---

بیرۆکە کەلامییەکان دەربارەی عیللەت و مەعلول

پێشەکی:

لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەیەم دا، ئیسحاق نیوتن نەریتێکی کۆنی فەلسەفیی بەگژ دنیادا کرد. بیرۆکەی نیوتن سادەبوو، بەڵگەنەویستانە کاریگەری دەکرد. نیوتن توانی کە جیهان قایل بکات بەوەی شتێک هەیە بەناوی عیللەت و مەعلول. کە لە یۆنانییەکانەوە سەری هەڵدابوو. ئەم بیرۆکە مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە، ئیسلامییەکانیش بێبەش نەبوونە لەم مشتومڕە. بەڵام ئەم باسە چییە؟ لەچیدا خۆی دەبینێتەوە؟ چۆن دەتوانین تێی بگەین؟

لەسەرەتای فەلسەفەی یۆنانییەوە ئەرستۆ بەپێی ئەو بنەمایانەی کە دایڕشتبوو نەدەکرا ئەگەر شتێک عیللەت بێت، مەعلولەکەی بوونی نەبێت. مەگەر لە دوو حاڵەتدا:

١. ڕێگرێک هەبێت کە پێی دەڵێن (المانع). ئەم بوونەوەرە، یاخوود ماددەیەکە هەر شتێکە ناهێڵێت مەعلول بێتە کایەوە. وەکو چۆن ئەگەر دەستەوانەی ئاگرگوژێنەوەت لەدەستکەی، ئاگرەکە دەستت ناسوتێنێ، چونکە ڕێگر هەیە. 

٢. مەرجێک نەهاتبێتە دی، ئەوەی پێی دەڵێن (الشرط) بۆنمونە ئەگەر ئاگر هەبێت راستەوخۆ بێ دەست لێدان دەستت ناسوتێنێ. بەڵکو دەبێت بەرکەوتەت هەبێت. ئەمە مەرجە. ئەگەر نەهاتە دی، مەعلول نایەتە دی.


کەواتە دەتوانین بڵێین بەپێی ئەرستۆ، لە دەرەوەی کردەکاری خودای گەورە، ئەم کردارانە ڕوودەدەن، وەکو شتێکی پێویست و زەروریی. بەهاتنە دی مەرجەکانی و نەبوونی رێگر هیچ شتێک نییە کە وابکات مەعلول لە عیللەت جیا ببێتەوە. بەمەش کاتێک مرۆڤ عیللەت دەبێت بۆ هاتنە دی کارێکەوە، بە هاتنە دی مەرجەکەی و نەبوونی رێگر، هیچ شتێک دروستی ناکات. دەی خۆ ناشێت دوو هۆکاری تەواوەتی بۆ یەک کردار هەبێت. چونکە هەردووکیان بەس بن بۆ ئەوەی کردەوەکە بوونی هەبێت، ئەوەی یەکەم پێویستی بەوەی دووەم نابێت. کەواتە دانەیەکیان بێ کارە. 


ئەگەر بە هەردووکیانەوە نەبێت دروست نەبێ ئەوە هیچیان تەواو نین. ئەگەریش تەنها وا ڕێکەوتووە کە هەردووکیان ببنە هۆکار بەبێ ئەوەی پێویستیان بەیەک هەبێت، ئەوە یاسای هۆکارییەتی بە سەرەڕایی تیک دەشکێت. چوونکە ئەوکاتە دوو کار یەکسان دەبێت بەیەک کاردانەوە. لەو حاڵەتەش دا کارێک کاردانەوەی نابێت ئەمەش دژبەیەکە چونکە تۆ دەڵێی هۆکارە و هۆکاریش نییە. چونکە عیللەتی دووەم یان شتێک دەکات کە یەکەم نایکات. یان هەر هەمان شت دەکات. دەی ئەگەر عیللەتی یەکەم شتەکەی کردبێ دووبارە کردنەوەی لەلایەن عیللەتی دووەمەوە مەحاڵە. چونکە پەیداکردنی پەیدابوو (تحصيل الحاصل) عەقڵەن ناگونجێت. 

