---

فێمێنیزم بەرەو ڕووخانی تەواوەتی بنەماکانی : کەیسی لیندسی كلەنسی

جیهان شوێنێکی سەیرە. هەر لە سەرەتاوە کاتێک شەپۆلەکانی فێمینیزم لە چوارچێوەی کۆمەڵگای دیمۆکرات دا پەیدابوون، لەسەر بنەمای یەکسانبوونی ماف و توانا —یان پۆتێنشیاڵەتی— جیگەی خۆیان کردەوە لە سیستەمێکی کراوەی وەکو دیمۆکراتیەت دا. ئارگومێنتەکانیان سادە و بەهێز بوون: ئەگەر تۆ ماف دەدەیتە هەموو پیاوێک بەبێ بنەمایەکی زانستی یان لۆجیکی، ئافرەتیش ئەو توانایەی هەیە ببێتە تاکێک لە کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتی یەکساندا. بەڵام هەر زوو مارکسییەت جێگەی خۆی کردەوە لە دڵی فێمەنستەکان. تیۆرای ئەنگڵس دەربارەی باوکسالاری و چەوسانەوەی سیستیماتیکی مێژوویی یەکسەر بوو بە بەشێک لە عەقڵیەتی فێمەنستەکان تا وای لێهات هەمیشە داوای زیاتر و زیاتر بکەن.

لە دواترین شێتیەتی فێمینیزمی مۆدێرن بەرگری کردنە لە تاوانبار لیندسی کلەنسی کە بکوژی سێ منداڵەکەی بە بیانووی جیاجیاوە، جۆرێک لە بیانوو دەدەن بەم تاوانبارە بەهۆی یەکگرتووییان لەگەڵ بیرۆکەی فێمینیزم و چەوسانەوەی سیستیماتیکی مێژوویی ئافرەت. بۆ ئەوەی جوانتر تێبگەین ئەم وتارە بۆسەر چوار بەش دابەش دەکەین:

یەکەم: مارکسیەت و فێمینیزم و ستەمی سیستیماتیکی.
ئەتوانین بڵێین مارکس و ئەنگڵس کەسانێکی لێهاتوو بوون. بە ڕادەیەک کە توانیان ببنە بناغەی زۆرێک لە بیرۆکە شۆڕشگێڕەکان. ئەنگڵس بە تایبەت کاری لەسەر بنەما کۆمەڵایەتییەکانی خێزان و ئافرەت کردووە. لەدوای ئەوەی فێمینیزمی شەپۆلی یەکەم تەنانەت دووەمیش نەیانتوانی خەونەکانی ئافرەت بەدی بهێنن، بیرمەندە فێمەنستەکان پەنایان بردە مارکس و ئەنگلس تاوەکو بنەمایەک بدۆزنەوە بۆ بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکەیان. بۆ ئەوەی لە فێمینیزم تێبگەیت، گونجاوە لە مارکس تێبگەیت بناغەکانی چیبوون بۆ سەلماندنی ستەملێکراوی چینی کرێکار. 

