چۆن لە بابەتێکی موتەواتیر دڵنیابین؟
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر باسم لەوەکرد کە ئەو یەقینەی لەڕێگای عادەتەوە باسدەکرێت، یەکسانە (لەڕووی مەعریفییەوە) بەو یەقینەی لەڕێگای یاساکانی لۆجیکەوە پێی دەگەین. بۆ ئەوەی لەمە تێبگەین، پێویستە سەرەتا ٣ مەزهەب لەم بوارە باسکەین. بێگومان پێویستیشم بەوە نابێت دووبارە پێناسەی متواتر و یەقین و ئەم باسانە دووبارە بکەمەوە. بۆیە هەر پێناسەیەکت پێ گونجاوە ئەمە بکە بە بەری دا.
١. مەزهەبی فەلسەفیی
حوکەما، لە باسە متواترەکان دا، ڕای خۆیان هەیە بە شێوەیەک دایانڕشتووە کە نکۆڵیکردن لە بابەتی متواتر نکۆڵی کردن بێت لە یاسای سنخیەت، نکۆڵی کردنیش لە یاسای سنخیەت دەبێتە هۆی نکۆڵیکردن لە یاسای هۆکاریەتی، نکۆڵیکردنیش لە یاسای هۆکاریەتی نکۆڵیکردنە لە یاسای نەبوونی دژبەیەک. ئەمە چۆن ڕوودەدات؟ دەتوانین بەم شێوەیە کورتی بکەینەوە:
لە مەزهەبی فەلسەفی دا، یاساکانی تاقیکاری (التجربة) یان (المجربات) دەگەڕێتەوە سەر دوو بنچینە :
یەکێکیان ئەوەیە کە یاسای هۆکاریەتی هەیە (بۆ هەرشتێ مومکین بێت هۆکار هەیە).
دووەمیان ئەوەیە کە یاسای سنخیەت هەیە (بۆ هەر شتێک هۆکارێکی هاوئاهەنگ هەیە).
ئێمە با ئەوە بێنینە بەرچاومان کە مانای (کۆبوونەوە لەسەر درۆ) بەمانای چی دێت. هەر یەکێک لە کۆبوونەوە وە درۆ شتانێکی مومکینن و هۆکاریان هەیە. هۆکارەکەیشیان دەبێت هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ کردارەکە. کەسێک کە درۆ دەکات، بۆ مەسڵەحەتێک دەیکات کە بەدەستی دێنێ. کۆبوونەوە مانای چییە لە هەمان کاتدا؟ بریتیە لە دروستکردنی سیستەمێک. ئەگەر بپرسین بۆچی درۆکە دەکەن، ئەوە هۆکارێکی غائیمان هەیە. ئەمە لە خەڵکی دا جیاوازە. ئێستا پرسیارەکە لەسەر کۆبوونەوەکەیە. دەشێ هەریەکەو مەسڵەحەتێکی هەبێت، بەڵام هۆکاری کۆبوونەوەیان چییە لەسەر وەسفکردنی بابەتیکی نەبوو، یاخوود درۆ؟ بۆ ئەوەی ئەمە هەبێت، وەکو وتمان پێویستی بە هۆکارێکە لەلای حوکەما، ئەو هۆکارەش دەبێت هەمەچەشن یان هاوئاهەنگ بێت. مەسڵەحەتی خەڵکی زۆر جیاوازە، هێزی بیرمەندیان جیاوازە، ئەخلاقیان جیاوازە، بیرکردنەوەیان جیاوازە. درۆش لە خودی خۆیدا شتێکە کە نەبووە، پێچەوانەکەی ڕاستە. ئەگەر ئێمە نەڵێین ئەو کۆبوونەوەیە لەسەر ئەم بوونە، هۆکارەکەی بریتییە لەوەی زەینی ئەوکەسانە حەقیقەتێکیان وەرگرتووە وەک خۆی. ئەوە لە جیاوازی و چەندایەتییان تەنها چەندایەتی دێتە ئاراوە. نەک یەکانیەتیی. لەبەر ئەوەی هۆکاری هەبوونی درۆکە و کۆبوونەوەکەیان خودی خۆیانن. خودی خۆشیان یەکانەییەکی وجوودیان نییە کە یەک بن. بەم شێوەیە یاسای سنخیەت تێک دەشکێ، لە چەندایەتییەوە یەکانەیی دێتە ئاراوە. بە کورتی و پوختی پێویستت بە دوو هۆکارە دانەیەک یەکگرتوویی لە درۆ دا دروست بکات، کە مەحاڵە لە خودی کۆبوونەوەکە دا بێت. دانەیەکی تر یەکگرتوویی لە کۆبوونەوەکە دا دروست بکات. کە مەحاڵە لە خودی درۆکەدا هەبێت. پێویستت بە دوو هۆکاری هاوچەشنە، هاوچەشنیش لە هەریەکە لە کۆمەڵە و درۆ دا بەردەست نییە. کەواتە کۆبوونەوەی ئەم دووە مەحاڵە.
