەروونییەکانە کە بە مەبەستی پاراستنی قەوارەی کاتیی مرۆڤ دروست دەبن. تایبەتمەندییە سەرەکییەکەی بریتییە لە ناجێگیری، گۆڕانی بەردەوام و پشتبەستن بە ئارەزوو و ترسە جەستەییەکان. کاتێک تاک پەنا بۆ ئەم سۆزە دەبات و پێگەیەکی حاکمی پێ دەبەخشێت، ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ناو وەهمی سەنتەربوونی خودی کاتی. جیهانی دەروونی، کە سەرچاوەی ئەم هەستانەیە، جیهانێکی پڕ لە ئاژاوەیە و هیچ ڕووناکییەکی سەروو-تاکەکەسیی تێدا نییە. 

مرۆڤی گیرخواردوو لەناو ئەم سۆزەدا، پێوەرەکانی حەقیقەت بەپێی قازانج و زیانی کەسی دیاری دەکات، هەروەها ڕاستییە وجودییەکان دەبەستێتەوە بە ڕادەی دڵنەواییە دەروونییەکانی خۆیەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی دابڕانێکی یەکجاری لە پرەنسیپە نەگۆڕەکان و کەوتنە ناو جەمسەری چەندایەتی ڕووتەوە. ئەم دۆخە خوارووە، کە بە تەواوی وابەستەی ماددە و گۆڕانکارییە، ڕێگرێکی سەخت دروست دەکات لەبەردەم هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەکی ئینتەلێکتیدا. کەسەکە لەم حاڵەتەدا گیرۆدەی وەهمی خۆبەگەورەزانین دەبێت و حەقیقەت دادەبەزێنێت بۆ ئاستی پێداویستییە کورتخایەنەکانی.


​مەترسیدارترین قۆناغی سۆزی باطڵ ئەوکاتە دەردەکەوێت کە بەرگێکی ڕۆحی بەبەردا دەکرێت. دیاردەکانی میستیسیزمی ساختە و بزووتنەوە ڕووحییە مۆدێرنەکان، تەواوی ئەزموونەکانی خۆیان لەسەر ئەم سۆزە خوار-مرۆییە دادەمەزرێنن. ئەوان کارلێکە دەروونییەکانی وەک جۆش و خرۆش، گریان، یان دڵخۆشییەکی کاتی وەک نیشانەیەک بۆ گەیشتن بە حەقیقەت دەناسێنن. ئەم لێکدانەوەیە هەڵەیەکی مەعریفیی کوشندەیە. هێزە تاریکەکانی جیهانی دەروونی زۆرجار وێنەی سەرنجڕاکێش پێشکەش دەکەن بۆ ئەوەی مرۆڤ لە عەقڵی باڵا دوور بخەنەوە. سۆزی بێ نرخ چاوی مرۆڤ کوێر دەکات و وا دەکات وەهم وەک ڕاستی ببینێت. هەر کارلێکێکی هەستیاری کە مرۆڤ هان بدات بۆ تێکدانی هیرارکیای هەبوون یان پشتگوێخستنی یاسا شەریعەتییە دەرەکییەکان، بەبێ هیچ گومانێک سۆزێکی باطڵە و سەر بە دیاردەکانی دژە-توراسە. بزووتنەوەکانی ڕۆحانییەتی نوێ بە ڕوونی نوێنەرایەتی ئەم لادانە دەکەن، ئەوان سۆزی خوار-مرۆیی بەکاردەهێنن بۆ تێکدانی بنەماکانی زانستی پیرۆز. ئەم جۆرە سۆزە وەهمییە مرۆڤ تووشی داڕمانێکی ناوەکی دەکات، ڕێڕەوی مەعریفە دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانێکی نمایشی و پەرتەوازە.
​لە دیوەکەی دیکەوە، سۆزی دروست و بەنرخ خاوەنی سروشتێکی جیاوازە. ئەم سۆزە بریتییە لە دۆخێکی وەرگر و پاسیڤ لەبەردەم یاسا گەردوونییەکاندا. 


سۆزی دروست هیچ کاتێک بانگەشەی زانین ناکات، هیچ کاتێک هەوڵ نادات شوێنی عەقڵی باڵا بگرێتەوە. کاری سەرەکیی ئەم سۆزە دروستکردنی قاپێکی پاک و گونجاوە بۆ پێشوازیکردن لە ڕووناکیی مەعریفە. وەک نموونە، خۆشویستنی حەقیقەت و مەیلێکی سروشتی بۆ پاراستنی ڕێسا نەریتییەکان، بەشێکن لەو سۆزە دروستەی کە مرۆڤ لە داڕمان دەپارێزن. ئەم کارلێکانە یارمەتیدەرن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە دەرەکییەکان و هێشتنەوەی مرۆڤ لەسەر ڕێڕەوی ڕاست، تا ئەو کاتەی ئامادە دەبێت بۆ کرانەوەی دەروازە ئینتەلێکتییەکان. سۆزی حەق هەمیشە ملکەچی ئیرادەی باڵایە و ڕێز لە پلەبەندیی نێوان کردار و تێڕامان دەگرێت.