مارکس بە کورتی دەیزانی سیستەمی سەرمایەداری بە حەتمی چەوسانەوە بەرامبەر کرێکاران و ڕەنجبەران ناکات. بۆیە مارکس سیستەمێکی دیاریکردنی ستەمی داهێنا کە بەکورتی دەڵێت: ڕووداوە بچووکەکانیش لە ستەم، نادادپەروەری کۆمەڵایەتی بەرامبەر چینی کرێکار بەشێکە لە سیمای هەمیشەیی سەرمایەداری. بەکورتی ئەو کێشانەی جاروبار تووشی کرێکار دەبێتەوە لە کەمووکوڕی ئامێری سەرمایەداری هەر لە ئەستۆی سەرمایەداری دایە. چونکە سەرمایەداری ئەو ژینگەیەی بەرهەم هێناوە کە دەبێتە هۆی چەوسانەوەی سیستیماتیکی کرێکاران. کەواتە دابڕاندنی بیرۆکە لە مێژوو ناگونجێت لای مارکس. ئەنگلسیش زۆر بە ڕوونی هەمان بیرۆکە دەربارەی ئافرەت دەردەبڕێت. ئەنگلس دەیوت خۆ ڕاستە کەوا بیرۆکەی خێزان لە خودی خۆیدا بریتیی نییە لە بەکۆیلەکردنی ئافرەت. بەڵام ئێمە کە سەیری مێژووەکەی دەکەین دەبینین دووبارەبوونەوەی ئەو حاڵەتە هەیە. جا زۆرە یان کەمە هیچ کار لە ئارگومێنتەکەیان ناکات. بەڵکو ئەوان دەیانەوێت بڵێن ئەم سیستەمە کەشێکی وای ڕێکخستووە، بۆیە لەناوبردنی ئەرکێکە لەسەرشانی شۆڕشگێڕی لینینی (بێگومان ئەمە دوای تێکەڵبوونی مارکس و لینین ئەم قسانە بەیەکەوە دەبەسترێتەوە نەک وشە بە وشە قسەی ئەنگلس بێت). 

بێگومان شەپۆلە نوێیەکانی فێمینیزم بەم بنەمایانە باڵ دەگرێ بۆ هەنگاوی دواتر. چیتر هەر ئافرەت داوا ناکات ماف و ڕێگەپێدانی هەبێت. بەڵکو داوای تایبەتمەندییەک (privilege) دەکات. چیتر بەوە ناوەستێ کە بێدەنگ بێت لە ئاستی هەزاران ساڵی دەسەڵاتی پیاوان دا. ئەگەرچی یەکسانی ماف و یاسایان پێ بدەن. بەڵکو فێمینیزم لە داواکارییەکی دیمۆکراتییەوە گواستراوەتەوە بۆ سیستەمێکی سیاسی جێگرەوە. لەسەر بنەمای بیرۆکەی جێندەر و بنەما مارکسییەکان بۆ سەلماندنی ئەم ئامێرسازییە چەوسانەوەی کە مێژووییەکی قوڵی هەیە. 

بەم شێوەیە فێمینیزم ڕەگی خۆی لەسەر دوو یەقین بنیادنا کە لە ڕاستیدا بنەمایەکیی لاقەکراوی مارکسین :

یەقینی یەکەم: ئافرەت زوڵمی لێکراوە. 
یەقینی دووەم: چارەسەرکردنی زووڵمەکە بە قەرەبووکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە نەک ڕێگەپێدان و گۆڕینی یاسا. 


دووەم: سایکۆلۆژیای گەشەکردنی خۆ-گوناحکردنی فێمینیزم. 
چاوەڕێی چیت؟ تۆ زوڵمت لێکراوە و پێویستت بە شۆڕشگێڕە. دەی ئەتەوێت عەقڵیەتت چی بەسەربێت؟ لەمەودوا هەرچیت بەسەردێت، تۆ زوڵملێکراویت. ئەم زوڵمە وەهمییە لای زۆرێک لە چینە نزمەکانی کۆمەڵگا هەیە. لەبەر ئەوەی هێزدار نین، یان خاوەنی هێز نین. هەر دەرکەوتەیەکی دەسەڵات لەلایان بریتییە لە زوڵم. تۆ فەلسەفەیەکت داڕشت کە تێیدا بە زۆری و کەمی و حەقیقەت و مەبەستی شتەکان نییە. بەڵکو ئامانجی سەرەکی زوڵملێکردنە. 