ئەی ئەوە وتمان یاسای سنخیەت تێک دەشکێنین، ئەی ئەوجار؟ جاچیە با تێک بشکێت؟ لێرەدا حوکەما دەڵێن ئێمە بە بەدیهەت ئەوەمان سەلماند کەوا هەر مومکینێک هۆکارێکی هەیە. ئەگینا هەموو یاسا لۆجیکییەکان تێک دەشکێت. ئەوەی کە شتێک هۆکارێکی تەواوە (العلة التامة) ئەوە ئەسەلمێنێت. ئەگەر وانەبێت نەئەشیا بڵێین (1+1=2) چونکە بەبێ هۆکار دەشێ 1 سەیرورە بکات بۆ 2 و بڵێین 1=2. ئەمەش کۆبوونەوەی دژبەیەکە و لەدەستدانی ناسنامەی شتێکە. ئەگەر ئەوەمان زانی دەڵێین: وای دابنێ ڕووداوێکمان هەیە، عیللە تەماکەی بەردەستە. با (أ) ناوی ئەو عیللە تامەیە بێت، (ب) ناوی ئەنجامەکەی بێت. ئەگەر بڵێین بەهۆکارێکی یەکانگیرییەوە (أ) نابێتە هۆکاری (ب) لەوکاتەدا، (أ) دەشێ ببێتە هۆکاری (ج) کە دژی (ب) ـە بەمەش هۆکاری تەواو نابێت بۆ (ب) چونکە (ج) یشی لێوە دەرئەچێت. ئەمەش کۆبوونەوەی دژبەیەکە.
٢. مەزهەبی عەدلیی
جیا لە مەزهەبی فەلسەفی، مەزهەبێکی موتەکەلیمین و فەیلەسوفانی نوێمان هەیە، پشت دەبەستن بە چاکەی خودا، بۆ ئەوەی شتانی متواتر بکەنە مەعریفەی خۆیان. ئەویش دەڵێن مادام خودا بەڕێوەبەری گەردوونە و خودا باشە، کەواتە یاساکانی باشن. دوورن لە فێڵ و فرت و تەڵەکە. لای عەدلییەکان وابوو کە مەزهەبی فەلسەفیی دەبێتە هۆی سنووردارکردنی خودا و تواناکانی، وە نەبوونی موعجیزە. دروست بوونی گەردوونێکی ماتماتیکی-میکانیکی. کە تێیدا دەسەڵاتی خودا هیچ بەهایەکی نییە جگە لەوەی هۆکاری یەکەمینە (وەکو کات نا بەڵکو وەکو پلە). هەروەها وتیان ئەم بیرکردنەوەیە دەبێتە هۆی داننان بە کۆنیەتی گەردوون. ئەگەر کۆنیش بێت توشی تسلسل دەبینەوە. ئەمەش نەگونجاوە. بەڵام لەهەمان کاتدا کێشەی ئەوەیان هەبوو ئەم دەسەڵاتە ڕەهایە بدەنە پاڵ خودا، ئەی بۆچی سیقە بەو یاسا گەردوونیانە بکرێت و چۆن یەقین بەدەست دێت لەوەی خودا بە خراپە ئەم یاسایانەیان دروست نەکردووە. بەمەش ناچاربوون لەڕێگای سەلماندنی چاکەی کەماڵ (خودا کامڵە) چاکەی کردارەکانی بسەپێنن. کە فەیلەسوف دووبارە گومانی هەبوو لە ڕاستی ئەم قەزیانە.