بەکارهێنانی یاساکانی لێکچوونی پێچەوانە یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ جیاکردنەوەی ئەم دوو دۆخە. ئەو شتەی کە لە ئاستە باڵاکاندا وەک یەقین و ئارامییەکی نەگۆڕ دەردەکەوێت، لە ئاستی تاکەکەسی و دەروونیدا لە فۆڕمی سۆزێکی دامەزراو و میهرەبانییەکی ڕێکخراودا ڕەنگ دەداتەوە. سۆزی دروست ڕەمزێکە بۆ حەقیقەتێکی سەروو-مرۆیی. هەر کاتێک مرۆڤ توانی کارلێکە دەروونییەکانی خۆی وەک ڕەمزێک بۆ تێگەیشتن لە یاسا وجودییەکان بەکاربهێنێت، ئەو سۆزە دەگۆڕێت بۆ کەرەستەیەکی بەنرخ. زانستە پیرۆزەکان ڕێگە دەدەن سۆز وەک پردێک بەکاربهێندرێت بۆ پەڕینەوە، مەرجی سەرەکیی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە مرۆڤ هۆشیار بێت بە کاتیبوونی سۆزەکان و هەرگیز وەک ئامانجی کۆتایی سەیریان نەکات. هەستکردن بە جوانییەکانی سروشت یان ڕێزگرتن لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکان، ئەگەر ببنە هۆی بیرخستنەوەی سەرچاوە ڕەهاکە، ئەوا دەچنە خانەی سۆزی حەقەوە و پارێزگاری لە هاوسەنگیی مرۆڤ دەکەن.


​بۆ دیاریکردنی پێوەرێکی پراکتیکیی ورد سەبارەت بەم جیاکردنەوەیە، دەتوانین بڵێین: هەر سۆزێک ببێتە هۆی دروستبوونی ئاژاوەی ناوەکی، پەلەپەلکردن، یان ئارەزووی سەلماندنی خود بەسەر کەسانی دیکەدا، بەتەواوی بێ نرخە. سۆزی باطڵ هەمیشە پاڵنەرە بۆ جووڵەی بێمانا و زیادکردنی ململانێ ئاسۆییەکان. هەر کارلێکێکی هەستیاری کە هانی مرۆڤ بدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییە زانراوەکان یان پاساوهێنانەوە بۆ هەڵەکان، نیشانەی زاڵبوونی هێزە سایکیکەکانە. سەلامەتیی فیکری پەیوەستە بە توانای مرۆڤ بۆ بێدەنگکردنی ئەم دەنگە ناڕێکانە. سۆزی دروست هەمیشە ئارامبەخشە، مرۆڤ هان دەدات بۆ تێڕامان، بێدەنگی و کەمکردنەوەی ئارەزووە کاتییەکان. ئەم هەستە دروستە زەمینە خۆش دەکات بۆ گەیشتن بە خاڵی نێوەندی نەگۆڕ، ئەو شوێنەی کە تێیدا تەواوی دووانەییەکان سڕ دەبن.


​کەواتە : ئامانجی گەردوونناسای مرۆڤ مامەڵەکردنێکی دروستە لەگەڵ پێدراوەکانی دۆخی مرۆیی. سۆز یەکێکە لەو پێدراوانە کە قابیلی لابردنی یەکجاری نییە لە دۆخی ئاساییدا، سەرەڕای ئەوەش مامەڵەی حەکیمانە و پارێزگارییەکی توند دەخوازێت. 

ناسینەوەی سۆزی حەق بریتییە لە جێبەجێکردنی نهێنییە بچووکەکان، کە مرۆڤایەتی ئامادە دەکات بۆ وەرگرتنی نهێنییە گەورەکان. کاتێک تاک سۆزە باطڵەکان ڕەت دەکاتەوە و سۆزە دروستەکان وەک ئامرازێک ئاراستە دەکات، تواناکانی خۆی کۆدەکاتەوە بۆ هەنگاوی دواتر و گەیشتن بە دڵنیاییەکی داماڵراو. ئەوپەڕی ئامانجەکە گەیشتنە بەو دۆخەی کە تێیدا ئینتەلێکت بەتەواوی حوکمدارە، تەواوی ئامرازە شیکاری و دەروونییەکان لەبەردەم ڕووناکیی پرەنسیپەکاندا دەتوێنەوە و بێکاریگەر دەبن. بەم شێوەیە، مرۆڤ لە کۆیلایەتیی هەستە پەرتەوازەکان ڕزگاری دەبێت و پێ دەنێتە ناو کایەی سەربەخۆیی ڕەهاوە.