وەکو هەموو مۆدە و ترێند و باوێک لەم سەردەمە، هەرچی دەروونی ئەم ئافرەتەیە کە قەناعەت بەم بنەمایانە دێنێت، دەگاتە دەرئەنجامی زوڵملێکراوی خۆی. بەهیچ شێوەیەک ئامادەی سازش نییە لەگەڵ واقیعدا. بە هەموو شێوەیەک دەروونیان ئالوودەی سەلماندنی زوڵملێکراوی خۆیانن. لە کاتێکدا ئەمە شتێکی تایبەتمەند نییە بە فێمینیزم. بەڵام گرنگە کە بزانین بۆچی خۆ-گوناحکردن و خۆت بکەیتە ستەملێکراو جیاوازە لەگەڵ پارت و بزووتنەوەکانی دیکە. 

ڕەگی ستەملێکراوی ئافرەتان لەلای فێمینیزمی نوێ، بریتییە لە ئەنجامی بیرۆکە نا واقیعییەکانی مارکس دەربارەی ستەم. نەوەکو حەقیقەتێکی جێگیر بێت کە ئافرەت ستەملێکراوە. گومان لەوەدا نییە ئافرەتانێک هەن کە ستەمیان لێکراوە. بەڵام ستەمە سیستیماتیکییەکە هیچ واقیعێکی نییە. بەڵکو دروستکراوە لە ژێر سایەی مارکس دا بۆ سەلماندنی شتێکی مەحاڵ. 



سێیەم: گەشتن بە خاڵی شێتیەتیی لەپێناوی سەلماندنی بیرۆکەکە.
کێشەی ئەم خۆ-گوناحکردنە لەوە کۆتایی نایەت کە فێمەنستەکان، وەهمێک بە واقیع دەفرۆشنەوە. بەڵکو بۆ سەلماندنی ئەم بنەمایە ڕێی سەیر و سەمەرە دەگرنە بەر. وەکو ئەو فێمینیستانەی ئەمڕۆ بەرگری لە لیندسی کلەنسی دەکەن. ئەو عەقڵیەتە ئەنجامی هەردوو ناواقیعی بوونی مارکس و تموحی فێمینیستەکانە بۆ ئەو تایبەتمەندییەی کە داوای دەکەن. تەنانەت کۆڕی واڵش ئافرەتێکی 40ساڵەی شاری فرانکفۆرت منداڵە دوو ساڵەکەی دەکوژێت. 

فێمێنیستەکان بە هەموو هێزی میدیایی و پێگەی کۆمەڵایەتییەوە یارمەتی لیندسییان دا. تەنانەت زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار (100 دەفتەر دۆلاری لای خۆمان) کۆکراوەتەوە بۆ بکوژی سێ منداڵەکە. ئەوان دەڵێن کەوا لیندسی پێویستی بە یارمەتی بووە. تەنانەت هەندێکی خەتای پیاوەکەی دەگرن. 

هەر بەوەش نەوەستاون، بەڵکو بیانووی نەخۆشی دەروونیان بۆ هێناوەتەوە. وەکو ئەوەی کە ئاشکرایە. ئەم شێتیەتییە لە ڕادەبەدەرە نیشانەی نەخۆشییەکی کوشندەیە لە نێو هەڵگرانی ئاڵای فێمینیزم دا. کێشەکە لێرەدا لە کردەوەکە نییە. کێشەکە ئەوەیە کە بەپێی بنەماکانی فێمینیزم لیندسی تاوانبار نییە! چونکە ئەو ئافرەتە قوربانی دەستی کۆمەڵگایەکە کە ستەمی سیستیماتیکی و مێژوویی بەدوادا هاتووە. ئەوەی پێی دەڵێن چەوسانەوەی دایکان، یەکێکە لە گەورەترین ئارگومێنتەکانی فێمینیزم. ئەو چەوسانەوەیە بە هۆکاری سەرەکی دەزانن نەوەکو لیندسی وەکو تاکێکی بەرپرس لە سەلامەتی منداڵەکانی. وە داواکردنی یارمەتی بۆ لیندسی تەنها ئەوە دەسەلمێنێت کە فێمەنستەکان لە داواکردنی مافیی یەکسان بوونەوە هەنگاویان ناوە بەرەو داواکردنی مافی زیاتر و ئەرکی کەمتر. 