٣. مەزهەبی سوننی (موتەقەدیمینی ئەشعەری)
سوننە لەجیاتی ئەوهەموو هەرا و هۆریایە وتی کاکە، ئێمە شتێکتان بۆ دەکەین نە شیش بسوتێ نە کەباب. نە بۆتان وا لێ ئەکەم گەردوون ببێتە شتێکی ماتماتیکی و بێ خوا کاربکات. نە ئەوەش دان پیا ئەنێم ئەبێ هەموو کارەکانی بریتی بن لە چاکەی ئەخلاقی. ئەڵێم کاکە گیان ئەو یاسایانەی کە مەشائییەکان باسی دەکەن یاسایەکی قەتعی یەقینین. ئەبێ لایەنی پەیوەندی هەبێت لەنێوان هۆکار و دەرئەنجام. بەڵام هۆکار تەنها بریتییە لە ئیرادە و قودرەتی خودا. یاسا ئەخلاقییەکانیش هیچ کاریگەرییان بەسەر یەقینەوە نییە. بەڵکو زۆر بە سادەیی، ئەگەر کەسێک گومان لەو باسانە بکات، لازمێکی عەقڵی دێتە سەری کە بکەوێتە سەفسەتەوە. کەسێک کە خۆی بکەرە، دەزانیت کەوا بکەربوونی لە ڕێگای هۆکارییەتیەوە هاتۆتەجێ. وە ئەو یاسایانە لەسەر گەردوون جێبەجێ دەبێت. وە لەسەر هەموو بەڕێوەبردن. ئەگەر کەسێک ئینکاری بکات لەسەر ئەوەی کە دەشێت نەبێتە هۆکار بۆ کردەوەکانی، ئەوە ئەزانین کە درۆ لەگەڵ خۆیدا دەکات. بۆیە گەرچی پەیوەندی نێوان خۆی و کردەوەکانی پەیوەندییەکی (خووەکیین) عادیین. بەڵام دڵنیایە لەوەی پەیوەندی پێوە هەیە. وە ئەوە پێویستی بە بنەمای وجودیی نییە. وەکو چۆن پێویستت بە بەڵگە نییە بۆ ئەوەی بزانیت دژبەیەک کۆنابنەوە. بەهەمان شێوە پێویستت بەوەنیە بزانیت کە یاساکە چۆن دەزانیت کە ڕاستە. چونکە ئەمە بنەمای سەفسەتەیە و سەفسەتەش لە خودی خۆیدا دژبەیەکە و هیچ پێویست بەوە ناکات دیبەیتیان لەگەڵدا بکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر کەسێک دان بەوەدا نەنێت کە ئەم عادەتە ڕاستە و لەساتێک دا شکاوە:
یان دەبێت بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەی لابێت.
یان بەبێ بەڵگە گومان لە باسەکە دەکات.
ئەگەر بەڵگەی یەکلاکەرەوەی لابێت، ئەوە بانگەشەی ناسینی موعجیزەیەک دەکات (ئەگەر وشەی موعجیزە بۆی ڕاست بێت).
ئەگەر بەبێ بەڵگە دەڵێت گومانم لێی هەیە. بەهەمان ڕێگە گومان لە خودی قسەکەشی دەکرێتەوە، ئەگەر گومانەکردنەکە قسەکەی خۆی بە ڕاستی دەمێنێتەوە ئەوە هی سوننیەکانیش هەمان شێوە.
ئەگەر قسەکەی پوچەڵ دەکاتەوە ئەوە بەرامبەر دانی بە پووچەڵی داناوە.