ئێمە هەموومان دەزانین هەر کارێک هۆکارێکی هەیە. وە کاردانەوەش بەبێ هۆکار نابێت. ئەمە یاسایەکی جیگیرە و کەس گومانی تێدانییە. ئەگەر شتێک دروست ببێت پێویستی بە هۆکارە. یان ئەگەر شتێک کە مومکینولوجودە دروستببێ پێویستی بەهۆکارە. یان دەڵێین ئەگەر شتێک دروستبوو کە مومکینولوجودە پێویستی بە هۆکارە. هەموو قسەکان یەکن. لێرەدا کێشەکە ڕوودەدات. ئایە ئەم کردەوانەی چواردەورت دەیبینی ئایە هەر خۆیان هۆکاری تەواوەتین یان نا؟ ئەگەر هۆکاری تەواوەتین وەکو پێشتر وتمان خودا هیچ دەسەڵاتیکی لە بوونی دا نامێنێت.


بیروڕای مەشائییەکان (ئەرستۆییەکان) : هۆکاریەتی ڕەها
مەشائییەکان وتیان کاکە گیان سەرئێشەمان ناوێت. ئێمە دەبینین ئەو شتانە چەندان جار هۆکاری تەواوەتی بوونە. تاقیمان کردۆتەوە. سەد جار دەست بخەیتە ناو ئاگر دەتسوتێنێ. ئیتر ئەوەی زۆر دووبارە بۆوە ئائەمە بەشێکە لە زات و بونیادیی ئائەم شتە. لێی جیا نابێتەوە. ئاگر وەکو خۆی و مرۆڤ وەکو خۆی بچێتە ئاگرەوە نابێت نەسوتێت. لێشیان پرسین : ئەی دەربارەی ئیبراهیم علیه السلام و ئەو موعجیزانەی کە ڕوودەدەن ؟ وتیانە کاکە ئەمەش هەر شتانێکن لە چوارچێوەی یاساکان دان. بەڵام لەبەر ئەوەی جەستەی ئیبراهیم علیه السلام لە نەفسی دا هێزی قودسی هەبووە جەستەی وەکو من و تۆ نەماوە. ئیتر بۆیە ئاگرەکە نەیسوتاندووە. ئەگەر تۆش ئەمە بەدەست بهێنی کە ئیبراهیم علیە السلام بەدەستی هێناوە، جەستەت وای لێدێ کە نەسوتێت. 

ئەم بیروباوەڕە زۆر لادانی پێوە دیارە. دەبینین کە لای فەیلەسوف، موعجیزە دەسەڵاتی خوای تێدانییە. نە خوای گەورەش وای کردووە کە ئاگرەکە هێزی سوتانی نەمێنێت. تەنانەت فەیلەسوفان لەوەش زیاتر دەڕۆن. دەڵێن کە مادام خوا عیللەتە بۆ دروستبوونی ئەم دنیایە، دەی عیللەت و مەعلول جیانابنەوە ئیلان ڕێگرێک یان مەرجیک بەدی نەهاتبێت. وتیان ئەسڵەن خوا یەک مەعلولیشی هەیە نەک هەموو دنیا بەیەکەوە. یەک عەقڵ لێوەی هاتووە تا 10 عەقڵ ڕۆشتووە ئەو دنیایە دروستبووە. ئەمەش پێی ئەڵێن (قاعدة الواحد) یاسای یەکیی کە دەڵێن یەکێک یەک بێت، بەس یەکێکی لێ دەرئەچێ (الواحد لا يصدر عنه الا الواحد). ئیتر ناچار زانایانی ئیسلام شێخیان لێیان نەماو لە سەرەتاوە وتیان کاکە ئێوە کافرن. 

بیروڕای موعتەزیلە: نێوەندگیری
هەندێک لە موعتەزیلە وتیان بەڵێ ئێمە خۆمان هۆکارێکی تەواوەتین و سروشت خۆی هۆکارێکی تەواوەتییە. بەڵام ئەم هۆکارە تەواوەتییە وەکو ئەرستۆ ناڵێین شتێکە کە زاتیی بێت بۆ سروشت و مرۆڤ. بەڵکو خودا هێزێکی بێ لایەنی پێداوین، وە هێزێکی بە کۆمەڵێک یاسای ڕێکخراوەوە داوەتە سروشت. بەمە ئەڵێن (القوة المودعَة) ئیتر خوا وازی لە کاری ئەم دنیایە هێناوە خۆی بەڕێوە دەچێت. خوا دەتوانێت تەداخول بکات. 

بەڵام هەتاوەکو هۆکارێکی باش نەبێت تەداخول کردنی خراپە. هەندێکیان یاسا سروشتییەکانیان لاداوە. وتوویانە کاکە ئەم هێزە بەس بۆ مرۆڤ هاتووە. لەبارەی موعجیزەکانەوە وتوویانە بەڵێ ئەمە دەستتێوەردانی کاتی خودایە بەهۆکارێکی باش. بەڵام زۆرێکیان کەراماتی ئەولیا و خارق العادەیان رەتکردۆتەوە. 