ئامانجی کۆتایی
لەکۆتایی دا ئەبێت ئەوە بزانین، ئامانجەکە ئەوەبوو قیمەتی مرۆیی بە سۆز بدات و هاوسەنگی بکات لەگەڵ عەقڵدا بۆ ئەوەی تێپەڕاندنی هەردووکی مومکین بێت. نەوەکو لە دۆخی شلی یان دۆخی رەقی مرۆڤ بمێنێتەوە بەڵکو قابیلی هەردووکی بێت بۆ تێپەڕاندنی حەتمیەتیی هەردوولای و لابردنی ئەو دژبەیەکە لە ڕووکەشیەی نێوان سۆز و عەقڵ. ئێمە پێمان وایە کە سۆزەکان شتانێک رووندەکەنەوە دەربارەی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ئەو بابەتە. تێپەڕاندنی بەبێ ئەوەی عەقڵ و سۆز درک بەوە بکرێت کە لەئاستی یەکدان مەحاڵە بتواندرێت مرۆڤ ئامادەییەکی هەبێت بۆ بەرزبوونەوەی عەقڵی باڵا. 


دەبێت لەکۆتاییدا ئەوە بزانین کە ئەمە تەنها تێکشکاندنی وەهمی مۆدێرنە دەربارەی ڕەقکردنی ڕووحی مرۆڤ، نەوەک بیانوو بۆ شوێنکەوتنی سۆزەکان بهێنینەوە. نە ئەوەی خودی مرۆڤ بە سۆزەکان بەرزدەبێتەوە. دەبێت ئەوە بزانین کە تۆ دەتەوێت دیوارێکی بەردینی ماتریاڵیست بڕووخێنیت، بۆ ئەم کارەش ئاوی سۆز و عاتیفەت هەڵبژاردووە تا نەرمی بکەیتەوە. ئەم ئاوە دیوارەکە ناڕووخێنێت، تەنیا بناغەکەی ژێرەوەی دەکات بە زەلکاوێکی دەروونی. بۆ ڕووخاندنی ئەم دیوارە عەقڵانییە، پەنابردن بۆ پێوەرە ژێر-عەقڵانییەکان زیانبەخشە. ​


عەقڵ ئالەتێکی شیکارییە، سەرەڕای سنووردارییەکەی، خاوەنی جۆرێک لە ڕێکخستنی لۆژیکییە. سۆز فاکەڵتییەکی وەرگرە و بەردەوام لە گۆڕان و بێسەروبەریدایە. هەوڵدان بۆ تێگەیاندنی مرۆڤێکی عەقڵانی بە بەکارهێنانی ئارگومێنتی سۆزداری، ستراتیژییەکی بێئاکامە. عەقڵ توانای بینینی ناجێگیری و نالۆژیکیبوونی سۆزەکانی هەیە. مرۆڤە ڕەقەکە بە بینینی ئەم ناجێگیرییە لە ئارگومێنتەکانتدا، زیاتر پێداگری لەسەر هەڵوێستە عەقڵانییە وشکەکەی خۆی دەکات، متمانەی بە هەر جۆرە دەربازبوونێک لەو دۆخە لەدەست دەدات.

بۆیە لێرەدا بەوپەڕی بێلایەنییەوە دەڵێین کە سۆزبوون و عەقڵانی بوون دوو لایەنی مرۆڤن پێویستە مرۆڤ ڕێکی بخات نەک سەرکۆنەی ئەویتر بکات. بەمەش هەم توانا عەقڵییەکان دەچنەوە جێی خۆی هەم توانا سۆزییەکان سیستەمێکی ڕوون دەبێت کە تاکی باڵا لە یاساکانی ژیانی دا چاودێری دەکات نەک بیکاتە بنەما.


بەڵام لەکۆتاییدا، عەقڵ سیفەتی شتەکان دەناسێت و سۆزیش سیفەتی واقیعی ئیگۆ دەناسێنێ. پێویستت بە ناسینی خۆت هەیە پێش هەموو شتێک. بۆیە داماڵینی لە ئاستی گۆڕانکارییەکان شتێکی دژە واقیع و کرۆکی کارەساتە مۆدێرنەکەیە. بەڵام دەبێت بزانین کە، هاوسەنگکردنی سۆز و عەقڵ ئامانجی کۆتایی نییە. ئەم دۆخە تەنها خاڵی ناوەندییە لەسەر تەوەری ئاسۆیی. مانەوە لەم خاڵەدا بەس نییە. ئامانجی کۆتایی هەڵکشانە بەسەر تەوەری ستوونیدا بەرەو دۆخە سەروو-مرۆییەکان.