ڕاستە کەوا دۆسیەی لیندسی کلەنسی پەیوەست بوو بە سایکۆسیسی دوای منداڵبوون (Postpartum Psychosis). هاوسۆزیی بەشێک لە فێمینیستەکان بۆ ئەم ئافرەتە لەسەر بنەمای تەندروستیی دەروونی بووە، بەڵام جەختکردنەوە تەنانەت توشبوون بەهەمان کێشەی لیندسی کلەنسی لەلایەن ئافرەتانی دیکەوە پێویستی بە تەفسیرکردنە. پێشم وایە ڕوونکردنەوەی ئەو عەقڵیەتە و بنەماکانیان بەسە بۆ ئەم شیکارییە. نەوەکو من بڵێم کەوا بە ئەنقەست فێمینیستەکان دەیانەوێ "مافی کوشتنی منداڵ" بدەن بە ئافرەتان. 

چوارەم: ئایە ئافرەتان دەتوانن چیتر ببن بە تاک لە ژێر سایەی فێمینیزم؟ 
بێگومان دوای ئەوەی زانیمان ئافرەتان هەرچییەکیان بۆ بکەیت، لەژێر سایەی فێمینیزم دا بریتیی نییە لە قەرەبوو. دوای ئەوەی کە زانیمان کە دۆگمای بیرۆکەی زوڵملێکراوی و چەوسانەوەی مێژوویی بەرچاویان ڕەشکردوونە، بیانوو بۆ هەر کردەوەیەکی نامەعقول دێننەوە. 

بەڵام هەموو ئەوە پرسیارێک بەدوای خۆیدا دەهێنێت: چۆن دەشێت ئەم ئافرەتانە ببن بە بەشێک لە سیستەمی کۆمەڵگا و وەکو مشەخۆرێک نەمێننەوە و کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتی بەڕێوە بچێت و عەدالەت جێبەجێ بکرێت؟ ئایە دەشێت کەوا یەکسانکردنەوەی مێژوویی ڕووبدات و ئافرەت بگەڕێتەوە سەر دۆخی پێش چەوسانەوە؟ لە حەقیقەت دا فێمینیزم چیتر بانگەشەی ئەوە ناکات کە مافی یەکسانی بۆ ئافرەت دەوێت. بەڵکو مافی زیاتر و ئەرکی کەمتری دەوێت لەبەر ئەوەی مێژووێ ڕەش هەیە لە نا عەدالەتی بەرامبەریان. تا گۆڕانی حەقیقی کۆمەڵگا، دەبێت ئافرەتان —بەپێی فێمەنستەکان— مشەخۆرێکی دیکتاتۆر بن بەسەر کۆمەڵگای دیمۆکراتەوە، نەوەکو تاکێکی کۆمەڵگای دیمۆکرات. 


ئەمەش بەرەو ئەو پرسیارانە دەمانبات ئایە بەڕاستی فێمینیزمی نوێ، چییان گەرەکە جگە لە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی کۆمەڵگا و پەراوێزخستنی واقیع و دۆگمابوون بۆ بیروباوەڕێکی مارکسی دەربارەی ستەملێکردن. ئایە بەپێی ئەو بنەمایەو ئەم کاردانەوانەی لەم دواییە، چیتر ئافرەت دەتوانێت وەکو تاکێکی خاوەن ماف لە کۆمەڵگادا بەڕێ بکات؟ چی شتێک گرەنتی ئەوەمان ناکات کە دووبارە فێمینیزم تاوانی کەسانێک ناپۆشن بەهۆی بیروباوەڕیان بۆ چەوساندنەوەی سیستیماتیکی و داوای زیاتر ناکەن و کەمتر نابەخشن بە کۆمەڵگا؟