---

سنورداریەتی تیۆری جۆن راولس بەرامبەر ئەخلاقیاتی گشتگیر دا: بەربڵاوترین تیۆری ئەخلاقی-سیاسیی ئەم سەدەیە

گرنگترین تیۆرای ئەخلاقیی لەدوای سودگەرایی باسبکرێت تیۆرییەکەی جۆن راولسە. کە پێگەیەکی گرنگی لە فەلسەفەی ئەخلاقیدا داگیر کردووە، چونکە دادپەروەری لەسەر بنەمای پاساوهێنانەوەی ئەخلاقی بۆ پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دادەڕێژێت. ئەم تیۆرییە یەکێکە لە سیستماتیکترین و گەورەترین هەوڵە ئەخلاقییەکان بۆ شیکردنەوەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە فەلسەفەی مۆدێرن دا. 


راولس لە ئارگومێنیەکانی دا، ئەخلاق دەبەستێتەوە بە ڕوانگەیەکەوە کە سوودە هەڕەمەکییە ئەخلاقییەکان وەلا دەنێت، وەکو چینایەتی کۆمەڵایەتی، بەهرە سروشتییەکان، تێڕوانینی تاک بۆ چەمکی چاکە. واتە وا مامەڵە لەگەڵ تاکەکاندا دەکات وەک بوونەوەرێکی ئازاد و یەکسان. ئەم تیۆرایەی کە باسمان کرد دەتوانین بڵێین پێوەرێکی ئەخلاقییە. واتە پێوەری ئەخلاق لای جۆن راولس لەسەر بنەمای مەرجە دادپەروەرانەکانی هاوکاریی کۆمەڵایەتی و ڕێکەوتنی نێوان کەسانی ئازاد و یەکسان دامەزراوە. ئەم پێوەرە لە ڕێگەی پێگەی ڕەسەن و پەردەی نەزانییەوە دیاری دەکرێت، کە تیایدا تاکەکان بێ ئاگان لە پێگە و سوودە کۆمەڵایەتییەکانیان بۆ دەستەبەرکردنی بێلایەنیی تەواو. لەم چوارچێوەیەدا، ئەخلاق و دادپەروەری بەندە بە دیزاینکردنی پێکهاتەی بنەڕەتیی کۆمەڵگە و دامەزراوە گشتییەکانەوە بە جۆرێک کە هەمووان بتوانن وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقی لەسەری ڕازی بن و سوودە هەڕەمەکییەکان وەلا بنرێن.   

ئەمەشی لەسەر بنەمایەک بنیاد ناوە: 

یەکەم : (​پێگەی ئەخلاقیی) لە پێگەی ڕەسەندا یان (original position)، تاکەکان وەک کەسی ئەخلاقی ئازاد و یەکسان دەناسێنێت. ئەمەش مۆدێلێکی پاساوهێنانەوەی سیاسی و ئەخلاقی پێشکەش دەکات کە ڕێز لە یەکسانیی مرۆڤەکان دەگرێت. 

دووەم: پەردەی نەزانی (veil of ignorance) تێڕوانینێکی ئەخلاقییە کە ڕێگری لە بەکارهێنانی تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دەکات بۆ بەدەستهێنانی سوودی تاکەکەسی. پرەنسیپەکانی دادپەروەری دەبێت بۆ هەموو کەسێک وەک یەکسانێکی ئەخلاقی شایەنی قبووڵکردن بن.  


سێیەم: (​پاراستنی سەربەخۆیی ئەخلاقی) تیۆرییەکە پشتبەستن بە پێوەرە ئەخلاقییە مشتومڕلەسەرەکان وەلا دەنێت و بنەماکانی دادپەروەری لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دادەڕێژێت. ئەمەش مۆدێلێک دەخاتە ڕوو کە خۆی لە پاترنالیزمی ئەخلاقی دەپارێزێت و وابەستەی ڕێزگرتنە لە فرەیی. 