ئەگەر کەسێک بڵێت باشە ئەم ڕەبتە عادیە چۆن یەقینی لێ وەردەگیرێ؟
دەڵێین بەهەمان شێوە کە عەقڵ یەقینی لێ وەردەگیرێ بەبێ ئاگاداربوون لەوەی چۆن دەسەلمێت کە کۆنەبوونەوەی دژبەیەک بەتاڵە. عەقڵ خۆی بەسە کە دانی پێدادەنێ پێوستی بەوەنییە بیانووی هەبێت بۆ ئەو باسە چونکە لە بەداهەتە.
٤. کۆتا ڕا
بەکۆکردنەوەی هەموو ئەوانەی کە باسمان کرد، دەتوانین ئێستا باسی ئەوە بکەین چۆن بەبێ هیچ خەوشێک و پوخت وتەمیز بزانین کە کۆتا ڕای مەزهەبی ئەشعەری چۆنە لەم باسەدا؟
یەکەمجار باسمان لە بیروڕای حوکەما کرد. وتمان کە ئەوان بە شێوەیەکی میکانیکی-ماتماتیکی ئەم بەداهەتەیان سەلماندووە. لای ئەشعەرییە تازەکان (المتأخرين) هاتوونە جیاکاریان کردووە لەوەی (چی ڕوودەدات بە یەقینی) لەگەڵ ئەوەی (شتەکە چییە؟) ئەوەی کە ئەم ڕەبتە لەنێوان گێڕانەوەی خەڵکی و کۆنەبوونەوە لەسەر درۆ (عادەتییە) ئەمە چیەتیی شتەکەمان بۆ ئەسەلمێنێت. بەڵام چی ڕوودەدات هیچ پەیوەندییەکی بە ئەمەوە نییە.
چونکە کاتێک کە تۆ خووەکی بوون (عادەت) دەدەیتە پاڵ نێوانیان، دەزانیت کە ئەمە بۆ ڕووداوێکی حەتمییە لە جیهانی ماددی، وە عادەت بوونی بەمانای ئەوەدێت لە ڕووی لۆجیکییەوە مەحاڵ نییە خودا پێچەوانەی بکاتەوە. بەڵام ئەمە زانیارییەکی نوێمان پێ نابەخشێت تا لە یەقینی عادەتی کەم بکەینەوە. واتا تەنها خودا لە توانای دایە ئائەم عادەتە پێچەوانە بکاتەوە. بەم شێوەیەش کە ئێمە ڕێکوپێکی ئەم دنیایە دەبینین دەزانین کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ویستی خودا هەرگیز بەو شێوەیە نییە کە هەڕەمەکی هەرجارەو بەبێ مەبەست کارێک بکات. ئەمە لە مەزهەبی عەدلییەکانیش جودا دەبێتەوە بەوەی ئەوان بە زەرورەتێکی لۆجیکی دەیانەوێت خودا ناچار بکەن، بەڵام ئێمە بە تاقیکارییەکی یەقینی ئەمانەمان سەلماندووە نەک لۆجیکی.
بە هەموو کۆکردنەوەی ئەم لایەنانە، دەبینین کەوا بەبێ پێویست بوون بە مەزهەبی حوکەما، نە مەزهەبی عەدلیی نە مەزهەبی موتەقەدیمین، دەتوانین بگەینە ئەوەی کە ئەم یەقینە یەقینێکی تاقیکاریی حەتمییە. هیچ ئەگەرێکی عەقڵی لەناوی نابات. بەڵکو ئەوەی لەناوی دەبات سەلماندنی ئەوەیە کە متواتر و درۆ لە عادەتا یەکدەبڕن. ئەمەش شتیکی مەحاڵە چونکە لە عادەتا هەمیشە یاسای سنخیەت بەردەستە. وە زۆربەی ئەو شتانەی کە تەجروبەی دەکەین لە بواری گۆڕانکاری دایە (الصيرورة) نەک دروستبوون (العلية). بۆیەش بەلای منەوە گونجاوترین ڕا لەگەڵ ئەشعەریەتا بگونجێت ئەوەیە خوا بە هۆکاری عادیی کارەکانی دەکات نەک لەگەڵی. چونکە تەجروبە پێمان دەڵێت زۆرێک لەو کاردانەوانەی دەیبینین لەم عالەمە بریتیە لە (الصيرورة).