بەڵام توشی هەمان کێشەی کاکی فەیلەسوف دەبنەوە. باشە ئەم هێزە بێلایەنە بۆ کاردەکات؟ وەکو بەشێک لەخۆی کە پێویستی بە خوانەبێ؟ یان چۆنە؟ ئێوە دەتانەویست هەمان قسەی فەیلەسوف نەکەنەوە. نەڵێن خوا ناچارە ئەم دنیایە دروست بکات. نەڵێن کەوا موعجیزە دەستێوەردانی خوا نییە. ئا ئەم هێزە بێلایەنە لەخودی خۆیدا کاردەکات؟ وتیان بەڵێ. ئەگەر تێکەڵی ئیرادەی مرۆڤ دەبێت بە ئیرادەی مرۆڤ لە خودی خۆیدا کارەکەت بۆ دروست دەکات. ئەگەر تێکەڵی ئەو یاسا سروشتیانە دەبێت بەپێی حیکمەتی ئیلاهی و قەزای خوا کارەکات.

ئەوکاتە هەرچی کێشەی فەیلەسوف هەیە کەوتەوە سەریان. بەڵام جیاوازییەکەی ئەوەبوو کە ئەو هێزە، دەکرا لاببرێت. بەمەش موعجیزە دروست دەبوو. بەڵام هێشتا ئەو مانایە تەواوە نادات کە لە قورئان و سوننەت وەرگیراوە. بۆیە هەر کێشە بوو. وە ڕوونیش نەبوو کە مرۆڤ خالقی کردەوەی خۆی بێت ئەوە  لادانە لە کۆمەڵێک ئایەت و فەرموودە.


ڕای ئەهلی سوونەت: پێداگری لەسەر دەسەڵاتی خوای گەورە
لای ئەهلی سوونە، هەردوولایەن توشی کێشە بوونە.
وتیان: 

ومن يقل بالطبع أو بالعلة فذاك كفر عند أهل الملة
ئەمە بۆ فەیلەسوفان بوو. 

ومن يقل بالقوة المودعةِ فذاك بدعي فلا تلتفتِ
ئەمەش بۆ موعتەزیلی بوو.

لەبەر ئەوەی ئەهلی سوونەت لەوەت تێگەشتبوون کە ئەمەی فەیلەسوف ناگونجێت لەگەڵ دین بە شێوەیەکی ڕەها، ڕای موعتەزیلەش ناگونجێت لەگەڵ باوەڕبوون بەوەی خودا خالقی هەموو شتێکە لەم دنیایە کە ڕوودەدات و خۆی بەڕێوەی دەبات. ئەو هۆکاری هەموو شتێکە. بەمەش نە یاسای هۆکاریەتییەکە تێک دەشکێ نە تووشی ئەو کێشانە دەبینەوە کە ئەوان توشی بوونە. بەڵام ئەوانیش لەنێو خۆیاندا دوو ڕای جیاوازیان هەیە. یەکەمیان ئەوەیە کە زۆرێک وتوویانە : ئەسڵەن ئەم دوو شتە لە لای یەکدی ڕوودەدەن، نەوەک هیچ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە هەبێت. ئەوە خوایە کاتێک کە ئەمە ڕوودەدات بە پێی عادەتێک ئەم دنیایەی ڕێک خستووە، کە ئاوها بێت. دەنا نە هێزی تێدایە، نە ئەوەیە شتەکە عیللەت بێت. ئەمەش بۆ پاراستنی ئەوەی کە خوا خالق و دەسەڵاتداری ڕەها بێت. دووەمیان ڕای ئیمامی غەزالییە، کە ئەفەرموێت ئا ئەم شتانەی کە بوونەتە سەبەبی عادەتی خوا بەکاریان دەهێنێ تا شتی داهاتوو دروستکات. 


کۆتایی:
کەواتە بۆ ئەوەی کە لە بابەتەکە تێبگەین ئەم خستنە ڕوویە تێمان دەگەیەنێت کە باسەکە لەسەر چییە و زەینمان بە لای دیکە دا نابات. لە وتارەکانی داهاتوو دا ئەگەر رەخسا دەتوانیین دەرەئەنجامی زۆر باشتر لە مەنهەجی سووننی وەرگرین. تاوەکو بگاتە ئەو ئاستەی کە دژی زۆر لە بیرۆکە نوێیە سیاسیی و فەلسەفییەکان بەکاربێت.