 
چوارەم: ​ڕەتکردنەوەی شایستەیی ئەخلاقی (Moral Desert) راولس پێی وایە بەهرە سروشتییەکان و خاڵی دەستپێکی کۆمەڵایەتی ناتوانن ببنە بنەمایەک بۆ بانگەشەی هەبوونی بەهایەکی ئەخلاقیی زیاتر، لەبەرئەوەی ئەم هۆکارانە لە ڕووی ئەخلاقییەوە هەڕەمەکین.  


پێنجەم: ​(پێکهاتەی ئەخلاقیی هاوکاریی کۆمەڵایەتی) راولس دادپەروەری وەک تایبەتمەندییەکی هاوکاریی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکات و بەرپرسیارێتیی دابەشکردنی دادپەروەرانە دەخاتە ئەستۆی دامەزراوە گشتییەکان. بەم شێوەیە، تیۆرییەکە هەڵسەنگاندنێکی ئەخلاقی بۆ دیزاینی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان دابین دەکات و تێگەیشتن لە دادپەروەری دەگوازێتەوە بۆ ئاستی پێکهاتەی بنەڕەتیی کۆمەڵگە.  


​بەپێی ئەم شیکارییە، ئامانجی سەرەکیی راولس مۆدێلکردنی جۆرێکە لە بیرکردنەوەی ئەخلاقی کە مامەڵە لەگەڵ کەسەکاندا دەکات وەک یەکسان لەوپەڕی ئاستی پێویستدا. چوارچێوەکەی راولس تێڕوانینێکی ئەخلاقیی گشتگیرە بۆ ڕێکخستنی بنەماکانی کۆمەڵگە بەو جۆرەی کە گونجاوە لەگەڵ بەهاکانی یەکسانی و ئازادیدا و پارێزگاری لە کەرامەتی ئەخلاقیی هەر تاکێک دەکات. 

تێبینییەکان: 
با سەرەتا وای دابنێین کە بەڵێ تیۆرییەکەی راولس تەواوە. ڕاولس هیچ بنەمایەکیی ڕاستەقینە بۆ تاک و بیرکردنەوەی ئەخلاقی پێشکەش ناکات و خۆشی هەمان شتی وتووە. بەڵکو ئەمە جۆرێکە لە خراپ بەکارهێنانی فەلسەفەی راولس کاتێک کە تێکەڵ دەکرێت بەبابەتە ئەخلاقییەکان. لە ڕاستیدا تیۆریەکەی راولس بۆ دامەزراوە گشتییەکانە کە چۆن کار بکات. هیچ یاسایەکیی گشگیر بۆ ئەخلاقی دەوڵەت و یاساکانی پێشکەش ناکات. بە پێچەوانەوە ئەگەر هەوڵی گشگیرکردنی راولس بدرێت توشی دژبەیەکیکی ڕوون دەبینەوە:

چۆن دەکرێت ئێمە هەموو تیۆرییە ئەخلاقییەکان و ڕوانگەی کەسەکان بۆ ئەخلاق پشگوێ بخەین لەهەمان کاتدا تیۆری راولس باڵادەست بێت؟

لەوانەیە بڵێی بەڵام لەسەرەوە باسمان لەوەکرد کە بێلایەنیی پێگەی ڕەسەن و پەردەی نەزانی چارەسەری ئەم باڵادەستییە دەکەن.