٥. بەکارهێنانی لۆجیکە ماتماتیکییەکەی گینۆن
ئەم بەشە لایەنە عەقڵییەکەی شێخ عبدالواحد دەخاتە ڕوو، پەیوەست نییە بە عیرفان (چ نەزەری چ عەمەلی). بەڵکو بە سیستەمە لۆجیکیەکەی.
لە حەقیقەت دا هۆکاری ئەوەی متواتر ڕاستە وابەستە بە تێگەشتن لەم ڕیزبەندییەوە:
خاڵی (أ) : هەموو شتێک تەجەلییە (دەرکەوتە یان سێبەری حەقیقەتێک).
خاڵی (ب) : کۆبوونەوەی خەڵک لەگەڵ چەندایەتی سایکیکییان بۆ لەناوچوونی کەسایەتی خۆیان دەرکەوتەی مرۆڤی باڵایە.
خاڵی (ج) : دەرکەوتەی مرۆڤی باڵا لە نێو چەندایەتی مرۆڤەوە ڕێک بریتییە لە حەقیقەت بوونی شتێک.
خاڵی (د) : ئەم دەرکەوتە جگە لە بابەتە مێژووییەکان لە هیچی دیکە دا پشتی پێ نابەسترێت.
ئەمانە هەمووی حەقیقەتێکی دەرەکین لەڕێگای ئەنالۆژیای پێچەوانە، لە عەقڵەوە بەبەر واقیع دا کراون. بۆنمونە (هەموو شتێک تەجەلییە) ئەمە هەر یاسای هۆکارییەتی و سنخیەتە بەڵام بە ئەنالۆجیای پێچەوانە (Analogie inverse) بە بەرگێکی میتافیزیکی سەروو-عەقڵییەوە ناسراوە.
تەنها سەلماندنی ئەوەی متواتر شتێکی خوار-سایکیک نییە، بەسە بۆ ئەوەی تێبگەین کە حەقیقەتە. ئەو ئەگەرەشی کە یەکسانە بە سایکیک، لە ڕێگای داڕشتنی پلەکانی بوونەوە دەسەلمێندرێت کە مەحاڵە. ئەگەر خاوەنی گومانەکە گریمانەی ئەوە بکات کە تەجەللییەکە تەنیا کاریگەرییەکی دەروونی بووە و ڕووداوەکە لەسەر زەوی ڕووی نەداوە، ئەوا سەرچاوەی ئەم درکپێکردنە ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ کایەی خوار-سایکیکی. کایەی سایکیکی مەرتەبەی پەرتەوازەیی و خەیاڵاتی سوبجێکتیڤە. لەم کایەیەدا، هەر تاکێک بەپێی پێکهاتەی دەروونیی خۆی وێنەیەکی جیاواز و دژبەیەک بەرهەم دەهێنێت. یەکگرتنی ماتماتیکیی سەدان گێڕەڕەوەی سەربەخۆ لەسەر یەک وردەکاریی مێژوویی، بەتەواوی دەرهاوێشتن و هەڵوەشاندنەوەی ئەگەری کاریگەرییە دەروونییەکان دەسەلمێنێت.