بەڵام ئائەم وەڵامە قەناعەتپێکەر نییە. چونکە پێگەی ڕەسەن ناتوانیت هیچ پێگەیەکی بناغەیەکی ئەخلاقیی جەوهەری بۆ خۆی دابتاشێت. پەردەی نەزانی کار دەکات بۆ نوێنەرایەتیکردنی تێڕوانینێکی ئەخلاقی کە سوودە هەڕەمەکییەکان وەلا دەنێت، لە دەرەوەی وەسفکردنی هەر گرێبەستێکی مێژوویی واقیعی. بەم شێوەیە، ئامرازەکە بانگەشەی خاوەندارێتیی حەقیقەتی ئەخلاقی ناکات. بەڵکو بانگەشەیی پێویستیی ئەم دادپەروەرییە پێویستی بە پێگەیەکی دیمۆکراسی هەیە، کە ڕاستەوخۆ کەسێک وەکو پێوەرێکی ئەخلاقیی جیگیر سەیری بکات دەبێتە هۆی ئەوەی بە دەرئەنجام پاساو بداتە ئامرازەکان. ئەمەش وەکو ئاشکرایە، سەرەتای کێشەکەیە (مصادرة على المطلوب).


ڕەخنەکان:

سەرەڕای بەهێزی تیۆری راولس بۆ دەوڵەتە دیموکراتییەکان. هێشتا بێبەش نییە لە کێشە. ڕەخنەگران وەکو ئێمەرسۆن ئاماژە بە چەند کەلێنێکی فەلسەفیی دەدەن لە تیۆرای راولس لەوانە:

راولس گریمانەی کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو دەکات کە تیایدا دامەزراوەکان پابەندن بە بنەما هەڵبژێردراوەکانەوە و هاووڵاتیانیش ئامادەی کارکردنن لە چوارچێوەی ئەو سنوورانەدا. ئەم گریمانانە توانای تیۆرییەکە بۆ چارەسەرکردنی واقیعی نادادپەروەرییە بەردەوامەکان، هەژموونی سیاسی و پەیوەندییە نابەرامبەرەکانی دەسەڵات سنووردار دەکەن. لەو کۆمەڵگەیانەی مۆرکی ستەمکاریی مێژوویی و نایەکسانیی پێکهاتەییان پێوەیە، مەرجەکانی پێگەی ڕەسەن (original position) بەردەست نین.
ئەم میتۆدە دەبێتە هۆی لاوازکردنی توانای شیکاریی تیۆرییەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە واقیعییەکان. بۆنمونە لەو کۆمەڵگەیانەی خاوەنی مێژوویەکی درێژن لە سەرکوتکردن، هەلومەرجەکانی ڕێکەوتنێکی بێلایەنانە بوونیان نییە. نایەکسانییە پێکهاتەییەکان و جیاکارییە کەڵەکەبووەکان ڕێگرن لە دروستبوونی ئەو کۆدەنگییە ئەخلاقییەی کە مەرجەکانی پێگەی ڕەسەن پێویستیان پێیەتی. چۆن دەکرێت بانگەشەی هەبوونی دۆخێکی ڕەسەنی تاکەکانی کۆمەڵگا بکەین، لەکاتێکدا دۆخی ڕەسەن بوونی نییە؟ دەی پشتبەستن بەم گریمانە ئایدیاڵانە مەترسیی پەردەپۆشکردنی ئەو نادادپەروەرییە پێکهاتەییانەی لێ دەکەوێتەوە کە بەشێوەیەکی سیستماتیک لەناو کۆمەڵگەدا ڕەگیان داکوتاوە. وەلانی شوناسی کۆمەڵایەتی و بارودۆخە مێژووییەکان دەبێتە هۆی پشتگوێخستنی گرنگی ئەخلاقیی ڕەگەز، جێندەر و چینە کۆمەڵایەتییەکان لە پرۆسەی شیکاریدا. ئەمەش لەگەڵ تیۆرای دیمۆکراتیەت دا نەگونجاوە. کەواتە تیۆرییەکەی راولس وەک پێوەرێکی نۆرماتیڤی کار دەکات بۆ هەڵسەنگاندنی دیزاینی ئەخلاقیی دامەزراوەکان، هاوکات توانای دابینکردنی نەخشەڕێگایەکی پراکتیکیی بۆ چاکسازیی کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگە نادادپەروەرەکاندا سنووردارە. ناتوانین بەهۆیەوە ستەمە سیستیماتیکییەکان و کێشە مێژووییەکان چارەسەر بکەین. لەناکاوێک کە مێژووی هەزاران ساڵ هەبێت لە بەکۆیلەکردنی ڕەشپێست، دامەزراوەکان هەموو تاوانەکان، هەموو سەرپێچییەکان ، هەموو کارەکان وەکو یەکدیی سەیربکات. ئەمە دەبێتە هۆی هێشتنەوەی ئەم قەیرانە مێژووییانەی کە هەرگیز نەتواندراوە چارەی بکرێت. ئەمەش بەپێی ئەو کۆمەڵگا دیمۆکراتییەی کە راولس پشتی پێدەبەستیت. 

​کێشەی پەردەی نەزانی (Veil of Ignorance) بریتییە لەوەی کە ڕەخنەگران ئاماژەیان پێداوە کە، وەلانانی شوناسی کۆمەڵایەتی و بارودۆخە مێژووییەکان لەناو پەردەی نەزانیدا دەبێتە هۆی پەردەپۆشکردنی گرنگیی ئەخلاقیی ڕەگەز، جێندەر و چینە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم ئاستە لە دابڕان نادادپەروەری وەک لادانێک لە دامەزراوە دادپەروەرەکان دەناسێنێت. لە هەمان کاتدا، ڕەخنەگران نادادپەروەری بە تایبەتمەندییەکی پێکهێنەری ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دادەنێن.
وەکو پێشتر وتمان، ئەم تیۆرەی ڕاولس دەبێتە هۆی ونکردنی سەنگی ئەخلاقیی ئەم توخمانەی کە پشگوێی دەخات لە پرۆسەی داڕشتنی پێوەرەکانی دادپەروەریدا. ئەم شوناسانە لە واقیعدا خاڵی چەقیین بۆ چەوساندنەوە و نایەکسانییە سیستماتیکەکان. پشتگوێخستنیان لە قۆناغی بڕیارداندا ڕێگری دەکات لە بینینی ئەو داینامیکە کارایانەی کە سەرچاوەی سەرەکیی دروستبوونی ستەمکارین. جگە لەوەی چاوپۆشی کردن لە واقیعی تاکەکەسی سنوورێکی هەڕەمەکی بۆ داندراوە. بەمەرجی ئەوەی لە پێگەی ڕەسەنی تاک دەرنەچێت. دووبارە ئەم پێگە ڕەسەنە دژبەیەکیکی ناوخۆیی لە سیستەمی راولس دروست دەکات. وەکو هەر شتێکی تر دەکرێت چاوپۆشی لێ بکرێت. بەڵام نەک ئەوە دادپەروەریش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. چونکە، تاک وەکو تاک خاوەنی مێژوو-ڕابردووێکە کە جۆری تاوان و سزا گۆڕانکاری بەسەردا ڕوودەدات. نەک هەر گۆڕانکارییەکی ئاسایی. بەڵکو گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی. بە چاوپۆشی کردن لەم پێشینانە، تیۆریەکەی راولس دەتوانێت مەفهوومی دادپەروەری بخاتە ژێر پرسیارەوە.


کۆتایی:

مەبەست لەم وتارە پشاندانی ئەوەیە تیۆرییەکەی راولس بریتی نییە لە تیۆرییەکی فەلسەفیی ئەخلاقیی بەڵکو تیۆرییەکە لە چوارچێوەی قبوڵکردنی کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیی. بۆیە ئەگەر کەسێک بییەوێت ئەم بیروباوەڕە وەکو فەلسەفەیەکی ئەخلاقیی سەیربکات، ئەوە دووچاری دژبەیەک و کێشەی دەرەکی دەبێتەوە کە ناتوانێت چارەسەری بکات. ئەگینا لەچوارچێوەی قبوڵکردنی دیمۆکراتی دەشێ بەشێک لە ڕاستی لەخۆ بگرێت.