ئەم جۆرە تێکەڵکێشە سوودی ئەوەش دەگەیەنێت کە مرۆڤ لەڕووی عەقڵی شیکارییەوە ناچاری ئەوەیە دەستەمۆی ئیمانێکی ترادیسیۆنێکی ئوسوڵی بێت. ئەگەر بە زمانی گینۆن تەعبیری لێبکەین دەڵێین (شیکردنەوەکە ئی جیمینایە) : سەلماندنی ئۆبجێکتیڤی بڕینی پانتایی ئاسۆیی لەلایەن پرەنسیپێکی سەروو-مرۆییەوە لە ڕێگەی گێڕانەوەی موتەواترەوە، دەبێتە هۆی دەرەنجامگیرییەکی لۆژیکیی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە بوونی ئەو خاڵە مێژووییە بە سەنتەرێکی کێشکردن. دەرکەوتنی ئەم پرەنسیپە هێڵێکی ستوونیی جێگیر پێکدەهێنێت و کایەی ماددە بە پرەنسیپە نامانیفێستەکەوە گرێ دەدات. نەریتە ئۆرتۆدۆکسەکان و شەریعەتەکانیان پێکهێنەری درێژکراوەی ئۆبجێکتیڤی ئەو هێڵە ستوونییەن لەناو کایەی فیزیکیدا. عەقڵی شیکاری درک بە پێگەی وجوودیی مرۆڤ دەکات لەناو دۆخی فیزیکیدا. تاکی مرۆیی قەوارەیەکی جوزئییە و گیرۆدەی هێزە پەرشوبڵاوەکانی چەندایەتییە لەناو سەردەمی تاریکیدا (Kali Yuga). فاکەڵتییە تاکەکەسییەکان، لەوانەش خودی عەقڵ، بۆ تێپەڕاندنی سنوورەکانی پانتایی ئاسۆیی پێویستیان بە فاکتەرێکی دەرەکییە. پشتبەستن بە توانا سوبجێکتیڤەکان بۆ گەیشتن بە حەقیقەتە باڵاکان لە دەرەوەی ئەو سەنتەرە مێژووییە سەلمێنراوە، دەبێتە هۆی بەندبوون لەناو وەهمەکان و خلیسکانی حەتمی بۆ ناو کایەی خوار-سایکیکی. لێرەوە، پەیوەستبوون بە نەریتێکەوە زەروورەتێکی ئەندازەیییە. ئایین و ڕێوڕەسمەکان قاپی فیزیکی و ڕێکخەری کۆزمۆلۆژین (Support cosmologique) بۆ وەرگرتن و گواستنەوەی کاریگەرییە سەروو-فۆرمەکان. عەقڵ پێشتر گواستنەوەی حەقیقەتێکی ڕەهای بۆ ناو فۆرمێکی دیاریکراو لە ڕێگەی موتەواترەوە سەلماندووە. لەبەر ئەوە، پەیڕەوکردنی یاساکانی ئەو فۆرمە تاکە ڕێگای لۆژیکییە بۆ هاوتاکردنی بونەوەری مەرجدار لەگەڵ پرەنسیپە ڕەهاکەدا. جێهێشتنی فۆرمە زاهیرییەکە پاش سەلماندنی ڕاستییەکەی، لادانێکی ماتماتیکییە و دژایەتیکردنی پرەنسیپی هۆکاری پێویستە. بونەوەر بۆ ڕزگاربوون لە پەرتەوازەییی چەندایەتی و ڕێکخستنی ئاراستەی خۆی بەرەو سەنتەرە نەگۆڕەکە، دەبێت بەتەواوی بچێتە ناو پێکهاتە ڕێکخراوەکەی نەریتەوە. عەقڵ لەم قۆناغەدا کۆتایی بە ئەرکی شیکاریی خۆی دەهێنێت و حوکم بە حەتمییەتی ئەم تەسلیمبوونە دەدات. بەپێی داتاکانی خودی عەقڵ، ئەم کەناڵە سەلمێنراوە تاکە ئامرازی ئۆبجێکتیڤە بۆ مانەوەی مرۆڤ لەناو نەزمێکی ڕێکخراودا.
کۆتایی
دەرئەنجامی کۆتایی ئەم باسە مەعریفییەی ئێمە بەوە سەر ئەنێتەوە کە مرۆڤ بۆ یەکبوونی و یەکلایەنیی لە بابەتە مەعریفییەکانی دا پێویستی بە داننان بە شەرعیەتیی عەقڵی موتەواتیر هەیە. جگە لەوەش شیکارییەکەی گینۆن بۆمان دەردەخات لەڕێگای ئەو متواترەوە دەتوانین بگەین بە یەقینێکی تەواو، ڕێ بنێین بەرەو مەعریفە سەروو فۆڕمەکان و دەستکەین بە ڕێبواری فێربوونی حەقیقەتی یەکپارچەیی.